سەرۆککۆماری تورکیا نیگەرانی خۆی بەرامبەر قسەکانی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا دەخاتەڕوو کە وشەی کۆمەڵکوژی بۆ "کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان" بەکارهێنابوو.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "بە پوتینم گوت کە زیانی لە پەیوەندییەکانی نێوانمانداوە و دووبارە چاو بە پەیوەندییەکانماندا دەخشێنینەوە".
رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2015، ئەردۆغان بۆ هەڵسەنگاندنی رووداوەکانی ساڵی 1915 کە هەر لەو ساڵەدا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بە دەستی عوسمانییەکان روویدا، خوانێکی بۆ چەند ئەکادیمیسانێک سازکرد.
ئەردۆغان گوتی: "بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ پوتین کرد و پێمگوت کە دڵی شکاندووم، پێمگوت کە زیانی لە پەیوەندییەکانی نێوانمانداوە و دووبارە چاو بە پەیوەندییەکانماندا دەخشێنینەوە".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی:" بەهۆی ئەوەی پوتین لە 24 ی نیسان کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان چووەتە یەریڤان و لەوێ گوتوویەتی ککوشتنی ئەرمەنەکان کۆمەڵکوژییە، من بەشداری ئەو رێوڕەسمە ناکەم کە بڕیاروایە لە 9 ی مایس لە رووسیا ئەنجامبدرێت، ئەگەرچی بانگهێشتیشکراوم، بەڵام ئێمە لە ئاستی باڵیۆزخانە یاخود رێکخەری کاروبار بەشداری تێدادەکەین".
عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری توركیا لە ساڵی 2008 سەردانی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیای کرد و لەوێ بەدیار یارییەکی تۆپی پێوە دانیشت. ئەردۆغان لە خوانی دوێنێدا ئەو سەردانەی گولیشی بیرهێنایەوە و گوتی: "من رەزامەند نەبووم بۆ ئەو سەردانە، چونکە چوونە یەریڤان و سەیرکردنی یاری تۆپی پێ کارتی بردنەوەی داوەتە دەستی ئەوان".
ئەگەرچی دوای چوار ساڵ، عەبدوڵڵا گول گوتی کە کارێکی باشی کردووە چووەتە یەریڤان، بەڵام ئەردۆغان دیسانەوە لە خوانی دوێنێیدا رەخنەی لەو سەردانەی گول گرتەوە.
8/5/2015
وهزیری بهرگریی ئهمەریکا رایدەگەیێنێ، ئهمەریکا پابهنده به هاوکاریکردنی سهربازی بۆ ههرێمی کوردستان و بۆ دابینکردنی پێداویستیی هێزهکانی پێشمهرگه له بواری چهک و مهشق و راهێنانی سهربازی درێخی ناكات. لە بەرامبەریشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی بەرپرسان و گەلانی ئەمریكا دەكات بۆ ئەو یارمهتی و هاوكارییە سهربازییانەی بۆ هێزی پێشمەرگەیان دابینكردووە.
رۆژی پێنجشەممە 7ـی 5ـی 2015، مەسعود بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان و شاندی یاوهری سهردانی وهزارهتی بهرگریی ئهمەریکا (پنتاگون)ـیان کرد و لەگهڵ ئاشتۆن کارتهر وهزیری بهرگری، مارتن دێمپسی سهرۆکی ئهرکانی هێزهکانی ئهمەریکا و ئهلیزا سلوتکین، جێگری یاریدهدهری وهزیری بهرگریی ئەمەریكا کۆبوونهوە.
بەپێی راگەیێندراویكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بارزانی دوای پێشکهشکردنی پوختهیهک دهربارهی بارودۆخی مەیدانیی بهرهکانی شهڕی دژی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمهرگه، سوپاسی حکومهت و گهلی ئهمەریکای کردووە بۆ ئهو یارمهتی و هاوكارییە سهربازییانەی بۆ هێزی پێشمەرگەیان دابینكردووە.
هاوکات ئاشتۆن کارتەر، وهزیری بهرگریی ئهمەریکا رایگهیاندووە، ئهمەریکا پابهنده به هاوکاریکردنی سهربازی بۆ ههرێمی کوردستان و بۆ دابینکردنی پێداویستیی هێزهکانی پێشمهرگه له بواری چهک و مهشق و راهێنانی سهربازی درێخی ناكات. ههروهها پێزانینی حکومهتی ئهمەریکای بۆ بوێری و قوربانیدانی پێشمهرگه دووپاتکردووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ و ههماههنگی له نێوان پێشمهرگه و هێزهکانی عێراق و هاوپەیماناندا تەوەرێکی سەرەکی كۆبوونەوەكە بووە.
بارزانی 3ی ئەم مانگە " ئایار" بەرەو واشنتن بەڕێکەوت و 5ی مانگ لەگەڵ شاندەکەی یاوەری لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جۆ بایدنی جێگری کۆبووەوە.
بارزانی چەند رۆژێکی دیکەش لە ئەمریکا دەمێنێتەوە و بەپێی بەرنامەی سەردانەکەی، ماوەی سەردانەکەی 7 رۆژ دەخایێنێت، دوای ئەمریکاش سەردانی چیک و هەنگاریا دەکات.
ئەندامانی شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، دەرباز كۆسرەت، وەزیری ئاوەدانكردنەوە، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێكهاتبوو.
8/5/2015
نووسینگەی حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێ، پێویستە ئارامی مەهاباد بپارێزرێ و داوایکردووە تەقە لە خۆپیشاندەران نەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بە فەرمانی راستەوخۆی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، پاشەکشە بە هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری هۆتێل تارا کراوە. داواشیكردووە راستیی رووداوەکە بۆ خەڵکی مەهاباد روونبکرێتەوە.
دوای بانگەوازی هەندێک لە رێکخراوی ژنانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی گیانلەدەستدانی گوماناوی فریناز خوسرەوانی، کارمەندی هۆتێل تارا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2015 هەزاران کەس لە هاونیشتمانیانی مەهاباد، لەبەردەم هۆتێل تارا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و ئاگریان لە هۆتێلەکە بەردا.
بە گوتەی شایەتحاڵان، لەسەرەتای رووداوەکە تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا و پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێناوە و تەقەی ئاسمانی کردووە، بەهۆشیەوە 15 کەس برینداربوون.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە تارانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، دوای ئەو تێکهەڵچوونە، نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران راستەوخۆ هاتووەتە سەرخەت و فەرمانی ئەوەی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە کە بەهیچ شێوەیەک تەقە لە خۆپیشاندەران نەكەن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە قایمقامی مەهاباد سەبارەت بەو هەڵوێستەی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران بە رووداوی گوت " قایمقامییەت و نووسینگەی سەرۆککۆماریش لەسەر ئەو باوەڕەبوون کە پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان گرنگترە لە پاراستنی هۆتێل تارا، بۆیە فەرمانی پاشەکشە بە هێزە ئەمنییەکان كراوە ."
بەپێی دوایین زانیارییەکانی رووداو، تا ئێستا خۆپیشاندان لەبەردەم هۆتێل تارا بەردەوامە و هۆتێلەکە بە تەواوی سووتێندراوە، بەشێک لە خۆپیشاندانەکەش بۆ ناوەندیی شار گوازراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران رووینەداوە لە ناوەندی شار .
فەریناز خوسرەوانی، کارمەندی هوتێل تارا لە مەهاباد، هەفتەی رابردوودا بەهۆی كەوتنەخوارەوە لە نهۆمی چوارەمی هوتێلەکە، گیانی لەدەستدا.
دوای ئەو رووداوە، چەندین سیناریۆ باسیان لێوە کرا، کە یەکێکیان باس لە رێككەوتنی نێوان خاوەن هوتێلەكە و کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی گەشتیاری حکومەت دەكات، " بەجۆرێك لە بەرامبەر ئەوەی كارمەندەكە هۆتێل تارا بكات بە 5 ئەستێرە، خاوەنی هوتێلەکە نەرمی نواندووە بۆئەوەی کارمەندەکەی گەشتیاری دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر فەریناز، لە ئاکامیشدا فەریناز خوسرەوانی، بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆی و بۆ ئەوەی دەستدرێژی نەکرێتە سەر، لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلەکەوە خۆی فڕێداوەتەوە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
8/5/2015
بەپێی راگەیێندراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 6ی ئایاری 2015، سەرپەرشتیاری زۆربەی تەقینەوەكانی هەولێر و کەرکووک دەستگیرکراوە.
لەو راگەیێندراوەدا كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە لە ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا رەعد هادی لفتە حوسێن ناسراو بە "عبدالمجید"، كە سەر بە عەشیرەتی خەزرەجییە و سەرپەرشتیاری زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکانی هەولێر و کەرکووکی كردووە، دەستگیركراوە.
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە:" هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ههرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی کەرکووک، توانیان لە پارێزگای کەرکووک ئەم تیرۆریستە دەستگیربکهن، كه بەپێی دانپێدانانی ئەو گروپە تیرۆریستییەی پێشتر دەستگیرکرابوون و دانپێدانانەکانیان بڵاوکرایهوه، ناوبراو سەرپەرشتیاری زۆرێک لە کردەوە تیرۆریستییەکانی پارێزگای کەرکووک و هەر سێ تەقینەوەکانی هەولێر لە رێکەوتەکانی (٢٣/٨/٢٠١٤ و ١٩/١١/٢٠١٤ و ١٧/٤/٢٠١٥) بووە".
وەك لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە " ئەم تیرۆریستە کە دوای پلەی لە ناو گرووپی تیرۆریستی داعش بەرپرسی قاتعی کەرکووک بووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ پەیوەندیی بە گرووپی تیرۆریستی (کتائب ثورە العشرین) کردووە و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ پەیوەندیی بە گرووپی تیرۆریستیی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە دیالە کردووە".
7/5/2015
رۆژی چوارشەممە 6ی ئایاری 2015، فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان و دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنێكی كاركردنی هاوبەشیان واژۆكرد.
ئەكرەم جەمۆ، سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " لەگەڵ دەستەی دەستپاكی رێككەوتنێكی 14 خاڵییان بۆ كاركردنی هاوبەش واژۆكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە دەستەی دەستپاكی بۆی هەیە لێكۆڵینەوە لەو پرۆژانە بكات كە لەلایەن رێكخراوە ناحكومییەكان ئەنجامدەدرێم لەهەر بوارێك بێت، بەمەرجێك پاڵپشتی دارایی لەلایەن حكومەتەوە بۆ دابینكرابێت".
ئەكرەم جەمۆ گوتیشی" لەكاتی هەڵسەنگاندنی ئەو پرۆژانەی كە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان پاڵپشتی داراییان دەكات، دەستەی دەستپاكی نوێنەری خۆی دیاردەبێت بۆ چاودێریكردنی چۆنیەتی هەڵسەنگاندنەكە، لەكاتی بوونی هەر تێبینیەك یان ناڕەزاییەك لە هەڵسەنگاندنەكە، دەستەی دەستپاکی روونكردنەوەی دەبێت، ئەمەش یارمەتییەكی زۆری فەرمانگەكەمان دەدات بۆ شەفافبوونی كاری رێكخراوەكان".
بەپێی قسەی سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان، 2 هەزار و 300 رێكخراو لە هەرێمی كوردستان هەن، بەهۆی قەیرانی داراییش ساڵی 2014 هیچ بڕە پارەیەك بۆ فەرمانگەكە تەرخاننەكراوە، بەڵكو لەو 1 ملیار و 449 ملیۆن دینارەی بودجەی ساڵی 2013 كە ماوەتەوە، تاوەكو ئێستا كارەكانیان رایی دەكەن.
7/5/2015
سەرۆکی سووریا رایدەگەیێنێ، هەموو جەنگێک دەسکەوت و شکست لەخۆدەگرێت، شکستی ئەم دواییەی سوپاش حاڵەتێکی سرووشتی جەنگە.
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا رۆژی چوارشەممە 6 ی ئایاری 2015، لە کاتی یادکردنەوەی رۆژی شەهیدانی سووریا گوتی " هەموو جەنگێک دەستکەوت و شکستی تێدایە"، ئەمەش وەکو ئاماژەدانێک بە شکستەکانی ئەم دواییەی سوپای سووریا لە ناوچەکانی باکوور و باشووری ئەو وڵاتەدا.
سەرۆكی سووریا گوتیشی" شکست و دەستکەوت بەشێکن لە سرووشتی جەنگ، لە ماوەیەکی نزیکیشدا سوپای سووریا بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو سەربازانەی لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ناوچەکانی نزیک پردی شغور گەمارۆدراون، دەگەنە ناوچەکە".
دوای زیاتر لە چەند مانگێک لە دەرنەکەوتنی، ئەمڕۆ تەلەڤزیۆنی سووریا گوتارێكی بەشار ئەسەدی گواستەوە، كە بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی سووریا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی وڵاتەكەی پێشكەشیكرد.
7/5/2015
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، كۆبوونەوەی ئەمشەوی لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی سەركەوتوو بووە، دەشڵێت :" هەست بە شانازی دەكەین لەسەردەستی پێشمەرگە هەیبەتی داعش شكێندرا و كوردستان بووەتە پەناگەی لێقەوماوان".
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە سەنتەری بازرگانی ئەمریكا، لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند:" كۆبوونەكەمان زۆر سەركەوتوو بوو، سوپاسی گەلی كورستانیشم بە سەرۆك ئۆباما و جۆبایدنی جێگری گەیاند بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییانەی پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە شەڕی داعشدا و لەم تەنگانەیەدا پشتیوانیان لە گەلی کورد کرد".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕی داعش هەروەها گوتی" راستە کوردستان رووبەڕووی تەحەدییەکی زۆر گەورە بووتەوە کە شەڕی داعشە، بەڵام سوپاس بۆ خوا و پێشمەرگە تا ئێستا 20 هەزار کیلۆمەتر خاک لە ژێردەستی داعش دەرهێنراوە، هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەین کە هەیبەتی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شکێنرا".
لەبارەی ئاوارەكانیش كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بارزانی گوتی" كوردستان بووەتە پەناگەی لێقەوماوان، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن لەکاتێکدا کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بووەتەوە، بەڵام ئەوە بە ئەرکێکی ئینسانی و نیشتمانی خۆمان دەزانین و دەرگای کوردستان هەمیشە کراوەدەبێت بۆ لێقەوماوان لە هەر ئایین و مەزهەبێک بن".
بارزانی لە وتارەكەیدا كە لە ژووری بازرگانی ئەمریكا پێشكەشیكرد، سەبارەت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش گوتی "دەرگای کوردستان هەمیشە کراوە دەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بیانەوێت کاربکەن لە کوردستان و سوپاسیان دەکەم کە لە کاتی تەنگانەدا کوردستانیان جێنەهێشت، ئەوان لە رووی مەعنەوییەوە پاڵپشتێکی باشی کوردستان بوون".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە کۆتایی وتارەکەیدا گوتیشی " نابێ رێگەبدەین پلانی تیرۆریستان سەربکەوێت و تیرۆریستان هیچ ئایندەیەکیان نییە، سەرکەوتن بۆ دیموکراسی دەبێت لە ناوچەکەدا".
ئەمشەو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جۆبایدن، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی كۆبوونەوە. كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و جۆبایدن داخراو بوو و جگە لە فۆتۆگرافەری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و كۆشكی سپی، هیچ رۆژنامەڤانێك بەشدارنەبوو.
ئەندامانی شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێكهاتبوو
6/5/2015
ئێستا لە كۆشكی سپی، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆبوونەوەدان.
شاندی یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێكدێت.
نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەمریكا داخراودەبێت و جگە لە فۆتۆگرافەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆشكی سپی، هیچ رۆژنامەڤانێك ناتوانێت كۆبوونەوەكە رووماڵ بكات.
نامۆ عەبدوڵڵا هەروەها گوتی "دوای كۆبوونەوەكەی بارزانی و ئۆباما بەیاننامەیەكی هاوبەشی هەردوولا دەخوێنرێتەوە".
رۆژی یەكشەممە 3ی ئایاری 2015، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەسەر بانگهێشتی كۆشكی سپی ئەمریكا گەیشتنە واشنتن، سەردانەكەشیان لە ئەمریكا هەفتەیەك دەخایەنێت.
rudaw
6/5/2015
گوتەبێژی كۆشكی سپی رایدەگەیێنێ، ئەمریكا لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان.
كاژێرێك بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جۆش ئێرنێست، گوتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند كە ئەمریكا پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكات .
لە وەڵامی پرسیارێكی نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ ئەجێندایەك بۆ مافی چارەی خۆنووسنی كورد هەیە، گوتەبێژی كۆشكی سپی گوتی:" ئەمریكا لەگەڵ عێراقێكی یەكگرتوودایە و بەردەوامیش دەبێت لە پشتیوانیكردنی كوردستان".
لەو كۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا كە بۆ یەكەمجار نامۆ عەبدوڵڵا وەك رۆژنامەڤانێكی كورد گەیشتە هۆڵی كۆنفرانسەكانی كۆشكی سپی، جۆش ئێرنێست جەختیكردەوە كە ئەمە هەڵوێستی كۆشكی سپییە لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان و ئۆباماش لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ بارزانی تەنها ئەم هەڵوێستەی دەبێت.
رۆژی یەكشەممە 3ی ئایاری 2015، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێك لەسەر بانگهێشتی كۆشكی سپی ئەمریكا گەیشتنە واشنتن. بڕیارە كاژێر 10:40 خولەكی ئەمشەویش بەكاتی هەولێر لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆببێتەوە.
6/5/2015
بەگوێرەی لێدوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بارزانی لەم سەردانەی بۆ واشنتن باسی سەربەخۆیی کورستان دەکات لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا. ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵوێستێکی دیبلۆماسی دەگمەندا دژایەتی خۆی بۆ هەوڵەکانی بارزانی رانەگەیاند بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بێلایەنی خۆی نواند.
ئەمە تەنها هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەبوو، یاخود ئەم بێلایەنییە تەنها لەبەر ئەوە نەبوو کە پرسی کورد لە هۆڵەكانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەگمەن باسدەکرێت و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەی پرسیارێک نەبوو دەربارەی کورد. بەڵکو گوتەبێژی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان هەڵوێستی بێ لایەنانەی نواند دەربارەی بابەتی سەربەخۆیی کوردستان.
رەخنەنەگرتنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵەکانی کورد بۆ دابەشکردنی عێراق رێکەوت نییە. سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرابکات بە رووداوی گوت، ئەم هەڵوێستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی ئەوەیە کە ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە نایەوێت بکەوێتە کێشەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان.
پێشتر بەرپرسان و گوتەبێژانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زمانی دژایەتیکردن و تەنانەت ئیدانەکردن باسی بیرۆکەی سەربەخۆیی باشووری کورستانیان دەکرد لە عێراق، بەڵام ئێستا ئەو جۆرە زمانە گۆڕاوە و لێدوانەکان زیاتر بێلایەنانە دەردەکەوێت دەربارەی ئەم بیرۆکەیە. ئەمەش لەوانەیە نیشانەیەک بێت کە کورد هەنگاوێک لەو رۆژە نزیکتربووەتەوە کە کوردێک بە نوێنەرایەتی کوردستان لە یەکێک لەم کورسییانەی ئەنجوومەنی ئاسایش دابنیشێت و باسی کێشەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمانشێوە کە نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی بەغدا تێکبچێت، ئاواش نایەوێت لەگەڵ هەولێر بکەوێتە کێشەوە. تەنانەت باڵێۆزی وڵاتێکی عەرەبی وەکو ئوردن نەیویست لە پێش کامێرای رووداو لە دژی هەوڵەکانی بارزانی بۆ سەربەخۆبون قسەبکات. ئەو تەنها بە ئۆف رێکۆرد گوتی ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەین.
6/5/2015
دوای ئەوەی ئێران لە کۆنگرەکانی یەکەم و دووەمی ژنێڤ لەبارەی دۆخی سووریا بەشداری پێنەکرا، بڕیارە لە کۆبوونەوەی سێیەمی ژنێڤدا، نوێنەری ئێرانیش بەشداربێت.
لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستانیش لەبارەی بەشداری ئێران هەڵوێستی جیاوازیان هەیە. شارەزایانی سیاسیش پێیانوایە، بەشداری ئێران لە ژنێڤ 3، بەرهەمی رێککەوتنی سەرەتایی ئێران و وڵاتانی رۆژئاواییە لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
6/5/2015
كۆمپانیا ئەمریكییەكان كە لە بواری نەوت و گاز و خزمەتگوزارییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییە نەخوازراوەكانی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەگەر سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا دەرەنجامی ئەرێنی هەبوو، رەوشی ئەو كۆمپانیانە نەك تەنیا بگەڕێتەوە ئاستی خۆی، بەڵكو كەرتی وەبەرهێنانیش لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشتر بچێت.
سەردانەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ واشنتن كە بڕیارە هەفتەیەك بخایەنێت، نەك تەنیا لەڕووی سیاسییەوە سەرنجی میدیاكانی بۆخۆی راكێشاوە، بەڵكو یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و ژمارەیەك لە كۆمپانیا ئەمرییكییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن، چاوەڕوانن سەردانەكە خێروخۆشی بۆ ئەوان بەدوای خۆیدا بهێنێت.
یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " قەبارەی سەرمایەگوزاری هەرێمی كوردستان 36 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، كۆمپانیا بیانییەكان سەدا 30 قەبارەی سەرمایەكە پێكدەهێنن و كۆمپانیا ئەمریكییەكانیش بە رێژەی لەسەدا 6 پشكی سەرمایەكەیان بەركەوتووە".
نزیكەی 22 هەزار كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان هەن كە ژمارەیان سێ ئەوەندەی سەرجەم كۆمپانیاكانی عێراقە، لەو ژمارەیەدا 3100 كۆمپانیا بیانین، لە نێویشیاندا 117 كۆمپانیایان ئەمریكین، كە 25 یان زلهێزن وەك كۆمپانیاكانی شیڤرۆن و ئێكسۆن مۆبیل و ئاسپێكت ئینێرجی، بەڵام حكومەت ئامانجی گەورەتری هەیە بۆ راكێشانی كۆمپانیای زیاتری ئەمریكی بۆ كوردستان، كە چاوەڕواندەكرێت سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا هۆكارێك بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان.
5/5/2015
رۆژی دووشەممە 4-5-2015 ، پارتی دیموکراتی گەلان HDP کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری باڵککەسیری تورکیا رێکخست.
لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەش، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش وتارێکی تێدا پێشکەشکرد، پشێوی لەنێوان بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و دانیشتووانی شارەکە دروستبوو.
بەپێی لێدوانی یەکێک لە شایەتحاڵەکان، لەکاتی بڵاوەپێکردنی لایەنگرانی HDP گرووپێک لە دانیشتووانی باڵککەسیر، ناڕەزاییان دەربڕیوە، بەوهۆیەوە شەڕ دروست بووە، لەبەرامبەردا ژمارەیەک لە لایەنگرانی HDP وەڵامیان داونەتەوە و لەئەنجامدا شەڕێکی تووند لەنێوانیاندا بەرپابووە.
دواتر هێزەکانی پۆلیسی تورکیا ئامادەبوون بۆ جیاکردنەوەی لایەنەکان و رێگەیانگرت لە فراوانبوونی پشێوییەکە.
5/5/2015
پهیامی مێدیایی
یەکگرتنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژی ٣ ی گوڵانی ٢٧١٥ی كوردی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و کۆ کردنەوە و بەهیز کردن و ڕێکخستنەوەی بیری کوردستانی و هەروەها بۆ ڕزگار بوون لە پرژوبڵاوی هێڵی سەربەخۆییخوازانی وڵاتەکەمان دوای زەنجیرە کۆبوونەوەیەک و دیالۆگی بێوچان بەو ئاکامە گەیشتین کە هەر دوو پارتەکە یەکبگرین و لەمە بەدواوە وەک یەک حیزب درێژە بە خەباتی نەتەوایەتیی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بدەین.
لە دیالۆگەکاندا هەر دوولا لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە ناوی پارتی سەربەخۆیی کوردستان کە خاوەن مێژووێکی دێرینی تێکۆشان و خەباتی سەربەخۆییە، وەک ناوی ئەم پارتە نوییە بمێنێتەوە و مێژووی تێکۆشانی هەردوو پارتەکەش بە مێژووی پارتی سەربەخۆیی کوردستان هەژمار و تۆمار بکرێت.
بەم بۆنەوە پارتی سەربەخۆیی کوردستان جارێکی دیکە لەگەڵ گشت کوردستانیان پەیمان نوێ دەکاتەوە کە لە پێناو ڕزگاریی و سەربەخۆیی وڵات، هاوڵاتییانی ئازاد و کۆمەڵگای بەختەوەری کوردستان بە گەڵاڵە، بەرنامە و ستراتێژیی نوێ پێ بنێتە قۆناخێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان، تێکۆشان لە پێناو بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی گشتگیر لە کوردستانی مەزن بە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی خۆی دەزانێت و ئەم جارە بە نەخشەڕێی ڕزگاریی، تیكۆشانی خۆی دەربازی قۆناخێکی نوێ دەکات. لەم قۆناخە نوێیەدا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ گشت ئەو کەرەسانەی کە ئێمە بە ئامانجی ڕزگاریی و سەربەخۆیی دەگەیەنێت ئاشنا بکەین و تێکۆشانی بێوچان بکەین بۆ جێگیر کردنی فەرهەنگی یەکبوون و تەبایی، تێبکۆشین بۆ کۆتایی هێنان بە فەرهەنگی دووبەرەکیی و لێکدابڕان.
بەم ئومێدە کە یەکگرتنی ئێمە ڕێخۆشکەر بێت بۆ تەشەنە کردنی یەکێتی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە نەتەوەییەکان و بەم هیوایە کە فەرهەنگی تێکەڵ بوون و یەکگرتن جێگای فەرهەنگی دابڕان و جیابوونەوە بگرێتەوە کە ئەم دیاردە نیو سەدەیە ڕێکخراوەکانی وڵاتمان لێک دەترازێنێت و گۆشەنشین دەکات. هیوادارین لە کورتماوەدا ئێمە وەک نەتەوە ببین بە خاوەنی کۆنگرەی ڕزگاریی، دەوڵەتی ڕزگاریی، یاسای بنەڕەتیی، ئارتەشێکی ڕزگاریی نەتەوەیی کە ئێمە لە خەونی ڕزگاریی و سەربەخۆیی نزیک بکاتەوە.
دەبا ئەم یەکگرتنەی ئێمە بانگەوازێک بێت بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە پێناو نەتەوەیەکی یەکگرتوو بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە سەرانسەری خاکی کوردستان و ژیاندنەوەی ڕۆحی کۆماری کوردستان و بەدی هێنانی خەونی سەربەخۆیی پێشەوا قازی مەحەمەد. بەم بۆنەوە بانگهێشتی هەموو لایەن و ڕێکخراو و کەسایەتییە ڕزگاریخوازەکان دەکەین بۆ ئەرک هەڵگرتن لەگەڵمان بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی ڕزگاریی و ژیاندنەوەی هیوای وڵاتیكی سەربەخۆ و ئازاد لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
بۆ پێشەوە بەرەو تێکۆشانێکی بێئامان بۆ ڕزگاریی کوردستان.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٣ی گوڵانی ٢٧١٥ی كوردیی
هاوپەیمانی عەرەبی، بەمەبەستی گەیشتنی کۆمەکە مرۆییەکانی رێکخراوەکانی بە هاناوەچوون بۆ دانیشتووانی یەمەن، بیر لە وەستاندنی گورزە سەربازییەکان دەکاتەوە.
عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە 4 ی ئایاری 2015 رایگەیاند" لەپێناو دەرفەتدان بە رێکخراوەکانی بەهاناوەچوون بۆ گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکانیان، هاوپەیمانی عەرەبی بیر لەوەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن دەکاتەوە".
جوبێر، هۆشداریشیدایە میلیشیا حوسییەکان ئەگەر بێتوو دەرفەتی وەستاندنی هێرشەکان بقۆزنەوە، یاخود رێگە بە گەیشتنی کۆمەکە مرۆییەکان نەدەن.
لە 26 ی ئاداری رابردوودا، هێزەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی کە سعودیە رێبەرایەتی دەکات، بە بەشداری هەریەک لە وڵاتانی، کوەیت، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین لە کەنداو، هەروەها میسر، سودان پاکستان، ئوردن و مەغریب، لە کاژێر 2ی بەرەبەیاندا هێرشیانکردە سەر حوسییەکانی یەمەن، تاوەکو ئێستاش هێرشەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر حوسییەکان بەردەوامە.
5/5/2015