هێزی ئاسمانی بەریتانیا ئاشکرایدەکات، لە پایزی ساڵی 2014 وە 90 هێرشی ئاسمانیان لە دژی داعش لە عێراق ئەنجامداون، لەو هێرشانەشدا فڕۆکەکانیان نزیکەی 214 مووشەک و بۆمبیان هەڵداون، تێچووی ئەو هێرشانەش دەگاتە سەرووی 20 ملیۆن دۆلار.
ئەو ژمارەیە بەشێکی بچووک لەو هەڵمەتە گشتگیرە پێکدێنێت، کە لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراون، کە زیاتر لە 6 هەزار ئامانجی داعش لە عێراق سووریا بۆردوومانکراون.
رۆژنامەی "The Guardian"ی بەریتانی لە ژمارەی رۆژی دووشەممە 11ی ئایار نووسیویەتی: "فڕۆکەکانی تۆرنادۆی جەنگی سەر بە هێزی ئاسمانی بەریتانیا، نزیکەی 87 بۆمبی جۆری بیفوای IV یان لە هەڵمەتەکانی دژ بە داعش لە عێراق بەکارهێناون، سەرەڕای هەڵدانی زیاتر لە 47 مووشەکی برمستۆن"، ئاماژەی بەوەش داوە "فڕۆکەکانی رێبر شانبەشانی هێرشەکان زیاتر لە 80 مووشەکی جۆری هێل فایەریان لە دژی ئامانجەکانی داعش بەکارهێناون".
گاردیان ئەوەشی خستووەتەڕوو "لەو هێرشانەی فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزی ئاسمانی بەریتانیا ئەنجامیانداون، 20 تەلار و دوو کامیۆن و 65 بارهەڵگری سەر بە داعش کراونەتە ئامانج، لەگەڵ بۆردوومانکردنی 90 گردبوونەوەی چەکدارانی داعش لە هێرشە جیاجیاکاندا، سەرجەم تێچووی ئەو ئۆپەراسیۆنەش لەسەرووی 20 ملیۆن دۆلارەوەیە".
١٢/٥/٢٠١٥
خولێکی فێرکردنی زمانی کوردیی بۆ سەد و یەک پزیشکی عەرەب لەلایەن سەندیکای پزیشکان کراوەتەوە ، بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكانی كوردستان پزیشکانی بیانی كە دێنە هەرێمی کوردستان دەبێت زمانی کوردی بزانن. چونکە لە رابردوودا ئەو پزیشکانەی زمانی کوردییان نەزانیوە کێشەی زۆریان بۆ نەخۆشەکان دروستکردووە و هەوڵی ئەوەیشیان نەداوە خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن.
وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە مۆڵەتی کارکردن بەو پزیشکانە نەدات، کە زمانی کوردی نازانن ، هەر پزیشکێک ئەو خولە نەبینێت و زمانی کوردی نەزانێت، مافی ئەوەی نابێت لە هەرێمی کوردستان نۆڕینگەی پزیشکی هەبێت ، خوولەکەش لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆر لە زمانی کوردیدا بەڕێوە دەچێت .
لە ١ / ٤ / ٢٠١٥ خولی فێرکردنی زمانی کوردیی دەستی پێکردووە ، بەهۆی زۆری پزیشکە عەرەبەكان سەرەتا خولەکە بۆ ئەوان کراوەتەوە و دواتریش هەوڵدەدرێ خولێک بۆ پزیشکە تورک و فارسەکانیش بکرێتەوە .
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای پزیشکان لقی هەولێر ، زیاتر لە ٣ هەزار و ٣٢١ پزیشک ئەندامیان هەیە ، کە ٤٣٧ كەس لەوانە پزیشکی بیانین .
12/5/2015
زیاتر لە یەک هەفتە لە مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی تێپەڕ بوو، بەڵام هەر لایەنەو سازی خۆی دەژەنێت. وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەو رووداوە وەک پرسێکی کەسی و تایبەتی لە قەڵەم دەدات. عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی دەڵێ: راگەیاندنە دژبەرەکان دەیانویست رەهەندێکی سیاسی و ئەمنی بەو پرسە بدەن.
قادر سۆهرابی، بەرنوێژی مهاباد، ناڕازییان بە ئاژاوەگێڕ ناودەبات و دەڵێ: ئامانجی سیاسییان نەبووە، چونکە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان نەدا، بەڵکو هەموو توڕەییان دژی خاوەن هۆتێلەکە بوو.
ناڕازییەکان دەڵێن: تۆمەتبار مۆرەیەکی ئیتڵاعات بووە کە ویستوویەتی دەستدرێژیی بکاتە سەر فەریناز خوسرەوانی. ئەویش بۆ پاراستنی ناموسی خۆی، لە باڵکۆنی هۆتێلەکەوە خۆی بەردەداتەوە.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران، فەریناز خوسرەوانی لەگەڵ کەسی تۆمەتبار پەیوەندییان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش هەبووە. بەڵام فەریناز لە ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییە ترسی هەبووە، بۆیە بە هاوکاری یەکێک لە هاوکارەکانی لە نهۆمی سێیەم، ویستوویەتی هۆتێلەکە بەجێبێڵێ.
بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی دەڵێن: ئاگاداری وردەکارییەکان نین و دۆسیەکەیان بە دادگا سپاردووە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگان. بەڵام مەولوود خوسرەوانی ، برای فەریناز، بوونی پەیوەندیی لەنێوان فەریناز و تۆمەتباردا رەتدەکاتەوە.
رەحمانی فەزلی ئەوە رەتدەکاتەوە کە تۆمەتبار کەسێکی ئیتڵاعاتی بووبێت، بەگوتەی ئەو تۆمەتبار کەسێکی شارەزایە کە راوێژی بە هۆتێلەکە داوە.
وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێ: راگەیاندنەکان رای گشتییان هاندا و زۆرتر لاوەکانی مهاباد کەوتنە ژێر کاریگەریی. بۆیە خەڵکیکی زۆر چوونە بەردەم هۆتێلەکە و ئاگریان تێبەردا. بەرنوێژی مهاباد دەڵێ: کەسانێک کە شاریان نائارام کرد نەک خەڵک و هاوڵاتیانی ئاسایی، "بەڵکو کۆمەڵە کەسێکی هەلپەرست بوون کە ژمارەیان کەمتر لە 100 کەس بوو".
بەگوتەی رەحمانی فەزلی، 21 کەس لە هێزە ئینتزامییەکان بەهۆی فڕێدانی بەردەوە لەلایەن خۆپیشاندەرەکانەوە بریندار بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێ: "لەم دۆخەدا نیگەرانی ئەوە بووین کە دژبەرانی شۆڕش ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە بە هاوکاری خەڵکی جێی متمانە و کەسیاتییە مهابادییەکان دۆخەکە باشتر بوو". ئەو باس لەوە دەکات کە سوپای پاسداران ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو، کە ئەگەر دژبەران کارێک بکەن ئەوان بەروڕووی دەبنەوە.
rudaw
12/5/2015
لەچوارچێوەی بەهاناوەچوونی گەلی یەمەن، ئێران ئامادەکاری ناردنی کەشتییەکی یارمەتی مرۆیی دەکات بە ناونیشانی "کەشتی رزگاکەر" بۆ وڵاتی یەمەن.
عەلی ئەسغەر ئەحمەدی، ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئێرانی، رۆژی یەکشەممە 10ی ئایاری 2015 رایگەیاند" کەشتییەکە لە بەندەری عەباس لە باشووری ئێرانەوە بەرەو کەناراوەکانی یەمەن دەچێت". راشیكەیاندووە " هەماهەنگی پێویستمان لەگەڵ مانگی سووری یەمەنی و خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووری سعودی لەوبارەیەوە کردووە".
چەند رۆژێک لەمەوبەر، فڕۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی، رێگریان لە فڕۆکەیەکی ئێرانی کرد کاتێک ویستی لە فڕۆکەخانەی عەدەن لە یەمەن بنیشێتەوە، فڕۆکەکان بۆردوومانی تاوەری فڕۆکەخانەکەیان کرد و بەوهۆیەوە فڕۆکە ئێرانییەکە نەیتوانی بنیشێتەوە، کە یارمەتی مرۆیی هەڵگرتبوو، بۆیە ئەمجارە بە ناچاری لە رێگەی کەشتییەوە ئێران یارمەتییەکانی دەگەێنێتە گەلی یەمەن.
لەلایەکی دیکەوە تۆڕی سکای نیوز لەسەر زاری سەرچاوەیەکەوە، گەیشتنی پێداویستیی سەربازیی بە حوسییەکان و هێزەکانی ساڵح راگەیاند، لە ناوچەی وەهت و رەئس عومران، وەک ئامادەکارییەک بۆ پەلاماردانی ناوچەی بریقا و کۆنترۆڵکردنی پاڵاوگەی عەدەن.
11/5/2015
لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نووسراوێک ئاراستەی ئەمینداریەتی بەغدا دەکات و داوادەکات یەکێک لە شەقامەکانی بەغدای پایتەخت بەناوی مام جەلال بکرێت.
بەگوێرەی نووسراوێكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق كە كۆپییەكی دەست ( تۆڕی میدیایی رووداو) کەوتووە، ئەوەی تێدا خراوەتەڕوو كە لیژنەكەیان پێشنیازێكی ئارێز عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سەوزی بەدەست گەیشتووە بۆ ناونانی یەكێك لە شەقامەكانی شاری بەغدا بەناوی مام جەلال.
پێشنیازەكە وەک رێزو وەفایەکە لە رۆڵی مام جەلال وەک سەرۆککۆماری عێراق کە رۆڵی هەبووە لە قوڵکردنەوە و نزیکردنەوەی پێکهاتەکانی عێراق وەک سەرۆککۆمارێکی کورد .
11/5/2015
چوار پڕۆژەبڕیار لە لیژنە پەیوەندارەکانی پەرلەمان ئامادەکراون کە تایبەتن بە کارەساتەکانی شنگال و کوردانی ئێزدی، لەو چوار پڕۆژەبڕیارەش یەکێکیان دیارکردنی رۆژی 3-8-2014 یە وەک رۆژی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لە شنگال.
رۆژی یەکشەممە 10/5/2015، بهمهبهستی خستنهڕووی پڕۆژهیاسا و بڕیارهكانی تایبهت به جینۆسایدناساندنی تاوانهكانی شنگال، به بهشداریی مهحموود حاجی ساڵح، وهزیری كاروباری شههیدان و ئهنفالكراوان و نوێنهری ئهنجوومهنی وهزیران، هەریەک لە لیژنهكانی كاروباری یاسایی، مافهكانی مرۆڤ، كاروباری پێشمهرگه و شههیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، لەگەڵ ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی کوردستان له پهرلهمان کۆبوونەوە.
ڤالا فەرید، سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە ( تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند:" له كۆبوونهوهكهدا بڕگه و ماددهكانی پڕۆژهیاسا و بڕیارهكانی تایبهت به جینۆسایدناساندنی تاوانهكانی شنگال گفتوگۆی لهسهركرا، لهلایهن پهرلهمانتاران و بهشداربووانی كۆبوونهوهكەش ژمارهیهك تێبینی و پێشنیاز به مهبهستی دهوڵهمهندتركردنی له رووی یاساییهوه پێشكهشكران و له پڕۆژهكهش جێكرانهوه".
سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی هەروەها گوتی :" ههر له كۆبوونهوهكهدا بڕیاردرا دوای تهواوكردنی راپۆرتی هاوبهشی ههر چوار لیژنهی پهیوهندیدار و یهكخستنی پڕۆژه پێشكهشكراوهكان له چوارچێوهی یهك پڕۆژهدا، راپۆرتی هاوبهش ئاراستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمانی كوردستان بكرێت، تاوهكو رێكاره یاساییهكانی بۆ ئهنجامبدرێت بۆ جێكردنهوهی لهبهرنامهی كاری دانیشتنهكانی داهاتووی پهرلهمان بەمەبەستی دهنگدان و پهسندكردنی".
تا ئێستا چوار پڕۆژه لەبارەی شنگال لهبهردهستی لیژنه پهیوهندیدارهكاندان بە ناونیشانی بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 3/8/2014 وهك رۆژی جینۆسایدكردنی كارهساتی شنگال، پڕۆژهبڕیاری جینۆسایدی شنگال و دهوروبهری، پڕۆژهبڕیاری به جینۆسایدناساندنی تاوانهكانی شنگال لهگهڵ پڕۆژهبڕیاری دانپێدانان بهو تاوانانهی دژ بهگهلی كورد (كوردانی ئێزدی) ئهنجامدراون به تاوانی كۆمهڵكوژی. سهرجهم پڕۆژەكانیش خوێندنهوهی یهكهمیان بۆ كراوه.
ڤالا فەرید بۆ رووداو گوتیشی:" لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک لەبارەی نووسینەوەی راپۆرتی کۆتایی، بۆیە بڕیارماندا بە دروستکردنی لیژنەیەک لە سەرۆکی لیژنەکانی پەیوەندار بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەت کۆببینەوە بۆ نووسینەوەی راپۆرتی کۆتایی ، لیژنەکە پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان و ئێزدیشی تێدایە".
11/5/2015
هێزێکی سەربازی مالیزی، بەمەبەستی بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتی عەرەبی دژ بە حوسییەکانی یەمەن گەیشتە سعودیە، بڕیاریشە لەلایەن سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی عەرەبی کار و ئەرکی ئەو هێزە دیاریبکرێت.
ئاژانسی هەواڵی سعودیە، رۆژی یەکشەممە 10 ی ئایاری 2015 بڵاویکردەوە، هێزێکی خۆبەخشی مالیزیا بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانی عەرەبی بە رێبەرایەتی سعودیە و بەشداریکردن لە پرۆسەی گەڕانەوەی هیوا، گەیشتە سعودیە. مالیزیا 12 هەمین وڵاتە لە دوای سەنیگال بەشداریکردنی لە هاوپەیمانێتی عەرەبی دژ بە حوسییەکانی یەمەن راگەیاندووە.
وەزارەتی بەرگرسی سعودیەش روونیکردەوە، بنکەی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان دوای پەیوەندیکردنی هێزەکانی مالیزیا و سەنیگال بە هاوپەیمانێتی عەرەبی، بەمەبەستی دیاریکردنی ئەرک و کارەکانی هێزی هەردوو وڵات ئامادەباشی دەکات.
لە 26 ی ئاداری رابردوودا، هێزەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی کە سعودیە رێبەرایەتی دەکات، بە بەشداری هەریەک لە وڵاتانی، کوەیت، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین لە کەنداو، هەروەها میسر، سودان پاکستان، ئوردن و مەغریب پێکهات، دوای ئەوانیش هەریەک لە مالیزیا و سەنیگال بەشداریکردنی خۆیان لە هاوپەیمانێتییەکەدا دژ بە حوسییەکانی یەمەن راگەیاند.
11/5/2015
ئەندامێکی ئەنجوومەنی گەلی سووریا چوونی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ نێو خاکی رۆژئاوای كوردستان بەبێ رەزامەندی حکومەتی وڵاتەکەی بە دەستدرێژی دادەنێت بۆسەر پیرۆزی خاکی سووریا.
شەریف شەحادە، ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، لە لێدوانێکدا رۆژی یەکشەممە 10ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "چوونی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ نێو خاکی سووریا، دەستدرێژییە بۆسەر پیرۆزی خاکی سووریا و بەڵگە لە تێوەگلانی حکومەتی تورکیا لەو رووداوانەی ئێستا لە سووریا گوزەردەکەن".
شاحەدە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات " ئەوەی داودئۆغڵو ئەنجامیدا، بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەو هەماهەنگییەی لە نێوان حکومەتی تورکیاو باڵە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و جەبهەتولنەسرە هەیە، بەوەی رێگایان بۆ داودئۆغڵو کردووەتەوە بێتە ناوچەکانی خای سووریا".
بە قسەی شاحەدە، داودئۆغڵو بەهیوای دووبارەبوونەوەی ئیمۆراتۆریەتی عوسمانیی و داگیرکردنی خاکی عەرەبە لە نوێوە و لەژێر ناوی نوێ. دەشڵێت "داعش و ئەردۆغان دوو رووی یەک دراون".
رۆژی یەکشەممە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی مەزارگەی سلێمان شای كرد لە گوندی "ئاشمێ" ی رۆژئاوای كوردستان.
پێشتر مەزارگەی سلێمان شا لە ناوچەی قەرەقوزاق بوو لە کەناری رووباری فورات لە باشووری رۆژئاوای کۆبانێ، بەر لە سێ مانگ سوپای تورکیا رووفات و کەلوپەلی مەزارگەكەی لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا گواستەوە بۆ گوندی ئاشمێ لەنێو خاکی رۆژئاوای كوردستان.
11/5/2015
بەپێی راگەیێنراوێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی، كۆماری ئیسلامیی ئێران رێكخراوەكەی ئاگاداركردۆتەوە لۆ تۆماركردنی حاڵەتێكی نوێی پەتای كۆرۆنا.
نەخۆشەكە لە رەگەزی نێرە و تەمەنی 61 ساڵە، لە 18ی ئادارەوە تووشی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە بوبو رۆژی 27ی ئەپریل لە نەخۆشخانە دەركرابوو بەهۆی باشبوونەوەی باری تەندروستی ، سەرەتای ئەم مانگە پشكنینەكان دەریان خستبوو كە هۆكاری نەخۆشكەوتنەكەی بریتییە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت هەفتەیەك بەر لە نەخۆشكەوتنی، بەركەوتنی هەبووە لەگەڵ دوو كەس كە ئەنفلۆنزایان هەبووە و لە گەشتی ئایینی عەمرە گەڕاونەتەوە. دەبێت بڵێن سعودیە و كەنداو زۆرترین حاڵەتی ئەو جۆرە ئەنفلۆنزایەیان تێدا بڵاوبۆتەوە.
بەربڵاوترین گیانەوەری گوازەرەوەی ڤایرۆسەكە وشترە، بۆیە رێكخراوی تەندروستی جیهانیی داوا لە خەڵكی دەكات بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ وشتر بكەن: بەجۆرێك نە میزەكەی بخۆنەوە نە شیری نەكوڵاوی بخۆنەوە نە گۆشتی باش نەكوڵاوی بخۆن، ئەگەر نەخۆشیی هەبوو لێی نزیك نەبنەوە، هەمووكات بەر دەستدان لێی و دوای ئەوەش بەباشی دەست بشۆن.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی دەلێت تاوەكوو ئێستا 1112 حاڵەتی سەلمێنراوی پەتای كۆرۆنا تۆماركراون كە 422 كەسیان گیانیانلەدەستداوە.
١٠/٥/٢٠١٥
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتی ڤێرجینیا وتارێکی بۆ رەوەندی کوردی پێشکەشکرد. لەو وتارەدا باسی شەڕی داعش ، بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی موسڵ و ئەنجامی سەردانەکەی لەو چەند رۆژەدا بۆ ئەمریکا و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای کرد.
سەبارەت بە شەڕی داعش ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند " داعش لە شکستدایە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە بڵێین مەترسی داعش نەماوە". بارزانی ئاشکراشیکرد، کە " تاوەکو ئێستا لەسەر دەستی پێشمەرگە و بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە 11 هەزار چەکداری داعش کوژراون". گوتیشی "تاوەکو ئەوکاتەی هاتووین بۆ ئەمریکا لە هێزەکانی پێشمەرگە 1200 شەهید و 7000 بریندار هەیە". ئاماژەی بەوشکرد کە پێشمەرگە توانیویەتی 20 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی لە داعش پاکبکاتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە پێنەدانی چەک لەماوەی رابردوودا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە پێشمەرگە خستەڕوو و گوتی "سەرەڕای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەساڵی 2007ەوە لەسەر هاوکاریکردنی سەربازی، بەڵام بەغدا هاوکاریی نەکردین و هەموو چەکەکانی لە سەربازگەی تاجی حیجز کرد، کە پێموایە ئێستا داعش بەو چەکانە شەڕی پێشمەرگە دەکات".
بارزانی گوتیشی "داعش 1700 هەمەری گوللەنەبڕی لە جەیشی مالیکی گرت، کە بە خەونیش بەتەمای شتی وەها نەبوون، هەر بەو هەمەرانەش شەڕی پێشمەرگە دەکەن، کە زۆرترین زیانی پێشمەرگە بەهۆی بۆمبڕێژکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە بووە".
بارزانی باسی لەوەشکرد کە ئەمریکا گرەنتی داوە چەک بداتە هێزی پێشمەرگە و گوتی "ئەوە یەکەمجارە دڵنیابین لەوەی لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە چەکی پێویست دەگاتە دەست پێشمەرگە". گوتیشی "ئەگەر زووتر چەکی پێویست بگەیشتایەتە دەست پێشمەرگە، ئەوا ئەو زیانە زۆرەمان نەدەبوو".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە شەڕی گرتنەوەی موسڵ کرد و سەبارەت بە بەشداریکردنی پێشمەرگە لەو شەڕە گوتی "پێشمەرگە رۆڵی خۆی دەبێ لە موسڵ، بەڵام بیرمان ناچێ موسڵ بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە و نەتەوەی جیاوازی تێدایە، دەبێ دوای رزگارکردنی موسڵ ئەو پێکهاتانە دڵنیاببنەوە کە جارێکی دیکە رووبەڕووی کارەساتێکی لەو جۆرە نابنەوە".
هەر سەبارەت بە بەشداری پێشمەرگە لە شەڕی موسڵ ، بارزانی ئاماژەی بە پێکهێنانی ئەو لیژنە سەربازییە باڵایە کرد کە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوەو گوتی "رزگارکردنی موسڵ لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، چونکە تاوەکو داعش لە موسڵ بێت مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێ، ئەگەر رێککەوتنی سیاسیش بکرێ، ئەوا پێشمەرگە بە دڵگەرمییەوە بەشداری شەڕی موسڵ دەکات".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بارزانی رایگەیاند، کە لەئێستادا پەیوەندییەکان باشن و هەردوولا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن. بەڵام ئاماژەی بەوەکرد کە بەغدا هێشتا پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبووە، کە مانگی 12ی ساڵی رابردوو لەبواری وزە لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا و گوتی "بەغدا بەقەد ئەو هەناردەی نەوتەی هەرێمی کوردستان پارە نانێرێ".
بارزانی 3ی ئەم مانگە بە سەرۆکایەتی شاندێک بەرەو واشنتن بەڕێکەوت. رۆژی 5ی مانگ لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدنی جێگری کۆبووەوە. لەو وتارەشیدا جەختیکردەوە کە سەردانەکەی لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆشکی سپی بووە.
10/5/2015
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون ، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکانی شاری مهاباد ، سەدان هاونیشتمانی رژاونەتە سەر شەقامەکان و لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزی پۆلیس تێکهەڵچوون روویداوە.
بەپێی زانیارییەکان گردبوونەوەکە بە بەشداری سەدان کەس لە مەیدانی سەرچاوە دەستیپێکردووە و بەرەو مەیدانی سەردار سەلاحەدینی ئەیوبی رۆیشتوون.
بەگوتەی شایەتحاڵان ، هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خۆپیشاندانی هاونیشتمانیان کردووە و داوایان لێکردوون کە بڵاوە بکەن ، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن هاونیشتمانیانەوە رەتکراوەتەوە و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس روویداوە و لەئەنجامدا پۆلیس تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووە و چەند کەسێکیشیان دەستبەسەر کردووە ، تا ئێستا ژمارەی بریندار و گیراوەکان نەزانراوە .
خۆپیشاندەرێک لە شاری سەردەشتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " خۆپیشاندانەکە بە بەشداری سەدان کەس بەرێوەچووە و تێیدا دروشمی مهاباد تەنیا نییە ، سەردەشت پشتیوانییە دەگوترایەوە" .
10/5/2015
هێزی گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ئەمڕۆ رایگەیاند كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی سوپای ئێراندا، پاسدارێكی ئێرانیان كوشتووە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل HPG بڵاویكردەوە دوێنێ سوپای ئێران ئۆپەراسیۆنێكی لە ناوچەی سۆمای سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامدا ، دوای ئەوەی سوپای ئێران لە ناوچەیەك نزیكبوونەتەوە كە گەریلای لێبووە ، هێزەكانی گەریلا گوللەی ئاگاداركردنەوەیان بە ئاسماندا تەقاندووە ، بەڵام سوپای ئێران بەردەوامبووە لە پێشڕەویكردن و لە ئەنجامدا ، شەڕ لەنێوان هەردوولادا دروستبووە و پاسدارێكی ئێران كوژراوە.
HPG لە راگەیێندراوەكەیدا دەڵێ :" هێزەكانی سوپای ئێران بە ئامانجی هەڵگیرساندنی شەڕ و پێكدادان لە هەرێمەكانی گەریلا ، سێ جار هەوڵی دروستكردنی شەڕیاندا . هێزەكانی گەریلاش بە ئامانجی خۆپاراستن دووجار گوللەی هۆشیاركردنەوەیان بەكارهێناوە".
ئەو راگەیێندراوەی HPG لەلایەن سوپای ئێران و هیچ لایەنێكی بێلایەنەوە پشتڕاستنەكراوەتەوە.
رووداو – سلێمانی
9/5/2015
پرۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشان یەکێک لەو پرۆژانەیە کە ئێستا راگەیاندنەکان لەبەر کۆنبوونی ناسناوی پرۆژە ریش سپییەکەیان لێناوە.
ساڵی 1990 بوو کە لێکۆڵینەوە لەسەر راکێشانی هێڵی ئاسن بۆ کرماشان دەستیپێکرد. یازدە ساڵی خایاند تا کاری لێکۆڵینەوە تەواو بوو و سەرەنجام ساڵی 2001 دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرا. بەڵام دوای 14 ساڵ رەوتی کارەکانی زۆر بە ئارامیی دەچنە پێش. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەبوونی بەڵێنەکانی بەرپرسان و تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە.
ئەو هێڵە ئاسنە 605 کیلۆمەتر درێژەو هەم بۆ راگواستنی گەشتیار و هەمیش بۆ راگواستنی کاڵاو شتومەک بەکاردێت. ئەو هێڵی ئاسنە قەسری شیرین لەسەر سنووری باشووری کوردستان، کرماشان و هەمەدان بە هێڵی ئاسنی سەرتاسەریی ئێرانەوە دەبەستێتەوە.
هێڵی ئاسن یەکێک لە ژێرخانە گرینگەکانی پەرەسەندنی هەر وڵاتێکە، بۆیە بۆ پارێزگایەکی وەک کرماشان راکێشانی هێڵی ئاسن زۆر گرینگە. توانای زۆر بۆ گواستنەوەی گەشتیار ، گواستنەوەی کاڵا و شتومەکی هەرزان، دەستڕاگەیشتنی ئاسانتر بە شوێنەکانی دیکەی وڵات - بەتایبەت ناوەند و دروستکردنی رێگایەکی ئاسان و هەرزان بۆ پەیوەندیی لەگەڵ باشووری کوردستان و عێراق خاڵە گرینگەکانی هێڵی ئاسنی کرماشانن.
بەرپرسانی پارێزگای کرماشان دەڵێن: بەپێی ئەو بەڵێنانەی کە بەرپرسان لەوانەش جێگری سەرۆککۆمار داویانە، پرۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشان دەبێت تا 14 مانگی دیکە تەواوبێت. بەڵام ئەگەر بەڵێنەکان وەک ساڵانی رابردوو بێت، ئەستەمە تەواو بێت. جێگری پارێزگاری کرماشان دەڵێ: جێگری سەرۆککۆمار بەڵێنی دابوو کۆی بودجەی (ساڵی 1393 هەتاوی) پرۆژەکە بدات، بەڵام بەهۆی کەمیی پارەوە جێبەجێ نەبوو.
ئەمساڵ 168 ملیار تمەن بودجە بۆ رێگای ئاسنی کرماشان تەرخانکراوە. جێگری پارێزگای کرماشان دەڵێ: لە هەوڵداین 250 ملیار تمەنی دیکەش قەرز وەربگرین، تا بەڵکو پرۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواوبێت.
9/5/2015
پەرلەمانتارێكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پێدەچێت هیچ هاوئاهەنگییەك لە نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركوەزیرانی عێراقدا نەبێت سەبارەت بە سەردانەكەی بارزانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. دەشڵێ " ئەمریکا هاوشێوەی سەرۆكی دەوڵەتێك پێشوازیی لە بارزانی کرد".
عالیە نسەیەف، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، كە نووری مالیكی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: " ئاشكرایە هیچ هاوئاهەنگییەكی راستەوخۆ لەنێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراقدا نییە سەبارەت بە سەردانەكەی بارزانی بۆ واشنتن". دەشڵێت "هەرێمی كوردستان وەكو دەوڵەتێك مامەڵە دەكات، تەنانەت لە كاتی سەردانەكەشی بۆ ئەمریكا هاوشێوەی سەرۆكی دەوڵەتێك پێشوازی لێكرا، سەرەڕای بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان كە پرسێكی رەتكراوەیەو پێشێلكردنی سەروەری عێراقە".
عالیە نسەیەف گوتیشی: "ئەو سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا بەڵگەیە لەسەر بەردەوامیی نیازی ئەمریكا بۆ دابەشكردنی عێراق و جێبەجێكردنی پڕۆژەی جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان". پێشيوايە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو سەردانەی بۆ ئەمریكاو بەبێ ئاگاداری حكومەتی عێراق "جارێكی دیكە پێشێلی دەستووری عێراقی كردووە".
بارزانی 3ی ئەم مانگە بەرەو واشنتن بەڕێکەوت و 5ی مانگ لەگەڵ شاندەکەی یاوەری لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جۆ بایدنی جێگری کۆبووەوە.بەپێی بەرنامەی سەردانەکەی، ماوەی سەردانەکەی 7 رۆژ دەخایێنێت، دوای ئەمریکاش سەردانی چیک و هەنگاریا دەکات.
ئەندامانی شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، وەزیری ئاوەدانكردنەوە، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێكهاتبوو.
چوارەم سەردانی بارزانی بۆ ئەمریکا کاردانەوەو دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و بە بڕوای شارەزایانیش سەردانەکەی ئەمجارەی بارزانی جیاواز بوو ، بەو پێیەی شاندێکی حكومی هاوسەفەری بارزانی بوون، هەروەها دیدار و کۆبوونەوەکانیشی چڕتربوونەتەوە.
9/5/2015
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێکی سەبارەت بە خۆپیشاندان و گرژیی و ئاڵۆزییەکانی شاری مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوەو داوادەکات دەسەڵاتدارانی ئێران رێز لە مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیخوازانە بگرن.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2015، دوای بانگەوازی هەندێک لە رێکخراوی ژنانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی گیانلەدەستدانی گوماناوی فریناز خوسرەوانی، کارمەندی هوتێل تارا، هەزاران کەس لە هاونیشتمانیانی مەهاباد، لەبەردەم هۆتێل تارا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا. خۆپیشاندەران ئاگریان لە هۆتێلەکە بەردا. پاشانیش شەڕ لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس روویدا، پۆلیس دوای بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ، تەقەشی لە خۆپیشاندەران كرد.
لە راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا هاتووە: "هێزە ئەمنییەکانی ئێران مافی خۆیانە پارێزگاری لەخۆیان بکەن، دەبێ ئەو پارێزگاری لەخۆکردنە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بەکارهێنانی هێزبێت لەلایەن حکومەتەوەو هەر خۆپیشاندانێکی نوێش لە مهاباد بکرێت لەسەر بنەمای ئەو ستانداردانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەکارهێنانی هێز لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە بەرامبەر زۆرینەیەکی خۆپیشاندەر بووە، کە تووندوتیژییان نەویستووە. ئەوەشخراوەتەڕوو "ئەم کردەوانە هەستەوەرییەکان لەناوچەکەدا زیاتر دەکەن لەوەی کە ئێستا هەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران رێز لە مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیخوازانە بگرن".
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رایگەیاندووە "ئێمە بە بەڵگەنامەوە دەیسەلمێنین کە ئێران مێژوویەکی درێژی لەگەڵ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا هەیە، بۆیە پێویستە ئێران لەجیاتی بەکارهێنانی هێز، لیژنەیەکی بێلایەنانە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی کچەکەی مهاباد دروستبکات".
حکومەتی ئێران ئاماری فەرمی بریندارانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژی پێنجشەممەی مهابادی بڵاوکردەوەو هەڕەشەی ئەوەش دەکات، ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبن بە تووندی رووبەڕوویان دەوەستنەوە. عەلیرەزا رادفەر، جێگری سیاسی و ئەمنی پارێزگاری ورمێ، رۆژی هەینی 8/5/2015 بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، لە رووداوەکانی ئەو رۆژەدا 25 کەس برینداربوون، کە 7یان فەرمانبەری پۆلیسی مهابادن.
٩/٥/٢٠١٥