دوای ئەوەی بۆ چەند رۆژێک لە ناوچەی کێلەشینی سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان گەمارۆیان دابوون، ئەمڕۆ هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان هێرشیانکردە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دوو پێشمەرگەیان لێکوشتن.
گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK لەسەر سنوورەكانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی كێلەشین، لە رۆژی پێنجشەممەوە گەمارۆی هێزێكی (حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران)یان داوە و داوایان لێدەکەن ئەو ناوچەیە جێبهڵن. بەڵام لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا بڕیاردرا، پاشەکشە بەهێزەکانیان نەکەن، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەمڕۆ لەلایەن هێزێکی PKK هێرشکراوەتە سەریان.
سەرچاوەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ PKK هێرشیکردووەو "بەداخەوە ئەوەی نەمانویست رووبدات، روویدا".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێرشەکەی PKK لە ناوچەکانی سەقەر، خنێلە و کێلەشین بووە.
محەممەد ساڵح نوێنەری حیزبی دیموکراتی ئێران لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی پەکەکەوە دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات کوژراون.
شەوی رابردوو حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکە داوای دانوستاندنیان لە PKK کردووە، بەڵام PKK رەتیکردووەتەوە دانوستاندن بکات. گوتیشی: "ئەگەر ئەو داوایەی ئەوان بەمەبەستی پێشگرتن بە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بێت، ئەوە حیزبی دیموکرات بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر گوشاری لەو بابەتە".
24/5/2015
رۆژی هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژەبڕیارێکی دەربارەی بڵابوونەوەی چەکی مامناوەند و سووک دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە هەر لایەنێک یان وڵاتێک چەکی مامناوەند و سوک بۆ گرووپە نایاسایی و توندڕەوەکانی وەکو داعش بنێرێت، ئەوە دەبێت ئەو لایەنە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە سزای ئابووری و گەمارۆی نێودەوڵەتی بخرێتە سەر، هەروەها ناردنی چەکی بۆ لایەنە نادەوڵەتییەکان قەدەخە نەکرد، ئەمەش لەبەرژەوەندی هێزی پێشمەرگەیە.
رەیمۆندە مارمۆکەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت "دەبێت ئێمە رێگەبگرین لە گەیشتنی چەکی سووک بە دەست لایەنی هەڵەی وەکو تیرۆرستان، قاچاغچیەکان، گرووپە چەکدارەکان و بە کرێگیراوان. ئەوان شەڕ دەکەن بێ هیچ گرنگیدانێک بە سنوورە نێودەوڵەتییەکان".
بڕیارەکە تەنها دەربارەی داعش و شەڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و هەوڵێکی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی چەکی مامناوەند و سووک لە جیهاندا.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئینستوتی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی سویسری، ئێستا لە جیهاندا ٨٧٥ ملیۆن پارچە چەکی سووک هەیە و ساڵانە نزیکەی ١٢ ملیار فیشەک لەسەرانسەری جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت. وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئەوە کۆکن، کە ئەو چەکە زۆرە نابێت بکەوێتە دەستی هەڵەوە، بەڵام هەر وڵاتێک بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی پێناسەی ئەوە دەکات کە لایەنی هەڵە کێیە.
هەرچەندە رووسیا و چین ڤیتۆی بڕیارەکەیان نەکرد، بەڵام لە هەمانکاتدا پشتگیریشیان نەکرد. ئەوان لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقی ئەنگۆلا و چاد و نایجیریا پێشنیاری ئەوەیان کرد، کە پرۆژە بڕیارەکە، ناردنی چەک بۆ هەر لایەنێک کە دەوڵەت نەبێت قەدەغە بکات، بەڵام پێشنیارەکەیان پشتگوێ خرا.
ئسماعیل گاسپەر، باڵوێزی ئەنگۆلا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەو بارەوە دەڵێت "هەرسێ وڵاتی ئەفریقی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش رەتمانکردەوە دەنگ بدەین لەسەر ئەم پرۆژە-بڕیارە . ئەمەش لەبەر ئەوەی لە پرۆژە-بڕیارەکە باسی قەدەغەکردنی پڕچەککردنی بەردەوامی لایەنە نادەوڵەتییەکانی نەکرد".
ئەگەر پێشنیاری وڵاتە ئەفریقییەکان پەسەند بکرایە، ئەوە بە پراکتیکی ناردنی چەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای سووریای ئازاد قەدەغە دەکرا. بەڵام پرۆژە بڕیارەکە بە وشەیەکیش دژایەتی ناردنی چەکی نەکرد بۆ لایەنە نادەوڵەتییەکان و تا رادەیەک شەرعیەتی نێودەوڵەتی دا بە ناردنی چەک بۆ هێزە نادەوڵەتییەکانی وەکو پێشمەرگە.
ئەمەش هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکانی گۆڕی. پێش دوو هەفتە لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو، گوتەبێژی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە ئەوان لە دژی ناردنی چەکن بەشێوەیەکی راستەخۆ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و میلیشیا سوننی و شیعیەکانی عێراق، بەڵام رۆژی هەینی دوای یەک کاژێر لە دەرچوونی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو هەڵوێستەی نەتەوەیەکگرتووەکان گۆڕا.
23/5/2015
پێش کاژێرێک لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربارەی یەمەن، بان کی مۆن سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیانامەیەکدا رایگەیاند لە ٢٨ی ئایار دانوستاندنی لایەنەکانی یەمەن لە شاری جنێفی سویسرا دەستپێدەکات و هەموو لایەنەکان، بە چەکدارانی شیعی حوسیەوە، بانگهێشتکراون بۆ ئەو دانوستاندنانە.
یەمەن لە شەڕێکی نێوخۆیی سەرتاسەرییە لەنێوان چەکدارانی حوسی شیعە مەزهەب و گرووپە سوننییەکانی هاوپەیمان لەگەڵ وڵاتی سعودیەی زۆرینە سوننی. نزیکەی دوو مانگە سعودیە و چەند وڵاتێکی عەرەبی هاوپەیمانی بە فڕۆکە بۆردوومانی حوسییەکان دەکەن و تاوەکو پێش دوو رۆژ بەرپرسانی سعودیە دەیانگوت کە هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ حوسیەکان قبوڵ ناکەین ، ئەگەر چەکدارە شیعەکان لە شارە گەورەکانی یەمەن نەکشێنەوە. بەڵام رۆژی سێشەممە سعودیە لەم هەڵوێستەی پەشیمان بووەوە.
عەبدوڵڵا موعەلیمی، باڵیۆزی سعودیە لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە بانگهێشتەکەی بان کی مۆن، گوتی "ئێمە باسی هیچ مەرجێک ناکەین، بڕیاری بانگهێشتکردنی لایەنەکان دەگەڕێتەوە بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێمە رێز لە داوەتنامەکە دەگرین".
سەرچاوەیەک بە رووداوی راگەیاند، کە لە کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش چەند وڵاتێک هۆشدارییان داوە ، کە ئەگەر قەیرانی یەمەن چارەسەر نەکرێت بە زووترین کات، ئەوا رێکخراوە تووندڕەوەکانی وەکو قاعیدە و داعش سوود لەم ئاژاوەیە وەردەگرن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر لە یەمەن و بەم شێوەیە سیناریۆی عێراق و سووریایەکی دیکە لە وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دەبێتەوە.
بەڵام سعودیە و حکومەتی یەمەنی هاوپەیمانی، هەژموونی ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی لە یەمەن بە هەڕەشەیەکی گەورەتر لە چەکدارانی قاعیدە لە یەمەن، دەزانن.
بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لەناوبردنی هەژموونی ئێران ئامانجی سەرەکییە. بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی سعودیە و هاوپەیمانەکانی لە ترسی دروستبوونەوەی عێراق و سووریایەکی دیکە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، دەرفەت بەم دانوستاندنانەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدەن بۆ هێورکردنەوەی شەڕی یەمەن.
23/5/2015
جۆش ئێرنست، گوتهبێژى كۆشكى سپى داواى له ئێران كرد رێز لهسهروهرى عێراق بگرێت و دووپاتيشيكردهوه كه بۆ رووبهڕووبوونهوهى داعش واشنتن ههماههنگى ئهمنى لهگهڵ ئێران نهكردووه.
ئێرنست ئاماژهى بهوهشدا، كه بابهتى رێزگرتنى ئێران لهسهروهرى عێراق، واى له ئهمريكا كرد لهپهيوهندييهكانيدا لهگهڵ عێراق ههنگاوێك بچێته پێشهوه و پشتگيرى حكومهتى عێراقى بكات، كه حهيدهر عهبادى سهرۆكايهتى دهكات، بهتايبهتى دواى ئهوهى پابهندبوونى خۆى نيشاندا، بهوهى كه حكومهتهكهى جێگاى ههموو لايهن و پێكهاتهكان بكاتهوه.
گوتهبێژهكهى كۆشكى سپى راشيگهياند، واشنتن ههماههنگى سهربازى لهگهڵ ئێران نييه، بهڵكو تهنها پشتگيرى ئهو پێكهاتهو لايهنه جياوازانه دهكات، كه لهژێر سهركردايهتى حكومهتى ناوهنديدا شهڕى داعش دهكهن.
پێشتر جۆن كێرى، وهزيرى دهرهوهى ئهمريكا رايگهياندبوو، كه واشنتن بهرژهوهندى هاوبهشى لهگهڵ ئێران ههيه، بهڵام ئهوه نهگهشتووهته قۆناغى هاوكاريكردن.
كێرى گوتيشى، ئێرانييهكان لهههندێك كاردا هاوكارى ئهمريكايان كردووه وهكو: رووبهڕووبوونهوهى داعش، بهڵام دووپاتيكردهوه كه ههماههنگى لهنێوانياندا نييه.
23/5/2015
كۆبوونەوەی دەفتەری سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆتاییهات ، بەبێ راگەیاندنی هیچ هەڵوێست و كاردانەوەیەك بەرامبەر گەمارۆدانی پێشمەرگەكانیان لەلایەن گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران چاوەڕێی هەوڵێكی نێوخۆیی دەكات ، بۆ ئازادكردنی پێشمەرگەكانی لە گەمارۆی PKK.
گەریلاكانیPKK لەسەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی كێلەشین، لە دوێنێ پێنجشەممەوە گەمارۆی هێزێكی (حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران)یان داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، ئەو هێزەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران زیاتر لە 15 رۆژە لە ناوچەی كێلەشین جێگیربوونە و تائێستا چەند جار لەگەڵ گەریلاكانی PKK تووشی كێشە بوونە.
ئەو هێزەی حیزبی دیموكرات بەمەبەستی دانانی بنكەیەك لە ناوچەی كێلەشین ، چوونەتە ناوچەكە ، كە لەساڵانی شەڕی چەكدارییاندا لەو ناوچەیە بوونە . بەپێی زانیارییەكانی رووداو، PKK هەر لەسەرەتاوە داوایكردووە پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات ناوچەكە چۆڵبكەن و بەبێ رەزامەندی ئەوان لەنێوان سنوورەكان هاتووچۆ نەكەن و مافی دانانی هیچ بنكە و بارەگایەكیان نییە و ناتوانن چالاكی چەكدارییان لەسەر سنوورەكان هەبێت.
لەبەرامبەریشدا، پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سووربوونە لەسەر دانانی بنكە و بازگەكەیان و بەوهۆیەوە تائێستا سێ جار لەنێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و گەریلاكانی PKK كێشە دروستبووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، ئەمشەو دەفتەری سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ، كۆبووەو، كاژێر 11 كۆبوونەوەكە كۆتاییهات لەسەر گەمارۆدانی ئەو پێشمەرگانەیان لەلایەن گەریلاكانی PKK.
كۆبوونەوەكە هیچ هەڵوێستێكی رانەگەیاند ، چونكە چاوەڕێی ئەنجامی هەوڵێكی نێوخۆیی دەكەن بۆ دەرخستنی پێشمەرگەكانیان لە گەمارۆی PKK.
23/5/2015
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەبەستێكی سەرەكی هەیە، ئەویش رێگەگرتنە لە پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت و كردەوەی تیرۆریستی، بۆ ئەم مەبەستەش كۆمەڵێك ئامانجی زۆر گرنگیان هەن.
لەكاتی كۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كە رۆژی پێنجشەممە 21ی ئایاری 2015 لە كۆشكی كرملن لە مۆسكۆ بەڕێوەچوو، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا قسەی بۆ خالید حوسێن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو كرد و لەبارەی پەیوەندی نێوان وڵاتەكەيی و حكومەتی عێراق گوتی :" ئێستا پەیوەندیێكی باش و هاوكاری لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، ئەو پەیوەندییەش بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە كە بەردەوام هاوڕێیەتی و هاوكاری لە نێوانماندا هەبووە".
وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو هەروەها گوتی :" ئێمە وەك رووسیا مەبەستێكی گشتیمان هەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەویش رێگەگرتنە لە كردەوەی تیرۆریستی و پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتاوە هەوڵی سەركەوتن دەدەین و كۆمەڵێك ئامانجی زۆر گرنگمان هەن لەو چوارچێوەیەدا".
دوای كۆبوونەوەكە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، كە بەمەبستی سەردانەكەی داواکردنی هاریکاری و پشتیگیری بووە لە سەرۆكی رووسیا بۆ شەڕی چەکدارانی داعش. لە بەرامبەردا ڤلادیمێر پوتین گوتی " پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بە گرنگ دەزانین و ئامادەیی خۆمان بۆ پەرەپیدانی پەیوەندییەکان دەردەبڕین".
22/5/2015
لە دوا کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان، بڕیاری دروستکردنی ژووری عەمەلیاتی سیاسی درا، ژوورێک کە ئەرکی یەکلاییکردنەوە و بڕیاردان دەبێ لەسەر ئەو پرسە چارەنووسسازانەی کورد پێیوایە دەبێ لەم قۆناغە سیاسییەی خۆیدا یەکلاییان بکاتەوە. بۆ ئەوەش داوای پڕۆژە لە لایەنە سیاسییەکان کراوە و ئێستا ئەوان خەریكی ئەوەن و دەبێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا پڕۆژەکانیان بدەنە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
لەدوای سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، کورد ئێستا بە ئاشکراتر ئیش لەسەر ستراتیژێک دەکات کە سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی بۆ مسۆگەربکات، بەڵام دەیەوێت بە پلان و دابەشکرنی رۆڵی سیاسی لەنێوان دەزگا فەرمییەکانی باشووری کوردستان ئەو کارە بکات.
هێشتا بڕیارنەدراوە چوارچێوەی ئەو ژورە عەمەلیاتە سیاسییە چۆندەێت و کێ دەبێتە ئەندامی ژوورەکە، بەڵام ئەوە روونە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەرکەکانی بە جۆرێک دیاریدەکرێن کە تووشی بەریەک کەوتن نەبێت لەگەڵ ئەرک و کارەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت و پەرلەمان .
22/5/2015
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2015، لە چوارچێوەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو لە ئوردن، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێک پێشكەش بكات.
خوێندنەوەی گوتارەکەی بارزانی، بە گوێرەی کارنامەی کۆڕبەندەکە کاژێر 11:45 خولەک دەبێت و لەگەڵ ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق بە هاوبەشی دەبێت، کە تێیدا باس لە ئاشتی و سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
کۆڕبەندەكە تا 23 ی ئەم مانگە لە ناوەندی کۆبوونەوکانی شا حوسێن لە کەناری دەریای مردوو بەردەوامدەبێت، چاوەڕواندەکرێت سەرکردەکانی وەک عەبدول فەتاح سیسی سەرۆکی میسر ، شا عەبدوڵڵای پاشای ئوردن و مەحموود عەباسی سەرۆکی فەڵەستین لە کۆڕبەندەکەدا بەشداربن.
رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئایار، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی یاوەری لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شا عەبدوڵڵای شای ئوردن گەیشتە عەممان بە مەبەستی بەشداریکردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو.
هەریەك لە مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و د.فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان یاوەری بارزانی دەكەن. دوێنێش بە ئاڵای كوردستان پێشوازییان لێكراو لەگەڵ شا عەبدوڵڵاش كۆبوونەوە.
22/5/2015
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کەمێک پێش ئێستا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئا تیڤی تورکیا لەبارەی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد کە دژی ناوەستێتەوە و جیابوونەوەی کورد کێشەیەکی ناوخۆی عێراقە، ئەمەش یەکەمجارە سەرۆکی تورکیا بەمشێوە باسی دەوڵەتی کوردی بکات.
22/5/2015
حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە عێراقی جێهێشت و بە سەردانێکی فەرمی بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوت، بڕیاریشە دۆسیە ئەمنیی و سەربازییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات.
بەپێی راگەیێندراوێكی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە عەبادی لە سەردانەکەیدا سبەی پێنجشەممە 21ی ئایاری 2015، چاوی بە ڤلادیمێر پووتینی سەرۆکی رووسیا بکەوێت و، سەبارەت بە هاوکاریی سەربازی و ئەمنی نێوان رووسیا و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی داعش گفتوگۆبکەن، سەرەڕای بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانیان لە بواری ئابووری و وزە و وەبەرهێنان.
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، کارەبا، گواستنەوە، رۆشنبیری و چەندین راوێژکاری مەدەنی و سەربازی یاوەری سەرۆکوەزیران دەکەن، سەردانەکەش یەک رۆژ دەخایێنێت.
هاوکات سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران روونیکردەوە، ئامانجی سەردانەکەی عەبادی بۆ مۆسکۆ، بریتییە لە تاوتوێکردنی دۆسیەیی ئەمنی و پڕچەککردنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و دابینکردنی پێداویستییە ھەنووکەییەکانی سوپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
ئەوەشی خستەڕوو، کە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری ھەواڵگری سەبارەت بە جموجوڵی تیرۆریستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت.
گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی ئاماژەی بەوەشدا، پرسی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و بانگھێشتکردنی کۆمپانیا رووسییەکان بۆ وەبەرھێنان لە عێراق، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی عەبادی و لێپرسراوە روسییەکان دەبن.
21/5/2015
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا داوا لە وەزیری دەرەوە دەكات رەزامەندی پیشانبدات لەبارەی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەردوو شاری کەرکووک و بەسرە.
رۆژی چوارشەممە 20 ی ئایاری 2015، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فارووق قەیماغچی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق رایگەیاند:" عێراق پێویستی بە هاوکاری وڵاتانی جیهان و دراوسێ هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعشدا، هاوکات پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەسەرکرا".
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێگەی بەیاننامەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی تورکیا، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی ئەمنی عێراق تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوونە، هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستای عێراق پێویست بەوەدەکات وڵاتانی جیهان و دراوسێ هاوکاریی سەربازی بکەن بۆئەوەی سوپاو هێزە ئەمنییەکان بتوانن لە شەڕی دژ بە داعشدا سەربکەون.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، باڵیۆزی تورکیا داوای لە وەزیری دەرەوە کردووە کە رەزامەندی پیشان بدەن بۆئەوەی تورکیا کونسوڵخانەی گشتی وڵاتەکەی لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و بەسرە بکاتەوە.
21/5/2015
ئەوان زیاتر لە 11 هەزار کێلۆمەتریان بڕیوە بۆئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە پێشڕەوییەکانی داعش بووەستێنن ، وەک خۆیان دەیانگوت لە ئەمریکاوە هاتوون بۆئەوەی شەقێکی بەهێز لە داعش بدەن.
سەربازە خۆبەخشەکانی ئەمریکا لە سەرشانی خۆیان نووسیوە "شانبەشانی پێشمەرگە شەڕی گرووپێک دەکەین کە دەیانەوێ دنیا تاریک بکەن".
کێورت شەڕکەرێکی ئەمریکییە، ماوەی سێ مانگە لە واشنتنەوە هاتووەتە کەرکووک، چەکێکی کۆنی پێشمەرگەی لەدەستدایە، ئەو دەڵێ دەزانم ئەم چەکە پێشکەوتوو نییە، بەڵام چونکە پێشمەرگەکان ئیرادەیان هەیە، سەردەکەون.
ئێروین شەڕڤانێکی دیکەی ئەمریکایە لەگەڵ 19 سەربازی دیکەی ئەمریکی لە سەنگەرەکانی شەڕدا لەگەڵ پێشمەرگەدان، شارەزایی باشی هەیە لە شەڕی دژە تیرۆر، ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان بووەو ساڵێکیش لە نێوەڕاستی عێراق شەڕی کردووە، ئێستا وەکو خۆبەخشێک لەگەڵ تفەنگەکەی لە هێڵی پێشەوەی شەڕدا لە میحوەری داقووق شەڕدەکات و کوردستان دەپارێزن.
ئەو دەڵێ بۆ ماوەی شەش مانگ هاتبووم و بگەڕێمەوە، بەڵام کە داعشم بینی ئیدی بڕیارمداوە تاوەکو داعش لەنێو ببەین لێرە بجەنگم.
ئەمریکا یەکەم دەوڵەت بوو مەترسی داعشی لەسەر باشووری کوردستان دوورخستنەوەو ماوەی نزیکەی 10 مانگیشە بەردەوامە و دەڵێن هێشتاش بەردەوام دەبین.
فەرماندەی لیوای 9ی هێزی پیادەی پێشمەرگەش باسی کاریگەری سەربازانی ئەمریکا دەکات لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا و دەڵێن کاتێ شەڕێک روودەدات ئەوان لە پێشی پێشەوەی شەڕدان.
کورد هێشتا سنوورێکی درێژی نائەمینی هەیە، کە بەرامبەرەکەی داعشە. پێشمەرگەکانیش لەم سنوورانە کوردستان دەپارێزن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش لە دوایین سەردانی بارزانی بۆ ئەمریکا، لە کۆشکی سپی باسی کەرکووک وەک بەشێک لە سنووری هەرێمی کوردستان کراوە، ئێستا شەڕڤانانی ئەمریکاش هەر لەو سنوورە بۆ کورد شەڕدەکەن.
20/5/2015
بە هەزاران چەکداری حەشدی شەعبی شیعە گەیشتنە سەربازگەی حەبانییە لە نزیکی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباری سوننەنشین لە رۆژئاوای عێراق، ئامانجی ئەو هێزانە گرتنەوەی شاری رومادییە، کە چەکدارانی داعش لە چەند رۆژی رابردوو کۆنترۆڵیان کرد.
کەوتنی شاری رومادی بە دەستی داعش تەنها کەوتنی ناوەندی فراوانترین پارێزگای عێراق نەبوو بە دەستی ئەو گرووپەی کە دەستی لە یەخەی بەغدا نابێتەوە، بگرە بە کۆنترۆڵکردنی رومادی دەستی بەسەر دەیان چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تانکدا گرتووە، جگە لە گۆشەگیرکردنی هێزەکانی عێراق لە ناوچەیەکی نیمچە داخراو کە پشتی لە بەغدایە. لەوەش خراپتر وەک چاودێران دەڵێن کەوتنی رومادی رێگەی بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی شیعە خۆشکرد لە شەڕی ئەنباردا بەشداربن، بەواتایەکی دیکە ئەو چەکدارە شیعانە کە دەزگاکانی راگەیاندنی سەر بە سعودییە بە باڵی سەربازی ئێرانیان دەناسێنن، وا روویان لە ناوچەیەک کردووە سنوورە لەگەڵ سعودییە و ئەگەری هەیە ئەم پێشهاتە سعودییە بێنێتە دەنگ و هاوشێوەی هەڵوێستی بەرامبەر چەکدارانی حوسی یەمەن هەڵوێست بنوێنێ.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان جەنەراڵ لوید ئۆسن، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا بەغدای جێهێشت و لەسەروبەندی کەوتنی رومادی و بڕیاری بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی ئەنباردا، حوسێن دەهقانی، وەزیری بەرگری ئێران گەیشتە بەغدا، ئاماژەکانی ئەمریکا و ئێران لەبارەی رومادییەوە تا رادەیەک لە یەکدەچوون بەبێ هەماهەنگی لەبارەی خێرایی رزگارکردنی شاری رومادی.
هاوکات ئەیهەم کامل، بەڕێوەبەری لقی گرووپی ئۆراسیا بۆ توێژینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەڵی "کاریگەری عەبادی لەسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی سنووردارە، ئەمڕۆ ئەوە یەکەم تەحەدی راستەقینەیە بۆ دەسەڵاتی عەبادی، نەک تەنها لە ئاستی ئەمنیدا، بگرە لەسەر ئاستی سیاسیشدا".
20/5/2015
سەرچاوەیەکی ئەمنی لەواشنتن ئاشکرایکرد، ئەمریکا تیمێکی لێکۆڵینەوەی رەوانەی عێراق کردووە، بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لە هاوژینەکەی ئەبو سەیاف، گەورە بەرپرسی رێکخراوی داعش بکات کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سووریا، لەلایەن هێزێکی نهێنی سەربازی ئەمریکا کوژرا و هاوژینەكەی دەستگیركرا.
سەرچاوە ئەمنییەكە بڵاویكردووەتەوە، ئەو تیمەی ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی عێراقی کردووە، لە نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) و سی ئای ئەی و پۆلیسی فیدراڵی ئەمریكا پێكهاتووە، بۆئەوەی لێكۆڵینەوە لە هاوژینەكەی ئەبو سەیاف، گەورە بەرپرسی پێشووی داعش لە سووریا بكەن.
ئاشكراشیكردووە، مەبەستی سەرەكی تیمە ئەمریكییەكە وەرگرتنی زانیارییە لەبارەی چۆنییەتی دەستگیركردنی بارمتە بیانییەكان لەلایەن داعشەوە، بۆئەوەی هاوژینەكەی ئەبو سەیاف زانیاری نوێ و تاکتیکی داعش بداتە تیمەکەی ئەمریکا.
چەند رۆژ لە مەوبەر هێزێكی سەربازی ئەمریكا چالاكییەكی نهێنی لە ناو خاكی سووریا ئەنجامدا، بەهۆیەوە ئەبو سەیاف، بەرپرسی كاروباری نەوت و دارایی داعش كوژرا و هاوژینەكەشی دەستگیركرا.
21/5/2015