“تاریق عەزیز” جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو، بە هۆی نەخۆشیەوە لە بەندیخانەی شاری ناسڕیە كۆچی دوایی كرد .
“عادل دەخیل” جێگری یەكەمی پارێزگاری زیقاڕ بە سۆمەرییە نیوزی ڕاگەیاندووە: “دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی تاریق عەزیز جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو لە بەندیخانەی ناسریە كۆچی دوایی كرد و، تەرمەكەشی بۆ نەخۆشخانەی حوسەینی فێركاری لە شاری ناسڕیە گواستراوەتەوە”.
تاریق عەزیزی تەمەن 79 ساڵ ناوی ڕاستەقینەی میخائیل یوحەننایە و لە ساڵی 1936 لە نزیك شاری مووسڵ لە خێزانێكی كلدانی كاسۆلیكی لە دایك بووە و، بە تاكە بەرپرسی مەسیحی لە نێو ڕژێمی بەعس دادەندرا. پێشتر دادگای تاوانەكان لە عێراق لە 26ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2012 سزای لە سێدارەدانی بەسەر تاریق عەزیز دا سەپاندبوو.
5/6/2015
لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەوە، ئاگر بەرۆکی دارستانەکانی ناوچەی شەلەمی ئیلامی گرتووە. ئاگرێک کە تا رۆژی هەینی 5-6-2015 بەردەوامبوو، واتە رۆژی جیهانیی ژینگەپارێزی.
بەگوتەی چالاکڤانانی ژینگەپارێزی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاگرەکە لە هەشت خاڵەوە دەستیپێکردووە، لە سەرەتاوە هاونیشتمانییانی پارێزگای ئیلام بە نامە یەکدیان ئاگادارکردووەتەوە و قۆڵیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هەڵماڵیوە، بەڵام بە کەمترین و سەرەتاییترین توانا و ئامێرەكان، پێمەڕە و چڵ و لقی دارەکان، بەهۆی هاتنی باوە ئاگرەکە بە خێراییەکی زۆرتر گواستراوەتەوە، بەشێوەیەک کە شەوی پێنجشەممە ئاگرەکە گەیشتووەتە بەرزاییەکانی دەور و پشتی شار.
هاونیشتمانییەکی شاری ئیلام بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئاگرەکە لە ناو شارەوە دیاربوو، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆری بۆ هاونیشتمانیان دروستکردبوو".
لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی ئاگرەکە، بەرپرسانی حکومیش هەوڵی خۆیان داوە، بە گوتەی محەممەد رەزا موروارید پاریزگاری ئیلام ، هێزەکانی سوپای پاسداران، بەسیج، یەکینەکانی ژینگەپارێزی، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سرووشتییەکان، شارەوانی، پارێزگاری، فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە دەستیان داوەتە دەستی هاونیشتمانییان و شانبەسانی ئەوان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوونە.
تەلەڤزیۆنی حکومی پارێزگای ئیلام بە ژێرنووس و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریش بە کورتەنامە داوایان لە هاونیشتمانییان کردبوو خۆیان بگەیێنە بەرزاییەکانی ئیلام بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
محەممەد رەزا موروارید، پارێزگاری ئیلام سەرلەبەیانی رۆژی هەینی رایگەیاند، کە بە یارمەتی هاونیشتمانییان و هەموو دەزگاکان توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
پارێزگاری ئیلام رەخنەشی لە بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئەو پارێزگایە گرت و رایگەیاند " چۆن دەبێت پارێزگایەک بەو هەموو رووبەرە دارستانەوە هەلیکۆپتەری ئاگركوژێنەوەی نەبێت".
بە گوتەی نێوبراو بەهۆی شاخاویبوونی ناوچەی شەلەم، لە کاتی خۆیدا و بە شێوەی پێویست نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت، بۆیە پێویستە بنکەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئیلام بۆ حاڵەتی لەو شێویە هەلیکۆپتەری هەبێت .
بە گوتەی چالاکڤانانی ژینگەپارێزی کە لە ناوچەی شەلەم جێگیربوونە، لە کاتژمێر 10ی بەیانەی رۆژی هەینییەوە ئاگر لە بەشی باکووری ناوچەی شەلەم دەستیپێکردووەتەوە. بە گوتەی ئەو چالاکڤانانە زیاتر لە 800 دۆنم واتە 200 هێکتار لە دارستانەکانی ئیلام تا ئێستا سووتاون و روونیش نەبووەتەوە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە چیبووە.
لە سەرەتای ساڵی نوێوە تا ئێستا 13 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تەنیا لە دارستانەکانی پارێزگای ئیلام تۆمارکراوە، دارستانەکانی ئیلام لەگەڵ چەند کێشەیەكی دیکە وەک نەخۆشی لۆرانتوس، وشکەساڵی و گردیلەکانیش بەرەوڕوون. رووبەری دارستانەکانی پارێزگای ئیلام 2.500.00 دۆنمە و بەشێکە لە دارستانەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس کە رووبەریان زیاتر لە 21 ملیۆن دۆنمە.
ئومێد بەرین/ رووداو 5/6/2015
لە رۆژێكی مانگی نیساندا، لەبری ئەوەی لە خوێندنگە بۆ ماڵەوە بگەڕێنەوە، دوو هەرزەكار خوێندنگەی گوندەكەیان لە قەفقاسەوە بەجێهێشت و بەرەو جەنگ چوون. لە شاری منیاپۆلیسی، ولایەتی میناسۆتای ئەمریكاش كەسێكی تەمەن بیست ساڵان پاسپۆرتی هاوڕێكەی دزی بۆ ئەوەی هەمان ئەو رێگا ترسناكە بگرێتەبەر. لە نیوزیلەندا، كەسێكی دیكە كە پێشتر پاسەوانی ئەمنی بووە و لە كەنەداشەوە كەسێكی دیكە كە خولیای یاریی هۆكی و ماسیگرتن و راوكردن بوو، هەمان رێگەیان هەڵبژارد.
نموونەكان زۆر زۆر لەمە زیاترن. لێكۆڵینەوەیەكی رۆژئاوایی ژمارەیان بە 17 هەزار كەس مەزەندە دەكات. پیاو و ژمارەیەكی كەم ئافرەتیش لە 90 وڵاتی جیهانەوە روویان لە سووریا و عێراق كردووە تاوەكو شەڕ بۆ داعش بكەن.
ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی ئەو رێكخراوە كە خۆی وەكو دەوڵەت راگەیاندووە، داوای لە موسڵمانانی جیهان كرد بەرەو خاكی ژێر دەستی رێكخراوەكەی كۆچ بكەن، نەك تەنیا بۆ شەڕكردن، بەڵكو بۆ ئەوەی وەكو دكتۆر، بەڕێوەبەر، دادوەر، ئەندازیار و فێركار كاربكەن.
"هەموو كەس دەتوانێت شتێك بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بكات" چەكدارێكی كەنەدی نێو رێكخراوی داعش بەناوی ئاندرێ پۆلن لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا وا دەڵێت.
پەیامەكەی پۆلن بۆ راكێشانی چەكداری دیكە لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەكرێتەوە. "بە ئاسانی دەتوانی مەقامێكی بەرزتر لای خوای گەورە و ئەو دونیا بە دەستبێنی، ئەوەش بە قوربانیدانێكی بچووكی ئەم ژیانە فانیە دەبێت".
شەڕی ئێستای عێراق و سووریا خۆبەخشی زیاتری ئیسلامی بۆخۆی راكێشاوە وەكو لە شەڕەكانی رابردوو، لەوانە شەڕی ئەفغانستان و شەڕی یۆگسلاڤیا. ئەم خۆبەخشانە لەوێن ئیدی بۆ سەركەوتن بێت یان دۆڕاندن و مردن.
لەنێو چەكدارانی داعشدا بۆسنی و چیچانییەكان ستایش دەكرێن بەهۆی ئەزموون و خۆڕاگرییان لەبەرامبەر گوللەدا. لە نێو چەكدارانی داعشدا ئەو كەسە ئاینییە توندڕەوانە هەن كە ئامادەن بۆ ئاین و بڕواكەیان خۆیان بە كوشت بدەن.
لە نێو چەكدارە بیانییەكانی داعشدا نزیكەی 3300 ئەوروپی و 100 چەكداری ئەمریكی هەن. ئەمە بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە توندڕەوی كە تینك تانكێكی كینگ كۆلیژە لە لەندەن. سەنتەرەكە دەڵێت 15%ی ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە كوژراون. سەدانی دیكەش توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان. ئێستا حكومەتی وڵاتەكانیان نیگەرانی ئەنجامی هاتنەوەی ئەمانەن.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، نیكۆلاس جەی راسمۆسن، بەڕێوەبەری سەنتەری دژە تیرۆری ئەمریكا، بە كۆنگرێسی راگەیاند، "هەموومان نیگەرانی ئەوەین كە ئەم چەكدارانە هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان و لەوێش هەوڵ دەدەن كە پشتگیری توندوتیژی و توندڕەوی بكەن".
هەروەها لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، پیتەر نومانی بەڕێوەبەری سەنتەری ICSR لە كۆبوونەوەیەكی كۆشكی سپیدا كە دەربارەی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی رێكخراو بوو، گوتی "هەروەكو چۆن ئوسامە بن لادن تیرۆریزمی نێودەوڵەتی خۆی دوای ئەوە دەستپێكرد كە بەشداری لە شەڕی ئەفغانستان كرد لە ساڵانی هەشتاكاندا، وەكو چەكدارێكی بیانی، ئێستا نەوەی نوێی بن لادن هەمان شت لە عێراق و سووریا دووبارە دەكەنەوە".
پەیامنێرانی ئەسۆشیەتد پرێس لە پێنج كیشوەری جیاوازدا هەندێك لەو چەكدارانەیان دۆزییەوە كە پێشتر لەگەڵ داعشدا بوون. هەندێك لەو كەسانە لە خێزانێكی موسڵماندا لەدایك بوون، هەندێكیان ئەوانە بوون كە ئاینی خۆیان بۆ ئیسلام گۆڕیوە، هەندێكی دیكە ئەو كەسانە بوون كە حەزیان لە سەركێشیە. هەروەها هەندێكیان ئەو كەسانە بوون كە بە ئەستەم تەحەمولی سەختیی بارودۆخی ژیانیان دەكەن.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی دەسەڵاتدارانی ئەمنیی ئەڵمانیا كە كۆپیەكی دەستی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس كەوتووە "پرۆفایلێك نییە زۆربەی چەكدارەكان لە خۆدا كۆبكاتەوە". لێكۆڵینەوەكە ئەوەی نیشانداوە، ئەو ئەڵمانانەی چوونەتە نێو داعش 65%یان پێشتر تاوانیان كردووە.
بەڵام بەپێچەوانەوە، جۆن جی هۆرگان، بەڕێوەبەری سەنتەری تیرۆریزم و لێكۆڵینەوەی ئاسایش لە لێكۆڵینەوەیەكیدا لەسەر ئەو ئەمریكیانەی كە پەیوەندییان بە جیهادەوە كردووە یان ویستوویانە پەیوەندی بە گرووپە جیهادیەكانەوە بكەن، هەندێك لێكچوون هەیە. ئەو دەڵێت زۆربەی ئەمریكییە جیهادیەكان لە تەمەنی هەرزەكاریدان یان لە سەرەتای بیست ساڵیدان. بەڵام چەند دانەیەكیان لە تەمەنی ناوەڕاستی 30 ساڵیدا بوون.
"لە روانگەی دەروونناسییەوە زۆربەیان لەو كاتەی تەمەنیاندان كە دەیانەوێت شوێنی خۆیان لە جیهاندا بدۆزنەوە. ئایا ئەوان كێن، مەبەستیان لە ژیان چییە؟" هۆرگان دەڵێت "هەروەها هەوڵی ئەوە دەدەن كە لە دەبڵ شوناسیی خۆیان تێبگەن، موسڵمانبوون و رۆژئاواییبوون، یان ئەمریكیبوون".
هەندێكیان بە بیری توندی ئاینی و خەمی پاراستنی خەلافەت و دەسەڵاتی ئیسلامی هاندراون. ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییەی كە دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا و عێراق دروستی كردووە. هەندێكی دیكەیان بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە گرووپێكی نهێنی و قەدەغەكراو، ئەو رێگەیە دەگرنەبەر.
هۆرگان دەڵێت "ئەو شتەی لای زۆربەی چەكدارەكان وەكو یەكە، ئەوەیە كە گەنجن و بە ئاسانی سەرنجیان رادەكێشرێت و برسیی جۆش و خرۆشن".
هەر كە كەسەكان دەگەنە خاكی ژێر دەستی داعش، هەندێك راهێنانی سەربازی سەرەتاییان پێدەكرێت، لەوانە چۆنێتی پڕكردنی مەخزەن و تەقاندنی فیشەك بە كڵاشینكۆف. بەڵام هەندێكیان بەشداری كاری تیرۆریستی زۆر توندی ئەو گرووپە بوون، لەوانە كاری خۆكوژی و سەربڕینی بیانییەكان.
ئەریب مەجیدی تەمەن 23 ساڵ لە كەناری شاری مومبای هیندستانەوە لە مانگی پێنجی 2014 پەیوەندی بە داعشەوە كرد و بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ داعش جەنگا. نزیكەی 55 كەسی كوشت و خۆشی فیشەكێكی بەركەوت.
بەڵام هەموو كارەكانی پاڵەوانئاسایانە نەبوون. ئەو دواجار لە توركیاوە تەلەفۆنی بۆ باوك و دایكی كرد. بەپێی رۆژنامەیەكی هیندی بێت، داوای لێكردوون تاوەكو بگەڕێتەوە نێو خێزانەكەی. نیگەرانیی سەرەكی ئەریب مەجید، بەپێی لێدوانی ئەمنی هیندستان لەوە بوو كە داعش پارەیان پێنەداوە و توالێتیان پێ پاك كردووەتەوە.
زۆرجار چەكدارە بیانییەكان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردێنن تاوەكو چەكداری دیكە راكێشن "ئەڵلا بخەرە پێش هەموو شتێك " پاولن، چەكدارێكی كەنەدییە كە خەڵكانی دیكە بۆ داعش رادەكێشێت وا دەڵێت.
جیهادی پاولن مانگی هەشتی ساڵی رابردوو كۆتایی هات لە سووریا دوای ئەوەی بە دەستی سەربازانی حكومەتی سووریا كوژرا، بەڵام پاولن پێش مردنی توانیویەتی پێنج كەسی دیكە لە تۆرۆنتۆوە بۆ داعش رابكێشێ.
4/6/2015
فراكسيۆنی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، پڕۆژە پێشنیازێك بۆ بەهەرێمبوونی كەركووك دەداتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پڕۆژەكەدا چۆنێتی دابەشكردنی پۆستەكانی "ئەو هەرێمە" روونكراوەتەوە.
عەلی مەهدی، گوتەبێژی فەرمی بەرەی توركمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ناوەڕۆكی پڕۆژەكەی ئاشكركرد و باسی لەوە كرد، بەپێی پڕۆژەكە هەرێمی كەركووك پەرلەمانێكی دەبێت بۆ هەرسێ پێكهاتەی كورد و عەرەب و توركمان و هەریەكەشیان 32 كورسییان لەو پەرلەمانەدا دەبێت، بۆ مەسیحیيەكانیش 4 كورسی دیاریكراوە و حكومەتەكەش 13 وەزیری دەبێت، هەرسێ پێكهاتەكە كورد و عەرەب و توركمان هەریەكەی 4 وەزارەت و بۆ مەسیحیيەكانیش وەزارەتێك دانراوە.
عەلی مەهدی هەروەها گوتی " بۆ هەرسێ پۆستە باڵاكەش حكومەت و پەرلەمان و هەرێم هەریەكەیان بەر پێكهاتەیەك دەكەون، ئەو پڕۆژەیەش بۆ ماوەی چوار ساڵە، مەبەستی سەرەكی پڕۆژەكەشمان ئەوەیە گفتوگۆیەك لەوبارەیەوە دروستبكەین بۆئەوەی چیدی هەریەكەمان نەڵێت كەركووك هی خۆمە".
گوتەبێژی بەرەی توركمانی هێمای بەوەشدا ئەو پڕۆژەیەیان لە 2006 داوەتە حكومەتی عێراق، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەبووە و گوتی " هەفتەی رابردووش پڕۆژەكەمان دایە هەریەك لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".
لە بەرامبەردا فەخردەین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان نایشارێتەوە كە پڕۆژەیەكی لەو جۆرە دراوەتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەو بۆ رووداو دەڵێا تائێستا هیچ گفتوگۆیەكیان لەو بارەیەوە نەكردووە.
4/6/2015
رۆژی پێنجشەممە 04-06-2015، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP سەردانی شاری ئەرزڕۆمی کرد لە باکووری کوردستان، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری پارتەکەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە، گرووپێک لە مەیدانی ئیستاسیۆن لە ناوەندی شاری ئەرزڕۆم گردبوونەوە، بەمەبەستی رێگەگرتن لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی HDP. گرووپەکە ئاڵای کۆماری تورکیایان هەڵگرتبوو و درووشمیان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دووبارە دەکردەوە.
پۆلیسی تورکیا لە شوێنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی HDP ئامادەبوو و کاتێک ئەو گرووپە خۆپیشاندەرە هەوڵیاندا بچنە نێو مەیدانی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە، رووبەڕووی رێگری پۆلیس بوونەوە.
لە ئەنجامدا پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەکارهێنا. هاوکات بەبەرد و ئاگر هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک کە لایەنگرانی HDP ی هەڵگرتبوو. ئەو هێرشەش برینداربوونی 3 سەرنشین و سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی لێکەوتەوە.
دەمیرتاش لە وتارەکەیدا کە دوای ئەو رووداوانە پێشکەشیکرد، داوای لە لایەنگرانی كرد کە دان بەخۆدا بگرن و نەکەونە داوی ئاژاوەگێڕییەوە.
4/6/2015
رۆژی سێشەممە 2-6-2015 رێكخراوی داعش دەستی بەسەر گرتووخانەی " ئەحداس" لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستاندا گرت، رێكخراوەكەش پێشڕەوی زۆری كردووە و دەستی بەسەر گوندی داودییە، كە سێ كیلۆمەتر لە باشووری حەسەكە دوورە و ناوچەكانی میسوەل و میجبەلدا گرتووە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە حەسەكە ئاماژەی بەوەدا "شەڕ لە نێوان چەكدارانی رێكخراوی داعش و سوپای سووریا بەردەوامە و رێكخراوی داعش پێشەڕەوی كردووە، لە شەڕێكدا، كە تێیدا داعش دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی بەكارهێناوە توانیویەتی دەست بەسەر گوندی داودییەدا بگرێت".
چەند ماڵپەڕێكی نزیك لە پەكەكە رایانگەیاند، كە داعش شەوی رابردوو توانیویەتی دەستبەسەر گرتووخانەی " ئەحداس" لە شاری حەسەكەدا بگرێت و ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشی كردووەتە سەر گرتووخانەكە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون :" رێكخراوی داعش بەهۆی مووشەكی غەراد هێرشی كردووەتە سەر فەوجی 123ـی سوپای سووریا لە جەبەل كەوكەب لە حەسەكە".
حەسەكە، دەكەوێتە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا. كورد، عەرەب و كریستیان لەو شارەدا دەژین و گەڕەكە كوردییەكان و ناوچەی رۆژئاوای شارەکە لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنترۆڵكراون و لەهەمان كاتیشدا دەروازەی رۆژئاوا بەدەستی هێزە حكومییە سوورییەكانەوەیە. ئێستاش شەڕ لەو شوێنە لەنێوان سوپا و رێكخراوی داعش بەردەوامە.
3/6/2015
بەڕێوەبەری نووسینگەی توێژینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بۆستن کرا و لەوێ دوای ئەنجامدانی نەشتەگەری لە قاچیدا، لەژێر چارەسەری پزیشکی دەمێنێتەوە.
نەخۆشییەکەی محەممەد جەواد زەریف بە ئازاری پشت راگەیەندراوە و بڕیاربوو لە سیمیناری " ئیمام خومەینی و سیاسەتی دەرەوە" لە وڵاتەكەی بەشداربێت و گوتار بدات، بەڵام بەهۆی نەخۆشی نەیتوانی بەشداری بکات و رەوانەی نەخۆشخانە كرا.
کێری تەمەن ٧١ ساڵ، دەیویست گەشتێک بە پاسکیل لە شاری جنێڤی سویسراوە بەرەو فەرەنسا بکات، بەڵام لەسەر پاسکیلەکەی کەوت و رۆژی یەکشەممە ٣١ی ئایار قاچی شکا و بە هەیلیکۆپتەر گەیەندرایە نەخۆشخانەی زانکۆی جنێڤ.
دوای دوو رۆژ مانەوەی لە سویسرا، کێری گەڕێندارایەوە ئەمریکا و گەیشتە شاری بۆستن-ی سەنتەری ویلایەتی ماساچوتسس، کە بڕیارە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە نەشتەگەری لە قاچیدا بۆ بکرێت، بەهۆی شکانی ئێسکی رانی راستییەوە، هەر بۆیە بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێری تەندروستیدا دەمێنێتەوە.
بەهۆی ئەو رووداوەوە کێری ناتوانێت بە مەبەستی بەشداریی کردن لە لووتکەی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە پاریس ئامادەبێت.
3/6/2015
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەچڕی بنکەکانی چەکدارانی حوسیان لە شاری سەنعا بۆردوومانکرد و کۆگای سەرەکی چەک وتەقەمەنی ئەو
گروپەیان تەقاندەوە.
کاژێر ٦ ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە ٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٥، سەرچاوەیەکی ئەمنی لەسەنعای پایتەختی یەمەن رایگەیاند:" بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەندین چەکداری توندڕەو کوژراون و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کۆگای چەک و تەقەمەنی چەکدارە توندڕەوەکانیان لە کۆمەڵگەی ٢٢ یۆنیۆ لەسەنعا تەقاندەوە، بەوهۆیەوە چەکدارە توندڕەوەکانی یەمەن زیانی زۆریان بەرکەوتووە".
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکە" بەهۆی بۆردوومانکردنی کۆگای چەک وتەقەمەنی گرووپە توندڕەوەکان لەسەنعا، حوسییەکان ناتوانن وەک پێشووتر چالاکییان هەبێت".
هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە، نزیکەی دوومانگ دەبێت هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگا و بنکەی حوسیییەکان لە یەمەن دەستپێکردووە، دوای ئەوەی ئەو گرووپە سەنعای پایتەختی یەمەنی کۆنتڕۆڵکرد. حوسییەکان ئەم هێرشانە بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خاکی یەمەن وەسفدەکەن، وڵاتانی کەنداویش حوسییەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە رێگەی بۆ ئێران خۆشکردووە بۆ ئەوەی دەست لە کاروباری یەمەن وەربدات.
3/6/2015
گەورە کۆمپانیاکانی نەوتی جیهان کە لە باشووری کوردستان کاردەکەن، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لە بەرامبەر پێدانی نەوت، بودجەی هەرێمی کوردستان دابینبکەن، بەڵام ئەوەی تەنیا ماوەتەوە بۆ ئەنجامدانی رێکەوتن، یەکلایی بوونەوەی چارەنووسی رێکەوتنەکەی نیوان هەولێر و بەغدایە .
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆکی لێژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) دەڵێت"زۆر کۆمپانیا هەن کە ئامادەن نەوتی کوردستان بکڕن، لەبەرامبەر ئەو نەوتەدا رەنگە بتوانێ 8 ملیار دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا هەیە ئامادەیی دەربڕیوە کە 3 ملیار دۆلار پێشەکی بدات، ئێستا کڕیاری نەوتی کوردستان زۆر لەوە زیاترە کە لە ساڵی 2014 هەبوو".
لە رووی یاساییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ باکە بۆ فرۆشتنی نەوت، چونکە لە دەستووری عێراقی هاتووە لە بوونی هەرکێشەیەک پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکانە، بە گوێرەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیش، هەولێر خاوەن دەسەڵاتە بۆ کردنەوەی قوفڵی بۆرییەکانی نەوت ، ئامادەیی کۆمپانیاکانی نەوتیش بۆ پێدانی چەندان ملیار دۆلار بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندان رەهەندی سیاسی و ئابووری لە خۆ دەگرێت .
هاورێ مەنسوور بەگ پسپۆری بواری وزە بە (رووداو)ی گوت" کۆمپانیاکانی نەوت ئێستا هەلێکی زێڕین دەقۆزنەوە، چونکە نەوت ئێستا هەرزانەو ئەو قەرزە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئێستا بە نەوت دەدرێتەوە، بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێتە عەمبارێکی ستراتیژی بۆ ئەو کۆمپانیایانە، بەبڕوای من پێدانی قەرز لەو ئاستە کە کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادە بن بوودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکەن، سەرکەوتنێکی سیاسی و ئابووری زۆر گرینگە و رەنگدانەوەی قوڵایی متمانەی کۆمپانیا نەوتییەکانە بە هەرێمی کوردستان و داهاتووی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان".
کورد چەندان رێگای لە پێشە بۆ تێپەراندنی قەیرانی داراییەکەی، رۆژی 31-5-2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند" خهریكه دهگهنە قۆناخێك كه كێشهكان چارهسهر بكهن".
3/6/2015
فرۆکەکانی هاوپەیمانی عەرەبی کە عەرەبستانی سعودی پێشەوایەتی دەکات دەستیان کرد بە قۆناغێکی نوێ لە کردە سەربازییەکانیان، کە بە زنجیرەیەک بۆردومانی ئاسمانی دەستیان پێکرد بۆ سەر ماڵی سەرکردە ناوەنجییەکان لە گروپی حوسییەکان و سەرکردە نزیکەکان لە عەلی عەبدوڵا ساڵح سەرۆکی پێشوی یەمەن. لەچەندین شوێنی جیاجای ئەو وڵاتە.
.
ماڵی مجاهید حەیدەر، سەرۆک عەشیرەتێکی نزیک لە گروپی ئەنساروڵا، کە لە ناوچەی بەنی حەوات نیشتەجێیە، لە نزیک فرۆکەخانەی سەنعا، یەکێک بوو لە ئامانجەکانی بۆردومانە ئاسمانییەکان، کە بە هۆیەوە ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی برینداربوون و ماڵەکەشی رووخا، کە گومان دەکرا ئەو ماڵە بۆ کۆبوونەوەی هەندێ لە ئەندامانیان و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی بەکارهاتبێ.
لەدوای هەموو بۆردومانێک دانیشتوانی ئەو ناوچانە تووشی پێکان و زیانکەوتن بە ماڵەکانیان دەبنەوە و لەوە دەترسن هێرشی دیکە رووبدات.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی چڕوپڕ روویداوە کە هەندێ لە پێگە سەربازییەکان و ماڵی سەرکردەکانی لە سەنعا، سەعدە، حجە و مەئرەب، گرتووەتەوە، کە بە هۆیانەوە دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون.
سەلیم زران: "ئەو ناوچەیە هەمووی شوێنی نیشتەجێبوونە، هیچ لە خانوی دراوسێکانمان پێگەی حوسییەکان نییە،و هیچ پێگەیەکی سەربازی لێنییە تەنانەت بۆ بەرگری ئاسمانی، تەنانەت ئەو ئاپارتمانەش کە گومانی ئەوەی پێبراوە حوسییەکانی لێبێت، کەسی تێدا نییە جگە لە پاسەوانەکان."
عەبدوللەتیف حەمید: " خانوەکەمان لە بەردەم ئەو ئاپارتمانەیە هەموو پەنجەرەکانی شکاون، دەرگا دەرەکانی سوتاون و خێزانەکەمان رەوانی ئەو گەرمایە کردووە نەوەک زیانیان پێبکەوێت."
2/6/2015
باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی دووی تەلەفزیونی ئیسرائیل گوتی:" هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران تەنانەت بە راوێژی ئەمریکاش بێت، پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە چارەسەر ناکات".
ئۆباما دەشڵیت:" لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی راستییەکان، دەتوانم ئەوە بسەلمێنم کە رێککەوتنێکی کۆتایی، پێش بە ئێران دەگرێت لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی".
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەڵێت:" تەنانەت ئەگەر ئەمریکا لە هێرشێکی سەربازیدا بۆ سەر ئێران هاوکاری بکات، بەرنامەی ناوکی ئێران راناگیرێت".
ئۆباما لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیسرائیل بە بێ هاوئاهەنگی ئەمریکا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئێران یان نا؟ گوتی:" پێم وانییە، بەڵام درک بە ترس و نیگەرانییەکانی خەڵکی ئیسرائیل دەکەم."
2/6/2015
پارێزگاری ورمێ لە وەڵامی رەخنەکان بە بەشداری پێنەکردنی کورد لە بەڕێوەبەریی ئەو پارێزگایەدا دەڵێت، لەسەر بنەمای روانگەی نەتەوەپەرستیی کورد و تورکەکان کار ناکەن.
قوربان عەلی سەعادەت، پارێزگاری ورمێ لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کەڵک وەرنەگرتن لە بەڕێوەبەرانی کورد و ریفۆرمخواز لە بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایەدا بە ماڵپەڕەکانی ئێرانی راگەیاندووە" بەیەک چاو سەیری هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای ورمێ دەکەین و لە بەڕێوەبەری ئەو پارێزگایەدا تێڕوانینی ئیتنیکیمان نییە".
دەشڵێت:"شیاوبوون تەنیا پێوەرمانە بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی پارێزگاکە".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 60 لەسەدی دانیشتووانی پارێزگای ورمێ کوردن، بەڵام زۆربەی بەرپرسیارێتییەکان بە پێکهاتەی ئازەری زمانی ئەو پارێزگایە سپێردراوە.
بەگوتەی پارێزگاری ورمێ، هەڵبژاردن و دانانی بەرپرسان لەسەر بنەمای بەشی پێکهاتەکان نییە. ئاماژە بەوەشدەدات، کە لەماوەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و لاوانی ئەو پارێزگایەیان بە کوردێکی پارێزگای سنە داوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 60 لەسەدی دانیشتووانی پارێزگای ورمێ کوردن، بەڵام زۆربەی بەرپرسیارێتییەکان بە پێکهاتەی ئازەر زمانی ئەو پارێزگایە سپێردراوە.
رووداۆ/
1/6/2015
سەرۆکوەزیرانی تورکیا پاش ئاشکرابوونی ناردنی چەکو تەقەمەنی بۆ سووریا، گوتی: "ئەو بارهەڵگرانەی کە لە سنووری سووریا گیراون، هەڵگری یارمەتیی لۆجستی بوون بۆ تورکمانەکانی سووریا و پێوەندیی بە کەسەوە نییە کە بارەکەیان چیبووە.
ماڵپەڕی رۆژنامەی جمهووریەتی تورکیا، لەم دواییەدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هەزاران جۆری چەک و گوللە، لەژێر پاکەتی دەوا و دەرماندا شاردراونەتەوە. ئەم گرتە ڤیدیۆییە رەوتی پشکنینی کۆمەڵێک بارهەڵگر لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا پیشان دەدات. هێزە خۆجێییەکان کە ئاگایان لە بابەتەکە نەبووە، پاش پشکنین و گەڕان، کەسێکی سەربە رێکخراوەی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا لەناو یەکێک لە بارهەڵگرەکاندا دەبیننەوە.
داودئوغڵو دەڵێت:" ئەو بارهەڵگرانە یارمەتیی لۆجستییان بۆ تورکمانەکان دەبرد، کە لە هێرشەکانی سوپای بەشار ئەسەد زیانیان پێگەیشتووە و ئەگەر تورکیا پشتگیرییان نەکات ٥٠٠ هەزار ئاوارەی دیکەش روو دەکەنە تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "بۆچی پاش ئەو هەموو ماوەیە، ئێستا ئەو ڤیدیۆیە بڵاودەکەنەوە؟ ئەوان دەیانەوێت بڵێن پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان، پشتیوانیی تیرۆریستان دەکات. ئەمە شتێکی ساختەیە و ئەوەی کە باری ئەو لۆرییانە چییە، پێوەندیی بە کەسەوە نییە.
ئەو هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە ئەم بابەتە پرۆژەیەکی نهێنیی دەوڵەتییە و گوتی: "فەرمانی بە دەزگا پێوەندیدارەکان داوە بە وردی ئاگایان لە تورکمانەکانی سووریا بێت لە بەرامبەر دەوڵەتی ئەسەددا.
گوتیشی:" ئانقەرە لە ئاستی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا کەمتەرخەم نابێت و لە هەمبەر ئەو هەوڵانەشدا کە بە دژی تورکیا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەئارادان، بێدەنگی ناکات و کاردانەوەی دەبێت.
تورکیا هەمیشە ئەو بابەتەی رەتکردووەتەوە، کە بە شێوەی راستەوخۆ پشتیوانیی لە نەیارانی حکومەتی سووریا کردبێت.
1/6/2015
بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە عێراق و سووریا لە پایتەختی فەرەنسا لە پاریس بەڕێوەبچێت. بۆ تاوتوێکردنی رەوشی عێراق وسووریا بە بەشداری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری 24 وڵات کە تورکیا و سعودییە و قەتەر وئیماراتیان تێدایە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:"ئەنتۆنی پێڵنکن، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بری جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکایەتی شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە کۆبوونەوەی بچووککراوی وەزیرانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی رێکخراوی (داعش) کە سبەی لە پاریس گرێدەدرێ".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێ "ئەندامانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەو کۆبوونەوەدا بە پێشکەوتنە بەدیهاتووەکان دەچنەوە لەبارەی هەوڵەکان بە بەشداری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی رێکخراوی (داعش) وجەختکردنەوە لە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران وهەوڵمەتی عێراق لە دژی (داعش)".
ئەمە لەکاتێکدایە دوا کۆبوونەوەی نوێنەرانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014 لە پاریس بە بەشداری نوێنەری 30 وڵات ورێکخراو بەڕێوەچوو، لەودەمەی ژمارەی وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە 60 وڵات زیاترن.
1/6/2015
فەرمانگەى پەیوەندییەکانیى دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە کۆنگرەى پاریس دەخاتەڕوو و تێیدا ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەوەی" ئەمجارەش حکومەتى فیدڕاڵ بانگهێشتى نوێنەری هەرێمى كوردستانى بۆ ئەم کۆنگرەیە نەکرد و بە تەنها بەشداریان لە کۆنگرەى پاریس کرد".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، كۆنگرەی پاریس تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەشەڕدان، دیارە هەرێمى کوردستان لەم رووەوە پشکى شێرى بەرکەوتووەو تاکە هێزە تاکو ئێستا توانیویەتى بە قارەمانیەتى هیزەکانى پێشمەرگە گەورەترین سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستان بەدەست بێنێت و تیرۆریستان تووشى شکستى گەورە بکات و ناوچەکانیان لێ پاکبکاتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق و بانگهێشتنەکردنی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنگرەکە، لە راگەیێندراوکەدا زیاتر هاتووە، دواى کۆنگرەکانى پێشوو، چاوەڕوانى ئەوە بووین کە حکومەتى عیراقى فیدڕاڵ و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرێ و بە بایەخەوە سەیرى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بکات بۆنیشتەجێکردنى زیاتر لە ١,٥ ملیۆن ئاوارەو پەنابەر. کەچى ئەمجارەش حکومەتى فیدڕاڵ بانگهێشتى نوێنەری هەرێمى كوردستانى بۆ ئەم کۆنگرەیە نەکرد و بە تەنها بەشداریان لە کۆنگرەى پاریس کرد.
سەبارەت بە مافی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی پاریس بەپێی دەستووری عێراقی، راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " هەرێمى کوردستان وەک تاکە هەرێم لە عیراقى فیدراڵ بە مافى رەواى خۆى دەزانێت لەم جۆرە کۆنگرەو کۆبوونەوانە نوێنەری خۆی هەبێت و گوزارشت لە هەڵوێست و سیاسەتى هەرێمى کوردستان بکات کە ئەمەش مافێکى دەستووریەو ماددەى ١٠٥ ى دەستوورى هەمیشەیى عیراق ئاماژە بە هاوسەنگى نوێنەرایەتى کردن دەکات لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان".
وەزیرانی 20 وڵاتی بەشدار لە هاوپەیمانی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ستراتیژی خۆیان ئەمڕۆ سێشەممە 2/6/2015 لە پاریس کۆ دەبنەوە.
بڕیارە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەرۆکایەتی دانوستاندنەکان بگرنە ئەستۆ.
دەقی راگەیێندراوکەوە..
بە مەبەستى هەڵسەنگاندنى رەوتى هەوڵ و هێرشەکانى هاوپەیمانان بۆ لێدان و لاواز کردنى گرووپى تیرۆریستى داعش لە سوریاو عیراق و تاوتوو کردنى دوایین پێشهاتى ئەمنى لە عیراق و ناوچەکە، ڕۆژى سێشەممە ٢/٦/٢٠١٥ نزیکەى ٢٠ لە وڵاتانى ئەندام لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە رێکخراوى تیرۆریستى داعش لە پاریسى پایتەختى فەڕەنسا کۆنگرەیەکى نێودەوڵەتى گرێدەدەن.
كۆنگرەی پاریس تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەشەڕدان، دیارە هەرێمى کوردستان لەم رووەوە پشکى شێرى بەرکەوتووەو تاکە هێزە تاکو ئێستا توانیویەتى بە قارەمانیەتى هیزەکانى پێشمەرگە گەورەترین سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستان بەدەست بێنێت و تیرۆریستان تووشى شکستى گەورە بکات و ناوچەکانیان لێ پاک بکاتەوە.
دواى کۆنگرەکانى پێشوو، چاوەڕوانى ئەوە بووین کە حکومەتى عیراقى فیدڕاڵ و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرێ و بە بایەخەوە سەیرى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بکات بۆنیشتەجێ کردنى زیاتر لە ١,٥ ملیۆن ئاوارەو پەنابەر. کەچى ئەمجارەش حکومەتى فیدڕاڵ بانگهێشتى نوێنەری هەرێمى كوردستانى بۆ ئەم کۆنگرەیە نەکرد و بە تەنها بەشداریان لە کۆنگرەى پاریس کرد. بە داخەوە دواى هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى فیدڕاڵ و نووسینگەى بەڕێز سەرۆک وەزیرانى عیراقى فیدراڵ ئەم بابەتە یەکلا نەبووەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە كاریگەرترین هێز كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كردەیی ڕووبەڕووی تیرۆرستانى داعش وەستاوە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
ئێمە نیگەرانى و ناڕەزایەتی خۆمان و خەڵكی كوردستان ئاراستەی حکومەتى عیراقى فیدراڵ دەکەین کە تاکلایەنە بەشدارى ئەم کۆنگرەیان کردو گوێیان بە داوەتنامەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى نەدا کە دەخوازن لەسەر ئاستى عیراق هەمووان بەشداربن، هەرێمى کوردستان وەک تاکە هەرێم لە عیراقى فیدراڵ بە مافى رەواى خۆى دەزانێت لەم جۆرە کۆنگرەو کۆبوونەوانە نوێنەری خۆی هەبێت و گوزارشت لە هەڵوێست و سیاسەتى هەرێمى کوردستان بکات کە ئەمەش مافێکى دەستووریەو ماددەى ١٠٥ ى دەستوورى هەمیشەیى عیراق ئاماژە بە هاوسەنگى نوێنەرایەتى کردن دەکات لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان.
فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2/6/2015