دوو رێكخراوی كوردی لەگەڵ رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان سەرقاڵی ئامادەكردنی نەخشەڕێگایەكن بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەی شنگال كە لە مانگی ئابی رابردوو كەوتە دەست چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).
چنار عەبدوڵڵا كە بەناوی رێكخراوی رێبەری ئاشتی ژنان و رێكخراوی ئێما بۆ خزمەتگوزاری مرۆیی قسەی كرد، گوتی ''سوپا سەرقاڵی كاركردنە بۆ ئازادكردنەوەی ناوچەكە، بۆیە پلانەكەمان ئامادەیە بۆ ساتی سەركەوتن. تاوەكو هیچ كاتێك بەفیڕۆ نەدرێت لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی شارۆچكەكە".
تانیا تەلعەت، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە شاری هەولێر نەخشەڕێگاكەی راگەیاند.
ئەو نەخشەڕێگایە ئەنجامی یەكەمین كۆنفرانسی گرووپی لالش بوو بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان كە لە مانگی مارسی ئەمساڵ سازكرا. لە كۆنفرانسەكەدا كارمەندانی مرۆیی و سیاسەتمەداران و پیاوانی ئاینی و بەرپرسانی حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كرد. بودجە و رێنماییەكان لەلایەن رێكخراوی هیڤۆسی هۆڵەندی دابینكران.
راپۆرتێك ئامادەكرا كە كاری پێنچ وۆرك شۆپی لەخۆگرتبوو. لە چوارچێوەی ئەو راپۆرتەدا ژمارەی دانیشتووانی ئێزدی و نەهامەتیەكانیان خرایەڕوو، لەگەڵ زانیاری گشتی دەربارەی ژمارەی ئاوارەكان و بارودۆخی ئابووریی شنگال بەر لە داگیركردنی لەلایەن داعش.
راپۆرتەكە هەروەها ئاماژەی بە نەبوونی ئامارێكی تەواو لەسەر ژمارەی ئێزدییە بێسەروشوێنەكان كردووە و ئەو ژمارەیەی بە نزیكەی 5 هەزار ژن و پیاو و منداڵی بێسەروشوێن مەزەندە كردووە. بۆیە یەكێك لە پێشنیازەكان كاركردنە لەسەر ئامادەكردنی ئامارێكی تەواوی بێسەروشوێنەكان.
بەپێی گوتەی چنار عەبدوڵڵا، لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە ''چۆن هەموو لایەنەكان بە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە ناحكومیەكانیشەوە پێكەوە كار بكەن بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەكە".
ئەو گوتی ''ئێمە ئەو داتایەمان ئامادە كردووە، ئەمەش یارمەتی وەزارەتی پلاندانان دەدات كە چۆن پلانەكانی خۆیان داڕێژن. ئێمە ئامادەكارییەكانمان بۆ كردوون".
پێشنیازەكان هەندێكیان ناوچەیین وەكو پێشنیازی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەكی تایبەت لە وەزارەتی ئەنفال و شەهیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆكردنەوە و تۆماركردن و توێژینەوە لە وردەكاریی ئەو جینۆسایدە بەتایبەت ئەوەی كراوە لەدژی ئێزدییەكان.
یەكێكی دیكە لە پێشنیازەكان دروستكردنی مۆنۆمێنتێكە لەسەر چیای شنگال تاوەكو نیشانی جیهان بدرێت چی لەو ناوچەیە روویدا كاتێك چەكدارانی داعش كۆنترۆڵیان كرد.
پێشنیازێكی دیكە كردنەوەی هێڵێكی 24 كاژێری و كەناڵی هاوكاریی دیكەیە بۆ دەربازكردنی ئەو كچە ئێزیدیانەی هێشتا لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش ماون لە عێراق و سووریا. حاڵی حازر چەند لایەنێكی جیاواز وەك رێكخراوە ناحكومیەكان و كەس و كاریان و فەرمانگەكانی حكومەت بەجیا كاردەكەن بۆ ئازادكردنی ئەو كچانە، بەڵام ئەو هەوڵانە پێویستیان بە یەكخستن هەیە.
ئامانج لەو پێشنیازە دروستكردنی تیمێكە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ژن و كچە ئێزدیانەی لە دەست چەكدارانی داعش دەربازیان بووە لەگەڵ دابینكردنی ''ئەفسەری ژنی مەشقپێكراو'' بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانیان و رزگاركردنی ئەو ژنانە لە ناڕەحەتی بە قسەكردن لەگەڵ چەندین كەسی جیاواز و گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانیان دووبارە و دووبارە.
راپۆرتەكە پێشنیازی بووژانەوەی بارودۆخی ئابووری و كشتوكاڵیی شنگال دەكات، ئەوەش لە پێناوی دۆزینەوەی ئیش و داهات بۆ ئاوارەكانی شنگال لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان. راپۆرتەكە باس لەوە ناكات چەندە بودجە بۆ ئەو مەبەستە پێویستە و ئەو بودجەیە لەلایەن كێ دابین دەكرێت، ئەمە لەكاتێكدا كە عێراق بە بارودۆخێكی ئابووریی قورسدا دەڕوات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش. تانیا گلی گوتی "بەغدا بەرپرسیارە. دەبێت بودجەكە لەوێ دابین بكرێت.''
بۆ باشتركردنی پرۆسەی بنیاتنانەوە و گوێگرتن لە خەڵكەكە، راپۆرتەكە پێشنیازی كردنەوەی ئۆفیسێكی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەكە دەكات.
چنار گوتی بۆ ئەنجامدانی ئەمانە كارێكی زۆر گەورەیان لە پێشە ''پێویستمان بە چەندین ساڵ كاركردن بە بودجە هەیە.''
یەكێك لەو بابەتە گرنگانەی كە راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ نەكردووە، ئەو بێ متمانەییەیە كە لە نێوان ئاوارە ئێزدییەكان و گوندنشینە عەرەبەكاندا دروستبووە، چونكە هەندێك لە عەرەبی گوندەكانی دەوروبەری شنگال هاوكاری داعشیان كردووە. هەندێك لە ئێزدییەكان بڕیاریان داوە نەگەڕێنەوە ناوچەكانیان ئەگەر عەرەبەكان رێگەی گەڕانەوەیان پێبدرێت.
تانیا گلی گوتی "دەبێت دووبارە ئەو متمانەیە دروست بكرێتەوە. پێویستە یەكەمجار دڵنیابین لە ئاسایشی ناوچەكە. دەبێت هێزە سەربازییەكان ناوچەكە لە چەك و تەقەمەنی پاك بكەنەوە. پاشان دەبێت خەڵك ئاگاداربن لە بارودۆخەكە، ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە؟ ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ئەو متمانەیە". بەڵام گوتیشی "ئەمە تەنیا كێشەی ئێزدییەكان نییە. بێ متمانەییەكی زۆر لە نێوان گرووپ و نەتەوە جیاوازەكانی عێراقدا دروستبووە".
"پێویستمان بەكاتێكی زۆر هەیە بۆ بنیاتنانەوەی هەموو وڵات. چۆن پێكەوە ژیان دروست بكەین. هەردوو حكومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستان بەرپرسیارن لە بنیاتنانەوە لەم بوارانەدا،'' بە بڕوای تانیا ''حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ رۆڵی خۆی لەوێ نیشان بدات. ئەگەر وابوو، خەڵك بینییان كە ناوچەكە سەلامەتە، ئەو هەنگاوانەی دیكە كە باسمان كرد خۆیان بەدوایدا بە سروشتی دێن. بە ئاسانی نا، بەڵام هەردێن".
13/6/2015
هاوسەرۆكایەتی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە رایدەگەیێنێت" بڕیاری چەکدانانی PKK نە لە دەستی ئۆجەلان دایە و نە لە دەستی HDP".جەختیشدەکاتەوە:" تاوەکو ئۆجەلان ئازاد نەکرێت و هەنگاوێکی جیدیی نەنرێت چەک دانانێین".
هاوسەرۆكایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەردنی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK لەلێدوانێکدا رایدەگەیێنێت:"مومکین نییە کە ئۆجەلان لە زیندان بیت و داوای دانانی چەک لە گەریلا بکات، نابێت هیچ کەسێک داوای چەکدانان بەسەر ئۆجالاندا بسەپێنێت، ئەگەر ئەو داواکارییەش بەسەر ئۆجەلان بسەپێندرێت ئەوا لەلایەن ئێمەوە قبوڵناکرێت".
کۆما جڤاکێن کوردستان KCK هەروەها رەتیدەکاتەوە کە HDP بتوانێت دوای دانانی چەک لەو حیزبە بکات و رایدەگەیێنێت:" پارتی دیموکراتی گەلان HDP-یش ناتوانێت داواکارییەکی لەو شێوەیە بکات لەبەر ئەوەی کە ئەوان لە رووی یاساییەوە بەشیک نیین لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK.
کۆما جڤاکێن کوردستان جەختیکردەوە" تاوەکو پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت گەریلاکان لە سنووری تورکیا ناکشێنەوە و چەک دانانێن و درێژە بە خەباتی چەکداری دەدەن".
کەجەکە هەروەها داوایکرد" ئەو ئاگربەستەی لە نیوان ئەوان و حکومەتی تورکیا هەیە بەهێزتر بکرێت و پەرلەمانی تورکیا رۆڵی خۆی ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد، بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە".
١٣/٦/٢٠١٥
80 پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان HDP دوای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردندا، دەچنە نێو پەرلەمانی داهاتووی تورکیاوە.
ئەو پەرلەمانتارانە کە جگە لە نەتەوەی کورد هەریەک لە پێکهاتەکانی تورک، ئازەر، سریانی، ئەرمەنی، عەلەوی و ئێزدی لەنێویاندا هەیە, پێش بەشداریکردن لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان, بەشدارییان لە بارەگای سەرەکی HDP لە ئەنقەرە کرد، کە بەشێک لەوان بۆ یەکەمجار بوو بارەگای هەدەپیان بینیبوو.
جەلال دۆغان یەکێک لە دەرچووەکانی هەدەپە دەڵێت:" من یەکەمجارە دێمە بارەگای هەدەپە، بەو سەرکەوتنە زۆر دڵخۆشم، پێمخۆش بوو بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بێینە ئەنقەرە و هەروایش دەرچوو، سەرکەوتنی ئێمە سەرکەوتنی هەموو گەلانە".
بە پێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی گشتی تورکیا کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی دیموکراسی گەلام HDP توانی 13.12% دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بچێتە پەرلەمانی تورکیا
13/6/2015
حەسەن قەشقاوی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد، رایگەیاند " ئێمە هاتووین بۆئەوەی بە هەماهەنگی رووبەرووی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ببینەوە و پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی:" بۆ من جێگای خۆشحاڵییە دوای هەشت ساڵ کە وەکو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هاتبووم، جارێکی دیکە هاتوومەوە بۆ هەرێمی کوردستان".
نەوزاد هادی-ش باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و گوتی کە:" ئێران وەکو وڵاتێکی دراوسێی دۆست رۆڵ و پێگەی خۆی هەیە"
قەشقاوی، کە ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر بڕیارە تاوەکو رۆژی دووشەمە لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:"قەشقاوی لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ كۆدەبێتەوە، بڕیارە سەركونسوڵی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی بە سەرۆكی حكومەت بناسێنێت و لەو پۆستەی دەستبەكار بێت".
12/6/2015
بەبەشداری ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا و 33 وڵاتی ئەمریکای لاتینی، لوتکەی یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی کاریبیان بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوەچوو، بەڵام تێیدا گرژی کەوتە نێوان ئەرژەنتین و بەریتانیا.
ئەم لووتکەیە نەبووە هۆی لەیەکنزیککردنەوەی ئەو وڵاتانەی، کە ناکۆکی مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە، هەردوو وڵاتی ئەرجەنتین و بەریتانیا، کە لە ساڵی 1982 لەسەر دوورگەکانی فالکسلاند جەنگێکی خوێناوی لە نیوانیاندا روویدا تائێستاش هەردوو وڵات ئەو دورگانە بە خاکی خۆیان دەزانن و ناکۆکیەکانیان بەردەوامە.
لەم کۆنگرەیەشدا هەریەک لەسەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی ئەرجەنتین یەکتریان تۆمەتبارکرد بەوەی، کە نایانەوێت ئەو پرسە چارەسەر ببێت.
12/6/2015
دادگای دەستووری ئیسپانیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامدانی راپرسی رەمزی لەبارەی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیای هەڵوەشاندەوە و هاوکات ئەنجامدانی راپرسییەکەی بە سەرپێچی لە دەستوور و یاسیا دانا.
دوێنێ پێنجشەممە ١١ ی حوزەیرانی ٢٠١٥، دادگای دەستووری ئیسپانیا، پرۆسەی ئەنجامدانی راپرسی رەمزی لەبارەی سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا و جیابوونەوەی لە ئیسپانیا رەتکردەوە و بە سەرپێچی دەستووری وڵاتی دانا.
دادگای دەستووری ئیسپانیا، تانەی لە بڕیارەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دا، هاوکات بڕیاری دادگای دەستووری دەرکرد ، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا ، هەرەها دادگا ئاماژەی بەوەکرد ، ئەو یاسایە لە حکومەتی ناوەندی ئیسپانیا کاری پێناکرێت وهاوکات جێبەجێکردنی راپرسی رەمزی لەبارەی جیابوونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، دژی دەستوور و یاسایە.
پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا، لە ٩ ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٤، یاسایەکی دەرکرد لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن و راپرسی لە کەتەلۆنیا، هاوکات یەکێک لەماددەکانی یاساکە ئاماژە بەوەدەکات، کەتەلۆنیا راپرسی رەمزی دەکات لەبارەی پرسی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی لە ئیسپانیا.
12/6/2015
گۆڕانکاریی لە پەرلەمانی ئێران هەڕەشەیە لە سەر بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئێران. ئەمە وتەی بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
عەلی سەعیدی نوێنەری عەلی خامنەیی لە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامای ئێران، پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بە پەرلەمانی بناژۆخواز لە قەڵەمداوە و رایگەیاندووە:" گۆڕینی پەرلەمانی بناژۆخواز بۆ پەرلەمانێکی دیکە هەڕەشەیەکە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئێران و ئامانجەکانی خومەینی و خامنەیی".
عەلی سەعیدی بە بێ ئەوەی روونیبکاتە کە مەبەستی لە پەرلەمانی دیکە چیە، دەڵێت:" هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی پەرلەمانی بناژۆخوازیی بکرێت بە پەرلەمانی دیکە و ئەگەریی هەر جۆرە ئاڵووگۆڕێک لە پەرلەمانی ئێڕاندا، بە مەترسییەک دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئێران و ئامانجەکانی رێبەرانی ئەو وڵاتە، واتە عەلی خامنەیی رێبەری ئێستای ئێران و خومەینی دامەزرێنەری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران".
نوێنەری عەلی خامنەیی لە سوپای پاسداراندا، نیگەرانە لە ئەگەریی روودانی هەرچەشنە ئاڵووگۆڕێک لە پەرلەمانی ئێران و دەڵێت:" ئەنجومەنی چاودێریی بە پێی ئەو ئەرک و دەسەڵاتەی کە هەیەتی دەبێت پێوەرەکانی نوێنەرایەتی و پاڵێوراوانی خەڵك لە پەرلەمانی ئێران بۆ خەڵک پێناسە بکەن، بۆ ئەوەی دەنگ بە کەسانێک بدرێت کە بتوانن ئامانج و مەبەستەکانی رێبەری ئەو وڵاتە بە کردەوە جێبەجێ بکەن".
سەعیدی هەروەها داوای لە خەڵک کردووە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرچاو بگرن.
نیگەرانی و دڵڕاوکیەکانی نوێنەری عەلی خامنەیی لە سوپای پاسداراندا لە هەمبەر گۆڕانکاریی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵێک لە رێفۆرمخوازانی ناوخۆی ئێران بە پلانەوە رایانگەیاندووە کە" لە هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران بەشداریی دەکەن".
بۆ نموونە ئەنجومەنی باڵای رێفۆرمخوازانی ئێران لە نووسینگەی محەممەد خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، یەکەم کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و تێیدا 5 بڕیاریان گونجاند کە گرینگترینیان ئەوە بوو" داو لە حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێستای ئێران بکەن بۆ ئەوەی بەرگریی لە مافی هەموو بەربژێرەکان بکات".
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد جەننەتی دەبیری ئەنجوومەنی چاودێریی رۆژی شەممەی هەفتەی رابردوو گوتی" لە کاتی پیداچوونەوە بە پێوەرەکانی پاڵێوراواندا، رۆڵی ئەو کەسانە لە ناڕەزایەتیەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی 2009 لەبەرچاو دەگیردرێت".
کۆمەڵێک لەو کەسانەش کە ئەندامی ئەنجوومەنی رێفۆرمخوازانی ئێرانن لە ناڕەزیەتیەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی 2009دا بەشدارییان کردووە.
دیار نیە لە خولی دەیەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێراندا، وەک عەلی سەعیدی دەڵێت، هەوڵی گۆڕینی پەرلەمانی بناژۆخوازیی بۆ پەرلەمانێکی دیکە تەنیا وەک مەترسیەک دەمێنێتەوە، یان رێفۆرمخوازانیش سەرکەوتنێک بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن.
12/6/2015
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیا، کە لە دوو رۆژی رابردوودا دەستی لەکارکێشایەوە، رایگەیاند بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەموو بژاردەکان لە سەر مێزن.
ئەحمەد داودئوغڵو، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی تورکیا، کەهاوکات سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانیشە، رۆژی چوارشەممە لە لێدوانی بۆ میدیاکان رایگەیاند " دانانی هێڵی سوور بەر لە دەسپێکی دانوستاندنەکان بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش، پێچەوانەی سرووشتی سیاسەتە".
سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا، گوتیشی " هیچ کەس ناتوانێ بە ناوی پارتی داد و گەشەپێدانەوە، هێڵی سوور دیاری بکات".
ئەو لێدوانەی ئەحمەد داودئوغڵو لەکاتێکدایە، کە پارتی داد و گەشەپێدان لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە و رۆژی سێشەممە 09/06/2015 دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت.
بەگوێرەی زانیارییەکانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، ئێستا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری لەدانوستاندندایە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
11/6/2015
د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەوەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا روویدا، گۆڕانێکی گەورەیە، ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە لەدوای هەڵبژاردنەکان لەناو تورکیا چی روودەدەات، هاوکات لە پەیوەندی تورکیاو ئێمە ئەگەر HDP دەرنەچووبایە بۆ پەرلەمان، کێشەیەکی گەورە دروستدەبوو".
فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەرنامەی چوارقۆڵی تەلەفزیۆنی رووداو مەترسییەکانی ئەگەری دەرنەچوونی پارتی دیموکراتی گەلان HDPی بۆ پەرلەمانی تورکیا خستەڕوو، ئەو گوتی:" HDP دەکەوتە دەرەوەی بازنەی پەرلەمان، بە مانایەکی دیکە لیستێکی کوردی دەکەوتە دەرەوەی پەرلەمان، ئەگەر ئەمە روویبدابووایە، کاریگەری لەسەر پڕۆسەی ئاشتی یاخود سیاسیی دروست دەبوو، دوور نییە پڕۆسەکە لەبار چووبایە، دوور نەبوو کێشەیەکی گەورەتریش دروستبووایە".
چوونی هەدەپ بۆ پەرلەمان بەڕای فوئاد حوسێن،" نوێنەرایەتییەکی شەرعی و یاسایی و دیموکراتی گەلی کوردستانە، خەڵک دەڵێت ئەم لیستە لیستی کوردان نییە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی سەرکردایەتیی دەکات کوردە، دوور نییە 3% دەنگەکانی ئاکەپە بۆ هەدەپ چووبێت، ئەو دەنگانەش هی کوردەکانن، واتە کوردەکان هاتوونەتەوە لای هەدەپ، دووریش نییە 2% ی دەنگی لە پارتەکانی دیکە وەک چەپەکان وەرگرتبێت، بەڵام بەگشتی کورد پشتگیری لەو هێزە کردووەو هێناویەتە پێشەوە".
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چوونی هێزێکی کوردی بەشێوەیەکی یاسایی و دیموکراتی بۆ ناو پەرلەمانی تورکیا بە شۆڕشێکی گەورە ناوزەد کرد لەناو مێژووی تورکیا.
فوئاد حوسێن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:" سەبارەت بە پرسی سیاسیی و پڕۆسەی ئاشتبوونەوە، ئێستا دەتوانی دانوستاندن لەگەڵ هێزێک بکەیت کە لەنێو پەرلەمانە، نوێنەری میللەت لەوێیە، نوێنەرێکی یاسایی هەیە، چونکە لە تورکیا ئەو بیرەی کە کورد قبوڵ ناکات دوایی هاتە سەر قبوڵکردنی کود، ئێستا ئەوانەی کە زۆر تووندن و زۆر دژی کورد بوون، ئەگەر باسی نوێنەری کورد بکەن، نوێنەرێکی ئاشتیخواز و دیموکراتیخواز هەیە، ئەویش لە پەرلەمانە دەتوانن لەگەڵ ئەواندا دیالۆگ بکەن".
بە گوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان" دیالۆگ لەگەڵ نوێنەری کوردانی باکوور چەند رێگایەک دەگرێتە پێش، یەکێکیان ئەوەیە کە هەر بەردەوام دەبن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لە رێگایەکی دیکەوە بەردەوام دەبن لەگەڵ ئەوانەی لە قەندیل و لە پەرلەمانن".
فوئاد حوسێن بۆ داهاتووی سیستەمی سیاسی لە تورکیا و لەدوای هەڵبژاردن چەند پرسیارێک دێنێتە پیشەوە و دەڵێت:" پرسیارەکەش ئەوەیە پڕۆسەی سیاسی لە تورکیا چۆن دەچێتە پێشەوە، ئەگەر هاتوو هەدەپە لە حکومەت نەبوو، ئەگەر هاتوو حکومەتێک دروست بوو لە پارتەکانی دیکەی تورکیاو پارتی دەسەڵات لەگەڵ یەکێک لە پارتەکانی دیکە حکومەتی پێکهێنا، ئەگەر لەگەڵ نەتەوە پەرستەکان دروست بێت مانای ئەوەیە تورکیا بەرەو ئاراستەیەکی ئیسلامی نەتەوەیی قەومی تورکی دەچێت، لەوانەشە لەگەڵ هەدەپە دروست بێت، ئەگەر لەگەڵ هەدەپە دروست بێت مانای ئەوەیە تۆ بەرنامەیەکت هەیە، ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵبژاردنێکی دیکە بێتە پێشەوە".
بە بڕوای سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دۆزی کورد لە دۆزێکی ئەمنییەوە بووە دۆزێکی سیاسی، ئەو گوتی:" دۆزی کورد گواسترایەوە لە دانوستاندن لە زیندان یان لە شاخ بۆ دانوستاندن لەنێو پەرلەمان، نوێنەری کورد ئێستا نوێنەرێکی شەرعی و یاسایی دیموکراتییە، واتە دۆزی کورد لە تورکیا دەچێتە پێشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە کێ ئێستا حکومەت دروست دەکات لە تورکیا، چونکە ئەگەر حکومەتیش دروست نەبێت دەکەوینە قەیرانێکی تازە قەیرانی هەڵبژاردنی تازە".
لەئەگەری هەڵبژاردنێکی نوێ لە تورکیا، فوئاد حوسێن بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەوەی کە ئاکپارتی لە بەرژەوەندیدا بێت کە هەڵبژاردنی نوێ لەو وڵاتە ئەنجامبدرێت و دەڵێت" پرسیاریش ئەوەیە، ئایا هەدەپ دەتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات کە لە هەڵبژاردنەکان بەدەستی هێناوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو؟،یان لە بەرژەوەندی ئەکەپەیە هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام بدرێت؟ باوەڕ ناکەم ئێستا لە بەرژەوەندیان بێت، چونکە ئەگەر هەڵبژاردنێکی دیکە بکات ئاکەپە زەرەری زیاتر دەکات".
بە پێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی گشتی تورکیا کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان 40.87% دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
دابەشبوونی دەنگی پارتەکانیش بەم شێوەیەیە:
1. پارتی داد و گەشەپێدان: 18,863,832 دەنگ کە دەکاتە 40.87%
2. پارتی گەلی کۆماری: 11,518,404 دەنگ کەدەکاتە 24.95%
3. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست: 7,519,103 دەنگ کە دەکاتە 16.95%
4. پارتی دیموکراتی گەلان: 6,058,150 دەنگ کە دەکاتە 13.12%
11/6/2015
سەرچاوەیەکی سەربازی سووری باسی لە گەیشتنی هەزاران سەربازی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی کرد، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ هێزێکیان لە سووریا هەبێت وەک پاڵپشتییەک بۆ سوپاکەی بەشار ئەسەد.
تاران دیارترین هاوپەیمانی هەرێمی بەشار ئەسەدە، لە رێگەی راوێژکارەکانیشی لە ریزی سوپای سووریا پاڵپشتی دارایی و سەربازی پێشکەشدەکات، بەڵام بەرپرسانی ئێران پێداگرن لەسەر ئەوەی هێزی سەربازییان لەسەر خاکی سووریا نییە.
لە سەرەتای مانگی حوزەیران سەرچاوەیەکی ئەمنی سووری، بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای راگەیاندبوو:" کە بە هەزاران چەکداری عێراقی و ئێرانی لە سووریا بوونیان هەیە، بۆ بەرگریکردن لە دیمەشق و دەوروبەری".
رۆژی چوارشەمە 10ی حوزەیران، مەرزیە ئەفخەم، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەی رۆژانەی خۆیدا، سەبارەت بەو دەنگۆیانە رایگەیاند "بوونی سەربازی ئێرانی لە وڵاتی سووریای هاوڕێ هیچ بنەمایەکی نییە".
ئەفخەم، دەڵێت: "حکومەت و گەلی سووریا توانا و هێزی ئەوەیان هەیە بەرگری بکەن و لە دواڕۆژیشدا توانای مانەوەیان هەیە".
لەلایەکی دیکەوە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران رایگەیاندبوو:" وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاریی سوپای سووریا بکات بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری حەلەب و ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادا نەماون و لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە دەستیان بەسەردا گیراوە".
سەبارەت بە داهاتووی سووریاش، عەبدوڵڵاهیان، جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری رێگەچارەی سیاسی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی سووریا کردبووەوە و رایگەیاندبوو "حکومەتی سووریا ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن رەچاو دەکات کە بڕوایان بە چارەسەری سیاسیی کێشەکان هەیە"، بەڵام بە گوتەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، "گرووپە چەکدارییەکانی دیکەی سووریا، لەو وڵاتە جێگایان نابێتەوە".
11/6/2015
ئەحسەن عەلەوی, سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای سنە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "حکومەتی حەسەن رۆحانی لە بواری ئابووری و کولتوورییەوە هیچ دەستکەوتێکی بۆ پارێزگای سنە بە دیارینەهێناوە".
عەلەوی هەروەها رەخنە لە دامەزراوەکانی حکومەت لەو پارێزگایە دەگرێت و دەڵێت: "بەڕێوەبەرە ناخۆجێیەکان ناتوانن لە بواری کولتوورییەوە کاریگەرییان هەبێت".
سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای سنە لە پەرلەمانی ئێران، رەخنەی لە ناوەندی دەنگ و رەنگی ئەو پارێزگایە گرتووە و دەڵێت:" ئەو بەرنامانەی کە لەوناوەندەوە بڵاو دەکرێنەوە هیچ پەیوەندییەکی بە کولتووری ئەو پارێزگایەوە نییە و ئەوەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کولتووری رەسەنی خەڵکی پارێزگای سنە.
ئەحسەن عەلەوی دەڵێت:" پارێزگاری سنە پێویستە زیاتر چاودێری کاروباری ئەو پارێزگایە بکات و راوێژکارەکانی پارێزگار دەبێت بە توانا بن، کەچی هەندێک لەو راوێژکارانە هیچ قسەیەکیان بۆ گوتن نییە".
سنە یەکێکە لە شارە گەورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای سنەیە و لە باری ژمارەی دانیشتوانەوە، دوای کرماشان و ورمێ، سێهەمین شاری گەورەی رۆژهەڵاتی کوردستانه.
11/6/2015
یەکێتی ئەوروپا ئارەزووی خێراترکردنی پرۆسەی ئاشتی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، ئەمەش دوای ئەو دەستکەوتە دێت کە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە هەڵبژاردنی تورکیا بەدەستیهێنا.
لەناو یەکیتی ئەوروپا دەنگی ئەوەش هەیە کە داوا لە ئەو یەکیتییە بکرێت، پەکەکە کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەدەپە هەیە، لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.
لەکاتێکدا پارتی هەدەپە ئاهەنگ دەگێڕێت، سەرکەوتنەکانی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکان پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت گۆڕانکاری لە تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درووست بکات و یەکێتی ئەورووپا دووبارە پێگەی پەکەکە پۆلێنبکاتەوە.
ماجا کۆسیژانجیچ گوتەبێژی یەکێتی ئەورووپا دەڵێت:" پەکەکە لە لایەن یەکێتی ئەوروپا خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە، ئەم لیستانە هەر شەش مانگ جارێک پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، دوایین پێداچوونەوە و بڕیارەکان دوو مانگ لەمەوبەر کاریان لەسەر کرا، ئەوەی لەسەر ئەنجوومەنەکەبێت نوێکردنەوەی لیستەکەیە و دڵنیابوونە لەوەی ناوەکان لە شوێنی گونجاو دەمێننەوە"
پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا ئاسایی نەبووە لە چەند ساڵی رابردوودا، ناکۆکییەکانی تورکیا لەگەڵ قوبرس و پەیوەندیە لاوازەکەی لەگەڵ یۆنان وایانکردووە یەکێتی ئەورووپا چەندین بەربەستی سەخت لە بەردەم هەوڵەکانی ئەنقەڕە درووستبکات و نەهێڵێت تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوڕووپا.
ئاماندا پۆوڵ ئەندامی سەنتەری سیاسەتی ئەورووپی دەڵێت:" ئەوەی هەدەپە بەدەستی هێناوە سەرکەوتنێکی مەزنە، چونکە دەرگایەکی گەورەی لە مێژووی تورکیا کردەوە و ئێستا ئەوان وەک کوتلەیەک لە پەرلەمان جێی دەستیان هەیە، ئەم هەڵبژاردنە بەڕوون و ئاشکرایی پرۆسەی ئاشتی سەبارەت بە کێشەی کورد لەسەر نەخشە جێگیر دەکات و ناتوانرێت ئەم مەسەلەیە پشتگوێ بخرێت، چونکە لەمەودوا کورد لە رێگەی پەرلەمان بایەخ بە کێشەکانیان دەدەن، من بە گەشبینییەوە سەیری ئەمە دەکەم، ئەمە نەک تەنیا بۆ تورکیا بەڵکو لەسەر ئاستێکی فراوانتر لە ئیستاوە پێگەیەکی بەهێزی بۆ کورد درووستکردووە،"
یەکێتی ئەوروپا بەم ساڵانەی دوایی بەوە نیگەرانبووە کە چەند ئەندامێکی ئەم یەکێتییە دەبینن حکومەتی تورکیا دەست لە کارو باری دادوەری وڵات وەردەدات، لەگەڵ چەندین پرسی دیکە کە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەنگیان دایەوە.
یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت تورکیا هەوڵی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی رێگری بکات لەو چەکدارە بیانیانەی کە بە نێو خاکی تورکیاوە دزە دەکەنە نێو دەوڵەتی ئیسلامی .
پرسی ئەندامیێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا کاردانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەردۆغانیش بە روون و ئاشکرایی پشتی بە رووسیا بەستووە.
چەندین بەرپرس لێرە گەیشتوونەتە ئەو رایەی، لەگەڵ پەرلەمانە نوێکەی ئەنقەڕە، بایەخەکانی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا مژاری گەرم و گوڕتر دەبن.
10/6/2015
زیاتر لە سەد ساڵە پاراسیتامۆڵ درووستكراوە، كەچی ئێستاش لەچاو دەرمانەكانی دیكەدا بەشێوەیەكی بەربڵاو بۆ چارەسەۆی ئازار و دابەزاندنی تا بەكاردەهێنرێ. لەبەرئەوەی پاراسیتامۆڵ دەرمانێكی هەرزانە و خەڵكی وەها تێگەیشتوون تەواو بێ زیانە، زۆركات بێ گوێدانە رێنماییە زانستییەكانیش بەكاردەهێنرێ. بەڵام لە راستیدا پاراسیتۆڵیش وەك هەر دەرمانێكی دیكە مەودایەكی دیاریكراوی كارایی بەكارهێنانی هەیە و دەرچوون لەو مەودایە خراپ لەسەر ئەندامانی جەستە دەكەوێتەوە.
بەهۆی ئاسان دەستكەوتنی بڕی زۆری دەرمانەكە و بەردەستبوونی لە زۆربەی ماڵەكاندا، هەندێكجار لەبری پەنابردن بۆی وەك رزگاركەر لەدەست ئازار و تا، بە خراپی سوودی لێ وەردەگیرێ و كەسەكە دەیكاتە چەكێك لە هەوڵی خۆكوژیدا، ئەویش كاتێك بڕێكی ئێجگار زۆری لێ بەكاردەهێنێ و بەوهۆیەوە دەبێتەهۆی ژەهراویبوون، كە زۆرجار وەك پەككەوتنی جگەر خۆی دەنوێنێ
ئازار نائارامیی دەروونیی درووستدەكات، هەروەك حاڵەتە دەروونییەكانیش هەندێكجار وەك ئازاری جەستەیی خۆیان دەنوێنن. بۆیە لیستی دەرماننووسینی پزیشكانی دەروونیش خاڵی نییە لەو دەرمانە ئازارشكێنە
پاراسیتامۆڵ بۆ یەكەمینجار لەساڵی 1877 لە تاقیگەدا درووستكرا و ساڵی 1887 یش لەسەر مرۆڤ بەكارهێنرا. هەرچەندە لەسەرەتای درووستكردنیەوە تاوەكوو پەنجاكانی سەدەی رابردوو تووشی هەوراز و نشێوی زۆر بوو بەهۆی كەم ئەزموونی ئەوكاتی دەرمانە نێوەندە پزیشكییەكان لەگەڵیدا، ئێستا لەو دەرمانانەیە كە بەشێوەیەكی بەربڵاو بەكاردەهێنرێ.
10/6/2015
رێکخراوی حەشدی شەعبی ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە و هاوکات سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی حەشدیش ئاماژە بەوەدەکات بە درێژایی ساڵی رابردوو ١٣ هەزار شەڕکەری رێکخراوەکەیان لەشەڕی دژ بە چەکدارانی داعش کوژراو و برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٥، سەرچاوەیەکی باڵای سەرکردایەتی رێکخراوی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە:" سالێک لەمەوبەر رێکخراوی حەشدی شەعبی لە عێراق دامەزراوە و ئامانج لە دامەزراندنی ئەو ریکخراوە چەکدارییە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق بووە لەدەستی چەکدارانی رێکخراوی داعش و هاوکات لەماوەی ئەو ساڵەی تەمەنیدا ٣ هەزار کوژراو و ١٠ هەزار برینداریداوە، ئەو ژمارەیەش نیشانەی ئەوەیە کە حەشدی شەعبی لە بەرەی جەنگدا لە پێشەوەی بەرگریدا بووە".
ئەو سەرکردە باڵایەی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوەشدەکات، دوای دامەزراندنی حەشد، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە ریکخراوەکەمان یاساییە و هاوکات دانی بەکارەکانمان دانا و رایگەیاند، هێزی حەشدی شەعبی بەشێکە لە هێزەکانی حکومەت و لەگەڵ ئەوەش چەک و مووچە و بەشە خواردنی بۆ چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دابینکرد، لەگەڵ دابینکردنی خەرجی چارەسەری بۆ بریندارەکان و ماف وئیمتیازاتی بۆ خێزانی کوژراوەکانیش بڕیەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، حەشدی شەعبی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنییەوە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری دەبێت و یادەکە دەکاتەوە.
رێکخراوی حەشدی شەعبی لە ١٢ ی حوزەیرانی ٢٠١٤، لەسەر فەرمان و فەتوای مەرجەعی شیعی سەید عەلی سیستانی دامەزراوە و بەهاوکاری و یارمەتی هێزەکانی سوپاو پۆلیسی عێراقی شەڕی چەکدارانی رێکخراوی داعش دەکات لەو شوێنانەی کەخاکی عێراق لەژێر کۆنتڕۆلی داعشن.
10/6/2015
دوای ئەوەی ئایتاچ باران، سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵینەوە و هاریکاریکردنی خزمەتی زانستی (ئیحیا- دەر)، نزیک لە پارتی دۆزی ئازاد (HUDAPAR) لە ئامەد کوژرا، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP هۆشداری لەبارەی سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆییەوە دەدات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوتی: "چەند لایەنێک لە ئامەد دەیانەوێ شەڕێکی قێزەونی نێوخۆیی لە ئامەد هەڵبگیرسێ، داوا لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان دەکەم بە دانبەخۆداگرتن و عەقڵییەتی هاوبەشەوە مامەڵە بکەن".
دەمیرتاش لەبارەی کوشتنی ئایتاچ باران گوتی:"هەندێک کەس لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئەکاونتی ساختەوە دەیانەوێ خەڵک بە گژیەکدا بچێت، پێویستە هەموو کەس لەوبارەیەوە ئاگادار بێت".
رۆژی سێشەممە 9-6-2015 ژمارەیەک چەکدار، کە تاوەکو ئێستا 6/10 ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە، هێرشیانکردە سەر ئایتاچ باران، سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵینەوە و هاریکاریکردنی خزمەتی زانستی، نزیک لە پارتی دۆزی ئازاد (HUDAPAR) کە لەئەنجامدا باران گیانی لەدەستدا.
بەپێی لێدوانی شایەتحاڵەکان، چەکدارەکان دوای کوشتنی باران، تەقەیان بە ئاسماندا کردووە و لە چەند کەسێکیان داوە کە ویستوویانە وێنەی رووداوەکە بگرن.
پێشتر لایەنگرانی پارتی دۆزی ئازاد (HUDAPAR)و پارتی دیموکراتی گەلان HDP چەند جارێک بەشەڕهاتن و ژمارەیەک هاونیشتیمانی بوون بە قوربانی.
10/6/2015