لەبەرامبەر یەکدەنگبوونی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەموو ئەو رێککەوتنانە دەکات کە پێشتر حیزبەکەی لەگەڵ ئەو لایەنانە واژۆیان کردووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەموو ئەو رێککەوتنانە دەکات کە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیەتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، لەئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و یەک دەنگ بوونی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکێتی و یەکگرتوو، لەسەر ئەو بابەتە.
ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ رووداو گوتی:" ئەو هەڕەشەیەیی پارتی دوای ئەوە دێت کە لایەنەکانی دیکە دەیانەوێت یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەم بکەنەوە و شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵکەوە بگۆڕن بۆ پەرلەمان".
ئەم پێکەنینە سیاسیەی یەکێتی لەگەڵ پارتی خەریکە کۆتایی دێت. چونکە پاڵی داوەتە پاڵ گۆران و ئەویش پرۆژەی بۆ هەمواری یاساکە هەیە و پێچەوانەی خواستی حزبە هاوپەیمانەکانە.
بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان پەرلەمانی کوردستانلەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم گەوتی:" رێکەوتنی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان شکستی هێنا، زۆربەی لایەنەکان پرۆژەیان بۆ ئەوە هەیە و دەیانەوێت هەموارەکە بە دڵی خۆیانبێ، کۆمەل و یەکگرتووش پرۆژەیەکیان هەیە.
مەروان گەڵاڵی- سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستانیش گوتی:" لە پەرلەمانی کوردستان ئەو مشتومڕەی فراکسیۆنەکان لە کاتێکدایە بارزانی داوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەو یاسایەی کە ئێستا بەرکارە، ئەگەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەیی هەڵبژاردنی هەبێ، پرۆژەی فراکسیۆنەکان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی ، بەهایەکیان نامێنێ".
17/6/2015
سەرۆکی شارەوانی سنە دانبەوەدا دەنێت کە لەسەر گەندەڵی لە شارەوانی سنە11 کەس دەستبەسەر کراون.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی سنە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، مووچەیان بە کەسانێک داوە کە فەرمانبەری شارەوانی نەبوونە. گەندەڵییەکانی شارەوانی سنە بە چەندین ملیار تمەن دەخەمڵێندرێ، کە بەشی زۆری لە بواری دروستکردنی خانووبەرەدا بووە.
پرسی گەندەڵی گەورەترین رووداوێک بووە کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا شارەوانی سنە لەگەڵی بەرەوڕوو بووە. پرسێک کە سەرەتا رەتکرایەوە، بەڵام وردە وردە بەرپرسان ناچار بوون دانیپێدا بنێن.
غەریب سەجادی، ئەندامی ئەنجومەنی شاری سنە، سەرەتاکانی مانگی رێبەندان دان بەوەدانا کە گەندەڵی دارایی روویداوە. دواتریش پارێزگاری سنە لە مانگی رێبەندانی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا هەواڵی گەندەڵی دارایی لە شارەوانی سنەدا پشتڕاستکردەوە و گوتی: لەو پەیوەندییەدا چەندین کەس دەستگیرکراون.
ئەمە دەرفەتی رەخساند تا بە راشکاوی زیاترەوە باسی گەندەڵییەکانی شارەوانی بکرێ. هێشتا بە وردی بڕی گەندەڵییەکە روون نیە، بەڵام باس لە چەندین ملیار تمەن دەکرێ. بەشێکی پەیوەندیی بە دروستکردنی خانووبەرەوە هەیە.
کامیاب شادمان، سەرۆکی شارەوانی سنە، دەڵێ: لە رەوتی گەندەڵییەکانی شارەوانیدا 11 کەس دەستبەسەر کراون و ئێستا لە زینداندان.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی سنە، یەکێک لەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ئەو کەسانە ئەوەیە کە" مووچەیان بە کەسانێک داوە کە فەرمانبەری شارەوانی نین". شادمان دەڵێ:" سەرەتا ئەوە شارەوانی بوو کە گەندەڵیی دارایی ئاشکرا کر و دواتریش ئەندامانی ئەنجومەنی شار پشتیوانیان لە شارەوانی کردووە".
ئەوە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە کێشەکانی ئەنجوومەنی شار لەگەڵ شارەوانی، پرسی گەندەڵییەکان بووە.
غەریب سەجادی، ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سنە، کە یەکێک لە رەخنەگرانی سەرۆکی شارەوانییە، شارەوانی بەوە تۆمەتبار کرد کەلە ماوەی یەک ساڵ و نیودا 200 کەس دامەزرێنراون. دەگوترێ ئەو کەسانە لەسەر داواکاریی کەسانی دیکە دامەزراون.
17/6/2015
بڕیارە سبەی چوارشەممە 17/6/2015، حەیدەر عەبادی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات و لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی گەورە بەرپرسانی ئێران بووە لەسەرووی هەمووشیانەوە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.
بڕیارە لە سەردانەکەدا باس لە چەند تەوەرێکی هاوبەش بکرێت لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەت شەڕی دژ بە داعش و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوەکە.
16/6/2015
رێکخراوی قاعیدە لەیەمەن، دانی بە کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی دانا بەناوی ناسر وەحێشی، کە لەهێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا کوژراوە، هاوکات رێکخراوی قاعیدە دوای کوژرانی وەحێشی قاسم ریمی کردە بەرپرسی رێکخراوەکە لە نیمچەدوورگەی عەرەبی.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، كە رۆژی هەینی رابردوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا ناسر وەحێشی، سەرۆکی قاعیدەی یەمەنیان لە پارێزگای حەزەرمەوتی لیبیا کردووەتە ئامانج.
هەروەها ریتا کاتز، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی کۆمەڵەی هەواڵگری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، كە جیهادییەکانی یەمەن چەندرۆژێک لەمەوبەر هەواڵی کوژرانی ناسر وەحێشییان بڵاوکردووەتەوە و ئەوانیش دڵنیان لە کوژرانی ئەو سەرکردەیەی داعش.
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ هەر کەسێک کە بتوانێت هاوکارییان بکات و زانیارییان بداتێ لەبارەی شوێنی مانەوە یاخود رادەستکردنی وەحێشی بە هێزەکانی ئەمریکا.
هەروەها رۆژی یەكشەممە 14-6-2015 وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە" موختار بلموختار، رێبەری گرووپی ئەلمورابیتوونی سەر بە رێکخراوی ئەلقاعیدەیان لە لیبیا كردووەتە ئامانج". بەڵام گرووپی ئەنسار شەریعەی لیبیا ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
16/6/2015
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی كەنداو رۆژی دووشەممە 15ـی 6ـی 2015 لە شاری ئەبوزەبی، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ شێخ موحەمەد بن زاید جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی کۆبوونەوە.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بلاویکردەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات و چۆنییەتی بەرەوپێشبردن و فراوانتركردنی كراوە و هەروەها دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
هەر بە پێی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە تاوتوێكردنی بارودۆخی مرۆیی و رەوشی ئاوارە و پەنابەران بووە، كە لەبەر هەڕەشەی داعش ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.
رۆژی شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێک بەرەو کوێت و لەوێ لەگەڵ میری کوێت کۆبووەوە، ئەمڕۆش لە ئیمارات لەگەڵ ئەو ولاتە کۆبووەوە.
ئەندامانی شاندەکە بریتین لە لەگەڵ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و سەلاحەدین بابەكر وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی کوردستان.
16/6/2015
رۆژنامەنووس ئەحمەد سەفار کە وەکو راوێژکاری راگەیاندنی عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا کاری کردووە، بەشێک لە نهێنی کاری خۆی لە کۆشکی کۆماری و تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی نێوان گوڵ و ئەردۆغان و داودئۆغلو ئاشکرا دەکات.
بڵاوکردنەوەی ئەو نهێنیانە لەو کاتەدا بە خۆشکەری ئاگری گفتوگۆکانی نێو ئەکەپە دادەندرێت، بە تایبەتی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوەو دەنگەکانی رووی لە کەمبوونەوە کردووە. هەندێک دەنگ پەیدا بوون داوای گەڕانەوەی عەبدوڵا گوڵ دەکەن بۆ ناو ئاکەپە بۆ ئەوەی ئەو پارتە رزگار بکات.
سەفار کتێبێکی بە چاپ گەیاندووەو پیشانی عەبدوڵا گوڵی سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا داوە، بەڵام گوڵ هۆشداری داوە بە سەفار لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، سەفار رەتیش دەکاتەوە هیچ قسەیەک دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە بکات.
کتێبەکە باس لە ناکۆکییەکانی نێوان گوڵ و ئەدۆغان دەکات لەم سێ ساڵەی دواییدا. سەرۆکی پێشووی تورکیا بەوە نیگەرانە کە لە دوای ئەو یاسایەک دەرچوو رێگری لێدەکرا بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژێرێت.
سەفار ئاماژە بەوەش دەکات حکومەت سیاسەتەکانی دەرەوەی گوڵی قۆڵبەست کرد، هەروەها ناڕازی بووە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی لە دۆسیەی مسر و سوریا.
هەروەها لە کتێبەکەدا هاتووە لەبارەی ئەو سیاسەتانەوە گوڵ و داود ئۆغلو چەندین جار رووبەروی یەکتر بوونەتەوە و پێی راگەیاندووە کە حکومەتی ئاکەپە وەکو حکومەتی مسر و سوریا هەڵسوکەوت دەکات، ئەوەش بە خراپ بەسەر هەموو لایەنەکاندا دەشکێتەوە.
هەروەها کتێبەکە بەشێک لە ناوەڕۆکی دانیشتنە تایبەتەکان ئاشکرا دەکات، کە تێیاندا عەبدوڵڵا گوڵ رەخنەی لە سیاسەت و رەفتاری پارتی داد و گەشەپێدان گرتووە، ، نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە لەوەی دەرگای بە رووی گەڕانەوەیدا داخراوە بۆ ناو ئاک پارتی و ئەحمەد داود ئۆغلو بۆتە سەرۆکی پارتەکە.
16/6/2015
پێنج ئەندامی خێزانێکی مسوڵمان، بەهۆی گڕگرتنی شەحنکەرەوەی مۆبایل گیانیان لە دەست دا و پیاوانی ئاگرکوژێنەوەش رایانگەیاندووە، کە ئەوە ترسناکترین رووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە لە ماوەی 6 ساڵی کارکردنی ئەوان.
رۆژنامەی میرۆر بڵاویکردووەتەوە، کە کچێک لە ماڵێکی شیفێڵدی بەریتانیا، مۆبایلەکەی لەسەر شەحن (charge) دانابوو، دواتر هەستیکرد ئاگرێکی لێ پەیدابوو، بۆیە بە پەلە بە کەلوپەلەکانی دەوروبەری هەوڵیدا ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی، دواتر بانگی دایکی کرد و هەموو هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە شکستیان هێناوە و خانووەکە بە تەواوی ئاگری گرتووە و بووەتە هۆی مردنی پێنج ئەندامی خێزانەکە.
پیاوانی ئاگرکوژێنەوە باسیان لەوە کردووە، کە گەرمیی ئاگرەکە 1000پلەی سەدی بووە و ”ترسناکترین ئاگربووە لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا لە ناوچەکە“.
15/6/2015
پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو هەموو رۆژێک لە بەرنامەی نووڕۆژ، نوێترین زانیاریی و هەواڵی ناوچەکانیان دەگوازنەوە.
دهۆک
پەیامنێری رووداو لە دهۆکەوە رایگەیاند، زۆربوونی ژمارەی ئاوارەکان کێشەی زۆری بۆ پارێزگای دهۆک دروستکردووە، بە تایبەت لە وەزری هاویندا و لە رووی دابینکردنی پێداویستییە وەرزییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە هۆی ئەوەی تەبایی و لێکنزیکی باشی تێدایە و خەڵک پشتیدەگرن توانیویەتی رۆڵی باش ببینێت لەو رووەوە ، هەرچەند لە پرسی دابینکردنی بەنزیندا هەندێک کێشە دروستبووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆ بڵاو بووەتەوە کە هۆکارەکەی بۆ لایەنە ئیسلامییەکان و کوتلەیەکی ناو پارتی دەگەڕێندرێتەوە.
ئامەد
پەیامنێری رووداو لە ئامەدەوە رایگەیاند، دوای ئەوەی نزیک لە سێ هەزار پەنابەر روویانکردە گرێسپی و حکومەتی تورکیا رێگای پێنەدان، گریمانی کارەساتێکی گەورە دەکرا ، بەڵام دوای رێگەپیدانیان باس لە رەوشی پەنابەران دەکرێت لە رووی دابینکردنی پێداویستییەکانیان و ئێستا 440 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا و باکووری کوردستانن، چاوەڕواندەکرێت لە داهاتوودا ئەو ژمارەیە بگاتە نزیک ملیۆنێک و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە هاوکار بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
ئەنقەرە
پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرەوە رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا بە نیازە لەگەڵ سەرۆکی پارتە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە، هەروەها کاندیدێکی کوردی هەدەپە فەلەکناز ئوجا کە پێشتر رایگەیاندبوو" ناتوانێ بە زمانی تورکی سوێند بخوات و بە زمانی کوردی سوێند دەخوات"، بووەتە مایەی مشتومڕ و دواجار پارتەکەی داوای لێکردووە بە زمانی تورکی سوێند بخوات.
بەغدا
پەیامنێری رووداو لە بەغداوە رایگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممە 15-6-2015 کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی حەیدەر عەبادی سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوە بچێت و تێیدا عەبادی وتارێک بدات.
چاوەڕواندەکرێت لە وتارەکەیدا عەبادی هەندێک بابەتی تازە باس بکات لە بارەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی کەوتنی موسڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رابگەیەنێت و ناوی بەرپرسە تێوەگلاوەکان و زانیاری تازە لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات. رایشیگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار کراون بەوەی ئازاری خەڵک دەدەن لە ناوچەی ئەنبار و ئەوەش بوەتە هۆکاری ئەوەی، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناو خۆیاندا تووشی پەرتەوازەیی بن.
نیویۆرک
پەیامنێری رووداو لە نیویۆرکەوە رایگەیاند، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت داوای هاوکاریی زیاتر بکات بۆ ئاوارەکانی عێراق.
جبوری لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کۆ دەبێتەوە و پێدەچێت لەو کۆبوونەوەیە رەوشی ئەمنی باس بکەن و داوای هاوکاریی زیاتر لە رووی ئەمنییەوە بۆ عێراق بکات.
15/6/2015
لەدوای روودانی هێرشەکانی ئەم دواییەی پاریس و تاوانبارکردنی لایەنە ئیسلامییەکان بە کاری توندڕەوی لەو وڵاتە، بۆ یەکەمجار حکومەت بە فەرمی لەگەڵ دەستەی باڵای گفتوگۆکردنی ئیسلام کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کاروباری ناوخوی فەرەنسا رایگەیاند:" ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٥، بۆ یەکەمجار حکومەتی فەرەنسا بەفەرمی لەگەڵ دەستەی باڵای گتوگۆی ئیسلام کۆدەبێتەوە وئامانجی کۆبوونەوەکەش بریتییە لە سەرلەنوێ درووستکردنەوەی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان حکومەتی فەرەنسا و موسڵمانانی ئەو وڵاتە، کە لەدوای هێرشە توندڕەوەکانی مانگی یەنایەری رابردوو لە پاریس روویاندا، ئەو پەیوەندیەیە لە نێوان حکومەت وموسڵمانانی دانیشتووی فەرەنسا تێکچوبوو".
سەرچاوەکەی وەزارەتی کاروباری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکەی نێوان حکومەتی فەرەنسا و دەستەی باڵای گفتوگۆکردنی ئیسلام کۆبوونەوەیەکی فەرمییەو هاوکات کۆبوونەوەکەش لە تەلاری وەزارەتی کاروباری ناوخۆ لە پاریس بەڕێوەدەچێت، لە کۆبوونەوەکەش ١٢٠ نوێنەری یەکێتی و رێکخراو و چالاکوانانی ئایینی ئیسلام تێیدا بەشداریدەکەن و ژمارەیەکی دیکەی توێژەرانی ئایینی ئیسلام بەشداردەبن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکەی نێوان حکومەت و دەستەکە، تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنی فەرەنسا دەبێت و هاوکات هاوکاری و پشتیوانی نێوان حکومەت و دەستەکە لە پاراستنی رەوشی ئەمنی فەرەنسا دەبێت.
لە فەرەنسا پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام ئازادەنا ئەرکە ئایینییەکانیان بەجێدەگێێنن و هاوکات نزیکەی ٣ هەزار مزگەوت هەیە و ساڵانەش لە فەرەنساوە گەشتی حەج وعەمرە ئەنجامدەدرێت و حکومەتی فەرەنسا هەموو ئازادییەکی ئایینی دەستەبەرکردووە.
15/6/2015
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە قاهیرەی پایتەختی میسر دە کەسایەتی کوردستانی خەڵات بکرێن. خەڵاتکردنەکە لەلایەن رێکخراوی کتێبی بێسنوور، ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ زانست و تەکنۆلۆجی و زانکۆی کەمبرێجەوە دەکرێت و تێیدا هەریەک لە شڤان پەروەر، عەبدولڕەحمان سدیق، شوکریە رەسوڵ، خەسرەو جاف، کوردستان موکریانی، ئەحمەد سالار، مەتران رەبان، سیروان بارزانی، عەزیز محەممەد و هێدی بڕوانامەی فەخری زانکۆی کەمبریجیان پێدەبەخشرێت.
15/6/2015
سەرۆککۆماری تورکیا هیوادارە بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکومەتی تورکیا کە 45 رۆژە، حکومەتی هاوپەیمانی پێکبێ و دەڵێ: "لەگەڵ سەرۆکی هەرچوار حیزبەکە کۆدەبمەوە".
لەبارەی ئەو گەنگەشانەی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیاوە دەکرێن گوتی: "بە رەوای نازانم قسە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمارێک بکرێ، کە سەدا 52 ی ئیرادەی گەلی بەدەستهێناوە، ئەمە بێڕێزییە بەرامبەر ئیرادەی میللی، پێویستە رێز لە ئیرادەی سەدا 52 ی میللی بگیردرێ".
ئەردۆغان لەئەگەری تەواوبوونی وادەی یاسایی و پێکنەهێنانی حکومەت دەڵێ: "ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجام دەدرێ ناوی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، بەڵکو دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنە، بەڵام ئەگەر هەموو شتێک رێڕەوی خۆی بگرێت و هاوپەیمانێتی پێکبێ هیچ کێشەیەک نابێت".
هەروەها گوتی: "رەنگە هەفتەی داهاتوو بەجیا لەگەڵ سەرکردەی حیزبەکان کۆببمەوە، رەنگە ئەم دیدارانەم بکەونە پێش رێوڕەسمی سوێندخواردنی پەرلەمانتارانەوە".
14/6/2015
سەلاحەدین دەمیرتاش, هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپ, ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ كەناڵی مەناری لوبنانی نزیك لە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند:" كۆكردنەوەی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و ئیتنیكی و مەزهەبییەكانی توركیا لە پارتەكەیدا بە یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتەكەی دادەنێت لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی توركیا.
دەمیرتاش لەبەشێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەدا گوتیشی، هەدەپ ئامادەیە بەرگری لە مافی سەرجەم پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی بكات و هاوکات كۆمەڵگەی توركی لە پارتی دادوگەشەپێدان دووركەوتووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئاكەپە دەیویست دەستبگرێت بەسەر سەرجەم دامودەزگاكانی دەوڵەتدا.
هاوکات هاوسەرۆكی هەدەپ داواش لە سەرجەم سیاسییەكانی توركیا دەكات، كەس نەترسێنن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتلافیەوە، لەبەر ئەوەی لەناو كۆمەڵگی توركیدا لێكتێگەشتن هەیە، و جەختیشیكردەوە، پارتەكەی هیچ جۆرە هاوپەیمانییەتیەك لەگەڵ ئاكەپە پێكناهێنێت، بەڵام پشتگیری لە پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتلافی دەكات كە كۆمەڵگەی توركی قبوڵی بكات.
دەمیرتاش رەخنە لە سیاسەتەكانی دەرەوەی توركیا دەگرێت و بەپێویستی دەزانێت كە گۆرانكاری بەسەردا بهێنرێت و دەڵێت" سیاسەتی دەرەوەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆی سەرۆكوەزیرانی توركیا لەو كاتەی كە پۆستی وەزیری دەرەوەی هەبووە تا ئێستا بەرامبەر بە ناوچەكە هەڵەبووە و ئۆغڵۆ بەخەونی عوسمانییەوە دەژیێت".
هەروەها دەمیرتاش گوتیشی، سیاسەتەكانی حكومەتی توركیا پشتی بە مەزهەبییەت بەستووە لە ناوچەكەدا، و پشتگیری مافی ئەوانی دیكە ناكات، و هەر ئەوەش بووە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانەكان و توركیاش لەبری ئەوەی ببێتە كاراكتەرێكی یارمەتیدەر بۆ چارەسەری كێشەكان، بووەتە بەشێك لە كێشەكان لە سووریا.
دەمیرتاش رەخنە لە داعش دەگرێت و دەڵێت" ئەو رێكخراوە هیچ پەیوەندی بە ئایینی ئیسلامەوە نییەو مەترسییەكی گەورەشە بۆ سەر توركیا.
گوتیشی، بەرگری لە مافەكانی گەلی خۆمان و ئەوانە دەكەین كە لەگەڵمان دژ بەداعش دەوەستنەوە، ئێمە جگە لە خوا لەهیچ كەس ناترسین.
لەكۆتاییدا دەمیرتاش سڵاو رێزی هەبوو بۆ گەلی لوبنانیو هێزی بەرگری كە چەندین سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە، وەكو كەناڵەكەش بڵاویكردووەتەوە دەمیرتاش پشتیوانی خۆی بۆ هێزی بەرگری لەئاماژەیەكدا بۆ حزبوڵا دووپاتكردووەتەوە.
14/6/2015
کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سکرتارییەتی ئەو حیزبە پێشوازی لە شاندێکی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و بەو شێوەیە دووهەم کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حیزبە پاش ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەبێبەشداری لایەنی سێهەم کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەرپەرەستی دەمهات عەگید بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە، سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرەستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە پێشوازییان لێ کرا.
ئەم کۆبوونەوەیە لەحاڵێکدا بە بەشداریی محەمەد ئەمین پێنجوێنی کەسایەتیی سیاسیی نزیک لە پەکەکە بەڕێوەچوو کە ئەو حیزبە ئامادە نەبوو لەم کۆبوونەوەیەدا، لایەنی سێهەم کە لە کۆبوونەوەی پێشتردا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بەشداری بکات.
محەمەدئەمین پێنجوێنی، کەسایەتیی سیاسیی نزیک لە پەکەکە پاش کۆتایی هاتنی ئەو کۆبوونەوەیە بە میدیاکانی رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە لە کەش و هەوایەکی دۆستانە وبرایانە و کوردانە بەڕێوەچوو. پاش ئەو ئاڵۆزی و تێکەهەڵچوونی هێزەکانی پ.ک.ک و حیزبی دێموکرات، ئەم کۆبوونەوەیە دووهەمین کۆبوونەوەیە کە لە نێوان ئەم دوو حیزبە بەڕێوەدەچێت. گرینگ ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات و کەجەکە پێکەوە دانیشتوون و بە رووبەڕوو باسی کێشە و گرفتانەیان کرد کە لە نێوانیاندا هەبوو گەییشتنە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ. کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن، دیالۆگ بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی کە چیدیکە هیچ گرفتێک هیچ کێشەیەک روو نەدات لە نێوان ئەو دوو هێزەدا".
یەکێک لە ئەنجامە پۆزەتیڤەکانی ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن محەمەدئەمین پێنجوێنییەو، دانیشتنی بەرپرسان و شاندە باڵاکانی حیزبی دێموکرات و پەکەکە وەسف کرا و لەو پێوەندییەدا ئەو کەسایەتییە سیاسییەی نزیک لە پەکەکە، رایگەیاند: حیزبی دێموکرات و پەکەکە پاش دانیشتنێکی چەند ساعەتە پێک هاتوون کە خەباتی کوردایەتیی خۆیان بە بێ هیچ کێشەیەک و بەبێ هیچ گرفتێک پەرە پێ بدەن.
ئەم کەسایەتییە سیاسییە لە درێژەی لێدوانەکانی خۆیدا بۆ میدیاکان لەبارەی جیاوازیی ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ کۆبوونەوەی پیشوو، رایگەیاند کە هەردوو کۆبوونەوەکە ئەنجامی باشی هەبوو و یەکێک لە ئەنجامە پۆزەتیڤەکانی ئەو کۆبوونەوانە ئەوەیە کە ئەو دوو حیزبە پێکەوە هاریکاری و هاوکاری بکەن بۆ خەباتی کوردایەتیی خۆیان لەو ناوچەیە.
محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرپەرەستی شاندی حیزب لەو کۆبوونەوەیە پاش کۆتایی هاتنی دووهەم کۆبوونەوەی نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان پێداگری کردەوە کە لێدوانەکانی محەمەدئەمین پێنجوێنی، لێدوانی ئێمەشن.
قادری لە درێژەدا ئاماژەی بە بەشێک لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دا و وتی: "ئێمە لەسەر لایەنی سیاسی و لایەنی پراکتیکی پێکەوە قسەمان کردووە.
ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی کۆبوونەوە دوولایەنەکەدا لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند: "ئێمە بەو ئەنجامە گەییشتین کە پێوەیستە دانیشتنەکان بەردەوام بن و بەڵام لە دانیشتنەکاندا لێک تێگەییشتن و رۆحی هاوکاری دەبینرێت، بۆیە ئێمە لەو کۆبوونەوانەی کە لە داهاتوودا دەیانگرین، زیاتر لە شێوازی عەمەڵی بەرەو هاوکاری، لێکتێگەییشتن و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر دەچین.
لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا لە حاڵێکدا راگەیەندرا کە دانیشتنەکانی نێوان دوولایەن درێژەیان دەبێت، کە پێشتریش بە بەشداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچووبوو و تێیدا لەسەر کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە باس و لێکدانەوە کرابوو.
پاش تێپەڕبوونی چەند رۆژ لە گەمارۆدانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو: دوای چەند رۆژ هەوڵ و چالاکیی چەندین لایەنە بۆ دانیشتن و دیاڵوگ لەگەڵ سەرکردایەتیی pkk بۆ ئەوەی تووشی رووداوی ناخۆش و دڵتەزێن نەبین و گرفت و کێشەیەک کەلە نێواندا هەبوو بە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەری بکەین، pkk فەرمانی بە هێزەکانی کرد کە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ١٣٩٤/٣/٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤/٥/٢٠١٥ی زایینی هێزەکانی pkk تەقەیان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزێکی کوردیی بەسەردا سەپاندووین.
پاش ئەم رووداوە و تەقەی گەریلاکانی پەکەکە لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شەهید و بریندارکرانی چوار پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شاندێکی بۆ نێونجیگەری لە نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە پێک هێنا و ئەو شاندەی راسپارد کە بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە، کۆبوونەوەیەک لە نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە پێک بێنن. دواجار ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداری شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرەستی کەریم سەنجاری، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
kurdistanmedia
14/6/2015
بەیانی ئەمرۆ (13/6/2015) شەممە بۆ جارێکی دیکە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە جەلەولا تەقەیان لە یەکدی کردەوەو وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایدەگەیەنێت ئەمرۆ کۆدەبینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی.
بەپێ زانیاریەکانی باسنیوز سەعات 9ی ئەمرۆ بۆ جارێکی دیکە حەشدی شەعبی و پێشمەرگە تەقەیان لە یەکدی کردەوە و بەڵام زانیاریان لەسەر زیانەکانی هەردوولا نیە.
بەپی زانیاریەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە لە جەلەولا حەشدی شەعبی داوای لە پێشمەرگە کردوە ناوچەکە چۆڵ بکەن پێشمەرگەش هەمان داواکاری هەیە کە دەبێت حەشدی شەعبی ناوچەکە چۆڵ بکەن”.
جەبار یاوەر گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند” ئەمرۆ شاندێکی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە جەلەولا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کۆدەبنەوە”.
سەبارەت بە شەڕی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی گوتی “شەڕ نەبووە تەنها سووکە تێ نەگەشتنێکە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین”.
جەلەولا یەکێکە قەزا کوردیەکان کە سەر بە پارێزگای دیالەیەوە دەکەوێتە سنووری ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و کۆتای هەفتەی ڕابردووش پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە شەڕ لە نێوانیان ڕوویدا .
13/6/2015
ڕێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ زانست و پەروەردە، لەبەیاننامەیەكدا هێرشەكانی سعودیە و هاوپەیمانی عەرەب بۆ سەر یەمەن ئیدانە دەكات و بەتێكدانی شوێنە مێژووییەكان تۆمەتباریكردن.
ئێرینا بۆكۆفا ، سەرۆكی رێكخراوی یوسنكۆ بۆ زانست و پەروەردە رایگەیاند:" بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی سعودیە و هاوپەیمانەكانانی عەرەبی بۆ سەر یەمەن، زیانێكی زۆریان گەیاندووە و بە بەشێكی زۆرلە شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەو وڵاتە و هاوکات بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی ئەو شوێنەوارانە وێران كراون".
سەرۆكی رێكخراوی یوسنكۆ ئاماژەی بەوەشكرد:" ڕۆژی هەینی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانی عەرەبی کە لەلایەن وڵاتی سعودییەوە سەرپەرشتیدەکرێت، گرینگترین شارکە بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و شارستانی ئیسلام بووە لە سەنعای پایتەخت بۆردوومانكردووە كە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی پاراستنی شوێنەوارە دێرینەکانی جیهانە".
بە گوتەی ئێرینا بۆکۆفا، رێکخراوی یونسکۆ، ئەو کارانەی هاوپەیمانانی عەرەبی بە گشتی وسعودیە بەتایبەت، ئیدانە دەکات و هاوکات تاوانباردەکرێن بە تیکدانی شوێنەوارە دێرینەکانی یەمەن کەسەروەتێکی کولتووری جیهانین.
14/6/2015