سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی هەبەر تورک رایگەیاند:" بە دڵنیاییەوە دەبێ پەکەکە چەک دابنێت و شەڕ بە تەواوی کۆتایی پێبێت".
لە هەڤپەیڤینەکەدا کە شەوی سێشەممە 14-7-2015 و رۆژێک پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیا و راسپیردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا پەخشکرا، دەمیرتاش باسی پێشهاتەکانی تورکیا و پرۆسەی ئاشتی کرد.
سەلاحەددین دەمیرتاش گوتی:" بەڕێز سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران لێم دەپرسن بۆچی من داوای دانانی چەک لە پەکەکە ناکەم، منیش خۆزگە دەخوازم، کە بە بانگەوازێکی من چەک دابنێن و کارەکە بەو شێوەیە ئاسان بووایە".
بەڵام وەک دەمیرتاش دەڵی:" بەدڵنیایەوە دەبێ پەکەکە چەک دابنێت و شەڕ لە دژی تورکیا کۆتایی بێت، لەهەمانکاتیشدا دەبێ حکومەت هەنگاوی جیدی بنێت بۆ پرۆسەی ئاشتی و باوەڕ بە کۆمەڵگا بهێنیت، ئەمەیش لەدڵەوە دەیڵێم".
لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 15-7-2015 لەگەڵ داودئۆغڵو، دەمیرتاش گوتی": بەشێوەیەکی راشکاوانە قسە دەکەین لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و داواکاریی و مەرجەکانمان بۆ تورکیایەکی باشتر دەخەینەڕوو".
دەمیرتاش سێ مەرجی حیزبەکەی بۆ بەشداریی لە حکومەت دەخاتەڕوو و دەڵێت:" بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەرکەوت کە دەبێ حکومەت، حکومەتێکی هاوبەش بێت و سێ مەرجی سەرەکیشمان هەیە کە بریتی. لە دادپەروەری، دیموکراسی و ئاشتی".
لە بەشیکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا باسی رۆژئاوای کوردستانی کرد و پێیوایە:" دەبێ تورکیا و پەیەدە بزانن بەهاوکاری یەکتری دەتوانن خزمەتی سووریایەکی نوێ بکەن و مۆدێلێک بۆ سووریا بێننە ئاراوە کە حیزبی بەعس نەتوانێ بە تەنیا حوکمی سووریا بکات".
رۆژی پێنجشەممە 18-6-2015، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بەفەرمی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی 7 ی حوزەیرانی پەرلەمانی توركیای راگەیاند کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) 258 کورسی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 80 کورسی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو ئەنجامانە حکومەتی داهاتووی تورکیا دەبێ هاوبەش بێت و هیچ حیزبێک بەتەنیا ناتوانێ حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە ئەحمەد داودئۆغڵو لە حیزبی ئاک پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەو مەبەستە.
15/7/2015
تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆردوومانی گوندێکی بناری سوورێنیان لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن کرد.
سەنتەری زانیارییەکانی پێنجوێن بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" کاژێر 3:00 -ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15-7-2015 تۆپخانەکانی سوپای ئێران بۆردوومانی گوندی گۆمەرەسێ-یان کردووە کە سەر بە ناحیەی ناوپارێزە لە سنووری قەزای پێنجوێن".
سەنتەری زانیارییەکانی پێنجوێن دەڵێت "سوپای پاسداران سێ گولە تۆپیان لەناو گوندەکە داوە کە دەکەوتە بناری چیای سوورێن، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و چەند ناوچەیەکی پووش پاوان سووتاوە، بەڵام لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە".
سەرچاوەیەک هەروەها بە رووداوی راگەیاند:" فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئێران بە بەردەوامی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە".
15/7/2015
هێنریک کاپریلێس، سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند:" وڵاتەکەی دووچاری باری نائاسایی ئابووری بووەتەوە".
بۆ رێگرتن لە هەر دۆخێکی نەخوازراو هێنریک کاپریلێس پرۆژەیەکی پێشنیاز کردووە کە تیایدا چۆنییەتی بەرزکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان و زیادکردنی مووچە بە رێژەی سەدا پەنجا دەخاتەڕوو.
کاپریلێس گوتی:" حکومەت شکستی خواردووە لە پشتبەستن بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت، ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهاندا".
لەبارەی رێککەتنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 لەسەر دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا گوتی:" ئەم رێککەوتنە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر نرخی نەوت وەک چۆن سزاکانی سەر ئێران کاریگەریی هەبوو".
لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ڤەنزوێلا توشی هەڵئاوسانی دارایی بووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە رێژەی %99 داهاتی ئەم وڵاتە پشتی بە نەوت بەستووە .
هێنریک کاپریلێس، حاکمی هەرێمی میراندا و سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت:" چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، ئەو رێگایەی ئێمە دەمانەوێت بۆ وڵاتەکەمان دیموکراسییە، دەستوورییە، ئاشتەوایی و هەڵبژاردنە، بۆ ساڵانی داهاتو سیناریۆی دیکەمان دەبێت، ئەگەر ڤەنزوێلییەکان ئەوەبکەن کە ئەرکییانە، چونکە ساڵی بێتەوە کۆبوونەوەی نیشتمانیمان هەیە".
23 مانگ دانوستاندنی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، رۆژی سێشەممە 14-7-2015 بەرێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کۆتاییهات و چاوەڕێ دەکرێ ئەو رێککەوتنە کاریگەری خۆی لەسەر ئابووری جیهان دابنێت.
15/7/2015
حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێشنیازێکی بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە نێوبژیوانی لە نیوان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە ئێران رەتدەکەنەوە.
سۆران پاڵانی ئەندامی رێبەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" دەوڵەتێک کە بیەوێ کێشە بنەڕەتییەکانی خۆی چارەسەر بکات و چارەسەرێک بۆ پرسی نەتەوەکان کە کوردیش یەکێکە لە نەتەوەکانی ئێران بدۆزێتەوە، پێویست بە نێوەندگیری ناکات، لەڕاستیدا ئێران نایەوێ بە گفتوگۆ پرسی کورد چارەسەر بکات".
حیزبی دیموکراتی کوردستان کە سەرقاڵی یادکردنەوەی 26-ەمین ساڵیادی شەهید بوونی دکتۆر قاسملو و چەند هاوڕێیەکیەتی کە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەمسا شەهید کران، نە هیوای بە ویستی ئێران بۆ دانوستان هەیە و نە بڕواشی بە تواناکانی بەرەی یەکگرتووی کوردە.
محەممەد ساحێبی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت:" بەرەی یەکگرتووی کورد نە بۆ خۆیان هێزێکی ئەوتۆن کە پێگەیەکیان لەلای کۆماری ئیسلامی هەبێت، نەلای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، وروژاندنی پرسێکی وا لەم کاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران کە ماوەیەکی دیکە بەڕێوە دەچێت".
حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە پێش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان باڵی دەستوور بوون، دوای شکستی رەوتی دانوستانەکان ئەو دوو حیزبە بە هەڵوەشاوە ناوبران.
ئێستا دوای 36 ساڵ کە بەشیک لە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوورەکان جێگیر بوونەتەوە، ئێران ئەو حیزبانە بە هەڵوەشاوەو نایاسایی ناو دەبات، ئەو حیزبانەیش بە هیوان تاوەکو خەباتی سیاسی و چەکدارییان رێگا بۆ گۆڕانکارییەک لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە.
15/7/2015
بە فەرمانی مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان، فەرماندەیەكی تایبەت بە شنگال دامەزرا. قاسم شەشۆ كە وەك فەرماندەی هێزەكە دەستنیشان كراوە، دەڵێت "رێگە نادەین هێزێك كە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە نەبێ لە شنگال بمێنێ".
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی شنگال بە (رووداو)ی گوت "سەرجەم ئەو هێزانەی پێش ئێستا لە چیای شنگال بەرگرییان دەكرد، لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بڕیاریان بۆ دەرچووە كە بكرێن بەهێزێكی رێكخراو، ئێستا 10 فەوج و 26 سریە لەو هێزە دروستكراون". گوتیشی "هێزەكە بەناوی هێزی شنگال دەبێت".
شەشۆ لەگەڵ سەتان كوردی ئێزدی، دوای هاتنی داعش بۆ شنگال لە مانگی ئابی 2014، لە مەزارگەی شەرفەدین لە داوێنی چیای شنگال مانەوە و بەرگرییان لە مەزارگەكە كرد. شەشۆ باسی پێكهاتەی هێزەكەی كرد و گوتی "هێزەكە هێزی هەموو شنگال دەبێ بە موسڵمان و ئێزدییەوە، هەروەها عەرەبی شەریفیش جێگەیان لەو هێزەدا دەبێتەوە".
سەبارەت بە هێزەكەی حەیدەر شەشۆ كە بە هاوكاریی حكومەتی عێراق دامەزرابوو، قاسم شەشۆ رایگەیاند "ئەو هێزە ئێستاش لە ریزی هێزی شنگالدا بەرگری دەكەن و هەموو فەرمانەكان هەر لەو هێزە وەردەگرن". شەشۆ دەڵێت "خاكی شنگال، خاكی خەڵكی شنگالە. هەر هێز و لایەنێكیش رێز لە دەسەڵاتی كوردستان و پارتی نەگرێ، ناهێڵین یەك خولەك لە ناوچەكە بمێنێ".
ئێستا جگە لە هێزی پێشمەرگە و هێزەكەی قاسم شەشۆ و هێزی حەیدەر شەشۆ، هێزەكانی وەكو یەپەگە و یەپەژە و یەبەشە و چەند هێزیكی دیكەی سەر بە پەكەكە لە شنگالن و پارتیش پێیان دەڵێ دەبێ شنگال چۆڵ بكەن.
هێزی شنگال ئێستا ژمارەیان 5 هەزار پێشمەرگەیە و بڕیار وایە ژمارەیەكی دیكەش ناونووس بكرێن و وەكو هێزێكی فەرمی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بناسرێن.
هێزی بەرخودانی شنگال كە لەلایەن حەیدەر شەشۆوە سەرپەرشتی دەكرا، وەك داوود جندی، جێگری حەیدەر شەشۆ بە (رووداو)ی گوت "دوای دەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ و رۆیشتنی بۆ ئەوروپا، پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا نەماوە". گوتیشی "لە مانگی دووەوە هیچ مووچەیەك نە لە بەغدا و نە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە ئێمە نەدراوە، لە كاتێكدا هێزەكەمان لە 2700 چەكدار پێكدێت".
داود جندی كە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە لەسەر لیستی یەكێتی، دەڵێت مەرجیان هەیە بۆئەوەی ببنە بەشێك لە هێزەكەی قاسم شەشۆ "ئامادەین لەژێر دەسەڵاتی ئەو فەرماندەیەدا بین، بەڵام بە مەرجێك ناوی هێزەكەی ئێمە كە هێزی بەرخودانی شنگالە نەگۆڕدرێ، چونكە بە دەیان كەس لەژێر ئەم ناوە شەهید بوون".
14/7/2015
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بە (تەسلیمبوون) دەزانێت.
لەبارەی کشانەوەی گەریلاکانیش لە سنووری باکووری کوردستان دەڵێ:" گەریلاکان دەکشێنەوە، بەڵام دەبێ حکومەتیش ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت کە دەکەوێتە سەر شانی".
بەبۆچوونی قەرەیڵان: "دەبێ حکومەتی تورکیا رێوشوێنە یاساییەکان باش بکات، من لە داودئۆغڵو دەپرسم ئایا ئەمەی کردوە، دوو ساڵ و نیوی بەسەردا تێپەڕی، کوانێ هەموارە یاسایی و دەستوورییەکان؟ خۆیان هیچیان نەکردووە و وای نیشاندەدەن کە ئێمە بەڵێنی خۆمان بەجێنەگەیاندوە".
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان پێیوایە:" سەرباری ئەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی نەناوە، ئەوان بەردەوام بوون لەسەر کشانەوەی گەریلاکان". ئەو دەڵێ: "ئەوەش سادەیی ئێمە بوو، دوای ئەوەی کە لە مانگی حوزەیراندا حکومەت هیچ هەنگاوێکی هەڵنەهێنا نەمانزانی کە ئەوە تەنیا یارییەکە".
ئەو قسانەی موراد قەرەیڵان، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بوو، ئەو دەڵێت:" گوتەکانی ئەردۆغان لەبارەی نەبوونی کێشەی کورد و نەبوونی مێزی گفتوگۆ وایکرد کە پڕۆسەی ئاشتی کۆتایی پێبێت".
هەروەها دەڵێ: "کێشەی کورد لە تورکیا لە هەموو رووەکانە سەرەکیترین کێشەیە لە تورکیا، ئەگەر پەیامی هەڵبژاردنی 7 ی حوزەیرانیش بەباشی بخوێندرێتەوە، تێدەگەین کە خەڵکی تورکیا دەیەوێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".
قەرەیڵان لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت:" ئۆجەلان هەمیشە رێبەر و خاوەنبڕیاری نێو پەکەکەیە، بەڵام هیچ کەسێک وانەزانێ ئەگەر فشار بخەنە سەر ئۆجەلان ئێمە بێ بڕیار دەکەن، کاتێک فشار و دوورەپەرێزخستن لەسەر ئۆجەلان هەیە، بزووتنەوەکەمان خۆی بڕیاری خۆی دەدات".
14/7/2015
لەدوایین خولی دانوستانی نێوان وڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێران، ئاژانسە هەواڵییەکان باس لە رێککەوتنی ئەو دوولایەنە دەکەن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری دیپلۆماتێکی ئێرانی لە ڤیەننا رایگەیاندووە:" ئێران و وڵاتانی 5+1 گەیشتنە رێککەوتن".
لە پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 13-7-2015 وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی 5+1 و شاندی دانوستاندکاری ئێرانی بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڤیەننا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی دوایین قۆناخی دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو بکەن.
ئاژانسی هەواڵی بی بی سی رایگەیاندووە کە:" لە چەند کاژێری داهاتوودا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئێران و فیدریکا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا بەڕێوە دەچێت".
محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاندووە:" ئەگەر رێککەوتن بکرێت، سەرکەوتنی دیپلۆماسی بەو مانایە دێت کاتێ هەموومان دەمانتوانی تووشی شکست بین، هەموومان سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، هەر بەو ئاسانییە، پێویست بە شرۆڤە و ریکلامیش ناکات".
هەروەها رۆیتەرز لەزاری گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە:" کاژێر 8.30 خولەک بەکاتی گرینیچ کەدەکاتە 11:30 خولەکی پێش نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر، کۆبوونەوەی کۆتایی لەنێوان وڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێران لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤیەننا بەڕێوە دەچێت و پاش کۆبوونەوەکەیش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بەڕێوە دەچێت".
14/7/2015
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، وەک باوکەشەهیدێک بەشداری لە مەراسیمی دابەشکردنی هاوکارییەکانی کەمپەینی رەنجی شەهیدان کردو لەگوتارێکیدا رایگەیاند:" سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو سەرپەرشتیارانی لیژنەو سەرمایەداران دەکەم، کە هاوکاربوون لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بنەماڵەی شەهیدان".
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست گوتیشی:" کەسوکاری شەهیدان من لە ئازار و خەمەکانتان تێدەگەم، ١٢٥٠ پێشمەرگە شەهیدبووە، بەمەش ١٢٥٠ دایک ڕۆڵەکانیان لەدەستداوە، ئەمە برینێکی قوڵە لەجەستەدا و بەئاسانی ساڕێژناکرێن، بەڵام نابێ ئەوەشمان بیربچێتەوە، کە خوێنی ئەو پێشمەرگانە بووە هۆکاری ئەوەی داعش لەبەرەکانی شەڕ پاشەکشەبکات و هەیبەتی تێکبشکێندرێت، خوێنی شەهیدەکان بوو وایکرد سەرکردەکانی وڵاتانی بەهێزی جیهان بێنە کوردستان و سوپاسی پێشمەرگە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بە فڕۆکە و بەشانازییەوە چەک بە پێشمەرگە بدەن، ئەوانە جێی شانازین و بەخوێنی شەهیدەکانمان هاتوونەتەدی".
محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت دەبێ مووچەی پێشمەرگە شەهیدەکان بە تەواوی بۆ وارسەکانیان خەرج بکات و هاوکات داواشیکرد حکومەت بوودجەی وەزارەتی پێشمەرگە زیادبکات.
محەمەدی حاجی مەحمود، وەک باوکی شەهید عەتا کە سوودمەندی وەرگرتنی هاوکارییەکەی کامپینی رەنجی شەهیدان بوو بە بڕی ١٣٠٠٠٠ دۆلار، بڕی ئەو هاوکارییەی رەتکردەوە و داوای لە لیژنەکەکرد ئەو هاوکارییەی بۆ منداڵەکانی شەهید عەتای کوڕی تەرخانکراوە، وەک جەژنانە بەسەر منداڵانی پێشمەرگە شەهیدەکان دابەشبکرێت.
ئێوارەی دووشەممە، لە شاری سلێمانی ئێوارەخوانێک بۆ وارسی شەهیدانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە سازکرا و لەوێدا کۆمەکەکان بەسەر وارسی شەهیدەکاندا دابەشکران.
قۆناغی یەكەمی كەمپەینی رەنجی شەهیدان لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە دابەشكرا، هەر خێزانێكی شەهید 13 هەزار دۆلاریان بەسەردا دابەشکرا ، بۆ ئەو خێزانانەی كە خانووی خۆیان نییە، یەكەی نیشتەجێبوونیان پێدرا.
لە كەمپەینی رەنجی شەهیدان بڕی 17 ملیۆن و 197 هەزار و 950 دۆلار و 71 یەكەی نیشتەجێبوون و 350 كورسی خوێندن لەلایەن كۆمپانیاكان و سەرمایەداران كۆكرایەوە و بڕیارە لە شاری هەولێر و دهۆكیش بە هەمان شێوە هاوكارییەكان دابەش بكرێن.
14/7/2015
نەوشیروان مستەفا، رازییە بە مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی، بەڵام دوو مەرجی هەیە.
بەگوێرەی زانیاریەكانی (رووداو)، نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی راوێژی زۆری كردووە لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی، ئەوان بە دوو مەرج بەمانەوەی بارزانی رازین.
هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان كە لە نەوشیروان مستەفاوە نزیكە، بە (رووداو)ی گوت "گۆڕان رازییە بە مانەوەی كاك مەسعود لە پۆستەكەی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە كە پارتی داوای دەكات، بەڵام دەبێ پارتی بە دوو شت رازی بن، یەكەم رازی بن یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێ و دەسەڵاتەكانی سەرۆك رێكبخرێتەوە. دووەم: دەبێ پارتی رازی بێت بەوەی لە پڕۆژە دەستووری هەرێمی كوردستاندا بنووسرێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێ".
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان كە لەبەرئەوەی رێگەپێدراو نییە بەناوی گۆڕانەوە قسە بكات، داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، دەڵێ "ئەگەر پارتی بەم دوو مەرجە رازی بێت ئەوا كێشەكە بە ئاسانی چارەسەر دەبێ".
13/7/2015
بەپێی بەیاننامەیەکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، پرۆسەی ئازادکردنی ئەنبار دەستیپێکرد.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندووە:" لە کاژێر 5-ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 13-7-2015 ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی سوپا، هێزە ئەمنییەکان، حەشدی شەعبی و چەکدارانی هۆزەکان لەگەڵ داعش لەشەڕدان بۆ گرتنەوەی ئەنبار".
13/7/2015
دوو چەکداری داعش لەکاتی دەستبەسەرداگرتنی ئێستگەیەکی رادیۆ لە لیبیا، وێنە: ئەرشیڤ
شەش مانگ زیاترە لە هەندێك ناوچەی دهۆك و هەولێر پەخشی رادیۆی داعش هەیە، بەڕێوەبەری راگەیاندنیش لە پارێزگای دهۆك دەڵێت زیاتر لە چوار مانگە وەزارەتی رۆشنبیرییان ئاگادار كردووەتەوە. وەزارەتیش دەڵێت خەریكی چارەسەركردنی كێشەكەن.
دوای داگیركردنی مووسڵ بە ماوەیەكی كەم رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام رادیۆیەكی لۆكاڵی بەناوی رادیۆی بەیان لە نێوشاری مووسڵ دامەزراند، بەڵام پەخشی رادیۆكە سنووری مووسڵی بڕیوە و لە هەندێك ناوچەی پارێزگای هەولێر و دهۆك هەیە.
سەرچاوەیەك لە لقی چواردەی مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (رووداو)ی گوت داعش بۆ دامەزراندنی رادیۆكەی كەڵكی لە ئامێرەكانی رادیۆی رەشید وەرگرتووە كە پەخشەكەی زۆر دوور دەڕوات.
چی پەخش دەكات؟
بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، پەخشی رادیۆكە لەسەر شەپۆلی ئێف ئێمە و بە زمانی كوردی، عەرەبی، توركی و ئینگلیزی بەرنامەكانی پەخش دەكات. رادیۆكە قورئان و سروودی ئاینی بە تایبەتی ئەوانەی باسی جیهاد دەكات، لەگەڵ هەواڵەكان پێشكەش دەكات. هەروەها بۆچوونی خەڵكی بندەستیان لەسەر داعش بڵاو دەكەنەوە.
سەرچاوەكەی لقی چواردەی پارتی گوتی "داعش چەند بورجێكی داناوە بۆ بەهێزكردنی پەخشی رادیۆكە. یەكێكیان لەناوچەی گۆگجەلیلە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ".
وەسفی ردێنی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی دهۆك باسی پەخشی رادیۆكەی داعش دەكات و دەڵێت "پەخشی رادیۆ دەبێ لە 500 وات زیاتر نەبێت، بەڵام پەخشی رادیۆكەی داعش 1000 واتە، هەر بۆیەش پەخشەكەیان دەگاتە چەند ناوچەیەكی سەنتەری شاری دهۆك و هەندێك شوێنی دەڤەری ئامێدی".
وەسفی ردێنی رادیۆكەی داعش بە مەترسی دەزانێت، هەر بۆیە دەڵێت لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نووسراویان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن لە وەزارەتی رۆشنبیری كردووە.
هەڵگورد جوندیانی، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن بە (رووداو)ی گوت "لێژنەیەك لەسەر ئاستی وەزارەتی رۆشنبیری، ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن پێكهێنراوە بۆ چۆنیەتی رێگریكردن لە پەخشی ئەو رادیۆیە".
شارەزایێكی پەخشی رادیۆیی دەڵێ چارەسەری ئەمە ئاسانە، ئەویش بە دانانی دوو وێستگە (ترانسمیتەر) یەكێكیان لەسەر چیای زاوا لە دهۆك، ئەوی دیكەشیان لە مەخموور، پەخشێكی دیكە لەسەر هەمان فریكانسەكانی ئەوان دابنێن و چارەسەری بابەتەكە دەكات.
(رووداو) لە سەرچاوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە زانیویەتی پێشنیازكراوە بۆ بنكەی هەماهەنگی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەولێر كە تەلاری رادیۆكە لە ناو مووسڵ بۆردومان بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەوەیان نەكردووە.
13/7/2015
بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان ، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەرمووگوڕییان بەخۆیانەوە بینیوە ، بەڵام وەک فرۆشیاران دەڵین "بەردەوامی قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بازاڕی ئەوان دروستکردووە" ، گەنجانیش ئەمساڵ وەك ساڵانی پێشتر خۆشحاڵ نیین و بەشێکیان دەڵێن "ئەگەر ئەو قەیرانە داراییە بەردەوام بێت، ئەوا روودەکەنە دەرەوەی وڵات".
قەرەباڵخی و ئامادەکاریی بۆجەژن بە سیمای بازاڕەوە وایکردووە خەڵک زۆرتر بێنە دەرەوە و ببنە کڕیار، بەڵام ھەموو ئەو شتانەی گەنجان پێیەوە سەرقاڵن، قەیراناوین. نەبوونی پارە و مووچە و تەنانەت سەرھەڵگرتنی گەنجان بەرەو دەرەوەی وڵات و شەڕی داعش و ناکۆکی سیاسی نێوان حزیبەکان. بەڵام لەھەموو ئەوانە زیاتر، بێکاریی و بێ پارەیی باس و خواسی گەرمترە.
کۆژین مەحموود هاونیشتمانییەکی شاری سلێمانییە و دەڵێت " ئەو کێشانەی کە ئێمە لێرە بە بەردەوام باسی دەکەین لەگەڵ ھاوڕێکانمان، باسی ئەم قەیرانی داراییەیە کە کاریگەری لەسەر ھەموو شتێکی ژیانمان دروستکردووە، ئێمە دەمانەوێت ژیانمان خۆش بێت، بەڵام گەر وا بڕوات ئێمە ھەموومان دەچینە دەرەوە بەرەو ئەورووپا دەڕۆین".
باسوخواسی سەر مێزەکان جیاوازە، رەنگە گیرفانە پڕەکانی ئەوان ھێشتا قەیرانی دارایی کاریگەری تێنەکرد بێت، چونکە پلانەکانیان بۆ داھاتوو زیاتر سەرقاڵی کردوون.
بەشێکی دیکە لەوانەی لە نێو بازاڕەکاندا سەرقاڵی کڕینی کەلوپەلن زیاتر بۆ منداڵەکانیانە، چونکە لە دنیای منداڵدا وشەی قەیرانی دارایی بوونی نییە ئەوان جەژنانەیان دەوێت.
ھیلال یاسین وەک منداڵێک باسی کڕینی جلوبەرگ دەکات بۆ رۆژی جەژن و دەڵێت:" من باوکم پێشمەرگەیە و لەبەرەکانی شەڕە و دەزانم پارەش نییە، بەڵام دەبێت جلی جەژنم بۆ بکڕن".
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی پێش ساڵی 2014 خەرجی تاک 425 ھەزار دینار بووە بەڵام ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە باشووری کوردستان کرد وایکرد لە 26% خەرجیی تاک دابەزێت و کاریگەری لەسەر ھەموو چینەکانی کۆمەڵگا بکات.
12/7/2015
لە حاڵێکدا وادەی گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ، تاوەکو رۆژی دووشەممە 13ی جولای 2015 درێژ کراوەتەوە ، کۆشکی سپی رایگەیاندووە:" تاوەکو ئێستا هیچ کات بەمڕادەیە لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک نەبوونەتەوە".
جۆش ئیڕنێست گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسییدا رایگەیاند "ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی گرووپی 5+1 ، تاوەکو ئێستا هیچ کات بەمڕادەیە لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک نەبوونەتەوە، بەڵام پشوو درێژی شاندی ئەمریکیش سنوورێکی هەیە".
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی:" باراک ئۆبامای سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ، بۆ شاندی دانوستاندنکار، جەختی لەوە کردووە، کە تا ئەو کاتەی پێیانوایە دانوستاندنەکان بەسوودن ، لە گفتوگۆکان بەردەوام بن". روونیشی کردەوە کە:" ئەگەر بۆیان دەرکەوت ئێران بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی ماون، مەیلی مامەڵەی گونجاوی نییە ، ئەوا دەبێ دانوستاندنکاران بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان".
ئەوە لە حاڵێکدایە کە جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کەشی دانوستاندنەکانی رۆژی هەینی 10-7-2015 بە بونیاتنەر دەزانێ و دەڵێت:" هەندێک لەو کێشانەی مابوون ، چارەسەر کراون و بەرەوپێشچوون هەبووە".
ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا رایانگەیاند:" گەمارۆکانی سەر ئێران، تاوەکو سێ رۆژی دیکە درێژ دەکرێنەوە"، یەکێتی ئەورووپا هۆکاری درێژکردنەوەکەی بۆ ئەوە گەراندەوە کە" کاتی زیاتر تەرخان بکرێت بۆ چارەسەرێکی درێژخایەنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران".
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش لەو بارەیەوە گوتوویەتی : بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بۆ دانوستاندن هەبێت ، هەنگاوی پێویست دەنێین تاوەکو رێوشوێنەکانی (بەرنامەی کرداری هاوبەش) تا 13ی جولای وەک خۆی بمێنێتەوە".
فێدریکا مۆگرینی ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لەو بارەوە رایگەیاند :" دوو بابەتی تەواو سیاسی ماون کە دەبێ چارەسەر بکرێن".
مۆگرینی سەردانەکەی بۆ (سرێ برێنیکا) و بەشداریکردن لە ساڵوەگەڕی کوشتوبڕی ئەو شارەی هەڵوەشاندەوە، بۆ ئەوەی لە دانوستاندنەکانی ڤییەننا بەردەوام بێت.
هەندێ لە شرۆڤەکاران پێیانوایە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و گشتگیر لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا و حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران.
جەختلەوەیش دەکەنەوە، کە" بە رەچاوکردنی مەترسی روو لە زیادبوونی ئیسلامخوازان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەتوانێ ئاراستەی هەڵوێستی سیاسیی وڵاتان لە ناوچەکە بگۆڕێت".
12/7/2015
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، کە ئەگەر شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، قەلەموون و دەرعا لە سوریا بکەونە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا، ئەوا شاری قودسیش دەکەوێ، بۆیە حزبوڵڵا “رێگا نادات” سوریا بکەوێت.
حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا لە رۆژی جیهانیی قودس، کە ئێران ئەم رۆژەی لە دوا هەینی مانگی رەمەزان بۆ قودس داناوە، رایگەیاند، کە ”لەکاتێدا ئێمە لە سوریا شەڕ دەکەین، هەر کەسـێکمان شەهیدبێ، ئەوا لەپێناو سوریا، فەلەستی و لوبنان شەهید دەبێت“.
حەسەن نەسڕوڵڵا پێیوایە سوریا خۆی رادەگرێ و ”ئێمە لەگەڵ سوریاین، ئێمە لەگەڵ ئەوانەداین کە لەگەڵ سوریان“.
11/7/2015
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان KCK رایدەگەیەنێت: "چیتر قبوڵی بەکارهێنانی هەڵوێستی ئاگربەست ناکەین و لەبەرامبەر سیاسیەتی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد هەڵوێستمان دەبێت".
لەبەیاننامەیەکدا KCK ئەوەی خستووەتەڕوو: "ئاگربەست بەشێوەیەکی کردەیی لە ساڵی 2012 دەستیپێکرد و لە ساڵی 2013 بۆ رای گشتی راگەیەندرا، ئێستاش دوو ساڵ بەسەر ئەو ئاگربەستەدا تێدەپەڕێت، گەریلاکان لەو ماوەیەدا بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەیان کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا گوتوویەتی دەوڵەت هی منە و خۆم دەزانم چۆن مامەڵە دەکەم".
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە: "دەوڵەتی تورکیا بەردوام بووە لەسەر دروستکردنی بەنداو و قەرەقۆڵەکان، ئاگاداریش کراوەتەوە کە رێگا و بەنداو بە ئامانجی سەربازی دروستنەکات، خەڵکەکەشمان زۆرجار بووەتە قەڵغانێکی زیندوو لەبەردەم ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و زۆر وڵاتپارێز و گەنج ژیانی خۆیان لەدەستداوە."
لەبەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە" دروستکردنی ئەو بەنداوانە زۆر لە پێویستی وزەی باکووری کوردستان زیاترن" و هۆشداری ئەوە دراوەتە دەوڵەتی تورکیا کە "هەموو ئەو بەنداوانە دەکەینە ئامانج، گەیشتووینەتە ئەو بڕیارەی کە دروستکردنی هەموو بەنداوەکان رابگرین، لەبەر ئەوە هەرکەسێک لەو بەنداوانەدا کار دەکات دەبێ لەو شوێنانە دووربکەونەوە".
هەروەها گوتراوە کە دەستگیرکردنەکان کە لە باکووری کوردستان لەلایەن کەجەکەوە بێ وەڵام نامێننەوە و ئەو گرتنە ساسییانەی ئەنجام دەدرێن شەڕێکە و بەرامبەر بە کورد راگەیەندراوە.
12/7/2015