ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی سووریا (پەیەدە) رایگەیاند:" ئەگەر سوپای سووریا بە بیرکردنەوەیەکی نوێ و بە مەرجی نوێ بیەوێ بگەڕێتەوە ناوچەکانمان رێگا دەدەین".
ساڵح موسلیم زۆرتر دەڵێ "گومانم نییە هەواڵگری سووریا لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەوە ئازادکراوەکانی بەندیخانەکانی سووریا خەڵکی خۆی بۆ دزەکردنە نێو داعش و هاوشێوەکانی بنێرن، ئەوان بە ئەزموونن لەم کارەدا، بەهەرحاڵ ئەمە یارییەکی ترسناکە و پێموایە داعش تەنیا یەک سەر و یەک جەستە نییە".
هاوسەرۆکی پەیەدە پێیوایە:" ئەو داعشەی هێرش دەکاتە سەر کورد پەیوەندی بە چەند لایەنێکی تورکییەوە هەبوو، ئەوکاتەی داعش گۆڤارێک دەردەکات بە ناوی دابق ئەمە پەیوەندی بە واتا تورکییەکانییەوە هەیە".
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی سووریا دەشڵێ "وادیارە دامەزراوەکانی رژێمی سووریا یاری ترسناکیان کردووە، ئاخۆ جێی سەرنج نییە رێکخراوە ئیسلامییەکان لە حەلەب لە نێو خۆیاندا بجەنگن، لە ناوچەیەکی نزیک لە بەرەی شەڕ لەگەڵ سوپای رژێم".
ساڵح موسلیم لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دابینکردنی پاڵپشتی سەرەکییەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان دەڵێ "گەلەکەمان لە باشووری کوردستان یارمەتیمان دەدات، گەلەکەمان لە باکوور لە پرسە مرۆییەکان یارمەتیمان دەدات، هاوکارییەکان لە کوردستانی عێراقەوە دارایی بوون و چەکیشیان لەگەڵدا بوو، کوردانی ئەوروپا کە ژمارەیان نزیکەی دوو ملیۆنە رۆڵی خۆیان گێڕاوە. بێگومان رێکخراوی مرۆیش هەن و مانگی سووری کوردستانیش".
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی سووریا لەبارەی ئەگەری کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو سووریا لەلایەن رژێمی ئەو وڵاتەوە دەڵێ "پێموانییە هیچکات سووریا بگەڕێتەوە دۆخی جاران، ئێمە بەراستی لەپێناو سووریای دیموکراتی و فیدراڵی هەوڵدەدەین".
دەشڵێت:" ئەگەر سوپای سووریا بە بیرکردنەوەیەکی نوێ و بە مەرجی نوێ بیەوێ بگەرێتەوە ناوچەکانمان بۆ نا. ئەوکات یەکینەکانی پاراستنی گەل دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵام گەڕانەوەی سوپای بە ئەقڵییەتی بەعس و هەواڵگری بەهیچ شێوەیەک جێی قبوڵ نییە، ناگەڕێینەوە بۆ رابردوو".
ساڵح موسلیم هاوکات لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی مەرجی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە بەردەوام دیاریکردنی چارەی سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەدیان کردووەتەوە مەرجی چارەسەر، دەڵێ "پێموایە هەڵەیە چارەنووسی گەلێک و دەوڵەتێک بە چارەنووسی تاقە کەسێک ببەستیتەوە".
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی سووریا لەبارەی بۆچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سووریا دەڵێ "ئەو دەیزانی ئەو پەیوەندییە بۆ بەرژەوەندی هەردوولا هەیە".
26/7/2015
فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە، ئەو پارێزگایە وەک ماڵێکی بێ حەسار لە قەڵەم دەدات و داوا لە حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران دەکات:" بودجەی پێویست بۆ داخستنی سنوورەکانی پارێزگای سنە تەرخان بکات".
محەممەد حوسێن رەجەبی، فەرماندەی سوپای پارێزگای سنە، لە میانەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ئەو پارێزگایە گوتی:" ئەم پارێزگایە 230 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ باشووری کوردستاندا هەیە، کە سنوورێکی ئاڵۆز، سرووشتی و دەستەمۆ نەکراوە و پەیوەندییەکی ئینسانی و جوگرافیایی زیندوویی تێدایە".
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران، گوتیشی "سنوورەکانی ئێران بە هێزی ئینسانی دەپارێزرێ، بەڵام لە زۆر لە وڵاتانی دیکە سنوورەکان بە ئامێر و کەرەستە تایبەتەکان دەپارێزرێن".
رەجەبی داوا لە حەسەن روحانی دەکات، لەم سەردانەیدا سەرنجێکی تایبەت بە پرسی سنوورەکان بدات.
بەگوتەی رەجەبی لە:" 230 کیلۆمەتر سنوور، تەنیا 30 کیلۆمەتری بە تەواوی داخراوە". ئەو داخستنی سنوورەکان وەک هۆکارێک بۆ" ئارامبوون و گەشە و پەرەسەندن لە قەڵەم دا".
حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26-7-2015 لە رێگەی فڕۆکەخانەی سنە-وە گەییشتە ئەو پارێزگایە و لەلایەن پارێزگاری سنە، نوێنەرانی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی ئێران و نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگای سنە پێشوازی لێکرا.
مەسعود بارانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای راگرتنی دەست بەجێی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکای دەکات بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە باسنیوزی راگەیاند، سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆن بە ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیا کردووە و داوای لێکردووە دەست بەجێ بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر بارەگاکانی پەکەکە رابگرێت،
هەر لە پەیوەندییەکەیدا سەرۆک بارزانی داواشی کردووە، کە پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن. دووپاتی هەڵوێستی خۆیشی کردووەتەوە، بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و وەلانانی چەک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان.
شەوی رابردوو، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لە چەندین شوێنی جیاواز لە باشووری کوردستان بۆرودمانی بارەگاکانی گەریلاکانی پەکەکەیان کرد. سەرۆک بارزانیش لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام داوای چارەسەرییەکی ئاشتییانەی بۆپ پری کورد کردووە لە باکووری کوردستان و نێوانگیری لە نێوان قەندیل و بەرپرسانی تورکیا کردووە.
25/7/2015
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند وادیارە تورکیا لەوە ترسا شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لەسەر خاکی خۆی هەڵبگیرسێ.
رۆژنامەی گاردیان لە گوتاری دەستپێکی ژمارەی ئەمڕۆیدا لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە دژی رێکخراوی داعش لە سووریا و رێگەدان بە بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانی تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر داعش، زۆرتر دەڵێ: "ئەگەر هەیە ئەم پێشهاتانە گۆڕانێکی مێژوویی بن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرئەنجامەکانی هەنگاوەکانی تورکیا، کە بریتین لە جوڵەی سەربازی و توندترکردنی رێوشوێنی ئەمنی و دەستگیرکردنی گومانلێکراوان کە بە سیخوڕی دەوڵەتی ئیسلامی و چەکدارانی کورد دەناسرێن".
گاردیان هەروەها نووسیویەتی " ئەگەری هەیە ئەمە بەراستی ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئەنجامەکانی هەڵمەتی ئاسمانی و کەمکردنەوەی چوونی پارە و چەک و چەکدار بۆ نێو داعش".
رۆژنامە بەریتانییەکە دەشڵێ "ئەم دەستکەوتانە تاقە دەرئەنجامەکانی ئەم هەنگاوە نابن و دەرئەنجامی ئاڵۆزتری لێدەبێتەوە لەسەر زەوی لە تورکیا".
گاردیان ئاماژەش دەکات کە "کێشەکە لەسەرەتاوە بریتییە لەوەی کە ئەنقەرە هەوڵی دەدا کەشی دووژمنایەتی لەگەڵ رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و پارتی کرێکارانی کوردستان رابگرێ، هەرچەندە دانووستانەکانی لەگەڵ بزوتنەوە جووداخوازە دێرینە کوردییەکە و سەرکردەی بەندکراو عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 2012وە، بەڵام ئەنقەرە لەهەمان کاتدا هەوڵی بەهێزکردنی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەدا لە دژی کورد".
رۆژنامەی گاردیان هاوکات دەڵێ "وادیارە تورکیا بەم دواییە لەوە ترسا شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر خاکی تورکیا هەڵبگیرسێ، بەتایبەت دوای تەقینەوە خۆکوژییەکەی پرسووس کە بووە هۆی کوژرانی 32 کەس لە شارۆچکە نزیکەکە لە سنووری سووریا و رووداوەکە چەند هێرشێکی پارتی کرێکارانی کوردستانی بۆ سەر پۆلیسی تورکیا بەدوای خۆیەوە هێنا، بە بیانوی ئەوەی پۆلیس شکستی هێنا لە پاراستنی کورد".
لەکۆتاییدا رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەش دەکات کە "کلیلی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی دژبەیەکی تورکیا بریتییە لە ترسی تورکیا لە ئەگەری سەرکەوتنی کورد لە کۆتاییدا، ئەمەش هانیان دەدات داوای مافی خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) بکەن، کە تورکیا رەتیدەکاتەوە".
25/7/2015
قاسم ئەلمحەممەدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند ''لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا و بە هاوکاری هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەکدارانی حەشدی شەعبی توانرا ناوچەی تەل مشێهید لە رۆژهەڵاتی رومادی کۆنترۆڵ بکرێتەوە و زیاتر لە 22 چەکداری داعش بکوژرێن.
ئەلمحەممەدی گوتیشی '' هێزەکانی ئەندازیاری سەربازی توانیویانە 25 بۆمبی چێندراو لە ناوچەی دەربەند لە رۆژهەڵاتی رومادی پووچەڵ بکەنەوە، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان توانیویانە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەک و تەقەمەنی داعش لە ناوچەی ئەلبو عیسە بۆردوومان بکەن''.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی و پۆلیسی ئیتحادی توانراوە هێڵی گەیاندنی کۆمەک بۆ چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی ئەلحوسەیبە و سەجارییە بگرن و دواتریش توانراوە تەل مشێهید کۆنترۆڵ بکەنەوە.
دوای راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنبار لە 13-ی تەمموزی 2015 لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراق، هێزە ئەمنییەکانی عێراق گەمارۆی چەندین ناوچەی ژێر دەستی داعشیان داوە و لە هەندێک ناوچەشدا پێشڕەوییانکردووە.
25/7/2015
گوتەبێژێك بەناوی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی لیستی ئەو چەک و پێداویستییانەی کە بۆ رۆژئاوای کوردستانیان ناردووە و دەقی نامەیەکی سوپاسگوزاری ساڵح موسلم بۆ بارزانی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "هاوكاریكردنی خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا و یارمەتیدانی كۆبانێ ئەركێكی نەتەوەیی بوو. هەر لە سەرەتای دەستپێكی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر رۆژئاوا هەتا ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر یارمەتیی مرۆیی و سەربازیی رۆژئاوای داوە". هەروەها دەڵێت "بۆ ئاگاداربوونی رای گشتیی كوردستان لیستی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازیانە كە لە رێككەوتی 6ـی 8ـی 2013 هەتا 30ـی 6ـی 2015 هەرێمی كوردستان بۆخەڵكی رۆژئاوا ناردوویەتی بڵاو دەكەینەوە".
جگە لە لیستی هاوکارییەکان، نامەیەکی ساڵح موسلیمیشیان بۆ بارزانی بڵاوکردووەتەوە.
روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتیی كوردستان
هاوكاریكردنی خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا و یارمەتیدانی كۆبانێ ئەركێكی نەتەوەیی بوو. هەر لە سەرەتای دەستپێكی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوا هەتا ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر یارمەتیی مرۆیی و سەربازیی ڕۆژئاوای داوە. بۆ ئاگاداربوونی ڕای گشتیی كوردستان لیستی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازیانە كە لە ڕێككەوتی 6ـی 8ـی 2013 هەتا 30ـی 6ـی 2015 هەرێمی كوردستان بۆخەڵكی ڕۆژئاوا ناردوویەتی بڵاودەكەینەوە.
"هەروەها نامەی سوپاسگوزاریی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە دەخەینە بەردیدی ڕای گشتیی كوردستان كە لە 15ـی 10ـی 2014 بۆبەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ناردووە و، تێیدا سوپاسی بەڕێزیان دەكات لە بەرانبەر ئەو چەك و یارمەتیانەی هەرێم ڕەوانەی كردووە بۆ پشتگیریی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوا".
گوتەبێژێك لە فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان
25ـی 7ـی 2015
دەقی نامەی سوپاسگوزاری و داواكاریی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە بۆ بارزانی
بەڕێز مەسعود بارزانی
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
لەدڵەوە سوپاسی پاڵپشتیی ئێوە دەكەین لەبەرانبەر ئەو بەرخودانە پیرۆزەی كە لە کۆبانی و لەگشت ڕۆژئاوای كوردستاندا بەردەوامە.
لەگەڵ ئەم نامەیە لیستی پێداویستیە بەپەلەكانی خۆمانتان بۆ دەنووسین. وەك چۆن قسەمان لەسەری كردووە. ئومێدەوارین لەماوەیەكی كورتدا دابینبكرێت.
لەگەڵ ڕێزی لەدڵەوە.
ساڵح موسلیم
15.10.2014
ماوەی سێ ساڵە تورکیا داوای "هەرێمی ئارام" دەکات، دواجار ئەمریکا و تورکیا لەسەر هەندێک هەنگاو لەبارەی سووریاوە رێککەوتن.
بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی میدیای تورکیا باسی لێوە دەکات، بنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیک لە تورکیا بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتانە دەکرێتەوە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییان دژی داعش پێکهێناوە.
لەبەرامبەر تەرخانکردنی بنکەی ئەنجەرلیک ئەمریکا بەڵێنی بە تورکیا داوە بەقوڵایی 90 کم "هەرێمی ئارام" دروستبکرێت.
هەرێمی ئارام لە کوێ دەبێت؟
هەرێمی ئارام دەکەوێتە سنووری نێوان تورکیا- سووریا و لەنێوان مارع - جەرابلوس بە قوڵایی 90 کم دەبێت، ئەو 90 کیلۆمەترە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە چاودێری دەکرێت، لە کاتی پێویستیشدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەتوانن ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تێدا ئەنجام بدەن.
بنکەی ئەنجەرلیکیش بۆ چاودێری تەکنیکی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان کراوە دەبێت و تیمێکی سەربازی 40-50 کەسی دەچنە ئەنجەرلیک. هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی ئەنجەرلیکەوە چاودێری سووریا دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە تورکیا لە ساڵی 2011ـەوە رێگای بە ئەمریکا داوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی ئەنجەرلیکەوە بۆ چاودێری ئەمنی لە سووریا بەکاربهێنێ و لەوکاتەوە 4 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان براونەتە ئەو بنکەیە، لە مانگی ئاداری 2011ـش یەکێک لە فڕۆکەکان لە لازقییە کەوتەخوارەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارە ئەنتۆنی بلینکەن، یاریدەدەری وەزییری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی تورکیا بکات.
سەردانەکە 30 تەمموزی 2015 ئەنجامدەدرێت و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە، بەپێی هەواڵیکی میدیای تورکیا جگە لە کۆبوونەوەی بلینکەن لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دیدارێک ئەنجامدەدات.
بلینکەن بەر لەوەی سەردانی تورکیا بکات لە 27 تاوەکو 30 تەمموز سەردانی ئیسپانیا، ئیتالیا و ڤاتیکان دەکات.
هەرێمی ئارام چییە؟
هەرێمی ئارام كە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێ buffer zone ، ئەو ناوچانەن كە وەك كەلێنێك دەخرێنە نێوان دوو گرووپ یاخود لایەنی شەڕ، بۆ ئەوەی لەیەكدی جیاببنەوە و سەنگەر لەیەكدی نەگرن. بەزۆریش لەنێوان هێزە سەربازییەكاندا دروستدەكرێت، كە ئامانج لێی پاراستنی خەڵكی سڤیلە لەو شەڕانەی لە ناوچە و وڵاتێكی دیاریكراودا روودەدات، سنووری هەرێمی ئارام پێویستە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەستنیشان بكرێت.
یەكێك لە نموونەی ئەو هەرێمە ئارامانەی كە لەمێژووی نزیك دانرا، 23 ساڵ لە مەوبەر و دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكەی كورد لە ئاداری 1991 بوو، كاتێك ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێڵی 36ی وەك ناوچەی پارێزگاری بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكرد، لەوكاتەوە فڕۆكە جەنگییەكان و سوپای عێراق رێگەی لێگیرا لە ئاسمان و زەوی لەڕووی سەربازییەوە مەترسی بخاتە سەر باشووری كوردستان.
توركیا لە مانگی تشرینی یەكەمی 2011، واتە دوای 7 مانگ لە دەستپێكردنی شەڕی نێوخۆیی سووریا، بیری لە پێكهێنانی هەرێمێكی ئارام كردووەتەوە و هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە دەستپێكردوون. پەرلەمانی توركیا ساڵی 2014 پڕۆژەبڕیارێكی پەسندكرد، كە رێگا بە هێزە چەكدارەكانی توركیا دەدات لەدەرەوەی سنووری وڵاتەكەیان ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەن.
24/7/2015
ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گەیشتە ئۆفیسی نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر و ئێستا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدایە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شاندی یاوەری ئەمڕۆ هەینی 24-7-2015 گەیشتنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازییان لێدەكرێت.
24/7/2015
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی، ژمارەیەك کۆگای چەک و تەقەمەنی حوسییەکانیان لە پارێزگای شەبووە تەقاندوونەتەوە، هاوکات بنکەو بارەگاكانی چەکدارە حوسییەکانیان لە دەوروبەری شاری سەعدە بە چڕی بۆردوومانکردوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی یەمەنی رایگەیاند " بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24 ی تەمموزی 2015، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی بنکەو بارەگای چەکدارە حوسییەکانیان لە دەوروبەری شاری سەعدە بە چڕی بۆردوومانکردوون و 44 هێرشی ئاسمانیان کردوونەتە سەر حوسییەکان".
سەرچاوە ئەمنییەکە گوتیشی " فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتانی عەرەبی بەچڕی هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارە حوسییەکان لە سەعدە و، بەو هۆیەوە ژمارەیەک چەکداری حوسی کوژراون و برینداربوون، چەند بنکەیەکیشیان وێرانکراون".
هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی عەرەبی، ژمارەیەك کۆگای چەک و تەقەمەنی حوسییەکانیان لە پارێزگای شەبووە تەقاندوونەتەوە، شەڕ و پێکدادانێکی قورسیش لەنێوان چەکدارانی حوسی و بەرگری میللی روویداوە، بەو هۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
24/7/2015
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆککۆماری تورکیا، لەرێگەی پەیوەندی تەلەفونەوە بارودۆخی ئێستای تورکیا وناوچەکەیان تاوتوێکردووە و هاوکات رێککەوتوون لەبارەی توندکردنی سنوورەکانی تورکیا بۆ دزەنەکردنی خەڵکانی بیانی بۆ نێو خاکی سووریا.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند:" شەوی پێنجشەممە ٢٣ی تەمموزی ٢٠١٥، باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنەوە بارودۆخی ئێستای تورکیاو ناوچەکەیان تاوتوێکردووە و یەکێک لەمژارە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو سەرۆک، قسەکردن بووە لەسەر بارودۆخی ئێستای سووریا و رەوشی ئەمنی نێوان سنوورەکانی هەردوو وڵات".
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، باراک ئۆباما و ئەردۆگان لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوانیاندا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە تورکیا سنوورەکانی لەگەڵ سووریا توندبکات و زیاتر کۆنترۆڵی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا بکات.
بەیاننامەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، باراک ئۆباما داوای لە ئۆردوگان کردووە، رێگە نەدەن خەڵکی بیانی خاک و سنووری تورکیا بەکاربهێنن بۆئەوەی لەرێگەی سنووری تورکیاوە دزەبکەنە نێو خاکی سووریا بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە رێکخراوی داعش و هاوکات هەردوو لا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە سنوورەکانی تورکیا کۆنتڕۆڵبکرێت.
23/7/2015
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات، ئەمریکا بەشداری شەڕی زەمینی ناکات لە خورھەڵاتی ناوەراست وهاوکات دەشڵێ " ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەگەرچی خوازیارین کە ئاشتی لە سەرجەم وڵاتان بەرقەرار بێت.
لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە کۆنگرەی نیشتمانی لە ولایەتی بەنسلڤانیا کە تایبەتبوو بە سەربازانی پێشووی ئەمریکا ، باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند:" ئەمریکا بەشداری شەڕی زەمینی ناکات لە خورھەڵاتی ناوەراست، هاوکات بەشدارینەکردنی هێزەکانی زەمینی ئەمریکا لە بەرژەوەندی سوپا و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دایە و ئەو بڕيارەشمان بە سەرکەوتووی سیاسەتی ئەمریکا تەواو دەبێت".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتیشی :" سوپای ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆیداوە لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ، بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا و هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان زیانی زۆریان بەداعش گەیاندووە و بەردەوامیش دەبین لە بەرەنگاربوونەوە و شەڕی تیرۆر".
باراک ئۆباما لەبەردەم ئەفسەرو سەربازانی پێشووی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا بەلایەوە گرینگە کە ئاشتی لە سەرجەم وڵاتان بەرقەرار بێت و شەڕ سەرهەڵنەدات، بەڵام کاتێک تیرۆر هەڕەشە لەجیهان دەکات ئەوا ئێمەش هەموو تواناکانمان بەکاردەهێنین بۆ رووبەرووبوونەوەیان.
23/7/2015
سەرچاوە دادوەرییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هاوسەرەکەی رووبەڕووی پشکنینی دادوەری دەبنەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوە دەکەن، دادگا دەست بە لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر کەیسی سەرۆکوەزیران و هاوسەرەکەی دەکات، بەتۆمەتی ئەوەی ماڵی گشتییان لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتیدا بەکارهێناوە.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو 21ی تەمووز داواکاری گشتی ئیسرائیل، فەرمانی بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی لەو دۆسیەیە کردووە و ئێستا ئەو دۆسیەیە لە دادگا کاری لەسەر دەکرێت.
ئەو تۆمەتانەی لەسەر سەرۆکوەزیران هەن باس لەوە دەکەن کە شێوازی ژیانی ناتانیاهۆ و هاوسەرەکەی لەچاو ژیانی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیلیدا زۆر جیاوازی هەیە و خەرجییەکانیان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بۆیە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە سامانی گشتییان بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان بەکارهێنابێت.
راپۆرتێکی دەستەی چاودێری لە وەزارەتی دادی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کردووە چەندین ئاماژە هەن باس لەوە دەکەن، ناتانیاهۆ و هاوسەرەکەی" سامانی گشتییان تەنانەت بۆ کڕینی شتومەک لە سوپەرمارکێت، مۆبیلیات بەکارهێناوەو تەنانەت باخچە و خانووی تایبەتیشیان کڕیوە".
22/7/2015
پەیامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە لەدوای تەقینەوەکەی پرسووس و شەهیدبوونی 32 گەنج و چالاكڤان بڵاویکردەوە، تورکە نەتەوەپەرستەكانی تووڕەكردووە.
دامەزراوەی سەدەی بیست و یەکەم کە دامەزراوەیەکی سەر بە پارتی نەتەوەیی تورکی مەهەپەیە، رەخنەی لە پەیامەکەی بارزانی گرت، چونکە ناوی ''باکووری کوردستان'' ی بردووە، نووسەرێکی نەتەوەپەرستی تورکیش دەپرسێت بۆچی بارزانی کردەوەکانی پەکەکە ئیدانە ناکات؟
مویەسەر یڵدز، نووسەری نەتەوەپەرستی تورک گوتوویەتی کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستەواژەی ''پرسووس'' و "باکووری کوردستان''ی لە بەیاننامەکەیدا بەکارهێناون، ئەو پێیوایە هیچ شوێنێک بەو دوو ناوەوە نین.
پرسووس ناوە کوردییەکەی شارۆچکەیەكی سەر بە پارێزگای رووهایە و هاووسنوورە لەگەڵ كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، دەوڵەتی تورکیا ناوەکەی بۆ سوروچ گۆڕیوە.
رۆژی 20ی تەمموزی 2015، لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە پرسووس، 32 کەس شەهیدبوون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەیاننامەیەکیشدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تەقینەوەکەی ئیدانەکرد و بە سەرەتای دۆڕانی تیرۆریستانی لەقەڵەمدا.
دەقی پەیامەکەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:
ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
ڕۆژی دووشەممە 20ـی 7ـی 2015 كردەوەیەكی تیرۆریستی لە سەنتەرێكی كولتووریی گەنجان لە شارۆچكەی پرسووسی سەر بە ئۆرفای باكووری كوردستان ڕوویدا و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتیی ئەو ناوچەیە. زۆر بە توندی ئەو كردەوە نامرۆڤانە و دڕندانەیە ئیدانە دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و ئومێدی چاكبوونەوەیش بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەخوازین و هاوخەمی خۆمان بە خوشك و براكانمان لە باكوور ڕادەگەیێنین.
تاوانی شەهیدكردنی هاووڵاتیان و ئەنجامدانی كردەوەی دڕندانە، نیشانەی شكست و پەلەقاژەی تیرۆریستانە كە دژی هەموو بەهایەكی مرۆڤی و ئایینین. لەوەیش دڵنیاین كرداری تیرۆریستیی لەمجۆرە ئیرادەی هەموو لایەك بەهێزتر دەكات بۆ لەناوبردن و تێكشكاندنی تیرۆریستان.
سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان
شكست و سەرشۆڕیش بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
20ـی 7ـی 2015
لەسەر وروژاندنی پرسی دوو ئیدارەیی لە باشووری كوردستان و گەڕاندنەوەی باردۆخی ئیداری و سیاسی بۆ پێش كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێنج لایەنە سەرەكییەكەی نێو پەرلەمانی كوردستان كە خاوەنی 96 كورسین، دژایەتی خۆیان بۆ باسكردنی ئەو پرسە رادەگەیێنێن.
رۆژی شەممە 18ی تەمموزی 2015، لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا كاتێك خەریكی بەسەركردنەوەی ژمارەیەك سەنگەری پێشمەرگەبوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند " ئەوانەی باسی دوو ئیدارەیی دەكەن دیارە پەند لە مێژوو وەرناگرن، ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی گەلەكەمان بۆ ئەوە نەبووە كوردستان دابەشبكرێت و نابێ بەخەیاڵیش بیری لێبكرێتەوە ، كەس ناتوانێ هەرێمی كوردستان لەت بكات و ئەوەی بە یەك ئیدارەیی و یەكگرتنەوەی كوردستان قایل نییە، ئازادە لەوەی شوێنێكی دیكە بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت".
پارتی: دوو ئیدارەی كوفرە
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی (پ د ك) لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " پێویستە هەموو هێز و لایەنە كوردستانییەكان پەند لە رابردوو وەربگرین و بەرەو ئامانجە باڵاكانی گەلەكەمان بچین، كە ئەویش سەربەخۆيی كوردستان و جاڕدانی سەربەخۆبی ئابوورییە لەم قۆناخەدا، ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ یەكپارچەیی كوردستان و پاراستنی یەكڕیزی گەلەكەمانداین پێمانوایە باسكردنی دوو ئیدارەی كوفر و خیانەتی نیشتمانییە".
گۆڕان: ئێمە پارێزەری یەك ئیدارەین
برزۆ مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی گوت " ئێمە پێشتر كاتێك ئۆپۆزیسیۆن بووین داوای یەك ئیدارەیی و یەكخستنەوەی دارایی و پێشمەرگەو ئاسایشمان دەكرد، ئێستا كە لە دەسەڵاتین خۆمان بە پارێزەری یەك ئیدارەیی دەزانین و هەوڵەكانمان بۆ یەكخستنەوەی هەردوو ئیدارەی پێشوو خستووەتەگەر".
یەكێتی: دوو ئیدارەیی بەهەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوە
بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی (ی ن ك) لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" یەكێتی نە لە رابردوودا و نە ئێستا خوازیاری دوو ئیدارەیی نییە و خزمەتی بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان ناكات، ئێمە پێمانوایە گەلەكەمان لە بەردەم دەرفەتێكی مێژوویی گەورەدایە و پێویستە یەكڕیزی و یەكێتی نێو ماڵی كورد بپارێزین، بۆیە دوو ئیدارەیی بەهەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوە و پێمانوایە ئەزموونێكی تاڵی نەخوازراو بووە".
یەكگرتوو: بەخەیاڵ بیركردنەوە لە دوو ئیدارەیی خیانەتە
ئەبوبەكر هەڵەدنی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ رووداو دەڵێ:" تەنانەت بیركردنەوە لە دوو ئیدارەیش خیانەتی نیشتمانییە، بۆیە هەر هێز و لایەنێك بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەو بابەتە بوروژێنێ پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت، گەلی كوردستان رێگا نادات دووچاری پارچەبوون و دوو ئیدارەیی ببێتەوە، كورد تاوەكو ئێستا باجی دوولەتی شۆڕش دەدات، ئێستا دوای ئەم هەموو قوربانیدان خوێنڕشتنەی شەهیدان باسی دوو ئیدارەیی دەكرێت، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك لەژێر هەر پاساو و ناوێك ئەو بابەتانە رەتدەكەینەوە".
كۆمەڵ: دەبێت پارچەكانی یەكبخەینەوە نەك باسی دوو ئیدارەیی بكەین
مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" ئێمە خوازیاری یەكگرتنەوەی پارچەكانی كوردستانین نەك دوو ئیدارەیی، ئەوانەی باسی دوو ئیدارەی دەكەن پێویستە چاوێك بە ئینتیمای كوردایەتی خۆیان بخشێننەوە، كوردستان سەرەڕای قەیرانی سیاسی و ئابووری، بەڵام هەنگاو بەرەوە سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوون دەنێت، بۆیە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی هەرێمی كوردستان بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی خیانەتێكی گەروەیە لە گەلی كوردستان".
پارتی دیموكراتی كوردستان لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی 38 كورسییە، بزووتنەوەی گۆڕان 24 كورسی، یەكێتیی نشتمانیی كوردستان 18 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان خاوەنی 6 كورسییە.
20/7/2015
رۆژی 22-7-2015 دوو پۆلیسی تورک لە شوێنی مانەوەی خۆیان بە کوژراوی دۆزرانەوە.
کاتێک هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە سەر تەرمی دوو پۆلیسەکە، بۆیان دەرکەوتووە کە فیشەک بەسەریانەوە بووە و پێ دەچێت شەوی پێشوو کوژرابێتن و تەرمەکانیان بەجێهێڵدرابێت.
پۆلیسی روها لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی بکەرانی رووداوەکە.
دوو رۆژ پێشتر لە شارۆچکەی پرسووسی سەر بە پارێزگای روها لە باکووری کوردستان تەقینەیەک روویدا لەکاتی کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک گەنجی سەر بە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی گەنجانی سۆسیالیست کە شەهیدبوونی 32 کسی لێکەوتەوە.
22/7/2015