ژووری جڤاکی حکومەتی رووسیای فیدراڵ، هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی داعشی لە وڵاتەکەی راگەیاند، بەمەبەستی رێگریکردن لە زیاتر پەلکێشکردنی خەڵکی رووسیا بۆ نێو ریزەكانی.
دوایین هەوڵی گرووپی داعش بۆ زیاتر راکێشانی خەڵکی رووسیا بۆلای خۆی، ئەوەبوو کە ماڵپەڕەکەیانی بە زمانی رووسی کردەوە، رووسەکانیش پێیانوایە ئەوە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پەرەسەندنی بیری داعش ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت.
داعش کار لەسەر راکێشانی خەڵکی رووسیا دەکات بۆلای خۆی، بەتایبەتی خەڵکی ئەو ناوچانەی کە موسوڵمانن وەکو هەرێمی قەفقاز، لەنێو ئەو هەرێمەدا چەندین کۆماری موسڵماننشین هەن وەکو کۆماری چیچان، لەوێ بیری ئیسلامی رادیکاڵی زۆر بەربڵاوە و زۆربەی کۆمارەکانی ئەوێ لە رابردوودا ناکۆکی و شەڕی گەورەیان لەگەڵ حکومەتی رووسیا هەبووە. ئێستاش ئاسەواری ئەو ناکۆکییە ماوە.
3/8/2015
ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو سەبارەت بە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و شەهیدبوونی هاونیشتمانیانی کورد لە باشووری کوردستان، لەكاتی میوانداریكردنی ژمارەیەك رۆژنامەڤان رایگەیاند " وەکو ئەمریکا بەرامبەر بەشەهیدبوونی هاونیشتمانیانی کورد و ئەنجامدانی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانین".
هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئیدانەی کوشتنی دوو پۆلیسەکەی تورکیای لەلایەن پەکەکەوە کرد و بە کارێکی تیرۆریستیش ناوی برد، ئاماژەی بەوەشدا تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
ستیوارت جۆنز راشیگەیاند" ئەمریکا لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی حکومەتی ناوەندییەوە بەردەوامدەبێت". سەردانەکەی ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی وڵاـەكەشی بۆ هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی ئەرێنی وەسفکرد.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رەتیشیکردەوە دوای وەدەرنانی داعش لە عێراق پشتیوانی لە دروستبوونی هەرێمێکی سوننی بکەن، گوتیشی" ئەمریکا پاڵپشتی لەیەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات". ئاشکراشیکرد، ئەمریکا بڕی 8 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی سندووقی نێودەوڵەتی بەمەبەستی بنیاتنانەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان بە عێراق داوە.
هەروەها گوتیشی" ئەمریکا لە بنکەی سەربازی حەبانییە، مەشق و راهێنانی بە هەزار چەکداری عێراقی کردووە و مەشق و راهێنانەکانیش کۆتاییان هاتووە، هەروەها ئەمریکا لە ناردنی فڕۆکەی F16 بەپێی رێککەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمریکا بەردەوامدەبێت".جەختیشیکردەوە، فڕۆکەکان بۆ پاراستنی خاکی عێراقن بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەكاردێن، رەتیشیکردەوە ئەو فڕۆکانەی جۆری F16 كە بە عێراق دراون هەمان ئەو فڕۆکانە نەبن کە ئەمریکا بەوڵاتانی دیکەیان دەفرۆشێت.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا 3 هەزار هێرشی ئاسمانیان بۆسەر چەکدارانی داعش لە عێراق ئەنجامداوە، بەو هۆیەش زیاتر لە 15 هەزار چەکداری داعش کوژراون، ئەمەش بەپشتبەستن بووە بە زانیاری هەواڵگری.
3/8/2015
ئاكۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، لەكاتی پێشكەشكردنی بەرهەمەكانی سهمفۆنی و كۆراڵی پێشمهرگه و شنگال كە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر نمایشكران، گوتارێكی پێشكەشكرد و گوتی " بینەر و بیسەر و خوێنەری كورد لەدوای رووداوەوە مایك و كامێرایەكی چالاكی هەیە و پرسیارەكانی خەڵكی كوردستان دەگەیێنێتە كاریگەرترین ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی جیهان و ، دیمەنی رووداوەكانی هەموو جیهانیش بە كوردی پیشانی هەموو كورد دەدات".
رووداو پرسیارەكانی خەڵكی كوردستان دەگەیێنێتە كاریگەرترین نێوەندەكانی بڕیار
له یهكهمین ساڵیادی شهڕی داعش و كۆمهڵكوژی كوردانی ئێزدی لە دهڤهری شنگال، تۆڕی میدیایی رووداو دوو بهرههمی سهمفۆنی و كۆراڵی پێشمهرگه و شنگالی هونهرمهندی نێوداری كورد دڵشاد محهمهد سهعید لە شارەكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك نمایشدهكات، كه ئۆركێسترای نیشتیمانی چیك و ژمارهیهك هونهرمهندی گۆرانیبێژی كورد تێیدا بهشدارن.
وێڕای سوپاسكردنی هونەرمەندان و بەشداربووان و بەڕێوەبەرایەتیی هۆتێل دیڤان كە میوانداری هونەرمەندان و بەشێك لە خەرجییەكانی لەئەستۆگرتووە، ئاكۆ محەممەد سوپاسی هونەرمەند دڵشاد سهعیدی كرد بۆ ئەم بەرهەمانەو پێشنیازكردنی ئەنجامدانی كارێكی لەمشێوەیە بۆ پێشمەرگە و شنگال، بەڕێوەبەری گشتیی رووداو گوتی " ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی رووداو ، وەك بەرهەمی هەمان ئەو روانگە فراوانە دوو بەرهەمی ناوازەی سیمفۆنی پێشكەشی ئێوەی بەڕێز دەكات ، كە ئەوانیش بەرهەمی ( پێشمەرگە) و ( شنگال) ن. ئەو دوو بەرهەمە ئەنجامی دووساڵ كار و ماندووبوونی هونەرمەندی نێوداری كورد دڵشاد سەعیدن . پێشمەرگە و شنگال ئەمڕۆ لە جیهاندا دوو ناوی ناسراون ، بەو دوو بەرهەمە ئەو دوو ناوە دەچنە لای ئەو كەس و ماڵانەی لەجیهاندا بەدوای بەرهەمی ناوازەی هونەریی گەلاندا دەگەڕێن . لە دڵەوە دەستخۆشیت لێدەكەین مامۆستا دڵشاد سەعید ، رووداو شانازی دەكات كە هاوكاری ئەو دوو بەرهەمی كرد".
رووداو شانازی دەكات بە هاوكاریكردنی بەرهەمەكانی (پێشمەرگە و شنگال)
هەروەها سوپاسی ئەدیب چەلكی-شی كرد كە شیعری بۆ دوو بەرهەمەكە (پێشمەرگە و شنگال ) نووسیوە و گوتی " زۆر سوپاسی شاعیری ئەو دوو بەرهەمە بەڕێز ئەدیب چەلكی دەكەم ، كە خۆی پێشمەرگەی شاخ بووەو بۆ پێشمەرگە و شنگالی نووسیووە . هەروەها زۆر سوپاسی ئەو هونەرمەندە بەڕێزانە دەكەم كە لە چوار پارچەی كوردستانەوە بێ بەرامبەر بەشدارییان لەو دوو بەرهەمەدا كردووە. دڵنیام هونەری كوردی و هونەرمەندانی كورد هەمیشە و هەتا هەتایە شانازی بەو دوو بەرهەمەی مامۆستا دڵشاد سەعیدەوە دەكەن".
ئاكۆ محەممەد لە وتارەكەیدا باسی شێوازی كاركردنی رووداوی كرد و گوتی " رووداو بە رووانگەیەكی زۆر فراوانەوە دەستیپێكرد، بۆیە كارەكانمان زۆر فراوانبوون، كاركردنیشمان زۆر گەورەبوو، ئێمە رووداوەكانی هەموو بەشەكانی كوردستانمان كردن بە هەواڵی رۆژانە بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەرانمان، ئەوەی لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا رێگریمان لێكرابێت بە وێنە بیگەیێنین، بە دەنگ و گەیاندوومانەتە بیسەران و خوێنەرانمان".
بینەر و بیسەر و خوێنەری كورد دوای دامەزراندنی رووداو مایك و كامێرایەكی چالاكی هەیە
بەڕێوەبەری رووداو هەروەها گوتی " ئێمە لەناو هەموو رووداوە گەرمەكانی جیهاندابووین و هەین ، لە كینیاوە بگرە تاوەكو دەگاتە غەزە ، لە تەلئەبیبەوە بگرە تاوەكو واشنتن. بینەر و بیسەر و خوێنەری كورد لەدوای رووداوەوە مایك و كامێرایەكی چالاكی هەیە و پرسیارەكانی خەڵكی كوردستان دەگەیێنێتە كاریگەرترین ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی جیهان و ، دیمەنی رووداوەكانی هەموو جیهانیش بە كوردی پیشانی هەموو كورد دەدات".
رووداو ئێستا هاوكار و ئەندامی كاریگەرترین یانەی تەلەڤزیۆنەكانی جیهان، ئینێكسە. لەمڕوەوە ئاكۆ محەممەد گوتی " رووداو سەربڵندە بەوەی كە نەك تەنیا دیمەن و هەواڵی شەڕی بەرگریی پێشمەرگەی گەیاندووە ، بەڵكو ڤیدیۆی و راپۆرتی تەلەڤزیۆنیی لەبارەی چالاكییە كولتوورییەكانی كوردستانیشی گەیاندووەتە سەر شاشەی گەورترین تەلەڤزیۆنەكانی جیهان . ئەو پەیامنێرانەی لە رووداودا كاردەكەن بەرهەمیان لەسەر گەورەترین شاشەكانی جیهاندا بە لۆگۆی رووداوەوە دووبارە دەبێتەوە".
رووداو دیمەنی رووداوەكانی هەموو جیهان پیشانی كورد دەدات
رۆژی شەممە 1ی ئابی 2015 بەرهەمەكانی (پێشمەرگە و شنگال) لە هۆڵی ئینستیوتی کەلەپووری کورد لە شاری سلێمانی و ئەمڕۆ یەكشەممەش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای شاری هەولێر نمایشكران، سبەی دووشەممەش لە هۆڵی كۆنگرەكانی شاری دهۆك بە سپۆنسەری رووداو نمایشدەكرێن.
130 هونەرمەندی کۆرال لەو سیمفۆنیایە بەشدارن کە 13 هونەرمەندی ناسراوی بەشەكانی کوردستانیان تێدایە لەوانە نارین فەقێ، عەمار کوفی، هانی، خێرۆ عەباس، جەمشید، شڤان پەروەر، حەسەن شەریف، محەممەد تەها ئاکرەیی، ئەیوب عەلی و ژمارەیەك گۆرانیبێژێکی ناسراوی دیکە.
3/8/2015
ناوهندی راگهیاندن و چاپهمهنی هێزهکانی پاراستنی گهل- ههپهگه له لێدوانێکیدا رایگەیاند:" گهریلاکانی ئەوان هێرشیان کردوهتهسهر بۆڕییه نهوتهکان له باکووری کوردستان بەڵام بەبڕیاری ئەوان نەبووەو نەیانزانیوە ئەوە بۆری نەوتی کوردستانە ".
ههپهگه لهو بارهیهوه روونکردنهوهیهکی بهم شێوهیه دهدات:" له دژی ئهو هێرشه سهرتاسهریهی سوپای تورکی داگیرکهر دژی گهریلا دهستیپێکردوه، رۆژی 29-7-2015 لهناوچهی سلۆپی شڕناخ، یهکینهیهکی گهریلای ناوچهکه به بڕیاری خۆیان چالاکیهکیان ئهنجامداوه و هێڵی نهوتی ناوچهکهیان تهقاندوهتهوه".
هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە لەو روونکردنەوەیەدا رەتیدەکەنەوە کە بەبڕیاری ئەوان ئەو کارە کرابێت و جەختدەکەنەوە:" ئهو چالاکییه بهبڕیاری (هێزهکانی پاراستنی گهل، ههپهگه) نهکراوه".
ههپهگه دهڵێت "ئێمه وهک هێزهکانی ههپهگه هیچ ههڵوێستێکی نهرێنیمان لهبهرامبهر بهرژهوهندیهکانی باشووری کوردستان نییه، پێویسته لهو بابهتهشدا له ههڵوێستی ههستیار و بهرپرسیارێتی ئێمه تێبگهن، ئهو لێدوانانهی لهلایهن کاربهدهستانی باشووری کوردستانهوه لهو لایهنهوه دراون راست نییه و تهنیا هاندانێکه".
ههپهگه له کۆتایی لێدوانهکهیدا دهڵێت:" ئهو یهکینهیهی ئهو چالاکیهیان ئهنجامداوه بێ ئهوهی بزانن ئهو بۆرییه نهوتانه هی کێیه چالاکییهکهیان کردووه، بۆیه نرخاندنێکی جیاواز و چهواشهکردنی راستییهکان بهههر ئامانجێک بێت خزمهت به کهس ناکات".
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کەردستان رۆژی هەینی 31-7-2015 لە بەیاننامەیەكدا بە تووندی تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتیی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان PKKەوە شەرمەزار کرد و بە هێرشكردنە سەر سەرچاوەی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی لێكدایەوە .
لە بەیاننامەکەدا هاتبووە:" رۆژی 29/7/2015 ئەو بۆرییە نەوتەی كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە لە ناوچەی شرناخ لەناو سنووری توركیادا تەقێندرایەوە، رۆژی دواتر هێزی پاراستنی گەل HPG، كە هێزی چەكداری پارتی كرێكارانی كوردستان PKKیە، بە شێوەیەكی فەرمی، بەرپرسیارێتیی خۆی لەو تەقاندنەوەیە راگەیاند".
2/8/2015
ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی کوردی و نوێنەری پارتە کوردییەکانی تورکیا جگە لە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیا کۆبوونەوە.
40 کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی کورد کە لەوانە نوێنەری پارتە کوردییەکان و هەروەها پەرلەمانتارانی کوردی ئاکپارتی لە تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن.
ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند:" هیچ زمان و کولتوورێک لە تورکیا قەدەخەنەکراوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا باسی رووداوەکەی پرسووسی کرد و گوتی: نەفرەت لەو کەسانەی کۆمەڵکوژییەکەی پرسووسیان ئەنجامدا.
ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە وتارێکدا کە لەو کۆبوونەوەیە پێشکەشی دەکرد باسی لەوە کرد کە:" ئەوکاتەی گفتۆگۆمان لەگەل هەدەپە دەکرد کەجەکە رێنمایی شەڕی دەرکرد، ئەگەر هەرسەر کەس چارەنووسی خۆی دیاریبکات، ئارامی نامێنێت".
2/8/2015
لە ئاگری دوو سەربازی تورک کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، سەرچاوە تورکییەکان پەکەکە تۆمەتبار دەکەن.
سەرچاوە تورکییەکان رایانگەیاند، لە هێرشێکی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بۆ سەر قەرەقۆڵێکی سوپای تورکیا لە ئاگری دوو سەربازی تورکیا کوژراون و 24 سەربازی دیکەش برینداربوون.
بەپێی میدیاکانی تورکیا ئەندامێکی پەکەکە بە تراکتۆرێکی پڕ لە TNT خۆی کردووە بەو بنکە سەربازییەدا.
هەربەگوێرەی سەرچاوەکانی تورکیا لە مێردینیش لوغمێک بە چەند سەربازێکی سوپای تورکیادا تەقیووەتە و لە ئاکامدا سەربازێک کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوونە.
بەڵام تاوەکو ئێستا پەکەکە ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پڕۆسەی ئاشتی هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان، کە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی زۆری لێکەوتەوە و تاوەکو ئیستایش بۆردوومانەکان بەشێوەی ناوە ناوە بەردەوامە.
لە دوایین هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو رۆژی 1-8-2015 لە گوندی زارگەلی سەر بەناحیەی وەرتێی قەزای رەواندوز، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی بناری قەندیلیان کرد و، بەهۆیەوە 17 کەسی سڤیل بوونە قوربانی.
2/8/2015
ماوەی سێ رۆژە هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریا لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەتەوە و تاوەکو درەنگانی ئەمشەو یەکشەممە 2-8-2015 کۆبوونەوەکە بەردەوام دەبێت.
ئەمە سێیەم خوولی دانیشتنی هاوپەیمانیی نیشتیمانی سووریایە و تێیدا باس لە پەرەسەندنە سیاسییەکانی نێوخۆی سووریا و ناوچەکە دەکەن، هەروەها پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەخرێتە بەرباس.
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، پرسی رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5+1 و کاریگەرییەکانی لەسەر "شۆڕش"ی سووریا، یەکێکی دیکەیە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، جگە لەوەی باس لە پرسی کارەکانی لێژنەی سەرپەرشتیار بۆ پێکهێنانی لێژنەی سەربازی دەکرێت، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە ناوچەی رەیهانلی لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا لەلایەن چەند پلەدارێکی سەربازی نێو سوپای ئازادی سووریا دامەزرا.
هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گرووپی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە و بارەگای سەرەکیان لە تورکیایە.
ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و چەند حیزبێکی رۆژئاوای کوردستان لەناو ئەو هاوپەیمانیەدا ئەندامن و ئەو هاوپەیمانییە کە سوپای ئازادی سووریاش لەخۆ دەگرێت لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهان دانیپێدا نراوە وەک نوێنەری راستەقینەی گەلی سووریا.
2/8/2015
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی خەڵكی تورکییای تێیدا دەژین، هەر لەبەر ئەوە پرسی بۆردومانی پەکەکە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکییاوە، تەنها لەلای سیاسییەکان مژارێکی گەرم نییە، بەڵكو هەم دەزگاکانی راگەیاندن هەم خەڵك لەسەر ئەم پرسە قسە و بۆچوونیان خۆیانیان هەیە.
هێرشی فڕۆكه جهنگیهكانی توركیا بۆ سهر بنكهكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK نهك تهنها لایهنه سیاسییهكانی ئهڵمانیای هێنایه دهنگ، بەڵکو بووەتە باسێکی گەرمی میدیاکانی ئەو وڵاتە لەلایەک و مژاری گفتوگۆی ئەو کورد و تورکانەشە کە نیشتەجێی ئەڵمانیان لەلایەکی دیکەوە.
ئەوانەی لە ئەڵمانیا نیگەرانن بەهۆی شەڕەکەوە تهنها كورد نین، بەڵکو بەشیک لەو تورکانەش کە لە ئەڵمانیان نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و ناڕازین لە هێرشەکانی تورکیا و دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان تورکیا و پەکەکە.
هەندێک لە هاونیشتیمانیانی کورد گلەیی ئەوە لە تورکیا دەکەن کە تورکیا پەکەکە بە تیرۆرست ناودەبات، ئەوان دەڵێن "ئامانجە سەرەکییەکەی تورکیا لەو شەڕە لاوازکردن و لێدانی هەدەپەیە نەک پەکەکە".
دهنگهكان لە ئەڵمانیا جیاوازن ههندێک له توركهكان دهڵێن"توركیا شهڕی دژی گروپێكی تیرۆرست دهكات نهك دژی كورد" ههندێكی دیكه دهڵێن "ئەردۆغان، شهڕی لهناوبردنی كورد دهكات و پەکەکەی کردووەتە بیانوو".
1/8/2015
سەرۆکی گشتی پارتی نەتەوەپەرستی تورک MHP مەرجەکانی حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان AKP دەخاتەڕوو و دەڵێ: "دەبێ پڕۆسەی ئاشتی بخەنە زبڵدانەوە".
ئەگەرچی لەسەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی تورکیا لە 9-ی تەمووزەوە MHP هەموو دەرگاکانی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ AKP داخستوون، بەڵام دەولەت باخچەلی چەند مەرجێکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوبەشیان خستەڕوو.
باخچەلی گوتی: "تەنیا ئەوە بەس نییە کە مەرجەکانمان قەبوڵ بکات، بەڵکو دەبێ دەست بە قورئانیشدا بدەن، مەهەپە لەبەردەم میللەتەکەی دەست بەقورئاندا دەدات، ئایا ئێوەش ئامادەن ئەوە بکەن؟".
باخچەلی بەم شێوەی باس لە حکومەتی هاوپەیمانیی لە سایەی سوێندنخواردن بە قورئان دەکات: "یەکەم: نابێ هیچ گۆڕانکارییەک لە چوار ماددەی دەستووردا بکرێت، کە دەوڵەتی یەکگرتوو، یەکێتی خاک، ئەنقەرە پایتەختە، زمانمان تورکییە. دووەم: لە باشووری رۆژهەڵات (باکووری کوردستان) و سەرجەم ناوچە و شوێنەکانی دیکەی تورکیا رووبەڕووی پەکەکە دەبینەوە".
هەروەها مەرجی سێیەم دەڵێ: "دەبێ پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بە چەکەکانیانەوە خۆیان رادەست بکەن، بێ گوناهەکانیان دەنێرینەوە ئامێزی دایکیان، ئەوانەش تاوانیان کردوە دەنێردرێنە بەردەم دادگا و لەوێشەوە بۆ زیندان، چەکەکانیان لە کۆماری تورکیا تۆمار دەکرێن، دۆسیەیی 4-17-25 ی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گەندەڵی دووبارە دەکرێنەوە".
سەرۆکی مەهەپە مەرجی چوارەم بەوە دیاریدەکات کە: "دەبێ دزەکان بنێردرێنە بەردەم دادگا و لەنێویشیاندا بیلال ئەردۆغان، کوڕی رەجەب تەییب ئەردۆغان".
هەروەها مەرجی پێنجەمی ئەوەیە کە دەبێ پڕۆسەی ئاشتی بخرێتە ژێر پێ و فڕێبدرێتە نێو زبڵدانەوە".
دەشڵێ ئەگەر ئەو مەرجانەمان قەبوڵ بکەن بەیەکەوە پڕۆتۆکۆڵی هاوپەیمانێتییەکە دەنووسینەوە، ئەگەر وابێ نەک تەنیا دەستمان دەخەینە ژێر باری ئەو بەردە، بگرە خۆشمان دێینە ژێر باری".
1/8/2015
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە رێککەوتننامەی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ رووسیا کاریگەری گەورەی لەیەکلایکردنەوەی شەڕی داعش دەبێت، داواشدەکات، رووسیا پەلەلە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بکات.
قاسم ئەعرەجی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی هەینی 31 ی تەمموزی 2015 لە راگەیاندراوێکدا گوتی" ئەو رێککەوتننامەیەی نێوان عێراق و رووسیا سەبارەت بە پڕچەککردنی عێراق بە چەکی قورس و مامناوەند، کاریگەری زۆری لەسەر یەکلایکردنەوەی شەڕی داعش دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا".
ئەوئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەشدا "پێویستە عێراق بایەخی زۆر بە رێککەوتننامەی هاوکاری سەربازی لەگەڵ وڵاتان بدات، بە تایبەت کە عێراق لە شەڕدایە لەگەڵ چەکدارانی داعش".
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشدا، کە چەکدارانی داعش گورزی کوشندەیان لەلایەن حەشدی شەعبی و چەکدارانی هۆزەکان و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بەرکەوتووە.
رۆژی پێنجشەممە 30-ی تەمموزی 2015 خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق رێککەوتننامەیەکی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ رووسیا واژۆکرد.
1/8/2015
هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن کڕیارە ئاسیاییەکان لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە بەرزبووەتەوە، ئەمەش دواین مانگی ئێران بووە بەر لە واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.
بەپێی داتاکانی حکومەتی ئێران دەرکەوتووە کە لەڕێگای کەشتییە نەوتییە بارهەڵگرەکانەوە قەبارەیەکی زیاتری نەوت هەناردەی بازاڕەکان کراوە و چوار گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانیش لە مانگی حوزەیران هەریکە لە چین، هیند، یابان و کۆریای باشوور بووە، بەیەکەوە 1.17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هاوردەکردووە رۆژانە و لەسەر بنەمای مانگانەش ئاستەکەی بەرزبووەتەوە بە رێژەی 13%.
ئێران بەهۆی سزا سەپێندراوەکان ئەمریکا و ئەوروپا نەیدواتنی رێژەیەکی بەرز لە نەوتی خاوی خۆی بخاتە بازاڕەکانەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە ئێران و رۆژئاوا رێککەوتنیان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە واژۆکرد، هەموو سزا ئابوورییە سەپێندراوەکانی سەر ئێران هەڵگیران، بەمەش ئێران دەتوانێت ببێتەوە رکابەرێکی سەرسەختی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت چاوەڕوانیش دەکرێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بە زیادکردنی ریژەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بکات.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی یابان کە رۆژی هەینی31-07-2015 بڵاوکرایەوە، یابان بەڕێژەی 50% هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی کەمکردووەتەوە لە مانگی حوزەیران و رۆژانە 93.46 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی هاوردەکردووە.
1/8/2015
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تایبەت بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کە بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان-جەیهان کە دوێنێ تەقێندرابووەوە، چاککرایەوە.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند :" لە دیوی تورکیا هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دوو هێڵی 40 و 46 ئینجییە، کە نەوتی کوردستان زۆرجار بە بۆڕییە 40 ئینجەکە دەگوازرێتەوە".
بە گوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:" هەناردەکردنی نەوت لە رێی ئەو هێڵە لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە بەهۆی کاری تێکدەرانە، وەک هەوڵێک بۆ دزیکردنی نەوت راوەستابوو، لەبەر ئەوەش دوای چاککردنەوەی لە رۆژی چوارشەممە 29-7-2015 دیسان تەقێندرایەوەو پەکی کەوت".
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئێوارەی رۆژی رابردووە لە رێی بۆرییە 46 ئینجییەکە دەستی پێکردووەتەوە.
سەرچاوەکە رایگەیاند، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بە کاردانەوەی بەرپرسانی تورکیا لە چاککردنەوەی بەپەلەی ئەو بۆڕییە.
تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، رۆژی 29ی تەمموز هێرشکراوەتە سەر هێڵی نەوتی کوردستان- جەیهان لە ناوخاکی تورکیا و تەقێندراوەتەوە.
دوای رووداوەکە هێزی پاراستنی گەل HPG، کە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستانە لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بەرپرسیارییەتی تەقاندنەوەی بۆرییەکەی گرتە ئەستۆ کە لە شرناخ روویداوە.
31/7/2015
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 30 ی تەمموزی 2015 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئەمیری، یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە مەترسی دەركەوتنی داعش و هزری تەكفیری لەسەر ئاساییشی جیهان و ناوچەكەو دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە ناوچەكەدا گفتوگۆیانکرد.
ئەمیری ستاییشی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی" لە تێكشكاندن و راگرتنی پەلاماری داعش کرد".
یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی ئێران، جەختیشیکردەوە،" ئاساییش و سەقامگیری و بەهێزیی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران جێگەی بایەخە".
رۆژی سێشەممە 28-7-2015 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەمیری، یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی عێراق و شەڕی دژی داعش كراوە، هەروەها کێشەی نێوان هەولێر و بەغداش تاوتوێكراوە.
31/7/2015
سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) رایگەیاند:" وەستانی پرۆسەی ئاشتی بەو واتایە نایەت، كە قۆناغی ئاشتی و چارەسەری كۆتایی هاتووە".
دەمیرتاش لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەیەكی ئەمریكیدا رایگەیاند:" داوای چەكدادانی پەكەكە یەكلایەنەیەو تەنیا لەلایەن حكومەتەوە كراوە، پێویستە ئەو جۆرە داخوازییە لەلایەن هەردوو لایەن پێشنیاز بكرابایە".
هاوسەرۆکی هەدەپە پێیوایە" هێشتا توركیا ئەو هەنگاوانەی نەهاویشتووە، كە دەبوو لە قۆناخی چارەسەی ئاشتیدا ئەنجامی بدابووایە، داوای لە پەكەكە كرد كەوا چەكەكانیان دابنێن، لە وەها رەوشێكدا كەوا هیچ هەنگاوێكی یاسایی نەنراوە، زەحمەتە پەكەكە دەستبەرداری چەكدانان ببێت".
هاوسەرۆکی هەدەپە، ئاماژەی بەوەشدا، كە پێویستە" هەردوو لایەنی پەیوەندار بە قۆناخەكە، بۆ ئەوەی قۆناخی ئاشتی کۆتایی نەیەت، بەیەكەوە بانگەواز بكەن و پەكەكەش بەگوێرەی ئەو بانگەوازە هەنگاو دەنێت".
ئامانجەكانی توركیا لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەم دواییەی سووریادا بە بڕوای سەلاحەدین دەمیرتاش، مەبەستی داعش نییە، بەڵكو نەهێشتنو لەناوبردنی ستاتۆی كوردانی رۆژئاوای كوردستانە".
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان کە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی زۆری لێکەوتەوەو تاوەکو ئیستایش بۆردوومانەکان بەردەوامە.
31/7/2015
دەرهێنەری گەنج بێری شەلماشی 5 فیلمی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ئەو گەنجە كوردانەی رەگەزنامەی هۆڵەندییان هەیە و بە یەكجاری گەڕاونەتەوە كوردستان بڵاودەكاتەوە.
بێری بە (رووداو)ی راگەیاند "لەگەڵ ستافێكی هۆڵەندی 5 فیلمی دۆكیۆمێنتاریم بەرهەمهێناوە و لە كەناڵێكی هۆڵەندی وەك زنجیرەیەك بڵاوكرانەوە".
گوتیشی "سەرەڕای ئەوەی ئێستا كوردستان رووبەرووی شەڕو ئاژاوە بووەتەوە، بەڵام هێشتا كوردی ئەوروپا بە تامەزرۆییەوە دەگەڕێنەوە كوردستان، تەنانەت هەندێكیان هاتوونەتەوە و بوونەتە پێشمەرگە و لە بەرەكانی شەڕن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە گەنجەكانیش ئێستا بۆ ئەوروپا كۆچ دەكەن، بەڵام كوردی ئەوروپا هەستی نەتەوەییان بەرزترە و ئینتمایان بۆ نیشتیمان هەیە".
31/7/2015