فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەر یەک لە زەکەریا ئۆز، جەلال قەرە و محەممەد یوزگەچ جێگرانی داواکاری گشتی پێشوو دەرکرا.
ئەو بڕیارە لەلایەن جێگری داواکاری گشتی باقرکۆی لە شاری ئیستەنبوڵ دەرکراوە و فەرماندراوە بە هێزەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی هەر یەکێک لەو 3 جێگری داواکارییە گشتییە، کە دوای لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵی و بەرتیلخۆری لە ئەرکەکانیان دوورخرابوونەوە. پاساوی ئەو بڕیارەش "پێکهێنانی رێکخراوی نایاسی و هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی حکومەتی تورکیا"یە.
زەکەریا ئۆز ئەو داواکارییە گشتییەیە کە لێکۆڵینەوەی دۆسیەی ئەرگەنەکۆنی بەڕێوەدەبرد و بە فەرمانی ئەو دەیان ئەفسەر و جەنەراڵی سوپای تورکیا برانە بەردەم دادگا.
بەڵام دوای ئەوەی کە لە 17 و 25 ی کانونی یەکەمی 2013 دا دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی کردەوە لەسەر چەند وەزیرێکی کابینەی ئەو کاتی حکومەتی تورکیا و کەسانی نزیکی رەجەب تەییب ئەردۆغان بە پاساوی تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بەرتیل خۆرییەوە، لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
11/8/2015
ماوەی مانگێک دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر فرۆشتنی نەوتەکەی لە رێگەی حکومەتی ناوەندییەوە نییە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێت بە گوێرەی رێککەوتنەکە نییە.
هەر بۆیەش حکومەتی هەرێم لە مانگی پێشووەوە رێژەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزکردەوە و نەوتەکەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ هەناردە دەکرێت، بەغدا ئەم هەنگاوەی کوردستان بە نایاسایی دەزانێت.
ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان عێراق پێیوایە "ئەمە قەیرانە"، هەروەها جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ کام لە لایەنەکان پابەند نین و تەنیا یەکتر تۆمەتبار دەکەن.
بەرپرسە کوردەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەولێر ناچار بووە بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو بنێت، لەبەر ئەوەی ناتوانن بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەکان پشت بە بەغدا ببەستن.
ئیبراهیم محەممەد بەحرولعلوم، وەزیری پێشووی نەوت و ئەندامی لیژنەی نەوت لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەو بڕوایەیە "چارەسەری ئەم کێشەیە گرنگە، بە تایبەتیش لەبەر نالەباربوونی رەوشی ئەمنی". بە بۆچوونی بەحرولعلووم "پێویستە بەغدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەولێردا هەبێت."
بە گوتەی بەرپرسانی کورد، بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە رێژەی هەناردەکردن لە قۆناغە بەراییەکاندا کەمتر لەو رێژەیە بووە کە رێککەوتنی لەسەر کرابوو، بەغداش لەبەرامبەردا بەشە بودجەی هەرێمی دابەزاندبوو.
بەڵام لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەکان و هەناردەکردنی زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، حکومەتی عێراقی رێژەی ئەو پارەیەی زیادنەکرد کە بۆ هەرێمی دەنێرێت.
ئارێز عەبدوڵڵا لەمبارەیەوە دەڵێت "رێژەی ئەو نەوتەی هەناردە دەکرا دڵخۆشکەر بوو، بەڵام پارەکە رەنگدانەوەی ئەو رێژە نەوتە هەناردەکراوە نەبوو. هەر بۆیەش کێشەکان سەریانهەڵدا."
بە پێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەولێر لە مانگی حوزەیراندا، رۆژانە تەنیا 150 هەزار بەرمیلی لە رێگای سۆمۆوە رەوانەکردووە، ئەم رێژەیەش لە مانگی تەمموزدا بە تەواوەتی وەستێنرا.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت "پەیامی ئێمە بۆ بەغدا روونە. ئێمە پێمان باشترە رێکبکەوین. بەڵام خۆ ناتوانین چاوەڕێی بەغدا بکەین هەتا ئەو کاتەی مایەپووچ دەردەچین."
رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر هەر لەسەرەتاشەوە کۆمەڵێک دژبەری لە بەغدا هەبووە، لەوانەش هەندێکیان ئەندامی پارتەکەی عەبادی خۆی بوون، دژبەرەکان پێیانوایە حکومەتی عێراق زۆری بە کورد بەخشیوە. موەفەق روبەیعی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دەعوە جەختلەسەر ئەوە دەکاتەوە رێککەوتنەکە کۆتایی پێهاتووە.
بەڵام کورد هێشتاش پێیوایە دانووستاندن و رێککەوتن لەسەر پرسەکە باشترین رێگەیە، هەر بۆیەش سەفین دزەیی بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت "ئێمە ئامادەین دانوستاندن بکەین، خاڵەکان باشن، بەڵام بە پێی پێویست رێزیان لێ نەگیراوە."
10/8/2015
ئەیاد عەللاوی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق رۆژی دووشەممە 10ی ئاب رایگەیاند كە ئەو خۆی دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی بێت، نەوەكو كەسێكی دیكە جێگاكەی پێچۆڵبكات و لەهەمان کاتدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد.
عەللاوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا كە لەگەڵ بەرپرسانی كوتلەكەی بەستبووی گوتی :" ئێمە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانین و ئامادەین دەستبەرداری هەموو پۆستێكبین، تەنانەت پۆستەکانمان لە پەرلەمانیشدا لەپێناو بەدیهاتنی ویستی گەلانی عێراق".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە 9ی ئاب بڕیاریدا پۆستەكانی جێگری سەرۆككۆمار نەهیڵێت و لەو بارەشەوە عەللاوی رایگەیاند " من خۆم دەمەوێت لەم پۆستەدا نەمێنم كەس پێی نەگوتوم ئەو پۆستە جێبهێڵم "، گوتیشی " ئێمە لەپێناو عێراق تێکۆشانمان کردووە، بەبێ پۆستیش هەر ئامادەین لەپێناو عێراقدا تێبكۆشین".
راشیگەیاند " بەهۆی دابەشبوونی تائیفییەوە لە وڵات گەندەڵی بڵاوبووەتەوە" لە هەمان كاتدا گوتی " هەڵبژاردنی پێشوەخت باشترین چارەسەرە بۆ ئێستا".
ئەیاد عەللاوی هەروەها داوای كرد " ناوچەی سەوز نەهیڵرێت و لێكۆڵینەوە لەگەڵ گەندەڵكاران بكرێت " ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " كاتێك سەرۆكی وەزیران بووم لە دژی گەندەڵی دەجەنگام و دیوانی چاودێری داراییم پێكهێنا و پشتیوانیم لێی كرد و، ئێمە تاكە لایەن بووین كە بودجەی كۆتاییمان پێشكەشكرد".
10/8/2015
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK)، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی بی بی سی، تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵدەدات بە هێرشکردنە سەر گەریلاکانی پەکەکە و هێزی کورد لە سووریا، پارێزگاری لە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بکات.
بایک دەڵێت:" من باوەڕم وایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پێشتر ویستویەتی داعش لە هێرشەکانیدا سەربکەوێت بۆ ئەوەی رێگە لە دەستکەوتەکانی کورد بگرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد" گەریلاکانی پەکەکە لە سووریا و عیراقیشدا جەنگی دژ بە داعشیان کردووە، بەڵام تورکیا دەیەوێت کاریگەرییەکانی پەکەکە لەناوببات و رێگە نەدات جەنگی دژ بە داعش بکەن، هەموو ئەمانەش بە ئاراستەی پارێزگاریکردنن لە داعش".
سەبارەت بەوە تورکیا رایگەیاندووە ئەوان ئامانجیان لێدانە لە داعش و دەیانەوێت هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر تورکیا نەمێنن و لە سنووری تورکیا دووربخرێنەوە، بایک گوتی" راستە تورکەکان دەڵێن ئەوان جەنگی دژ بە داعش دەکەن، بەڵام لە راستیدا ئەوان تەنیا شەڕی دژی پەکەکە دەکەن".
بایک دەڵێت:" ئەردۆغان لە پێش هەڵبژاردندا دەیویست سیستەمی سیاسی تورکیا بگۆڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێندە دەنگی نەهێنا توانای ئەوکارەی هەبێت و لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە سەرکەوتنێکی تۆمار کرد، بۆیە ئەردۆغان دەستی بەم شەڕەکرد لە دژی گەریلاکانی پەکەکە و هێرشکردنە سەر سیاسەتوانانی هەدەپە لە تورکیا".
پێشیوایە:" ئەردۆغان دەیەوێت گوشارێکی دیکە بۆسەر کورد لە رۆژئاوای کوردستان دروست بکات، لەکاتێکدا ئەوان دژ بە داعش شەڕ دەکەن. بۆیە ئامانجی ئەردۆغان وەستاندنی پیشڕەوییەکانی کوردە لە رۆژئاوا لەبەرامبەر داعشدا.
هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان بەئاماژەدان بەوەی، بەهیچ جۆرێک شەڕ ناتوانێت چارەسەری کێشەی کورد بکات لە باکووری کوردستان، رایگەیاند:" باشترین رێگە چارە دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکانی سەر مێزی دانوستانە، پەکەکەش ئامادەیە جەنگ بووەستێنێت ئەگەر تورکیا واز لە هێرشەکانی بهێنێت".
گوتیشی:" کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت ئەوە بە تورکیا بڵێت کە جەنگ ناتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، چونکە شەڕی چەندین ساڵەی رابردوو هیچ دەرەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە".
سەبارەت بە تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان، بایک رایگەیاند:" چەکدارە نێوخۆییەکان سەربەخۆ ئەو کارەیان کردووە، ئێمەش لە راگەیێندراوێکدا ئەوەمان دووپاتکردەوە کە بەهیچ جۆرێک دژ بە بەرژەوندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین لە باشووری کوردستان".
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان کە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی زۆری لێکەوتەوەو تاوەکو ئیستایش بۆردوومانەکان بەشێوەی ناوە ناوە بەردەوامە.
10/8/2015
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران داوا لە گەلی عێراق دەکات هۆشیاربن لە هەندێک گرووپی ناموسڵمان کە داوای خۆپیشاندانەکان دەکەن، جەختیشدەکاتەوە حکومەتی عێراق زۆر بەباشی ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەدەبات.
رۆژی یەکشەممە 9-ی ئابی 2015 ، ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری حەسەن فەیرۆز ئابادی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بڵاویکردەوە، پێویستە لەسەر گەلی عێراق، بە سوننە و شیعەوە هۆشیاربن، لەهەندێک کەموکوڕی دروستکرا و بانگەوازی خۆپێشاندان، لە لایەن هەندیک لایەنی تایبەت و ناموسڵمان، هەروەها بە هەندێک کەس بە تەقاندنەوەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ئێران بۆ عێراق و چەند کردەیەکی ئاژاوەگێری مەبەستیانە بڵێن حکومەتی عێراق وەکو پێویست لێهاتووی نییە.
ئابادی گوتیشی" حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی زۆر باش کارەکانی بەرامبەر بە دوژمنانی گەلی عێراق بەڕێوەدەبات، ئەمەش لە ئەنجامی پاراستنی یەکڕیزی خاکی عێراق و سەربەخۆی خۆی"، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، جەختیکردەوە، رێکخراوی داعش و هاوپەیمانەکانی بەرەو لەناوچوون دەچن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لەسەر گەلی عێراق پابەندبن بە پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق لە رێگەی پێشکەوتن و لەناوبردنی دوژمنان.
رۆژی یەكشەممە 9/8/2015 حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی چاكسازی سیاسی كۆمەڵێك بڕیاری گرنگی دەركرد، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانی جێگرانی سەرۆككۆمارو سەرۆكوەزیران، كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسان و دەرماڵەی تایبەتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەو دەستە و دەزگاكانی دەوڵەت.
10/8/2015
سەلاحەددین دەمیرتاش ، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، بەشداریی پرسەی سەربازێکی تورکیا دەکات کە لە هێرشێکی چەکداری پەکەکەدا گیانی لەدەستدابوو.
سەربازەکە ناوی عبدولخالق ئارازە و سێ رۆژ لەمەوبەر لە میانەی هێرشی پەکەکە بۆ سەر قەرەقۆڵێک لە شارۆچکەی سلۆپی سەر بە پاریزگای شرناخ ، کوژرا بوو.
دەمیرتاش لە میانەی گووتەیەکیدا رایگەیاند کە:" بۆ ئەوان خوێنی تورک و کورد ، سەرباز و گەریلا جیاوازی نیە و گووتیشی کە هەموو خەڵکی تورکیا ئاشتییان دەوێت بەڵام هەندێک لەپێناوی مانەوە لە دەسەڵاتدا شەڕ هەڵدەبژێرن".
دوای زیاتر لە دوو ساڵ ئاگربەست، ماوەی سێ هەفتەیە گرژییەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە دەستیپێکردوەتەوە و بەو هۆیەوە دەیان سەربازی تورک و گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
9/8/2015
96 سزادراوی هاووڵاتی ئێرانی كە لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان زیندانین، رەوانەی وڵاتەكەی خۆیان دەكرێنەوە، تا لەوێ ماوەی سزاكانیان تەواو بكەن.
بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان سبەی یەكشەممە 9ی ئاب، لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە 96 سزادراوی وڵاتی ئێران كە لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان زیندانی بوون، لەمەراسیمێكدا رەوانەی وڵاتی ئێران دەكرێنەوە، ئەمەش دوای رێکكەوتنی نێوان عێراق و ئێران دێت بۆ ئاڵوگۆڕی سزادراوەكانیان.
ئەحمەد نەجمەدین بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژەی بەوەدا كە:" تاوەکو ئێستا روون نییە كە سبەی 9ی ئاب سزادراوانی خەڵکی هەرێمی كوردستان کە لە ئێران زیندانیکراون دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان یان نا".
عێراق و ئێران رێککەوتوون لە سەر ئاڵوگۆڕی ئەو بە رەچەڵەک ئێرانیانەی کە لە عێراق زیندانین و بە پێچەوانەشەوە.
ئەو رێککەوتنە لەژێر رۆشنایی بەندی یەکەم لە ماددەی 61 و بەندی سێیەم لە ماددەی 73-ی دەستووری عێراق واژۆ کراوەو هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون بەدەرن لەو رێککەوتنە.
بەهۆی نەبوونی ژمارەیەکی درووست لە زیندانییانی عێراق لە وڵاتی ئێران، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران داوا لە سەرجەم هاونیشتمانیان دەکات ئەوانەی کەسوکاریان زیندانییە و دیارنین دەتوانن سەردانی نوێنەرایەتی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، 173 زیندانی ئێرانی هەن ، کە 67 لەو زیندانییانە لە هەولێر و 3 لە دهۆک و 103یان لە سلێمانین ، کە بەشی هەرە زۆری ئەم زیندانییانە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون
9/8/2015
بە دەستپێشخەری فاتێح بادپەروا و هاوکاریی کۆمەڵێک لە رێکخراوە مەدەنیەکانی ئەو شارە لە یەکێک لە ژوورەکانی سینەما کوردستانی شاری مەریوان، کافە کتێبێک دامەزراوە.
هاونیشتمانیانی ئەمشارە پێکهاتوو لە چین و توێژەکان بە تایبەت هۆگرانی کتێب لێرەدا لەگەڵ خواردنی کافەیەک، کتێب دەخوێننەوە.
کافە کتێبی سینەما کوردستان، ماوەی سێ مانگە دامەزراوە و بوەتە ناوەندێک بۆ نووسەران شاعیران و هونەرمەندان.
لە هەفتەدا شەوانی پێنج شەم چەندین چالاکی کەلتووری و ئەدەبی تێیدا بەڕێوە دەچێت. بە گوتەی بەڕێوەبەرانی ئەم کافە کتێبە، گەنجانی ئەمشارە پێشوازی گەرمیان لە هەنگاوی ئەوان کردووە.
ژووری تایبەت بە کافە کتێبی سینەما کوردستان، بە وێنەی شاعیران و نووسەران و بەرهەمی هۆنەرمەندان رازێندراوەتەوە و شەوانی پێنجشەممە دوو شاعیری کورد بەرهەمە شیعریەکانیان بۆ بەشداربوانی کۆڕەکە دەهۆننەوە.
یەکێ لە شاعیرانی لاوی مەریوانی پێیوایە دانیشتن و کۆڕی لەم چەشنە کاریگەری فرە رەهەندی لە سەر ئەقڵیەتی شارستانیی بۆ هاونیشتمانیانی شاری مەریوان دەبێت.
ئەگەرچی ژووری کۆبوونەوەی شاعیران، نووسەران و هۆگرانی زمان و ئەدەبی کوردی، بچووکترە لە ناوەڕۆکی بەرنامە و پرۆگرامەکانی ئەم کافە کتێبە، بەڵام دەرفەتێكی کەم وێنەیە بۆ تێگەییشتن لە زمان و بەرهەمی شاعیران و رەوتی شارستانیەت لە کەشی ژیانی هاونیشتمانیان لە شاری مەریواندا.
9/8/2015
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە کاژێر12:20 خولەک بە کاتی باشووری کوردستان رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بنکەی (بانەگەورە) کە کەوتووەتە نێوان گوندی زەڕگوێز و قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو.
رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" لە لایەن پێشمەرگەیەکەوە بەناوی فەرید ئەحمەدی هەوڵی تیرۆرکردنم درا، بەڵام خۆشبەختانە هەوڵەکەی سەری نەگرت".
کەعبی گوتیشی: " فەرید دەمانچەیەکی دەرهێناو ویستی تەقەم لێبکات، بەڵام بە هۆی ئەوە لێی نیزیک بووم، دەستیم گرت لەو کاتەشدا3 فیشەک لە دەمانچەکە تەقین، بەڵام هیچکام لە فیشەکەکانم بەرنەکەوت و دوای پێکدادان و بەگژیەکداچوون، ئەحمەدی رایکردو بنکەی بانەگەورەی بەجێهێشت".
کەریم کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بارەی ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" فەرید ئەحمەدی پێشمەرگەیەکی 6 مانگە بووە و هیچ کام لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵە ئەو دەمانچەیەیان پێ نەداوە".
کەریمی گوتیشی:" ئەو کەسە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە بە مەبەستی تێرۆرکردنی رەزا کەعبی نێردراوە، بەڵام لە ئەنجامی کارەکەی سەرکەوتوو نەبووە و رایکردووە،ئاسایشی حکومەتی هەرێمیشمان لەو رووداوە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسە لە هیچ شوێنێک نەدۆزراوەتەوە".
9/8/2015
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە نەیتوانی واژۆ لەسەر راپۆرتەکەیان بکەن، کە لەسەر پرۆژە یاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی ئامادەیان کردووە، چونکە ئەندامەکەی یەکگرتوی ئیسلامی لە لیژنەکە، رێگری کرد لە تەواوبوونی رێژەی یاسایی و واژۆی لەسەر راپۆرتەکە نەکرد، بە یەکێتی و گۆڕانی گوتووە، تا یەکشەمە دەرفەت دەدەینەوە بە لایەنە سیاسییەکان.
لە ٢٩ ی مانگی رابردووەوە کە لیژنەی یاسایی راپۆرتیان نوسیووە. یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێ ریژەی یاسایی بۆ واژۆکردنی کۆبکەنەوە، تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانیش چەند جارێک هەوڵی بۆ ئەوە داوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ سوود بووە، چونکە ئەندامەکەی یەکگرتوویان بۆ واژۆپێکردنی رازی نەکراوە، ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆران لە لیژنەی یاسایی دەڵی، کە ئەگەر بەدەست ئەوان بوایە، یەک خولەکیش دوایان نەدەخست.
بەپێی زانیاریەکانی رووداو، پارتی لەلایەک و یەکێتی و گۆڕان لە لایەکی دیکەوە، بیر لەو دانیشتنە نائاساییە دەکەنەوە کە رەنگە بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێ، هەردوولا دەیانەوێ زۆرینەی پەرلەمان بە قازانجی خۆیان تەواوبکەن و هەوڵەکانیشیان لە ئێستاوە دەستی پێکردووە.
8/8/2015
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی مەلاعومەر و ناشتنی تەرمەکەی لە خاکی پاکستان، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە ناشتنی تەرمی نێوبراو لە خاکی پاکستان دەکەن.
کەناڵی جیۆی هەواڵی پاکستانی ، رۆژی هەینی 7 ی ئابی 2015 لە زاری خواجە ئاسف، وەزیری بەرگری پاکستان رایگەیاند" مەلا عومەر، رێبەری پێشووی بزووتنەوەی تاڵیبان نە لەخاکی پاکستان مردووە، نە تەرمەکەی لە خاکی پاکستانیش نێژراوە، کاتی مردنی مەلاعومەر تاوەکو ئێستاش جێگەی قسە لەسەرکردنە، هەروەها ئێمە نامانەوێت ببین بەبەشێک لەو لایەنە".
ئاسف گوتیشی" ئەو مڵملانێیەی نێوان دەسەڵاتدارانی تاڵیبان کێشەیەکی نێوخۆی ئەو بزووتنەوەیەو پەیوەندی بە پاکستانەوە نییە".
وەزیری بەرگری پاکستان جەختیشیکردەوە" پێشڤەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ حکومەتی پاکستان".
ئاسف، ئاماژەی بەوەشدا" پاکستان لە کۆششەکانی بۆ لێکنزیککردنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان بەردەوامدەبێت، چونکە پاکستان خوازیاری ئاشتییە لە ناوچەکەدا".
دوای راگەیاندنی مردنی مەلاعومەر، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووە، کە نێوبراو لە پاکستان مردووە و تەرمەکەشی لە خاکی ئەو وڵاتە نێژراوە.
دوای دەستنیشانکردنی مەلا مەنسووریش وەکو رێبەری نوێی بزووتنەوەکە، ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان باڵەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان سەریهەڵداوە.
8/8/2015
یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەرەکە، باڵی رۆژهەڵاتی کوردستانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک بەرپرسیارێتی هێرشەکانی شەوی رابردووی شاری مەریوانی گرتەئەستۆ.
بە پێی ئەو راگەیێندراوە، شەوی پێنجشەممە 6-8-2015 گەریلاکانی پژاک لە پاسگای بەردەڕەش، پاسگای سێڕای نێ و لەسەر جاددەی گاڕان لە ناوچەی کۆماسی، هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ئێران.
دەشڵێت لەو هێرشانەدا" زیاتر لە 20 ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و چەند کەسی دیکەش برینداربوونە و چەند ئۆتۆمبێلێکیش تێکشکێندراون".
یەرەکە پێشتر هۆشداری بە ئێران دابوو لەبارەی شکاندنی ئاگربەستی نێوانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە و رایگەیاندبوو هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر گەریلاکانیان بێ وەڵام ناهێڵیتەوە.
بەڵام بەرپرسانی حکومی ئەو هێرشانە بە مانۆڕی منداڵانە لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن" تەنیا هێرشکراوەتە سەر پاسگای زرێبار".
جێگری سیاسی و ئەمنی پارێزگاری سنە دەڵێت" دژبەرانی شۆڕش کە مەبەستی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، ویستوویانە بەو کارە ناوچەکە نائارام بکەن، بەڵام هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە و دوای هێرشەکە ناوچەکەیان جێهێشتووە. دەشڵێت:" تەنیا زیانێکی کەمی ماددی بە پاسگای زرێبار گەیشتووە".
هاوکات سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن لەو هێرشەدا زیاتر لە 10 کەس برینداربوونە کە چەند کەسیان مەدەنین.
چەند ماڵپەڕێکی نزیک لە دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانیش رایانگەیاندووە" ئەو هێرشانە لەلایەن پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە ئەنجامدراون"، بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێر رەتیدەکاتەوە پێشمەرگەکانی ئەوان ئەو هێرشانەیان ئەنجامدابێ و دەشڵێت:" ناوهێنانی کۆمەڵە لە ماڵپەڕەکانی ئێراندا بە پیلان دژ بە حیزبەکەیان دەزانن".
8/8/2015
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کەجەکە ئەوەی پێگوتراوە کە ئەگەر دیداری ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئەنجام نەدرێت، کەجەکە هیچ بڕیارێک نادات.
دەمیرتاش، کە بۆ ئەنجامدانی چەند دیدارێک لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە لەگەڵ زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە و رەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرا گەل کۆبوویەوە.
دوای کۆبوونەوەکە دەمیرتاش گوتی " کەجەکە داوا دەکات دیداری ئۆجەلان ئەنجامبدرێت و ئۆجەلان لەو گۆشەگیریە دەربهێنرێت کە ئێستا بەسەریدا سەپێندراوە و بەبێ ئەنجامدانی ئەوە ئەوان ناتوانن هیچ بڕیارێک بدەن".
دەمیرتاش گوتیشی، کە کەجەکە پێیان راگەیاندووە ئەوان پابەندن بە راگەیەندراوەکەی دۆلمەباخچە و تا ئێستاش شەڕیان دژی تورکیا دەستپێنەکردووە و ئەوەی دەیکەن تەنها وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیایە.
هەروەها بەرپرسانی کەجەکە بە دەمیرتاشیان گوتووە کە ئەوان ئاگربەستیان نەشكاندووە و تورکیا دەستپێشخەر بووە لە شکاندنی ئاگربەستەکە هەروەک داوا دەکەن کە دەوڵەتی تورکیا هاوشێوەی ماندێلا مامەڵە لەگەڵ ئۆجەلان بکات و لە بارودۆخێکی هاوشیوەی ئەوەی ماندێلادا، دانوستاندنی لەگەڵدا بکات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە زیاد لە جارێک بانگەوازی دووبارە گەڕانەوەی بۆ ئاگربەست راگەیاندووە و داوا دەکات سوپای تورکیا و پەکەکە دەستبەجێ روبەرووبوونەوەکان رابگرن.
7/8/2015
بەهۆی پشتگیریكردنی لە ئاوارە و پەنابەرانی وڵاتەكەی، بۆمبێك لەبەردەم ماڵەكەی دادەنرێت و دواتر دەتەقێنرێتەوە، بەڵام ئەو بێ زیانی گیانی لێی دەرچوو. مایكل ریختە، پێشتریش لەسەر ئەم هەڵوێستانەی هەڕەشەی لێكرابوو.
ئەو هێرشە كە تێیدا، مایكڵ ریختەی سەر بە پارتی دی لینكەی چەپڕەو كرابووە ئامانج، لە شاری فریتاڵی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا روویدا. ریختە و پارتەكەی بە پشتگیریكردن لە ئاوارە و پەنابەرانی ئەو وڵاتە ناسراون.
پەرلەمانتارانی پارتی دی لینكە بەیاننامەیەكیان لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە و رایانگەیاند "پێویستە زۆر بە زوویی ئەنجامدەرانی هێرشەكە بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن. نابێت یاسا دەستەوەستان بێت لە ئاستی هێرش بۆ سەر پەنابەران و كەسانی وەكو مایكڵ ریختە، ئەو كەسەی كە خەمی خۆشگوزەرانیی ئاوارەكانی هەڵگرتووە".
مارتن بیالوچ، گوتەبێژی پارتی دی لینكە بە (رووداو)ی راگەیاند "هێشتا بەڵگەمان لەسەر ئەنجامدەرانی هێرشەكە نییە. بەڵام مایكڵ ریختە زۆرجار لەلایەن راستڕەو و رەگەزپەرستەكانەوە بەهۆی چالاكیەكانییەوە هەڕەشەی لێكراوە".
فریتاڵ.. شاری چالاكڤانانی راستڕەو
دوای چەند هێرشێك و خۆپیشاندانێك لە چەند هەفتەی رابردوودا لە دژی ئاوارە و پەنابەران لە شاری فریتاڵ، ئەو شارە وەكو شاری چالاكڤانانی راستڕەو لە ئەڵمانیا ناسرا.
مانگی نیسان، خوێندكارێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن نازییەكانەوە لە شاری لیپزیگی ئەڵمانیا تەقەی لێكرا. هەر لە یەكگرتنەوەی هەردوو بەشەكەی ئەڵمانیاوە لە ساڵی 1990، ئەڵمانیای رۆژهەڵات بەدەست زیادبوونی بیری رەگەزپەرستی و دژە پەنابەرەوە دەناڵێنێ.
محەممەد تانریڤەردی، سەرۆكی كۆمەڵەی كوردی لە ئەڵمانیا لەبارەی هێرشی سەر مایكڵ ریختە دەڵێت "دڵنیاین ئەم هێرشە و هێرشەكانی پێشووتریش كە كراونەتە سەر كامپی ئاوارەكان لەلایەن مافیا نیو-نازییەكانەوە ئەنجام دراون. زۆربوونی ئەم هێرشانە لەسەر پەناخوازان و كامپی ئاوارەكان جێگەی مەترسی و نیگەرانین. حكومەت پێویستە هەموو شتێك بكات بۆ پاراستنی خەڵك و تاوانباران بە سزا بگەیەنێت".
ئەڵمانیا نزیكەی حەوت ملیۆن ئاوارەی هەیە و نزیكەی نۆ ملیۆن هاووڵاتی ئەڵمانی باكگراوندێكی پەنابەرییان هەیە. زۆربەی ئاوارەكان لە بەشی رۆژئاوای ئەڵمانیا و شاری بەرلین دەژین. هەرچەندە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا هەمیشە راستڕەوەكانی تێدابووە، بەڵام دوای زیادبوونی ژمارەی ئاوارە هاتووەكانی سووریا و عێراق و ئەفریقا، ژمارەی راستڕەوەكانیش زیادیان كردووە.
ئێستا نیو-نازییەكان بوونەتە هەڕەشەیەكی جددی لەسەر پەنابەران و لە نێویشیاندا كورد كە ژمارەیان بە 800 هەزار پەنابەر مەزەندە دەكرێت. ئەم راستڕەوانە پێشتر بزووتنەوەیەكیان بەناوی "پێگیدا" دروستكردبوو لە دژی پەنابەران، بەڵام كەمترین پشتگیری شەقامی لەگەڵ بوو، بۆیە بزووتنەوەكە بەرە بەرە لاواز بوو.
ئەحمەد ئیبراهیم كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و ئێستا لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دەژی، دەڵێت "ئەم رووداوە زۆر جێگەی نیگەرانییە. لە مانگی نیسان تەقەیان لە منداڵێكی كورد كرد، ئێستا وا ئۆتۆمبیلی سیاسەتمەدارێكی ئەڵمانیان تەقاندەوە. خۆم و خێزانەكەم بیرمان لەوە كردووەتەوە كە بچین بۆ شاری كۆڵن، خەڵكی ئەوێ زۆر مێشك كراوەترن."
ئەو هەروەها دەڵێت "لەوێ ئەوان دەزانن كە ئێمە بەبێ هۆ وڵاتی خۆمان بەجێ نەهێشتووە. وڵاتی خۆمان لەبەر جەنگ و چەوساندنەوە بەجێهێشتووە. خێزانەكەی من، هەر ئەوەندە كە شەڕ تەواو بێت یەكسەر دەگەڕێینەوە".
7/8/2015
سەرچاوەکان لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا(CIA) ئاشکرایان کرد، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران سەردانی رووسیای کردووە، لە کاتێکدا ناوی لە ناو لیستی ئەو کەسانە دایە کە مافی سەفەرکردن بۆ وڵاتانی دەرەوەیان نییە.
بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش، فەرماندەکانی سوپای قودس مافی ئەوەیان نییە سەفەری نێودەوڵەتی بکەن، هەموو داراییەکانیشیان لە بانکە نێودەوڵەتییەکان سڕ دەکرێت.
بە گوێرەی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، قاسم سولەیمانی رۆژی 24ی تەمموز بە گەشتێکی 3 رۆژی گەیشتووەتە مۆسکۆ و لەوێ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا و سێرگەی شویگۆ، وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە کۆبووەتەوە.
گوتەبێژی کریملەن هەواڵی سەردانی سولەیمانی رەتکردەوە، بەڵام بەرپرسەکەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا راستی و دروستی هەواڵەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە دەدات دیار نییە لە کۆبوونەوەکاندا باسی چی کراوە.
سوپای قودس لقی چالاکییەکانی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانە، ئەم سوپایە لە ساڵی 2007ەوە لە لایەن کۆشکی سپی خراوەتە ناو لیستی تیرۆر. یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2011 هەمان هەڵوێستی وەرگرت.
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل سوپای قودس بە پشتگیری کردنی رێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار دەکەن. بەرپرسانی کۆشکی سپی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، سەرەڕای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 14ی تەمموز لە نێوان ئێران و گرووپی وڵاتانی 5+1 سزاکانی سەر سوپای قودس و فەرماندەکانی ئەم سوپایە گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە.
8/8/2015