سیستانی پشتیوانی لە پرۆژەی چاکسازییەکەی عەبادی کرد و داواشی لە پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لە دەستەڵاتی دادوەرییەوە دەست بکەن بە پرۆژەی چاکسازی و روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق.
ئایەتوڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراقدا، لە یەکەم سەرنجی لەبارەی پرۆژەی ریفۆرمەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چاکسازی و ریفۆرم، پشتیوانی خۆی لە پرۆژەکە دەربڕی و بەلایەوە گرینگ بوو لە دەستەڵاتی دادوەرییەوە یەکەمین هەنگاوی پرۆژەکە دەستی پێبکرێت.
مەهدی کەربەلایی، گوتەبێژی سیستانی لە گوتاری هەینیدا، داوای لە پەرلەمان و عەبادی کرد لە دەستەڵاتی دادوەرییەوە دەست بە پرۆژەی چاکسازی بکەن، چونکە " دادوەریی یەکێکە لە بنچینە هەرە گرینگەکانی ریفۆرم و بەبێ چاکسازیش لە دەستەڵاتی دادوەری ناتواندرێت چاکسازی راستەقیینە ئەنجامبدرێت".
هاوکات کەربەلایی داوای ریفۆرمی دەزگا ئەمنییەکانی کرد بۆ رێگری کردن لە کردەوە توندوتیژییەکان، چونکە لەم دوایانەدا چەندین تەقینەوە لە شار و شارۆچەکەنی عێراق رویانداوە و بەم هۆیەشەوە سەدان کەس بوونەتە قوربانی.
هەروەها گوتەبێژەکەی سیستانی رەخنەی لە جیاوازی موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی و پلە باڵاکانی عێراق گرت و گوتی "هیچ گونجاو نییە دەیان بەرپرس لە مانگێکدا بە ملیۆنان دینار وەردەگرن وەک مووچە، لە کاتێکدا چەندین فەرمانبەری ئاسایی موچەکانیان نزیکەی 300 هەزار دینارە".
دوای رۆژێک لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی خەڵکی عێراق بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی، هەفتەی رابردوو عەبادی، پڕۆژەیەکی چاکسازی راگەیاند و هەریەکە لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش پرۆژەکەیان پەسند کرد.
15/8/2015
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆژی هەینی 14ی ئابی 2015، راگەیێندراوێكی سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه و تێيدا داوا لە لایەنەكان دەكات بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیر، سوود لە پڕۆژە پێشنیازكراوەكەی بەرهەم ساڵح وەربگرن .
لە راگەیێندراوەكەدا كۆسرەت رەسوڵ جەختدەكاتەوە كە یەكێتی هه‌رگیز خۆی له پاشكۆی هیچ هێز و لایه‌نێكی ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا نه‌بینیوه‌ته‌وه و خۆی خاوه‌نی بڕیاری سیاسی خۆی بووه، هەروەها كوێخایه‌تی كه‌سیشی قبوڵ نه‌بووه. هۆشداریش دەدات لەوەی كە ئێستا بارودۆخی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی به ئاقارێكی ناهه‌موار و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا تێده‌په‌ڕێت، بۆیە " ئەگەر ژیرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت و پرۆسه‌ی سازانی نیشتمانی خێراتر و به‌گوڕتر نه‌كرێت، ئه‌وا زۆر ئه‌سته‌مه له‌ژێر ئه‌و باره‌گرانه‌دا، خەڵك پشتی بۆ راستبكرێته‌وه".
سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی و قەیرانەكان كە ماوەی یاسایی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەمتر لە هەفتەیەكی ماوە و تاوەكو ئێستاش لایەنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی دەڵێت " هه‌موان په‌رۆشی چاره‌سه‌رێكی گونجاو و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ین، به‌ڵام دیاره هه‌ر لایه‌نه‌و له روانگه و دنیابینی تایبه‌تی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته كێشه‌كان، به‌ڵام له راستیدا بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆمان نییه ئه‌گه‌ر هه‌مووان پێوه‌ره نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان بكه‌ینه نه‌خشه‌ڕێگا بۆ چاره‌سه‌ر".
كۆسرەت رەسوڵ كە هاوكات جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشە، لە راگەیێندراوەكەدا بۆچوونی تایبەتی خۆی نووسیوە " به‌بڕوای من به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری گونجاو و گشتگیر، دەكرێت هه‌مووان سوودی زۆرباش له پڕۆژه پێشنیازكراوه‌كه‌ی برای به‌ڕێزم كاك د.به‌رهه‌م وه‌ربگرین". بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی، پڕۆژەیەكی بە ناونیشانی " بەرەو چارەسەرێكی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوكمڕانی كوردستان"پێشكەشكردووە، لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 11-8- 2015 ی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لە شاری كەركووك ئەنجامدرا، ئەو پرۆژەیەی بە دەستكارییەوە پەسەندكرا.
بە پەسندكردنی پڕۆژەكەی بەرهەم ساڵح لەلایەن مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی، ئەو پڕۆژەیە بووە پڕۆژەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پڕۆژەكەیان رەتكردەوە و پشتگیری‌یان لەو پڕۆژەیاسایە كرد كە پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە.
بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەكەی بەرهەم ساڵحی رەتكردەوە و بە پڕۆژەیەكی شەخی دانا، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پڕۆژەكەی بۆ گفتوگۆ پەسندكرد. بەپێی پڕۆژەكە بۆ دوو ساڵی داهاتوو مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتیش وەكو قۆناخی ئینتیقالی دەمێننەوە و لەو ماوەیەدا سازان دەكرێت لەسەر گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی و رێكخستنەوەی دەسەڵاتەكان لە هەرێمی كوردستاندا.
بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەکە 6 خاڵی پێشنیازكردووە كە یەكێكیان بریتییە لە پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی حوكمڕانی بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان. هەر لەو پرۆژەیە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی داوادەكات هەریەكە لە وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەسەڵاتی تەواویان بدرێتێ بۆئەوەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان یەكبخەن.
دەقی بەیاننامەكە:
جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌ف و خۆراگری خه‌ڵكی كوردستان..
كه‌س وكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان ..
حزب و لایه‌نه سیاسیه تێكۆشه‌ره‌كان.
سڵاوێكی گه‌رمی خه‌بات و تێكۆشانتان لێبێت .
لای هه‌مووان ئاشكرایه كه ئێستا بارودۆخی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه به‌ئاقارێكی ناهه‌موارو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا تێده‌په‌ڕێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی شه‌ڕی نه‌گریسی تاریك په‌رسته‌كانی داعش باڵی ره‌شی به‌سه‌ر وڵاتماندا كێشاوه و رۆڵه جوامێره‌كانی ئێوه به‌درێژایی زیاتر له‌هه‌زار كیلۆمه‌تر رۆژانه له‌سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگرییه‌وه بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان خوێنیان له‌به‌ر ده‌چۆڕێت .
سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه‌ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆمان له‌هه‌ل و مه‌رجێكی ئێجگار ناله‌باردایه به‌هۆی دواكه‌وتنی موچه‌و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كان و راوه‌ستانی زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان، بێكاری و بێ بازاڕیش كاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی جێهێشتووه كه‌دیاره ئه‌وه‌ش هه‌موان به‌سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه لێی به‌رپرسیارین به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌مان كه به‌شدارین له‌سیستمی حكومڕانی وڵات‌دا هه‌ریه‌كه بهپشكی خۆی.
هه‌ر له‌م ساته‌وه‌خته‌دا هه‌رێمه‌كه‌مان توشی قه‌یرانێكی یاسایی و ئه‌زمونی حكومڕانی سه‌خت و گران بۆته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنیشی كاتی زۆرمان له‌به‌ر ده‌ست نیه، خۆ ئه‌گه‌ر بێت و ژیرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت و پڕۆسه‌ی سازانی نیشتمانی خێراتر‌و به‌گوڕتر نه‌كه‌ین و پێكه‌وه نه‌گه‌ینه ئه‌نجامێكی گونجاو و یه‌كلایی كه‌ره‌وه بۆ نێو ماڵی كوردی ئه‌وا زۆر ئه‌سته‌مه میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌زمونه‌كه‌ی له‌ژێر ئه‌و باره‌گرانه‌دا پشتی بۆ راست بكرێته‌وه.
ره‌نگه زۆربه‌تان شاهیدی ئه‌وه‌م بۆ بده‌ن كه بهندهههموو ته‌مه‌نی لاوێتی و پاش ئه‌وه‌شم له شۆڕش و كوردایه‌تی و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی له‌پێناوی میلله‌ته‌كه‌مدا سه‌رفكردووه و هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌م باقی ته‌مه‌نم به‌خت بكه‌م، هه‌ر بۆیه له هه‌موان زیاتر خۆم به‌په‌رۆشی ئاشتی و ئاشته‌وایی ناوماڵی كوردی ده‌بینم.
وه‌هه‌ر له‌رۆژگاری شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆشدا زۆر جار لێره‌و له‌وێ ته‌نانه‌ت له‌ناو هاوڕێكانی خۆم له‌مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه گله‌ییی و گازنده‌ی زۆرمان روبه‌ڕوبۆته‌وه له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كه ئێمه له‌هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری كه ئه‌وكات ببووه شه‌ڕگه‌یه‌كی گه‌رمی شه‌ڕی ناوخۆ به‌شداریمان نه‌بووه‌و ده‌وری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان تێدا نه‌بینیوه، خۆ ئه‌گه‌ر كاره‌ساتی 31ی ئاب نه‌بوایه كه هه‌موو وه‌زعه‌كه‌ی له‌بناغه‌وه هه‌ڵته‌كاند ئه‌وا هیچ دور نه‌بوو به‌هه‌ڵوێستی ئاشتیانه‌ی خۆمان چاره‌سه‌ری گشت گرفته‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر بكه‌ین و كۆتایی به‌شه‌ڕی ناوخۆ بهێنین.
ههربۆیهههوڵی زۆروبه‌رده‌وامم له‌پێناوی ئه‌وه‌یه كه‌به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هه‌مووان پێكه‌وه‌مان كاروانی خه‌باتی گه‌له‌كه‌م بگه‌یه‌نینه كه‌ناری ئارام كه‌خۆی له‌كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆدا ببینێته‌وه .
ئاشكراشه كه (ی.ن.ك) هه‌میشه و له‌قۆناغه جیاجیاكانی خه‌باتی شار‌و شاخدا له‌كاته هه‌ستیاره‌كاندا خاوه‌نی پڕۆژه و به‌رنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌تی چاره‌سه‌ر ئامێزی خۆی بووه و هه‌میشه له‌و بواره‌دا پێشه‌نگ بووه و كۆكه‌ره‌وه‌ی گشت دید و بۆچونه جیاوازه‌كان بووه و هه‌رگیز خۆی له پاشكۆی هیچ هێز و لایه‌نێكی ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا نه‌بینیوه‌ته‌وه و خۆی خاوه‌نی بڕیاری سیاسی خۆی بووه كوێخایه‌تی كه‌سیشی قبول نه‌بووه .
له‌وه‌ش بێگومانم كه هه‌موان په‌رۆشی چاره‌سه‌رێكی گونجاو و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ین، به‌ڵام دیاره هه‌ر لایه‌نه‌و له ڕوانگه و دنیابینی تایبه‌تی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته كێشه‌كان، به‌ڵام له راستیدا بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆمان نیه ئه‌گه‌ر هه‌موان پێوه‌ره نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان بكه‌ینه نه‌خشه رێگا بۆ چاره‌سه‌ر .
به‌بڕوای من كه ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری گونجاو و گشتگیر هه‌مووان سودی زۆر باش له پڕۆژه پێشنیار كراوه‌كه‌ی برای به‌ڕێزم كاك د.به‌رهه‌م وه‌ربگرین كه له‌كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 11/8/2015 ی مه‌كته‌ب سیاسی (ی.ن.ك) پاش دیراسه‌كردنی به زۆرینه‌ی ره‌های هه‌ڤاڵان په‌سه‌ندمان كرد.
جه‌ماوه‌ری خۆراگر و كه‌س وكاری شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كان
پێشمه‌رگه دلێرو گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌كان
حزب و لایه‌نه سیاسیه تێكۆشه‌ره‌كان
من لێره‌وه جارێكی تر داوا له‌سه‌ر جه‌م حزب و لایه‌نه سیاسییه كاراكانی گۆره‌پانی سیاسی كوردستان ده‌كه‌م كه چیتر كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ین و ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی ماوه خۆمان له‌ده‌وری مێزی گفتوگۆ ببینینه‌وه له‌پێناوی گه‌یشتن به‌سازانێكی نیشتمانی كه چاره‌سه‌رێكی گشتگیر و بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانمان بكات و خۆمان حه‌كیمی ده‌ردی خۆمان بین ده‌نا مێژوو ره‌حم به‌كه‌س ناكات، باههموشمان ئه‌و راستیه‌مان له‌یاد بێت كه‌سیاسه‌تی ئه‌مڕۆمان سبه‌ی ده‌بێته مێژوومان و ده‌چێته به‌ر ده‌ستی نه‌وه‌كانی داهاتومان .
هه‌ر لێره‌وه داوا له‌جه‌ماوه‌ری كوردستان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانیش ده‌كه‌م كه هه‌موو پێكه‌وه وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رشانمان گوشاری خۆتان بخه‌نه سه‌ر سه‌ركردایه‌تی حزبه سیاسییه‌كان تا هه‌رچی زوتره به‌ده‌م ئه‌م بانگه‌وازه‌وه بێن و هه‌موان به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه ناسكه‌دا بكه‌ین.
بژی كورد، بژی كوردستان
نه‌مری بۆ شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كان
براتان
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی ی.ن.ك
14ی ئاب/ 2015
هەریەک لە هەڵبژاردەکانی مەغریب و جەزائیر گەیشتنە یاریی کۆتایی پاڵەوانیەتی بالەی تازەپێگەیشتوانی وڵاتانی عەرەب، کە کوردێک بەرپرسی پاڵەوانیەتییەکەیە.
ماوەی دوو هەفتەیە وڵاتی مەغریب میوانداریی یارییەکانی ئەم کێبڕکێیە دەکات، کە یانزە وڵات پشکدارییان کردووە و ململانێیەکی بەهێز دەبیندرێت بەتایبەت یارییەکانی چوار گۆشەی زێڕین، کە پڕ بوون لە رکابەری، لە رووبەروبوونەوەی یەکەمدا کوڕانی مەغریب بە پشت بەستن بە هاندەرانیان توانیان بەئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم لە کوڕانی تونس ببەنەوە و بلیتی یاریی کۆتایی وەرگرن.
لە یارییەکی دیکەدا جەزائیرییەکان دوای بڕینی قەتەڕیەکان بەئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە گێمێک توانیان بلیتی یاریی کۆتایی وەرگرن، ئەوەی جێگای سەرنجە موئەیەد مەغدید جێگری سەرۆکی یەکێتی بالەی وڵاتانی عەرەب، کە کوردە و خەڵکی هەولێرە، بەرپرسی ئەم پاڵەوانیەتیەیە.
لە پەیوەندییەکی تایبەت بە رووداو، موئەیەد مەغدید گوتی : ئەمساڵ ئاستی تیپەکان زۆر بەرزە، چەندین یاریزانی نوێ لە وڵاتانی مەغریب و تونس و جەزائیر دەرکەوتن، هەروەها یەکێتی بالەی عەرەبی بڕیاری دا لە مانگی نۆڤێمبەری داهاتوودا لە شاری شەرم شێخی میسر کۆبوونەوە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی کاتی پاڵەوانیەتییەکانی داهاتوو دیاریی بکرێت.
15/8/2015
پۆنتا بالێنا کەرتێکی گەشتیاری سەرەکییە لە دوورگەی مایۆرکا و بەگوێرەی ئامارە گەشتیارییەکانی ئیسپانیا، ساڵانە یەک میلیۆن گەشتیاری بەریتانی سەردانی دەکەن، بەڵام بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی بەریتانیا و خواردنەوەی زۆری خواردنەوە کهولییەکان لەکاتی گەشتەکانیاندا کێشەی زۆر لەو ناوچەیە دروست دەبێت.
بەرپرسانی مایۆرکا هەوڵیان داوە کۆمەڵیک پێوەر و یاسای نوێ لەو ناوچەیە پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەشتیارە گەنجە بەریتانییەکان پەیڕەوی ئەو پێوەرانە ناکەن و لەسەر شەقام و هەر شوێنێک بیانەوێت کهول دەخۆنەوە، هەندێکجار تاکو کاژێر ٨ی بەیانی لەسەر شەقامەکان دەخۆنەوە و چەندین جۆرە کێشە دروست دەکەن.
ئەوان هەندێک جار تەواو خۆیان رووتدەکەنەوە، یان بەهۆی سەرخۆشبوونیانەوە کێشە دروست دەکەن، جگە لە دەنگە دەنگ و هەڵای نێو شەقامەکان.
پۆلیسی مایۆرکا سزای ٤ هەزار و ٦٠٠ دۆلاری بۆ ئەو کەسانە داناوە کە بە تەواوی خۆیان رووتدەکەنەوە، بەڵام چارەسەری کێشەکەی نەکردووە، بۆیە داوای لە بەریتانیا کردووە پۆلیس بنێرێتە ئەو ناوچەیە.
ئیسپانیا تاکە وڵات نییە کە داوای کردبێت پۆلیسی بەریتانیا بێتە وڵاتەکەی و چاودێری گەشتیارییە بەریتانییەکان بکات، بەڵکو ئەڵمانیاش لە ساڵی ٢٠٠٦دا و کاتێک جامی جیهانی بۆ تۆپی پێ لەو وڵاتە ئەنجامدرا، هەمان ئەو داوایەی لە بەریتانیا کرد.
14/8/2015
رۆژی 13-8-2015 ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە بۆ گەشتن بە ئەنجامێک لە سەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی.
بە پێی لێدوانەکانی هەردوو پارت، ئەو کۆبوونەوەیە کە کاژێر 2 ی دوای نیوەڕۆ سازدەکرێت، دواین کۆبوونەوە دەبێت و پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە. ئەگەر بڕیاری حکومەتێکی هاوپەیمانی لەو کۆبوونەوەیە دەرچێت، ئەوا بە زووترین کات کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا پێک دەهێنرێت.
پێچەوانەکەشی دوو ئەگەر دەهێنێتە پێشەوە، ئەگەری هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست یان هەڵبژاردنی پێشوەخت.
رۆژی 10-8-2015 داودئۆغڵو و کڵچدارئۆغڵو کۆبوونەوەیەکیان سازکرد، کە زیاتر لە 4 کاژێری خایاند. لێدوانە فەرمییەکانی دوای کۆبوونەوەکە هیچ سەرەداوێکیان نەدا بەدەستەوە سەبارەت بە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە، بەڵام ئەو زانیاریانەی دزەیان کردە دەرەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە ئەگەری هەیە AKP و CHP نزیک بن لە رێکەوتن، هەرچەندە جەماوەری هەردوو پارت لەگەڵ ئەوەدا نین، کە پارتەکانیان هاوپەیمانی پێکبهێنن.
13/8/2015
هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەبڕیارێکی حکومەتی ئەمریکا تا کاتی جێبەجێبوونی تەواوی ریککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بە تەواوی ئازادکرا و تا یەک هەفتەی داهاتوو، هەناردەکردنی نەوتی ئێران 500 هەزار بەرمیل لە رۆژدا زیاد دەکات.
بڕیارنامەکەی حکومەتی ئەمریکا رێگە بە کڕیارانی نەوتی ئێران دەدات تا کاتی جێبەجێبوونی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، لە تاران نەوتی خاو بکڕن.
بەپێی بڕیارنامەکە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران نزیکەی 5 مانگ زووتر لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گەمارۆکان ئازاد کراوە.
بیژن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران هەفتە رابردوو رایگەیاندبوو، پاش لابردنی گەمارۆکان رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە دەگاتە 3 ملیۆن و 800 تا 900 هەزار بەرمیل نەوت و، ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت، ئێران بەردەوام دەبێت لە هەناردەکردنی ئەو رێژەیە.
لای خۆیەوە بانکی جیهانی، لەدووایین راپۆڕتی خۆیدا، پێشبینی کردووە دوای لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا 20% دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.
هەروەها لە راپۆرتەکەی بانکی جیهانییدا پێشبینی کراوە کە نرخی گەشەی ئابووری ئێران لە ساڵی داهاتووی هەتاویدا 5% بێت.
لەو راپۆرتەدا کە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە ( 10ی ئاب) لە واشنتن بڵاوبووەتەوە، بانکی جیهانی پێشبینی کردووە، کە کەمکردنەوە و لابردنی گەمارۆکانی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر ئابووری ئێران، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەناردەی نەوتی ئێران و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، پێشبینیش دەکرێت هەر بەرمیلێک نەوت 10 دۆلار نرخی دابەزێت .
لەکاتێکدا کە پێش بینی دەکرێت نرخی گەشەی ئابووری ئێران لە ساڵی داهاتوودا 5% بێ ، ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە تەنیا 3% بووە .
لە راپۆرتەکەی بانکی جیهانییدا هاتووە کە لە ساڵی داهاتوودا پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و بەریتانیا، چین، هیندستان، تورکیا و سعودیا باشتر دەبن.
ئێستا ئێران رۆژانە نزیکەی دوو ملێون و 700 تا 750 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمدەهێنێت و پێشبینی دەکرێت بەجێبەجێبوونی بڕیارەکەی ئەمریکا و هەڵوشاندنەوەی 3 گەمارۆی سەرەکی پیشەسازی نەوتی ئێران لەوانەش: گواستنەوەی پارەی نەوەتی فرۆشراو، دابینکردنی کەشتی نەوتهەڵگر و بیمەکردنی کەشتییەکان، لە ماوەی 7 تا 10 رۆژی داهاتوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران 500 هەزار بەرمیلی دیکە لە رۆژدا زیاد بکات.
13/8/2015
وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک بەرامبەر ئەو گرژییانەی لە هەندێك شوێنی باکووری کوردستان و تورکیا دروستبوون، دواهەمینیشیان سووتاندنی بارهەڵگرێکی ئێران لە تورکیا، تاران بڕیای داخستنی دەروازەیەکی سنووری بەڕووی تورکیا دەركرد.
داود كیشافارزیان، بەڕێوەبەری رێکخستنی گواستنەوەی زەمینی، بۆ میدیاکانی ئێران رایگەیاند "تاران بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووری لەگەڵ تورکیا دەركرد، دوای ئەو هێرشە نوێیەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دژ بە باهەڵگرێکی ئێرانی کراو ئاگری تێبەربوو".
كیشافارزیان دەڵێت "دوای ئەو هێرشە نوێیەی دوێنی شەو کرایە سەر بارهەڵگرێکی ئێرانی لە تورکیا، بڕیارماندا بە داخستنی دەروازەی سنووریی بازرگان لەگەڵ ئەو وڵاتە". كیشافارزیان دەشڵێت " خۆشبەختانە شوفێرەکە لەو رووداوەدا رزگاری بوو، بەڵام بارهەڵگرەکەی سووتا".
بەڕێوەبەری رێکخستنی گواستنەوەی زەمینی ئێران ئاماژە بەوە دەدات " دەروازەی سنووریی بازرگان بە ئاراستەی تورکیا بۆ ئێران کراوەدەبێت". كیشافارزیان ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەو "ناڕەزایی دەربڕینی ئێرانی لە دیدارێکدا بە باڵیۆزی تورکیا لە تاران گەیاندووە و دوای لێکردووە حکومەتی تورکیا گەرەنتی سەلامەتی شوفێرانی ئێرانی بکات، هەروەک چۆن ئێران لەبەرامبەر شوفێرە تورکەکان مامەڵەی کردووە".
پێشووتریش کاربەدەستانی باڵیۆزخانەی ئێران لە تورکیا و کونسوڵخانەی ئێران لە ئەرزڕۆم سەبارەت بە گەشتكردنی ئێرانییەکان بۆ ئەو وڵاتە هۆشدارییان دابوو. باڵیۆزی ئێران لە تورکیا خەڵکی ئێرانی سەبارەت بە پشێووی لە هەندێك ناوچەی تورکیا و سەردانیکردن بۆ ئەو وڵاتە ئاگادارکردبووەوە. ئەم بڕیارەی تاران بەهۆی ئەو گرژییانەی لە هەندێك شوێنی باکووری کوردستان و تورکیا روویاندا، دراوە.
13/8/2015
لەكاتێكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، تاوەكو ژێر خاككردنی چەكەكان درێژە بە هێرشەكانیان دەدەن دژی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ، كۆما جڤاكێن كوردستان KCK كە بە چوارچێوەی گشتگیری PKK دادەنرێت رایگەیاند ئەوان پشتیوانی لە دروستكردنی حكومەتە خۆجێییەكان دەكەن لە باكووری كوردستان .
لە هەمانكاتدا ئەو ئەنجوومەنانەی كە بە ناوی "ئەنجوومەنی گەل" لەلایەن لایەنگرانی PKKەوە دروستكراون رایانگەیاند, كە ئیدی ئەوان لە (سیلۆپی، جزیرە ، نسێبین و شرنا‌خ) "دان بە داوودەزگاكانی دەوڵەت دانانێن" و لەمڕۆ بەدواوە هیچ گوێنادەنە دەزگاكانی دەوڵەتی توركیا و بەخۆیان كاروبارەكانیان بەڕێوەدەبەن .
شرۆڤەكارانی سیاسی دوای ئەو هەنگاوە چاوەڕێدەكەن هەڵمەتی گرتنی لایەنگرانی PKK زیاتر ببێت، بە تۆمەتی دروستكردنی حكومەت لە نێو حكومەتدا، هەروەك چۆن پێش سێ ساڵ ئەو هەڵمەتە لە دژی لایەنگرانی PKK ئەنجامدرا بەهەمان تۆمەت و بەهۆیەوە سەدان كەس گیران كە بە "گیراوانی دۆسیەی KCK " ناسرابوون . ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا ، سەدان كەس لەوانە لە زیندان ئازادكران و فەرمانی گرتنیان هەڵوەشێندرایەوە .
KCKیش پێشبینی كاردانەوەی تووندی دەوڵەتی توركیا دەكات بۆ سەر ئەو هەنگاوەو دەڵێ "دەوڵەتی تورك ناتوانێ ئەو دیموكراتییە خۆجێیە هەرس بكات و هێرش دەكات".
سەركردایەتی KCK لە راگەیێندراوێكدا لە رۆژی چوارشەممە 12ی ئابدا ، پشتیوانی خۆی بۆ راگەیاندنی ئەو خۆبەڕێوەبەرییە خۆجێیانەی لە ناوچەكانی باكووری كوردستان راگەیاند و ، لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە " لەبەرامبەر پێداگری دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان AKP لەسەر دەوڵەت ــ نەتەوە ، جگە لە خۆبەرێوەبەری هیچ چارەسەرێكی دیكە بۆ گەلی كورد نەماوە".
KCK دەڵێت:" عەقلیەت و سیاسەتی دەوڵەتی تورك نەگۆڕاوە".
لە بەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتی توركیا پێداگیریی لەسەر شەڕكردن دژی PKK دەكەن ، رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2015 سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند " توركیا بەردەوامدەبێت لەسەر شەڕكردن لەگەڵ رێكخراوە تێرۆریستییەكان ، تاوەكو تیرۆریستێك لە سنوورەكانی توركیادا مابێت " ، هەروەك ئەردۆغان گوتی .
هەروەها سەرۆك كۆماری توركیا گوتی ئەوان تەنیا بە بێدەنگكردنی چەكی PKK رازینابن ، بەڵكو گوتی: " دەبێ چەكەكانیان ژێر خاك بكەن ".
13/8/2015
بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هیچ نمایشێکی سەربازی و رێپێوان لە نێو شاری هەولێر رێگەی پێ‌نادرێت.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر کە وێنەیەکی گەیشتووەتە دەست (تۆڕی میدیایی رووداو)، لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هیچ دەزگایەکی سەربازی و حکومی و حزبی نییە نمایشی سەربازی و رێپێوان لە نێو شاری هەولێر بکەن و بەهیچ شێوەیەک رێگەی پێ نادرێت.
لە رۆژی رابردوو چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازی و حكومى كە وێنەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتییان لەسەر بەرزكرابووەوە، لەنێو شەقامەكانی شاری هەولێر بینران، لایەنگرانی پارتیش لە شەقامی ئیسكان كۆبوونەوەی جەماوەرییان سازكرد و داوای مانەوەی بارزانی‌یان لە پۆستەكەی دەكرد.
پێشتر عەلی حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی دووی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " پارتی هیچ بەرنامەیەكی بۆ ئاهەنگگێڕان و مانۆڕی سیاسی و جەماوەری نییە".
12/8/2015
سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، لەدیداری ژمارەیەک لە رێکخراو و سازیی سڤیل و میدیاکان، گوتەیەکی پێشکەش کرد و لەو گوتەیەیدا هێرشی تووندی کردە سەر ئاک‌پارتی و ئەردۆغان.
دەمیرتاش لە گوتەکەیدا ئەردۆغانی بە هۆکاری شەڕ و گرژییەکانی تورکیا تۆمەتبارکرد و گوتی " ئەردۆغان لەپێناو خۆی دەیەوێت تورکیا وێران بکات، ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی ئێستا لەناوچەکانماندا هەیە خەڵک رەتیدەکاتەوە، کە خەڵک رەتیبکاتەوە ئێمەش رەتیدەکەینەوە".
دەمیرتاش، ئەردۆغان و پارتەکەی و حکومەتی تورکیای تۆمەتبارکرد بە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و گوتی " بە رێگاگرتن لەشاندی ئیمرالی پرۆسەی ئاشتیان تێکدا، خۆ ئەوکات ئەوان بەتەنیا باڵادەستبوون و سەرۆکوەزیران بوون، داودئۆغڵو لەحکومەت بوو، بۆ رێگایان گرت لەشاندەکە، خۆ ناوەکانیش دیاریکرابوون".
دەمیرتاش کوژرانی ئەو خەڵکەی ئێستاشی لەتورکیا خستە ئەستۆی دەوڵەت و گوتی " ئەگەر حکومەتی تورکیا پرۆسەی ئاشتی تێکنەدابا ئەو خەڵکەی ئێستا نەدەکوژران و ئەو کێشە و ئاڵۆزییانە دروست نەدەبوون".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دادگادا بە تۆمەتی بێڕێزیکردن، قسەهەڵبەستن و تاوانبارکردنی بێبنەما داوای یاسایی لەسەر دەمیرتاش تۆمارکردووە.
12/8/2015
لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و رۆژئاوادا، ماوەی ٢٤ رۆژ دەرفەت دراوە بە ئێران، کە پێش چوونی چاودێران و کارناسانی ئاژانسی ئەتۆمی بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە خۆی ئامادە بکات.
ئەمە یەکێک لە خاڵانەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ١٤ی تەمووزی نێوان ئێران و رۆژئاوایە، کە بنیامین نەتانیاهۆ بە توندی دژایەتیی دەکات و بڕوای وایە کە ئێران لەو دەرفەتە ٢٤ رۆژیەدا دەتوانێ هەموو نهێنیەکانی پەوەندیدار بە تاقیکاری و بەرنامە ئەتۆمییە قەدەغەکراوەکان بشارێتەوە.
بەڵام جۆن کیری ئەو نیگەرانییە بە نەگونجاو دەزانێت و دەڵێت "چەک و تاقیکارییەکانی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی شتێک نییە، کە بە ٢٤ رۆژ و بگرە بە چەندان ساڵیش بشاردرێتەوە. تەنانەت ئەگەر ئەو شتانە بنخاکیش بکرێن و سەریان کۆنکرێت بکرێت، هێشتا هەر شیاوی دۆزرانەوە و ئاشکرا بوونن".
جۆن کێری هەروەها راگەیاند کە لەلایەن محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە لە بەیروتەوە پەیامێکی پێگەیشتووە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پەیامەکە نەکرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی ئەوەشی کرد، کە شێوازێکی نوێ بۆ چاودێریکردن جێگای کارناسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە و ئەمریکا و هاوپەیمانانی چاودێرییەکی زیاتر دەخەنە سەر چالاکیی ئەتۆمیی ئێران.
12/8/2015
بۆئەوەی لایەنەکان پێش 20/8/2015 بگەنە سازان و هەڵبژاردنی پێشوەخت نەکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران، بەگەرمی هاتە سەرخەت.
نێوبراو هەفتەی رابردوو لە هەولێر و سلێمانی بووە. (رووداو) زانیویەتی کە سولەیمانی لەبارەی نزیکبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێتی لە نەوشیروان مستەفا بە یەکێتیی گوتووە" ئەوان بەهەڵە سواری ئەو بەلەمە بوون کە نەوشیروان مستەفا لێیدەخوڕێت".
قاسم سولەیمانی جگە لە پارتی لەگەڵ چوار پارتەکەی دیکەی باشووری کوردستانیش کۆبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی (رووداو)، کە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکان پێیانداوە، پوختەی قسەکانی سولەیمانی بۆ هەرپێنج حیزبەکە لە سێ پێشنیازدا چڕبوونەتەوە: "یەکەم: بارزانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، دووەم: خەڵک بڕیار بدات سەرۆک لەنێو پەرلەمان یان لەنێو خەڵکدا هەڵبژێردرێ، سێیەم: نابێ بە هیچ شێوەیەک دۆخی سیاسی کاریگەریی لەسەر شەڕی داعش دروست بکات، کە وا‌بکات مەترسی بۆ سەر ئێران دروست ببێت".
سەعدی پیرە: سولەیمانی ناحەزت بێ، خراپە
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە هەڤپەیڤینێکی پێشووتریدا لەگەڵ (رووداو)، باسی کاریگەریی قاسم سولەیمانی دەکات و دەڵیت "قاسم سولێمانی پیاوێکە نوێنەری خامنەئییە بۆ کاروباری سەربازی لە دەرەوەی وڵات، پەیوەندیی باشی هەیە لەگەڵ کورد و لەگەڵ یەکێتی، پارتی و ئیسلامییەکان. پیاوێکی ساحیب نفووزە و نفووزی زۆرە. قاسم سولەیمانی پیاوێکی زۆر مورەتەبە و زۆر رێزی مام جەلال و کاک مەسعود دەگرێ. زۆر حیسابیش بۆ قسەکانیان دەکات. پیاوێکە عەقڵێکی باشی هەیە و پیاو دەتوانێ سوودی لێوەربگیرێت".
بە بڕوای سەعدی پیرە: "قاسم سولەیمانی دۆستت بێ باشترە لەوەی ناحەزت بێ. ئەگەر ناحەزت بێ، ئەوە خراپە".
بەڵام فەرید ئەسەسەرد پێیوایە لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "ئێران کاریگەریی زۆری نابێ، چونکە حیزبەکان بڕیاردەدەن کە گوێڕایەڵی ئێران بن یان نا".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ناشیشارێتەوە کە "ئێستا ئێران تەنیا نییە بگرە ئەمریکاش گوشار دروست دەکات، بۆئەوەی لایەنەکان بگەنە سازان".
سەبارەت بە هەوڵەکانی قاسم سولەیمانی بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەسەسەرد دەڵێت "سولەیمانی وەکو خۆی دەسەڵاتێکی زۆری نییە، بەڵکو دەسەڵاتەکەی سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە هەموو جار ئەو مەسەلەیە گەورە دەکرێت".
وەک فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "قاسم سولەیمانی کەسێکە توانیویەتی توانا و بەهرەکانی خۆی لەکاتە سەختەکاندا پیشانبدات، هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراق و سووریا"، لەگەڵ ئەوەشدا "ئەرکی ئەو نییە رۆڵی سیاسی بگێڕێ، بەڵام لەبەرئەوەی دەسەڵاتێکی زۆری پێدراوە و نوێنەرایەتیی بەرزترین دەسەڵاتی ئێران دەکات، زۆر جار سنوورەکانی خۆی دەبەزێنێت و دەچێتە خانەی سیاسەتەوە. هەڵبەت ئەمەش بەڵگەی ئەوە نییە کە کەسێکی بێتوانایە".
قاسم سولەیمانی یەکێک بووە لە فەرماندەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتا و بەهۆی ئازایەتییەوە، ئایەتوڵڵا خامنەیی ناونیشانی "شەهیدی زیندوو"ی پێداوە. لە عێراق لایەنە سیاسییەکان سولەیمانی وەکو "فەرمانڕەوای راستەقینەی وڵات" دەناسێنن.
"حیزبەکان گوێ لە ئێران و تورکیا دەگرن"
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان نایشارێتەوە کە قاسم سولەیمانی لەکوێ بێتە سەر خەت، بێ یەک و دوو کاریگەریی لەسەر بڕیارەکان دروست دەکات.
ئەبوبەکر عەلی دەڵیت: "بەدڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها تورکیا و ئەمریکاش هێزی گرنگن لەم ناوچەیەدا. حیزبەکان لەئاستی جۆراوجۆردا گوێ لە قسەکانیان دەگرن. لانیکەم هەوڵەکانیان هۆکارێک دەبن بۆئەوەی گوشار بۆ سەر هێزە سیاسییەکان دروست بکەن و بگەنە رێککەوتن لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسەلەی دەستوور".
دەربارەی قاسم سولەیمانی، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو گوتی "قاسم سولەیمانی و ئێران بیانەوێ ،دەتوانن کاریگەرییەکی گەورە لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان دروست بکەن.
ئەمە راستییەکە و ناتوانین خۆمانی لێ بدزینەوە. بگرە ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جۆری بیرکردنەوەی دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکان، کاریگەرییان دەبێ لەسەر رەوتی گفتوگۆکانیش".
11/8/2015
کاربەدەستێکی باڵای دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین رایگەیاند کە مەحموود عەباس لە داهاتووییەکی نزیکدا سەردانی ئێران دەکات.
ئەحمەد مەجدەلانی، نوێنەری مەحموود عەباس کە لە رۆژی شەممەوە لەگەڵ شاندێکی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە سەردانێک لە تارانن، بە ئاژانسی هەواڵی شین هوای چینی راگەیاند کە "مەحموود عەباس، سەرۆکی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە نیازە لە ماوەی ٢ مانگی داهاتوودا سەردانی ئێران بکات".
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە هەندێ سەرچاوەی حەماسیش باسیان لە ئەگەری سەردانی خالید مەشعەل کردووە بۆ تاران لە داهاتوویێکی نزیکدا.
مەجدەلانی رایگەیاندووە کە لەم سەفەرەیدا بۆ تاران، سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ گەشتی داهاتووی مەحموود عەباس لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران باس و راوێژی کردووە.
مەجدەلانی گوتیشی: "ئەو شاندەی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین کە ئێستا لە تارانن، بۆ دامەزراندنەوەی پەیوەندیی فەلەستین لەگەڵ ئێران هەوڵ دەدەن".
مەحموود عەباس، دوایین جار ساڵی ٢٠١٢ و بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی بێلایەن سەردانی ئێرانی کردووە.
11/8/2015
جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پەیامنێری(تۆڕی میدیایی رووداو)، تایبەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" دەربارەی بابەتە سیاسیە نێوخۆییەکانی عێراق قسە ناکات، بەڵام ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی عێراق لە روبەڕووبونەوەی داعش".
هەروەها کێربی دەربارەی سەردانی بریت مەکگۆرک بۆ سلێمانی گوتی" ئەمریکا دەربارەی کۆبوونەوە دپلۆماسیەکانی لێدوان نادات".
نامۆ عەبدوڵڵا دەپرسێت: لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق ئێستا قەیرانێك هەیە و پسپۆڕان دەڵێن ئەو قەیرانانە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن داوا دەکەن کە سەرۆک نابێت بمێنێتەوە بۆ خولی سێیەم، وا دەردەکەوێت کە ئەویش بەوە رازی نەبێت، ئایا ئێوە نیگەران نین کە ئەو هەرێمە گرنگە لە شەڕی داعش بەهۆی ئەم کێشە ناوخۆییانەوە تووشی ناسەقامگیری بێت؟
جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامدا رایگەیاند:" وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمتدا گووتم، من دەربارەی ئەو بابەتە سیاسییانەی نێو عێراق قسە ناکەم کە پەیوەستن بە ناوخۆی وڵاتەکەوە، من پێموایە، بە گشتی سەرکردایەتی سیاسی عێراق تێدەگەن لەو هەڕەشەیەی کە داعش دروستی کردووە لەسەر ئەوان و لەسەر گەلی عێراق، ئێمە بەردەوام دەبین لەکارکردن لەگەڵ عێراقییەکان بۆ روبەڕووبونەوەی ئەو هەڕەشانە من هەر ئەوەندە دەڵێم"
نامۆ عەبدوڵڵا دەپرسێت: بەرێز برێت مەکگۆرک کە دوێنێ لە عێراق بوو، ئایا لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردە کوردەکان باسی بابەتی قەیرانی سەرۆکایەتی کردووە؟
جۆن کێربی لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا گوتی: ئێمە هەرگیز باسی وردەکاری کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانمان ناکەین باڵیۆز مەکگۆرک لە عێراقە تاوەکو باسی هەوڵەکانی لاوازکردن و لەناوبردنی داعش بکات".
شاندێکی باڵای ئەمریکا کە پێکهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، برێت مەکگۆرک جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، ماتیاس میتمان کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و جەنەراڵ جەیمس تێری فەرماندەی هێزی هاوبەشەکان لە شەڕی دژی داعش لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەییشتنە باشووری کوردستان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە.
شاندەکەی ئەمریکا رۆژی شەممە 8-8-2015 گەییشتنە سلێمانی و لەگەڵ هەریەکە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.
11/8/2015
تۆڕی توێژینەوەی سیاسی ئەوروپی لە راپۆرتێک‌دا ئاشکرای دەکات رووسیا و ناتۆ بە شێوەیەکی چڕ‌وپڕ سەرقاڵی خۆئامادەکردنی سەربازین، بۆ هەر شەڕ و پێکدادانێک کە دەشێت لە داهاتوودا لە نیوانیاندا رووبدات. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەم ئەمە زەبەلاحترین خۆئامادەکردنی سەربازییە کە دوو لایەن لە دژی یەکدی دەستیان پێکردبێت.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ناتۆ و رووسیا چەندین مانۆڕ و کەمپی گەورەی راهێنانی سەربازییان لە ناوچە سنوورییەکاندا رێکخستووە. ناتۆ چەندین بنکەی سەربازی لەسەر سنووری وڵاتانی باڵتیک داناوە و چەندین مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان ئەنجام داوە، لە لایەکی دیکەوە رووسیاش رێژەیەکی زۆر هێز و چەک و تەقەمەنی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتانە جێگیرکردووە.
لە راپۆرتەکەی تۆڕی سەرکردایەتی ئەرووپیدا پێشنیار دەکرێت رێککەوتننامەیەکی نوێی چاودێری چەک و چالاکی سەربازی واژوو بکرێت، بۆ ئەوەی بەر بە سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ناتۆ و رووسیا بگیرێت.
لە بەشێک لە راپۆرتەکەدا هاتووە "ئێمە ناڵێین سەرکردایەتی لایەنە ناکۆکەکان بڕیاری چوونە ناو شەڕیان داوە، ناڵێین سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان لایەنەکاندا گومانهەڵنەگرە. بەڵام جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەم دواییە لە راستیدا رۆڵیان هەیە لە راگرتنی ئەو کەشی ناکۆکی و گرژی لە نێوان هەردوولادا هەیە."
بەرپرسانی رووسیا و ناتۆ، رەتی دەکەنەوە چالاکییە سەربازییەکانی سەر سنوور بە مەبەستی ورووژاندنی یەکتر بێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئامانج لەم مانۆڕە سەربازییانە تەنها خۆئامادەکردنی سەربازییە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەکەی تۆڕی سەرکردایەتی ئەورووپی "ئاستی چالاکییە سەربازییەکان پێچەوانەی ئەمەمان پێدەڵێت".
دەستەی ئامادەکاری راپۆرتەکە، پێشنیار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری شەڕ و پێکدادانەکان رووسیا و ناتۆ دەبێت ئاستی پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەن، لەوانەش یەکتر لە هەر جموجۆڵێکی سەربازیی و ئامانجەکەی ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە لێکدانەوەی هەڵە بگیرێت، هەروەها بە پێی رێککەوتنێک رێژەی هێزەکان لەسەر سنوور کەم بکرێنەوە.
جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەم دواییە سەر سنوورەکان لەلایەن رووسیا و ناتۆ دوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکراینا لە سەرەتای ساڵی 2014 دێت، کاتێک رووسیا دەستی بەسەر نیمچە دوورگەی کریمیادا گرت و دواتریش قەیرانی هەرێمەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا سەریهەڵدا، کە تێیدا رووسیا بە هاندان و پاڵپشتیکردنی جوداخوازەکانی ئەم هەرێمانە تۆمەتبار دەکرێت.
12/8/2015