ئهنجوومهنی شورای دادوهری كوردستان بڕیاریدا، مهسعود بارزانی بهتهواوی دهسهڵاتهكانییهوه له پۆستهكهیدا بمێنێتهوه، تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
نهریمان تاڵیب، وتهبێژى وهزارهتى داد، بۆ (باسنیوز) راى گهیاند، بهپێی بڕیارهكهی ئهنجوومهنی دادوهری مهسعود بارزانی تاوهكو ههڵبژاردنی داهاتوو بهتهواوی دهسهڵاتهكانییهوه له پۆستهكهیدا دهمێنێتهوه.
ئهو ئهنجوومهنه رایدهگهیێنێت: “بڕیارهكهمان ههم راوێژكارییه، ههم ئیلزامییه”.
جهختى لهسهر ئهوهش كردهوه “ئهو بڕیاره بۆ ئهوه دراوه ئهگهر بێت و لایهنهكان نهگهن به رێككهوتن ئهوه بۆ ئهوهى بۆشایی یاسایی دروستنهبێت ئهو بڕیاره دراوه”.
18/8/2015
“جۆن كاستیچ” پاڵێوراوی كۆمارییهكان بۆ بهدهست هاوردنی كارتی كۆمارییهكان بۆ ههڵبژاردنی 2016 جهخت لهوه دهكاتهوه كه عێراق دابهش دهبێت بۆ 3 بهش. ههروهها پێی وایه كۆتایی كێشهكانی عێراق و ئهنجامهكانی جهنگی هاوپهیمانان لهدژی داعش دهبنه هۆی دابهشكردنی عێراق بۆ 3 بهش.
لهدیدارێكی تایبهتدا لهگهڵ تۆڕی “سی.ئێن.ئێن” ناوبراو گوتی: ” لهكۆتاییدا عێراق دابهش دهبێت بۆ سێ بهش”.
سهبارهت بهتیرۆر و كردهوه خۆكوژییهكانیش، ناوبراو گوتی: ” پێویسته لهسهر ههموو ئاینهكان لهجیهاندا، كه ههڵوهسته بكهن و بهكهسی خۆكوژن بڵێن، تۆ ئهگهر وادهزانیت بهوهی خۆت بهتهقێنیتهوه به ژن و منداڵی بێ تاواندا دهچیته بهههشتهوه، ئهوا تۆ شێتیت، ئهگهر دهستی ئێمه بكهویت دهتخهینه زیندانهوه بۆ ئهوهی پاشماوهی ژیانت لهزیندان بهسهر بهریت”.
ههروهها دهڵێت: “دهبوو بهلایهنی كهمهوه یهك بنكهی سهربازیمان لهعێراق بهێشتایهتهوه”.
ههروهها دهڵێت: ” كوردهكان هاوپهیمانی باشی ئهمریكان، دهبێ ئاگامان لهپێداویستییهكانیان بێت، دهبێ ئهوان هاوسهنگ بكهینهوه لهگهڵ توركیادا، ئهوهش ههندێك كێشهمان لهو ئاستهدا بۆ دروست دهكات”.
18/8/2015
وەزیری وزەی توركیا دەڵێت لەگەڵ بەغدا رێككەوتنیان هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەڵێننامەیان هەیە. ئاشكراشیكرد لە 15 مانگی رابردوودا هەولێر 66 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە بەشێكی بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتووە.
تانەر یڵدز لە ئۆفیسی خۆی لە ئەنكەرە پێشوازی لە كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی باشووری كوردستان كرد و وەڵامی چەند پرسیارێكی تایبەت بە پەیوەندییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان و بەغدا و داعشی دایەوە.
لەسەرەتای قسەكانیدا یڵدزدا دەركەوت كە تورکیا زۆر چاوی لەسەر بەشەكانی دیكەی عێراقە، چونكە زۆر بە تۆنێكی نەرمەوە باسی گرنگیی سامانە سروشتییەكانی عێراقی دەكرد و خۆشحاڵ بوو بە باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوە كرد کە توركیا لە پڕۆژەیەكی گەورەی وەبەرهێنانی خزمەتگوزاری نەوت و گاز لە عێراقدا بەشدارە، كە بەهاكەی دەگاتە 41 ملیار دۆلار، بەتایبەتی لە بواری نەوت لە میسان و بەدرە و رومێلە، لە گازی سروشتیش لە مەنسوور و سیا.
لە وەڵامی پرسیارێكی (رووداو)دا كە ئایا ئەو پڕۆژە گەورانە كار ناكەنە سەر رێككەوتنی وزە لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە، وەزیری وزەی توركیا گوتی "توركیا پشتگیری هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكات و دەیەوێ هاوكارییان بكات لە سوودوەرگرتن لە داهاتەكانیان بە یەكسانی".
یڵدز گوتیشی "ئەو رێككەوتنەمان لەگەڵ بەغدا نوێ نییە تاوەكو كاریگەریی هەبێ بەسەر هەولێرەوە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەهرستانی و بەشێكیشی رێككەوتنێكی كۆنی ساڵەكانی حەفتاكانە".
یڵدز لەسەر پەیوەندیی ئەنقەرە و بەغدا زیاتر دوا و گوتی "دەبێ بزانن ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا رێككەوتنی وزەی هەیە، بەڵام لەگەڵ هەولێر بەڵێننامەی وزەی هەیە كە جیاوازن، چونكە هەولێر دەستوور و بانكی ناوەندیی نییە".
بەرپرسەكەی توركیا دانی بەوەشدا نا كە ئەو بەڵێننامەی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ 50 ساڵە و گوتی: "تەنیا لە بواری وزەدا نییە". بەبێئەوەی زانیاریی زیاتر بدات. ئێستا کۆمپانیا توركییەکان خاوەنی 6 كێڵگەی نەوتین لە باشووری كوردستان و بەنیازن بیكەنە 11 دانە.
زۆر لە پرسیارەكان لە وەزیرەكەی توركیا كە ئاگاداری ورد و درشتی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و عێراق بوو، تایبەت بوو بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا.
یڵدز بەنەرمییەوە دەستی دەهێنا بە ریشیدا و دەیگوت: "لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە، هەولێر و بەغدا رێكبكەون، چونكە بەبێ سەقامگیری ناتوانرێ سوود لە سامانە سروشتییەكان وەربگیرێ".
لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان، یڵدز كۆمەڵێك زانیاریی دا و گوتیشی هیچ دەستوەردانێك ناكەن لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.
بەگوتەی وەزیری وزەی توركیا "لە مانگی مایسی 2014ەوە هەرێمی كوردستان 71 ملیۆن تۆن نەوت كە دەكاتە 66 ملیۆن بەرمیل هەناردەكراوە بۆ بەندەری جەیهان و بە ئامادەبوونی نوێنەری هەولێر و بەغدا هەمووی تۆماركراوە".
رۆژانە هەندێكجار 500 هەزار بەرمیل بووە، هەروەها گەیشتووەتە 640 هەزاریش. یڵدز بە دووریشی نەزانی بەمزووانە بگاتە ملیۆنێك بەرمیل نەوت. لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەوان رازین هەولێر بە سەربەخۆیی نەوت بفرۆشێ، وەزیری وزەی توركیا هەرچەندە جەختی لەسەر گرنگیی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا كردەوە، بەڵام گوتی: "ئێستا هەرێمی كوردستان بەسەربەخۆیی نەوت دەفرۆشێ و پارەكە ناگەڕێنێتەوە بەغدا، چونكە عێراق بەهۆی كێشەی داراییەوە پارەی هەولێر ناداتەوە".
لەبارەی داهاتەكەشیەوە گوتی: "ئەوە داهاتی خەڵكی عێراقە. توركیا تەنیا بەپێی رێككەوتنێكی لەگەڵ سۆمۆ پارەی خزمەتگوزاری وەردەگرێ و هەقی ئەوەمان نییە چۆن دابەشدەكرێ".
تانەر یڵدز ئاشكراشیكرد كە یەك بەرمیل نەوتی عێراق یان كوردستان لە جەیهان بفرۆشرێ ئەوان تۆماریدەكەن و بەهەردوولا دەڵێن و ئامادەنین بەهیچ شێوەیەك بیشارنەوە و بۆ كەس كەم و زیادیبكەن. وەزیری وزەی توركیا نەیشاردەوە كە ئەو پارەیەی ئێستا لە (هاڵك بانك)ە لە توركیا پارەی هەموو عێراقە.
لە بواری گازی سروشتیش، وەزیرەكەی توركیا پلانی خۆیانی هەبوو، كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستانەوە گاز وەربگرن لە ساڵی 2017دا، ئەو گوتی: "ئەوكات بەهۆی نزیكیی سنوورەوە دەتوانین بە نرخی كەمتر وەریبگرین، بەڵام ئەو قسانە راست نین كە باس لەوە دەكەن بە نیوەی نرخ بیكڕین".
لە بارەی گازی بەشەكانی دیكەی عێراقیش، تانەر یڵدز ئاماژەی بەوەكرد كە بەپێی رێسای بەغدا هەر كاتێك گاز بەشی خەڵك و كارەبای دابینكرد ئەوكات دەتوانن بیفرۆشن بەدەرەوە.
تەقاندنەوەی بۆری نەوتی كوردستان - جەیهان بەشێكی دیكەی قسەكان بوو، وەزیری وزەی توركیا گوتی: "ئەو كارەی پەكەكە دەیكات زۆرترین زیانی بۆ كورد بووە". قسەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە كە زیانی 250 ملیۆن دۆلاری لێداون.
بەشێكی دیكە بریتیبوو لەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن توركیا سوود لە نەوتی ژێر دەستی داعش دەبینێ.
تانەر یڵدز بە پێكەنینەوە وەڵامی دایەوە: "هاوڕێیان داعش بۆ ئێمە گروپێكی تیرۆریستییە و هیچ جۆرە مامەڵەیەكی لەگەڵ ناكرێ و ئەوانە هەڵمەتێكی پروپاگەندەیە و هیچ بەڵگەیەك نییە، جارێكیان كەسێك هات بۆ لام گوتی بەڵگەم هەیە، گوتم باشە بیهێنە ئەوا 15 مانگە چاوەڕوانم و نەیهێنا".
تانەر یڵدز گوتیشی "توركیایەك كە تەنیا ساڵی پار 52 ملیار دۆلار داهاتی لە بواری وزەدا هەبووە، چ پێویستی بە مامەڵەیە لەگەڵ گروپێكی تیرۆریستیدا!".
18/8/2015
بڕیاربوو سێشەممە 18 ی ئابی 2015، كاژێر 10:00 ی بەیانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەیشتن بە سازان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ كاژێر 06:00 ی ئێوارە دواخرا.
فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت كە كۆبوونەوەكە بۆ كاژێر 06:00 ی ئێوارە دواخراوە. كۆبوونەوەكە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی رووداو، کۆبوونەوەکە تایبەت نابێت بە پێنج لایەنە سەرەکییەکە، بەڵکو هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەوانەی مۆڵەتی یاساییان هەیە، بەبێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکرێت کە کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە یان نا، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
وەك رووداو زانیویەتی، هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكە ئەوەیە، كە سبەی لایەنە سیاسییەکان سەرەتا لەنێوخۆی حیزبەکانیاندا کۆبوونەوە دەکەن، دواتر دەچنە کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان، ئەمەش بۆئەوەیە تاوەکو سەرجەم نوێنەری حیزبە بەشداربووەکان، دوایین بۆچوون و هەڵوێستی حیزبەکانیان سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێبێت.
سەبارەت بە بەشداربوونی بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا، مهحموود محهممهد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندووە " كە كۆبوونهوهكه لهسهر ئاستی باڵای حیزبهكان دهبێت، بهڵام مەسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهشدارنابێت و، له سهر ئاستی باڵای حزبهكانی گۆڕان، یهكێتی، پارتی، كۆمهڵ، یهكگرتوو و نوێنهرهكانی پهرلهمان و نوێنهری لایهنهكانی نهتهوهیی و ئایینی بهشداردهبن".
کۆبوونەوەکە وەڵامدانەوەی داواکارییەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی، كە داوایكردبوو پێش 20 ی ئاب كۆببنەوە و كام بڕیار بە باش و گونجاو دەزان لەسەری رێكبكەون.
18/8/2015
محەممەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆشیالیست-دیموكراتی كوردستان، قسەی خۆی لەسەر رەوشی ئەمڕۆی كوردستان هەیە و دەڵێت دەبێ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێ. چونكە هەڵبژاردنی پێشوەخت ساڵێكی دەوێ و ئەو ماوەیە تاراددەیەك دۆخەكە هێوردەبێتەوە. بە بڕوای محەممەدی حاجی مەحموود، چارەسەری ئەو دۆخە تەنیا لەلای پارتی و یەكێتییە "چونكە ئەوان خاوەنی هێز و ئاسایش و پێشمەرگەن". كاكەحەمە لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) هۆشداریدەدات لە سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی و دەڵێت "ئەگەر ئەمە رووبدات، داعش زۆر بەئاسانی دێتە كوردستان".
رووداو: دۆخی سیاسی و گفتوگۆ سیاسییەكانی دەرەوەی پەرلەمان، گەیشتوونەتە بنبەست؟
محەممەدی حاجی مەحموود: بەڵێ، گەیشتوونەتە بنبەست. دیمەنەكان وا دەردەكەون کە كەس بەقسەی كەس رازی نییە. تەنانەت كەس بە نێوبژیوانیی كەسیش رازی نییە. كەس خوازیاری ئەوە نەبوو كە ئێستا دەیبینین، بەڵام بەداخەوە وا دەبینین شتەكان لە گرێژنە دەرچوون. دەبێ هەموو لایەنەكان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
رووداو: ئێوەش پڕۆژەتان خستەڕوو، داوای چیتان كرد؟
محەممەدی حاجی مەحموود: ئێمە 3 خاڵمان باسكرد، خولاسەی پێشنیازەكان بەگشتی لای ئێمە گونجاو بوون، بەڵام ئێمە داوامانكردووە سازانی هەمەلایەنە بكرێ، كاتی خۆی 5 حیزبەكە رێككەوتوون لەسەر ئەوەی بۆ پرسەكان رێكبكەون و هەموو شتێك لەو پێنج حیزبەدا كۆكراوەتەوە، دواتر بینیمان دۆخەكە چووە كەناری نائارامی، بۆیە هەموو جۆرە قۆرخكردنێك ئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.
رووداو: واتە رێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، قۆرخكردن بوو؟
محەممەدی حاجی مەحموود: بەڵێ، ئەوە قۆرخكردنی دەسەڵاتەكانی نەوت و داهات و پەرلەمان و پۆستەكانی دیكەی نێو حكومەت بوو كە هیچیان بۆ لایەنەكانی دیكە نەهێشتەوە و میللەتیان تووشی قەیران كرد. ئینجا با من باسی خاڵەكانی دیكەی پڕۆژەكەمان بكەم، هەروەها داوامانكردووە ئەگەر سازان ناكرێ، با سیستمی حوكمڕانی بدەنە دەست خەڵك، خەڵك دەنگبدات ئاخۆ سیستمەكە چۆن بێت. ئەگەر ئەوەش ناكەن، فەرموو با رایبگەیێنن كە هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن. بەبڕوای من هەڵبژاردنی پێشوەخت لانیكەم ساڵێك زیاتری پێویستە و لەو ماوەیەدا هەندێك دۆخەكە ئارامدەبێتەوە. ئێستا دۆخەكە تا دێ بەرەو ئاڵۆزتربوون دەڕوات، هەموو لایەك شمشێریان دەرهێناوە و خستویانەتە سەرشانیان، كەس بیر لە داعش و شەڕی توركیا و بۆردومانەكانی توركیا و پرسە چارەنووسسازەكانی دیكە ناكاتەوە. كەس بیر لە قەیرانی دارایی و كێشەی ئابووری و كێشەكانی دیكە ناكاتەوە.
ئێستا دۆخەكە بە بنبەست گەیشتووە و چارەسەر لەلای یەكێتی و پارتییە. ئەگەر پارتی و یەكێتی بگەنە ئەنجام، دۆخەكە چارەسەردەبێ. چونكە ئەو دوو لایەنە هێز و پێشمەرگە و ئاسایشیان هەیە و ئەوكات ئەوان دەتوانن لایەنەكانی دیكە بڕواپێبهێنن كە رێكبكەون یان ناچاریانبكەن. بەبڕوای من چارەسەر تەنیا بەو دوو لایەنە دەكرێ.
رووداو: بەڵام لەدوای پڕۆژەكەی د.بەرهەم ساڵح، دەركەوت ئێستا یەكێتی نیشتمانی بووەتە دوو بەش بۆ ئەو كێشەیە، بەشێك لە سەركردەكانی لەگەڵ گۆڕان پێداگیری لە پڕۆژەكەی پەرلەمان دەكەن و بەشێكیشیان جەخت لە سازان دەكەنەوە؟
محەممەدی حاجی مەحموود: راستە لەناو یەكێتی دۆخەكە وایە، كاك كۆسرەت جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی راوبۆچوونی خۆی هەیە و پشتیوانی لە پرۆژەكەی كاك بەرهەم دەكات، هێشتا راگۆڕینەوە و پەیوەندی هەیە و ئومێددەكەم نەگاتە دۆخی مەترسیدار.
رووداو : دەتوانی وێنای بكەی دوای 20ی ئاب چی روودەدات؟
محەممەدی حاجی مەحموود: هەموو رووداوەكان پەیوەندیی بە پارتی و یەكێتییەوە هەیە. ئەگەر ئەو دوو لایەنە بگەنە ئەنجام، ئەوە باشە. ئەگەرنا ئەنجامێكی خراپ لەپێشمانەوەیە و دوو ئیدارەیی قسەیەكی دیكەیە.
رووداو: بڕیاردان لە دوو ئیدارەیی هەروا ئاسانە؟
محەممەدی حاجی مەحموود: ئاسان نییە، بەڵام كە واقیعەكە سەپاندی بەسەرتدا چیدەكەیت؟ ئەنجامەكە روونە كە دوای لێكترازان دوو ئیدارەیی دێتە پێشەوە.
رووداو: دەركەوت لە ساتە هەستیارەكاندا ئەمریكی و بەریتانییەكان بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟ ئایا ئەوان رۆڵیان نییە؟
محەممەدی حاجی مەحموود: لە زووەوە گوتوومانە ئەمریكا سەربەخۆیی ناخاتە سەر سینی بۆ كورد. چارەسەری كێشە نێوخۆییەكانیشی ناكات. ئەوە سەركردەكانی كورد خۆیانن كە نابێ بهێڵن مەترسی لەسەر دەستكەوتەكان دروستببێ. ئەمریكا تەنیا لەدوای بەرژەوەندیی خۆی دەكەوێت و میللەتێك خۆی هەست بە چارەنووس و كێشەكانی خۆی نەكات، نابێ چاوەڕێی ئەمریكا بێت.
رووداو: داعش دڵخۆشە بەو دۆخەی لە كوردستان دروستبووە؟ ئایا ئەوان بۆ هەل دەگەڕێن؟
مەسعود و ئەو باجەكەی دەدات. بارزانی لەم شەڕەدا بووەتە ئامانج و یەخەی ئەوی گرتووە، بێگومان ئەویش سیاسەتی هەڵەی پارتی.
17/8/2015
نەوشیروان مستەفا بە مەرج رازی بووە بەشداری كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەی پێنج حیزبەكە بكات. ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان مەرجەكان دەخاتە بەردەم بارزانی. پارتیش دەڵێ ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام ئەوە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە "پارتی و یەكێتی باش سەردەكەون، گۆڕانیش زۆرترین زەرەری بەردەكەوێ".
مەرجەكەی نەوشیروان مستەفا
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، بێجگە لە عەلی باپیر، لەمڕۆژانەدا هەریەكە لە كۆسرەت رەسووڵ، بەرهەم ساڵح و محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بەجیا لەگەڵ بارزانی كۆبوونەتەوە. بارزانی رای ئەوانی وەرگرتووە كە چۆن ئەم كێشەیە چارەسەردەكرێ.
رۆژی یەكشەممە 16/8/2015 هەریەكە لە عەلی باپیر و كۆسرەت رەسووڵ عەلی سەردانی نەوشیروان مستەفایان كرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكەدا، كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، زانیاری لەسەر قسەكانی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆران ئاشكراكرد و گوتی: "كاك نەوشیروان بەمەرج رازی بووە بەشداری لە كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكی هەر پێنج حیزبە سەرەكییەكە بكات".
دەربارەی مەرجی نەوشیروان مستەفا، ئەو سەرچاوەیە گوتی "كاك نەوشیروان داوایكردووە پێش كۆبوونەوەكە ئەجێندای كۆبوونەوەكە ببینێ كە چیی تێدایە و باسی چی دەكرێ، چونكە داوایكردووە لە مەلەفی نەوت، ئاسایش، سەربازی، دارایی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئیدارە بنەمای ئاگاداری و شەریكایەتی هەبێ".
گوتیشی "عەلی باپیر داواكانی كاك نەوشیروان دەباتە لای بارزانی و وەڵامەكەش دەگەیێنێتە كاك نەوشیروان".
هەروەها گوتی "كاك نەوشیروان داوایكردووە كە دەبێ پارتیش قسەی هەبێ لەسەر مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی بۆ دوو ساڵی دیكە، پارتی هەر دەڵی با بارزانی بمێنێتەوە بەبێئەوەی هیچ پڕۆژەیەك پێشكەش بكات".
بە دەموچاوێكی هیلاكەوە خۆی كرد بە ژووردا. لەلایەك هێشتا دروستكردنی حكومەتی هاوپەیمانی سەرینەگرتووە، لەلایەكی دیكەوە پرۆسەی چارەسەریی پرسی كورد خەریكە بە بنبەست دەگات، وڵاتەكەشی لەبەردەم هێرشی پەكەكە و داعشدایە. ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆكوەزیرانی توركیا لەسەر خواستی خۆی لە جەنجاڵترین كاتەكانیدا چاویكەوت بە كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی باشووری كوردستان. داودئۆغڵۆ رۆژی پێنجشەممە 13ی ئابی 2015، لە كۆشكی چانكای لە ئەنكەرە وتارێكی پێشكەشكرد، كە تێیدا دیدگای خۆی بۆ مەسەلەی كورد و رۆڵی توركیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسكرد.
داودئۆغڵۆ باسی ئەوەیكرد كە كورد و تورك و عەرەب هەموویان برای یەكن و سنوورە دەستكردەكان لێكی جیاكردوونەتەوە. ئەو گوتی: "سنوورەكانیش جیامانبكاتەوە هەر بەدڵ دەبێ یەكبین".
بۆ رۆڵی وڵاتەكەشی لە ناوچەكەدا، سەرۆكوەزیرانی توركیا، كە یەكێكە لە پرۆفیسۆرەكانی مێژوو و تیۆریستەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، باسی لە دوو بەرە كرد كە لە چاویلكەكەیەوە تەماشای پێدەكات و ئێستا ئەجێندای سیاسەتی وڵاتەكەیەتی، "بەرەی یەكەم: ئەو كەسانەن کە باوەڕیان بە ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیان هەیە، كە كورد و تورك و عەرەب و فارسی تێدایە"، بەرەكەی دیكەش ئەو كەسانەن، وەك خۆی گوتی: "عەرەبی تێدایە وەك داعش و كوردیشی تێدایە وەك پەكەكە و توركیشیان تێدایە كە باوەڕیان بە كوشتنە".
سنوورەكان بۆ داودئۆغڵۆ دەستكردن و پێیوایە رۆژێك دێت لابچن. ئەو باسی لەوە دەكرد كە لە دانیشتنەكانیدا لەگەڵ شاندی وڵاتانی دراوسێی توركیا بە هەرێمی كوردستانەوە هەمیشە گوتوویەتی "رەنگە ئەگەر سنوورێك كەمتر یان شاخێك كەمتر لەنێوانماندا هەبووایە، ئەوە یەكێك لە ئەندامەكانی شاندەكەی ئێوە رەنگە لە ریزی ئێمەدا دابنیشتایە یان بە پێچەوانەوە".
قسە تیۆرییەكانی داودئۆغڵۆ، لەسەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە واقیعدا جۆرێكی دیكەن. ئێستا لە نێوخۆدا توركیا دووچاری كێشەی پێكنەهێنانی حكومەت و پەكەكە بووەتەوە لە دەرەوەش هەڕەشەی داعش و نەبوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ زۆر لە وڵاتانی درواسێی دەبینرێ.
بۆ ئەم مەسەلەیەش داودئۆغڵۆ مێژوو دەكاتە بنچینەی سیاسەت و دەڵێ بڕیاری دروست بدەیت خۆت لە مێژوویەكی راستدا دەبینیتەوە و مێژوو رەحم بە زۆرداران و دۆستەكانی ناكات.
بۆ مەسەلەی كێشەی كوردیش لە توركیا، بەبڕوای سەرۆكوەزیرانی و راوێژكارانی ئێستا لە توركیا كوردێك و توركێك وەك یەك كێشەیان هەیە و ئەوە نەما كەس لەسەر كولتوور و زمان بچەوسێتەوە.
لەكاتێكدا داودئۆغڵۆ باسی ئاشتیی دەكرد لە ئەنقەرە لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی كە باكووری كوردستانە، هەواڵی كوژرانی سەربازەكانی و شەڕ و پێكدادان دەهات.
داودئۆغڵۆ لە بارەی هەڵگیرسانەوەی شەڕ گوتی "چ دەوڵەتێك كوژرانی دوو پۆلیسی خۆی قبوڵدەكات؟" ئەو كوژرانی دوو پۆلیسەكەی توركیا وەك بیانوویەك بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕ باسکرد.
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی: "لە ماڵەوە بووم كاتێك هەواڵی كوژرانی دوو پۆلیسەكەیان بۆ هێنام، بە دەزگا ئەمنییەكانم گوت لێكۆڵینەوە بكەن بزانن كێیە، یەكسەر پەكەكە تۆمەتبار مەكەن، چونكە گرووپی زۆر هەیە حەزی لە هەڵگیرسانەوەی جەنگە، بەڵام پەكەكە دوای دوو كاژێر لێپرسراوێتیی گرتە ئەستۆی خۆی".
لەبارەی كوژرانی مەدەنییەكانی زارگەلیش، سەرۆكوەزیرانی توركیا نكۆڵیی لەوە كرد كە سوپای وڵاتەكەی خەڵکی مەدەنی بكاتە ئامانج و گوتی: "پەكەكە خەڵکی مەدەنیی بردووەتە كەمپی سەربازیی خۆی".
وەك یەكێك لە چارەسەرەكان لە گفتوگۆكەی رۆژنامەنووسانی باشوور و داودئۆغڵۆ، ئازادكردنی ئۆجەلان درایە بەرگوێی سەرۆكوەزیرانی توركیا، كە ئێستا كۆشكەكەی ئەتاتورك مەنزڵیەتی، بەڵام ئەو گوتی "پەكەكە بەگوێی ئۆجەلانیش ناكەن، ئەگەر بیانكردایە دەبووایە لە ساڵی 2013 چەك دابنێن".
17/8/2015
برێت مەکگۆرک ، جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند کە:" ئەو ئێستا لە هەرێمی کوردستانە تا هانی سەرکردە کوردەکان بدات بۆ ئەوەی یەکگرتوو بن".
مەکگۆرک نووسیویەتی :"ئێستا لە هەرێمی کوردستانم تا هانی یەکگرتوویی بدەم دژ بە شەڕی داعش و وەک وەفایەک بۆ خوێنی 1200 شەهیدی پێشمەرگە. تیرۆریستان سوود لە دووبەرەکی دەبینن".
ئەم پەیامەی مەکگۆرک، یەکەم پەیامی لەوشێوەیە لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە دەربارەی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 16-ی ئاب، برێت مەکگۆرک ، کە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ عێڕاق و ئێران و ، جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ شەڕی داعش، لە تورکیاوە گەیشتە هەولێر و یەکەم دیداریشی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سازدا.
ئەمە دووەم سەردانی مەکگۆرکە بۆ باشووری کوردستان لە ماوەی یەک هەفتەدا و چاوەڕواندەکرێت لەگەڵ سەرکردەی باڵای لایەنەکاندا کۆبێتەوە.
لە باشووری کوردستان پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکۆکی زەقی لە نێو لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە، لەكاتێكدا تەنیا 3 رۆژ ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ماوە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵام لایەنەکان تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە چارەسەرێک کە هەموو لایەک پێی رازیبن، لەو بەینەشدا چەندین شاندی وڵاتان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لایەنەکانیان بینیوە، لەوانە ئێران و تورکیا و ئەمریکا.
17/8/2015
وەزیری راگەیاندنی بەحرەین کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی کەنداو تۆمەتبارکرد، ئاماژەی بەوەشدا كە گرووپە تووندئاژۆکانی بەحرەین پەیوەندییان بە سوپای پاسەوانانی شۆرشی ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە.
رۆژی یەکشەممە 16 ی ئابی 2015، عیسا بن عەبدولرەحمان ئەلحەمادی، وەزیری راگەیاندنی بەحرەین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی کەنداوی عەرەبی تۆمەتبارکرد، راشیگەیاند" حکومەتی ئێران هەوڵدەدات لەڕێگەی ئاینەوە دەستلەکاروباری نێوخۆیی وڵاتان وەربدات".
ئەو بەرپرسەی بەحرەین باسی لەوەش کرد، بەحرەین وەکو وڵاتێکی موسڵمان هەمیشە داوای لە ئێران کردووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین پەیوەندییەکی چاک و بەپێی عورفی نێودەوڵەتی بێت.
ئەلحەمادی جەختیشیکردەوە، بەحرەین نایەوێت بچێتە نێو بازنەیەک کە ململانێی تائیفی تێدابی و ئەو ململانێیەش لەسەر بنەمای هەندێک ئایدۆلۆژی دروستکرابێت. ئاماژەی بەوەشدا، پەیوەندی لە نێوان رێکخراوە تووندئاژۆکانی بەحرەین و پاسەوانانی شۆرشی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی هەیە.
پێشووتریش چەندینجار دەسەڵاتدارانی بەحرەین هۆشداریان داوەتە کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە دەست لە کاروباری نێوخۆی بەحرەین وەرنەدات، لەبەرامبەریشدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بەحرەین بە چەوساندنەوەی شیعە مەزهەبەکان تۆمەتباردەکات.
17/8/2015
هەندێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن:" پێویستە دەقی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و گرووپی وڵاتانی5+1، سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی بچێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و پەسەند بکرێت".
هەندێکیش دەڵێن:" پێویست بەو کارە ناکات" و بەوەش ناکۆکی و مشتومڕ لەنێوان دوو رەوتی بناژوخواز و چاکسازخواز دروستبووە، لەدووایین کاردانەوەشدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئەو وڵاتە داوایکردووە" دەقی رێککەوتنەکە بچێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێ".
گەڵاڵەی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و گرووپی وڵاتانی 5+1، مقۆمقۆی خستوەتە نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و بە دوو تێڕوانینی سەرەکیی نێوان میانەڕەوان و بناژۆخوازان، واتە دەبێ و نابێ دابەشبووە.
هەندێک لە کاربەدەستانی حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێن" دەبێت گەڵاڵەی رێککەوتنەکە بچێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت و هەندێکی دیکەش دەڵێن پێویست بەو کارە ناکات".
ئەحمەد جەننەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران واتە( شورای نگهبان قانون اساسی) ئیران رایگەیاند، کە" گەڵاڵەی رێککەوتنەکە دەبێت لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسەند و واژۆ بکرێت".
جەننەتی دەشڵێت" تێڕوانینی دیکە هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەو گەڵاڵەیە بدات و یەکلایی بکاتەوە".
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت" ئەو رێککەوتنە دەبێت لە باری یاساییەوە لە پەرلەمانی ئێراندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، چونکە بەرپرسیاریەتی گەڵاڵەی ئەو رێککەوتنە لە گەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی، دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران".
لاریجانی دەشڵێت" ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە کە ئێران و وڵاتانی 5+1 لەسەری رێککەوتوون، دەبێت لە پەرلەمان تاوتوێ بکرێت و پەرلەمانیش دەبێت بزانێت بە چ شێوەیەک مامەڵە لە گەڵ ئەو رێککەوتنە بکات".
بە پێی مادەی 125ی یاسای بنەڕەتی ئێران، سەرجەم ئەو پەیماننامە و رێککەوتنانەی کە ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهانی و یەکێتییە نێودەوڵەتیەکان دەیبەستێت، دەبێ لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە بناژۆخوازانی ناڕازی بەو رێککەوتنە دەڵێن" دانوستاندەکان لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێشتمانی و رێبەری ئێرانەوە کراوە و بە پێ مادەی 176ی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە، ئەگەر گەڵاڵەی رێککەوتنەکە لە لایەن ئەو ئەنجوومەنە و عەلی خامنەییەوە پەسەند بکرێت، پێویستیی بە پەسەندی دەزگایەکی دیکە ناکات و دەکرێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
پێشتر عەباس عێراقچی یەکێک لە ئەندامانی گرووپی دانوستاندنکاری ئێران گوتبووی" گەڵاڵەی رێککەوتنی نێوان وڵاتانی رۆژئاوایی و ئێران لە لایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە تاوتوێ دەکرێت"، بەڵام دواتر لە قسەی خۆی پاشگەز بوەوە و گوتی " گەڵاڵەی رێککەوتنەکە پێویستی بە پەسەندی پەرلەمان نابێت".
ئەگەرچی عەلی خامنەیی وەک کەسی یەکەم ئێران بە راشکاوی بڕیاری خۆی لەسەر ئەو پرسە رانەگەیاندووە، بەڵام پێشتر گوتبووی گەڵاڵەی رێککەوتنەکە دەبێت قۆناخی یاسایی خۆی تێبەپەڕێنێت.
ئەو لێدوانەی عەلی خامنەیی دیار نەبوو کە مەبەستی لە بڕینی قۆناخی یاسایی گەڵاڵەکە، ئایا پەسەندی پەرلەمانە، یان پەسەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتەیە.
رۆژی سێشەممە 14-7-2015 ئێران و وڵاتانی 5+1 لەدوای ماوەیەکی زۆر لە دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران رێککەوتن.
16/8/2015
کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" قسەکانی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان لەبارەی رێگەگرتنیان لەبازگەی دێگەڵە جگە لەتۆمەت هیچی دیکەنییە و پەرلەمانتاران کێشەکەیان لەقەبارەی خۆی گەورەتر کردووەتەوە ، چونکە جگە لە پشکنینێکی ئاسایی هیچی دیکە نەبووە".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتیشی " دوای ئەوەی لەگەڵ مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندیمکردووە لەبارەی رێگری لە پەرلەمانتارانەوە ، بۆمان دەرکەووت بابەتەکە تۆمەتێکی گەورەیە دراوەتە پاڵ هێزەکانی ئاسایش".
کەریم سنجاری ئاماژەی بەوەشکرد:" دوای ئەوەی پەرلەمانتاران پەیوەندییان پێوەکردم، چەندینجار پەیوەندیم پێوەکردوون بەڵام ئەوان وەڵامی پەیوەندییەکەی منیان نەداوەتەوە".
ئێوارەی رۆژی شەممە 15ی ئابی 2015 لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لە بازگەی دێگەڵە رێگری لە پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكرێت و پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەڵێ:" لە بازگەی دێگەڵە سووكایەتیمان پێكراو رێگای چوونە نێو هەولێریان پێ نەدواین".
ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاندووە:" کاژێر20:15 خولەکی ئەم ئێوارەیە(15-8-2015)، دە ئۆتۆمبێل کە گشتیان چەکداری تێدا بووە هاتوونەتە بازگەی ئاسایشی دێگەڵە، کارمەندانی ئاسایشیش وەک ئەرکێکی ئاسایی خۆیان ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان راگرتووە، چونکە پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبووە کە ئەم ژمارە ئۆتۆمبێلانە بە چەکدارەوە بەرەو ئەم بازگەیە دێن".
ئاسایشی هەولێر هەروەها رایدەگەیێنێ:" دوای راگرتنی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا یەکەم ئۆتۆمبێل ناسنامەکانیان پشتڕاستکراوە و پرسیاریان لێ کراوە کە ئایا هەموو ئۆتۆمبێلەکان پەرلەمانتارن، کەچی بەداخەوە لە بەرامبەردا چەند کەسێکیان بە هەڵچوون و بێرێزییەوە مامەڵەیان لەگەل کارمەندانی بازگەکە کردووە و دواتریش گوایە وەک کاردانەوەیەک گەڕاونەتەوە".
١٦/٨/٢٠١٥
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و بۆ كاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا رایگەیاندووە كە قۆناغی یەكەمی گفتۆگۆكانی نێوان ئێران و شەش وڵاتی ئەندامی شوورای هاوكاریی كەنداو هەتا كۆتایی هاوینی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت.
“ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان” لە دیدارێك لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیسنا” رایگەیاندووە كە ئەم گفتوگۆیانە بە دەستپێشخەریی حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران و ئەمیری قەتەر بەڕێوە دەچن.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەم بارەوە گوتی: “لەم قۆناغەدا لەسەر بنەمای هەوڵەكانی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و “بن عەلەوی” وەزیری دەرەوەی عمان لەم بارەی ئەم پرسەوە رێككەوتنێك كراوە و لە كاتی سەفەری “محەمەدجەواد زەریف” بۆ كوێت و قەتەر باس لە بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنانە لە ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە شوێنێك كە دەبێ لەسەری رێك بكەون، باس كراوە.”
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختیشی كردووەتەوە، “مەبەست لە دەسپێكی ئەم گفتوگۆیانە، دەربازبوونە لە هەندێ گرفتی سەرەیتایی و گەیشتن بە رێكارێكی هاوبەش و بەرانبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكانی ناوچە و سەقامیگریی ئاشتی و ئەمنیەتی هاوبەشە.”
هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران خوازیاری گەڕانەوەی پەیوەندیی ئاسایی نێوان ئێران و عەرەبستانە و پەوەندییەكانی نێوان تاران و ریازی وەك زەروورەتێك وەسف كردووە.”
لە كاتی سەرهەڵدانی شەڕ و قەیرانی ناوخۆی سووریا، ئێران وەك یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی حكوومەتی بەشار ئەسەد خۆی دەرخست و شان بە شانی سوپای سووریا لەدژی خەڵك و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە شەڕی كرد و ئەمەش بووە هۆی كێشە و ململانێی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و قەیرانی ناوخۆیی یەمەن و پاڵپشتیی ئێران لە حوسییەكان و لێدوانە توندەكانی نێوان ئێران و عەرەبستان هێندەی دیكە پەیوەندیی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیی كەنداویان ئاڵۆزتر كرد.
15/8/2015
ڕادیۆی “دهنگی ئهمریكا” بهشی فارسی، نهێنی بانگهێشتێكی ئێران ئاشكرا دهكات كه ئاراستهی چهند كهسایهتییهكی ئیسرائیلی كردووه، بۆ سهردانی كردنی تاران.
ڕاپۆرتهكه دهڵێت: ” لهچوارچێوهی گۆڕینهوهی پسپۆڕی زانستی و ئهكادیمی لهنێوان زانكۆكان و ناوهندهكانی توێژینهوهدا، ئهو بانگهێشته ئاراستهی كهسایهتییه ئیسرائیلییهكان كراوه”.
بهگوێرهی ڕاپۆرتهكه”ڕیناتا ڕایسفێڵد” كه خانمه پسپۆڕێكی ئیسرائیلی و مامۆستای كیمیایه له زانكۆی عیبری، ڕهزامهندی دهربڕیوه لهسهر ئهو بانگهێشتهی پێی گهیشتووه. زانكۆی تاران داوای لهو ژنه پسپۆڕه ئیسرائیلییه كردووه، تاكو ببێت ه دهستهی نوسهرانی گۆڤاری “ژینگه” كه گهورهترین زانكۆكانی ئێران دهری دهكات.
ئهم بهرهوپێشهوه چوونانه لهدوای ئهوهدێن كه وهزارهتی ڕۆشنبیری و فهرههنگی ئێران، بڕیاری دا ڕێگه بدات بهوهی میدیا جیهانییهكان بچنه ناو ئێرانهوه، لهوانهش ڕۆژنامهی” جوییش دهیلی فۆروارد”.
ئهو ڕۆژنامهیه، ئهگهرچی ڕۆژنامهی جولهكهكانه، بهڵام ههڵوێستی لهگهڵ ڕێككهوتنه ئهتۆمییهكهدا بووه، پێی وایه ئهو ڕێككهوتنه لهخزمهتی بهرژهوهندییهكانی ئیسرائیلدایه. هاوكات “عهلی یونسی” ڕاوێژكاری سهرۆككۆماری ئێران، بهم دواییانه مۆنۆمێنتیكی تایبهتی كردهوه بۆ بهرز ڕاگرتنی یادهوهری ئهو جولهكه ئێرانیانهی كهلهشهڕی عێراق –ئێراندا كوژراون.
15/8/2015
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەناو ئیستەنبوڵ سێ ئەندامی سەر بە داعشیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر چەند پارچە چەکێکدا گرت.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی داعش، رۆژی هەینی 14-ی ئاب لەشاری ئیستەنبوڵ هەڵیانکوتایە سەر پێنج شوێن و لەو هەڵمەتەشیاندا سێ ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد.
بەگوێرەی راگەیاندنەکانی تورکیا، لەو هەڵمەتەدا هێزەکانی دژە تیرۆری تورکیا، هەڵیان کوتاوەتە سەر 5 شوێنی گومانلێکراو و پشکنیوویانە و دەستیان بەسەر: کلاشینکۆفێک، دەمەنچەیەک و ژمارەیەکی زۆری فیشەکدا گرتووە، جگە لەدۆزینەوەی چەندین بەڵگەنامە، کە سەلماندوویانە ئەو ئەندامانەی داعش بەشداری شەڕەکانی عێراق و سووریایان کردووە.
15/8/2015
بۆ یەکەمجار کۆمپانیایەک لە باشووری کوردستان خەڵاتی باشترین هاوبەشی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی وەرگرت لە سەر ئاستی عێراق.
پێش مانگێک لە 16 تەمموز کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەڕێوەچوو، گرووپی ئاڤێستاش لە باشووری کوردستان وەک هاوبەشێک بەشداربوون و خەڵاتی نێودەوڵەتی مایکرۆسۆفتیان پێبەخشرا .
بەپێی سیستەمی کارکردنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ساڵانە لە هەزاران هاوبەش تەنیا48 یان خەڵات وەردەگرن، ئەمساڵیش یەک لەو هاوبەشانە کۆمپانیایەکی کوردی بوو.
15-7-2015 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ كۆمپانیایەكی تەكنەلۆژیای كورد، چونكە ئەوان توانیان ببنە یەكەمین كۆمپانیای كورد كە بتوانێت بە سەركەوتنەكانی خەڵاتی كۆمپانیایەكی جیهانی بەدەست بێنێت ، رەنگە ئەم سەركەوتنە باشترین گۆڕان لە تەكنەلۆژیای باشووری كوردستان بكات.
ئامانج ئەبوبەكر بەڕێوەبەری بازرگانی كۆمپانیاكە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" دەتوانم بڵێم لە کوردستان و عێراقیشدا تاکە کۆمپانیایە کە بووەتە خاوەنی خەڵاتێکی لەو شێوەیە ، دوای ئەوەی ئێمە خەڵاتەکەمان وەرگرت زیاتر متمانەمان پەیداکرد لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە بۆ ئەوەی بە راستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن".
مایكرۆسۆفت لە كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی خەڵات دەبەخشێت بە باشترین هاوبەشەكانی بۆ هەر وڵاتێك, لە كۆی هەزاران هاوبەش تەنیا 48یان خەڵات كران بۆ ساڵی 2015 ، ئەوانەی كە توانیان بە باشترین شێوە بەرهەمەكانی مایكرۆسۆفت بەكاربهێنن و داهێنان بكەن لە پەرەپێدان و بڵاو كردنەوەی بەرهەمەكان.
یاد کەمال رەشید بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیای تەكنەلۆژیا بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" توانیمان بە ماوەی کەمتر لە شەش مانگ ئەم تەکنەلۆژیا بڵاوبکەینەوەو بۆ زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز، ئەوە وایکرد کە مایکرۆسۆفت سەرسام بێ بەوەی کە ئێمە لە وڵاتێکی وادا توانیومانە ئەو تەکنۆلۆژیا نوێیە بە زووترین کات کاری لەسەر بکەین و بڵاوی بکەینەوە لەکاتێکدا بە قسەی خۆیان تاوەکو ئێستا ئەم کارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن هیچ کۆمپانیاییەکەوە نەکراوە".
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ساڵانە كۆنفرانسی خۆی لەگەڵ هاوبەشەكانی دەبەستێت لە هەموو جیهان ، جیاواز لە ساڵانی رابردوو بۆ یەكەمجار كۆمپانیایەك لە باشووری كوردستان و عێراق بەشداریی كۆنفرانسەكەی كرد و خەڵاتی باشترین هاوبەشی وەرگرت لەسەر ئاستی عێراق بۆ ساڵی 2015 .
١٦/٨/٢٠١٥