ژەنەڕاڵ حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران، لە کاتی وتاری نوێژی هەینی تاران رایگەیاند:" وڵاتەکەی سەرەڕای بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە دروستکردنی مووشەکی باڵستیک"، بە بێ ئەوەی بایەخ بە بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و سزاکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا لەمبارەیەوە بدات.
لە بەشێک لە پاشکۆی بڕیارنامەی ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت پەسندکردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا هاتووە" ئێران نابێت بەرنامەی بەرهەمهێنانی مووشەکی باڵستیکی هەبێت".
ژەنەڕاڵ حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند:" لە کەرتی پیشەسازی ئاسمانیی خۆماندا، چەندەها جۆر مووشەکی باڵستیکی بە مەودای جیاواز بەرهەم دەهێنین، مەودای هاویشتنی موشەکەکان بە جۆرێک دانراوە بۆ وەڵامدانەوەی هەرجۆرە هەڕەشەیەک لەسەر وڵاتەکەمان وەڵامدەرەوە بێت".
دێهقان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا هۆشداریدا کە" هیچ بڕیارنامە یان هێزێک ناتوانێت رێگری لە ئێران بکات هێزی سەربازی خۆی بەهێز و فراوانتر بکاتەوە".
ژەنەڕاڵ حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران گوتی:" ئێمە لەسەر رێگای خۆمان بەردەوام دەبین، لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیە سەربازییەکانمان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی بەردەممان ئەو پەڕی هێزمان هەیە، هیچ هێز، جموجۆڵ، بڕیارنامە یانیش پڕوپاگەنەدەیەک ناتوانێت رێگە لە ئێران بگرێت بۆ ئەم مەبەستە کاربکات".
بەشداربوانی نوێژی هەینی چەندین جار دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ بەریتانیا"یان دوبارەکردەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا فیلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بەمەبەستی سەر لەنوێکردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی سەردانی تاران بکات، دواتریش لە داهاتوویەکی نزیکدا باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە بەریتانیا بکرێتەوە".
22/8/2015
بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند:" بە وردی چاودێری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتویەتی:" بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەوردی چاودێری کۆبوونەوەی نێوان لایەنکانی دەکات لە باشووری کوردستان و بە لای نەتەوە یەکگرتووەکان بابەتێکی گرنگە".
مەجید نیزامەدین گلی، بەرپرسی نوسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە نیۆرک رایگەیاند:" هەفتەیەک بوو ئێمە ئەو پرسیارەمان دەکرد، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری ئەو کۆبوونەوانەن کە لەنێوان لایەنکان دەکرێت لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەبوو کە :" ئەوان نەک ئاگاداری پرسەکەن، بەڵکو بە وردی چاودێری ئەو پرسە دەکرێت".
گوتیشی:" ئەو گوتەبێژە ئەوەی خستووەتەڕو کە ، بان کی مون هیوا دەخوازێت، کە لایەنەکان وا رێکبکەون کە ببێتە هۆی یەکگرتووی و سەقامگیری زیاتر لە عێراق و کوردستان".
كاژێر 06:30 خولەكی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 18-8-2015 جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، 16 لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداری نوێنەرانی ئەمریكا، بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە، كە ماوەیەكە بووەتە گرفتی نێوان لایەنەكان.
کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەبەشداریی نوێنەرانی ئەمریكا، بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەچوو.
سكرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا نوێنەری ئەمریكا و بەریتانیا و نەتەوەیەكگرتووەكان UNداوایانكردووە هیچ گۆڕانكارییەك نەكرێت تاوەكو دوو ساڵی دیكە و جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئێستا كاتی گۆڕانكاری نییە.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش برێت مەکگۆرگ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند:" کۆبوونەوە مێژوویەکە بە درێژایی ئەم شەو لەگەڵ پێنج حزبە کوردییەکە کۆتایی پێهات".
هاوکات مەکگۆرک لە تویتەکەی ئاماژەی بەوەکردووە" هەنگاوی باشنراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەمریکاش لە کۆبوونەوەکەدا هانی یەکڕیزی و سازانی لایەنە سیاسەکانی دەدا".
22/8/2015
کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نێوان پارتەکانی بەشدار لە حکومەت و پەرلەمان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا-ی شاری هەولێر دەستیپێكرد. لە كۆبوونەوەكەدا فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەشدارە.
کۆبوونەوەی شاندی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ كە سێیەم كۆبوونەوەی پێنج قۆڵییە لەم هەفتەیەدا، لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سیستەمی حوکمڕانییە كە ماوەیەكە لەنێوان لایەنەكان بووەتە گرفت و چەند وڵاتێكی بیانیش پێی هەستاون.
شاندی پارتی پێکهاتووە لە د.رۆژ نووری شاوەیس و ڤالا فەرید، شاندی گۆڕان رابوون مەعرووف و بەهار مەحموودن، هەروەها قوباد تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، سەعدی پیرە، بێگەرد تاڵەبانی، گۆران ئازاد، گەشە دارا و تەلار لەتیف ئەندامانی شاندی یەكێتین، شاندی یەکگرتووی ئیسلامیش لە خەلیل ئیبراهیم و ئەبوبەکر هەڵەدنی پێكهاتووە، رێبوار محەممەدیش نوێنەرایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات.
دوێنێ پێنجشەممە 20/8/2015 ، پێنج لایەنەکە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و بەبێ هیچ لێدوان و راگەیێندراوێک کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.
21/8/2015
ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، داوا لە تورکیا دەكات بەشدارییەکی کاراتری هەبێت لەنێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە وتارێكدا كە شەوی رابردوو پێشكەشی كرد، ستایشی تورکیای کرد بۆ بڕیارەکەی ئەم دواییەی کە رێگە بە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان دەدات لە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک هێرشی ئاسمانی ئەنجامبدرێت، بەڵام جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە كە ئەم هەنگاوە بە تەنها بەس نییە.
هەروەها کارتەر داوای لە تورکیا کرد سنوورەکانی تووندوتۆڵتر بکات بۆئەوەی رێگەنەدرێت چەکدارانی داعش لە رێگەی سنوورەکانی تورکیاوە ئاودیوی سووریا ببن، لەکاتێکدا بڕێكی بەرچاو چەک و تەقەمەنیش لەرێگەی ئەم سنوورانەوە بە دەستی چەکدارانی داعش دەگات.
بەگوتەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، تورکیا سەرقاڵی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی بەشداری کاراترە لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان لە دژی داعش.
21/8/2015
وەزیری ئاشتەوایی نیشتمانیی حکومەتی سووریا، رایدەگەیێنێت كە هاوئاهەنگییەکی زۆرباش لەنێوان حکومەتی سووریاو یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG دا هەیە، وەك دواهەمین هاوئاهەنگیش کۆنترۆڵکردنەوەی شاری حەسەکە لەژێر دەستی داعش بەنموونە دێنێتەوە. داواش دەکات کانتۆنی جزیرێ چاو بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە كە دژی كاركردنی رووداو دەریكردووە.
عەلی حەیدەر، وەزیری ئاشتەوایی نیشتمانیی حكومەتی سووریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئەو کەشەی ئەم دواییە دروستبووە لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و هەوڵی مۆسکۆ بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی سیاسی و قسەکردن لەسەر مۆسکۆی سێیەم یان جنێفی سێیەم، نیشانەیەکە بۆ کەشێکی ئیجابی کە دەکرێت پشتی پێببەسترێت لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانی سووریا".
ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی لە ناوخۆی حكومەتدا، لیژنەیەكی لە 8 کەسایەتی بە سەرۆكایەتی عەلی حەیدەر پێکهێناوە، وەك خۆیشی باسیكرد، مەبەستی پێكهێنانی لیژنەكە دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە بووەتە هەڕەشە بۆ هەموو سوورییەکان بەبێ جیاوازی. لەمڕووەوە عەلی حەیدەر زیاتر گوتی " ئێستا ناكرێت بۆ چارەسەركردنی رەوشی سووریا قسە لەسەر چارەسەری سیاسی بكەین بەبێ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یەکەمین كاریش کۆتاییهێنانە بە تیرۆر، ئینجا میکانیزمەکانی چارەسەری سیاسی لە سووریا دەگرینەبەر".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا لیژنە 8 كەسییەكە هیچ كەسایەتییەكی كوردی تێدایە ؟ وەزیری ئاشتەوایی سووریا گوتی " شاندەکە هیچ کەسایەتییەکی کوردی تێدانییە و، پێویست ناکات لەسەر بنەمای پشکداری کاربکەین". هەروەها گوتیشی "من لە شاندەکە نوێنەرایەتی کورد دەکەم و لەپێناوی گەیاندنی دەنگیان بە هەموو سوورییەکان کاردەکەم. دەشکرێت شاندەکانی دیکە چەندین کەسایەتی کورد لەخۆبگرن".
سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیاش بەرامبەر وڵاتەكەی، عەلی حەیدەر جەختیكردەوە، كە هەڵوێستی مۆسكۆ بەرامبەر دیمەشق جێگیرە و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، " رووسیا بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی سەربازی و سیاسی پێشکەش بە حکومەتی سووریا دەکات، دواهەمینیشیان ئەو دەستەوارەیە بوو بۆ کڕینی چەند فڕۆکەیەک، چونکە رووسیا بڕوای بە دەوڵەتێکی ناوەندی و سوپای سووریای نیشتمانی هەیە، لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەو دەستەوارەیەش دەبێتە پاڵپشتێک بۆ سوپای سووریای نیشتمانی ".
عەلی حەیدەر بۆ رووداو باسی لە پۆستەكەی بەشار ئەسەد و هەموواركردنەوەی دەستووریش كرد و گوتی " بەپێی دەستووری سووریا بەشار ئەسەد سەرۆکە، گۆڕینی سیستەمیش پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە، پێوستیشە دۆخەکە بۆ هەموو سوورییەکان لەباربێت بۆ ئەوەی بەشداری لە هەموارکردنەوەی دەستوورێکی نوێ بکەن و گەل پەسندی بکات".
پەیوەست بەو شەڕەی لەو دواییەدا لە حەسەکە روویدا، وەزیری ئاشتەوایی سووریا ئاماژەی بەوە كرد كە هەماهەنگی نێوان حکومەتی سووریا و یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG كە باڵی سەربازی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD یە، بەشێوەیەکی ستراتیژی پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لەم دواییانەش هەماهەنگییەکان لەسەر ئاستێکی باڵا بووە، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە رێگری لە داعش كرا شاری حەسەكە كۆنترۆڵ بكات.
لەبارەی بڕیارەكەی كانتۆنی جزیرێ-ی رۆژئاوای كوردستان و قەدەخەكردنی كاركردنی تۆڕی میدیایی رووداو، عەلی حەیدەر گوتی " من لەگەڵ ئازادی میدیام، تەلەڤزیۆنی رووداویش سەلماندوویەتی کە تەلەڤزیۆنێكی جیهانییەو بە پیشەییانە کاردەکات، ئەوانەی لەو تەلەڤزیۆنەش کاردەکەن بە بێلایەنییەكی تەواو کارەکانیان دەکەن و بەبێ جیاوازی دیداری رۆژنامەڤانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی سووریا ئەنجامدەدەن".
وێڕای داواكردن و جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كانتۆنی جزیرێ چاو بە بڕیارەكەدا بخشێنێتەوە و رێگە بە رۆژنامەڤانانی تۆڕی میدیایی رووداو بدات كارە رۆژنامەڤانییەكانیان ئەنجام بدەن، عەلی حەیدەر گوتیشی " رووداو وەک کەناڵە جیهانییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا چەندین هەڤپەیڤینی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا ئەنجامداون، ئەم خاڵە باشەشی بۆخۆی تۆماركردووە كە نەبووەتە لایەنگری هیچ لایەنێك".
21/8/2015
رۆژنامەی شەرق لێدوانی کارناسێکی باڵای بانکی جیهانی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت "هەڵاتنی بژاردە و شارەزایان لە ئێران ساڵانە دوو بەرابەری داهاتی نەوتی ئێران زیان بەو وڵاتە دەگەیەنێت". ئەو کارناسە دەڵێت "ساڵانە 150 هەزار پسپۆڕ لە ئێران دەچنە دەرەوە و ئەمەش مەترسییە لەسەر داهاتووی تەکنۆلۆژی ئێران".
ئێران دژایەتی سەردانی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتداری فەلەستینی کردووە بۆ تاران. بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ریسالەت، راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە "تاران داوای مەحمود عەباسی رەتکردووەتەوە کە ویستبووی سەردانی تاران بکات". ئاماژەی بەوەشداوە "لەنێو لایەنە فەلستینییەکاندا، ئێران پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ رێکخراوی حەماس هەیە".
لە رۆژنامەی ئێراندا، راپۆرتێک لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیسیۆنی چاودێری رێککەوتنی ئەتۆمی لە پەرلەمانی ئێران بڵاوکرداوەتەوە. رۆژنامەکە نووسیویەتی "ئەو کۆمیسیۆنە 15 کەسییە لەکاتێکدا پێکهاتووە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دژی رێککەوتنی ئەتۆمین، هەروەها کۆمیسیۆنەکەش خۆی رێکاری کۆتایی نییە لەبارەی رۆڵی پەرلەمان لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک".
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئیتلاعات "وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر گەشتیاران و بارهەڵگرانی ئێرانی لە تورکیا باڵیۆزی ئەو وڵاتەی لە تاران بانگکردووە و داوایکردووە ئاسایشی گەشتیارانی ئێرانی بپارێزرێت. باڵیۆزی تورکیاش رایگەیاندووە دۆخەکە بە خواستی ئەوان نییە، بەڵام هەوڵی جیددی دەدەن بۆ دابینکردنی ئاسایش لەو ناوچانە".
رۆژنامەی ئارمانی ئێمروز بە مانشێتی "بناژۆخوازان هەوڵدەدەن درز بخەنە ریزەکانی ریفۆرمخوازان" بە گێڕانەوە لە محەممەدرەزا عارف، کەسایەتی ریفۆرمخوازی ئێرانی نووسیویەتی "بناژۆخوازان دەیانەوێ ریفۆرمخوازان بە یەک لیست و بە یەکگرتوویی نەچنە نێو هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان".
دابەزینی بەهای ئۆتۆمبێل و کەمبوونەوەی رێژەی کڕینی ئۆتۆمبێل مانشێتێکی سەرەکی رۆژنامەی شەهروەندە. ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی"لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەمپین سازکراون بۆ ئەوەی کە خەڵک ئۆتۆمبێلی ئێرانی نەکڕن تاوەکو نرخەکەیان هەرزان دەبێت". ئاماژەی بەوەشداوە " بازاڕی کڕینی ئۆتۆمبێلی ئێرانی و بیانی لەو وڵاتە دابەزیوە ".
21/8/2015
رۆژی پێنج شەممە (٢٠ / ٨ / ٢٠١٥) لە سایتی ( روسیا الیوم ـ روسیای ئەمڕۆ) دا بە زمانی عەرەبی بابەتێک بە ناونیشانی ( کردستان تحمي أوروبا .. بریطاني یحارب داعش في العراق :کوردستان ئەوروپا دەپارێزێ ... بەریتانییەک شەڕی داعش دەکات لە عێراقدا ) .
(گـیم ئەسرتۆن ) ی تەمەن (٥٣) ساڵان، لە رۆژی دوو شەممە(١٧/ ٨ / ٢٠١٥) لە بەریتانیاوە هات و، گەیشتە شاری ( دهۆک ) لە باشووری کوردستاندا، بۆ شەڕکردن لە دژی چەکدارانی ( داعش ) لە باکووری عێراقدا .
ئەسرتۆن ـ لە ڤیدیۆیەکدا ـ لە هۆی بەشداری کردنی لەم شەڕەدا وتی : " ئەو هەموو کۆمەنتار و سکالایانەی کە لە فەیسبوکدا دەربارەی رووداوەکان بڵاودەکرانەوە، ئازارایان دام و نەخۆش کەوتم " .
ئەسرتۆن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پەیدابوون و پەرەسەندنی ( داعش) : " بە تەنها کێشەی کورد نییە .. تەنها کێشەی عێراقیش نییە .. بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە "
ئەسرتۆن ئاماژەشی بەوە کرد و، وتی: " کوردستان ئەوروپا دەپارێزێ .. بەو پێیەی ئەگەر کوردستان نەبوایە ( داعش) لە ماوەی چەند مانگێکدا، دەگەیشتە گرنگترین خاکی ئەورۆپا "
ئەسرتۆن، ماوەی بیست ساڵە کاری شوفيرییە، توانی ( ٢٨) هەزار دۆلار پێکەوەنێت .. بە ئەم پارەیەی، چەکێکی تایبەتی و زەخیرەی تەقەمەنی و جلوبەرگی جەنگاوەریی بۆ خۆی کڕی .. بەریتانیای نیشتمانی بەجێهێشت و، گەیشتە کوردستان .
لە ئێستادا چووەتە ریزی رێکخراوی جەنگاوەرانی برایانیئاشووری ( دویخ نوشا ) کە ساڵی رابردوو دامەزرا .. بۆ پارێزگاری کردن لە مەسیحییە ئاشوورییەکان .. کە نیشتەجێی باکووری عێراقن .
21/8/2015
رێکخراوی داعش بڵاویکردەوە، یەکێک لەو خۆکوژانەی لە بێجی خۆی تەقاندووەتەوە ئەمریکیی بووە.
رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە"ئەبو عەبدوڵڵا-ی ئەمریکی بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە بنکەیەکی سەربازی سوپای عێراقی تەقاندووەتەوە لە رۆژئاوای بێجی بە دووری 200کم لە باکووری بەغدا".
داعش، رۆژی چوارشەممە چوار کردەی خۆکوژی لە دەوروبەری بێجی ئەنجامدا، کە یەکێکیان ئەمریکی و دوویان تاجیکی و ئەوی دیکەشیان عێراقی بوو، پاشان وێنەیەکی ئەو خۆکوژە ئەمریکییە بڵاوکردووەتەوە، کە کردەوە خۆکوژییەکەی ئەنجامداوە.
20/8/2015
میدیاکانی ئێران گرینگییان بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لەسەر ئەو بابەتە داوە. ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئێران لە راپۆرتێکدا دەڵێت، رۆژ بە رۆژ مەترسی گرژی کۆمەڵایەتی لەنێو خەڵکی باشووری کوردستان لەسەر ئەو پرسە زیاتر دەبێت. هەروەها ماڵپەڕێکی سەر بە سوپای پاسدارانیش گوتوویەتی، بارزانی لەسەر داوای ئەمریکا و بەریتانیا لەسەر پۆستەکەی دەمێنێتەوە و ئەو دوو وڵاتە داوایانکردووە گۆڕانکارییە سیاسییەکان بەهۆی دۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان، دوو ساڵ دوابخرێن.
پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی نێوان پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، بووەتە رۆژەڤی میدیا فارسییەکان و راگەیاندنە فەرمییەکانی ئێران و بایەخێکی زۆری پێدەدرێت.
ماڵپەڕی پرێس تی ڤی، تەلەڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی حکومەتی ئێران بە ئاماژەدان بە بڕیاری ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، مەسعود بارزانی تاوەکوو ماوەیەکی نادیار وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەمێنیتەوە.
کەناڵی ئەلعالەمیش، کە کەناڵی فەرمی عەرەبی زمانی ئێرانە، لە دوایین راپۆرتیدا لەو بارەوە ئاماژەی بەوەداوە، سەرەڕای بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا، چەند لایەنی سیاسی بەتووندی دژایەتی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بۆ دوو ساڵی دیکە دەکەن.
بەشی فارسی هەواڵدەری دۆیچێوێلەی ئەڵمانیش نووسیویەتی "بڕیاری ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕبوونی قەیرانێکە کە لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام ناکۆکی حیزبە سیاسییەکان لەسەر ئەو پرسە هەروا بەردەوامە".
ئیرنا، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئێران لەنێو میدیا فارسییەکاندا زۆرترین راپۆرت و هەواڵی لەبارەی ئەو پرسە بڵاوکردووەتەوە و باسی لەڕوانگە جیاوازەکان لەو بارەوە کردووە. لە راپۆرتەکانیشیدا ئاماژەی بەوەداوە ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر خەڵک هەبووە و ئەوانیش وەک لایەنە سیاسییەکانیان لێهاتووە. ئیرنا نووسیویەتی، رۆژ بە رۆژ مەترسی روودانی گرژی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو بابەتە زیاتر دەبێت.
هەواڵدەری فارسی سەر بە سوپای پاسدارانیش بە مانشێتی "ئەمریکا و بریتانیا داوای مانەوەی مەسعود بارزانی دەکەن" راپۆرتێکی لەبارەی دانیشتنی لووتکەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، نوێنەرانی ئەمریکا، بریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کردووە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان 2 ساڵ دوا بخرێن و راشیانگەیاندووە، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانە گونجاو نییە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەدەر نەبووە لە باسکردنی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی هەرێمی کوردستان و لەنێو چالاکوانانی سیاسی کورد و ئێرانیدا پرسی ناکۆکییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسێکی گەرمە و زۆریان باس لەوە دەکەن، کە هەوڵەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ نێوبژیوانی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەسەر هەوڵەکانی ئێراندا سەرکەوت، کە ئاماژەیە بۆ ئەو هەواڵانەی لەبارەی کۆبوونەوەی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە گەڵ بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە ماوەی رابردوودا بڵاو بوونەتەوە.
ئەمڕۆ وادەی ولایەتی سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت و پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە داوای ئەوە دەکەن ماوەکەی هەتا هەڵبژاردنێکی دیکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان تا ئێستا بەم داوایە رازی نەبوون و دانووستاندن و گفتووگۆکان بۆ گەیشتن بە سازان بەردەوامە.
rudaw/ nasr piroti
20/8/2015
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا وەڵامی نووری مالیكی دەداتەوە و رایدەگەیێنێت "مالیکی كۆمەڵێك بۆچوونی بێ بنەمای خستووەتەڕوو و كەوتنی شاری موسڵی بە موئامەرەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای لەقەڵەم داوە".
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەم لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقی بە بێ بنەماو دوور لە راستی و خۆدزینەوە لە هۆكارە راستەقینەكانی كەوتنی موسڵ وەسفكردووە. جەختیشدەكاتەوە كە مالیکی بەرپرسیارێتی یەكەمی کەوتنی موسڵی لەسەرشانە.
لە راگەیێندراوەكەدا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت " نووری مالیكی بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری موسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێ بنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات، هەروەها ئەوەی بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ داعش رەخساند و گوێی بە هۆشدارییەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و بووە هۆی كەوتنی موسڵ، شەخسی نووری مالكی بوو".
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2014، چەكدارانی داعش هێرشیان بۆ سەر شاری موسڵ دەستپێكرد و رۆژی 10ی مانگ موسڵیان بە تەواوی كۆنترۆڵ كرد. سەربازانی سوپای عێراق بەبێ بەرگریكردن لە شارەكە هەڵاتن و زۆربەی چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان كەوتنە دەست چەكدارانی داعش.
بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ، پەرلەمانی عێراق لە 1/12/2014 لیژنەیەكی بە ئەندامیەتی 26 پەرلەمانتار پێكهێنا. دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەل زیاتر لە 100 كەسایەتی سیاسی و سەربازی عێراقی، رۆژی یەكشەممە 16-8-2015 لیژنەكە راپۆرتەكەیان خستە دەنگدانەوە كە لەكۆی 26 ئەندامی لیژنەكە 17 ئەندامیان بەبەڵێ دەنگیان بۆ دابوو، راپۆرتەكەش رادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كرا.
لە راپۆرتەكەدا ناوی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هاتبوو، لە یەكەم كاردانەوەشدا مالیكی هەولێر و ئەنقەرەی بە كەوتنی موسڵ تۆمەتباركردن و رایگەیاند " كەوتنی موسڵ موئامەرەیەك بوو و پلانەكەی بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگری توركیا لە هەولێر جێبەجێكرا".
لێدوانێك لە گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق كە ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەرامبەر ئەنجامەكانی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ لە لێدوانێكدا كۆمەڵێك بۆچوونی بێ بنەمای خستووەتەڕوو و كەوتنی شاری موسڵی بە موئامەرەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای لەقەڵەم داوە.
لە وەڵامیدا بە گشت لایەك رادەگەیێنین كە ئەم لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستی و خۆدزینەوەیە لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵ كە ناوبراو بەرپرسیارێتیی یەكەمی ئەم ڕووداوەی دەكەوێتە سەر شان.
ئەنجامەكانی لێكۆلینەوەی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ زۆر بە ڕوونی دەریدەخات كە نووری مالكی بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری موسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات. ئەوەی بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ داعش رەخساند و گوێی بە هۆشدارییەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و بووە هۆی كەوتنی موسڵ، شەخسی نووری مالكیە. ئەوەیشی ئێستا لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستانە و ئەفسانەی داعشی شكاندووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
19ـی 8ـی 2015
رۆژی چوارشەممە 19 ی ئابی 2015 ، د. فواد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق لە شاری هەولێر پێشوازی لە برێت مەکگۆرگ، یاریدهدهری جێگری وهزیری دهرهوهی ئهمریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران کرد. لە کۆبوونەوەیەکیشدا گفتوگۆ لەسەر پهیوهندییهكانی نێوان عێراق و ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا و، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە ئهمنی و سیاسییەكان له ههرێمی كوردستان و عێراق كرا.
بەپێی راگەیێندراوێكی نووسینگەكەی، فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق دەربارەی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، گەشبینی خۆی بەو لێكنزیكبوونهوه و روانین و بۆچوونی نێوان لایهنهكان له ههرێمی كوردستان و چارەسەرکردنی ههموو قهیرانهكان دەربڕیوە.
هەروەها سهرۆككۆماری عێراق جەختی لە پێویستی پتهوكردن و پهرهپێدانی چوارچێوهی هاریكاریی و پهیوهندیی دووقۆڵی عێراق و ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكای له ههموو ئاستهكاندا كردووەتەوە، بهو جۆرهی كه بهرژهوهندیی باڵای گهلی ههردوو وڵات زامن بكات.
لە بەرامبەریشدا مەکگۆرگ، كە هاوكات جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكایە بۆ شەڕی داعش و، لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی سەردانی لایەنەكانی كردووە و هەروەها بەشداری كۆبوونەوەی 16 لایەنەكەی دوێنێ و كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی شەوی رابروودی كرد، پابهندبوونی وڵاتهكهی بۆ پشتیوانیكردنی عێراقییهكان بهتایبهت له جەنگی دژ بە داعش دووپاتکردەوە.
مەکگۆرگ خۆشحاڵیشی نیشانداوە لهئاست ئهو ههڵكردن و هارمۆنیكه سیاسییهی لهنێوان هێزه سیاسییهكانی ههرێمی كوردستاندا لهئارادایه، ئهوهش ئاماژهیهكی پۆزهتیڤی دهستپێكی قۆناخێكی نوێیه له مێژووی عێراقدا، لهپێناو بههێزكردنی یهكڕیزیی نیشتمانی ناوخۆیی و بهرفراوانكردنی پشتیوانیی نێودهوڵهتیی بۆ عێراق بهتایبهتیی لهم قۆناخه ناسكهدا.
19/8/2015
سەرۆککۆماری عێراق و عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، گەشبینن بە رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 2015/8/19، سەرۆککۆماری عێراق د.فوئاد مەعسووم، سەردانی بارەگای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی کرد لە شاری هەولێر لەگەڵ عەلی باپیر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کۆمەڵ کۆبووەوە.
لەدیدارێکدا بارودۆخ و کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە بەرباس و گفتوگۆ، بەتایبەتی قەیرانە سیاسییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان، لەو بارەیەوە جەخت لەسەر پێویستیی خستنەگەڕی هەموو تواناکان كرایەوە بە ئاراستەی سەرخستنی کۆشش و تەقەلاکان کە لەو بارەیەوە لە ئارادان.
عەلی باپیر باسی لەو پێشکەوتنە ئومێدبەخشانە کرد کە لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکاندا هاتووەتە ئاراوە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان.
دواتریش لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا مەعسووم گەشبینی خۆی بەسەرکەوتنی هەوڵەکان دەربڕی و داوایکرد دانیشتن و کۆبوونەوە بەردەوامەکان بگەنە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر کە لەبەرژەوەندی باڵای کۆمەڵانی خەڵکدابێت.
19/8/2015
پەیامنێری رووداو رایگەیاند:" رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان تەواو نەبوو و کۆبوونەوەکە نەکرا".
پەیامنێری رووداو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" وێڕای چوونە ژوورەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی گۆران، یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی و چەن ئەندامێکی یەکگرتوو بۆ هۆڵی پەرلەمان، بەڵام رێژەی یاسایی تەواو نەکرا و 53 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و بەهۆی ئامادە نەبوونی 3 ئەندام پەرلەمانی دیکە رێژەی یاسایی تەواو نەبوو".
بە پێی زانیارییەکان ئەبوکاروان لە فراکسیۆنی شیوعی و شوان قەڵادزەیی لە بزووتنەوەی ئیسلامی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکردوە.
19/8/2015
مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و سەرجەم پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتن . ئەوان داوا دەکەن لەم کات و ساتەدا کە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستان گرتووە و تەنانەت هەندێک لە مزگەوت و کەنیسە و پەرستگاکانی سەرجەم ئایینەکان لە دەستی داعشدان، یەکڕیزی خۆیان بپارێزن و کۆتایی بە قەیرانی دارایی بهێنن و بژێوی خەڵک باش بکەن.
مامۆستا و پیاوانی ئاینی پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان پەیامی خۆیان بۆ لایەنە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سازان نارد، پێچەوانەی لایەنە سیاسییەکان مامۆستایانی ئاینی ئیسلام و پیاوانی ئاینی مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی و سابیئەی مەندایی لە یەک ریز پەیامیان هەبوو بۆ پاراستنی ئارامی باشووری کوردستان .
ئەو کاتەی ئەوان داوای کۆتایی هێنان بە قەیرانی سیاسی دەکەن لە باشووری کوردستان ، هێشتا هەندێک لە مزگەوت و کەنیسە و پەرستگاکانی سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە لەژێر دەستی داعشدان ،بۆیە بەپەلە لە رووی ئایینی و نەتەوەییەوە داوادەکەن خاڵی کۆتایی بۆ ناکۆکییەکان دابندرێت و لە جیاتی بەردەوامیی قەیرانی سیاسی، سەرجەم لایەنەکان کۆتایی بە قەیرانی دارایی بهێنن و بژێوی خەڵک باشبکەن.
لەماوەی دوو مانگی رابردوو لەلایەن چین و توێژەکانی باشووری کوردستان چەندین کەمپین و هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە ئەنجامدراون، بۆ دروستکردنی فشار لەسەر لایەنەکان، لە هەموو پەیامەکانیش داوای سازان کراوە.
19/8/2015
لەبەردەم کۆشکی دۆڵمەباهچە لەئیستەنبوڵ دەنگی تەقە بیستراو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەچواردەوری کۆشکەکە بڵاوبوونەتەوەو رێگەی هاتوچۆ دەگرن.
پۆلیسی تورکیا لەشوێنی رووداوەکە دووچەکداریان دەستگیر کردووە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن بەرەو شوێنی رووداوەکە دەڕۆن.
19/8/2015