ئیدوارد سنۆدن، کارمەندی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە ئێستا دانیشتووی رووسیایە رایگەیاندووە" ئوسامە بن لادن، رێبەری پێشووی قاعیدە هێشتا زیندووە".
ماڵپەڕێکی رووسی لە زاری سنۆدن رایگەیاندووە" بن لادن زیندووە و بەو هاوکارییانەی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بەدەستی دەگات لە دوورگەی باهاماس لە ئۆقیانووسی ئەتلانتیک، ژیانێکی شاهانە بەسەر دەبات".
سنۆدن راشیگەیاندووە، چەندین بەڵگەی هەیە کە هێشتا سی ئای ئەی مانگانە 100 هەزار دۆلار دەداتە بن لادن و ئەو پارەیە لە رێگەی بازرگان و رێکخراوە جیاوازەکانەوە مانگانە دەخرێتە ژمارەی حسابی بانکی بن لادن.
سنۆدن دەڵێت" دڵنیانیم لەوەی کە بن لادن ئێستا لە کوێ ژیان دەکات، بەڵام لە ساڵی 2013، بن لادن لەگەڵ 5 هاوژین و منداڵەکانی لە ڤێللایەک لە دوورگەی باهاماس ژیانی دەکرد".
هەروەها سنۆدن راشیگەیاندووە" سی ئای ئەی لەو کاتەی بن لادنی بۆ ئەو دوورگەیە دەگواستەوە، شانۆیەکی لەبارەی مردنی بن لادن رێکخست و بن لادن بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەرترین ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بووە و شانۆی دروستکراو لەبارەی مردنی بن لادن بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری پاکستان ئەنجامدراوە".
لە ساڵی 2011 وابڵاوکرایەوە کە ئوسامە بن لادەن لە لایەن دەستەیێکی تایبەت لە چەکدارانی ئەمریکی لە پاکستان و لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە و دواتر تەرمەکەی لە دوای کفن و دفنی ئیسلامیەوە خرایە نێو دەریا.
30/8/2015
سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لە ماوەی چەند رۆژێکە لە ئەورووپایەو لە دوای سەردانەکەی بۆ سوید، رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 لە ڤییەنا لەگەڵ سەرۆککۆماری نەمسا کۆبوویەوە.
دەمیرتاش کە لەگەل رۆژنامەیەکی نەمسایی چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، و پرسیاری ئەوەی لیکراوە کە" پارتەکەی ئێوە دەیەوێ سیستەمی فیدراڵی نەمسا بە نموونە وەربگرێ و لە تورکیا کە بە شێوەی ناوەندەی بەرێوە دەچیت، جێبەجێ بکات. ئەم بابەتە بۆ ئەو هەرێمانەی کە زۆرێنەی کورد پێکدەهێنن بە چ مانایەک دێ؟"
دەمیرتاش لە وەڵامدا رایگەیاند:" ئەگەر لە پارێزگاکانی تورکیا وەک ئەوەی لە نەمسا هەیە، بەڕێوەبردن لە دەستی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکاندا بێت، وڵات دەتوانێ هەندێک بحەسێتەوە. ئێستا پارێزگار لە سەرەوەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکن و ئەمەش لە دژی مەرجەکانی دیموکراسییە".
دەمیرتاش هەروەها گوتی:" لە چاکسازییەکان دا نە تەنیا کورد سوودمەند دەبن بەڵکو ئەوانی دیکەش سوودمەند دەبن. ئێمە وەها بیر دەکەینەوە، ئەگەر ئەردۆغان بتوانێ سیستەمی سەرۆکایەتی پێکبهێنێ، ئەو کات ئێمەش مافمان دەبێ لە بارەی دەوڵەتێکی فیدرالی گفتوگۆ بکەین."
دەمیرتاش هەروەها جەختی کردەوە کە" بەشداربوونی 3 لە پەرلەمانتارانی هەدەپە وەک وەزیر لە حکومەتی کاتی تورکیا کە هەتا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت لە 1-ی مانگی 11 دا کاروبارەکان بەڕێوە دەبات، دەتوانێ بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش رێنیشاندەر بێ".
هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها روونیکردەوە کە" هەڵبژاردنی پێش وەخت دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵبژاردنانەن کە ماوەیەک پێش ئێستا بەڕێوە چوون و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت زۆر بێ مانایە".
سەلاحەددین دەمیرتاش لە درێژەی گفتوگۆکەیدا گوتی:" ئەوان لە بەندی 10% هەلبژاردنەکان ناترسن و هەدەپە حزبێکە ئیتر رۆژانە گەورەتر دەبێت".
دەمیرتاش حکومەتی تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد کە لەمانگی نیسانەوە بڕیاری شەڕی دەرکردوە.
ئەو گووتی" لە 4-ی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئۆجالانەوە نەکراوە و لەوکاتەوە گفتوگۆکان راوەستاون".
سەلاحەدین دەمیرتاش باسی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو کرد و راگەیاند:" لە دوای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ داود ئۆغڵو کۆبووینەوە، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی نەبوو و ئێستا ناتوانم لە بارەی هیچ هاوپەیمانییەکەوە قسە بکەم".
دەمیرتاش گوتی:" ئێمە ئامادەین بەشداری لە حکومەت بکەین، بەڵام ناتوانین لە بارەی هیچ هاوپەیمانییەکەوە قسە بکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی 28-8-2015 حکومەتی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەی پەسەند کرد کە لە وەزیرانی ئاک پارتی و هەدەپە و سەربەخۆکان پێکدێت.
هەدەپە لەو کابینەیەدا دوو وەزیری هەیە کە بریتین لە وەزارەتی کاروباری یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی پەرەپێدانن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7 ی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئەنجامەکان بەجۆرێک بوون چانسی پێکهێنانی حکومەت بەر هیچ کام لە حیزبەکان نەكەوت، بۆیە پارتی داد و گەشەپێدان ئاكپارتی كە بووە خاوەنی 258 كورسی، هەوڵی پێكهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دا بەڵام هیچکام لە حیزبەکانی مەهەپە ، جەهەپە و هەدەپە کە زۆرترین کورسی هەڵبژاردنیان لەدوای ئاک پارتی بەدەستهێنابوو رازینەبوون بەوەی لەگەڵ ئاک پارتی حکومەتی هاوبەش پێکبهێنن.
بۆیە لەسەر داوای سەرۆککۆماری تورکیا ، سەعدی گوڤەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 1-11-2015 -ی وەک رۆژی هەڵبژاردنی گشتی بۆ 26 -ەمین خولی پەرلەمانی تورکیا دەستنیشانکرد.
29/8/2015
شۆفێر و خاوەنی ئەو بارهەڵگرەی کە لە شاری ئایزنشتاتی نەمسا لە نزیک سنوورەکانی هەنگاریا تێیدا ٧١ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، لەلایەن پۆلیسی هەنگاریاوە بە هاوکاری پۆلیسی فەرەنسا دەستگیرکرا.
پۆلیسی هەنگاریا ئاشکرای کرد کە لەناوچە سنوورییەکان و لەسەر رێگایەکی گشتی ئەو سنوورەی نێوان هەنگاریا و نەمسا چوار کەسیان دەستگیرکردووە، کە پەیوەندییان بە رووداوی گیان لەدەستدانی ٧١ کۆچبەرەوە هەبووە لەناو بارهەڵگرێکدا لە شاری ئایزنشتات.
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی سەر سنووری هەنگاریا، شۆفێری ئەو بارهەڵگرە لەگەڵ سێ کەسی دیکەدا شەوی هەینی لەسەر شەممە دەستگیرکراون، هەروەها ئەو چوار کەسەی دەستگیرکراون سێ کەسیان خەڵکی بولگاریان و ئەوی دیکەشیان خەڵکی ئەفغانستانە. هەرچواریشیان ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ئاب لەبەردەم دادگادا لە هەنگاریا ئامادە دەبن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی گوتەی پۆلیس ئەو چوار کەسە یەکێکیان خاوەنی بارهەڵگرەکەیە و دوانیشیان کاری شۆفێریان کردووە، ئەوی دیکەشیان هاوکاری کردوون لە رەوانەکردنی کۆچبەرەکاندا، بەڵام دوایین دەرەنجامەکان لەبارەی بە تاوانبارناساندنی ئەو چوارکەسە دوای دانیشتنی دادگا رادەگەیەنرێت.
چەند گەواهیدەرێک کە ئاگاداری رەوانەکردنی ئەو کۆچبەرانە بوون بە پۆلیسیان راگەیاندووە، "خاوەنی بارهەڵگرەکە خاوەنی رەگەزنامەی بولگارییە و بە رەچەڵەک خەڵکی لوبنانە".
29/8/2015
حكومەتی سوێد هێشتا ئەو یاسایەی كارا نەكردووە كە رێگرە لەبەردەم بەشوودانی منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵان. یاساكە رێگری لەو تاراوگەنشینانە دەكات كە لە دەرەوەی دادگاكانی سوێد منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ مارە دەكەن و ئەو كارەی بە "رفاندنی منداڵان" ناوبردووە.
یاساكە چۆن هات؟
بەشێكی زۆر لە سوێدییە كۆنسێرڤاتیڤەكان و بەتایبەتیش نەژادپەرستەكان، رەخنە لە تاراوگەنشینانی وڵاتەكەیان دەگرن كە كاریگەریی نەرێنییان لەسەر نەریتە كۆمەڵایەتییەكانیان هەبووە و بەشوودانی كچانی منداڵكاریش یەكێكە لەو نەریتانە. بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە دادوەرییەكان بەهەوڵی چەند چالاكڤانێكی سڤیل، لەساڵی 2012دا یاسایەكیان دەركرد، بەڵام یاساكە تاوەكو ئێستا كاری پێنەكراوە و پرۆسەی بەشوودانی كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ لەلایەن تاراوگەنشینانی ئەو وڵاتەوە، بەردەوامە.
كورد لە پلەی سێیەمدایە
یاساكانی سوێد رێگە بە شووكردنی منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ نادەن، بۆیە تاراوگەنشینان بۆ مارەكردنی ئەو منداڵانە سوود لە یاسای وڵاتی خۆیان وەردەگرن، بەڵام بەپێی یاساكەی سوێد كە لە ساڵی 2012 دەرچووە، بردنی هەر كوڕ و كچێك بۆ وڵاتی یەكەمیان بەو نیازە، دەچێتە خانەی رفاندنەوە.
بەپێی راپرسییەكی ئەنجوومەنی گەنجانی سوید كە دامەزراوەیەكی فەرمیی ئەو وڵاتەیە "70%ی گەنج و منداڵانی تاراوگەنشین، هەڕەشەی بەزۆر بەشوودانیان لەسەرە". لە راپرسییەكەدا دەركەوتووە كە "لە دوای عەرەب و سۆماڵی، كورد لەو رووەوە لە پلەی سێیەمە".
لە رووی قوربانیدانیش بەهۆی قبوڵنەكردن و رەتكردنەوە، كە زۆرجار كەوتوونەتە بەر هەڕەشە و كوشتن "كورد و عەرەب لە پێشەوەن". هێلین سافان لەو ئەنجوومەنە گوتی "بكوژی دۆسیەی ماری بارین بەهۆی بەزۆر بەشوودان، تا ئێستا لە كوردستانە".
بەیان ناسیح، كارمەندی كۆمۆنی ستۆكهۆڵم و چالاكڤانی ئەو بوارە، پشتڕاستی كردەوە كە زۆر لە تاوانبارانی ئەو كەیسە هاتوونەتەوە عێراق و گوتیشی "دوای تێكچوونی رەوشی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هاتنیان بۆ كوردستان ئەگەرێكی بەهێزە".
هاوینە ترسناكەكە
گەشتكردن بەرەو دەرەوەی وڵات، نەریتێكی زۆر دیاری هاوینی وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت ئەسكەندەناڤیایە، بەڵام هێلین دەڵێت بۆ بیانییەكانی سوید، بەتایبەت بۆ گەنجەكانیان زۆر ترسناكە چونكە "بەمەبەستی بە زۆر بەشوودانیان دەیانهێننەوە وڵات".
ماری بارین كە دوای هاتنەوەی بۆ سوید كوژرا و پێلا ئەترووشی كە بەناوی گەشت هێنرایەوە كوردستان و پاشان كوژرا، دوو كەیسی زیندووی ئەو بوارەن.
سارا حەسەن، ژنە چالاكڤانی كورد كە پێشتر هاوكاریی پۆلیسی سوێدی كردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كچانەی بە مەبەستی گەشت هێنرابوونەوە كوردستان و پاشان بەزۆر بەشوودراون، گوتی "هەموویانم لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەیاندەوە سوید". باسی ئەوەشی كرد كە "بەشێكیان عەرەب بوون، بەڵام زۆربەیان كورد بوون".
زۆرترین رێژەی بەزۆربەشوودانی منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ لە سوێد لەو چەند ساڵەی دواییدا، لە ساڵی 2011 تۆماركراوە كە 11 حاڵەت بوون. ئەگەرچی وەزارەتی دەرەوەی سوید بڵاوی كردووەتەوە كە تەنیا لەنێوان ساڵانی 2005 تاوەكو 2007 زیاتر لە 8500 حاڵەت هەبووە.
سۆران عەزیز، یاساناسێكی كوردستانە دەڵێت "ئێستا شتی لەو شێوەیە لە كوردستان ناكرێ. پێشتر سوود لە كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە".
بەرپرسیشیان تێدایە
هێنانەوەی ئەو كچانە بۆ كوردستان و پاشان بە شوودانیان، یان گوشار لەسەركردنیان بۆ شووكردن، بەپێی یاساكەی سوید دەچێتە خانەی تاوانەوە. بەپێی لێدوانی چالاكڤانێكی سویدی بۆ (رووداو) "بەرپرسانی كوردیش ئەم كارەیان كردووە".
هانس ریتۆر پێشتر كارمەندی حكومی بووە و ئێستا لە رێكخراوێكی ژنان راوێژكارە، گوتی "هەندێ لەو كچە قوربانیانە كەسوكاری بەرپرس و كەسانی دەسەڵاتدار بوون".
ئەركان ئەسعەد، نووسەری كوردی تاراوگەنشین، یەكێكە لەو گەنجانەی لە كاتی نووسینی یاساكەدا راوێژی پێكراوە. ئەو بە (رووداو)ی گوت "كورد یەكێكە لەو نەتەوانەی كە ئەو كارانە دەكەن، بەڵام هەر بەتەنیا كورد نییە". گوتیشی "ئەوە ئازایەتیی گەنجانی كورد بوو لە وەستانەوەیان بەرامبەر بەم نەریتە كە ئەم بابەتەی زەقكردەوە".
كورد پەنا بۆ سامبۆ دەبەن
دامەزراوە دەوڵەتی و رێكخراوە ناحكومییەكان، بۆ مەبەستی نەهێشتنی ئەم نەریتە سوودیان لە ناوەندە كۆمەڵایەتی و پیرۆزەكان وەرگرت، لە نێویاندا كڵێسا و مزگەوتەكان. مەلای سەرەكیی مزگەوتی میدبۆریانپلاتسن بە (رووداو)ی گوت: "هیچ كاتێك كەسانی خوار 18 ساڵمان مارە نەكردووە، ئەمە كارێكی نایاساییە".
بەڵام هەریەك لە هانس و چالاكڤانە كوردەكەش دەڵێن لەژێر ناوی سامبۆ (هاوڕێیەتی نیمچە هاوژین) و لەلایەن مزگەوتەكانەوە مارە دەكرێن.
هانس گوتیشی "لە كولتووری سوید بۆ كەسانی خوار 18 ساڵ ئاساییە بەیەكەوە بژین. ئەمە سامبۆی پێدەڵێن. بەڵام زۆر حاڵەت هەبووە كە بە نهێنی مارە كراون".
29/8/2015
هەریەک لە پەیامنێر ئەلیسن پارکەر و کامیرامان ئادەم وارد، کە دوو کارمەندی کەناڵی WDBJ ئەمریکی بوون لە پەخشی راستەوخۆدا لەلایەن ڤێستەر ڤلانگن، رۆژنامەنووسی هەمان کەناڵ کە بە بریس ویلیامس نێوبانگی دەرکردبوو، کوژران.
بکوژەکە بەشێکی رووداوەکە بە کامێرا بچوکەکەی خۆی تۆماردەکات، دوای ئەنجامدانی کارەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەی رادەکات، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ڤێرجینیا بە برینداری لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەدۆزرێتەوە.
فیل تایلەر، گوتەبێژی پۆلیسی ڤێرجینیا باس لە کاتی دۆزینەوەی بکوژەکە دەکات و دەڵی" جۆرێک لە ترافیک درووستبوو کاتێک هەموو ئۆتۆمبێلەکان وەستان، تەنیا ئۆتۆمبێلی بکووژەکە نەبێت، تاوەکو ئەوکاتەی خۆی ئۆتۆمبێلەکەی لادایە لێواری شەقامە سەرەکییەکە، کە ئەفسەری پۆلیس لە ئۆتۆمبێلەکە نزیک بووەوە، بینیمان گومانلێکراوەکە بە چەند گوللەیەک خۆی بریندار کردوە".
دوای چەند کاژێرێک، بکوژی دوو کارمەندەکەی WDBJ بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری درووستبوونی رووداوەکە دەستیپێکرد. بریس ویلیامس پێشتر کارمەندی کەناڵی WDBJ بووە و بەهۆی سکاڵایەکی کامیرامانەکە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، بەڵام لەوە ناچێت ئەمە بە تەنیا هۆکاری رووداوەکە بێت، چونکە بکوژ بەر لە خۆکوشتنی لە چەند تویتێکدا گرتە ڤیدیۆییەکە بڵاودەکاتەوە، دەشڵێت "کچە پەیامنێرەکە چەند وشەیەکی رەگەزپەرستانەی دژی ئەو بەکار هێناوە".
جێف مارکس، بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکە لەسەر ئەم رووداوە بێ دەنگ نەمایەوە. ئەو، گوتی " ئەو دەمێکبوو بەدوای کارمەندادا دەگەڕا بۆ ئەوەی سووکایەتیان پێبکات، چەندین جار تووڕەبوونی خۆی بە کارمەندان دەڕشت، هەموو کات دەبوو بە زەبری پۆلیس لە باڵەخانەکە دوورمان خستبایەوە".
ئەم رووداوە، خۆشەویستەکەی ئەلیسۆنیشێ تووشی شۆک کردبوو. کریس هەرست، بێژەر و خۆشەویستی ئەلیسن پارکەر دەڵێ دەرچوون و ئەنجامدانی چەند راستەوخۆیەک شتێکی ئاساییە بەتایبەتی لە شوێنە چۆڵەکان، بەڵام هیچ کەسێک بیری بۆ رووداوێکی لەم جۆرە نەدەچوو، چونکە ئەلیسن لە شوێنێکی سەلامەت بوو.
ئەم رووداوە دووبارە پرسێکی گەورەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێنایەوە سەر مێز، ئەویش پرسی شکستهێنانە بۆ بنەبڕکردنی تووندوتیژی و هەڵگرتنی چەک بە شێوەیەکی نایاسایی.
" ئەمە نموونەیەکی دیکەی تووندوتیژییەکانی چەکە کە بووەتە دیاردەیەکی باو لە سەرجەم کۆمەڵگە بچوک و گەورەکانی ئەمریکا. لەکاتێکدا هیچ یاسایەک نییە کۆتایی بە تووندوتیژییەکانی وڵات بێنێت".
لە ئەمریکا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مژارێکی گەرمە، هیلاری کلینتۆن، کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتەکان ئەم رووداوە بە هەلێک دەزانێت بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ئەجێندای سیاسی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان بکاتەوە.
هیلاری کلینتۆن، کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەبارەی چەکهەڵگرتنەوە دەڵێ" دووپاتی دەکەمەوە، پێویستە بەرامبەر تووندووتیژییەکانی چەک لە ئەمریکا هەڵوێست بنوێنین، من لێرەوە هەوڵی بۆ دەدەم، خەڵک رووبەڕووی ئەم توندووتیژیە دەبنەوە و ئاگاداری پرسەکەن، بەڵام خۆی لێ لادەدەن، چونکە پرسەکە ئاسان نییە".
لە ئێستاوە پۆلیسی ڤێرجینیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە، بەڵام بەلای بەشێک لە خەڵکی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە رووداوی لەمجۆرە سوودێکی وای نییە، ئەگەر کۆتایی بۆ تووندوتیژییەکانی چەک نەهێنرێت.
29/8/2015
پاش نزیكەی مانگێك لە دەستپێكردنەوەی شەڕ لەنیوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK، هەردوولا ئاماری جیاواز لە یەكتر بڵاودەكەنەوە.
هێزەكانی پاراستنی گەل HPG ، كە بریتییە لە رێكخستنی سەربازیی هێزی گەریلای PKK ، رایگەیاند كە لە ماوەی یەك مانگدا، 471 پۆلیس و سەربازی توركیایان كوشتووە و لە بەرامبەردا 42 گەریلای ئەوانیش گیانیان لەدەستداوە.
راگەیێندراوەكەی HPG ئەوەشی گوت كە لە 24 ی تەمموزی 2015 ەوە سوپای توركیا، 62 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامداوە و لەبەرامبەردا HPG بەگشتی 191 كردەوەی سەربازیی ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆن و كردەوە سەربازیانەشدا 471 ئەندامی هێزە ئەمنییە جیاوازەكانی توركیا كوژراون كە 394 كەسیان سەربازن و16 كەسیان پۆلیسن و 61 دیكەش ئەندامی هێزی تایبەتن.
لەلایەكی دیكەوە ، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە ئاژانسی فەرمیی هەواڵەكانی توركیا بلاویكردووەتەوە، لە ماوەی ئەو مانگەدا 814 گەریلای PKK كوژراون . بەپێی ئەو ئامارانەی دەوڵەتی توركیا، زۆرینەی گەریلاكانیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا كوشتوون . لە هەمانكاتدا دەوڵەتی توركیا دەڵێ 60 پۆلیس و سەربازیش لەلایەن گەریلاوە كوژراون .
تائێستا نەتوانراوە ئەو ئامارەی PKK و سوپای توركیا لەلایەن هیچ دەزگایەكی بێلایەنەوە پشتراستبكرێتەوە.
29/8/2015
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند یەکێتی ئەوروپا پێویستی بەوەیە بە هەماهەنگی و پلانێکی هاوبەش کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەری بکات، فەرەنساش داوا دەکات وڵاتانی دیکەی ئەوروپا چاو لە ئەڵمانیا و فەرەنسا بکەن و بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆی خۆیان بگرن، هاوکات دوایین ئامار دەریدەخات، کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی تەنیا لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا بۆ 293 هەزار کەس بەرزبووەتەوە، جگە لەوەی بەشێکی دیکەی کۆچبەران لەڕێگای تورکیاوە دەگەنە یۆنان و وڵاتانی باڵکان.
لە ماوەی مانگێکدا ژمارەی پەنابەران بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، لەو مانگەدا ژمارەی کۆچبەران بەرەو ئیتاڵیا لە 90 هەزارەوە گەیشتەووەتە 110 هەزار، یۆنانیش لە دوایین ئاماردا رایگەیاند ژمارەی کۆچبەران بۆ یۆنان گەیشتووەتە 181 هەزار کۆچبەر، کە بەشێکی زۆریان لەڕێگەی مەکدۆنیا و سربیا خۆیان دەگەیەننە هەنگاریا، بەمەش ژمارەی ئەوانەی گەیشتونەتە هەنگاریا لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا هەزاری تێپەڕاندووە، بەڵام بەشێک لەو ژمارەیە لە یۆنانەوە نەهاتوون، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی باڵکانەوە وەک کۆسۆڤۆ و ئەلبانیا و چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە هاتوون، نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە ژمارەی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا تا دێت لە زیادبووندایە.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت :" لەڕاستیدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە 293 هەزار کۆچبەر و پەنابەر هەوڵیدان داوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بگەنە ئەوروپا و 2240 کەسیش لەو رێگەیدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دەریدەخات ئەوروپا لەبەردەم ململانێیەکی جددیدایە".
رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە جنێڤ لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رەوشی کۆچبەران بەڕێوەچوو، فەرەنسا داوایکرد هاوشێوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەشداری لە پلانی یەکێتی ئەوروپادا بکەن.
بێرنارد کازانۆڤ، وەزیری ناوخۆی فەرەنساش دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت" پرسیارێک هەیە لەبارەی هەماهەنگی و هاوکاری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە دەبێت بکرێت، بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو پرۆسەیەوە بکەن، کە دەستمان پێکردووە لەپێناو چارەسەرکردنی رەوشی کۆچبەریدا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی تەواوی خۆیان لەئەستۆگرتووە و پێشنیازیشیان لەو بارەیەوە کردووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی هەوڵی هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاین بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەکان کۆبکەینەوە".
ئەڵمانیا لە قەیرانی کۆچبەریدا رۆڵی سەرکردایەتیکردنی چارەسەری کێشەی کۆچبەری دەگێڕێت، ئەوەشی دووپات کردووەتەوە، کە لەمساڵدا چاوەڕێی گەیشتنی 800 هەزار کۆچبەر بۆ وڵاتەکەی دەکات، هاوکات ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لەکاتی سەردانی کامپەکانی کۆچبەران رایگەیاند حکومەتی ئەڵمانیا بە هەموو جۆرێک دژ بە بیرۆکەی دژە کۆچبەران و پەنابەرانە لە وڵاتەکەیدا و لەو جۆرە کارانە خۆش نابێت کە دژ بە کۆچبەران دەکرێن.
ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا دەربارەی ئەو پەنابەرانەی روو لە وڵاتەکەیان دەکەن دەڵێت:" مامەڵەکردن بەشێوەیەکی مرۆییانە و پاراستنی کەرامەتی خەڵک کە دێنە وڵاتەکەی ئێمە لە بنەما سەرەکییەکانی تێگەیشتنە و ئەمەش دەبێت ببێتە رەمزێک بۆ ئەڵمانیا، ئەوەی دژ بە کۆچبەران ئەنجامدراوە مایەی شەرمەزارییە، ئەڵمانیا یارمەتی هەرکەسێک دەدات کە پێویستی بە یارمەتی بێت".
لە بەرامبەردا باراک ئۆباما لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مێرکڵ ستایشی رۆڵی ئەڵمانیا و کارەکانی ئەنگێلا مێرکڵی کرد، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەراندا و ئەڵمانیای بە سەرکردایەتیکردنی پڕۆسەی چارەسەری قەیرانی کۆچبەری ناوبرد.
28/8/2015
بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای بانكی ناوەندی ئێران، ئەو وڵاتە پەردەی لەسەر كاغەزێكی نوێی دراوی ناوخۆیی هەڵدایەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە بەهای تمەنی ئێران بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی لە بازاڕەكاندا پاشەكشێیەكی نوێی تۆماركردووە.
ئەو دراوە نوێیەی تاران قەبارەكەی 500 هەزار تمەنە كە بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلار یەكسانە بە 25 دۆلاری ئەمەریكی. ئەمیر شوكری، سەرۆكی دەستەی كاغەزە نەختینەو چاپكراوەكانی بانكی ناوەندی ئێران رایگەیاند " كاغەزە نوێیەكە بە پێوانەی 71 بەرامبەر 142 میللی مەتر چاپكراوە".
لەگەڵ دابەزینی نرخەكانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، دراوی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییە سەرەكییەكان رووبەڕووی دابەزین بووەتەوە. ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەكەمی حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە، ئاماژەی بەوە كردووە كە ساڵی 2015، لەدوای شۆرشی ئێران خراپترین ساڵی ئابووری ئێرانی بووە، هۆكارەكەشی بۆ داڕمانی نرخەكانی نەوت گەڕاندووەتەوە.
یەك بەرمیل نەوت لە حوزەیرانی 2014 تاوەكو كۆتایی ئەو ساڵە لە 115 دۆلارەوە بۆ خوار سنووری 45 دۆلاری ئەمەریكی دابەزینی بەخۆیەوە بینی و زۆربەی وڵاتە بەرهەمهێنەرانی نەوت و كۆمپانیا زلهێزەكانی ناچاركرد پێداچوونەوە بە وەبەرهێنانەكانیان بكەنەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە تاران لەپاڵ داڕمانی نرخەكانی نەوت، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی سەری، ئەوەندەی دیكە رەوشی ئابووریی ئاڵۆز بوون، بەئاستێك هەناردەكردنی نەوتی لە 2.5 ملیۆن بەرمیل كە ساڵی 2012 تۆماریكردبوون، بۆ سنووری 1.1 ملیۆن بەرمیل دابەزین.
28/8/2015
رووسیا بەشێکی دیکە لە هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانی رادەستی عێراق دەکات، تاوەکو ساڵی 2016ەش عێراق دەبێتە خاوەن 43 هەلیکۆپتەری جەنگی.
ماڵپەڕی "سپوتنیک"ی رووسی بڵاویکردووەتەوە، كە فڕۆکەکانی جۆری "ئێن 124" چەندین هەلیکۆپتەری هێرشبەری رووسی لە جۆرەکانی "می 35م" و "می28 ئێن" ناسراو بە راوچی شەوانیان بەرەو عێراق بارکردووە.
لەچوارچێوەی رادەستکردنی هەلیکۆپتەری جەنگی بە عێراق، 4 هەلیکۆپتەری هێرشبەری جۆری "می 35م" و 4ی دیکەش لە جۆری "می 28ئێن" بەتەواوی پێداویستی و دووربینی شەوانە رادەستی بەغدا کراون.
بەگوێرەی ئەو گرێبەستانە، تاوەکو ساڵی 2016، عێراق دەبێتە خاوەنی 43 هەلیکۆپتەری جەنگی، کە 24یان لەجۆری"می 35م" و 19 دیکەشیان لە جۆری"می 28 ئێن" دەبن.
تاوەکو ئێستا عێراق 16 هەلیکۆپتەری جۆری "می 35م" و 11هەلیکۆپتەری جۆری "می 28 ئێن"ی بەدەستگەیشتووە.
28/8/2015
هێرشەكەی رۆژی ٢٦ی ئاب لەسێ قۆڵەوە دەستی پێكرد، دوای بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە بە پیادە بۆ كۆنترۆڵكردنی گوندی ئەلبو محەممەد و گوندەكانی دیكە بەڕێكەوتن، قۆڵی دووەم و سێیەمی هێرشەكەی پێشمەرگە لە سنوری خورماتوو بوو. پێشمەرگە لەو سنورەش گەمارۆی 10 گوندی ژێر دەسەڵاتی داعشی دابوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فەرماندەكانی پێشمەرگە موژدەی سەركەوتن رابگەیەنن.
شێخ جەعفەر شیخ مستەفا، فەرماندەی یەكەی حەفتا بۆ(رووداو) رایگەیاند" لەهەرسێ میحوەرەكەی زەرگە، ئەبو زەرگە و ئەبو نەجم سەركەوتوبووین و ئەبو نەج كۆنترۆڵ كراوە و بەرەو گوندەكانی دیكە پێشڕەوی دەكریت و لە چەند كاژێرێكی دیكە موژدەی سەركەوتنی تەواوەتی بە خەڵكی كوردستان و ناوچەكەش دەدەین".
پلانی داعش بۆ رێگریكردنی لە هێرشەكانی هێزی پێشمەرگە دانانی بۆمبی چێنراو بوو، بۆیە بەهۆی زۆری ژمارەی بۆمبە چێنراوەكان هێرشەكانی پێشمەرگە، چەند كاژیرێك دواكەوتن.
داعش لە دانانی بۆمبە چێنراوەكانی باشووری كەركووك، پیلانێكی نوێی بەكارهێنابوو. لەو پیلانەدا داعش زنجیرەیەك بۆمبی چێنراوی پێكەوە گرێدابوو تاوەکو کاریگەری زیاتری هەبێت.
عەقید عەبدوڵڵا حەسەن، یاریدەدەری كەتیبەی ئەندازیاریی مین دەڵێ" هەندێك بۆمبمان هەڵگرتووەتەوە، ئەو بۆمبانەی بەزنجیرەی كارەبایین ماون لەبەر ئەوەی بەشیشی گەورەوە گرێدراون بۆ ئەوەی هەر هێزێك بێت بیتەقێننەوە".
27/8/2015
دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاماری ژمارەی دانیشتوانی عێراقی بۆ ساڵی2014 بەشێوەیەکی خەمڵاندن بڵاوکردەوە و ژمارەی دانیشتووانی هەر4 پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی ، دهۆک و هەڵەبجە)ی بە 5 ملیۆن کەس خەمڵاندووە.
ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتووەتە 36 ملیۆن کەس کە 18 ملیۆن و 319 هەزار کەس نێر و 17 ملیۆن و 685 هەزار کەسیش مێنە، بەم شێوەیە 51% دانیشتووانی عێراق نێر و 49% مێن.
ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی 1997 وە هیچ سەرژمێرییەکی گشتیی دانیشتووان لە عێراق ئەنجامنەدراوە.
وەزارتی پلاندنانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووکی بە یەک ملیۆن و نیو کەس خەمڵاندووە.
بەگوێرەی ئامارەکە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە سەر ئاستی عێراق پارێزگای بەغدا پلەی یەکەمە و 7 ملیۆن و 665 هەزار کەسە کە 21%ی تێکڕای دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت. هاوکات پارێزگای نەینەوا لە پلەی دووەم دێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی 3 ملیۆن و نیو کەسە.
پارێزگای موسەننا-ش کەمترین رێژەی دانیشتوانی هەیە، کە770 کەسە و دەکاتە2% دانیشتووانی عێراق.
بەشێکی دیکەی ئامارەکە ژمارەی شارنشین و لادێ نشینی لە عێراق روونکردووەتەوە، ژمارەی شارنشینان 25 ملیۆن کەسە کە 70% رێژەی دانیشتوان پێکدەهێنێن. ژمارەی لادێ نشینانیش 10 ملیۆن و921 هەزار کەسە کە 30% رێژەی دانیشتووان پێکدەهێنێن.
وەک لە ئامارەکەدا هاتووە 20 ملیۆن و829 هەزار کەس تەمەنیان لە نێوان15 بۆ64 ساڵە. ژمارەی گەنجانیش کە تەمەنیان لە نێوان15 بۆ24 ساڵە 7 ملیۆن و315 هەزار کەسن کە 20.3 % ژمارەی دانیشتوان پێکدەهێنن.
ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ19 ساڵە ژمارەیان دەگاتە 10 ملیۆن و 8 هەزار کەس. ئەوانەشی تەمەنیان لە نێوان20 بۆ24 ساڵە ژمارەیان دەگاتە9 ملیۆن و500 هەزار کەس.
ژمارەی دانیشوانی پارێزگاکانی عێراق:
ژمارەی دانیشتووانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن کەسە
بەغدا پلەی یەکەمە و 7 ملیۆن و 665 هەزار کەسە
نەینەوا پلەی دووەمە و ژمارەی دانیشتوانەکە3 ملیۆن و نیو کەسە
ژمارەی دانیشتوانی بەسرە 2 ملیۆن و750 هەزار کەس
کەرکووک 1 ملیۆن و 500 هەزار
دیالە 1 ملیۆن و 548 هەزار
ئەنبار1 ملیۆن و675 هەزار
بابل 1 ملیۆن و953 هەزار
کەربەلا 1 ملیۆن و 151 هەزار
واست 1 ملیۆن و 303 هەزار
سەلاحەددین 1 ملیۆن و 509 هەزار
نەجەف 1 ملیۆن و389 هەزار
دیوانییە 1 ملیۆن و 220 هەزار
زیقار 1 ملیۆن و 979 هەزار
میسان 1 ملیۆن
27/8/2015
کۆمەڵەی پزیشکانی ئێران رەخنە لە فیلمێکی ئەڵمانی دەگرن،بەهۆی ئەوەی کەسایەتی پزیشکی ئێرانی (ئیبن سینا)-یان شێواندووە، بۆیە داوای راگرتنی ئەم فیلمە دەکەن.
مەجید نەورۆزی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی پزیشکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە بەهۆی ئەوەی لە فیلمی ئەڵمانی (پزیشک) دژایەتی ئێران و کەسایەتیە مێژووییەکەی کراوە، بۆیە دەبێت هەرچی زووە ئەم فیلمە لە نمایشکردن رابگیرێت.
نەورۆزی ئەم فیلمەی بە شێواندنی مێژووی ئێران و زانای پزیشکی ئیبن سینا ناوبردووە، داوا دەکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیدانەی ئەم کارە ناڕەوشتیەی فیلمسازانی ئەڵمانیا بکەن، چونکە فیلمەکە بەشێوازێکی ناراستەقینە باس لە ئیبن سینا دەکات، وانیشاندراوە ئەوروپییەکان زانستی پزیشکیان فێری ئێرانییەکان کردووە.
هەروەها لە بەشێک لە دیمەنەکانی فیلمەکەدا هاتووە کە پیاوانی ئایینی ئێران هەوڵیانداوە نووسینگەی ئیبن سینا بسووتێنن و ئەویش لە داخی ئەم کارەی پیاوە ئایینیەکان خۆی کوشتبێت، ئیتر لەسەر دەستی ئەو کۆتایی بە زانستی پزیشکی لە ئێران هاتووە، ئەمەش جگە لە درۆ هیچی دیکە نییە.
وەک باس دەکرێت ئیبن سینا زانایەکی پزیشکی ئێرانی بووە، لە ساڵی 370 هیجری و 980 میلادی لە شاری هەمەدان رۆژئاوایی ئێران لە دایکبووە، و لە ساڵی 427 هیجری و 1037 میلادی کۆچی دواییکردووە، ئیبن سینا زیاتر لە 200 کتێبی نووسیوە، بە میری پزیشکان و باوکی زانستی پزیشکی نوێ ناسراوە.
یەکێک لە کتێبە هەرە بەناوبانگەکانی بریتییە لە کتێبی یاسا لە پزیشک بووە، ئیبن سینا چەندین نەخۆشی ئاشکرا کردووەو چارەسەریشی بۆ بەشێکیان دۆزیوەتەوە.
26/8/2015
بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کاردانەوەی هاونیشتمانیانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هەزاران پەیام لەو بارەوە بڵاوکراونەتەوە و چەند هێز و لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پەیامی هاوخەمییان بڵاوکردووەتەوە.
كاژێر12:30 بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، فەریدوون جوانڕۆیی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شارۆچکەی خەباتی سەر بە شاری هەولێر، بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا و سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گۆڕستانی پیرمام بەخاک سپێردرا.
فەرەیدوون محەممەد عەبدولرەحمان ناسراو بە فەرەیدوون جوانڕۆیی لە ساڵی 1950 لە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو.
باب و باپیرانی پشتیوانی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوونە لە مهاباد و دژی حکومەتی پاشایەتی ئێران شۆڕشیان کردووە. دواتریش بەشدارییان لە شۆڕشی ئەیلول کردووە لە باشووری کوردستان.
فەرەیدوون جوانڕۆییش ساڵی 1967 پەیوەندی بە ریزەکانی شۆڕشی باشووری کوردستان کرد و چەکی پێشمەرگایەتی هەڵگرت.
لەماوەی نزیک بە 50 ساڵ پێشمەرگایەتیشیدا، بەشداری لە شۆڕشەکانی ئەیلول، گوڵان، راپەڕینی 1991 و ئازادکردنی باشووری کوردستان و بەم دواییەش شەڕ دژی داعش کردووە و لە مەیدانەکانی شەڕدا چەندینجار برینداربووە.
لەنێو ریزەکانی پێشمەرگە و هاوڕێیانیشیدا بە پێشمەرگەیەکی ئازا و فەرماندەیەکی لێوەشاوە ناوی دەرکردووە و لەو ماوەدا چەندین جۆر بەرپرسیارێتی سەربازی و سیاسی پێ سپێردراوە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی فەرەیدوون جوانڕۆیی، جگە لە باشوور، کاردانەوەی هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی لێکەوتەوە و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هەزاران پەیامی هاوخەمی بۆ لەدەستدانی بڵاوکراوەتەوە. هەروەها بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی شاری جوانڕۆ، هەواڵی گیان لەدەستدانی فەرەیدوون جوانڕۆیی لەنێو ئەو شارەدا زۆر دەنگی داوەتەوە و هاونیشتمانیان بە حەسرەتەوە باس لە نەمانی ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە دەکەن کە نیو سەدە بەرگریکاری خاک و ئامانجەکانی نەتەوەکەی بووە.
26/8/2015
لە ناوچەیەکی خوراسانی باکووری ئێران کە کوردی تێدا دەژی ، داھێنەرێکی کورد ماددەیەکی کیمیایی دروستکردووە کە دەکرێ لەو رێگەیەوە ئاسنی ئاسایی هەرزان بەها بۆ جۆرێک ئاسنی گرانبەها و نزیک لە زێر بگوڕێت.
ئەم داھێنەرە کوردە کە ناوی نەقدعەلی عەلەویفەردە تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی لە ئاستی ئێران و جیهان وەرگرتووە.
26/8/2015
کچەکەی سەرۆکی پێشووتری عێراق بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بریندارە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی عەمانیش ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە و پاسەوانەکەیشی بریندارە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی ئوردن رایگەیاند: " رەغدەی كچی سەدام حوسێن، سەرۆکی پیشووتری عێراق لە عەمانی پایتەختی ئوردن بەهۆی روودانی هاتوچۆوە لەیەکێک لەشەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە بریندار بووە و شۆفێرەکەیشی گیانی لەدەستداوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عەمان لە بەیاننامەیەکدا جگە لە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە رەغەدی کچی سەددام حوسێن لە شەقامی شا عەبدوڵڵای دووەم لە ناوچەی قەڵای عەلی، بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە برینداربووە و هاوکات شۆفێرەکەشی گیانی لەدەستداوە.
27/8/2015