مەکتەبی سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا دەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێرانی بایکۆت کردووە و داوای لە خەڵکی ئیران و بەتایبەت کوردستانی رۆژهەڵات کردووە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی حکوومەت نەکەن.
لە درێژەی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی حدکادا هاتووە: " باسی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە لە ئێراندا، هەر لە بناخەوە لەجێی خۆیدا نییە، چوونکە ناوەندەکانی دەسەڵات ناخرێنە هەڵبژاردنەوە و تەنیا پۆستە لاوەکیە بێدەسەڵاتەکانن کە لە سیناریۆیەکی چەواشەکراودا، شانۆگەریی هەڵبژاردنیان بۆ بەڕیوە دەچێ."
لە بەشێکی دیکەدا دەنووسێت:"مەجلیس تەنیا دەبێ بە شوێنی کۆبوونەوەی تاقم و دەستە جیاوازەکان و وەرگرتنی ئیمتیازاتی مادی بۆ کەسەکان و ئەوەی یاسا و بڕیاری چارەنووسساز بێ، ڕێگەیان نیە کە باسیشی بکەن و گەر خودای نەکردە ڕۆژێک لە ڕۆژان، یاسایەکی بە تۆزقاڵێک لەگەڵ ویستی ڕێبەری ڕێژیم جیاواز بێ و ئەو مەجلیسە بیەوی ئەو بڕیارە پەسند بکا، وەک دەورانی مەجلیسی شەشەمی ڕێژیم، بە فەرمانێک بێدەنگیان دەکەن و سەرۆکی مەجلیسیش دەڵی؛ "حوکمی حکوومەتی" هاتووە و نابێ چیدی باس لەو شتە بکرێ!"
لە کۆتاییدا دەڵێت:" داوا لە خەڵکی وشیار و مافخوازی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی ئازادیخوازی کورد دەکەین کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نائازاد و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار نەبن و لە ڕۆژی دەنگداندا لە سەرسندووقەکان ئامادە نەبن و لە باتی دەنگدان لە وەها پرۆسەیەکدا، لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.
داوا لە هەموو تێکۆشەرانی گەلەکەمان و هەموو ئازادیخوازان و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات دەکەین کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ و بە هەموو تواناوە بۆ ئیفشا کردنی پیلانەکانی ڕێژیم و بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردووە و هەروەها بۆ هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکان کار بکەن و هەوڵ بدەن، تاکوو بۆ جارێکی دیکەش بەم ڕێژیمە بڵێینەوە کە پیلان و شانۆگەرییەکانیان بۆ خەڵک بەتاڵ و بێمانا بوونەتەوە."
وێنەیەک لە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی حدکا بۆ باسنیوز نێردراوە
دەقی بەیاننامەکە:
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاویدا، دەیەوێ هەڵبژاردنی خولی دەیەمی مەجلیسی بەناو شوورای ئیسلامی و هەروەها خولی پێنجەمی مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە ببا و لەو پێناوەدا، لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزەوە دەستی کردووە بە ناونووسینی بەربژێرەکانی ئەندامەتیی ئەو مەجلیسانە. ڕێژیم وەکوو هەمیشە لە پرۆسەیەکی چەند مانگەدا، هەم پێش لە دەسپێکی ناونووسین و هەم لە دوای ناونووسین و باسی لەفیلتێردانی بەربژێرەکانی هەڵبژاردن و تا دوایی، کە پەردەی کۆتایی شانۆکە بە کۆتاییهاتنی دەنگدان و دەستێوەردانی سندووقەکان بەئاکام دەگا، کایەیەکی چەندپات کراوە بەڕێوە دەبا و بۆ هاندانی خەڵک بۆ ئامادە بوون لەو شانۆیەدا و بۆ گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردن، باس و بابەتی جۆربەجۆر دەورووژێنن و بە دروستکردنی کەشی ئێحساسی لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و گرووپە هەمەڕەنگەکان لە ئێراندا، دەیانەوێ خەڵک وا تووشی وەهم ببن کە ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەم جارە هەندێک شت بگۆڕێ.
هەرچەند بۆ کەسانی شارەزا هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمەوە دیاربوو، بەڵام ئەزموونی چەند دەیە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی، هیچ ناڕوونییەکی نەهێشتۆتەوە و بەڕوونی سەلماندوویە کە ئەم ڕێژیمە لە ئامرازی هەڵبژاردن بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مەشرووعیەتی چەواشەکراوی خۆی کەڵک وەردەگرێ و هەڵبژاردنی ڕاستەقینە و دێموکراتیک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بوونی نیە.
ئەوەی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتبێ، دەزانێ کە ئەم ڕێژیمە لە سەر بنەمای ویلایەتی فەقیه، کە نوێنەری خەڵک نییە، بەڵکوو خۆی بە خاوەنی خەڵک دەزانێ دامەزراوە و ئەم دەسەڵاتی وەلیی فەقیهە، لە ڕێگەی زەبر و زەنگی سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی و لە ڕێگەی دەستگرتن بە سەر سەروەت و سامانی وڵات و دابەشکردنەوەی بەپێی پێویستییەکانی ڕێژیم و هەروەها لە ڕێگەی دەزگای ڕاگەیاندنی بەربڵاو لە تلویزیۆنەوە بگرە تاکوو مینبەری مزگەوتەکان، خۆی دەسەپێنێ و درێژە بە مانی دەدا و لە ڕاستیدا ئەوەی کە سەرچاوەی بنەڕەتیی دەسەڵات و حکوومەت بێ، لە ئۆرگانە ئینتسابییەکاندا کۆ کراونەتەوە و هەموویان لە ژێر دەستی وەلیی فەقیهدا بەڕێوە دەبرێن و بەپێی یاسای نامەشرووعی کۆماری ئیسلامی، ڕێبەری ڕێژیم خاوەنی خەڵک و خاوەنی هێز و خاوەنی بڕیاری ئەساسی لە نێو سیستمدایە.
بەو پێیە باسی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە لە ئێراندا، هەر لە بناخەوە لەجێی خۆیدا نییە، چوونکە ناوەندەکانی دەسەڵات ناخرێنە هەڵبژاردنەوە و تەنیا پۆستە لاوەکیە بێدەسەڵاتەکانن کە لە سیناریۆیەکی چەواشەکراودا، شانۆگەریی هەڵبژاردنیان بۆ بەڕیوە دەچێ.
لەم پێناوەدایە کە شایەتی ئەوەین، هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماری لە ئێرانی ژێردەدسەڵاتی ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێ، بەڵام هەموو سەرۆک کۆمارەکان لە کۆتاییدا بەو ئاکامگیرییە دەگەن کە بە وتەی خاتەمی، جگە لە تەداروکاتچییەکی ویستەکانی ڕێبەر، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە.
هەر وەها هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە دەچێ، کە بەپێی یاساکانی ڕێژیمیش بێ، دەبێ چاوەدێری بە سەر کارەکانی ڕێبەردا بکەن و ئەوان ڕێبەر دیاری بکەن، بەڵام گەر بە ئەسپاییش باس لە نەک ڕێبەر، بەڵکوو تەنیا ئەو ئورگانانەی کە فەرمان لە ڕێبەر وەردەگرن بکەن، هەڕەشەیان لێ دەکەن و بێدەنگ دەکرێن، کە نابێ ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لەوە بکەنەوە کە پێ لە بەڕەی خۆیان زیاتر ڕاکێشن!
لە نێو دامەزراوەکانی ڕێژیمدا، مەجلیسی ڕێژیم لە هەموویان کارتۆنیترە. بە هەموو شێوازێک پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن کە جیناح و دەستە و تاقمی جیاواز لە ڕێژیمدا هەیە و لە سەر کورسیی مەجلیس گوایە ڕەقابەت دەکەن، بەڵام مەجلیس تەنیا دەبێ بە شوێنی کۆبوونەوەی تاقم و دەستە جیاوازەکان و وەرگرتنی ئیمتیازاتی مادی بۆ کەسەکان و ئەوەی یاسا و بڕیاری چارەنووسساز بێ، ڕێگەیان نیە کە باسیشی بکەن و گەر خودای نەکردە ڕۆژێک لە ڕۆژان، یاسایەکی بە تۆزقاڵێک لەگەڵ ویستی ڕێبەری ڕێژیم جیاواز بێ و ئەو مەجلیسە بیەوی ئەو بڕیارە پەسند بکا، وەک دەورانی مەجلیسی شەشەمی ڕێژیم، بە فەرمانێک بێدەنگیان دەکەن و سەرۆکی مەجلیسیش دەڵی؛ "حوکمی حکوومەتی" هاتووە و نابێ چیدی باس لەو شتە بکرێ!
ئەوانە هەموو سنووری ئیختیاراتی نیهادە بەناو ئینتخابییەکانی نێو ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهین، کە بەپێی یاسای ڕێژیم و بەپێی عورفی حکوومەتی و بەپێی ڕەوتی دەسەڵاتداریی، هیچ دەرەتان و دەرفەتێک بۆ هیچ ئیرادەیەکی جیاواز لە ئیرادەی وەلیی فەقیهی تێدا ناهێڵنەوە و هەرکاتیش بەپێویستیان زانی، سوپای پاسداران هەڕەشەیەک دەکا تاکوو دەنگە لارەکان ڕاست بکەنەوە و "بەسیرەتیان" بۆ بگێڕنەوە.
جیا لە بێدەسەڵاتیی ئەو نیهادانە، بوونی شوورای نیگەهبان کە لە باتی هەموو نەتەوەکانی ئێران بیر دەکاتەوە و بڕیار دەدا، بازنەیەکی دیکەی بێدەسەڵات کردن و بێنێوەڕۆک کردنی نیهادە بەناو ئینتیخابییەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیە. شوورای نیگەهبان بەپێی یاسای ناڕەوای کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی "نەزارەتی ئیستیسوابی" پێدراوە کە دەتوانێ هەم بەسەر ڕەوتی هەڵبژاردندا چاوەدێری بکا و هەم بەربژێرەکان دیاری بکا و هەم براوەی بەناو هەڵبژاردن دیاری بکا و لە ڕاستیدا هەڵبژاردن لە ئێراندا هەڵبژاردنی نوێنەرانی خەڵک نیە، بەڵکوو دیاریکردنی مۆرەکانی جێگاپەسندی ڕێژیمە بۆ نێو ئۆرگانە فۆرمالیتە و ڕواڵەتییەکان.
لە ڕەوتی هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەی بەربژێرە جێی پەسندەکانی شوورای نیگابانیشدا، دووبارە دامودەزگا نیزامی، ئەمنیەتی، ئابووری، ڕاگەیاندنی و مینبەری مزگەوتەکانی ژێردەستی ڕێژیم، وەگەڕ دەکەون تاکوو لە نێو بەربژێرەکانیشدا ئەوەیان کە زۆرتر بەدڵی ڕێبەری ڕێژیم و دارودەستە و تاقمەکانی نێو ڕێژیمە، خەڵکیان بۆ کۆبکرێتەوە و دەنگی چەواشەکراوی خەڵک بۆ لای ئەوان بێ. لە کۆتایی دەنگدانیشدا، دووبارە ئەوە شوورای نیگابانە کە دەنگەکان دەژمێرێ و هیچ چاوەدێرییەکی بێلایەن بوونی نیە، تاکوو لانیکەم دەنگەکان بە دروستی بژمێردرێن و ئەوەی بەدڵیان بێ و بە پێویستی بزانن، وەک براوەی شانۆگەرییەکە ڕایدەگەیەنن.
بەم هۆکارانەوە کە پرسی هەڵبژاردن لە ئێراندا هیچ پێوەر و پێوانەیەکی ئازاد و ڕاستەقینە و دێموکراتیک بەخۆیەوە ناگرێ و خەڵکیش باوەڕیان پێی نیە و ڕێژیم لە هەموو بەناو هەڵبژاردنەکانیدا، لەگەڵ قەیرانێک بە ناوی قەیرانی ڕوو وەرگەڕانی خەڵک لە سندووقەکان بەرەوڕوو دەبێ، بۆیە لە هەموو قۆناغەکانی هەڵبژاردندا کە تاکوو ئێستا ٣١ هەڵبژاردنی جۆربەجۆری بەڕێوە بردووە، بەردەوام پیلانی گێڕاوە و پەلەقاژەی کردووە، تاکوو خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. پیلانەکانی ڕێژیم بۆ ئەو مەبەستە هەر لە دروستکردنی دەنگۆی جۆربەجۆرەوە کە وا نیشان بدا لەم هەڵبژاردنەدا شتێکی جیاواز دێتە ئاراوە دەست پی دەکا و تا دەگاتە دروستکردنی جۆرە کێبەرکێیەکی ناواقیعی لە نێو خەڵکدا کە بە گرووپ و چین و توێژ و سەلیقەی جیاوازەوە، وا بزانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دیاری دەکەن و گەر ئەوان نەیکەن، گرووپی ڕەقیب بەشەکەی ئەوان داگیر دەکەن. ئەمە جیا لەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک کە بۆیان بکرێ، بە هاندان و تەماح وەبەرنان و بە هەڕەشە، خەڵک بۆ چوونە سەر سندووق پاڵ پێوەدەنێن.
لەم دەورەیەی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیس و مەجلیسی خوبرەگانیشدا، دوای شکستی گەورەیان لە بواری پەروەندەی ناوکیدا، کە لە بەرانبەر ڕۆژئاوادا تەسلیم بوون و چۆکیان دادا، هەم بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان و هەم بۆ بازارگەرمیی هەڵبژاردن، هەندێ دەنگۆیان لەنێو خەڵکدا بڵاو کردەوە کە هیچ نیشانێک لە ڕاستیی تێدا نیە، چوونکە لە ئەساسدا هیچ شتێک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانی بەسەردا نایەت وهیچ دەرەتانێک بۆ بەشداریی ڕاستەقینە و دێموکراتیکی خەڵک لە دیاریکردنی چارنووسی خۆیان و وڵاتدا نیە. بڕیاری چارەنووسساز لە شوێنی دیکە دەدرێ کە گاڵتەی بە نیهادە بەناو ئینتیخابییەکان دێ.
لە کوردستانیشدا، چەندین بەرابەری هەموو ئەو چەواشەکارییانەی ڕێژیم لە شوێنەکانی دیکە دەیکا، بە ئەنجامی دەگەیەنێ و بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان لە هیچ پیلانێک درێغی ناکا و لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا بەربژێری ڕەنگاوڕەنگ دادەنێ تاکوو ڕەقابەتێکی ناواقیعی لە نێو فەزای بیروڕای گشتی لە کوردستاندا دروست بکا و بەداخەوە هەندێ جاریش تێیدا سەردەکەوێ و لە هەموو ئیمکاناتی سپای پاسداران و دەزگای ئیتلاعاتی و کومیتەی ئیمداد و حەراسەتی زانکۆ و ئیدارەکان و هەڕەشەی نانبڕین و ... کەڵک وەردەگرێ، تاکوو خەڵکی کورد لە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادە بن.
بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە بە هەموو ئەو باسانەی لە سەر دۆخی نیهادە بەناو ئینتیخابییەکان لە ئێراندا کردمان و بە هەموو ئەزموونی ڕابردووی ڕێژیمەوە، ئایا تاکوو ئێستا هیچ گۆڕانێکی موسبەت بە قازانجی خەڵک کراوە و لە دەستی ئەو بەناو نوێنەرانە لە مەجلیس شتێک هاتۆتە دی، تاکوو خەڵک دڵیان بە بەناو هەڵبژاردنی ئەم جارە خۆش بێ؟.
ڕوون و ئاشکرایە کە شتێک بە ناوی پارلەمان و مەجلیسێک کە نوێنگەی ئیرادەی خەڵک بێ، بوونی نیە وتەنیا شوێنی کۆبوونەوەی ئەندامانی ئورگانێکە کە شوورای نیگابان ڕێگەی پێداون تێیدا بەشدار بن و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە جگە لە شەرعیەتدان بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.
لە وەها دۆخێکدا گەر تەنانەت موعجیزەیەک ڕوو بدا و تەواوی مەجلیس ببێ بە کەسانی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر و لە خەمی مافی گەلدا بن، تازە هیچیان پی ناکرێ و هەموو هەوڵ و تەقەلایان بە حوکمێکی حکوومەتی بەفیڕۆ دەدرێ.
بەو باس و بابەتانە و بەو ڕابردوو و ئەزموونانەی کە باس کران، پێمان وایە کە شانۆگەریی ئەم جارەی ڕێژیمیش وەک هەموو شانۆگەرییەکانی، هیچ پێوەر و ڕەنگێکی هەڵبژاردنی دێموکراتیک و ئازادی پێوە دیار نیە و ئاکامەکەشی هەرچی بێ، بەقازانجی خەڵک تەواو نابێ و هیچ دەرفەت و دەرەتانێک بۆ گۆڕانکارییەک بە قازانجی گەلی تێدا نابێ و نایەتە دی. بۆیە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش بە ناڕەوا و نادروست دەزانین و بایکۆتی دەکەین.
داوا لە خەڵکی وشیار و مافخوازی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی ئازادیخوازی کورد دەکەین کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نائازاد و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار نەبن و لە ڕۆژی دەنگداندا لە سەرسندووقەکان ئامادە نەبن و لە باتی دەنگدان لە وەها پرۆسەیەکدا، لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.
داوا لە هەموو تێکۆشەرانی گەلەکەمان و هەموو ئازادیخوازان و هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات دەکەین کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ و بە هەموو تواناوە بۆ ئیفشا کردنی پیلانەکانی ڕێژیم و بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردووە و هەروەها بۆ هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکان کار بکەن و هەوڵ بدەن، تاکوو بۆ جارێکی دیکەش بەم ڕێژیمە بڵێینەوە کە پیلان و شانۆگەرییەکانیان بۆ خەڵک بەتاڵ و بێمانا بوونەتەوە.
برووخێ ڕێژیمی دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتن بۆ گەلانی ئازادیخوازی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٤
١٠ی ژانویەی ٢٠١٦
كچه كوردێك تابلۆیهكی شههیدان و نامهیهكی ئاراستهی سهرۆكی ههرێمی كوردستان دهكات و ئهویش بهفهرمی وهڵامی دهداتهوه.
" تارا كرمانج عیزهت" كچه كوردێكی خهڵكی شارۆچكهی سۆرانه و ئهمساڵ یهكهم ساڵی خوێندنیهتی له زانكۆ و لهماوهی ڕابردوودا ههڵساوه به درووستكردنی تابلۆیهك لهشێوهی درهختێك كه لهسهر گهڵاكانی ناوی شههیدانی لهسهر نووسیوه و هاوپێچ لهگهڵ نامهیهك بۆ "مهسعود بارزانی" سهرۆكی ههرێمی كوردستانی ناردووه و دواتر بارزانی به نووسراوێكی فهرمی وهڵامی نامهكهی ئهو كچه كورده دهداتهوه.
نووسراوه فهرمییهكهی بارزانی وێنهیهكی دهست (باسنیوز) كهوتووه و تیایدا هاتووه "بهسوپاسهوه تابلۆی شههیدان و نامهكهتان گهیشته دهستم، خۆشحاڵم كه ئهو ههسته پاك و دڵسۆزانهیهك بۆ گهل و ولاتهكهت ههیه. ئێستا لاوانی وڵاتهكهمان له سهنگهرهكانی بهرگرییدا بهخوێنی خۆیان داستان دهخولقێنن و بوونهته سیمبولی ئازایهتی و ههموو جیهان شانازیی به پێشمهرگهوه دهكات".
لهبهشێكی دیكهی وهڵامه نامهكهی بارزانیدا هاتووه" گهل و ڵاتهكهمان بهرهو داهاتووی گهش ههنگاو دهنێت و پێویسته ئێوهی لاوان به خوێندن و متمانه بهخۆبوونێكی پتهو له پێشخستنی وڵاتهكهماندا بهشداربن، داوای سهكهوتن و بهختهوهریتان بۆ دهخوازم".
10/1/2016
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی ریفۆرمخوازانی پارێزگای سنە دەربارەی رەتکردنەوەی شیاویەتی هەندێک لە بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران راگەیێندراوێک بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیێنێت، رەتکردنەوەی کاندیدەکانیان لە زیانی حکومەتی ئێران دایە. بڕیارە لە 26-2-2016 هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران ئەنجامبدرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە رەتکردنەوەی هەریەک لە خالید تەوەکولی، بەربژێری سەقز و بانە و عەبدوڵڵا سوهرابی، بەربژێری مەریوان کراوە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە لەسەر ئاستی پارێزگای سنە و تێیدا هاتووە "خالد تەوەکولی لەچوارچێوەی یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی کاندیدکردووە و هەبوونی ئەو لە پەرلەمانی ئێران خزمەت بە وڵات دەکات. کاندید بوونی عەبدوڵڵا سوهرابیش بەهەمانشێوە ئەگەر بچێتە پەرلەمان لەبەرژەوەندی ئێرانە و بوونی ئەو دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگدانەکاندا لە مەریوان و سەراوا و هەموو پارێزگای سنەدا".
ئەنجوومەنەکە داوا لە بەرپرسان و بەتایبەت پارێزگاری سنە دەکات کارێک بکەن و مافی ئەو بەربژێرانە بەهەدەر نەچێت. لە کۆی هەزار و 621 بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی 45 کورسی حەوت پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزار و 428 بەربژێر شیاوبوونیان پەسەندکرا و 193 کەسیش یان شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە یان خۆیان کشاونەتەوە، 5 کەس لەو بەربژێرانەی کە رەتکراونەتەوە، بەربژێری بەرەی یەکگرتووی کوردن.
خالد تەوەکولی، چالاکڤانی مەدەنی و بەربژێری رەتکراوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران پێشتر بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو "بەفەرمی لەلایەن فەرمانداری شاری سەقزەوە بە نامەیەک ئاگادارکراوینەتەوە کە بەپێی بەندی سێی ماددەی سێ، شیاویەتیمان رەتکراوەتەوە، چونکە بەپێی ئەو یاسایە، ئەو کەسانەی هەواداری پارتێکی سیاسی نایاسایین دەبێ رەتبکرێنەوە".
تەوەکولی گوتتبووشی "منیش بە بیانووی ئەوەی لایەنگر یان هەواداری پارتێکی سیاسیم رەتکراومەتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان لەسەرم نییە و، منیش دەتوانم لە داهاتوودا سکاڵای یاسایی تۆمار بکەم و داوای بەڵگەیان لێبکەم، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ مەحکومییەتێکی سیاسیم نەبووە، ئەوە تەنیا بیانوویەک بووە".
10/1/2016
کۆنترۆڵکردنی چەک دیبەیتێکی گەرموگوڕی دروستکردووە لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە ئەمریکا و لە دوای هێرشەکانی ئۆرۆرا، ویلایەتی کۆلۆرادۆ هەندێک یاسای تایبەتی بە پشکنینی کۆگاکانی چەکی دەرکرد.
بۆ مارکۆس ویڤەر، کە لە شانۆی ئۆرۆرا بەهۆی تەقەکردنەوە شانی برینداربووە، کۆنترۆڵکردنی چەک بابەتێکی کەسییە. ویڤەر دەڵێت : " من توڕە بووم لە سەرۆک ئۆباما، چونکە ئەوەی کردی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک وەکو دڵۆپێک وایە لە دەریایەک".
مارکۆس لەو باوەڕەدایە کە رێوشوێنی تووند نەگیراوەتەبەر، بەڵام هەنگاوێک بە ئاڕاستەیەکی دروست نراوە.
10/1/2016
راگەیەنە فەرمییەكانی ئێران هەواڵی كوژرانی حەوت ئەندامی دیكەی سوپای پاسداران لە سووریایان بڵاو كردووەتەوە.
ئاژانسی ئیرنا بڵاوی كردووەتەوە ئەو ئەندامە كوژراوانەی سوپای پاسداران دانیشتووی شارەكانی "شیراز، ئەراك و قۆم" بوون.
ناوی كوژراوەكان بریتین لە: "نیزام موحسنی، جەمشید ئەحمەد، محەمەدزەمان عەتایی، مەهدی حوسێنی، سەلیم سالاری و حەسەن ئەسەدوڵڵا و چەند رۆژ لەمەوبەریش 9 ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا كوژران كە یەكیان فەرماندەیەیكی هێزی دەریایی و دوو كەسی دیكەشان خەڵكی كرماشان بوون.
بەپێی راگەیەنەكانی ئێران ئەو كەسانە لە سووریا ئەندامی گرووپی "پارێزەرانی حەرەمی زەینەب" بوون كە لەلایەن داعشەوە كوژراون.
ئێران ئەندامەكانی سوپای پاسداران كەلە سووریا و لەدژی دژبەرانی بەشار ئەسەد شەڕ دەكەن، بە پارێزەرانی شوێنە ئایینییەكان ناوزەد دەكات.
لە سەرەتای شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی سووریا بە سەدان ئەندامی سوپای پاسدارانی لەو وڵاتە كوژراون، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوود ازیاتر لە 150 ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا كوژراون كە زیاتر لە دە كەسبان فەرماندەی باڵا بوون.
9/1/2016
کۆریای باکوور هۆشداریی دەداتە ئەو وڵاتانەی چەکی ناوەکییان هەیە یاخود بە نیازی دەستکەوتنین.
ئاژانسی فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، کە حکوومەتی ئەو وڵاتە ئەزموونی چەکی ناوەکیی خۆی بە ”رووداوێکی گەورە“ دادەنێت و پێیوایە توانای خۆپاراستنی لە ”هێزە دوژمنەکان“ زیاتر دەکات.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە پێیانوایە ”یاسای دارستان“ حوکمی جیهان دەکات و چەنکی ناوەکیش باشترین هۆکارە بۆ شەڕی ئەو یاسایە.
بە بڕوای بەرپرسانی باڵای کۆریای باکوور، رژێمەکانی سەدام حوسێن لە عێراق و موعەممەر قەزافی لە لیبیا تووشی داڕمان نەدەبوون، ئەگەر ”وازیان لە پەرەپێدان بە بەرنامە ناوەکییەکەیان نەهێنابا“.
حکوومەتی پیۆنگ یانگ پێیوایە داواکردن لە کۆریای باکوور بۆ دووبارەکردنەوەی ”هەمان هەڵەی“ سەدام و قەزافی بە وازهێنان لە بەرنامە ناوەکییەکەی، رژێمی ئەو وڵاتەش بە دەردی رژێمی بەعسی عێراق و سەرۆکی پێشووی لیبیا دەبات.
9/1/2016
بەپێی ئاماری مانگی سووری ئێران, لە ماوەی ئەو رۆژانەدا کە بەفربارین و کڕێوە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بووە، 40 رووداو روویانداوە کە چارەسەرکردنیان پێویستی بە تیمەکانی فریاکەوتنی مانگی سوور بووە.
قورسترین رووداو لە ئامارەکەدا مانەوەی 80 هاونیشتمانی بوو لە رێگای(بورهانی) نێوان مەهاباد و بۆکان، کە بەهۆی بەفرباین و کڕێوە ئەو رێگایە بۆ ماوەی دوو شەو گیرا و هاونیشتمانیان لە چایخانەیەکی سەر رێگادا پەنا دران.
هەروەها 15 حاڵەتی فریاکەوتنی دایکانی دووگیان بووە لە ناوچە دوورە دەستەکان، کە لە حاڵەتێکدا بۆ گواستنەوەی دایکێکی دووگیان بۆ نەخۆشخانە، هەلیکۆپتەر بەکار هاتووە.
هەفتەی رابردوو شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین ناوچەکانی پارێزگای ورمێی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتەوە و بەهۆیەوە لەو ناوچانە خوێندنگە و فەرمانگەکان داخران.
9/1/2016
نووسینگەی داواکاری گشتیی بەلجیکا ئاشکرا کردنی شوێنی دروستکردنی ئەو بۆمب و تەقەمەنییانەی راگەیاند، کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2015 لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقینەوە.
ئێریک ڤان دێرسیپت، گوتەبێژی داواکاری گشتیی بەلجیکا رایگەیاندووە، کە رۆژی 10 کانوونی یەکەمی 2015 هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوقەیەک لە گەڕەکی شەخاربێک لە برۆکسلی پایتەخت.
بەپێی زانیارییەکان، پۆلیس لەو هەڵمەتەیدا، پاشماوەی چەند ماددەیەکیان دۆزیوەتەوە، کە لە دروستکردنی بۆمب و تەقەمەنیدا بەکاردێن، وێڕای دۆزینەوەی پەنجەمۆری سەڵاح عەبدولسەلام، تۆمەتباری سەرەکیی تەقینەوە و هێرشە تیرۆریستییەکانە لە پاریس لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015.
گوتەبێژی داواکاری گشتی بەلجیکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە خاوەنی ماڵەکە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراوە و شوقەکەشی بە بەڵگەنامەی ساختە، بەکرێ گرتووە.
9/1/2016
کۆریای باکوور هۆشداریی دەداتە ئەو وڵاتانەی چەکی ناوەکییان هەیە یاخود بە نیازی دەستکەوتنین.
ئاژانسی فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، کە حکوومەتی ئەو وڵاتە ئەزموونی چەکی ناوەکیی خۆی بە ”رووداوێکی گەورە“ دادەنێت و پێیوایە توانای خۆپاراستنی لە ”هێزە دوژمنەکان“ زیاتر دەکات.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە پێیانوایە ”یاسای دارستان“ حوکمی جیهان دەکات و چەنکی ناوەکیش باشترین هۆکارە بۆ شەڕی ئەو یاسایە.
بە بڕوای بەرپرسانی باڵای کۆریای باکوور، رژێمەکانی سەدام حوسێن لە عێراق و موعەممەر قەزافی لە لیبیا تووشی داڕمان نەدەبوون، ئەگەر ”وازیان لە پەرەپێدان بە بەرنامە ناوەکییەکەیان نەهێنابا“.
حکوومەتی پیۆنگ یانگ پێیوایە داواکردن لە کۆریای باکوور بۆ دووبارەکردنەوەی ”هەمان هەڵەی“ سەدام و قەزافی بە وازهێنان لە بەرنامە ناوەکییەکەی، رژێمی ئەو وڵاتەش بە دەردی رژێمی بەعسی عێراق و سەرۆکی پێشووی لیبیا دەبات.
9/1/1/2016
بهگوتهی چالاكوانهكان، پاش نیوهڕۆی دوێنێ لهشاری ڕهقهی سوریا، چهكدارێكی داعش لهشوێنێكی گشتیدا دایكی خۆیی سهربڕی.
لهڕاگهیهنراوی تۆڕی"ڕهقه بهبێ دهنگی سهردهبڕدرێت" هاتووه: " عهلی سهقر كهتهمهنی 22 ساڵه، خهڵكی ناوچهی سهخانی شاری ڕهقهیه، ههستا بهسهربڕینی دایكی كه ناوی لینا قایم و تهمهنی 45 ساڵ بوو، تاوانهكهش لهبهردهم درگای فهرمانگهی پۆستهی شارهكهدا ڕوویداوه، دایكشی فهرمانبهری ئهو فهرمانگهیه بووه".
چالاكوانه سورییهكان زیاتر ڕوونكردنهوه دهدهن ودهڵێن: " دایكی عهلی سهقر سهربه تایفهی عهلهوییه، خهڵكی شاری جهبلهیه سهربه پارێزگای لازقییه له ڕۆخهكانی سوریا".
بهگوتهی چالاكوانهكان:" خهڵكێكی زۆری شارهكه بۆ تهماشاكردنی ئهو تاوانه كۆبوونهتهوه".
8/1/2016
وهزارهتی دهرهوهی توركیا باڵیۆزی ئێرانی لهئهنكهره بانگ كرد و، داوایهكی توركیای پێ گهیاند سهبارهت به پێویستی ڕاوهستاندنی ئهو ڕاپۆرته میدیاییانهی كهئێرانییهكان بڵاوی دهكهنهوهو، لهسێدارهدانی زیندانییهكان له سعودیهدا پهیوهست دهكهنهوه بهئهردۆگانهوه.
وهزارهتی دهرهوهی توركیا له بڵاوكراوهیهكدا ڕایگهیاند: " بهتوندی سهركۆنهی ئهو ڕاپۆرته میدیاییانه دهكهین كه دهستهو دامهزراوه فهرمییهكانی ئێران بڵاوی دهكهنهوهو، بهتایبهتی لهدوای سهردانكردنی سهرۆكهكهمان بۆ ڕیاز، كه لهسهرجهم ڕاپۆرتهكاندا لهسێدارهدانی زیندانییهكان پهیوهتس دهكرێنهوه بهو سهردانهوه".
ههروهها وهزارهتی دهرهوهی توركیا بهتوندی سهركۆنهی ئهو ڕاپۆرتانهی كرد كه وێنهیهكی ناشیاو لهچاوی گهلی ئێراندا بۆ ئهردۆگان دروست دهكهن.
لهدوای ئهوهی سعودیه "نمر ئهلنمر"ی لهسێدارهدا، گرژی و ناكۆكییهكانی نێوان سعودیه و ئێران توندتر بوون. نمر كهسایهتییهكی ئاینی شیعهكان بوو، داوای دهكرد مافی زیاتر بۆ كهمایهتی شیعه لهسعودیه دابین بكرێت.
لهبڵاوكراوهكهی وهزارهتی دهرهوهی توركیادا هاتووه: " به باڵیۆزهكهی ئێران ڕاگهیهنرا كه هێرشكردن و دهستدرێژی بۆ سهر باڵیۆزخانهو كونسوڵخانهكانی سعودیه لهتاران و مهشههد بههیچ شێوهیهك پاساوی نیه".
8/1/2016
راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات واشنتن و ئانکارا و هەولێر کۆدەبنەوە، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکە نەزانراوە.
"کیفاح مەحمود" راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: بڕیارە کۆبوونەوە لە نێوان واشنتن و ئانکارا و هەولێر ئەنجام بدرێت، گوتی : "نازانرێت کۆبوونەوەکە لەسەر چ ئاستێکە، بەڵام دڵنیایی دراوە لە ئەنجام دانی ئەو کۆبوونەوەیە".
گوتیشی: "بەپێی پێشبینی من، تەنیا پرسی ڕووبەڕوو بونەوەی داعش و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە و ئەگەرەکانی دوای نەمانی داعش دەکرێت".
بەپێی زانیاری (باسنیوز)بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان شاندێکی تورکیا و ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، کە لەو کۆبوونەوە بارزانی پرسی ڕووبەڕوو بونەوەی داعش ئەگەرەکانی دوای نەمانی داعش بۆ هەردوو وڵات باس دەکات.
کیفاح مەحمود، ئەوەشی خستەروو: تائێستا بڕیار نەدراوە دەوڵەتانی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.
7/1/2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاگاداری سعودیە دەکاتەوە لەوەی فرۆکە جەنگییەکانیان هێرشیان کردوەتە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەیەمەن.
"حوسێن ئەنساری" گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمرۆ (7\1\2016)رایگەیاند: فرۆکەی جەنگی وڵاتی سعودیە بینایەی باڵیۆزخانەی ئێرانیان لە (سەنعا)ی پایتەختی یەمەن کردوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کارمەندی باڵیۆزخانەکە بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەبیناکە کەوتووە.
دوای لە سێدارەدانی "نەمر شێخ نەمر" شێخی مەزهەبی شیعەکان لە سعودیە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو بەوهۆیەوە نێوانی سعودیە و ئێران تێکچووە.
7/1/2016
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیریی لەنێوان هەردوو وڵاتی ئێران و سعودیەدا بکات.
ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، کە بە سەردانێکی فەرمیی لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە نیشانداوە و رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیریی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
دوای لەسێدارەدانی شێخ نمر باقر ئەلنمر، مەرجەعی شیعەکانی سعودیە، هاووڵاتییانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کوسوڵگەریی ئەو وڵاتەشیان لە شاری مەشهەد سووتاند.
دوای ئەم رووداوانە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و سعودییە بە تەواوی پچڕێنران و شاندە دیپلۆماسییەکانیان گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
7/1/2016
ئهمڕۆ نرخی دیناری عێراقی لهبهرانبهر دۆلاردا دابهزینێكی ترسناكی تۆماركرد. بۆیهكهمجار نرخهكهی گهیشته 1260 دینار لهبهرانبهر یهك دۆلاردا.
لهبهغدای پایتهختی عێراق نرخی دۆلاری ئهمریكی لهبهرانبهر دیناردا بهرزبوویهوه بۆ 126 ههزار بهرانبهر 100 دۆلاری ئهمریكی.
ئهوه لهكاتێكدایه پێش ئهوهی دینار بهو جۆره دابهزێت، نرخی یهك كاغهزی 100 دۆلاریی ئهمریكی بهرانبهر 122000 دیناری عێراقی بووه.
قهیرانی دارایی عێراق بههۆی دابهزینی نرخی نهوتهوه، هۆكاری سهرهكی بهرزبوونهوهی نرخی دۆلاره. لهكاتێكدا بانكی ناوهندی عێراق لهڕێی خستنه بازاڕی دراوهوه، ههوڵی سهقامگیركردنی نرخی دینار دهدات.
هاوكات سهرچاوهیهك لهپهرلهمانی عێراق، بۆ میدیاكانی ئاشكرا كرد كه ژمارهیهك پهرلهمانتار پێشنیارێكیان داوهته حكوومهتی وڵاتهكهیان تاكو نرخی دۆلار بهرزبكرێتهوه بۆ 2000 ههزار دینار. تاكو ئهو وڵاته لهقهیرانهكهی دهردهچێت.
8/1/2016