"سادق مەلەكی" كارناس و چاودێرێكی باڵای سیاسیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نووسینێكی شیکاریدا لە ماڵپەڕی دیپلۆماسیی ئێران کە سەر بە دامودەزگاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانە باس لە دابەشكردنی عێراق بە سێ هەرێم و بەتایبەتی دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان دەكات.
نووسەر لە لە بابەتەكەیدا نووسیویە: "شۆك نەتانگرێت كە ئەگەر كوردەكان لە ئەنجامی گۆڕانكارییە گرنگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی یەكەم بن و بەتایبەت كوردانی كوردستانی باشوور."
لە بەشێكی دیكەدا هاتووە: "هەر لە سەرەتای رووخانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان "مەسعوود بارزانی" باسی لە ئاواتی لەمێژنەی نەتەوەی كورد كە هەمان نیشتمانی كوردانە كردووە و هەر هەمان كات دەركەوت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتەمای جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە گرنگەیە."
لە درێژەدا دەنووسێت: "بە لەبەرچاوگرتنی لاواز بوونی حكوومەتی بەغدا، رەوشی نابەجێ و قەیراناویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشەی قووڵی نێ,ان وڵاتان، وا دەردەكەوێ ئەمڕۆ زەمینە و دەرفەتی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان رەخساوە هەتا بە راگەیاندنی فەرمیی دەوڵەتی كوردستان لەلایەن هەولێرەوە، ئارەزووی دێرینی كورد بێتەدی و بەپێی هەندێ سەرچاوە و زانیاری راگەیاندی سەربەخۆیی كوردستان نزیكە."
لە درێژەدا هاتووە: "جاران بە هاودەنگ نەبوونی رۆژئاوا لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان، بەهۆی هەستیار بوونی توركیا و وڵاتانی عەرەبی (عێراق و سووریا) ئەم پرسە دوا دەخرا، بەڵام هەڵوێستی نوێی ئانكارا وا دەنوێنێ كە سەربەخۆیی كوردستان نەتەنیا هێڵی سوور نییە، بەڵكوو جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا بە پرسێكی ناوخۆیی عێراقی وەسف دەكات، گرنگیی ئەم بابەتە لەوە دایە كە جاران هەموو حكووومەتەكانی توركیا لە "ئەجەویت"ەوە بگرە هەتا دەگاتە ئەردۆغان بە بەردەوامی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیان بە هێڵی سوور و هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە وەسف دەكرد"
لە بەشێكی دیكەشدا ئاماژەی بەوەش كردووە: "لەڕاستیدا پێشبڕكێی جیۆپۆلەتیكی نێوان ئێران، توركیا، و سعوودیە بووەتە هۆی گۆڕانكاری لە بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەیی (ئانکارا ـ ریاز) و توركیا و سعوودیەش لەپێناو لاوازكردنی ئێراندا لەژێر دەمامكی مەزهەب و لە چوارچێوەی دژایەتیكردنی هیلالی شیعە، نەتەنیا دژی دابشەبوونی عێراق نین، بەڵكوو زەمینەشیان بۆ خۆش كردووە و وا دیارە سەفەر و سەردانەكانی ئەم دواییەی بارزانی بۆ ریاز و ئانكارا، دوایین هەوڵ و ئەڵقەی هەماهەنگیی سێ لایەن بێت بۆ گەیشتن بە قۆناغی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان."
ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە ئێرانییە لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا نووسیویە: "راپۆرت و زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن كە پڕۆژەی سەربەخۆسی كوردستان لە ئەگەرەوە بووەتە واقیعێكی سیاسی و سەرهەڵدانی دەوڵەتی كوردی لە ناوچەكە لەسەر جیۆپۆلەتیكی ناوچە و هاوسەنگییە سیاسییەكان كاریگەریی قووڵی دەبێت و ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە كوردەكان تەنیا لە عێراق نین، ئەمەش كاریگەریی قووڵی لەسەر هەستی نەتەوەیی و یەكڕیزییان لە پارچەكانی دیكە دەبێت."
14/1/2016
لهمیانهی پێشوازیكردنی له نوێنهری تایبهتی سهرۆك وهزیرانی بهڕیتانیا مهسرور بارزانی، ڕاژوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند گرنگی تێكشكاندنی سهربازییانهی داعش لهوهدایه، كه دهبێته سهرهتایهك بۆ لهناوبردنی ئهم رێكخراوه تیرۆریستییه جیهانییه.
نووسینگهی ڕۆژنامهوانی ڕاوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان بڵاوی كردووهتهوه كه ئهمڕۆ چوارشهممه (13/1/2016) مهسرور بارزانی راوێژكاری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان له دیدارێكیدا لهگهڵ (جهنهڕاڵ تۆم بێكت) نوێنهری تایبهتی سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش و شاندی یاوهری ئاماژهی بهوهدا، كه كێشهی عێراق تهنها شهڕی تیرۆریستانی داعش نییه، بهڵكو زۆر كێشهی مێژوویی قوڵتری ههیه، پێویست دهكات چارهسهری ریشهیی بكرێن.
راوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان تیشكی خسته سهر بارودۆخی بهرهكانی روبهڕووبوونهوهی تیرۆریستانی داعش و رایگهیاند، گرنگی تێكشكاندنی سهربازییانهی داعش لهوهدایه، كه دهبێته سهرهتایهك بۆ لهناوبردنی ئهم رێكخراوه تیرۆریستییه جیهانییه و گوتی: بۆ بهدیهاتنی ئهمهش پێویسته هێزهكانی لهسهر زهوی شهڕی داعش دهكهن ههموو جۆره هاوكارییهكی پێویست لهڕووی پێداویستی سهربازی و تێچووی شهڕهوه بكرێن.
مهسرور بارزانی، وێڕای ئاماژهدان به خۆڕاگری و قارهمانییهتی پێشمهرگه و بوونی ژمارهیهكی زۆری ئاواره باسی له كێشهی ئابوری و قهیرانی دارایش كرد و رایگهیاند، ئێمه روبهڕووی قهیرنی دارایش بووینهتهوه، كه نیگهرانییهكی گهورهی دروست كردووه.
لهبهرامبهردا نوێنهری تایبهتی سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش ئاماژهی به رۆڵی كاریگهری كورد له تێكشكاندنی داعش له ههرێمی كوردستان و رۆژئاوا كرد و رایگهیاند، ئهگهر هێزی كورد و پشتیوانی فڕۆكهكانی هێزی هاوپهیمانان نهبوایه، بارودۆخهكه زۆر لهوه خراپتر دهبوو، كه وهكو كورد به گشتی و هێزی پێشمهرگه بهتایبهتی له تێكشكاندن و دهركردنی داعش بهردهوامن.
ههر له دیدارهكهدا دووپات لهوه كرایهوه، كه پێویسته كورد، وهك ئهندامێكی كارای سهر زهوی هاوپهیمانی جیهانی دژ به داعش له سهرجهم كۆنفرانسه نێودهوڵهتیهكانی تایبهت بهو شهڕه جیهانییه به فهرمی بانگهێشتی بهشداری بكرێ، چونكه ئهنجامی ئهم كۆنفرانسانه به بهشداری كورد كاریگهرتر دهبن.
14/1/2016
هەردوو سکرتێری حیزبەکانی کۆمەڵە و دیموکراتی کوردستان پێیانوایە، گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران باشترین بژاردەیە و رایدەگەیێنن: "گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی ئێران رەتنەکردووەتەوە"
خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لە بارەی گفتگۆ و دانوستاندن و بەشداری سیاسیی، لە ئەگەری دروستبوونی درفەتێک بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا رایگەیاند: " کێشەی ئێمە لە ئێران لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەبێت".
عەزیزی، ئاماژە بەوە دەدات: " هەر لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئێران دەستەی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد لەو رێگایەدا هەوڵی ئەوەیدا کێشەی کورد چارسەر ببێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران قبوڵی نەکرد و شەڕی بەسەر ئێمەدا سەپاند، داواکانی ئێمە، داواکاری سیاسی، مەدەنی، یاسایی و حقوقییە، هەر لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەبێت، ئێستاش لەو باوەڕەداین لەجیاتی ئەوەی لە ئێران شەڕو پێکدادان هەبێت، کێشەکە بکەوێتەوە خانەی شەڕی پێشمەرگانە و شەڕی نیزامی، هەر لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر دەبێت".
بە بڕوای سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەگەر حکومەتی ئێران لەسەر کێشەی کورد داوای دانوستانیان لێبکات " هەموو حیزبە سیاسییەکانی کورد دەبێت لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی رازیبن بەو دانوستاندنە، چۆن دەبێت ئێمە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی رەتبکەینەوە مادام ئەو داوایە بکات".
لەلایەکی دیکەوە عەبدولڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە میوانێکی دیکەی بەرنامەکەبوو لەسەر هەمان پرس رایگەیاند"بە گشتی نە ئێمە وەکو حیزبێک و نە کورد گفتوگۆمان رەتنەکردووەتەوە".
بە بڕوای موهتەدی وا باشترە: "حیزبەکان دەستەیەکی نوێنەرایەتی هاوبەشی کوردی پێکبهێنن بۆ گفتگۆ لەگەڵ حکومەت و دەرفەتی درووستبوونی دووبەرەکی نەدەن، ئەگەر حیزبەکان لە دەوری یەک بتوانن کۆببنەوە بە رێککەوتنێک بگەن لەوبارەیەوە، پێش ئەوەی ئێران بەدواماندا بنێرێت یان نەنێرێت".
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت حیزبەکان لەنێوخۆیاندا رێکبکەون، ئەو دەڵێت: "ئینجا دەبێت مەرج لە حکومەت داوا بکەین، داوای پێشاندانی نیازپاکی لێبکەین و لە سێدارەدانەکان رابگرێت و کۆمەڵێک فەزای ئەمنیەتی لە کوردستان بشکێنێت، لە هەر حاڵەتێکدا دەستپێشخەری لەوبارەیەوە دەبێت حکومەتی ئێران بیکات".
14/1/2016
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، کێشەکانی کورد لە باکووری کوردستان لەڕێگەی تووندوتیژی و شەڕەوە چارەسەرناکرێت، بەڵکو پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لەڕێگەی دانوستاندنەوە کێشەکان چارسەربکەن.
کێتی پێری، بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە کاتی بەشداریکردنی هەواڵەکانی تەلەڤزیۆن و رادیۆی رووداو سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە تورکیا رایگەیاند "ئێمە وەک پەرلەمانتارانی ئەوروپا هەوڵدەدەین وەک لایەنی گفتوگۆکاری سێیەم سەبارەت بەم پرسە رۆڵی خۆمان ببینین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە تورکیا، ئەویش بە ورژاندنی کێشەکانی ناوچەکە لە پەرلەمانی ئەوروپا و پرسیاکردن لەبەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا".
پێری گوتیشی "ئەوە روونە کە کێشەی کورد لەڕێگەی توندوتیژییەوە چارەسەرناکرێت، بەڵکو پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان".
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا راشیەگەیاند "راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لە شارە کوردییەکان، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر متمانەی کوردەکان و، گەشبینیان بە چارەسەرییەکانی کێشەکانیان لە تورکیا نامێنێت" و ئەوەش دەرئەنجامی خراپی دەبێت، "بۆیە پێویستە، حکومەتی تورکیا بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لە شارە کوردییەکان هەڵبوەشێنێتەوە"، کە بەهۆیەوە لە بەشێک لەشارەکان بۆ ماوەی 42 رۆژ، 24 کاژێر خەڵکی ئەو شارانە لە ماڵەکانیان گیریریان خواردووە.
کێتی پێری ئاماژەی بەوەشکرد، چووەتە ئامەد و ویستوویەتی سەردانی ناوچەی سوور بکات، بەڵام رێگەی پێنەدراوە سەردانی ئەو ناوچەیە، بکات بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە.
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا، هۆکاری سەرداننەکردنی وەفدێکی فەرمی یەکێتی ئەوروپای بۆ ناوچە کوردییەکان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ناوچەکە بن، گەڕاندوە بۆ بوونی رێنماییە نەرێنییەکانی گەشتکردن، بەڵام دووپاتیکردەوە کە هیچ هۆکارێک نابێتە هۆی رێگریکردن لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ناردنی وەفدێکی فەرمی بۆ ناوچە كوردییەكانی توركیا و و پەکخستنی هەوڵەکانی ئەو یەکێتییە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە لەگەڵ کۆمسیۆنی ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا، هیچ پەیوەدنییەکیان لەگەڵ پارت کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە، گوتیشی "بردنە دەرەوەی شەڕ لە شارەکانی باکووری کودستان ئەو چارەسەرە نییە کە ئەوان بەدوایدا دەگەڕێن، چونکە کێشەکە پەیوەست نییە بەوەی شەڕەکە لە کوێ ئەنجامدەدرێت، بەڵکو چارەسەر کۆتایی هێنانە بەو شەرە".
پێری باسیلەوەشكرد "جێی نیگەرانییە، گفتوگۆکانی ئاشتی وەستێندران کە بۆماوەی سێ ساڵ بەردوامیان هەبوو، چونکە تا ئێستا کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەرنەکراوە، کە ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکرد شەڕ دەستپێبکاتەوە".
بەرپرسی لیژنەی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆچوونیشی وابوو، پێویستە حکومەتی تورکیا هەوڵبدات جارێکی دیکە دەستبکاتەوە بە پرۆسەی ئاشتی و کێشەی کورد لە وڵاتەکەیدا چارەسەربکات، کە ئێستا زۆرێک لە کوردەکان رووبەڕووی ئازار و ناڕەحەتی بوونەتەوە لەلایەن ئەو حکومەتە.
14/1/2016
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-1-2016 هونەرمەندی دیاری كوردستان، كەریم كابان لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
یەكێك لە ئەندامانی خانەوادەی هونەرمەند به تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی شار، هونەرمەند كۆچی دوایی كردووە.
رۆژی 31-12-2015 نەشتەرگەری قاچ بەسەرکەوتوويى بۆ هونەرمەند كەریم كابان، ئەنجامدرا.
هونەرمەند کەریم کابان لە ساڵی 1927 لە گەڕەکی شێخانی کۆنی سلێمانی لەدایکبووە، 3 کوڕ و 3 کچی هەن و خاوەنی 20 گۆرانی تۆمارکراوە، لەنێویاندا گۆرانی( یاران وەسیەتم، بێدارانی شەو).
یەكەم بەرهەمی تۆماركراوی كەریم كابان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945.
14/1/2016
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دان بەوەدا دەنێت "هێزی میانڕەوی پێویست" لە سووریا بۆ هەماهەنگی و لەنێوبردنی داعش نییە. دەشڵێت "لەنێوان ئەسەد و داعش لە سووریا بژاردەی سێیەم هەیە".
دەیڤید كامیرۆن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی بەپێچەوانەی لێدوانەكانی پێشووی، ئاماژەی بەوەكرد "هێزی میانڕەوی پێویست بۆ شەڕی دژی داعش نییە".
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا نزیكن لە گرووپە تووندئاژۆ ئیسلامییەكانەوە.
پێشتر دەیڤید كامیرۆن بە پەرلەمانی وڵاتەكەی گوتبوو، 70 هەزار چەكداری میانڕەوی گرووپە جیاوازەكان لە سووریا هەن، كە دەتوانن هاوكاریان بكەن لە شەڕی دژی داعش.
وەك بەرگری لە گوتەكانی پێشووی، سەرۆكوەزیرانى بەریتانیا رایگەیاند، ستراتیژیەتی وڵاتەكەی بۆ پشتبەستن بە 70 هەزار چەكداری ئۆپۆزیسیۆن بەهاوكاری بۆردوومانی ئاسمانی هاوپەیمانان، ئاراستەیەكی دروستە، چونكە وەك خۆی گوتی، ئەو ژمارانەی ئاماژەی پێكردووە "ژمارەیەك نییە خۆم دروستمكردبێت، بەڵكو لەلایەن ئاسایشی وڵاتەوە پێمدراوە، كە ئەوەش نزیكترین پێشبینییە".
كامیرۆن رەتیكردەوە، تەنها رێگە بۆ لەنێوبردنی داعش هاوكاری هێزەكانی بەشار ئەسەد بێت و رایگەیاند، پێویستە ئەسەد واز لە دەسەڵات بهێنێت، ئەوەش بەپێچەوانەی رووسیا و ئێران كە پێیانوایە تەنها رێگە بۆ كۆتاییهێنان بە داعش هاوكاری دیمەشقە.
لەبارەی داعش و بەشار ئەسەد، كە بەشێك لەچاودێران پێیانوایە لەنێوان ئەو دوو هێزەدا هێزێكی دیكە لە سووریا نییە و ئەگەر ئەسەد نەبێت، داعش دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا دەگرێت، كامیرۆن ئەو بۆچوونەوەی رەتكردەوە.
سەرۆكوەزیرانە پارێزگارەكەی بەریتانیا گوتی "رێگای سێیەم" لەنێوان بەشار ئەسەد و داعش لە سووریا هەیە و، دەتواندرێت لەنێوان ئەو دوو بژاردەیەدا، هێزێكی دیكە لە داهاتووی سووریا هەبێت.
14/1/2016
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پێشمەرگە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی لەدەست داعش رزگاركردووە و گوتیشی "سوپای عێراق شەش مانگی دیكەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت شەڕی موسڵ دەستپێبكات".
شەوی سێشەممە 12-1-2016 كریستیان ئەمانپوور، رۆژنامەنووسی تۆڕی هەواڵی CNNی ئەمریكی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕی داعش ئەنجامدا.
دیلەكانی دەستی داعش
یەكەم پرسیاری ئەمانپوور لەبارەی دیلەكانی دەستی داعش بوون، كە نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامدا ئاشكرایكرد "لەگەڵ سنوورداری تواناكانمان، تاوەكو ئێستا دوو هەزار و 400 كەسمان لەدەست داعش رزگار كردوون، كە نیوەیان (هەزار و 200)یان منداڵبوون".
ئاماژەی بەوەشكرد، سەنتەری گەڕاندنەوەيان بۆ ئەو دیلانە دامەزراندووە، بەڵام بۆ رزگاركردنیان پێویستیان بە هاوكاری نێودەوڵەتییە.
"شەڕی موسڵ ئاسان نییە"
شەڕی موسڵ و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنەوەی ئەو شارە لەدەست داعش بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ CNN، كە لە شاری هەولێرەوە قسەی دەكرد.
لەبارەی شەڕی موسڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "پێموایە ئەو شەڕە ئاسان نییە، چونكە موسڵ شارێكی زۆر قورسە و دۆخەكەی جیاوازە. موسڵ هەم بۆ داعش زۆر گرنگە و هەم بۆ ئێمەش گرنگە".
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند "ئەوەی لە رومادی روویدا سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ سوپای عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا پێموانیيە تاوەكو شەش مانگی دیكە سوپای عێراق ئامادەبێت شەڕی كۆنترڵكردنەوەی ئەو شارە بكات".
داواكاری هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، بۆ لەنێوبردنی داعش لە بەرەكانی شەڕ، كوردستان پێویستی بە هاوكاری سەربازیی و ئابووریی زیاترە.
لەبارەی ستراتیژیەتی لەنێوبردنی داعش و هەوڵەكان بۆ لەنێوبردنی ئەو گرووپە، ئامانپوور بە ئاماژەدان بەوەی "پێشمەرگە یەكێكە لە كاریگەرترین هێزەكانی شەڕی دژی تیرۆر" پرسیاری ئەوەی كرد، كوردستان پێویستی بە چییە بۆ ئەو شەڕە؟
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامدا رایگەیاند "ستراتیژی شەڕی داعش تاوەكو ئێستا بۆ راگرتنی داعش بووە نەك لەنێوبردنی، بەڵام ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت ئەو مەترسییە جیهانییە كۆتایی پێبهێنێت، پێویستە هاوكاری زیاتری هەرێمی كوردستان بكات".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "تاوەكو ئێستا هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا هاوكاری زۆری هەرێمی كوردستانیان كردووە لە شەڕی داعش، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان پێویستمان بە هاوكاری زیاتری نێودەوڵەتییە".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، پێشمەرگە سەركەوتوو بووە لە شكاندن و دەركردنی داعش لە خاكی كوردستان.
گوتیشی "ئێستا سەرجەم ناوچە كوردستانییەكان كۆنترۆڵ كراونەتەوە، هاوكات هەندێك ناوچەش لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكراوە، كە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ نەبوون (وەك بەنداوی موسڵ) بەڵام لەپێناو سوپای عێراق كۆنترۆڵكراون".
داعش ژمارەی چەكدارە بیانییەكانی زیادكردووە
سەبارەت بە ژمارەی چەكدارانی بیانی نێو داعش نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد "بەپێی زانیارییەكانمان ساڵی رابردوو 15 هەزار چەكداری بیانی چوونەتە نێو داعش، بەڵام ئێستا ژمارەكە بۆ 35 هەزار بەرزبووەتەوە، واتە ژمارەی ئەوانەی هاتوونەتە نێو داعش زياديكردووە"، ئەوەش دەریدەخات شەڕی لەنێوبردنی داعش لە عێراق سووریا، پێویستی بە ستراتیژيێكی گشتگیرترە.
ئەگەری رووخانی بەنداوی موسڵ
لەبارەی ئەگەری رووخانی بەنداوی موسڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر ئەوە رووبدات كارەساتێكی گەورە دەبێت بۆ موسڵ و تەواوی عێراق، بۆیە نابێت رێگە بدرێت ئەوە رووبدات.
نێچیرڤان بارزانی ئاشكراشیكرد لەلایەن عێراق پێیان راگەیێندراوە، كە بەمزوانە كۆمپانیایەك بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو بەنداوە دەست بە كاركردن دەكات، بۆیە هیوادارن ئەو كارەساتە روونەدات.
13/1/2016
"كارلۆس بۆچدمۆن" ئهمڕۆ وهك سهرۆكی ههرێمی كهتالۆنیا دهست بهكاربوو. ئهو سهرۆكه نهخشه ڕێگهی ڕوونی پێیه بۆ دامهزراندنی دامهزراوهكانی ههرێمهكه بهمهبهستی زهمینه سازكردن بۆ جیابوونهوه له ئیسپانیا.
بهوهش پادشا"فیلیبی شهشهم" سهختترین مهرسومی لهتهمهنی ویلایهتی خۆیدا پهسهند كرد، لهو كاتهوه كه له 2014دا گهیشتۆته دهستهڵات. چونكه ئهمڕۆ واژۆی لهسهر مهرسومی دهست بهكاربوونی سهرۆكه جودایی خوازهكه كرد.
ئهو ڕۆژنامهنووسه كهئێستا تهمهنی 53 ساڵه، پێشتر سهرۆكی شارهوانی "جیرونا"ش بووه، دهست بهجێ لهدوای ڕاگهیاندنی ئهنجامهكان هاواری كرد: "بژی كهتهلۆنیای ئازاد".
بهگوێرهی پلانی ئهم سهرۆكه جودایی خوازه، گهنجینه و بیمهی كۆمهڵایهتی تایبهت به ههرێمهكه دروست دهكرێت. لهئێستاشدا دهستكراوه به ناونوسین كردن بۆ دامهزراندنی فهرمانبهرانی گهنجینه.
ژمارهی دانیشتوانی كهتهلۆنیا دهگاته 7.5 ملیۆن كهس. ڕێژهی 20%ی خهڵكی ئیسپانیا پێك دههێنن. لهساڵی 2010هوه پرۆسهی جیابوونهوهیان له ئیسپانیا گهڵاڵه كردووه. بهتایبهتی لهكاتی توندبوونی قهیرانی ئابووریدا، ئهو بهرنامهیه زیاتر لایهنگری بۆ دروست بوو.
جودایی خوازهكان داوای ڕیفراندۆم دهكهن لهسهر مافی چارهی خۆنوسین، هاوشێوهی ئهو ڕیفراندۆمهی له سكۆتلهندا له 2014دا ئهنجام درا. ئهوه لهكاتێكدایه كه نیوهی خهڵكی ههرێمهكه ئارهزوویان لهمانهوهیه لهناو ئیسپانیادا.
13/1/2016
سەرۆک کۆماری رووسیای فیدراڵ رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی رێگا نادات ئایندەی سوریا وەک عێراق و لیبیای لێبێت و پێیوایە هێرش کردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران کارێکی ”هەڵەبوو“.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی رایگەیاندووە، کە لە رووداوە تیرۆریستییەکەی 11ـی ئەیلوولی ئەمریکاوە تا دەگاتە هێرش و تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ساڵی رابردوو لە پاریس، رووسیا ”هەردەم پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاوای کردووە لە دژی تیرۆر“.
دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسی لەلایەن سوپای تورکیاوە، تورکیا داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ـی کرد، و سەرۆکی رووسیاش پێیوایە نابێ ناتۆ پشتگیریی لە تورکیا بکات، چونکە ”تورکیا پەلامار نەدراوە، ئەو پەلاماری ئێمەی داوە و باشترە داوای لێبووردن بکات“.
ڤلادیمێر پوتین باسی هێرشە ئاسمانییەکانی ولاتەکەی دەکات لە سوریا، کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەوە تۆمەتباری دەکەن، کە بارەگاکانی نەیارانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سوریا دەکاتە ئامانج نەک رێکخراوی توندڕەوی داعش و بەپێکەنینەوە دەڵێت، ”هەمووی درۆیە“.
سەرۆک رووسیا ئاماژەی بە رووخاندنی رژێمی پێشووی وڵاتانی عێراق و لیبیا کردووە و رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی نایەوێ ”کۆتایی سوریا وەک عێراق و لیبیا بێت“، پوتین هەروەها بە رۆژنامەنووسە ئەڵمانییەکە دەڵێت، ”دەبێ لە سوریا، دەسەڵات بۆ کەسانی شەرعی بگەڕێتەوە“، وەک ئاماژەیەک بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێم و پێشیوایە سوپای رژێمی سوریا ”چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان“ دەکاتە ئامانج، ئەگەر خەڵکی سڤیلیش بەربکەون، ”ئەوا خەتای ئەسەد نییە“.
دوای لە سێدارەدانی شێخ نمر باقر ئەلنمر، مەرجەعی شیعەکانی سعودیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە، پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە ئاڵۆزیی زیاتریان تێکەوت و ڤلادیمێر پوتینیش پێیوایە لەسێدارەدانی شێخ نمر ”هەڵەبوو“، وەکچۆن هێرش کردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیەش لە تاران ”هەڵەبوو“ و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشانداوە بۆ نێوەندگیری کردن لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.
١٣/١/٢٠١٦
هێزێکی دەریایی ئێران دەستی بەسەر دوو یەختی هێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداو گرتووە کە میدیاکانی ئێران دەڵێن، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراوە.
میدیاکانی ئێران دوابەدوای ئەو هەواڵە رایانگەیاند" سوپای پاسدارانی ئێران دە سەربازی ئەمریکی لە کەنداو دەستگیر کردووە کە 9 کەسیان پیاوە و 1 کەسیان ژنە".
بە پێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیک دوورگەی فارس لە کەنداو، دەستیان بەسەر ئەو دوو یەختەی ئەمریکا گرتووە، کە چەکی نیمچە قورسی لەسەر بووە.
هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ئەو دوو یەختەی هێزی دەریایی ئەمریکا"سنووری ئاوی ئێرانیان بەزاندووە".
هاوکات بەپێی هەواڵی ئاژانسە جیهانییەکان، بەرپرسانی ئەمریکی باسیان لەوە کردووە کە، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو سەربازە ئەمریکییانە.
پیتەر کۆک، گوتەبێژی پێنتاگۆن شەوی سێشەممە 12-1-2016 بەكاتی ئەمریكا رایگەیاند، حكومەتی ئێران دەستی بەسەر دوو یەختی سەربازی وڵاتەكەی لە "کەنداو"دا گرتووە.
پیتەر کۆک گوتیشی، لەلایەن بەرپرسانی ئێران دڵنیاکراونەتەوە، لەکاتێکی نزیکدا سەربازەکان و یەختەکان بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەگەڕێندرێنەوە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن روونیكردەوە، ئەو یەختە لە نێوان کوەیت و بەحرەیندا بوونە و هێزەکانی ئەمریکا پەیوەندیان لەگەڵ ئەو دوو یەختەدا پچڕاوە.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکرد سەبارەت بەو پرسە پەیوەندیان بە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، لەوەڵامدا بەرپرسانی ئێرانیش دڵنیایان کردوونەتەوە کە بە زووترین کات ئەو دوو سەربازە و یەختەکان بە سەلامەتی بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە.
13/1/2016
زیاتر له ههفتهیهكە بزاوته بازرگانییهكانی نێوان رۆژههڵات و باشووری كوردستان لهڕێگهی دهروازهی نێودهوڵهتی حاجی ئۆمهران بههۆی مانهوهی بهفر لهسهر سنوور و رانهماڵینی بهفری رێگەی نێوان خانێ تاوەكو دهروازهی سنووری پهكیان كهوتووە، دواجار حكومهتی ههرێمی كوردستان ئامێرهكانی راماڵینی بهفری بردنه ئهو دیوی سنووری رۆژههڵات و بازاڕگەی تەرمچیانی رۆژهەڵاتی لە بەفر راماڵی، تاوەكو ئاڵوگۆڕه بازرگانییهكان بكهونهوهكار.
شوێر ئاواز رهحیمی بە رووداوی گوت "ماوهی 10 رۆژه له سنوور ماومهتهوه، لۆریهكهم له بهفر چهقی بوو، ئهگهر تیمهكانی ههرێمی كوردستان نههاتبان به 10 رۆژی دیكهش رزگارمان نهدهبوو و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نهدهكهوتهوه كار".
ئهمساڵ بهراورد به ساڵانی رابردوو بڕێكی زۆری بهفر ئهو سنوورهی گرتووەتهوه، تیمهكانی راماڵینی بهفر به بهردهوامی لهڕێگەی نێوان چۆمان - حاجی ئۆمهران سهرقاڵی راماڵینی بهفری سهر رێگان، لهسهر سنوور به دهیان لۆری بارههڵگر لهنێو بهفری زۆردا گیریان خواردووه، بۆ كردنهوهی رێگاكان و راماڵینی بهفری گۆڕهپانهكانی بازرگانی پێویست بوو ئامێری بلدۆزهر بەكاربێت، لهو دیوی سنووری رۆژههڵاتیش ئهو ئامێره نهبوو.
98% ی مامهڵهى بازرگانی ئهو سنووره كاڵای هاوردهیه بۆ باشووری كوردستان، چونكه تاوەكو ئێستا بازاڕهكانی باشووری كوردستان پشت به كاڵای بیانی دهبهستن، به داخرانی سنوورهكان وێڕای كهمبوونی كاڵاو كەلوپەل، نرخی شتومهكیش بهرزدهبێتهوه.
12/1/2016
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 11-1-2016 فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە شاری موسڵ، خەزێنەی داعشیان بۆردوومانکرد و تێکیانشکاندووە کە ئەو خەزێنەیە لەلایەن داعشەوە بۆ پێدانی مووچە و دابینکردنی تێچووی هێرشەکانیان بەکاردەهێندرا.
رۆژی دووشەممە، بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن رایگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە شاری موسڵ لە عێراق، بینایەکی داعشیان تێکشکاندووە کە ئەو بینایە پارەیەکی زۆری چاپی داعشی تیادابووە و لەلایەن داعشەوە بۆ پێدانی مووچە و دابینکردنی تێچووی هێرشەکانیان بەکاردەهێندرا.
ئەبەرپرسەی پێنتاگۆن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبکات کە چۆن هاوپەیمانان شوێنی خەزێنەکەی داعشیان دۆزیوەتەوە، رایگەیەناندووە کە: "فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی هاوپەیەمانان بۆ چەند رۆژێک چاودێری ئەو بینایەی کردووە و ئینجا هێرشەکەی ئەنجامداوە، ئەمەش بۆ ئەوەی کەمترین خەڵکی سڤیل لە هێرشەکەدا زیانی بەربکەوێت".
دوو بۆمبی دوو هەزار پاوندی بەکارهاتوون بۆ ئەو هێرشە، واتە بارستەی هەر بۆمبێک نزیکەی یەک تەن بووە و بەهۆیەوە بیناکە زۆر بەخێرایی تێکشکێندراوە، هێرشەکەش لە شەودا ئەنجامدراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بە رۆژ خەڵکی سڤیل سەردانی ئەو خەزێنەیان کردووە تاوەکو ئەو خەڵکانە ئامانج نەکرێن. بەپێی زانیارییەکانی پێنتاگۆنیش، نزیکەی 5 بۆ 7 کەس بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لە دەستداوە.
12/1/2016
پەیامنێرانی رووداو لە ناوچەکانی خۆیانەوە، گەرمترین مژارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەگوازنەوە، رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر کچ و ژنانی ئەڵمانیا لەلایەن ژمارەیەک كۆچبەر، رووداوە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی کەرکووک، کێشە سیاسی و ئەمنییەکانی باکووری کوردستان گەرمترین مژارەکانی رۆژەڤی ئەمڕۆی تۆڕی پەیامنێرانی رووداون.
رووداوە ئەمنییەکانی 24 کاژێری رابردووی کەرکووک
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند " لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک ژمارەیەک کەسی لەچوارچێوەی باندێک دەستگیرکردوون، کە دەستیان لە تاوانی دزیکردن و دروستکردنی نائارامی لە شاری کەرکووک هەبووە، هاوکات چەند کەسێکی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون کە ژنن و بە بیانووی دەستکورتی چوونەتە ماڵان و دواتر زێڕیان دزیوە، دوای دەستگیرکردنیشیان دانیان بە تاوانەکانیان داناوە".
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک راشیگەیاند "شەوی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر پردی تسعین دوو کەس گیانیان لەدەستداو چواری دیکەش برینداربوون، لەگەڵ ئەوەشدا کارەبای کەرکووک باش نییە و بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبا دانیشتووانی کەرکووک گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و نرخی غازیش بەرزبووەتەوە".
پەرلەمانی هەرێمی نۆردراینی ئەڵمانیا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند "بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانی هەرێمی نۆردارین ڤێستڤلانی ئەڵمانیا لە شاری دۆسلدۆرف، لەبارەی رووداوەکەی شەوی سەری ساڵی نوێ لە کۆڵن كۆببێتەوە، کە لەلایەن ژمارەیەک كۆچبەر هێرشکرایە سەر کچ و ژنانی ئەڵمانیا و دەستدرێژی سێکسییان کردە سەریان، ئەو رووداوەش کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا و تا ئێستا نزیکەی 100 سکاڵا لەسەر ئەو كۆچبەرانە تۆمارکراون".
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی" بەرپرسە گەورەکانی ئەڵمانیا لەسەر رووداوەکەی شەوی سەری ساڵ لە شاری کۆڵن هاتوونەتە دەنگ، هاوکات ئەمڕۆ لە پەرلەمانی هەرێمی نۆردارین ڤێستڤلانی ئەڵمانیا گفتوگۆ لەسەر ئەو یاسایانە دەکرێت کە سزا دیاری دەكەن و بە یاساکاندا دەچنەوە".
هاونیشتمانیان لە سێرت بە رێپێوان دەچنە شرناخ
ماشاڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو لە باكووری كوردستان رایگەیاند " بڕیارە ئەمڕۆ هاونیشتمانیان لە باکووری کوردستان لە شارۆچکەی سێرت بە رێپێوان بچنە شرناخ و لەوێ چالاکی ئەنجام بدن، لەماوەی رابردوودا لایەنگرانی هەدەپە و چالاكڤانان بە ئۆتۆمبێل دەڕۆیشتنە شرناخ، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگریان لێدەکرا، بۆیە بڕیاردرا هاونیشتمانیان بە پیادە و بە تاکەکەسی بەرەو شرناخ بڕۆن و هەندێکی دیکەش بە گرووپ وەک رێپێوان، ئامانج لە چوونیان بۆ شرناخ بەمەبەستی ئەوەیە ئەو تەرمانەی لە نەخۆشخانەکاندا هەن، لە رێوەڕەسمێکدا بنێژن کە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان گیانیان لەدەستداوە".
پەیامنێری رووداو لە ئامەد هەروەها گوتی "دوای ئەوەی راگەیاندنەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکردبوو کە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکانی باکووری کوردستان بووەستێنێت، بەڵام دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنەکان بووەستێنێت، جەختیشیكردەوە تاوەکو چەکدارێک مابێت ئۆپەراسیۆنەکان بردەوام دەبن".
11/1/2016
سیاسەتمەدارێكی كورد ترسی لە پەرتەوازەبوونی حزبە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان هەیە و دەشڵێت: ئەگەر یەكگرتوو و یەك هەڵوێست نەبن دەكەونە ژێر لێپرسراوێتیی نەتەوەی كورد و مێژووەوە.
دكتۆر "مەحموود عوسمان" سیاسەتمەداری كورد، لە پۆستێكدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، رایدەگەیەنێت: "ئێستا لە جیهاندا باسی سووریا و دواڕۆژی لە هەموو باسێكی ئەم ناوچەیە گەرمترە، ئەمەش یٍێگومان ڕۆژئاوا (كوردستانی سووریا) ئەگرێتەوە وەوا ئەخوازێت كە هێزە سیاسییەكانی ئەم پارچەیە بە هەندی وەربگرن و هەوڵ بدەن هەڵوێستێكی یەكگرتوویان هەبێت لەم ڕەوشە و لە ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی، واتە نابێت (PYD) بە تەنها تاكڕەوانە حوكم بكات، یان (ENKSA) بەجیا و یان هێزی تر، كە لەگەڵ هیچ لەم دوولایەنە نین، ئەم دابەشكارییە سیاسی و حزبیە زۆر پرمەترسیە و لایەنەكان لەئەنجامدا لەباتی ئەوەی ئەجندەیەكی كوردستانیان هەبێت و ڕۆڵی گرنگیان لە سووریای ئایندەدا هەبێت، دەبن بە بەشێك لە ئەجنیدەی دەوڵەتانی ناوچەكە و ململانێكانیان و بەتایبەتی توركیا و سعوودیە بەرامبەر ئێران و سووریا و حزبوڵلا لەمەشا گەورەترین زەرەر ئەكەن."
ئەم سیاسەتمەدارە كوردە دەشڵێت :"تا كات ماوەو درەنگ نییە پێویستە هەمویان دەست بە دیالۆگ بكەن و یەك بگرن لەسەر بناغەی ڕێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆك، یان ڕیككەوتنی تر لە نێوانیاندا و لەگەڵ هەموو هێزە دیموكراتخوازەكانی سووریا هاوكار بن بۆ هێنانەدیی ڕژێمێكی دیموكراتی كە مافی چارەنووسی كورد بسەلمێنێت. ئەگەر نەیكەن دەكەونە ژێر لێپرسراوەتی نەتەوەی كورد و مێژوو.
11/1/2016
پیاوێكی كوردی ئێزدی دەڵێت لە دوای گرتنی شنگالەوە لەلایەن داعش و بردنی ئافرەتانی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی ئەو رێكخراوە، 300 لەو ئافرەتانەی رزگار كردووە كە هەر یەكێكیان چیرۆكێكی هەیە.
موراد بەرجەس، كوردێكی ئێزدییە و لە شاری دهۆك نیشتەجێیە، لە نێو ماڵەكەی خۆیدا دوو تەلەفۆنی لەبەردەم خۆی داناوە و زوو زوو زەنگی مۆبایلەكانی لێدەدات، هەندێكجار بە عەرەبی و هەندێكجاریش بە كوردی وەڵام دەداتەوە. هەموو پەیوەندییەكانیشی دەربارەی رزگاركردنی ئافرەتانی كوردی ئێزدی بوو لە دەستی داعش.
موراد دەڵێت "دوای سێ هەفتە لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، چەند كەسێك كە ئێزدی بوون، لە شاری رەققەی سووریاوە تەلەفۆنیان بۆ كرد و داوایان كرد رزگاریان بكەم، منیش یەكسەر هەوڵەكانی خۆم خستەگەڕ و سەرەتا توانیم سێ كچی ئێزدی رزگار بكەم".
رزگاركردنی ئەو سێ كچە بەس بوو بۆ ئەوەی موراد وەكو فریادڕەسی ئافرەتە ئێزدییەكانی لای داعش ناو دەربكات و زۆربەی ئەوانەی رۆڵەكانیان كەوتبووە دەست داعش، پەیوەندیی پێوە بكەن.
موراد دەڵێت 13 كەس لە كەسە نزیكەكانی كەوتوونەتە دەست داعش، هەندێكیان تاوەكو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە "تەنیا لە خێزانەكەی خۆم دوو ژنبرا و دوو خوشك و چوار برازام بێ سەروشوێنن، من زۆر بەباشی لە ئازاری ئەوانە تێدەگەم كە رۆڵەكانیان كەوتوونەتە دەست داعش، بۆیە هەر كەسێك پەیوەندیم پێوە بكات، ئەوەی لە توانامدا بێت بۆی دەكەم".
هەریەك لەوانەی موراد رزگاری كردوون، چیرۆكی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام موراد زۆر كاریگەر بووە بە چیرۆكی كچێكی تەمەن 12 ساڵان. موراد چیرۆكی ئەو كچەی گێڕایەوە و گوتی "ئەو كچە چوار مانگ لەمەوبەر لە رەققەوە پەیوەندی پێوەكردم و باسی ژیانی خۆی كرد كە چۆن لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر، هاواری دەكرد دەیگوت توخوا رزگارم بكە لە دەست ئەو چەكدارانە، تا ئێستا 16 كەس دەستدرێژییان كردوومەتە سەر".
موراد كاتێك گوێی لە هاواری ئەو كچە دەبێت، هەوڵ دەدات بە هەر نرخێك بێت ئازادی بكات. موراد گوتی "ئەو كچە سەرجەم كەسوكارەكەی كەوتبوونە دەستی داعش، كەس داوای لێنەكردم، بڕیارم دا لە پێناوی خودا رزگاری بكەم، ماوەی یەك مانگ هەوڵم دا تاوەكو توانیم رزگاری بكەم، چیرۆكەكەی زۆر كاری تێكردم، بەڵام كە رزگارم كرد زۆر ئاسوودە بووم، لەو باوەڕەدا نیم قەت چیرۆكی ئەو كچەم لەبیر بچێت".
موراد هەر یەكێك لەو ئافرەتانەی لەبەرامبەر بڕێك پارە رزگار كردوون، بەڵام ئامادە نەبوو بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا بكات كە لە رزگاركردنی ئەواندا خەرجی كردووە. ئەو گوتی "ئافرەت هەبووە بە 500 دۆلار رزگار كراوە، هەبووە 10 هەزار دۆلارمان خەرج كردووە تاوەكو رزگارمان كردووە".
سەبارەت بە سەرچاوەی دارایی بۆ رزگاركردنی ئەو ئافرەتانە، موراد گوتی "سەرجەم ئەوانەی بەڕێگای ئێمە رزگاركراون، بە هاوكاریی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاوارەكان بووە و تا ئێستاش هەر ئەوان هاوكاریمان دەكەن".
مۆبایلەكانی موراد پڕن لە وێنەی ئەو ئافرەت و منداڵانەی لەلایەن داعشەوە بردراون كە موراد بە 2000 وێنە مەزندەیان دەكات. ئەو دەڵێت شوێنی بەشێكیان پێدەزانم، بەڵام ئەوانی دیكە زۆربەیان بێ سەروشوێنن".
ئەو كاتەی لە ماڵەكەی موراد بووین، دوو كوردی ئێزدی هاتن و ناو و وێنەی چەند كەسێكیان هێنابوو تاوەكو موراد سۆراغیان بكات و ئەگەر لە ژیاندا مابن رزگاریان بكات. موراد گوتی "من بەڵێنم بە خۆم داوە، هەتا یەك كوردی ئێزدی لە دەستی داعشدا مابێت، هەوڵی رزگاركردنیان دەدەم". گوتیشی "تا ئێستا 300 ئافرەتی كوردی ئێزدیم لە دەستی داعش رزگار كردووە".
موراد لەبەر پاراستنی ژیانی ئەو كەسانەی هێشتا لە دەستی داعشدا ماون، ئامادە نەبوو باسی چۆنیەتی رزگاركردنی ئەو ئافرەتە ئێزدیانە بكات، بەڵام گوتی زۆربەی ئەوانەی رزگاری كردوون لە تەلەعفەر بوون، بەشێكیش لە مووسڵ و رەققە و درێرەزوور بوون.
سەبارەت بەو كەسانەی هاوكارییان كردووە، موراد گوتی "زۆربەی ئەو ئافرەتانەم بە هاوكاریی عەرەبی ئەو ناوچانەی ئافرەتەكانی لێبووە رزگار كردووە، بۆیە ناكرێ بڵێین هەموو عەرەب خراپن، چونكە عەرەبی وا هەیە لە زۆر كورد دڵسۆزتر بووە، لە پێناوی ئەو ئافرەتانە ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە".
12/1/2016