ئەمڕۆ چوارشەممە 20 ـ 1 ـ 2016 وەزیرانی بەرگریی حەوت وڵاتی سەرەكیی هاوپەیمانی دژی داعش كەلە رێگای ئاسمانەوە داعش بۆردۆمان دەكەن، بە سەرەپەرشتیی ئەمەریكا لە پاریس كۆ دەبنەوە.
"ئەش كارتەر و ژان ئیۆ لەدریان" وەزیرانی بەرگریی ئەمەریكا و فەرەنسا بە هاوبەشی میوانداریی هاوتاكانی خۆیان لە وڵاتانی بەریتانیا، ئۆسترالیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەكەن و لەبارەی دوایین گۆڕانكارییەكانی شەڕ لەدژی داعش پێكەوە دیدار و گفتوگۆ دەكەن.
ئەم حەوت وڵاتە هەم لە هێرش و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و هەم لە پەروەردە و بارهێنان و دابینكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزە عێراقییەكان بۆ شەڕ لەگەڵ چەكدارانی توندڕەوی داعش رۆڵی سەەركییان هەیە.
ئەم دیدارە لە حاڵێكدا بەڕێوە دەچێت كە جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ هاوتا رووسییەكەی خۆی (سێرگیئی لاورۆف) لە جنێف كۆ دەبێتەوە.
رووسیا یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی حكوومەتی بەشار ئەسەدە و هێز و توانایی سەربازیی خۆی بە كردەوە لە مانگی سیپتەمبەری ساڵی 2015ەوە لە سووریا دەست پێكردووە، وڵاتانی ئەرووپی وازیاری دەست لەكار كێشانەوەی بەشار ئەسەدەن لە دەسەڵات و لە ماوەچی چەند مانگی رابردووودا لەبارەی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای رووسیا بۆ سەر هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا هۆشدارییان داوەتە رووسیا.
هەواڵدەریی فەرەنسا لەزاری بەرپرسانی حكوومەتی فەرەنساوە بڵاوی كردووەتەوە كە دیداری ئەمڕۆی حەوت وڵاتی هاوپەیمان لەدژی داعش بە مەبەستی تاوتوێ و لێكدانەوەی ئەو كار و چالاكییانەیە كەلە ساڵی 2014ەوە هەتا ئێستا ئەنجام دراون، هەروەها رێكارەكانی پەرەپێدانی دەخرێنەڕوو.
رێكخراوی توندڕەوی داعش لە ماوەی ساڵانی 2014 و 2015دا چەند ناوچەیەكی گرنگی خاكی سووریا و عێراقی داگیر كردووە و ئێستاش بەشێك لەو ناوچانەی لێ سەنداروەتەوە، یان پاشەكشەی كردووە.
لەلایەكی دیكشەوە فەرماندەیەكی باڵای سوپای قەرەنسا ئاشكرای كردووە كە رێكار و پلانی داهاتووی وڵاتانی هاوپەیمان لەپێناو ئەنجامی خێرا لە شەڕ و ئۆپەراسیۆنەكان، كۆمەڵێك گرفتیان لەبەردەمە.
حكوومەتی فەرەنسا ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لەبارەی هاوكاری و بردنەسەری توانایی هێزە ناوچەییەكان، سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكرێت.
ئوسترالیا، ئەمەریكا و فەرەنسا ئێستا سەرقاڵی بارهێنان و پەروەردەی نزیكەی 15 هەزار سەربازی سوپای عێراقن، بەپێی راپۆرتەكان لەو رێگایەوە توانیویانە لە بەرامبەر هێرش و تەقینەوەكانی داعشدا توانایی خۆیان بەرنە سەرەوە.
چاوەڕوان دەكرێت وەزیرانی دەرەوەی ئەو حەوت وڵاتە لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی لیبیاش گفتوگۆ بكەن.
20/1/2016
لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر زانکۆی باچا خان لە پاکستان مامۆستایەکی زانکۆکە کوژرا و، چوار پاسەوان برینداربوون، هەروەها دوو لە هێرشبەرەکان کوژران.
بە پێی میدیا پاکستانییەکان هێزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر زانکۆکە ئەنجامداوە و لە ئەنجامیشدا شەڕە تەقە لە نێوان هێرشکەرەکان و پۆلیس روویداوە، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە هێشتا خوێندکار و مامۆستاکان لە زانکۆکەدا بوونە.
دکتۆر فازڵ رەحیم، راوێژکار لە زانکۆکە بە میدیاکانی پاکستانی گوتووە: چوار پاسەوان لە هێرشە تیرۆرستییەکەدا کوژراون"، گوتیشی: "ئێستا 3 هەزار خوێندکار لە زانکۆکەن و هیچ مامۆستایەک و خوێندکارێکیش بریندار نەبووە".
چەند سەرچاوەیەکی دیکە باس لەوە دەکەن دکتۆر حەمید، مامۆستای کیمیا لە زانکۆکە گوللەی بەرکەوتووە و کوژراوە و، 50 خوێندکاری دیکەش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە کاتێکدا پۆلیس رایگەیاندووە " دوو لە چەکدارەکانمان کوشتوونە"، گەواهیدەرێک بە تەلەڤزیۆنی جیۆ-ی گوتووە " بەلایەنی کەمەوە 10 تیرۆرست هێرشەکەیان ئەنجامدوە ، ئێستاس لەنێو باڵەخانەی زانکۆکەدان".
زانکۆی باچا خان لە شارۆچکەی چارسادا-یە، کە 50 کیلۆمەتر لە شاری پیشاوەر دوورە و، لە ساڵی 2014 دا چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەکی ئەو شارە، لە ئەنجامدا 130 قوتابیان کوشتن.
ئەم هێرشە لە ماوەیەکی کەم دوای داخستنی چەند قوتابخانەیەک دێت لە شاری پیشاوەر بەهۆی بوونی چەند راپۆرتێک کە دەیانگوت چەکداران بەنیازن دووبارە هێرش بکەنەوە سەر قوتابخانەکان.
20/1/2016
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئیسرائیل پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان راگەیاند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە کورد وەکو گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات سەربەخۆبن".
ئایلێت شاکید، وەزیری دادی ئیسرائیل، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئاسایشی ئیسرائیل لە تەل ئەبیب داوای دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستانی کرد و رایگەیاند: "ئێمە بەهەموو هێزمانەوە پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە دەکەین. لەسەر ئەو باوەڕەین ئەو کارە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەبێ و دووژمنانی ئیسرائیل لاواز دەکات".
پاڵپشتی رۆژئاواییەکان بۆ دەوڵەتی کوردی روو لە زیادبوونە، هەنگاریا رایگەیاندبوو "ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت، یەکەمین وڵات دەبین بە فەرمی دەیناسین". پێشتریش هەندێک وڵات ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندبوو.
نیک کۆهین کە یەکێک لەبەنێوبانگترین نووسەرەکانی بەریتانیایە، رەخنەی زۆری لە وڵاتانی رۆژئاوایی گرتووە و دەڵێت: " جیهان چاوی لەدەستی پێشمەرگەیە داعش تێکبشکێنێت، بەڵام ئامادە نییە چەکی زیاتری بۆ بنێرێت".
کۆهین داوای کردووە لەو رەوشەدا کوردستان تەنیا نەبێت و پاڵپشتی و هاوکاری بکرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دادی ئیسرائیل رایگەیاندووە: "کورد هاوبەش و دۆستی ئیسرائیلن، هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوانیاندایە و دەیانەوێت رێگر بن لە پەلهاوێژی گرووپە جیهادییەکان و تووندئاژۆکان لە ناوچەکەدا".
ئایلێت شاکید دەربارەی کورد دەڵێت: "ئێمە پەیوەندی نێودەوڵەتی کلتووریمان لەگەڵ کورد هەیە. ئەوان مافی مرۆڤ بەباشی رەچاو دەکەن و رێز لە مافی ژنان دەگرن. کورد نەتەوەیەکی رەسەن و ئاشتیخوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و مێژووی رەشی پەلاماری وڵاتانی نییە".
شاکید داوای لە حکومەتەکەی کرد "پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و لەهەموو روویەکەوە هەردوولا هاوکاری یەکدی بن." ژنە وەزیرەکەی کابینەی ناتانیاهۆ دەڵێت:"کاتی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی کوردە".
هەرچەندە میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان ئاماژە بە پەوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی هەولێر و تەلئەبیب ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. هەرچەند دەگوترێت ئیسرائیل کڕیارێکی سەرەکی نەوتی کوردستانە.
زیاتر لە 200 هەزار کوردی جوو لە ئیسرائیل دەژین. ئەو کوردانە دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە کۆچیان کردووە و لە گۆشە و کەناری ئیسرائیل بڵاو بوونەتەوە. زۆربەیان لە باکووری ئەو وڵاتە و لە شاری کەفار یونا لە باکووری تەل ئەبیب دەژین.
ساڵ و نیوێک پێش ئێستا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند. ئەو پەسنی سیاسەتی سەرکردایەتی کوردی کرد و رایگەیاند:" مافی خۆیانە ببنە دەوڵەت".
20/1/2016
تۆڕی پەیامنێرانی رووداو لە شوێنەکانی خۆیانەوە، گەرمترین مژارەکانی رۆژ دەگوازنەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 20-1-2016، لە پاریس وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کۆدەبنەوە و لە سویسراش کۆڕبەندی ئابووری جیهان دەستپێدەکات، لە تورکیاش پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی ئەو وڵاتە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
لە فەرەنسا وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش کۆدەبنەوە
هەژار ئەرگۆشی، پەیامنێری رووداو لە پاریس رایگەیاند "وەزیرانی بەرگری 7 وڵاتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەمریکا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، سویسرا و بەریتانیا كۆدەبنەوە".
کۆبوونەوەکە ئەجێندایەکی تایبەتی دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەتایبەت لە عێراق و سووریا، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێدانی هاوکاری زەمینی بۆ ئەو هێزانە تاوتوێدەکرێت کە شەڕی داعش دەکەن، بۆئەو مەبەستەش ناوی پێشمەرگە وەک هێزێکی کاریگەر لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا هاتووە و، داواکراوە کە هاوکاری زیاتری پێشمەرگە بکرێت.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و فەرەنسا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەش سازدەکەن و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکەن.
لە سویسرا کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەستپێدەکات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20-1-2015 لە سویسرا، کۆڕبەندی ئابووری جیهان دەست بە کارەکانی دەکات و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە كۆڕبەندەكەدا كە ساڵانە لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 40 سەرۆك وڵات و 3 هەزار كەسایەتی و بەڕێوەبەر و نوێنەری كۆمپانیاكان بەشدار دەبن.
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ سویسرا رایگەیاند "ئامانجی کۆڕبەندەکەی داڤۆس قسەکردن دەبێت لەسەر لایەنی ئابووری و سیاسی و کولتووری و چەند تەوەرێکی دیکە".
کۆڕبەندەکە لە رێوشوێنێکی ئەمنی تووند ئەنجامدەدرێت و زیاتر لە 4500 کارمەندی ئەمنی پارێزگاری لە ئەمنییەتی کۆڕبەندەکە دەکەن، تۆڕی میدیایی رووداویش رووماڵی کۆڕبەندەکە دەکات.
پەرلەمانی تورکیا بودجەی وڵاتەکەی تاوتوێدەکات
کەمال ئاڤچی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند " ئەمڕۆ بودجەی ساڵی 2016 ی تورکیا لەلایەن حکومەتەوە ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆنی دارایی لە پەرلەمانی تورکیا تاوەکو 13-2-2016 بۆی هەیە بەوردی پڕۆژەکە تاوتوێ بکات و دواتر دەبێت ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت".
لە پڕۆژەكەدا بڕی بودجەی دیاریکراو وەک خەرجیی تورکیا بۆ ئەمساڵ 570 ملیار لیرە تەرخانکراوە.
پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە هەروەها گوتی" ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلانHDP ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکەی هەڵدەبژێرێت، هاوکات لەبارەی دەسینشناکردنی نوێنەریان بۆ کۆمسیۆنی باڵای نووسینەوەی دەستووری نوێی تورکیا گفتوگۆ دەکەن، لەلایەکی دیکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ موختارەکانی تورکیا لە کۆشکی جانکایە کۆدەبێتەوە".
20/1/2016
له ماوەی دە مانگی رابردووەوە هەتا ئێستا لە ئێران 12 منداڵی تهمهن خوار 18 ساڵ كه زۆربهیان قوتابيی قۆناغی سهرهتایی خوێندنن، دهستیان داوهته خۆكوژی و له ئهنجامدا گیانیان لهدهست داوه.
بەپێی هەواڵ و زانیاریی ئاژانسەکانی ئێران تەنیا له مانگی 10ی هەتاویی ئهمساڵدا دوو ههوڵی خۆكوژی له یهزد و ههوڵێكی خۆكوژیی دیکە له تاران دراوه كهله ئهنجامدا ههرسێ ههوڵهكه سهركهوتهوو بووه و منداڵهكان گیانیان لهدهست داوه.
شارهزایان لهو باوهڕه دان كه ئهو قوتابییانه بههۆی ترس له خوێندنگە و دابهزینی ئاستی خوێندن و كهوتن له ههندێك مادده دهرسییهكان و ترس له بانگهێشتكردنی دایك و باوك، ههروهها خهمۆكی و بوونی كێشه و ناكۆكییهكانی نێو بنهماڵهكانیان، ههوڵی خۆكوژی دهدهن.
ڕۆژنامهی "وقایع اتفاقیه" هەروهها ئهوهشی ئاشكرا كرد كهله بهرانبهر ههر ههوڵێكی خۆكوژیی سهركهوتوو له ئێراندا، 60 ههوڵی دیكهی خۆكوژی دهدرێت كه به ئهنجام ناگات و منداڵی خۆكوژ به ههر هۆیهك بێت له مردن ڕزگار دهبێت.
هەندێ لە چالاکانی مافی مرۆڤ لەو باوەرە دان کە ئەو ئامارە دوورە لە راستی و رێژەی خۆکوژەیی منداڵان لە ئێران لەوە زیاترە، چونکە تەنیا لە شاری شنۆ چوار منداڵ خۆیان کوشتووە و لە سارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵاتیش حاڵەتی لەم چەشنە هەبووە.
19/1/2016
پاش ئەوەی کۆمەلێك لە ئەکادیمییەکانی تورکیا و جیهان بە بڵاوکردنەوەی بەننامەیەک هێرشەکانی سوپای حکوومەتی تورکیایان بۆ سەر شارەکانی کوردستانی باکوور ئیدانە کرد و داوای گفتوگۆ و ئاشتییان کرد، کۆمەڵێک لە ئەکادیمیەکانی کوردستانی باشووریش پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم پرسە راگەیاندووە.
لەو بانگەوازەی ئەکادیمییەکانی کوردستانی باشووردا کە وێنەیەکی بۆ باسنیوز نێردراوە هاتووە: " رێكەوتننامە نێودەوڵەتیەكان كە دەوڵەتی تورك بەشێكە لێى. بۆیە ئێمە داواكارین لە دەوڵەتی تورك دەستهەبگرێت لەو تاوانانەو لابردنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و سزادانی تاوانبارانى مافی مرۆڤ و قەرەبووكردنەوەی مادی و دەروونی زەرەرمەندانی ئەو تاوانانە."
دەقی بانگەوازەکە:
له كاردانهوهی ئهو دۆخه نهخوازراوهی له باكوری كوردستان دهگوزهرێت ژمارهیهكی بهرچاو له ئهكادیمییانی توركیا و جیهان له رێكهوتی 11/1/2016دا بۆ ئاشتی لە باكووری كوردستان و لەژێر دروشمی "ئێمە بەشێك نین لە تاوانەكان" بانگهوازێكیان راگهیاند و تییدا ئیدانهی هێرشه نامرۆڤانه و دوژمنكارانهكانی حكوومهتی توركیا دهكهن بهرامبهر به خهڵكی سڤیلی شار و گوندەكانی باكوورى كوردستان و داوای دەستپێكردنەوەى گفتوگۆی ئاشتییانە لە نێوان دەوڵەتی تورك و پارتی كرێكارانی كوردستانیان کرد.
لهو بارهیهوهو بهههمان بڕواوه ئێمە وەك بهشێك له ئەكادیمییانی باشووری كوردستان پشتگیری خۆمان لە ناوهڕۆكی بانگەوازی ئەكادیمییانی توركیا رادهگهیهنین. چونكه پێمان وایه بانگهوازی ئهكایمییانی توركیا و جیهان لووتكهی ههڵوێستی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازییه.
له بهشێكی بانگهوازی ئهكادیمییانی توركیاو جیهاندا هاتووه: ئێمە وەك ئەكادیمسیت و توێژەری ئەم وڵاتە نامانەوێ ببین بە بەشێك لە تاوان.
ئەم پیلانگێڕییه لە قەتڵوعام لادانە لە خودی یاساكانی دەوڵەتی تورك و رێكەوتننامە نێودەوڵەتیەكان كە دەوڵەتی تورك بەشێكە لێى. بۆیە ئێمە داواكارین لە دەوڵەتی تورك دەستهەبگرێت لەو تاوانانەو لابردنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و سزادانی تاوانبارانى مافی مرۆڤ و قەرەبووكردنەوەی مادی و دەروونی زەرەرمەندانی ئەو تاوانانە.
هاوكات رێگا بە چاودێرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش بدرێت تا راپۆرت لەبارەی ئەو پێشلكارییانەوە بنووسن و بیخەنە روو. داواكاریشین لە دەوڵەت كە ئامادەكاری بۆ گفتوگۆ بكات و نەخشە رێگایەكیش بۆ ئاشتی هەمیشەی دابرێژێت كە داواكارییەكانی بزوتنەوە سیاسییەكانی كورد لەبەرچاو بگرێت.
هەر بۆیە ئێمە وەك ئەكادیمییانی باشووری كوردستان هێرشی نامرۆیی دەوڵەتی توركیا بۆسەر باكوورى كوردستان ئیدانە دەكەین و پشتگیری لە بەرخۆدانی ئەم بەشەى كوردستان دەكەین بۆ پارێزگاریكردن لە مافە رەواكانیان. هەروەها داواكارین لە رێكخراوى نەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپاو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەم تاوانانەى دەرهەق بە گەلی كورد دەكرێت لە باكورى كوردستان.
بهشێك له ئهكادیمییانی باشووری كوردستان
18/1/2015
لەکاتی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا و هاوتا بەریتانییەکەی، بەشێک لە کوردانی بەریتانیا خۆپیشاندانێکیان دژی داودئۆغڵو رێکخست.
پەیامنێری رووداو لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، خۆپیشاندەران وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری پارتی کرێکارانیان بەرزکردووەتەوە، دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان دەربڕی و داوایانکرد دەستبەجێ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکان بهێندرێت. هەروەها تورکیایان بە لایەنگری داعش ناوبرد و کاریکاتێری سەرۆککۆماری تورکیاشیان بەرزکردبووەوە.
خۆپیشاندەران رێگەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا گرت تا لە دەرگای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیاوە بچێتە دەرەوە و بەو هۆیەوە پێکدادانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران روویدا. پۆلیس ژمارەیەک خۆپیشاندەری دەستگیر کرد.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 17-1-2016 ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی تورکیا گەیشتە بەریتانیا.
19/1/2016
بەهۆی هێرشێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەر زرێپۆشێکی پۆلیسی تورکیا لە شارۆچکەی (ئیدیل)ی سەر بە پارێزگای شڕناخ، 4 پۆلیس بریندار بوون و 3ی دیکەش گیانیان لە دەست دا.
لەمبارەیەوە ئاژانسی (ئەنادۆڵو)ی تورکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە شەوی ڕابردوو لە کاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی پۆلیسی تورکیا لە شەقامی (ئەڵانیا)ی شارۆچکەکە، لە ڕێگای تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراوەوە ئەنجام دراوە و دواتر تەقە لە زرێپۆشەکە کراوە، لە ئەنجامیشدا 7 پۆلیس بریندار بوون و لە کاتی گواستنەوەیاندا بە هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانەی (شڕناخ)، 3 لەو پۆلیسە بریندارانە گیانیان لە دەست داوە.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەدا ئەو ئاژانسە کە لە حکوومەتی تورکیاوە نزیکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بۆ دەستگیر کردنی گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە.
18/1/2016
پاش دوو هەفتە لە تاوتوێ و لێكۆڵینەوە لە پێشینە و دۆسیەی كاندیداكانی دەیەمین خولی هەڵبژاردنەكان پەرلەمانی ئێران، سەرەنجام لە چوار پارێزگای كوردستانی رۆژهەڵات 330 كەس لەلایەن لیژنەی چاودێرییەوە كاندیدابوونیان پەسەند كراوە.
بەپێی هەواڵ و زانیاریی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران و قایمقامیەتەكانی شار و شارۆچكەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە هەر چوار پارێزگای رۆژهەڵاتدا سەرجەم 330 كەس لە فلتەرەكانی هەڵبژاردن دەرچوون كە بەم چەشنەیە:
پارێزگای ورمێ 156 كاندیدا
پارێزگای سنە 64 كاندیدا
پارێزگای كرماشان 64 كاندیدا
پارێزگای ئیلام 46 كاندیدا و چارەنووسی دوو كاندیدا هێشتا دیاری نەكراوە.
بەپێی بەیاننامەی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئەو كاندیایانەی كە كاندیدابوونیان پەسەند نەكراوە دوو رۆژ دەرفەتیان هەیە سكاڵا و ناڕەزایی خۆیان پێشكەش بە قایمقامیەت و ناوەندەكانی هەڵبژاردن بكەن.
دوای ئامادەكردنی لیژنەی كۆتایی، ناوەند و لیژنەكانی هەڵسەنگاندن یەك حەفتە دەرفەتیان هەیە وەڵامی سكاڵا و داخوازیی پاڵێوراوان دەدەنەوە و پاشان رێكەوتی 20 ـ 2 ـ 2016 بانگەشە و تەبلیغاتی پاڵێوراوان لە سەرانسەری ئێران دەست پێدەكات و یەك حەفتە دەخایەنێ.
دواتر رێكەوتی 28 ـ 2 ـ 2016 لە 31 پارێزگای ئێران بۆ بەدەستهێنانی 290 كورسیی پەرلەمانی هەڵبژاردنی دەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران دەست پێدەكات كە لە چوار پارێزگای كوردستانی رۆژهەڵات 37 نوێنەر دەچنە پەرلەمانەوە.
لە خولەكانی حەوت و هەشتی پەرلەماندا و لەسەر دەستی ئەندازیاری كۆشكردوو "بەهائەدین ئەدەب" نوینَەری ئەوكاتی سنە، فراكسیۆنی پەرەلمانتارە كوردەكان پێكهێنرا و دواتر لە سەرەدەمی حكوومەتی ئەحمەدی نەژاددا ئەمە هەڵوەشایەوە و ئێستا تەنیا بەناوی فراكسیۆنی پەرلەمانتارانی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە ناو دەبرێن.
بەپێی دوایین زانیارییەكان بەشێكی زۆر لەو ئەندام پەرلەمانانەی كورد كەلە ئێستا لە پەرلەمانن رەت كراونەتەوە و كاندیدابوونیان پەسەند نەكراوە.
ئاژانسەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە كە زۆربەی ئەو كەسانەی كاندیدابوونیان رەت كراوەتەوە سەر بە باڵی بەناو ریفۆرمخواز بوون و كە كاردانەوەی توندی حەسەن رۆحانیی لێكەوتووەتەوە و رایگەیاندووە هەموو دەسەڵاتی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەم پرسە.
18/1/2016
دوای لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران، پێشبینیدەکرێت کاریگەری بەرچاو لەسەر ئابووری جیهان دروست ببێت. ئێران براوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی رۆژئاوایە، بەوپێیەی چاوەڕوان دەکرێت ئابووری ئەو وڵاتە کە قەبارەکەی 388 ملیار دۆلارە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 بەڕێژەی 6%گەشە بکات.
جۆرج عابد، راوێژکاری پایەبەرزی ئینیستیتۆی نێودەوڵەتی دارایی دەڵێت "لادانی گەمارۆکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئابووری ئەمریکا نابێت. لەبەرئەوەی تەنانەت دوای لادانی گەمارۆکانیش جگە لە کۆمپانیای بۆئینگی بەرهەمهێنەری فڕۆکەی شارستانی، کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دیکە لەبەر مانەوەی هەندێ لە گەمارۆکانی حکومەتی ئەمریکا ناتوانن بەشداربن لە بازاڕی ئێران".
تەنانەت لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران هەڕەشە بۆ هەندێ کۆمپانیای ئەمریکی دروستدەکات. وەک ئەو کۆمپانیانەی کە لە کالیفۆرنیا فستەق بەرهەمدەهێنن. بەهای بەرهەمی فستقی ئێران ساڵانە 1 ملیار دۆلارەو بە لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران، ئەو وڵاتە دەتوانێت بازاڕی فستقی ئەمریکا داگیربکات.
بەڵام بۆ ئەوروپا کە پێشتر گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بووە، لادانی گەمارۆکان دەتوانێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییەکان بەرزبکاتەوە بۆ پێش سەپاندنی ئەو گەمارۆکان کە قەبارەکەی 32 ملیار دۆلار بووە.
لە دوای ساڵی 2013 چین بەردەوام گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بووە بە قەباری 41 ملیار دۆلار و بۆشایی وڵاتە ئەوروپییەکانی لە ئابووری ئێران پڕکردووەتەوە.
ئاستی هاوردەکاری ئەوروپا لە ئێرانەوە بەڕێژەی 93%دوای توندبوونەویە گەمارۆکان دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەوروپا لەگەڵ ئێران، دەتوانێت ئاراستەی ئابووری ئێران لە ئاسیاوە بگۆڕێت، بەرەو ئەوروپا و بازاڕی 70 ملیۆنی ئێرانیش بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان بکاتەوە.
لادانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران زیاتر لە 50 ملیار دۆلار لە پارە بلۆکە کراوەکانی ئەو وڵاتە ئازاد دەکات و نزیکەی 50 ملیار دارایی دیکەی حکومەتی ئێران دەخاتەوە بەردەست ئەو وڵاتە. لەم کاتەدا کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، داهاتە نەوتییەکانی ئێران کەمبووەتەوە، ئەوە دەتوانێت فاکتەرێکی گەورە بێت بۆ رێکخستنەوەی کەرتی دارایی ئەو وڵاتە.
18/1/2016
حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 17-1-2016، یەکەم گوتاری دوای رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5+1 پێشکەشکرد و رێککەوتنەكەی بە لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی وڵاتەكەی وەسفكرد.
رۆحانی بە ئاماژەدان بەوەی سزاکان زیانێکی زۆریان بە گەلانی ئێران گەیاند، رایگەیاند هەڵگرتنی گەمارۆکان دەرفەتێکی گرنگە بۆ بووژانەوەی ئابووری و دۆخی ئابووری ئێران بەرەو گەشانەوە دەڕوات.
رۆحانی جەختیكردەوە كە حکومەت سیاسەتی تایبەتی دەبێت بۆ قۆناخی دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان و قۆناخی دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان چاکسازی دەبێت.
لە گوتارەكەیدا رۆحانی باسی لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نوێی بانكی كرد و گوتی "لەدوای هەڵگرتنی گەمارۆکان، سیاسەتێکی بانکیی نوێ پەیڕەو دەکەین و، پێویستە بانکی ناوەندی ئێران چاو بە رێژەکانی سوودی بانکیدا بخشێنێتەوە".
سەرۆككۆماری ئێران هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هەلی کار و وەبەرهێنانی زیاتر بەدوای رێککەوتنەکەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دێت و گوتیشی "هەڵاوسانی ئابووری ئێران لە 40%ەوە بۆ 13% دابەزیوە، ئەمەش دەستکەوتە بۆ حکومەتی ئێران".
رۆحانی باسی لە نەوتیش كرد كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی هەناردەكار بەدەستی گیرۆدە بوونە و گوتی " سیاسەتی نەوتی دەگۆڕێن و هەناردەی نەوت زیاد دەکەین، هەناردەی نەوت ساڵانە بۆ 15% بەرزدەکەینەوە".
نرخی نەوت لە دوایین مامەڵەکانیدا لە نزمترین ئاستەکانی دوای ساڵی 2003 ەوە مامەڵەی پێوەکرا، بەهۆی ئاشكراكردنی کۆمەڵێک داتا لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران، ئەو دابەزینە خێرایەش بۆ ئاستی 28 دۆلار، بووە هۆکاری دڵەڕاوکێیەكی زۆر و راگەیاندنی باری نائاسی لە ڤەنزوێلای خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوت لە جیهان، ئیماراتیش رایگەیاند چیدی پشت بە نەوت نابەستێت و ئاهەنگی هەناردەكردنی دوایین بەرمیل نەوت دەگێڕێت.
باشووری کوردستانیش کە هەناردەکارێکی نوێی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهان، وەک هەر وڵاتێکی دیکەی هەناردەکاری نەوت رووبەڕووی داتەپینێکی گەورەی داهات بووەتەوە، ئێستا لە قەیرانی دارایی و قەیرانی ئابووری دایە. هەروەها زۆربەی وڵاتانی هەرناردەكاری نەوت تووشی كورتهێنانی بودجە بوونەتەوە. هەرچەندە هەناردەكردنی نەوتیش زیاد بكات، نرخی نەوت زۆرتر دادەبەزێت.
17/1/2016
ئاژانسە فەرمییەكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە هەڵگیرانی سزا و ئگەمارووە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان لەدژی ئێران بە فەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە راگەیەنراوە و پاش كۆبوونەوەی دوێنێ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی گەڕایەوە تاران.
دوێنێ لە كۆتایی دانیشتن و گفتوگۆی نێوان محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ "فیدریكا موگرینی" سەرۆكی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا لە ڤییەنا بەیاننامەی هاوبەشی جێبەجێكردنی رێككەوتنە ناوكییەی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیەك و دەسپێكی هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر ئێرانیان خوێندەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییە ئەمڕۆ بە یەكشەممە حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران بەم بۆنەوە سەردانی پەرلەمانی كرد و لە گوتەیەكدا گوتی: "بە هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر ئێران ئێستا ئێمە بە نیشانەی دۆستایەتی و هاوكاری دەستمان بە هەموو لایەك درێژ كردووە و بەلاچوونی هەموو دوژمنایەتی و پیلانەكان، وەرزێكی نوێمان لە پەیوەندییەكانی ئێران كردووەتەوە."
رۆحانی كە بۆ پرسی پەسەندكردنی بوودجەی ساڵی 1395ی ئێران سەردانی پەرلەمانی كردبوو، ئەوەشی خستەڕوو "ئەمڕۆ بە راگەیاندنی فەرمیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)، بیرۆكەی ئەمنی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لابرا، بڕیارنامەی ستەمكارانە لەدژی ئێران هەڵوەشایەوە، لاپەڕەكانی گەمارۆ دڕێنران، مافی ناوكی بۆ ئێران سەلمێنرا و لە گشت گرنگتر ئابووریی ئێران گەڕایەوە ناو چەقی هێڵی ئابووریی جیهانی."
لەلایەكی دیكەشەوە لە كەرتی پەروەردەی ئێرانیش ئەم پرسە كرایە جەژن و وەزیری پەروەردە لە گوتەیەكی فەرمیدا دەسپێكی جێبەجێكدرنی رێككەوتنی ناوكیی وەك سەركەوتنی ئێران لەقەڵەم داوە و بە داهاتووی روونی ئێرانی وەسف كردووە.
بان كی مۆن سكرتێری گشتیی رێكرخاوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك پێشوازیی لە كردەیی كردنی رێككەوتنی ناوكیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كرد و ئاشكرای كردووە كە هەوڵی دوو وڵاتی ئێران و ئەمەریكا و لێك نزیكبوونەوەیان و هەروەها لابردنی گەمارۆككانی یەكێتیی ئەورووپا، ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمەریكا لەسەر ئێران جێگەی حۆشحاڵییە.
هاوكات لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە باراك ئۆباما بڕیاری فرۆشتنی فڕۆكەی موسافیریی بە ئێران دەكردووە و لەلایەكی دیكەشەوە 7 بەندكراوی ئێرانیی ئازاد كردووە و لە بەرانبەردا ئێرانیش چوار بەندكراوی ئێرانی ـ ئەمریكی ئازاد كردووە و چاودێرانی سیاسی ئەم هەوڵە دوولایەنانە بە ئەرێنی و دەسپێكی قۆناغێكی نوێی پەیوەندیی دوو وڵات دادەنێن.
لە حاڵێكدا هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران دەستیان پێكردووە و باس لە بووژانەوەی كەرتی ئابووریی ئێران دەكرێت، بەڵام بەپێی هەواڵ و زانیاری و ئامارە فەرمی و نافەرمییەكان پرسی ژیانی خەڵك، بێكاری، گرانی و تەشەنەسەندنی قەیران و خەسارە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران هیچ روویان لە كەمی نەكردووە و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵكی ئێران نابێت.
17/1/2016
نوعمان كورتوڵموش جێگری سهرۆك وهزیرانی توركیا رایگەیاند "ههرگیز بوونی كورد و برا كوردهكانمان له سووریا و بوونی نوێنهری سیاسیی كورد دوای دامهزرانی سووریایهكی نوێمان پێ ناخۆش نییه".
جێگری سهرۆك وهزیرانی توركیا له میانهی بهشداریكردنی له بهرنامهیهكی كهناڵ 7دا رۆژهڤهكانی ههڵسهنگاند و ئاماژهی بهوه دا، بهدرێژایی ههزار و 251 كیلۆمهتر سنووری نێوان توركیا لهگهڵ سووریا و عێراق، لهودیویهوه دهسهڵاتی دهوڵهت بوونی نییه.
ئاماژهی بهوهشدا كه دهسهڵاتی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بوونی ههیه، بهڵام باس له جوگرافیایهك دهكرێت كه بووەته بوخچهیهك، ههموو شتێك لهخۆی دهگرێت. گوتیشی جگه لهوهی ناوچهكه بووەته مهیدانی ململانێی هێزهكان، ههزاران كهس كه به شهڕخوازی بیانی ناو دهبرێن، دێنه ناوچهكه و دهچنه ریزی داعشهوه.
كورتوڵموش ئەوەشی گوت "ئهگهر له سووریا ئاشتیش بهرقهرار بێت، هیچ كهس هیچی بهدهست نییه بۆ راگرتنی ئهوانه. بۆچوونمان وایه سەقامگیریی ئاشتی له سووریا بهشێكی كێشهكانی ناوچهكه چارهسهر دهكات. ئومێدهوارم ساتێك زووتر له سووریا ئاشتی دهستهبهر دهكرێت".
هەروەها گوتی ''لە سووریا شتێک دروست بووە بەناوی سوپای دیموکراتی سووریا کە لەگەڵ پەیەدە و هێزە چەکدارییەکەیدا کە یەپەگەیە هاریکاری دەکات و ژمارەیەک لە جەنگاوەرەکانیان عەرەبە. ئەمانە پەڕینەوە بۆ بەری خۆرئاوای فورات. لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە ئەوە راگەیەندرا کە 'ئەگەر بپەڕنەوە ئەوبەر ئەوە هێرش دەکەینە سەرتان'. چی بوو؟ ئایا هێڵە سوورەکانی پێشێل کرا؟'.
کورتوڵموش ئەوەشی راگەیاند ''ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی ئێمەن، نیشانی دەدەن پەیەدە نەپەڕیوەتەوە خۆرئاوای فورات. ئەو چەکدارانەش چەند پەیوەندییان بە پەیەدەوە هەیە و چەندێک نیانە، ئەوە بابەتێکی دیکەی جێگەی مشتومڕە. تورکیا بەردەوامە لە هەستیارییەکانی لەوبارەیەوە، بەردەوامیش دەبێت لە هەنگاونان لە چوارچێوەی ئەو هەستیارییانەدا''.
هەروەها گوتی: ''ئێمە هەرگیز لە بوونی کوردەکان لە باکووری سووریا، لەبوونی برا کوردەکانمان ناڕەحەت نین، لە کۆتاییشدا کە سووریایەکی نوێ دامەزرا ئێمە لە بوونی نوێنەرایەتی سیاسی ئەوان ناڕەحەت نابین. ئەوان دواجار برای ئێمەن. لەمبەری سنوورەوە ئاکچەکەلەیە، لەوبەری سنوورەوە تەلئەبیەزە. ئەوەی کە ئێمە دژین ئەوەیە کە سووریا دابەش ببێت. دووەم شتیش کە ئێمە دژین ئەوەیە کە دەڵێن 'ئێمە لە سووریا ئەم ناوچانە پاک دەکەینەوە و ژمارەیەک کانتۆن بۆ خۆمان دادەمەزرێنین' کە پاکتاوێکی رەگەزییە. ئێمە کە دەڵێین خۆرئاوای فورات مەبەستمان ئەمەیە''.
16/1/2016
ئهمڕۆ له كۆنگرهی پارتهكهیدا كهمال كلیچدارئۆغلو سهرۆكی جهههپه، رهخنهی له حكوومهتی توركیا گرت بهوهی چۆن رێگه به خۆی دهدات ئهكادیمییهكان بخاته زیندانهوه؟ ئهوان رۆڵهی ئهم وڵاتهیان فێره خوێندن كردووه.
زیاتر له 1200 ئهكادیمیانی جیهانی، كه له ناویاندا ئهكادیمی توركیشی تێدایه، راپۆرتێكیان پێشكهش كردووه، داوا له حكوومهتی توركیا دهكهن به زووترین كات ئهو شهڕه رابگرێ، چونكه هۆكاری كوشتنی منداڵ و خهڵكی سڤیل حكوومهتی توركیا لێی بهرپرسیاره.
له دوێنێوه حكوومهتی توركیا دهستی به دهستگیركرنی ئهو ئهكادیمییه توركانه كردووه كه واژوویان لهسهر ئهو راپۆرته كردووه.
له 35همین كۆنگرهی خۆیدا ئهمڕۆ شەممە سهرۆكی جهههپه وتارێكی پێشكهش كرد، گوتی زۆر شهرمهزارییه بۆ توركیا كهسی ئهكادیمی بخاته زیندانهوه.
كلیچدارئۆغلو ئاماژهی دا كه مافی ئهوهت ههیه رهخنه له راپۆرتهكه بگرێت، یاخود پشتگیری له راپۆرتهكه نهكهی، بهڵام بۆت نییه ئهكادیمییهكان دهستگیر بكهیت. ههر ئهو ئهكادیمیانه بوون رۆڵهی ئهم وڵاتهیان پێگهیاند، شهرمهزارییه كه لهسهر بیری ئازاد دهستگیریان دهكهن.
له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا باسی لهوهش كرد "پێویسته لهسهر ههموو پارته سیاسییهكانی توركیا بهربهستی ههڵبژاردن نههێڵن، هیچی دیكه 10%ی دهنگهكان نهبێته پێوهر بۆ ئهوهی وهكو پارت بچیته پهرلهمانهوه".
16/1/2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، لەم ھەفتەیەدا سەردانە دیبلۆماسییە جیھانییەکانی بۆ چەند وڵاتێک دەست پێدەکاتەوە.
رۆژی شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا فەرەنسییەکان، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەم ھەفتەیە سەردانە دیپلۆماسییە جیھانییەکانی بۆ ھەریەکە لە وڵاتانی چین، کیمبۆدیا، سعودیە، لاوس و سویسرا دەست پێدەکات.
جۆن کێری ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە 23ـی ئەم مانگەدا یەکەم سەردانی بۆ وڵاتی سعودیە دەبێت و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، شەڕی ناوخۆیی سوریا و پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی عەرەبیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە و وڵاتانی کەنداو تاوتوێ دەکات.
دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای سعودیە، بڕیارە بچێتە سویسرا و لەوێوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆدەبێتەوە.
17/1/2017