بڕیارە رۆژی یەكشەممە 24-1-2016 سەرۆكی پەرلەمانەكانی 30 وڵاتی كۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی ئیسلامی بگەنە بەغدا و، سەرۆك پەرلەمانەكانی ئێران و توركیاش بەشداری دەكەن.
مستەفا گۆران، پەیامێنری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، چوار رۆژە لیژنەكانی پەرلەمانی وڵاتانی ئیسلامی دەستیان بە كارەكایان كردووە و، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا لەسەر ئاستی باڵا كۆتایی بە كارەكانی ئەم خولەی كۆنگرەكە بهێندرێت.
سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە سەرۆكایەتی ئەم خولەی پەرلەمانی ئیسلامی دەكات، لە گوتەیەكیدا لە شاری بەغدا ئاشكرایكرد، سەرۆكی پەرلەمانەكانی توركیا و ئێران بەشداری كۆنگرەكە دەكەن.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو چاودێرانی سیاسی لە بەغدا بەشداری سەرۆك پەرلەمانەكانی ئەو دوو وڵاتە بە پەیامێكی گرنگ بۆ پرسەكانی ناوچەكە و عێراقیش ناودەبەن.
پەرلەمانی ئیسلامی لە 54 وڵات پێكهاتووە، بەڵام بۆ كۆنگرەی ئەمساڵی 30 وڵات بەشداریان كردووە. تاوەكو ئێستاش هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین لە کۆبوونەوەکە بەشدارییان نەکردووە.
لەلایەكی دیكەوە، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەمەبەستی بەشداریکردن لە یازدەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانی ئیسلامی بەیاوەری شاندێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پێشوازی لێکرا.
یازدەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە چوارشەممەی رابردووەوە لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستیپێکردووە.
کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەمساڵی وڵاتانی ئیسلامی لەکاتێکدا لە عێراق بەڕێوەدەچێت کە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و سعودیە و دابەزینی نرخی نەوت، زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی بەخۆوە سەرقاڵکردووە.
24/1/2016
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی روسی، لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە رایگەیاند، کە کۆبوونەوەی نێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا، بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێفی پایتەختی سویسرادا، بۆ چەند رۆژێکی کەم دواخراوە. گینادی گاتیلۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ هەینی 22 ی کانوونی دووەم، بە ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی وڵاتەکەی راگەیاند : " بڕیارە کۆبوونەوەی نێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا سەبارەت بە پرسی ئاشتی لەو وڵاتەدا، بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رۆژی 27 یان 28 ی ئەم مانگەدا رێکبخرێت". سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوودا (25ی کانوونی دووەم)، گاتیلۆڤ بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، کە ناروونی لە پێکهێنان و رێکخستنی ئەو وەفدەی نوێنەرایەتیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات، هۆکاری سەرەکیی دواخستنی کۆبوونەوەکە بووە.
سەرچاوە : رۆیتەرز
23/1/2016
نوری مالیكی هۆشداریدا لە دەركەوتنی نیشانەكانی دابەشكردنی عێراق، "بەتایبەتی دوای شكستهێنانی پلانگێڕی كەوتنی بەغدای پایتەخت".
لە مەراسیمێكی تایبەتدا كە سەرایای خوراسان بۆ رێزگرتن لە كوژراوانی خۆی رێكیخستبوو، نووری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی گوتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا گوتی "چەكدارانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكان بۆ بەرگری لە عێراق قوربانی زۆریاندا و توانیان شكست بە هێرشەكانی داعش و پيلانگێڕی كەوتنی غدای پایتەخت بێنن".
مالیكی گوتیشی "بەخوێنی حەشدی شەعبی هەنگاوی یەكەمی پلانگیڕیمان پوچەڵكردەوە، دەبێ ئەمڕۆش قۆناغی دووەم تێپەڕێنین، كە خەریكە لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەكانی دابەشكردن و هەوڵەكانی پارچە پارچەكردنی عێراق نیشانەكانی دەردەكەون".
مالیكی جەختیشی لەسەر گرنگی داخستنی هەر دەروازەیەكی تایفی و داواكاری دابەشكردنی عێراق كردەوە.
سەركردە سیاسی و ئایینیەكانی عێراق بەردەوام هۆشداری لە بوونی پلانگێڕی دابەشكردنی عێراق دەدەن، كە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوایی داڕێژراوە, لە كاتێكدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە.
23/1/2016
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێ، دەبێت تورکیا نموونەیەکی باش بێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. رۆژی هەینی، 22/1/2016 جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئیستەنبوڵ گوتی، پێویستە تورکیا نموونەیەکی باش بێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پیشاندانی ئەو نموونە باشەش لەڕێگەی دیموکراسی بوونی تورکیایە.
ئەم لێدوانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و ئەکادیمیستێکی تورکیا. جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا ناتوانێت ببێتە نموونەیەکی باش بۆ وڵاتانی ناوچەکە و بۆ جیهانیش، ئەگەر بێت و ئازادیی رۆژنەماڤانی بەرتەسک بکاتەوە و، خەڵکانی ئەکادیمی بە خیانەتکردن لە وڵات تۆمەتبار بکات.
جۆ بایدن زیاتر گوتی "دەمانەوێت تورکیا نموونەیەکی بەهێزبێت بۆ تەواوی ناوچەکە. نموونەیەک بەهەموو ماناکانی دیموکراسی. ئێمە تەنیا دڵخۆش نین بە بوونی تورکیا و خەڵکی تورکیا وەک هاوپەیمانێک، بەڵکو زیاتر دڵخۆشین بە دەستکەوتەکانی تورکیا".
راگەیاندن بە هەموو جۆرەکانییەوە لە گوتەکانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی خرایەسەر. بایدن گوتیشی "کاتێک راگەیاندن دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، رۆژنامەڤانان لەسەر راپۆرتەکانیان زیندانی دەکرێن، ئازادییەکانی ئینتەرنێت سنووردار دەکرێن و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی وەک یوتیوب، تویتەر دادەخرێن، کاتێک زیاتر لە هەزاران ئەکادیمست بە خیانەتکردن تۆمەتبار دەکرێن، تەنیا بەهۆی واژۆکردنی داوانامەیەک، ئەو کاتە ئەمە نابێتە نموونەیەکی نموونەیی کە ناوچەکە پێویستیەتی".
گوتەكانی جۆ بایدن لە توركیا لەكاتێكدایە نێوبراو بە سەردانێكی دوو رۆژە لەو وڵاتەیە و بڕیارە رۆژی شەممە 23-1-2016 لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆمار و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
23/1/2016
رۆژی هەینی دوو بەلەم لە دەریای ئیجەدا نقوومبوون کە زۆربەی کۆچبەرەکانی سەریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، بەڵام لە شەواندا پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی ئەوانەی لە دەریادا دەخنکێن لە تورکیا دەوەستێت، بۆیە تاوەکو ئێستا تەرمی ژمارەیەکیان دەرنەهێندراونەتەوە.
دادی پزیشکی ئیزمیر باسی لەوە کردووە کە ئەوان بە پارە تەرمی ئەو کۆچبەرانە لەلای خۆیان دەهێڵنەوە، ئەگەر کەسوکاریشیان نەچن بەشوێن تەرمەکاندا ئەوا شارەوانی خۆی لە ئیزمیر دەیاننێژێت.
رەسەن رەمزی پەیامنێری رووداو لە ئیزمیر لەمبارەیەوە گوتی "ئێستا پزیشکی دادی لە ئیستەنبوڵ لیکۆڵینەوە لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانە دەکات کە رۆژی 22/1/2016 لە دەریای ئیجەدا نقوم بوون و تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە". گوتیشی "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 تەرم دەرنەهێندراونەتەوە".
پەیامنێری رووداو لە ئیزمیر باسیلەوەشکرد "کاتێک دونیا تاریک دەبێت پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمەکە گیانیان لەدەستداوە، دەوەستێت ".
کەسوکاری بەشێکی زۆر لەو کۆچبەرە کوردانەی لە دەریای ئیجەدا گیانیان لەدەستدا گەیشتوونەتە ئیستەنبوڵ و بەپێی گوتەی پەیامنێرەکەی رووداویش " ئەوان ئەمڕۆ دەگەنە ئیزمیر بۆ ئەوەی تەرمی ئەوانە وەربگرنەوە کە ناسنامەیان دیاریکراوە".
"پزیشکی داد لە ئیزمیر لەتوانایدا هەیە تەنیا چەند رۆژێک تەرمەکان لەلای خۆی بهیڵێتەوە، ئەگەر کەسوکاریان بەدەر نەکەوتن ئەوا تەرمەکان رادەستی پۆلیس دەکرێن و پۆلیس خۆیان دەیاننێژن".
رەسەن رەمزی باسیلەوەکرد "ناشتنی تەرمەکان لە ئەگەری بەدوادانەچوونی کەسووکاریان پڕۆسەی گواستنەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان سەختتر دەکات، کاتێک دواتر کەسووکاریان بەدواداچوونیان بۆ دەکەن، چونکە ئەو تەرمانە بەبێ ناسنامە دەنێژرێن بەمەش هەڵدانەوەی گۆڕەکان کارێکی سەخت دەبێت".
یەکیک لەو خێزانانەی دوێنێ لە دەریای ئیجەدا خنکان لە 10 کەس پێکهاتبوون کە زۆربەیان منداڵ بوون، تەنیا یەک منداڵ و ئافرەتێک رزگاریان بووە و، سێ تەرمیان وەرگرتووەتەوە و پێنج کەسی ئەو خێزانەش بێسەروشوێنن، کەسوکاری ئەو خێزانەش ئێستا لە ئیزمیرن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان.
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 22-1-2016، دوو بەلەمی كۆچبەران لەنێو دەریای ئیجە لەنێوان یۆنان و توركیا نقومبوون، كە 85 سەرنشینی باشووری کوردستانیان بەرەو ئەوروپا دەگواستنەوە.
ئامانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەو 85 هاونیشتمانییە تەنها 15 هاونیشتمانی رزگارکراون و 70کەسیان خنکاون و بێسەروشوێن بوون.
ئامانج عەبدوڵڵا گوتیشی " تائێستا تەرمی 23 کەس ناسراونەتەوە و زۆربەشیان خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون".
23/1/2016
هێزهكانی ئهمریكا خرانه ئهو پهڕی حاڵهتی ئامادهباشییهوه. ئهوهش لهدوای ئهوه دێت كه بهمهزندهی ئهمریكا تاقیكردنهوهی ئهم دواییانهی كۆریای باكور مهترسی و دڵهڕاوكێی له جیهاندا دروست كردووه.
سوپای ئهمریكا لهناوچهی لهچهك داماڵراوی نێوان ههردوو كۆریادا خرانه ئهوپهڕی ئامادهباشییهوه. كهتیبهی كیمیاوی 23 كه هێڵی یهكهمی بهرگرییه لهدژی هێرشی كیمیاوی و بیۆلۆژی و ئهتۆمی خۆی بۆ ههر ئهگهرێكی نزیك ئاماده كردووه.
ئهركی سهرهكی ئهو تیمهی ئهمشهو بریتی دهبێت له پشكنینی گهنجینهیهك لهژێر زهویدا كه لهڕابردوودا چهكی ئهتۆمی تێدا ههڵگیراوه. بهگوتهی شارهزایانی ڕهوشهكه، ههڕهشهكه جیدیه.
خاڵی پۆزهتیڤی نێو ئهم ئامادهسازییه، كهبریتییه لهمهشقێك لهژێر زهویدا، لهوهدا قهتیس دهبێت كه زۆربهی دامهزراوه ئهتۆمییهكانی كۆریای باكور لهژێر زهویدان. دوور لهچاوی مانگه دهستكردهكان و فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكان.
ئهو یهكهیهی سوپای ئهمریكا، ئهركی ههمیشهییان مامهڵهكردنه لهگهڵ مهترسیه ئهتۆمییهكاندا، هاوكات لهمهترسیدارترین خاڵی سهر زهویدا دانراون.
ئهو هێزه مادهی یۆرانیۆمیان دۆزیوهتهوه كه پێیان وایه سوپای كۆریای باكور بهكاری هێناوه.
كهتیبهكه ڕایگهیاند: " دهبێ ڕهچاوی ههموو ئهو زانیاریانه بكهین كه ههواڵگری پێمان دهدات، تاكو مهشقهكهمان سهركهوتووبێت و، ههروهها بۆ ئهوهی ئامادهبین بۆ ههرشتێك كه لهگۆڕهپانی جهنگدا بهكاری بێنن".
لهبهر ئهوه دانانی ئهو كهتیبهیه لهخاكی كۆریادا كارێكی زۆر پێویسته. تاكو لهههر چركهیهكدا ئامادهی جوڵهبن.
بهسهرنجدان لهكۆریای باكور و بهرزی و نزمییهكانی ڕووكاری خاكهكهی، پسپۆڕان پێیان وایه دامهزراوهكانی لهژیر زهویدا دروست كردووه.ههندێ جار وهك گهنجینهی چهك و تهقهمهنی بهكاردههێنرێت.
دروشمی ئهو یهكهیهی سوپای ئهمریكا ئهوهیه(ئامادهین ئهمشهو بجهنگین) ئهوه وهڵامی سوپای ئهمریكادهبێت بۆ ههر جوڵهیهكی نهخوازراوی كۆریای باكور.
23/1/2016
تیمی "سوارچاكهكانی ڕووس" كه بڕیاربوو بهشداری بكهن له پێشانگای فڕۆكهوانی بهحرهیندا، بههۆی ئهوهی ئێران ڕێگهی نهدا بهئاسمانی ئهودا بگهنه بهحرهین نهیانتوانی بهشداری بكهن.
سهرچاوهیهك له باڵیۆزخانهی ڕووسیا لهبهحرهین به ئاژانسی"نۆڤۆستی" ڕووسی ڕاگهیاند: " تیمهكه خۆیان بۆ بهشداری كردن ئامادهكردبوو، بۆ ئهو مهبهسته گهیشتبوونه شاری ئیستراخان، بهڵام بههۆی ئهوهی ئێران مۆڵهتی فڕینی بهئاسمانی خۆیدا پێنهدان، نهیانتوانی بهشداربن".
شیاوی باسه له 2010وه ئهو تیمه بهشداری لهو نمایشهدا دهكهن، ئهمه یهكهمجار ڕێگرییان لێ بكرێت.
بهگوتهی "ئیگۆر كلیمۆف" پێشتر گوتبووی: " سوارچاكهكانی ڕووس لهو نمایشهدا چالاكی نوێ به فڕۆكهی قورسی سۆ-27 پیشان دهدهن".
بهگوێرهی سهرچاوهكانی زانیاری، لهئێستادا ناكۆكیی لهنێوان ئێرانی و ڕووسییهكان لهناوچهكهدا سهری ههڵداوه بههۆی نادڵنیایی ئێرانهوه لهجوڵهكانی ڕووسیا لهسوریادا، ئێران بهچاوی گومانهوه تهماشای پشك وڕۆڵی خۆی دهكات لهسوریادا لهدوای هاتنی ڕووسیا بۆنێو شانۆی گۆڕانكارییهكان. بۆیه چاودێران پێیان وایه ئهو ڕێگری كردنهش بهشێكه لهو ناكۆكییهی ئێستا سهری ههڵداوه لهنێوان ئهو دوو هێزهدا.
23/1/2016
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە. داواش لە سەرکردەکانی جیهان دەکات دان بە شکستی رێککەوتنی سایکس-پیکۆدا بنێن و بیر لە رێککەوتنێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەنەوە.
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای بەریتانی، بارزانی هانی سەرکردەکانی جیهان دەدات رێککەوتنێکی نوێ بکرێت کە رێگە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان خۆش بکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەشبینیشە بەوەی کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریکە دێتە سەر ئەو بڕوایەی کە هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا تازە بە یەکگرتوویی نامێننەوە و سەلما کە سیستمی "پێکەوەژیانی بە زۆرەملێ" لە ناوچەکەدا هەڵەیە".
ئەمساڵ یادی سەت ساڵەی واژۆکردن و کۆتاییهاتنی رێککەوتنی سایکس-پیکۆیە، کە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیادا بۆ نەخشەڕێژکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واژۆکرا. بارزانی لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە گوتی: "سەرکردەکانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ کۆتاییهاتووە. چ ئەوان ئەوە بڵێن یان نەیڵێن، چ ئەوە پەسند بکەن یان نا، راستییەکانی سەر ئەرزی واقیع ئەوە دەسەلمێنن، بەڵام ئاشکرایە کە دیپلۆماتکاران کەسانی موحافیزەکارن و هەڵسەنگاندنەکانیان لە قۆناخی کۆتاییدا ئاشکرادەکەن"، بەڵام وەک بارزانی باسیدەکات "هەندێکجاریش دیپلۆماتکاران توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ پێشهاتە نوێکاندا نییە".
بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ میدیای بەریتانی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هێشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بەو جۆرەی ئێستای، هۆکارە بۆ دابەشبوون و وێرانی زیاتری هەموو ناوچەکە".سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستانیش، بارزانی گوتی: "سەربەخۆیی کوردستان، کە بۆ چەندین دەیە چەقی هیوا و ئومێدی کورد بووە و بەتووندی لەلایەن دراوسێکانییەوە لە ناوچەکەدا دژایەتیی دەکرا، ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکترە".
بۆیەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات "هێزە هەرێمی و جیهانییەکان کار بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێ بکەن کە تێیدا پێکهاتەکانی عیراق و سووریا بپارێزرێن. چونکە دابەشبوون لەو کۆمەڵگەیانەدا لایەنی کۆمەڵایەتی و ئایینی و تایفەگەری گرتووەتەوە"، ئەمەش وەک بارزانی باسیکرد دەرهاویشتەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆیە و گوتی: "هیچ لۆژیکی نییە ئەزمونێکی هەڵە دووبارە بکرێتەوە کە بۆ ماوەی 100 ساڵ دووبارە بووەوە و بە هیچ نەگەیشت".
سەبارەت بە دابەشبوونی عێراقیش بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت: "ئێستا عێراق خەریکە دابەش دەبێت. ئێمە بەرپرس نین لەو دابەشبوونە. بە پێچەوانەوە، وەک کورد، هەوڵێکی زۆرماندا بۆ پاراستنی یەکێتیی عێراق و پرۆسەی دیمۆکراسی. هەروەها ساڵی 1991 ئێمە روومانکردە حکومەتی عێراق و دانوستانمان لەگەڵ ئەو تاوانبارانەدا ئەنجامدا کە بەرپرس بوون لە بۆمبارانکردنمان بە چەکی کیمیایی و هەڵمەتی ئەنفال لەدژی کورد".
بارزانی ئەو داوایانەش بە ناڕاست دەزانێت کە دەڵێن پێویستە لە عێراق پرۆسەیەکی لێبووردەیی هاوشێوەی باشووری ئەفریقیا دووبارەبکرێتەوە. چونکە وەک بارزانی باسیدەکات: "کورد بەر لە باشووری ئەفریقیا بەو ئەزموونەدا تێپەڕین. دوای ساڵی 2003یش روومان کردەوە بەغدا و ئەو پەڕی هەوڵی خۆماندا بۆ ئەنجامدانی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لەڕێگەی دەستوورەوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە لە عێراق کولتووری پێکەوەژیان نەماوە. کاتێک نەشتوانین پێکەوە بژین، باشتر وایە بەدوای بژارەی دیکەدا بگەڕێین".
22/1/2016
لە ناو شاری سلێمانی، لە لایەن چەند کەسێکەوە تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کرا.
”فارس نەورۆلی“، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، سەعات 10:20 دەقیقەی ئەمشەو (پێنجشەممە 21\1\2016)، لە لایەن چەند کەسێکەوە تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کراوە، بەبێ ئەوەی تەقەکردنەکە هیچ زیانێکی لێکەوتبێتەوە.
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە تەقەکان لە نێو 2 ئۆتۆمبێل لە جۆری (تویوتا - ئەڤەڵۆن) و (نیسان - ئاڵتیما) (ئەڤەڵۆنی ڕەش و ئاڵتیما)وە ئاراستەی بارەگاکە کراون، بەبێ ئەوەی پاسەوانەکانی ئەو بارەگایە هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێت. گوتیشی: ”هۆکاری نەبوونی کاردانەوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایشی سلێمانی لە نزیک بارەگاکە جێگیر کراوە، کەچی ئەوانیش فریای ئۆتۆمبێلەکان نەکەوتوون و هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بۆ شوێنێکی نادیار ڕایان کردووە“.
بە گوتەی فارس نەورۆلی، ئەمە بۆ 21ەمین جارە تەقە لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەکرێت و ئێستاش هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، گەیشتوونەتە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
22/1/2016
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبووەوە و باسی دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرا.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 21-1-2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جەنەراڵ لۆید ئۆستن، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و راوێژكارە باڵاكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی داعش لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و شوێنەكانی دیكە و، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و كاریگەریی ئەو سەركەوتنانە گفتوگۆی لە سەركرا.
ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا كرا، كە لە سەر راسپاردەی بارزانی سەردانی ئەمریكایان كردبوو و ئەنجامەكانی ئەو سەردانە بە سوودبەخش وەسف كرا و، "بە لەپێشچاوگرتنی قەیرانی ئابووری جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان كرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ نەهێشتنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".
شاندی ئەمریكا ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگەی كرد و، هەردوو لا جەختیار لە سەر ئەوە كردەوە پێویستە دۆستانی كوردستان یارمەتی خەڵكی كوردستان بدەن لە تێپەڕاندنی قەیران و كێشەكاندا.
هەر لەو كۆبوونەوەیە باس لە بایەخی كۆنترۆڵكردنەوە موسڵ لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی داعش كرا و هەروەها ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان لە ڕوویەڕووبوونەوەی داعش و كاریگەربوونی هەماهەنگیی ورد لە وەدەستهێنانی سەركەوتنەكان تاوتوێكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
22/1/2016
وەزیری دەرەوەی ئێران نیازپاكی وڵاتەكەی بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە دەربڕی و رایگەیاند، ئێران و ئەمریكا كە زیاتر لە 30 ساڵە دوژمنن گەیشتوونەتە رێككەوتن، كەواتە چۆن لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ناوچەكە "كە یەكدی بە خوشك و برا ناودەبەین ناگەینە رێككەوتن".
جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا بەشداری لە پانێلێكدا كرد و، ئاماژەی بە رێككەوتنی ئەتۆمی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك كرد، بە سەرۆكایەتی ئەمریكا.
جەواد زەریف، كە لەگەڵ جۆن كیری هاوتا ئەمریكییەكەی، بە ئەندازیاری گەیاندی واشنتن و تاران بەو رێككەوتنە مێژووییە دادەنرێن، رایگەیاند"رێككەوتنەكە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیەی پەیامی خۆی هەبوو".
لەبارەی پەیامە جیهانییەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، زەریف رایگەیاند "ئەو رێككەوتنە سەلماندی ئەگەر ئارامگرتن و گفتوگۆی بەردەوام هەبێت، ئەوا دیپلۆماسییەت سەركەوتن بەدەستدەهێنێت، لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا وەفدە دانووستاندكارەكان ئەوەیان سەلماند".
زەریف ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران لەڕێگەی ئەو رێككەوتنەوە دەيسەلمێنێت بۆ جیهان، كە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بۆ ئامانجی ئاشتییە و نابێتە مەترسیی بۆ سەر هیچ وڵاتێك.
گوتیشی "رێككەوتنە لەڕووی سیاسيی و ئابوورییەوە قازانجی بۆ هەموو وڵاتان دەبێت، چونكە گەمارۆكانیش هەڵدەگیرێن".
لەبارەی پەیامە ناوچەییەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی كە رۆژی 14-7-2015 لە جنێف ئەنجامدرا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو رێككەوتنە نیشانیدەددات، كە چارەسەری كێشەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە مایەی ئەستەم نییە، چونكە وەك خۆی گوتی "ئەگەر ئێران و ئەمریكا كە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە دووژمنی یەكدین بتوانين رێككەوتن ئەنجامبدەين، ئەوا وڵاتانی ناوچەكە، كە یەكدی بە خوشك و برا ناودەبەين و، ئاین، كلتور و بەهای هاوبەشمان هەیە، چۆن ناتوانن بگەينە چارەسەر".
پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتانی كەنداو بەگشتی و سعودیەيه بەتایبەتی، كە بەهۆی قەیرانی سووریا، عێراق و یەمەن پەیوەندییەكانیان گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی.
لەكۆتایی گوتەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مەترسیەكانی گرووپە چەكدار و تووندئاژۆكان كرد و رایگەیاند، مەترسیی ئەو گرووپانە لەسەر وڵاتانی ناوچەكە نییە، بەڵكو لەسەر هەموو جیهانە، چونكە كردەوە تیرۆریستییەكان پاریس، سان بێرنادینۆ، مۆسكۆ، جاكارتا و ئیسلامئاباد و چەندین وڵاتی دیكە دەكەنە ئامانج.
بەگوتەی زەریف چیدیكە گرووپە تووندئاژۆكان تەنها مەترسی نین لەسەر وڵاتانی ناوچەكە، بەڵكو مەترسین بۆ سەر تاك بە تاكی جیهان.
21/12016
بەرپرسانی باڵای چین و سعودیە رایانگەیاندووە، کە بڕیاریانداوە پەیوەندییەکانیان لە پەیوەندیی ئاساییەوە بگۆڕن بۆ ”هاوبەشی ستراتیژی“.
لە بەیاننامەیەکدا، کە دوای کۆبوونەوەی ”شا سەلمان بن عەبدولعەزیز“، شای سعودیە و ”چی جینگ بینگ“، سەرۆکی چین بڵاوکراوەتەوە، راگەیەندراوە، کە هەردوو سەرۆک و شا پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کولتووری، مرۆڤایەتی، سەربازی، ئاسایشی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کردووە، وێڕای تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانیان لە بواری وزەدا.
بەپێی بەیاننامەکە، کە میدیا سعودییەکان نێوەڕۆکەکەیان بڵاوکردووەتەوە، هەردوو وڵات ئارەزوو دەکەن هاریکارییەکانیان زیاتر بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاریان داوە پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن و بیگۆڕن بۆ پەیوەندیی ”هاوبەشی ستراتیژی“ و لە شەش بواردا بە تایبەت بوارەکانی سیاسی، وزە، زانستی و ئاسایشی هەماهەنگییەکانیان پتەوتر بکەن.
21/1/2016
رۆژی 19ی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك لە رۆژمێری ئێراندا بە رۆژی هەوای پاک ناسراوە. مەبەست لە تەرخانکردنی رۆژێک بەوناوە ئەوەیە خەڵک بەشداربن لە چارەسەرکردنی پرسە ژینگەییەکان.
رۆژی هەوای پاک لەکاتێکدا لە ئێران بەڕێکرا کە هەوای شارە گەورەکانی ئێران و چەند شار و ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پیسە و خەڵک دەڵێن کێشەی ژینگەییان هەیە.
ساڵیادی ئەو رۆژە لەكاتێكدایە قوتابخانەکانی تاران بۆ دووەمین رۆژی بە دوای یەکدا، لەبەر پیسی هەوا داخران، سەرۆككۆماری ئێرانیش دان بەوەدا دەنێت، كێشەی ژینگەییان هەیە.
حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت "ئێمە وڵاتێکین کە کێشەی زۆرمان هەیە و لە دۆخێکداین کە پێمان گوتراوە زووتر لە کاژێر 10 بۆسەر کار نەچین. ئەمە مانای ئەوەیە کە کێشەی ژینگەمان هەیە و کێشە ژینگەییەکانیش بە درووشم چارەسەر نابن".
ماوەی چەند ساڵێکی خۆڵبارینەکان لە رۆژهەڵاتی کودستان هۆکارێکی گرنگی پیسی بووە.
پیسی هەوا ئێستا تەنیا تایبەت بە شارە گەورە پیشەسازییەکان نییە. تەنانەت لەمڕۆژانەدا هەوای شاری بۆکان گەیشتە ئاستی هۆشدار. ئەوەش واتە کێشەی ژینگە کێشەی هەمووانە. لە ناوەندی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخ ئێجگار پڕمەترسیترە.
لە شاری ورمێ لە 9 مانگدا تەنیا 30 رۆژ گونجاو بووە لە دەرەوە بگەڕێیت، هەموو رۆژەکانی دیکە رەوشی هەوا مەترسی بۆسەر تەندروستی هەبووە. هاوكات رەوشی کەشوهەوای کرماشان لە 10 مانگی رابردوودا 32 رۆژ پیس بووە.
هەوای 64 رۆژی ئیلام لە ئاستی مەترسیدا بووە. بەرپرسێکی ژینگەپارێزیی ئیلام، ئەوە بە کەموێنە لە قەڵەمدەدات.
20 ساڵ پێش ئێستا لە ئێران 19ی كانوونی دووەم وەک رۆژی هەوای پاک دیاریکرا، بۆ ئەوەی خەڵکیش بەشیک بێت لە چارەسەری رەوشی ژینگە.
تەنانەت دارستانەکان کە هۆکارێکی گرنگی پاک ڕاگرتنی ژینگەن، خۆیان بوونەتە هۆکاری پیسیی ژینگە. سووتانی دارستانەکان نەتەنیا کێشەیەکی ژینگەییە، بەڵکو بڕێکی زۆر ماددە پیسکەرەکانیش تێکەڵ بە هەوا دەکات. هەڵبەت کێشەی گەورەی شارەکان ئۆتۆمبێلەکانن. لە شاری کرماشان نزیک بە 80 لەسەدی هۆکاری پیسی ژینگە ئۆتۆمبێلەکانن.
21/1/2016
مامۆستايهكى ههڵهبجه بۆ ساڵی 2015 يهكهمى باشوورى كوردستان بووه له قورئانخوێندندا و ههشتهمى عێراقيش بووه.
گۆران مهعروف، قورئانخوێنێكى نێودهوڵهتيیه و خهڵكى پارێزگاى ههڵهبجهيه و تاوهكو ئێستا بهشدارى له شەش ڤێستیڤاڵى نێودهوڵهتى خويندنهوهى قورئان كردووه له ناوهوه و دهرهوهى باشوورى كوردستان. له ساڵى 2013، يهكهمى باشوورى كوردستان بووه له قورئان خوێندندا.
ئەو قورئانخوێنە سەبارەت بەوەی خەڵکی هەڵەبجە ناوبانگیان هەیە بە دەنگخۆشی دەڵێت، “كۆمهڵێك گهنجم لايه دهنگيان زۆر خۆشه، بهڵام ڕاهێنانيان پێنهكراوه، ئهگهر ڕاهێنانيان پێبكرێت لهم بوارهدا گهنجى زۆرمان هەیە”.
ميهرهيان حهمهسهعيد، مامۆستاى پێدانى مۆڵهتى خوێندنى قورئان، دەڵیت” گهنجهكانى ئێمه جياوازن له شارهكانى تر، پۆلێكى زۆر له قوتابيانى شارهكهم بهڕێگهوهن له كوڕان و كچان كه دهبنه مايهى دڵخۆشى “.
چهند ساڵێكه قورئانخوێنهكانى باشوورى كوردستان،گهشتونهته هاوشانى قورئانخوێنهكانى جيهان و بهشدارى چهند فێستفاڵێكى نێودهوڵهتى قورئانخوێندنیان کردووە كه ههندێكيان له دهرهوهى باشوورى كوردستانن.
21/1/2016
لیوا"محهمهد عهلی جهعفهری" فهرماندهی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ههڕهشهی ئهوهی كرد كه سیناریۆو ههوڵهكانی دابهشكردنی عێراق و سوریا پوچهڵ دهكهنهوه.
جهعفهری لهكۆنگرهی شهشهمی "غهزه سیمبولی مقاوهمهت"دا گوتی: " كۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایه پرۆژه و سیناریۆكانی دابهش كردنی عێراق، پرۆژهی ئهمریكا و جولهكهن و بهدڵنیاییهوه ئهو سیناریۆ پوچهڵ دهكاتهوه".
لهبارهی ڕهوشی سوریاشهوه ئهو فهرمانده باڵایهی سوپای پاسداران گوتی: " ڕووداوهكانی عێراق و سوریا، هێرشكردنی داعش بۆ سهر سوریا، لهپێناوی لهناوبردنی دهستهڵاتی سوریادا بوو كه ههماههنگه لهگهڵ كۆماری ئیسلامیدا، ههروهها بۆ دابهشكردنی عێراق بوو".
ئهمڕۆ لهتاران كارهكانی كۆنگرهی "غهزه سیبمولی مقاوهمهت" دهستیان پێكرد، كهتیایدا بهرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارهیهكی زۆر له گرووپه فهلهستینییهكان بهشداری دهكهن.
21/1/2016