سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و داوای کرد، کەسێکی دیکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپێردرێت.
کەمێک پێش ئێستا (هەینی 25\6\2016)، دیڤید کامیرۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بە شێوەیەکی فەرمی، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و داوای کرد، تا مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو (10\2016)، کەسێک بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دابندرێت. هاوکات کامیرۆن جەختی لەوە کردەوە کە هەرچییەکی لەدەست بێت بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەنجامی دەدات.
ئەمە لە کاتێک دایە کە چەند سەعاتێک لەمەوبەر، فلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕای گەیاندبوو، سەرەڕای شکستهێنانی هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی خەڵک، تاوەکوو دەنگ بە مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بدەن، بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە. بۆیە میدیا جیهانییەکان بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەکەی کامیرۆن بە لەناکاو دەزانن.
24/6/2016
مهسعود بارزانی ، سهرۆكی ههرێمی كوردستان له نوێترین پهیامی خۆیدا دهڵێ هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی.
ئهمڕۆ پێنجشهممه(23-6-2016) مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان پهیامێكی سهبارهت به پرسی سهربهخۆیی كوردستان و مافی چارهنووسهوه بڵاوكردووهتهوه و لهبهشێكیدا هاتووه" ئەمڕۆ پێگەی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسۆیەكی ڕوونی هەیە و، لە شەڕی تیرۆریش بە هەوڵ و كۆششی پێشمەرگە قارەمانەكان و لەسایەی خوێنی شەهیدانمان و بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پشتیوانیی هاوپەیمانان، سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە و تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون بەڵام مەترسییەكەیان هەر ماوە.هاووڵاتیانی كوردستانبۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە".
ئهمهی خوارهوه دهقی پهیامهكهی سهرۆكی ههرێمی كوردستانه:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان جەماوەری خۆڕاگری كوردستان هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دۆخی ناوچەكە بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت و بە هەموو لێكدانەوەیەك گۆڕانكاریی گەورە لە ئارادان. گەلی كوردستان و ئەزموونەكەیشی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، ناكرێت ئەو دەرفەتەی ئەم جارە بۆ گەلەكەمان هاتووەتەپێش، لەدەستی بدەین. ئەمڕۆ پێگەی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسۆیەكی ڕوونی هەیە و، لە شەڕی تیرۆریش بە هەوڵ و كۆششی پێشمەرگە قارەمانەكان و لەسایەی خوێنی شەهیدانمان و بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پشتیوانیی هاوپەیمانان، سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە و تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون بەڵام مەترسییەكەیان هەر ماوە. هاووڵاتیانی كوردستان بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە.بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی هەموو هێز و لایەنەكان دەكەم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەم بابەتە ئەنجام بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو و بۆ ئەوەیش دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم پەیوەندی بە هەموو لایەكانەوە دەكات.
مسعود بارزانی23ـی 6ـی 2016
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە هەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا كارێكی ئاسان نییە و بە زەحمەتی دەزانن پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2011، ئەگەریش پەیوەندییان ئاسایی ببێتەوە كار لە دەستكەوتەكانی كورد ناكات.
ماوەیەكە سەرچاوەكانی هەواڵ ئاماژە بە هەوڵی حكومەتی توركیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا. رۆژی 17ی ئەم مانگە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی ئاكپارتی رایگەیاند: "هێشتا ئەسەد بكوژە. خەڵكەكەی ئەشكەنجە دەكات. لەم رووەوە هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە. بەڵام ئەو پشتگیری لە ئۆتۆنۆمی كورد ناكات. لەوانەیە حەز لە چارەی یەكدی نەكەین، بەڵام لەو رووەوە هەمان سیاسەت پەیڕەو دەكەین".
بەگوێرەی سەرچاوەكان هەوڵێكی هەرێمی لە ئارادایە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی توركیا لەگەڵ سووریا. ئیدریس نەعسان، چاودێر و توێژەری سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان پێیوایە هەوڵێكی ناوچەیی بۆ زیندووكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا – سووریا هەیە.
نەعسان بە (رووداو)ی گوت "لەماوەی رابردوودا قسەیەكی زۆر لەبارەی هەوڵی جەزائیر بۆ نێوبژیوانی لەنێوان هەردوولا كرا". نەعسان پێیوایە زیندووكردنەوەی رێككەوتننامەی جەزائیر جارێكی دیكە زۆر زەحمەتە "ئەوە پەیوەستە بە هاوسەنگیە ناوچەییەكان و پلانی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ رێكخستنەوەی بەرژەوەندییەكان بە گوێرەی هاوسەنگیی نوێ لە ناوچەكەدا".
دەبێت توركیا قوربانی بدات
دوای ئەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا شوێنی باوكە كۆچكردووەكەی گرتەوە، پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە بەخێرایی بەرەوپێش چوو، تا رووداوەكانی ئاداری 2011، سووریا و توركیا چەندین رێككەوتنامەی ئابووری، بازرگانی و سیاسییان واژۆ كرد. كار گەیشتە ئەوەی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات هەڵگیرا، بەڵام دەستپێكردنی راپەڕینی سووریا و گۆڕینی ئاراستەی راپەڕینەكە بۆ شەڕی چەكداری، پەیوەندی توركیا – سووریای پێچەوانە كردەوە. ئەردۆغان بووە دوژمنێكی سەرسەختی ئەسەد و لە هەموو بۆنەیەكدا جەختی لەسەر لادانی ئەسەد لە دەسەڵات دەكردەوە.
محەممەد جیهاد توێژەر لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی (SAMER) دەڵێت: "پەیوەندیی توركیا و سووریا بەهۆكاری ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ئاینی تێكنەچووە. بەهۆی هەڵوێستی بەرژەوەندیخواز و هەلپەرستی توركیاوە خراپ بووە، بۆیە دەبێت پرسیاری ئەوە بكەین كە ئایا بەرژەوەندیی هاوبەشی توركیا و سووریا چییە؟".
محەممەد جیهاد سەبارەت بە ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندی لە نێوان توركیا و سووریا دەڵێت "ئەگەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان بۆ دەسەڵاتی ئاكپارتی و لەوەش گرنگتر بۆ دواڕۆژی ئەردۆغان و بەرژەوەندییەكانی سوودی هەبێ، ئەوا پەیوەندییەكان ئاسایی دەبنەوە".
بەڵام جیهاد پێیوایە پڕۆسەی ئاساییكردنەوە ئەوەندە ئاسان نابێت "ئاساییكردنەوە لە ماوەیەكی كورتدا زەحمەتە. ئەگەر توركیا بخوازێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا ئاسایی بكاتەوە، چانسی ئاساییكردنەوە بە ئاسانی بەدەست نایەت. توركیا ناچارە ماوەیەكی درێژ هەوڵ بۆ ئەمە بدات و قوربانی بدات".
دوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی توركیا و سووریا، سیاسەتی دەرەوەی توركیا تووشی كورتبینی بوو بەتایبەتی لەئاستی نێودەوڵەتی. ئۆباڵی بەهێزبوون و بەرفراوانبوونی پێگەی داعش لە سووریا لەنێو رای گشتیدا خرایە ئەستۆی توركیا.
سەڤاش گەنج مامۆستای زانكۆی فاتیح و پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی پێیوایە خوێندنەوەی هەڵە بۆ رووداوەكانی سووریا و حیساب نەكردن بۆ مانەوەی ئەسەد توركیای خستە نێو زەلكاوێك كە دەرچوون لێی زەحمەتە.
سەڤاش بە (رووداو)ی گوت "لەلایەك پەكەكە بووە خاوەن دەسەڵات و ناوچەیەكی دروستكرد، لەلایەكی دیكە توركیا ناچار بوو سێ ملیۆن پەنابەر قبوڵ بكات، هەروەها بەهۆی رەوشی نائارامی سەر سنووری توركیا بازرگانی و گەشتیاری تووشی داڕمان بوو".
ئەوەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی توركیا و سووریا زەحمەتر دەكات، تێكچوونی پەیوەندیی توركیایە لەگەڵ رووسیا. سەڤاش گەنج پێیوایە ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریا پەیوەستە بە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ رووسیا "بۆ ئەوەی ئەنقەرە لەگەڵ رووسیا ئاشت ببێتەوە، بۆ ئەوەی لە سووریا سەقامگیری هەبێ، بۆ ئەوەی ناوچەی پەكەكە مەترسی كەمتری لەسەر توركیا هەبێ، توركیا ناچارە دان بە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بنێ".
توركیا لە كورد تۆقیوە
هەوڵی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا ناچارییە. بارودۆخی ناوخۆی سووریا، گۆڕانی هاوسەنگییە سەربازی و سیاسیەكان، تادێت زیاتر پێگەی توركیا لاواز دەكات، توركیا لە پڕۆسەی سیاسی نێو سووریادا رۆڵی زۆر لاواز بووە، ئەگەر نەڵێین بەتەواوەتی نەماوە.
سەردار یڵدرم، مامۆستای زانكۆی ئەرتوكلو لە ماردین و توێژەر لەبەشی كۆمەڵناسی پێیوایە بەعس لە دەسەڵات دەمێنێتەوە و ئەگەریش هەیە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وەكو لایەنێكی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردن بكات "شەڕ گەیشتووەتە بنبەست. سووریا، رووسیا و ئێران سەرەڕای ئەو هێزەی هەیانە بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو نەیانتوانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەنێوببەن. ئۆپۆزیسیۆن سەلماندی بەلانیكەم دەتوانێ درێژە بە شەڕی گەریلایی بدات. توركیا، سعودیە و قەتەر و دژبەرانی دیكەی پارتی بەعس تێگەیشتن كە ناتوانن رژێم بڕووخێنن، ئەمریكاش ئامانجێكی لەو جۆرەی نییە. لەم ئاستەدا دەتوانن لەگەڵ یەكدی سازش بكەن".
ئەگەرچی یڵدرم پێیوایە تاكە هۆكار بۆ هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و سووریا مەسەلەی كورد نییە بەڵكو بە بنبەست گەیشتنی شەڕە، بەڵام پێشیوایە دەسكەوتەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان هەندێك لە دەوڵەتانی ناوچەكەی ترساندووە، بۆیە هەوڵەكانیان بۆ لەناوبردنی دەخەنەگەڕ "دوای راگەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992، توركیا، ئێران و سووریا میكانیزمی سێ قۆڵییان دروستكرد. ئەمڕۆ هەمان مەسەلە بۆ كوردی سووریا دووبارە دەبێتەوە".
هەروەها دەڵێت ئەگەر پەیوەندییەكانیش ئاسایی ببنەوە، ناچنەوە پێش ساڵی 2011.
دەستكەوتی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، توركیای زیاتر لە سووریا نیگەران كردووە. بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی توركیا لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا رێگرتنە لە دەستكەوتەكانی كورد.
ئیدریس نەعسان لەوبارەوە دەڵێت "كورد بەو رۆڵە میحوەریەی دەیگێڕێ لە توانایدایە هاوسەنگییەكان بپارێزێ، كورد توانی پشتگیری و هاوكاریی نێودەوڵەتی تاوەكو ئاستێكی باش بەدەستبێنێ. ئەوەش ئەگەری قوربانیدان بە كورد و بەكارهێنانیان وەكو سەرباز زۆر كەمتر دەكاتەوە ئەگەر نەڵێین هەر نایهێڵێت".
سەڤاش گەنج مامۆستای زانكۆش پێیوایە هەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا كاریگەریی لەسەر كورد نابێ "كورد لەنێو سیستەمی نێودەوڵەتی رەوایەتی بەدەستهێناوە كە هیچ كاتێك بەمشێوەیە نەبووە. چونكە شەڕی داعش دەكات. نزیكبوونەوەی توركیا لە ئەسەد و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا كاریگەری نەرێنی لەسەر كورد نابێ. رەنگە جارێكی دیكە (سیستەمی چاودێری لەسەر سنوور) بۆ پەكەكە دروست بكرێت. جگە لەمە گۆڕانكاری گەورە روونادات".
بەڵام سەردار یڵدرم پێیوایە ئەوەی كورد لە سووریا بەدەستی هێناوە هێشتا نەبووەتە دەستكەوت "بۆ ئەوەی ئەوانە ببنە دەستكەوت پێویستە دەوڵەتی ناوەندی دانیان پێدا بنێت. حیزبی بەعس تا ئێستا ئەو ئیعترافەی نەكردووە".
23/6/2016
کاژێر 9 بەکاتی هەولێر و 7 بەکاتی لەندەن لە رۆژی پێنجشەممە 23-6-2016، سندووقەکانی گشتپرسی تایبەت بە پرسی مانەوە یان چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەڕووی بەریتانییەکان بۆ وەرگرتنی دەنگەکانیان کرانەوە .
لەدوای 4 مانگ لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ گشتپرسی تایبەت بە دیاریکردنی چارەنووسی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا، سندووقەکانی دەنگدان لە 382 ناوچەی بەریتانیا بەڕووی زیاتر لە 46 ملیۆن دەنگدەری بەریتانی لەنێوان کاژێر 7-ی بەیانی تاوەکو کاژێر 22-ی شەو بەکاتی بەریتانیا دەکرێنەوە.
گشتپرسی بریگزت سێیەمین گشتپرسییە کە لە بەریتانیا ئەنجام دەدرێت و راپرسە سەرەتاییەکانی چەند کاژێر بەر لە دەستپێکردنی دەنگدان، جیاوازییەکی کەم لەنێوان لایەنگران و دژەکانی بریگزت پیشان دەدەن.
ئاڵا شاڵی نێردراوی رووداو لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان لە گشتپرسییەکەی بەریتانیا لە بەردەم یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان پرسیاری لە دەنگدەران کرد بەوەی دەنگیان بە مانەوە داوە یان جیابوونەوە.
یەکێک لە پشتیوانەکانی مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا گوتی: "من دەمەوێت لە یەکێتی ئەوروپا بمێنمەوە، چونکە باشترە بۆ ئابووری و سەلامەتی خۆمان، ئێمە پێمانوایە کە بەشێکبین لەو 28 وڵاتە، بەڵێ هەر ئەمڕۆ دەنگ دەدەم و لە بەیانییەوە دەستم بە کەمپین کردووە".
ئەو هاووڵاتییە بەریتانییە گوتی: "پێمباشە لێرەوە هانی هەموو بەریتانییەکان بدەین کە لە یەکێتی ئەوروپا بمێنینەوە، پێموایە چوونە دەرەوە زۆر ترسناکە، بۆیە دەمەوێت هانی خەڵک بۆ مانەوە بدەم".
بەڵام هاووڵاتییەکی دیکە بەپێچەوانەی چەند دەنگدەرێک کە بە مانەوە دەنگیان دابوو، گوتی: "من دەنگم بۆ چوونەدەرەوەدا، چونکە کۆچبەرێکی زۆر لێرە هەن، شتی دیکەش هەن قوتابخانە و نەخۆشخانەکانمان باش نین، منداڵەکانمان لەکێشەدان ئەمانە هەمووی هۆکارن، ئێمە پێویستیمان بە نیشتەجێبوونی زیاتر هەیە، پێویستە خۆمان بۆ کۆچبەری زیاتریش ئامادە بکەین".
کوردستان حەسەن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە لەندەن دەڵێت: "بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران کراونەتەوە، 33 بنکەی سەرەکی لەناو لەندەن ئامادەکاری کردووە بۆ هەژمارکردنی دەنگەکان".
یەکێک لە کوردەکانی دانیشتووی لەندەن دەنگی بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا داوە،ئەو هۆکارەکەی بۆ پەیامنێری رووداو باس دەکات و سەبارەت بەوەی بۆچی دەنگی بە جیابوونەوە داوە، ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر ئەو کوردانەی لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا هاتوونەتە بەریتانیا نابێت، لەوەڵامدا دەڵێت: "کاریگەری لەسەر ئەوانە دەبێت کە رەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان هەیە و هاتوون لێرە دانیشتوون، بۆیە دەبێت بگەڕێنەوە، بەڵام لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ئەو کەسانەی کۆچیان بۆ بەریتانیا کردووە، 10 ملیۆن کەس دەبن، لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا رەنگە ببێت بە 20 ملیۆن و 30 ملیۆن، بەمەش نە جێگەی نیشتەجێبوون بەردەکەوێت، نە نەخۆشخانە و نە قوتابخانەکان بەردەکەون".
23/6/2016
كهمپهكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK لهسهر هێڵی سهرهكی ناوچه سهرسهختهكانی لیجێ - مووش كە بە "قەندیلی بچووك" ناسراوە، ئامانجی سوپای توركیا دهبن و بۆ ئهم مهبهسته ئۆپهراسیۆنێكی فراوان به بهشداری 7 ههزار سهرباز دهستیپێكرد، پێشبینی شەڕێكی قوڕسیش دەكرێت.
ئۆپهراسیۆنه سهربازییهكهی سوپای توركیا به راگهیاندنی بڕیاری قهدهخهكردنی هاتووچۆ بهسهر 25 گوند و دێهاتی سهر به شارۆچكهكانی لیجێ، خانێ، فارقین، خازرۆ و قوڵپ له ئامهدی باكووری كوردستان دهستیپێكرد، 7 ههزار سهربازی توركیا لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدارن بۆ ئهوهی كهمپه شاراوهكانی پهكهكه لە ناوچه سهرسهختهكانی سهر هێڵی سهرهكی لیجێ - مووش بكرێنه ئامانج.
بنكه سهربازییهكانی سوپای توركیا لە ئێلیه، مهلهتێ و ئامهد لهڕێگهی فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكان چاودێری جموجۆڵهكانی پهكهكه دهكەن و زانیاری ورد دهگهییێنن، هاوكات هێزهكانی جهندرمهو ئاسایش وێڕای ههوڵی پووچهڵكردنهوه و خاوێنكردنهوهی رێگه سهرهكییهكان له بۆمب و مینه چێنراوهكان، ئۆپهراسیۆنی هاوبهش ئهنجام دهدهن.
ئۆپهراسیۆنه هاوكاتهكان له لیجێ كه به "قهندیلی بچووك" دهناسرێت، دواتر له ناوچه شاخاوییهكانی تهندورهك، جودی، گابار و عهلی بوغاز له دێرسیم و كیغی له بینگۆل و جیلۆسات له نزیك گهڤهر، لهلایهن ههمان هێزهوه ئهنجام دهدرێن.
كهمپی موسا عهنتهر لهسهر رێگهی سهرهكی لیجێ - مووش بهئامانج گیراو ئۆپهراسیۆنێكی فراوان به پشتیوانی چهكی قوڕس و فڕۆكه جهنگییهكان و ههلیكۆپتهره سهربازییهكان دهستیپێكرد و، سهرجهم كهمپهكانی دیكهی ناوچه شاخاوییهكانی شهن یایلا بهههمانشێوهی ئامانجی ئۆپهراسیۆنه سهربازییهكانه.
سهرۆكایهتی ئهركانی گشتیی سوپای توركیا پێیوایه، 26 شارهزای دروستكردنی بۆمب لهگەڵ چهندین تۆن بۆمب و تهقهمهنی له كهمپی نزیك شان یهیلا ههن و بۆمبی خۆكوژهكان بۆ كردهوه خۆكوژییهكان لهم شوێنه بهرههم دههێنرێن و رهوانهی شاره گهورهكانی توركیا دهكرێن.
كاژێر 05:00ی بهرهبهیانی رۆژی چوارشهممه 22-06-2016، هاتووچۆكردن له 25 گوندهكەی سنووری ئامهد قەدەخەكرا و 5 كیلۆمهتری یهكهمی رێگهی سهرهكیی ئامهد - بینگۆل لهلایهن سوپای توركیا كۆنترۆڵكرایهوه و ئۆپهراسیۆنهكه تا شهمزینانی شرناخ درێژه دهخایهنێت.
22/6/2016
پیاوێكی دانیشتووی شاری هەولێر لەنێو ماڵەكەی خۆیدا و بە چەكەكەی خۆی، فیشەكێكی بەخۆیەوە نا و خۆی كوشت. كەسوكاری ئەو پیاوە لای پۆلیس گوتیان قەرزدار بووە و نەیتوانیوە قەرزەكانی بداتەوە، بۆیە پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە.
كاژێر 11.45ی خولەكی شەوی 9/6/2016 پیاوێكی تەمەن 48 ساڵ بەنێوی (ئەحمەد.ئا) كە لە بنەڕەتدا خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و زیاتر لە 10 ساڵە هاتووەتە هەرێمی كوردستان، لە نێو ماڵەكەی خۆیدا فیشەكێكی بە خۆیەوە نا و خۆی كوشت.
نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند "قوربانییەكە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لەگەڵ ئافرەتێكی خەڵكی هەرێمی كوردستان خێزانیان پێكەوە ناوە. هاوژینەكەی لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیسدا گوتوویەتی، هەرچەندە مێردەكەی كاریشی كردووە، بەڵام بڕێك پارە قەرزدار بووە و نەیتوانیوە قەرزەكە بداتەوە، بۆیە پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە".
ئەحمەد پێشتر پێشمەرگەی یەكێك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە، بەڵام بەمدواییە وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابوو، تەنیا وەكو ئەندامێكی حیزب كاری بۆ حیزبەكەی كردووە و بۆ خۆی سەرقاڵی كاسبی بووە.
هاوڕێیەكی ئەحمەد كە لە نزیكەوە ئاگاداری ژیانی بووە و رووداوەكەی بەلاوە ناڕوونە، بە (رووداو)ی گوت "نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر قسەمان لەگەڵ كرد، هەستمان بە بوونی هیچ كێَشەیەك نەكرد، ئەگەریش پێی بگوتینایە كێشەی هەیە، رەنگە هەوڵی چارەسەركردنمان بۆ بدابا، باسی نەكردووە قەرزدار بێت، بەڵام هاوڕێیانمان كە چووبوونە پرسەكەی، لە كەسوكاریان بیستبوو كە قەرزدار بووە و دەڵێن قەرزەكەشی دەیان هەزار دۆلار بووە، بەڵام نازانین بۆچی ئەوەندە قەرزدار بووە".
هاوسێیەكی دیكەی ئەو پیاوە قسەیەكی دیكە لەبارەی خۆكوشتنی ئەحمەد دەكات و دەڵێت "وەكو دەگوترێ دوای وازهێنانی لە پێشمەرگایەتی رووی لە كاركردن كردووە، بەڵام لەكارەكەی سەركەوتوو نەبووە و تووشی قەرزداری بووە و پاشانیش زیندانی كراوە، بەڵام ساڵێكە ئازادكراوە و وەكو باسی دەكەن تووشی نەخۆشیی دەروونی ببوو".
ئەو كەسە كە بەم دواییە چەند جارێك لە نزیكەوە ئەحمەدی بینیوە، گوتیشی "چەند جارێك لە ماڵەوە سەردانیم كرد و بینیم، لە روخساریدا شتێكی وا دیار نەبوو كە كێشەیەكی هەبێت و لەلای دراوسێكانیش باسی هیچی نەكردووە".
خۆكوشتنی ئەو پیاوە لە شاری هەولێر لەسەر قەرزداری لە كاتێكدایە كە مانگی شوباتی ئەمساڵیش، پۆلیسێك كە باوكی دوو منداڵ بوو، دوای گەڕانەوەی لە دەوامی ئاسایی لە ماڵەكەی خۆیدا خۆی كوشت، هاوڕێیەكیشی بە (رووداو)ی راگەیاند كە ئەو پۆلیسە لەسەر قەرزاری خۆی كوشتووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە ساڵی رابردوودا 50 پیاو خۆیان كوشتبوو. بەڵام هێشتا دیار نییە ئەمساڵ چەند پیاو خۆیان كوشتووە.
ئەو قەیرانە داراییەی كە زیاتر لە دوو ساڵە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەگوتەی هەندێ لە توێژەرانی دەروونی كاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی رێژەی خۆكوشتنی پیاوان.
ئەڤین محێدین، توێژەری كۆمەڵایەتی بە (رووداو)ی گوت، قەیرانی دارایی هۆكاری سەرەكی خۆكوشتنی زۆربەی ئەو پیاوانەیە كە بەمدواییە خۆیان كوشتووە "لەبەرئەوەی پیاو ئەركی دابینكردنی بژێوی خێزانی لەئەستۆیە و ئێستاش كاركردن وەكو جاران نەماوە، بۆیە نەك هەر داهاتێكی ئەوتۆی دەست ناكەوێت تا بەشی بژێوییان بكات، بەڵكو قەرزداریش دەبن و هەندێك كەسیش بەرگەی ئەو گوشارە زۆرەی قەرزداران ناگرن، ئەگەر داوای قەرزیشیان لێنەكەنەوە رەنگە خۆیان هەست بە شەرمەزاری بكەن، بۆیە پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن".
22/6/2016
فەوزی سلێمان، گوتەبێژی كۆمیتەی بەرگری لە كانتۆنی عەفرین دەڵێت یەكگرتنەوەی سێ كانتۆنەكەی رۆژئاوا بۆ ئەوان مەسەلەیەكی چارەنووسسازە، ئێستاش تەنیا 50 كیلۆمەتر ماوە هێزەكانیان لە كانتۆنی كۆبانێ و عەفرین بە یەكدی بگەنەوە.
فەوزی سلێمان، 51 ساڵ، گوتەبێژی كۆمیتەی بەرگری لە كانتۆنی عەفرین و گوتەبێژی یەپەگە لەناوچەی شەهبا، 26 ساڵ لەمەوبەر بووەتە گەریلا. ساڵی 1991 لە بیقاعی لوبنان خولێكی پەروەردەیی لە ئەكادیمیای مەعسووم كوركماز دەبینێت، پاشان لە شاخەكانی كوردستان درێژە بەكاری سیاسی و عەسكەری و میدیایی دەدات.
فەوزی سلێمان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە تەنیا بە رزگاركردنی منبج كانتۆنی كۆبانێ و عفرین یەك ناگرنەوە، بەڵكو دەبێتە كلیلی رزگاركردنی ناوچەی شەهبا. ئیدی لەوێوە دوو كانتۆنەكە یەكدەگرنەوە.
ناوچەی شەهبا لە سنووری رۆژئاوای ئیدارەی كانتۆنی كۆبانێ تاوەكو ئەلعەزاز درێژ دەبێتەوە، درێژییەكەی نزیكەی 150 كیلۆمەتر دەبێت، لە باكوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ توركیا و لە باشووریشەوە لەگەڵ حەلەب و رەققە.
فەوزی سلێمان كە گوتەبێژی هێزەكانی یەپەگەیە لە ناوچەی شەهبا، باسی گرنگیی ئەو ناوچەیە دەكات و دەڵێت "رووداوەكانی سووریا، ئەو ناوچەیەی گرنگ كردووە، چەندین لایەنی ناسراو وەكو دەوڵەتی توركیا و وڵاتانی كەنداو دەخوازن بیكەنە بنكەیەك بۆ گرووپە چەكدارە وابەستەكان بەخۆیان بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان، ئەویش لەژێر ناوی جیاواز، بۆ نموونە بە ناوچەی ئەمنی ناوی دەبەن. ئامانجیشیان لەمە ئەگەر نەڵێین گورز وەشاندنە لە رۆژئاوا، ئەوا دروستكردنی ئاستەنگە بۆ رۆژئاوا".
ئازادكردنی منبج ئەڵقەیەكی گرنگە بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو كانتۆنی كۆبانێ و عەفرین، بەڵام بە گوتەی فەوزی سلێمان، بە رزگاركردنی منبج هەردوو كانتۆنەكە یەكناگرنەوە "رزگاركردنی منبج كلیلی رزگاركردنی تەواوی ناوچەی شەهبایە". فەوزی سلێمان گوتیشی "تەنیا 50 كیلۆمەتر ماوە تاوەكو هێزەكانمان لە هەردوو كانتۆنی عەفرین و كۆبانێ بگەنەوە یەكدی".
ئەو یەكگرتنەوەی سێ كانتۆنەكە بە چارەنووسساز دەزانێت و دەڵێت "بۆ ئێمە یەكگرتنەوەی هەر سێ كانتۆنەكە مەسەلەیەكی چارەنووسسازی ستراتیژیە، راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی رۆژئاواوە هەیە، لە بەرژەوەندیی ئێمەیە ئەو هێزانە دووربخەینەوە كە لە دژی ئاواتەكانی میللەتەكەمان دەوەستنەوە، بۆیە رزگاركردنی منبج و ناوچەی شەهبا كاری سەرەكیمانە".
سەبارەت بە ئامانجی داهاتووی یەپەگە، دوای رزگاركردنی منبج، فەوزی سلێمان دەڵێت "ئێمە لە سووریا خاوەن پرۆژەی فیدراڵیزمی دیموكراتی لامەركەزین. مەسەلەی سووریا و گەلی سووریا بۆ ئێمەی كورد و سووری لە هەموویان گرنگترە. خەڵكی ئیدلب و چەندین پارێزگای دیكەی سووریا داوای بەهاناچوونیان لێكردووین".
دوای ئەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات بەرەو باكووری رەققە هەڵكشان، سوپای سووریاش لە باشووری ئەو شارە دەستی بە جووڵە كرد. ئەوەش وا لێكدرایەوە كە جۆرە رێككەوتنێك لە نێوان هەردوولادا هەبێت، بەڵام فەوزی سلێمان رەتیكردەوە هیچ جۆرە رێككەوتنێكیان لەگەڵ رژێمی سووریادا هەبێ و گوتی "جووڵەی سوپای سووریا بەمدواییە لە گوندەكانی دەوروبەری رەققە سەرەڕای ئەو پروپاگەندانەی دەكرێن، زۆر سنووردارە و بەشی ئەوە نییە باس بكرێت".
هەندێك لە چاودێران پێیانوایە رێككەوتنێكی ئەمریكی - رووسی لەبارەی سووریا و ناوچەكانی هەژموونیان لە ئارادایە، بەبڕوای فەوزی سلێمان هەر رێككەوتنێك لە نێوان رووسیا و ئەمریكا دەبێتە هۆی درێژەكێشانی قەیرانی سووریا.
فەوزی سلێمان دەڵێت "رووسیا و ئەمریكا لەناوچەكەدا بەرژەوەندییان هەیە، راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا مەسەلەیەكی شاراوە نییە. ئەوان پشتگیری هێزی دژ بەیەك و ناكۆك لەگەڵ یەكدی دەكەن، بەڵام دیارە هەردووكیان لەسەر زۆر شت رێككەوتوون، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆی درێژەكێشانی قەیرانی سووریا".
پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە رووسیا هاوكاری هێزەكانی یەپەگەی كردووە لە ناوچەی عەفرین، بەڵام گوتەبێژی كۆمیتەی بەرگری لە كانتۆنی عەفرین ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و گوتی "بانگەشەی زۆر هەیە و دەگاتە ئاستی تۆمەتباركردنمان، لەوانەش وەكو باستان كرد بانگەشەی هاوكاریی رووسیا بۆ عەفرین، یان وەكو باسی دەكەن، دابەشكردنی رۆژئاوا لەنێوان رووسیا و ئەمریكا. بە راشكاوانە دەڵێم ئەوە تەنیا بانگەشەیە و شتی وا لە ئەرزی واقیعدا نییە".
سەبارەت بە پەیوەندیشیان لەگەڵ ئەمریكا، فەوزی سلێمان دەڵێت "ئێمە لە دژی تیرۆر، جێگای خۆمان لەنێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگرین. لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی ئێمە و ئەواندایە. هیوادارین ئەو پەیوەندیە بەرەو ئاستی سیاسیش گەشە بكات".
فەوزی سلێمان پێیوایە هەموو ئەو دەوڵەتانەی پێشتر داوای هاوكارییان لە كورد كردووە، یان یارمەتی كوردیان داوە، دوای ئەوەی كاریان تەواو بووە پشتیان لە كورد كردووە.
فەوزی دەڵێت "كە شۆڕشی گەلانی سووریا دەستی پێكرد زۆر هێز و لایەن لەژێر ناوی (ئەی نەوەكانی سەلاحەددینی ئەیوبی ئێوە لە كوێن) داوای هاوپەیمانی و پێكەوە كاركردنیان لێكردین، بەڵام ئێمە پێمانگوتن ئەو گۆرانییە دەمێكە بەسەرچووە و ئەو سیاسەتە هەڵخەڵتێنەرەمان تێپەڕاندووە. هەر بۆیە ئەوان ئێستا دژایەتیمان دەكەن".
21/6/2016
لە پێنج ناوچەی سەر بە ئامەد لە باکووری کوردستان، قەدەخەی هاتووچۆ لە 23 گوند راگەیێندرا، سوپای تورکیاش لەو ناوچانە دژی گەریلاکانی پەکەکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات.
گونووڵ مورکووچ، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە 21-6-2016، بە بڕیاری پارێزگاری ئامەد قەدەخەی هاتووچۆ لە 23 گوند کە سەر بە پێنچ ناوچەی ئامەدن، دەرکراوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆ لەو گوندانە هۆکارەکەی بۆ هەبوونی گەریلاكانی پەکەکە دەگەڕێتەوە، هەروەها سوپای تورکیاش لەو ناوچانە دژی گەریلاکان دەوەستێتەوە و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات.
لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ، پەیامنێری رووداو گوتی" کاژێر 5 ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو گوندانەدا دژی گەریلاکانی پەکەکە ئەنجامداو لەبەر ئۆپەراسیۆنەکانیش ژیانی هاونیشتمانیان وەستاوە".
21/6/2016
دوای 36 ساڵ لە دابڕانی نێوانیان، دایک و کوڕێک بە یەکدی شادبوونەوە، لەکاتێکدا نە کوڕەکە لە زیندوو مانی دایکی ئاگادار بووە، نە دایکی ئاگاداری ئەوە بووە کوڕەکەی لە ژیاندا ماوە، ئەو چیرۆكەش لە ئێران دەنگی داوەتەوە و بووەتە رۆژەڤی میدیاكانی ئەو وڵاتە.
لەرابروودا بە دایکەکە گوتراوە کوڕەکەی سووتاوە و بەو هۆیەوە مردووە، پاڵەوانی ئەو چیرۆکەش کەسێکە بەناوی "رەسوڵ عەبدوڵڵا"، کە ئێستا هاوژینی دایکی کوڕەکەیە، چونکە وەک خۆی دەڵێت نزیکەی 20 ساڵە بەدوای کوڕەکەدا گەڕاوە، لەو ماوەیەشدا هیچ کاتێک ئومێدی دۆزینەوەی کوڕەکەی لەدەست نەداوە.
20/6/2016
نەشمیل عەبدی، كچێكی چاوكاڵە، زۆر گەنجتر لە تەمەنی راستەقینەی خۆی دەردەكەوێ. دەزگیرانی یەكێك لەو پێشمەرگانەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو كە هەفتەی رابردوو لە شنۆ بەدەستی سوپای پاسدارانی ئێران شەهید كرا. نەشمیل دەڵێت "بەڵێنم بە دەزگیرانەكەم داوە، چەك هەڵبگرم و تاوەكو رزگاریی كوردستان درێژەپێدەری رێگاكەی ئەو بم".
بڕیار بوو پایزی ئەمساڵ نەشمیل و سەڵاح نادری خێزان پێكەوە بنێن، بەڵام سیخوڕێك ئەو خەونەی بردنە ژێر گڵ. نەشمیل و سەڵاح پێكەوە لە راگەیاندنی حیزبی دیموكراتی كوردستان- ئێران (حدكا) كاریان دەكرد. سەڵاح فۆتۆگرافەر بوو، نەشمیل كاری مۆنتاژی دەكرد. نەشمیل دەگێڕێتەوە كە پێش ئەوەی لەگەڵ سەڵاح ببنە هاوكار لە ئۆرگانێكدا، سەڵاحی دیتوە و خۆشی ویستووە.
نەشمیل باسی دوایین دیداری نێوان خۆی و سەڵاح نادری دەكات و دەڵێت "سەڵاح نەیگوت دەچمەوە رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەو گوتی لەوانەیە چەند رۆژێك مۆبایلەكەم شەبەكەی نەبێت".
كاتێك هەواڵی شەهیدبوونی پێدەگات باوەڕ ناكات "ئێستاش باوەڕ ناكەم سەڵاح شەهید بووبێ"، بەڵام نەشمیل لەگەڵ بنەماڵەی سەڵاح لە پرسەی دەزگیرانەكەی دانیشتووە".
هەفتەی رابردوو لە گوندی قەرەسەقەڵی سەر بە شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان، شەڕ لە نێوان مەفرەزەیەكی پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران روویدا. لەو شەڕەدا بەپێی راگەیێنراوێكی حدكا شەش پێشمەرگە شەهید بوون. بەرپرسانی حدكا دەڵێن هێشتا گومانیان هەیە هەموو پێشمەرگەكانیان شەهید نەبووبێت، بەڵكو رەنگە برینداریان كەوتبێتە دەستی سوپا.
شەڕەكە دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە دەستی پێكرد و تا نیوەڕۆی رۆژی دواتر بەردەوام بوو. سوپای پاسداران رایگەیاند: لەو شەڕەدا 12 پێشمەرگەی كوشتووە، بەڵام دواتر كارتی پێناسی تەنیا شەش كەسیانی بڵاوكردەوە.
سوپای پاسداران هەروەها رایگەیاند كە سێ ئەندامی خۆشیان كوژراون، بەڵام دواتر دەركەوت چوار ئەندامی سوپا كوژراون كە دوو كەسیان ئەندامی خۆجێیی سوپا و خەڵكی شاری شنۆ بوون. حدكا لە راگەیەندراوەكانیدا دەڵێ "دەیان پاسدارمان كوشتووە، بەڵام حكومەت رایناگەیەنێت". یەكێك لەوانەش جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی شاری شنۆ بووە كە خۆی توركە و خەڵكی شاری سایین قەڵا بووە.
قسەی زۆر لەبارەی شەڕەكەی شنۆ لە نێوان پێشمەرگەكانی حدكا و سوپای پاسداران و چۆنیەتی هەڵگیرسانی دەكرێ، بەڵام هەموو كۆكن لەسەر ئەوەی كە سیخوڕێك راپۆرتی لە پێشمەرگەكانی حدكا داوە.
شەڕەكە لە گوندی قەرەسەقەڵ رووی داوە كە دەكەوێتە نێوان شارەكانی شنۆ و نەغەدە. هەردوو لایەن، شەڕەكە بە شەڕێكی قورس وەسف دەكەن.
حدكا دەڵێ "ئەو پێشمەرگانە بە مەبەستی كاری رێكخستن و پەیوەندی لەگەڵ خەڵك، سەردانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كردووە، بەڵام هێرش كراوەتە سەریان و ئەوانیش بەرگرییان لە گیانی خۆیان كردووە"، بەڵام سوپای پاسداران ئەوان وەك كۆمەڵێك "تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ" دەناسێنێ.
شەڕەكە لە نێوخۆی ئێراندا كاردانەوەی جیاجیای لێكەوتەوە. رۆژی یەكشەممەی رابردوو 68 ئەندامی پەرلەمانی ئێران یاداشتێكیان ئاراستەی هەر یەك لە سەرۆك كۆماری ئێران، وەزیرەكانی بەرگری، دەرەوە، ئیتلاعات و ناوخۆ كردووە كە هەڵسوكەوتی یاسایی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بگرنە بەر، بۆ ئەوەی پێش بە هاتنی "تیرۆر" بۆ ئێران بگرن.
رۆژی شەممەی رابردووش روحوڵڵا حەزرەتپوور، نوێنەری ورمێ لە پەرلەمانی ئێران گوتی "ئەم شەڕە شەڕی بە وەكالەتە و دەستی عەرەبستانی سعودی لە پشتە، ئەم چالاكییانە بە سپۆنسەریی دۆلارە نەوتاوییەكانی سعودیە بەڕێوەدەچێت".
حەزرەتپوور هەروەها گوتی "زانیاری وردمان هەیە لە چەند مانگی رابردوودا كاربەدەستانی عەرەبستان هاتوچۆی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئامانجیش نائارامكردنی باكووری رۆژئاوای ئێرانە". حەزرەتپوور هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیاری ئەم رووداوانە دەزانێت و دەڵێت "دەبێت وەڵام بدەنەوە".
بەڵام حدكا ئەم تۆمەتانەی حەزرەتپووری رەتكردەوە و بە "چەواشەكاری" نێوی دەبات. رۆستەم جیهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدكا دەڵێ "خۆمان پلانی كاروباری خۆمان دادەڕێژین و هێزەكانیشمان لە ناوخۆ رێكدەخەین نەك لە دەرەوە".
هەر سەبارەت بە شەڕەكەی شاری شنۆ، لایەنەكانی كۆمەڵە پشتیوانی خۆیان بۆ حدكا دەربڕی. عەبدوڵڵا ئازەرپوور، بەرپرسی كۆمیسیۆنی سەربازیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، دەڵێ "خۆمان بە هاوهەڵوێستی حدكا دەزانین".
رەزا كەعبی، جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیش، دەڵێ "پشتیوانی لەو خەباتە دەكەین و داوا لە خەڵك دەكەین لە هیچ هاوكارییەك درێغی نەكەن".
حیزبی دیمۆكراتی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ "داهاتووی ناڕوونی بزووتنەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانو پڕ تێچووی حزووری تێكۆشەرانمان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتو، ئەنجامە سیاسی، نیزامی و ئەمنیەتییەكانی ئەم ئەركە پێویست و گەورەیە، لێمان دەخوازێ كە هەردوولامان پرسی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان، پتر لە هەموو وەختێكی پێشوو بخەینە دەستووری كارمان".
نوێنەرەكەی ورمێ لە پەرلەمانی ئێران هەڕەشە لە پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات دەكات و دەڵێت "ئەگەر دوژمنان هەر هەوڵێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن، شاخەكانی پارێزگای ورمێیان لێدەكەین بە گۆڕستان".
سەبارەت بە بەردەوامیدان بەو شەڕە، حدكا دەڵێت "ئەو دەمەی بڕیارماندا پێشمەرگە لەنێو خەڵك و لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوونی هەبێت، هەموو تێچووی ئەو پلانەمان لێكداوەتەوە و درێژە بە چالاكی پێشمەرگانە دەدەین و رایناگرین".
20/6/2016
كهم نین ئهو حاڵهتانهی مردن كه بههۆی دهستڕانهگهیشتن به خوێنی پێویست روودهدهن. له كهسانی تهندروست یان نهخۆشیشدا، بهبێ خوێن ژیان بهردهوام نابێ، كهواته ئهو شله رهنگ سووره چییه كه ژیانی ههموومانی پێوه پهیوهسته؟ ئهمانه ههندێك راستین لهبارهی خوێن كه رهنگه زۆرمان نهیانزانین:
1-پیاوان خوێنیان له خانمان زیاتره:
بهگشتی خوێن 8%ی كێشی جهسته پێكدێنێ، بهڵام له پیاواندا بڕهكهی زیاتره. ئهگهر پیاوێك كێشی 70 كیلۆگرام و باڵای 180 سانتیمهتر بێ ئهوه نزیكهی پێنج لیتر خوێنی تێدایه. بهڵام خانمێك كه ههمان ئهو كێش و باڵایهی ههبێ، نیو لیتر كهمتر له پیاو خوێنی تێدایه. بڕی خوێنی جهستهی ههر تاكێك بهپێی كێش و باڵای كهسهكه دهگۆڕێ.
2-ههر زوو جێگهی خوێنی بهخشراو پڕدهكرێتهوه:
كاتێك خوێن دهبهخشی نزیكهی نیو لیتر خوێنت لێوهردهگرن كه دهكاته دهوروبهری 10%ی قهبارهی خوێنی جهستهت. لهماوهی چهند رۆژێكدا جێگهی شلهی خوێنهكه، خڕۆكه سپییهكان و پهڕهكانی خوێن پڕدهكرێنهوه. بهڵام درووستكردنهوه و جێگهگرتنهوهی خڕۆكه سووره بهخشراوهكان نزیكهی دوو مانگی دهوێ.
3- لهدهستدانی دوو لیتر خوێن كوشندهیه:
ئهوانهی تووشی كارهسات و برینی گهوره دهبن، بڕێكی زۆری خوێن وندهكهن. ئهگهر قهبارهی خوێنی لهدهستدراو بگاته 40%ی كۆی قهبارهی خوێن (دهوروبهری دوو لیتر)، چیدیكه دڵ ناتوانێ بهردهوامیی به سووڕانهوهی خوێن بهنێو جهستهدا بدات، ئهوهش پهككهوتنی ئهندامه سهرهكییهكانی جهستهی لێدهكهوێتهوه و نهخۆشهكه دهخاته حاڵهتی كۆما (نهمانی هۆش) و دهبێ زوو به زوو جێگهی خوێنه لهدهستچووهكه بگیرێتهوه، دهنا كوشنده دهبێ.
4-بۆچی رهنگی خوێن سووره؟
خوێنی گیانهوهره بڕبڕهدارهكان، باڵندهكان و خشۆهكهكان رهنگی سووره. ئهوهش دهگهڕێتهوه بۆ ههبوونی هیمۆگڵۆبین كه بریتیه له پرۆتینێك كه به گهردی ئاسنهوه بهستراوه و ههڵدهستێت به ههڵگرتنی ئۆكسجین و سووڕاندنهوهی به لهشدا له رێگهی سووڕی خوێنهوه.
له بهرامبهردا خوێنی مێرووهكان، جاڵجاڵۆكه و نهرمۆڵهكانی وهك ههشتپێ (ئهختهبووت) رهنگی زهرده ئهوهش چونكه خوێنی ئهوانه لهبری هیمۆگڵۆبین ماددهیهكی تێدایه كه به هیمۆسیانین ناسراوه، هیمۆسیانین رهنگی سپییه و كاتێك به ئۆكسجینهوه دهبهسترێ، رهنگی زهرد دهبێ.
5- ههوكردن (ژههراویبوون)ی خوێن مهترسیداره:
ههوكردن (ژههراویبوون)ی خوێن دهبێتههۆی گواستنهوهی میكرۆب و ژههرهكانیان به ههموو جهستهدا! ههندێكجار هۆكاری ههوكردن (ژههراویبوون)ی خوێن ههبوونی فۆكهسێكی ههوكردنه له شوێنێكی جهسته وهكوو ددان یان سییهكان یاخود برینێكی پیسبووی پێست. گۆڕانی ئهو ههوكردنانهی خوێن به ههوكردن (ژههراویبوون)ی خوێن دهبێتههۆی سووڕاندنهوهی بهكتریا و ژههرهكانیان به ئهندامه جیاوازهكانی جهستهدا و ئهگهر زوو چارهسهر نهكرێ به خێرایی دهبێتههۆی مردن.
سکرتێری گشتیی حدکا پێیوایە کۆماری ئیسلامیی ئێران جێپەنجەی بە قەیرانی جیاوازى وەک: قەیرانی دارایی، شەڕی داعش، دەستوەردان لە کاروباری باشووری کوردستان و کێشە و ئاژاوە لەنێو هێزە سیاسییەکاندا دیارە و دەشڵێت "شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەکی لە بەشەکانی کوردستاندا بەرهەمی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە".
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی ئەو شەش پێشمەرگەیەی رۆژی چوارشەممە 15-6-2016 لە پێكدادانێكدا لە شارۆچكەی شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان شەهیدبوون، رۆژی یەكشەممە 19-6-2016 لە شاری هەولێر گوتارێکی پێشکەشکرد.
هیجری رایگەیاند "ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی لێرە لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە، تەنیا ئەوە نییە بە دڵ و گیان لەگەڵ یەک دانیشتووین، بەڵکو گرنگتر لەوە، ئەو بیر و باوەڕ و خەبات و تێکۆشانەیە، کە لە هەر گۆشەیەکی ئەو کوردستانەدا بەردەوام، لە هەر جێگایەکی پەیکەری ئەو کوردستانە برینداربێت، تێکۆشەران و خەباتکارانی کورد لە بست بە بستی ئەو خاکە دابەشکراوەدا گیانفیداکاری بکەن، ئەوە لە دڵ و ئیرادەی هەمووماندا هەیە".
هیجری زۆرتر گوتی "کوردستان، کوردستانی هەموومانە، لە هەر جێگەیەک سەرکەوتن هەبێت هی هەموومانە، لە هەر جێگەیەکیش کۆسپ و دەرد و ئازار هەبێت، هەموومان دەیچێژین و پێکەوە خەمەکان دابەش دەکەین".
سکرتێری گشتیی حدكا لە درێژەی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر كۆدەنگی حیزبە كوردییەكان لە پاراستنی نیشتمان و گوتی "ئەو کۆبوونەوە و سەرەخۆشییە نموونەی ئەو یەکگرتووییەیە، ئێمە رەنگە لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان لە مێژووەکەمان و ئێستا، هەر کامێکامان و هەر گرووپە سیاسییەکمان هەڵگری بیر و بۆچوونی جیاواز بین، بەڵام ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە پیشانی دەدات لەسەرووی هەموو جیاوازییەکانەوە یەک پرس بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر گرنگە، ئەویش پاراستنی نیشتمانە بە هەموو بەهاو نرخێک".
بە ورەبەرزییەوە گوتیشی "ئێمە ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا خەریکین ئەو نرخە دەدەین و بە دوژمنانی کورد و داگیرکەران دەڵێین، سەرەڕای سەدان ساڵ لە پیلانی دوژمنان و داگیرکەران بۆ تواندنەوەی کورد و بۆ فەرامۆشکردنی کولتوور و فەرهەنگ و مێژوو و بایەخەکانی کورد، ئەوان ناکام بوونە و بەرەو رووخان چوونە".
هیجری بە ناراستەوخۆ باسی دەستپێكردنەوەی چالاكی چەكداری كرد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و گوتی "ئەوەی کە رۆژ بە رۆژ زیاتر نێوبانگ دەردەکات و حەقانیەتی خەباتەکەی بۆ دونیا رووندەبێتەوە، گەلی کوردە لە هەموو بەشەکاندا، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات و ئاڵای ئەوەی هەڵگرتووە، کە دوورگەی ئارامییە لە رۆژهەڵاتی شەڕاوی و پڕ لە خوێندا، دەیەوێت ئەوە پێشانبدات کە ئەو رێگەچارەکانی لەلایە و لەوێدایە کە کورد و باقی نەتەوەکان و ئازادیخوازان و دەنگیان لێوەدەرنایە بە نیشانەی رەزایەت، لە حاڵێکدا ئەگەر ئارامگەیەک بێت بە زۆری سەری نێزەیە، لەژێر خەفەقان و دیکتاتۆری دایە، کە رۆژ بە رۆژ ئەو خەفەقان و دیکتاتۆری دایە زیاتر دەبێت".
هەروەها گوتیشی "کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ئایدۆلۆژی و سیاسەتەکانی لەماوەی 37 ساڵی رابردوودا تاوەکو ئێستا، نیشانی داوە نەک هەر دژی مافی ئازادیخوازان لە ئێرانە، دژی مافی کورد و باقی نەتەوەکانە، بەڵکو دژی مافی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانی دابەشکراوە، بۆیە لە هەموو بەشەکاندا شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەکی بەرهەمی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە".
پرسی دەستوەرانی ئێران لە كاروباری باشووری كوردستان بەشێكی دیكەی قسەكانی مستەفا هیجری بوو، ناوبراو گوتی "ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لە باشووری کوردستان، کە حکومەتێکی خۆجێیی بۆ خۆی پێکهێناوە، دەبینین لەگەڵ قەیرانی جیاواز، وەکو قەیرانی دارایی، شەڕی داعش، دەستواردان لە کاروباری ئەو بەشە لە کوردستان و کێشەو ئاژاوە لەنێو هێزە سیاسییەکان دایە، جێپەنجەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو ئەمانەوە دیارە.
لەبارەی رۆژهەڵاتیش گوتی "ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە بەشی ژێر کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، خەباتکارانی کورد شەهید دەبن و زیندانی دەکرێن و بێڕێزیان پێدەکرێت، شتێکی نوێ و سیاسەتێکی تازەی کۆماری ئیسلاميی ئێران نییە و لە خەباتی گەلی کوردی ئەو بەشەشدا شتی تازە نییە".
19/6/2016
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی پەیامێک بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەنێرێت و پیرۆزبایی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە دەکات.
لە پەیامێکدا، کە رۆژی شەممە 18ـی حوزەیرانی 2016 بۆ سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی ناردووە، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، کە بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب ”پاڵەوانانە“ بوو و پیرۆزباییان لێدەکات.
عەلی لاریجانی پێیوایە یەکهەڵوێستی و یەکدەنگیی حزبە سیاسییەکان و گەلانی عێراق بووەتە هۆی ”ئەو سەرکەوتنە“ و داوای لە خواش کردووە، ”ئەو یەکێتییەی گەلانی عێراق بەردەوام بێت“.
رۆژی هەینی 17ـی حوزەیرانی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رزگارکردنەوەی زۆرینەی ناوچەکانی فەللوجەی راگەیاند.
لە میانەی شەڕەکانی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەکدارە شیعەکان بڵاو بووەتەوە، کە ئازاری هاووڵاتییە سوننەکانی فەللوجە دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن. هەروەها وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە نزیک شارۆچکەکە بڵاو بووەوە، کە حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هاتووە بۆ راوێژکردن بە هێزە عێراقییەکان.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.
فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینی پارێزگای ئەنبارە، لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیرکراوە.
18/6/2016
کاوە بەهرامی، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازیی حدکا، لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕەکەی شنۆ و شەهیدەکانیان هەندێ وردەکاریی بڵاو کردەوە.
کاوە بەهرامی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (باسنیوز) گوتی: "دامودەزگا سیخوڕی و ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێ ڕاستیی ڕووداوی شەڕەکەی شنۆ بشێوێنن و بیروڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن و بەم چەشنە دەیهەوێ ئەو کردەوە دڕەندانەی کە کردوونی بیانشارێتەوە."
کاوە بەهرامی گوتیشی: "بەپێی دوایین زانیاری کە بە من گەیشتووە، پێشمەرگەکانمان هەتا دوایین گوللە قارەمانانە بەرەنگارییان کردووە و لەو شەڕەدا تەنیا سێ شەهیدمان هەبووە، ئێمە پێشمەرگەشمان لەلایەن ئەوانەوە بەدیل گیراوە و ئەگەر ئاماری شەش شەهیدەکە ڕاست بێت، کەواتە دوای بەدیل گیرانیان شەهیدیان کردووەن و ئەوان لە بەرانبەر گیانی پێشمەرگەکانماندا بەرپرسیارن."
ئەو فەرماندەیەی حدکا ئاماژەی بەوەش کرد "بەداخەوە هەندێ دەزگای ڕاگەیەندنی کوردی، ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەلە کەناڵەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو دەبنەوە دەکەنە سەرچاوە، کە هیچیان ڕاستن نین و تەنیا بە قازانجی دوژمنە و ئامانجی کۆماری ئیسلامیش شاردنەوەی ڕاستییەکان و بەلاڕێدا بردنی بیرورای گشتییە لە جین کوشتاری خەڵکی کوردستان و وێرانکردنی موڵک و ماڵیان."
18/6/2016
وەزیری بەرگریی رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە سووریا لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا كۆبووەوە.
سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا دوای ئەوەی بە سەردانێك گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا، لەگەڵ بەشار ئەسەد كۆبووەوە، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە کێشە سەربازییەکان و هەماهەنگی سەربازی نێوانیان کردووە.
سەردانەكەی وەزیری بەرگریی رووسیا رانەگەیەندراو بوو، بەشێوەیەك تاوەكو دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی ئاشكرا نەکرا.
سێرگی شۆیگۆ لە پارێزگای لازقیەی سووریا سەردانی بنكەی سەربازی حمێمیم-ی ئاسمانی كرد. بەپێی ئاژانسی فەرمی رووسیا، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە گوێی لە راپۆرتی ئەلیكسەندەر دفورنكۆی، فەرماندەی رووسیا لە سووریا گرتووە، هەروەها تاووتوێی بارودۆخی سیاسی و جەنگیش لە ناوخۆی سووریا کراوە.
19/6/2016