دوێنێ سێشەممە بە فەرمانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، حەسەن فیرووزئابادی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کارەکەی دوور خرایەوە.
ئاژانس و هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێران ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و بڵاویان کردووەتەوە، لیوا محەمەد باقری دەستنیشان کراوە.
محەمەد باقری پێشتر جێگری ئیتلاعات و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی سوپای ئێران بووە.
حەسەن فیرووزئابادی لە ساڵی 1989وە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی هیزە چەکدارەکانی ئێرانی پێ سپێرداوە و یەک لەو سەرکردە سەربازییانەی ئێرانە کە دوای مەرگی خومەینی، لە پۆستەکەی ماوەتەوە.
هەندێ ماڵپەڕی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەو باوەڕە دان کەمتەرخەمی و شکستهێنانی یەک لەدوای یەکی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سووریا، عێراق و لاوازبوونی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات، هۆکاری لەسەر کار لابردنی حەسەن فیروزئابادییە.
پاش ڕاوەستانی 20 ساڵ خەباتی چەکداری لەلایەن حدکاوە، ماوەی دوو هەفتەیە دیسان شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی ئەو حزبە لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، سەردەشت، مەریوان ڕووی داوە و بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان نزیکەی 150 ئەندامی سوپای پاسداران لەو شەڕانەدا کوژران و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 9 پێشمەرگەی حزبی دیموکراتیش شەهید بوون.
29/6/2016
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی جەژنی ڕەمەزانی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
بهبۆنهی جهژنی رهمهزانی پیرۆزهوه رایدەگەیەنین، پشووی جەژن لە رۆژی یەك شەمە 7/3 ـەوە دەستپێدەكات، و تا رۆژی 7/9 بەردەوام دەبێت ، و دەوامی ئاسایی لە رۆژی یەك شەمە 7/10 دەست پێدەكاتەوە .
بەم بۆنەیەشەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەكان و خانەوادەكانیان و خانەوادەی شەهیدانی سەربەرزی كوردستان و تێكڕای موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین، بەو هیوایەی ئەم جەژنە ببێتە مایەی سەقامگیری كوردستان وپتەوبوونی یەكڕیزی گەلەكەمان و دەرچوون لە گرفت و قەیرانەكان.
جەژنی هەموو لایەكتان پیرۆز بێت
سەفین موحسین دزەیی
وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2016/6/28
شاندە هاوبەشەکەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری لە رێککەوتنەکەی نێوانیان ماوەی سێ رۆژ لە بەغدا مانەوە و لە دەرگای زۆربەی لایەنە عێراقییەکانیاندا، ئەو لایەنانەی دەرگایان کردەوە شاندەکە لەگەڵیان کۆبوویەوە، گەورە فراکسیۆنی شیعەکان دەوڵەتی یاسا کە نووری مالکی سەرۆکایەتی دەکات بڕیاری گشتپرسیی باشووری کوردستان رەتدەکاتەوە.
نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ رووداو گوتی" ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ گشتپرسیی، هیوادارم گەلی کورد بەو ئاڕاستەیەدا نەڕوات".
گوتیشی " من پێم وایە ئەوە بڕیارێکی بە پەلەیە بۆیە هیواخوازم سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەو ڕێگا دوورەدا نەچن ،چونکە بەرژەوەندی گەلی کورد بۆ ئێمە گرنگە ئەگەر بێت و رای ئێمە راست دەرچوو ئەوا لەبەرژەوەندی گەلی کورد دا نییە بەو ئاڕاستەیە بچن".
سوننەکانیش رای جیاوازیان هەیە سەبارەت بە سەردانی شاندە هاوبەشەکەی یەکێتیی و گۆڕان بەشێکیان پێیان وایە لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەبێت لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی گەلی کورد بەکۆدەنگی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بکەن، ئۆسامە نوجەیفی سەرۆکی بەرەی ئیسڵاح دەڵێت ئامادەیین پێشوازی لە شاندی دانسوتانکاری گشتپرسی باشووری کوردستان بکەین.
ئۆسامە نوجەیفی، سەرۆکی بەرەی ئیسڵاح بۆ رووداو دەڵێت "هەر شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بێت بۆ بەغدا سەبارەت بە گشتپرسیی پێشوازییان لێ دەکەین و گوێیان لێ دەگرین ، ئێمە مامەڵە لەگەڵ بابەتێک دەکەین کە لە چوارچێوەی دەستوردا بێت لە بەرژەوەندی عێراق بێت و دەمانەوێت لە وردەکاری ئەم بابەتە تێبگەین ئەوکات رای خۆمان دەڵێین".
ئەگەر چی بابەتی گشتپرسیی مژارێکی گرنگ نەبوو لە سەردانەکەی شاندە هاوبەشەکە بۆ بەغدا، بەڵام ئەندامێکی ئەو شاندە ورژاندنی بابەتی گشتپرسیی باشووری کوردستان بە موزایدەیی سیاسیی ناودەبات و دەڵێت "ئێمە بڕوامان بە رێفراندووم هەیە بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆمان هەیە".
هۆشیار عەبدوڵڵا ، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق "بەڕاستی پێمان وایە ئەمە جۆرێک نییە لە بۆچوونێکی جیدی سەبارەت بە ریفراندووم بەقەدەر ئەوەی جۆرێکە لە موتاجەرەکردن و جۆرێکیشە لە بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خراپ".
شاندە هاوبەشەکەی یەکێتیی و گۆڕان ئیئتیلافی بوونی خۆیان وەکو فراکسیۆنێکی هاوبەش راگەیاند بڕیاریشە لە کاتی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان پێکەوە کار بکەن، رووداو زانیویەتی ئەو فراکسیۆنە هاوبەشە لەگەڵ چەند لایەنێکی عێراقی گفتوگۆی تایبەتیان لە بارەی ئەنجامدانی رێککەوتنی سیاسیی کردووە.
29/6/2016
لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەکانی تایبەت بە مانەوە، یان چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەڵێنی زۆر بە خەڵک دران، بەڵام ئێستا کە گشتپرسییەکە کۆتاییهاتووە، ئیدی بەرپرسانی تیمی بانگەشەی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە بەڵێنەکانیان پەشیمان دەبنەوە.
پشتگیریکارانی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە کاتی بانگەشەکاندا دەیانگوت " ئەگەر بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە، مانگانە 350 ملیۆن پاوەند بۆ وڵات دەگەڕێتەوە و ئەو پارەش لە کەرتی تەندروستیدا خەرج دەکرێت"، بەڵام ئێستا ئەم کەسانە بەجۆرێکی دیکە قسە دەکەن.
نایجڵ فاراج، بەرپرسی پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا کە داکۆکیکەرێکی سەرسەختی چوونە دەرەوەش بوو، دەڵێت "یەکێک لەو هەڵانەی تیمی بانگەشەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کردی ئەوەبوو، کە گوتی ئەو پارە زۆرە دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی تەندروستی، بەڵام ئەمە راست نییە".
بەڵام بانگەشەکە کاریگەریی گەورەی هەبوو، لە سەر ئەو بنچینەیەش دەیان هەزار کەس دەنگیان بە چوونە دەرەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا دا.
یەکێکی دیکە لە بانگەشەکان پەیوەندی بە پرسی کۆچبەرانەوە هەبوو. سیاسەتمەدارانی پشتگیریکاری چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەیانگوت ئەو چوونەدەرەوەیە کۆتایی بە کۆچی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ بەریتانیا دەهێنێت. بەڵام هەر ئەو سیاسەتمەدارانە ئێستا هەڵوێستیان لەم بارەوە گۆڕاوە.
نیگڵ ئیڤانز، پەرلەمانتار و پشتگیریکاری چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند "جۆرە تێگەیشتنێکی هەڵە" لەبارەی ئەم بابەتە دروستبووە. ئیڤانز گوتیشی چوونە دەرەوەی بەریتانیا واتای ئەوە ناگەیێنێت کۆچی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی کەم دەبێتەوە.
یەکێکی دیکە لە بانگەشەکان پەیوەندی بە بواری ئابووریەوە هەبوو. حکومەتی بەریتانیا و دامەزراوە گرنگە جیهانییەکانی بواری ئابووری دەیانگوت چوونەدەرەوەی بەریتانیا بۆ بواری ئابووری وڵات خراپ دەبێت، بەڵام سیاسەتمەدارانی پشتگیریکاری بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا تێڕوانینێکی پێچەوانەیان هەبوو.
کەچی ئێستا هەموو شت روونە. لە رۆژی هەینی رابردووەوە پاوەند رێژەی 12%ی بەهای خۆی لە بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە، بۆرسەی بەریتانیا لە دابەزیندایە و وەبەرهێنەران پرۆژەکانیان راگرتوون. توێژەرەوانیش دەڵێن: جیاوازی گەورەی نێوان بەڵێنەکان و دەرئەنجامەکان سەرئێشەی گەورە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دروست دەکات.
28/6/2016
بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاژێر كارەبای نیشتمانی لە باشووری کوردستان گرفتی تێکەوت و کوژایەوە، گوتەبێژی وەزارەتی كارەباش بۆ رووداو دەڵێ، چارەسەری گرفتەكەیان كردووە.
محەممەد ئەمین هەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "شەوی 27-6-2016 بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاژێر كوژانەوەی گشتی لە كارەبای نیشتمانی هەرێمی كوردستان روویدا".
ئەو هۆكاری کوژانەوەی گشتی لە کارەبا رووندەکاتەوە و دەڵێ " بەهۆی دروستبوونی شۆرتێك بووە لە هێڵی 132 KV كە تۆڕی سەرەكی كارەبایە شۆرتەكە لەنێوان شارۆچكەی دووكان و شارەدێی چوارقوڕنە دروستبووە، دواجار بووە هۆی كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی بۆ ماوەی چەند كاژێرێك".
گوتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، تاوەكو بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 28-6-2016 سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتە بوون، گوتیشی "ئێستا كارەبا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و كێشەكە چارەسەر بوو".
بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لەم وەرزەدا 2750 مێگاواتە و بەرزترین خواستیش 4500 مێگاواتە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماش رۆژانە خواست لەسەر كارەبا رووی لەزیادبوونە.
وەزارەتی كارەبا 1 ملیۆن و 350 هەزار هاوبەشی جۆراوجۆری هەیە، زۆرترینی هاوبەشەكانیشی ماڵانن.
28/6/2016
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دراونەتە تۆڕی میدیایی رووداو ، كاژێر 2:30 دەقیقەی شەوی رابردوو ئەو دوو كەسەی هێرشیانكردە سەر باڵەخانەی سەرەكی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری هەولێر ، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركراون.
تۆڕی میدیایی رووداو ، لەسەر رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی رێڕەوی لێكۆلینەوەو دۆزینەوەی هەموو هاوكارانی ئەو گرووپە ، خۆی لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە پاراست . هەروەك پێشتریش هەر لەو پێناوەدا راگەیاندنی بەرپرسیارێتی داعشی لە هێرشەكە بڵاونەكردەوە، كە لە دوو تویتدا بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە بۆ سەر رووداو بە دوو نارنجۆكی دەستیی راگەیاندبوو .
بەڵام دوای ئەوەی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو هێرشكارانە لەلایەن چەند دەزگایەكی ناوخۆییەوە ئاشكراكرا ، تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەو هەواڵە رادەگەیێنێت .
كاژێر 12:05 دەقیقەی شەوی 25/6/2016 هێرشكرایە سەر باڵەخانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری هەولێری پایتەختی باشووری كوردستان و لە ئەنجامدا سێ پاسەوان ، كارمەندێكی پەیوەندییەكان و شۆفێرێكی رووداو برینداربوون و، زیان بە دوو تۆتۆمبێلی گواستنەوەی راستەوخۆی رووداو گەیشت .
بە بۆنەی دەستگیركردنی ئەو دوو هێرشكارەی هێرشیانكردە سەر تۆڕی میدیایی رووداو ، زۆر سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ ، ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ دەستوبردییان لە دەستگیركردنی هێرشكارانی سەر تۆڕی میدیایی رووداو و، رێز لە شەونخوونی یەك بە یەكی ئەوانە دەگرین كە كاریانكرد لەپێناو دەستگیركردنی ئەو هێرشكارانەدا .
هەر لێرەدا جارێكی دیكە سوپاسی خۆمان دووپاتدەكەینەوە بۆ هاوسۆزی بەرفراوانی خەڵكی كوردستان ، هەموو سەركردە و لایەنەكانی كوردستان ، دەوڵەتانی جیهان و هەموو رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و جیهانییەكان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا.
تۆڕی میدیایی رووداو
28/6/2016
عادل موراد، سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، هێرش دەكاتە سەر حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رایدەگەیێنێت "تێکدانی ئارامی کوردستان هێڵی سوورە"، ئاگاداریشیان دەكاتەوە بەزووترین كات سنوورەكانی باشووری كوردستان چۆڵ بكەن.
لە پەیامێكدا كە لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، عادل موراد لەبارەی دەستپێكردنەوەی جموجۆڵی سەربازی هەردوو باڵەكەی حیزبی دیموكرات (حدك و حدكا) و تۆپبارانكردنی سنوورەكانی باشووری كوردستان دەڵێت "وێڕای نیگەرانیمان لە تێکچوونی دۆخەکە، ئەو هێزانەش ئاگاداردەکەینەوە بەزووترین کات سنوورەکانی باشوور چۆڵ بکەن و نەبنە هۆی تێکدانی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو چیدی هاووڵاتیانی کوردستان نەبنە قوربانی".
دەستپێكی پەیامەكەی عادل موراد بریتییە لە: "ماوەی چەند رۆژێکە کوردستانی ئێران بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دیارە ئەم ئاڵۆزییەش خەڵکی باشووری تووشی ناڕەحەتی و ماڵوێرانی کردووە، هۆکارەکەشی بۆ هەبوونی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کە بەو هۆیەوە شەرعیەت دەداتە کۆماری ئسلامیی ئێران تاوەكو بەرگری لەخۆی بکات و ئەو ناوچە سنووریانە تۆپباران بکات".
بەبۆچوونی سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، "بەدەستهێنانی مافەکانیان لەڕێگەی کوشتنی چەند سەربازێکی ئێرانەوە نابێت، چونکە پرسەكە زۆر لەوە گەورەترە بە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری چارەسەر بکرێت، باشترین رێگەچارەش دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێکردنی خەباتی مەدەنییە دوور لە تووندوتیژی".
رۆژی یەكشەممە 26-6-2016، تۆپخانەكانی ئێران، بەبیانووی هەبوونی بنكە و بارەگای پێشمەرگەكانی حدكا و حدك، دەستیان بە تۆپبارانكردنی دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران كرد لە باشووری كوردستان و چەندین كاژێرێك تۆپبارانەكە بەردەوام بوو.
بەهۆی تۆپبارانەكە 5 كەس برینداربوون، 10 گوندی ناوچەکانی حاجی ئۆمهران و سیدهكان چۆڵكران، نزیكەی 700 دۆنم پووش و پاوان سووتا لەگەڵ ژمارەیەك رەز و باخی هاونیشتانیان، هاوكات 70 پوورەی هەنگ لەنێوچوون و زیانیش بە چەند رانەمەڕێك گەیشت.
28/6/2016
برێت ماکگۆرک، نێردەی تایبەتیی باراک ئۆباما لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، پیرۆزبایی گرتنەوەی شاری فەللوجە لە ھێزە عێراقییەکان دەکات.
شەوی ڕابردوو 26/6/2016، برێت ماکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، پیرۆزبایی سەرکەوتنی گرتنەوەی تەواوی شاری فەللوجەی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
لە تویتەکەی ماکگۆرکدا ھاتووە: "پیرۆزبایی سەرکەوتنی گرتنەوەی تەواوی فەللوجە لە عەبادی و ھێزە ئەمنییەکان دەکەم، ھەروەھا لەو بەرەوپێشچوونەی ئێستایان لە باشووری پارێزگای نەینەوا".
دوێنێ یەکشەممە 26/6/2016، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە، شاری فەللوجە، لە لایەن سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکان، بە تەواوەتی لەژێر دەستی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش دەرھێنراوە و ئازاد کراوە، دواتریش حەیدەر عەبادی لەو شارە بەشداری لە مەراسیمێکدا کرد.
27/6/2016
نرخی زێڕ و دراوەکان بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی حوزەیرانی 2016 بەمشێوەیەیە:
100 دۆلاری ئەمریکی = 126.300 دینار
100 یۆرۆ = 140.000 دینار
100 پاوەند = 171.750 دینار
100 ھەزار تومەن = 36.750 دینار
100 لیرەی تورکی = 42,600 دینار
نرخی زێڕ
یەک مسقال زێڕی عەیار 18= 196,000 دینار
یەک مسقال زێڕی عەیار 21= 229,000 دینار
یەک مسقال زێڕی عەیار 24= 260,000 دینار
27/6/2016
حكوومهتی ههرێمی كوردستان، له راگهیهندراوێكدا، نیگهرانی خۆی له بۆردومانكردنی ناوچه سنورییهكان نیشاندا و داواش لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ، كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا دەكات، بۆمبابارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان رابگرن.
هاوكات نیگهرانی خۆیشی له بهرامبهر بهكارهێنانی خاكی ههرێمی كوردستان، بۆ زیانگهیاندن و هێرشكردنه سهر وڵاتانی دراوسێی، لهلایهن ههندێك له ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان.
ئەمەش دەقی ڕاگەیهندراوەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیاوە بۆمباباران كران، لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بریندار بوون، هەروەها دەیان گوندنشین ناچار بوون گوندەكانیان چۆڵ بكەن و دەیان مەڕدار و جوتیار و كۆچەریش، ناچار بوون لە كوێستانەكان بێنە خوارەوە و زیانێكی زۆر بەر كشتوكاڵ و ئاژەڵی هاووڵاتیان و ژینگەی هەرێمی كوردستان كەوتووە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگهرانیى خۆی بەرامبەر ئەو زیانانە ڕادەگەیهنێت و داوا لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ، كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا دەكات بۆمبابارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرن. هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی نەگۆڕە و پابەندە بە دۆستایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەكانی ئەو دەوڵەتانە و هەوڵدان بۆ ئاشتی و ئارامییەكی بەردەوام بۆ گەلی هەرێمی كوردستان و گەلانی ئێران و توركیا و ناوچەكە.
لە هەمان كاتدا ناڕەزاییی خۆمان بەرامبەر بەكارهێنانی خاك و سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیهنین بۆ زیانگەیاندن و هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە چیتر خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنن و ڕێز لە ئارامیی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و پابەندییە یاساییەكان و پەیوەندییە دۆستایهتییهكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێیەكانی، بگرن..
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
26/6/2016
سهرۆكى هاوپهیمانێتى "موتهحیدوون" ژمارهى چهكدارانى "داعش" له موسڵ ئاشكرا كرد، پێشبینیش دهكات له شهڕى رزگاركردنى ئهو شارهدا، داعشهكان بهكۆمهڵ ههڵبێن.
ئوسامه نوجهیفی، سهرۆكى هاوپهیمانێتی "موتهحیدوون" كه له بنهڕهتدا خهڵكى شارى موسڵه، رایگهیاند :" پێشبینی دهكهین داعش به كۆمهڵ ههڵبێن و هاوكات راپهڕینی جهماوهریان له دژ درووست ببێت".
ئاماژهى بهوهشدا، كه ژمارهى چهكدارهكانى ئهو رێكخراوه له ناو موسڵ نزیكهى حهوت ههزار چهكداره و بهوانهى دهوروبهریش دهگهنه 12 ههزار چهكدار كه زۆرینهیان بیانیین.
نوجهیفی له دیدارێكى تهلهفزیۆنیدا، ئهوهشى خستهڕوو، كه ئێستا بزووتنهوهیهكی بهرگرى له ناو موسڵدا درووست بووه و چاوهڕێی رۆژى رزگاركردنى ئهو شاره دهكهن، گوتیشی :" له چهند رۆژى داهاتوودا له بهرهكانى بێجى و شرگات و گهیاره و بهرهى مهخموور و دۆڵهكانى نهینهوا لهلایهن پێشمهرگهوه، پێشڕهوى باش بهدی دێت.
پێشوازیش دهكات لهههر هاوكارییهكى نێودهوڵهتى لهلایهن توركیا و ئهمریكا و كهنداوه، گوتیشی :" بهڵام تێبینیمان لهسهر ئێران ههیه، چونكه گهر ئێرانییهكان هاتنه موسڵ جێگیر دهبن تیایدا".
26/6/2016
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە شارۆچکەی سەوڵاوای سەر بە مەریوان لە نێوان تیمێکی پێشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەوڵاوا شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.
هەر لەبارەی ئەم شەڕە و شەڕەکەی دوێنێی مەهاباد ئەنجومەنی سەربەزیی حدکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە.
وێنەیەک لەو ڕاگەیەندراوە بۆ ئاژانسی (باسنیوز) نێردراوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕگەیەندراوی شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر شەڕی مەریوان و مەهاباد.
لە درێژیی پێوەندیگرتنی پێشمەرگەکانی حیزب بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات هێزەکانی ڕێژیم هێرش و پەلاماری خۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردوە کە هەروا بەردەوامە.
لەو پێوەندییەدا بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە ناوچەی مەهاباد ڕۆژی هەینی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، (٢٤/٠٦/٢٠١٦) کاتژمێر ٤ی پاشنیوەرۆ لە کاتێکدا هێزێکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندەکانی "دوو چۆمان" ، "باگردان"، "حەسەن چەپ" و "بێنگوێن" لە حاڵی حەسانەوە بوون کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری هێزەی سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە پاش تێکهەڵچوونێکی نابەرابەر و چەند ساعەتە کە کوژران و بریندار بووونی ژمارەیەک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو، هێزی پێشمەرگە بە دوای شەڕێکی قارەمانانە شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بە سەلامەتی بەجێ هێشت.
بەپێی هەواڵێکی دیکە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی مەریوان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەوەی بە خەستی تۆپ و خمپارەباران کران سەرئەنجام سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەر ١٣٩٥(٢٥/٠٦/٢٠١٦) ساعەتی ٤ لە ناوچەی سەوڵاوە کەمینیان بۆ هێزێکی پێشمەرگە داناوە. پاش شەڕێکی قارەمانانە هێزی پێشمەرگە لە شوێنی شەڕەکە دەرباز بوون لە کوژراو و برینداری دوژمن هەواڵێک لە بەردەست نییە، بەداخەوە پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی کاک "شۆڕش منبەری" لەو بەرگرییە قارەمانانەدا شەهید بوو.
ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ شانازی بەردەوام بێ.
شوڕای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی
٢٥ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی
دواى دهركهوتنى ئهنجامى راپرسییهكهى بهریتانیا كه 52%ـى دهنگدهران لهگهڵ ئهوهدان له یهكێتى ئهوروپا جیاببنهوه، زیاتر له یهك ملیۆن ئیمزا كۆدهكرێتهوه بۆ دووبارهكردنهوهى راپرسییهكه.
ئاژانسى فرانس پرێس، له ههواڵێكى به پهلهدا، رایگهیاند :" زیاتر له یهك ملیۆن ئیمزا كۆ دهكرێتهوه بۆ ئهوهى دووباره راپرسیی لهسهر جیابوونهوه له یهكێتى ئهوروپا، ئهنجام بدرێتهوه".
دواى بڵاوبوونهوهى ئهنجامهكان، كه زۆرینه به رێژهى نزیكهى 52%ـى دهنگدهرانى بهریتانیا لهگهڵ جیابوونهوهى وڵاتهكهیاندان له یهكێتى ئهوروپا، بارى ئابوورى له جیهان تووشى شۆك بوو و سهرجهم بازاڕه سهرهكییهكانى دراو و كۆمپانیا پشكدارهكان زیانى گهورهیان پێگهشت.
بازاڕهكانى دراو له جیهان، دوێنێ ههینى كه "بهههینی رهش" ناسێنرا، نزیكهى 2.1 ترلیۆن دۆلار زیانیان پێگهشت، ئهوهش گهورهترین زیانه به بازاڕهكانى جیهان كهوتبێت له 2007ـهوه.
25/6/2016
دوای ئەوەی لە ڕیفراندۆمەکەی دوێنێدا زۆرینەی گەلی بەریتانیا بڕیاری دا، لە یەکێتیی ئەورووپا جیا ببێتەوە، جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕای گەیاند، ”ئەورووپا لە ڕۆژە ڕەشەکەدایە“.
بەپێی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی دوێنێ پێنجشەممە 23\6\2016ی بەریتانیا، 51.9%ی گەلی بەریتانیا، دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا داوە، لە بەرامبەریشدا 48.1% داوای مانەوەیان لە چوارچێوەی یەکێتییەکە کردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا، بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بکشێتەوە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی (DW)ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، زیگمار گابریێل، جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، بە نیگەرانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: ”نەفرەت، ڕۆژێکی ڕەشە بۆ ئەورووپا“.
لە لایەن خۆشیەوە، فرانک فاڵتر شتاینمایر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، بڕیاری جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، دەری دەخات کە ئەورووپا ڕۆژێکی خەمبار بەڕێ دەکات.
هەمان ئاژانس لە زاری وەزیری دەرەوەی پۆڵەنداوە بڵاوی کردووەتەوە، دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، ”هەواڵێکی خراپە بۆ ئەورووپا و پۆڵەندا“.
مارتن شۆڵتس، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپاش ڕای گەیاند، پێشبینی دەکات دانوستانی بەپەلە سەبارەت بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا دەست پێ بکات.
هاوکات مارین لۆبان، سەرۆکی بەرەی نیشتمانیی ڕاستڕەو ئاماژەی بەوە کرد: “بڕیاری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، سەرکەوتنی ئازادییە”. داواشی لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کردووە، ڕاپرسییەکە ئەنجام بدەن.
هەر ئەمڕۆ، گیرت فیڵدرز، پەرلەمانتاری ڕاستڕەوی هۆڵەندی، داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد، ڕیفراندۆمێک بۆ جیابوونەوەی هۆلەندا لە یەکێتیی ئەورووپا ئەنجام بدەن. لە بەیاننامەیەکدا ئەوەشی ڕوون کردەوە: “مافی هۆڵەندییەکانە کە لە وڵاتەکەیاندا پرسیان پێ بکرێت، پارتی ئازادیش داوا دەکات، ڕاپرسی بۆ دەرچوونی هۆڵەندا لە یەکێتیی ئەورووپا ئەنجام بدرێت”.
24/6/2016
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئاشکرای کرد، ئێران بە هەڕەمەکی ناوچەکە تۆپباران دەکات و بەهۆیەوە 4 کەس بریندار بوون کە 3 برینداریان منداڵن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26\6\2016، مەغدید ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، سەعات 10ی بەیانیی ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی ئێران چەند ناوچەیەکیان لە سنووری حاجی ئۆمەران تۆپباران کرد. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تۆپبارانەکە لە سنووری گوندی ئالانەی سەر بە حاجی ئۆمەران بووە و بەهۆیەوە 4 کەس بریندار بوون کە 3 لە بریندارەکان، منداڵن و تەمەنیان لە 18 ساڵ بچووکترە و تەنیا یەکێکیان نزیکەی 20 ساڵە.
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: ”ئەو هاووڵاتییانەی کە لە کاتی تۆپبارانەکە لەو ناوچەیە بوون، چووبوونە کوێستانەکان بۆ بەخێوکردنی مەڕوماڵات، بەڵام دوای ئەو تۆپبارانە، خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و پووش و پاوانی ناوچەکەش سووتاوە“.
مەغدید ئەحمەد جەختیشی لەوە کردەوە: ”بۆردومانەکە هەڕەمەکییە، بۆیە هێزەکانی پۆلیسی، ئاسایش و تیمی فریاگوزاری لە ئامادەباشی داین، بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێکی لەناکاو، هاوکاری ئەو خەڵکانە بین“.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، تۆپبارانەکەی ئێران تەنیا لە سنووری حاجی ئۆمەران نەبووە، بەڵکو ناوچەکانی سنووری شارەدێی سیدەکان و شاخی (بەربزنا)ی تۆپباران کردووە.
26/6/2016