لایەنە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان لەهەوڵی ئەوەدان بەرەیەکی ئیسلامی دروست بکەن، سەرەتاش دەیانەوێت لە یەکخستنی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەست پێبکەن.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووش دەڵێت "لە دوو کۆبوونەوەی رابردووی سەرکردە باڵاكانی ئیسلامییەکان بەجیدی قسە لەسەر ئەو بابەتە کراوە".
حاجی کاروان، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتوو بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" لە دوو کۆبوونەوەی رابردووی سەڵاحەدین بەهائەدین و عەلی باپیر باسی ئەو بابەتە کراوە و هەرسێ فراکسیۆنی یەکگرتوو،کۆمەڵ بزووتنەوە بەباشمان زانییوە یەک فراکسیۆنمان هەبێت".
بە دروستبوونی فراکسیۆنی ئیسلامییەکان، پەرلەمانی کوردستان بۆ سەر سێ فراکسیۆنی بەهێز دابەش دەبێت و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش گەورەتر لە یەکخستنی فراکسیۆنەکان داوا دەکات.
یەکخستنی فراکسیۆنەکانیان بۆ خولی ئێستا، رێگا بۆ ئیسلامییەکان خۆش دەکا، بۆ خولی داهاتوو، بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوە دەڵێت، دروستبونی بەرەیەکی ئیسلامی داواکاری ئیلاهییە.
ئیسلامییەکان دەیانەوێت بە دروستکردنی ئەو بەرەیە، ئەو دەنگە تۆراوانەش ئاشت بکەنەوە، کە بەهۆی پەرت و بڵاویان لە دوو هەڵبژاردنی رابردوو، چوبوون بۆ لایەنەکانی دیکە، بەوەش چاوەڕێی ئەوە دەکەن، لە هەڵبژاردنی داهاتوو ژمارەی کورسییەکانیان، زیاتر بێت لەوەی کە ئێستا هەیە.
5/8/2016
فەرماندەی گشتی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شنگال بە رووداوی گوت، دوای ئەوەی هەموو شنگال کۆنترۆڵ دەکرێتەوە هەموو کوردە ئیزدیەکان لە دەستی داعش ئازاد دەکرێن، ئەو کات ئامادەن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە مانەوەی پەکەکە لە شنگال گفتوگۆ بکەن.
لەچیای شنگال گەریلاکانی پارتی کرێکاران چاوەڕێی تیمی (تۆڕی میدیایی رووداو) بوون تاوەکو ئەو پرسیارە وەربگرین، کە ئایا پەکەکە لە شنگال دەمێنێتەوە یان دەڕوات، کە ماوەی دوو ساڵە لە شنگال جێگەیان قایمکردووە.
عەگید جڤیان، فەرماندەی گشتی PKK لە شنگال بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لە سەر پرسی شنگال، رۆژئاوا و باکووری کوردستان پەکەکە ئامادەیە لەگەڵ لایەنەکانی باشوور لەسەرووی هەمویانەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان گفتوگۆبکات".
ئەو فەرماندەییەی PKK لە شنگال دەشڵێت "لە پێناو کوردستان و چارەسەرکردنی دۆخی سیاسیی کوردستان ئێمە ئامادەین گفتوگۆ بکەین و بۆ چارەسەرکردنی دۆخی شنگال پردی پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی ماوە، تەنانەت ئامادەیین لەگەڵ بارزانییش گفتوگۆ بکەین".
5/8/2016
بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردی ، لە بەردەم کۆشکی سپی لە ئەمریکا، یادی دوو ساڵەی کەوتنی شنگال کرایەوە و نوێنەری مۆزەخانەی هۆلۆکۆستیش ئاماژە بەوەدەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پێویست کاری بۆ شنگال و رزگارکردنی کچ و ژنانی ئیزدیی نەکردووە.
نامۆ عەبدوڵڵا، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، شەوی پێنجشەممە 4-8-2016، ژمارەیەک هاونیشتمانی دانیشتووی ئەمریکا و چەند خەڵکێکی ئەمریکی کە ژمارەیەکی زۆر بوون، لەبەردەم کۆشکی سپی یادی کەوتنی دووساڵەی شنگالیان کردەوە کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بەشداربووە لە یادەکە.
بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئاماژەی بەوەشکرد، لەو یادەی کە بۆ کەوتنی دووساڵەی شنگال بەڕێوەچوو، گڵۆپەکان کوژانەوە و مۆم هەڵکران کە بەمۆمەکان ژمارە 3200 نووسیبوو، وەک هێمایەک بۆ ژمارەی ئەو ژن و کچە ئێزدیانەی کەوتنە دەست داعش.
لەبارەی یادەکەی بەردەم کۆشکی سپی، نامۆ عەبدوڵلا گوتیشی: "لە یادەکەدا نوێنەری مۆزەخانەی هۆلۆکۆست ئامادەبوو، بەرووداوی راگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پێویست هیچی بۆ شنگال و ئێزدییەکان نەکردووە و هەروەها کاریان نەکردووە بۆ رزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی".
5/8/2016
قائیمقامێ قەزا شنگال دیاركر ل سەر پێشنیازا مەسعود بارزانی سەرۆكێ هەرێما كوردستانێ دێ ئێدارا دەڤەرا شنگال بریاری دەت باژێری شنگال وەكو یادگار بمینت ژبەر كو ئەو پاری راكرنا بەرمایكێن دهێتە مەزاختن دێ شنگالەكا نوو پێ هێتە ئاڤاكرن و شنگال دێ مینت وەكو موزەخانەكێ دێ رۆژئاڤا و رۆژهەلاتی شنگال دەست ب ئاڤاكرنا شنگال نوو هێتە كرن.
مەحما خەلیل، قائیمقامێ قەزا شنگال بۆ (باسنیوز) دیاركر دێ كار هێتە كرن شنگالەك نوو بهێتە ئاڤەدانكرن و باژێری شنگال یێ تیرۆرستان وێرانكری وەكو خوە بمینت كو هەتا 16 هزار خانیان یێن هاتینە خرابكرن وێرانكرن شنگال نوو دێ رۆژئاڤا و رۆژهەلاتی شنگالە ویرانكری هێتە ئاڤاكرن دێ باژێرەكی مۆدرین و هەڤچەرخ هێتە ئاڤاكرن.
زێدەتر گۆتژی" ژبەر ویرانكرنا شنگال زۆر بەرمایك هەنە ئەو پاری ل پاقژكرن و راكرنا بەرمایكێن شنگال دهێتە مەزاختن دێ شنگالەكا نوو پێ هێتە ئاڤاكرن د لایەكێ سیاسی دا ژی رژیما دكتاتور دیموگرافیا شنگال گوهارتیە ل شنگال نوو دیموگرافی ناهێتە گوهارتن ولایەنی تەندروستی دا ژی تیرۆرستان زۆر چەكێن مەترسیێ ل شنگال بكارئیناینە ل پاشەرۆژی دێ زیان گەهینە وەلاتیان هەموو ئالیەكێ ڤە ئاڤاكرنا شنگال نوو دێ پتر خزمەتا خەلكێ شنگال هێتە كرن.
4/8/2016
پارێزگاری پێشووی نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە ئێران دەسەڵاتی بەسەر هەموو شارەکانی عێراقەوە هەیە، جگە لە پارێزگاکانی نەینەوا، هەولێر و دهۆک.
ئەسیل نەجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا رۆژی پێنجشەممە 4ـی ئابی 2016 بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە، حەشدی نیشتیمانیی، بەشێک لە حەشدی عەشایرەکان و هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەشداریی شەڕی رزگار کردنەوەی مووسڵ دەکەن و جارێکی دیکە بەشداریکردنی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەبی رەت کردەوە، کە ”ئێران پاڵپشتییان دەکات“.
ئەسیل نوجەیفی، کە فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانیی خۆبەخشانی سوننەی مووسڵە، پێیوایە خەڵکی ناو مووسڵ لە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش رادەپەڕن و ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەکەش لەلایەن ئەو هێزانەی لە دەوروبەری مووسڵ دان ”لە پاییزی داهاتوو دەست پێدەکات“.
پارێزگاری پێشووی نەینەوا پێیوایە ئێران دەستی بەسەر 14 پارێزگای عێراق و دوو پارێزگای هەرێمی کوردستاندا گرتووە و دەیەوێ بە بەشداری پێکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ، کە ”بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە“، دەست بەسەر پارێزگای نەینەوادا بگرێت و دواتریش هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکیش لە هەرێمی کوردستان، بخاتە ژێر رکێفی خۆی.
ئەسیل نوجەیفی باسی بەرنامەی میلیشیا شیعەکان لە پارێزگای نەینەوا دەکات و پێیوایە ئەوان دەیانەوێ بگەنە شاری تەلەعفەر و دەشتی نەینەوا، بەڵام ”پێویستییان بە رەزامەندیی هەرێمی کوردستانە“ و بەرژەوەندییەکانی کوردیش لەگەڵ بوونی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە یەکانگیر نییە.
هەروەک نوجەیفی رایگەیاندووە، بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ، ناوچەکە دەباتە قۆناغێکی نوێی ململانێ و رکابەریی و شەڕی تائیفیی نێوان سوننە و شیعە فراوانتر دەکات.
ئەو سەرکردەیەی نەینەوا، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی پێکهاتەی سوننەی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، کە حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان ”تاکە ئەزموونی سەرکەوتووی هەموو عێراقە“ و نیازی خۆیشی نیشان دا بۆ دامەزراندنی هەرێمی نەینەوا دوای رزگار کردنەوەی مووسڵ و رایگەیاند، پێویستە دوای پێکهێنانی هەرێمەکە، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ”لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان گفتوگۆ بکەین و رێک بکەوین“.
دوای شکستپێهێنانی سوپای عێراق لەماوەی چەند سەعاتێکدا لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوایان داگیر کرد، بە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەشەوە.
هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان هەموو ناوچە کوردستانییەکانیان رزگار کردووەتەوە و مەسعود بارزانیش رایگەیاندووە، کە ئەو ناوچە کوردستانییانەی رزگار کراونەتەوە، جارێکی دیکە رادەستی عێراق و سوپاکەی ناکرێنەوە و پێشمەرگە پاشەکشە ناکات.
4/8/2016
ئارەش حوسێن پەناهی چالاکوانی مەدەنیی کوردی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری دێگولان لە پارێزگای سنە، بۆ جارێکی دیکە دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی قوروە کراوە.
بەپێی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، ئارەش حوسێن پەناهی چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی گوندی "قڕووچیا"ی سەر بە شاری دێگولان دوێنێ چوارشەممە 2016 -8 -3 لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانەوە دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی قوروە کراوە.
چالاکوانە دوو مانگ لەمەوبەریش لەکاتی گەڕانەوە لە تاران، بەبێ هۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوو. هەتا ئێستا هۆکاری گیران و تۆمەتەکانی ئەم چالاکوانە کوردە ڕوون نییە.
هاوکات هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە فایەق جیهانی، تەمەن 36 ساڵ و کاسبکاری خەڵکی مەهاباد کە نزیکەی چل ڕۆژ لەمەوبەر دەستگیر کراوە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
ئەو هاوولاتییە کوردەش کە دووکاندار و خاوەنی دوو منداڵە، هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتە لەسەرچی گیراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری، کەچی ناوەند ئەمنییەکان هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسی بە کەسوکاری نەداوە.
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات شەپۆلێکی فراوان لە گەنجان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەستگیر کراون و سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن زۆربەی گیراوەکان لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، سەردەشت، سەقز، سنە، مەریوان و کرماشانن و تەنیا لە شاری کرماشان زیاتر لە چل کەس گیراون.
4/8/2016
سەرکردەیەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، فەرماندەیی هێزە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ دەکات.
شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، لە مانگی حوزەیرانی 2014 و دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
ئەحمەد ئەلئەسەدی، گوتەبێژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی جەختی لە بەشداریکردنی میلیشیاکان لە رزگار کردنەوەی مووسڵ کردووە و رایگەیاندووە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات.
لە بەرامبەردا، حامد موتڵەگ، پەرلەمانتاری سوننەی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان رایگەیاندووە، کە سوپای عێراقی چەندین ئەفسەر و فەرماندەی باڵای هەیە، کە بەشدارییان لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران کردووە و شارەزایی باشیان هەیە، ”پێویستە ئەوانە فەرماندەیی شەڕەکە بکەن نەک فەرماندەیەکی ئێرانی“.
پەرلەمانتارێکی عێراقیش بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە قاسم سولەیمانی لە خاڵی سنووریی مونزەرییە لە خانەقین بە چەندین ئۆتۆمبێلی بەرزەوە هاتووەتە ناو خاکی عێراق، ”بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵ“.
شاری مووسڵ لە رووی ژمارەی دانیشتووانە بە سێیەم شاری عێراق دادەنرێت و زۆرینەی دانیشتووانەکەشی عەرەبی سوننەمەزهەبن و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیش عەرەبی شیعەمەزهەبن.
پێشتر رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی کردبووەوە، کە ئێرانییەکان سەربازگەیەکیان لە سەر سنووری کوردستانی باشوور و رۆژهەڵات لە پارێزگای سلێمانی لە کوردستانی باشوور هەیە و تێیدا مەشق بە چەکدارانی حەشدی شەعبی شیعەمەزهەب دەکەن.
3/8/2016
دیمەنێکی هێلی لەڤ لە فیلمەکە
وا بڕیارە سبەی 4-ی ئەم مانگە، لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە شاری هەولێر، بۆ یەکەمجار فیلمی سینەمایی "ئاڵای بێ وڵات" بچێتە سەر شاشەی سینەما و لە باشووری کوردستان پیشان بدرێت.
ئاڵای بێ وڵات، فیلمێکی دیکیۆمێنتەرییەو لە نووسین و دەرهێنانی بەهمەن قوبادییە، باس لە ژیانی هەریەکە لە هێلی لەڤ و نەریمان فڕۆکەوان دەکات، ئەم فیلمە لە دەیان وڵاتانی دونیا پیشاندراوە، بەڵام پیشاندانی لە هەولێر دەبێتە یەکەم پیشاندانی فیلمەکە لە کوردستان.
بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری فیلمەکە بە رووداو-ی راگەیاند، کە بەو پێیەی فیلمەکە بەرهەمی پارێزگای هەولێرە، هەر لە لایەن پارێزگای هەولێر-یشەوە لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە شاری هەولێر پیشاندەدرێت و رێورەسمەکەش لە رۆژی 04-08-2016 دەبێت.
3/8/2016
پاش ئەوەی دوو شەو لەمەوبەر 36 بەندکراوی سوننە مەزهەب لە زیندانی ڕەجایی شەهری کەرەج بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران، 21 کەسیان کە چالاکوانی کوردن، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاویان کردەوە، ئەو 36 بەندکراوە هەموویان چالاکوانی مەزهەبیی سوننە بوون و کە بەشێکیان سەر بە نەتەوەی بەلووچ و بەشێکی دیکەشیان کورد، و زۆربەیان لەلایەن ئێرانەوە بە تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەی خودا و چەک هەڵگرتن لەدژی کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە حوکمی سێدارەکەشیان پەسەند کراوە.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ناوی 21 کەس لەو 36 بەندکراوە ئاشکرا بووە کە کوردن و زۆربەیان خەڵکی سنە و دەوروبەری سنەن کە شەوی ڕابردوو لە زیندانی ڕەجایی شەهرەوە براونەتە شوێنێکی نادیار و بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە 2016 - 8 -2 لەسێدارە دراون.
ناوی هەندێکیان بریتییە لە "عالەم بەرماشتی، ئەحمەد نەسیری، عەبدولڕەحمان سەنکانی، نەسروڵلا مورادی، بێهرووز شانەزەری، سەید شاهۆ ئیبراهیمی، تەیموور نادری زادە، فەرزاد شانەزەری بەهمەن ڕەحیمی، ئارەش شەریفی، ئیدریس نیعمەتی، ئەحمەد نەسیری، شەهرام ئەحمەدی، تالب مەلەکی، پووریا محەمەدی، کاوە وەیسی، کاوە شەریفی، فەرشید ناسری، فەرزاد هونەرجوو، وریا قادری فەرد، موختار ڕەحیمی، بەختیار ڕەحیمی، مەحموود ڕەحیمی، محەمەدکەیوان ڕەحیمی"
ساڵی پاریش شەش بەندکراوی کوردی سوننە مەزهەب لە زیندانی ڕەجایی شەهری کەرەج لەسێدارە دران.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە حاڵێکدا ئەو 21 بەندکراوە کوردە لەسێدارە دراون کە هیچکام لە ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان جێبەجێ نەکراون و دۆسیەی هەندێکیان هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە و بنەمالەکانیان نەیانتوانیوە دوایین دیداریان لەگەڵ پێک بێنن.
دەگوترێ تەرمی 17 کەسیان ڕادەستی بنەمالەکانیان کراوەتەوە و هێشتا چارەنووسی تەرمی سێ کەسیان دیار نییە.
3/8/2016
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، کە ئەوروپییەکان چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکەن تاوەکو سەربەخۆیی رابگەیەنێت و کاری لەگەڵ بکەن.
دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا رایگەیاندووە، کە وڵاتانی ئەوروپا جۆرە سەختییەک لە هەناردەکردنی چەکی قورس بۆ پێشمەرگە دەبینن، چونکە تاوەکو ئێستا کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە.
دلاوەر ئاژگەیی پێیوایە بۆ رزگار بوون لەو کێشە یاساییانە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی، لیوای تایبەتی سەربازیی دروست بکا، کە مەشق لەسەر چەکە پێشکەوتوو و نوێیەکان بکەن، چونکە ”یەکێک لە هۆکارەکانی نەناردنی چەکی قورس بۆ پێشمەرگە، لێ ڕا نەهاتنی پێشمەرگەیە لەسەر چەکی رۆژئاوایی“.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەش داوە، کە هەوڵ هەیە تاوەکو هاوشێوەی رێککەوتنە سەربازییەکەی لەگەڵ ئەمریکا، کوردستان رێککەوتنێکی سەربازیی لەگەڵ پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) واژۆ بکات.
ئاژگەیی پێیوایە کوردستان لە رووی وزەوە، بە تایبەت گازی سرووشتی، ناتوانێ شوێنی رووسیا بۆ ئەوروپا بگرێتەوە، بەڵام ”هەروەک ئەوروپییەکان ئاماژەی پێدەکەن، دەتوانێ بەشی سەرەکیی پێویستیی ئەوروپا لە گازی سروشتی دابین بکات“.
هەروەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، بۆریی گواستنەوەی گازی کوردستان بۆ ئەوروپا، بە نیو خاکی تورکیادا دەڕوات، پێشبینیشی کردووە گازی کوردستانی باشوور لە سەرەتای ساڵی 2019ـەوە بگاتە ئەوروپا.
دلاوەر خالید ئاژگەیی لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، باسی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و پێیوایە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دژی ویستی گەلی کوردستان لە سەربەخۆیی، ناوەستن و رایگەیاندووە، ”ئەوان پێمان ناڵێن بڕۆن سەربەخۆیی رابگەیەنن، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری جاڕدانی سەربەخۆیی ئێمە دەکەن و کار لەگەڵ واقیع دەکەن“.
ئاژگەیی بە پێویستی زانیوە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هاوکاریی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بکەن لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و هاوشێوەی ئەمریکا، مووچەی بەشێک لە پێشمەرگە دابین بکەن، ”ئەمەش خزمەتێکی گەورە نییە بەرامبەر کوردستان دەکرێ، چونکە پێشمەرگە و کوردستان لە بری هەموو جیهان شەڕی داعش و تیرۆریستان دەکەن“.
2/8/2016
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا داخستنی 20 مزگەوتی لە سەرتاسەری وڵاتەکەی راگەیاند.
بێرنار کازنۆڤ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دوای کۆ بوونەوەی لەگەڵ ئەنوەر کیباش، سەرۆکی ئەنجومەنی فەرەنسیی بۆ ئایینی ئیسلامی رایگەیاندووە، کە هیچ شوێنێک لەفەرەنسا بۆ ئەوانە نییە، کە ”لە مزگەوتەکان و شوێنەکانی نوێژکردنەوە هانی توندوتیژی دەدەن“.
بێرنار کازنۆڤ هەروەها رایگەیاند، کە بەهۆی ئەوەی لەو مزگەوتانەوە هانی توندوتیژی دەدرا و دژایەتیی بنەماکانی کۆماری فەرەنسا دەکرا، بڕیاری داخستنی 20 مزگەوت و شوێنی نوێژکردنی موسڵمانانی دەرکردووە و ژمارەیەک مزگەوتی دیکەش دادەخرێن.
نزیکەی دوو ساڵە، تیرۆریستان بە چەندین شێوازی وەک هێرشی چەکداری، تەقینەوە و رووداوی هاتوچۆ، کاری تیرۆریستی لە فەرەنسا ئەنجام دەدەن، کە ئەنجامدەری هەموو تاوانەکان موسڵمانی توندڕەو بوون و بە رەگەز خەڵکی وڵاتانی عەرەبین و بوونەتە خاوەن رەگەزنامەی فەرەونسی و ئەوروپی.
دوایین کاری تیرۆریستیی ئەو توندڕەوانە، هێرشکردنە سەر کەنیسەیەک بوو لە باکووری فەرەنسا و سەربڕینی قەشەیەکی بە تەمەنی فەرەنسی بوو.
2/8/2016
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رۆژی سێشەممە 2-8-2016 کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدەكات، فراکسیۆنی تورکمانیش لە ئەنجوومەنەکە یاداشتێکی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رەزامەندی بدات لەبارەی چاپکردنی کتێبی تورکی بۆ خوێندنگە تورکمانییەکان.
عیماد رەفعەت، سەرۆکی لیستی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند "ئێمە وەک لیستی تورکمانی یاداشتێکمان داوەتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ئەوەی بڕیاربدەن خوێندنی تورکمانی لە هەولێر گرنگی پێبدرێت کە تورکمان نەتەوەی دووەم و سەرەکی هەولێرە".
سەرۆکی لیستی تورکمانی گوتیشی " 11 خوێندنگە و دایەنگەی تورکمانی لە شاری هەولێر هەن و پێویستیان بەوە هەیە کتێبیان بە زمانی تورکمانی بۆ چاپبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامبن لە خوێندن بەزمانی تورکمانی".
عیماد رەفعەت ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا داوادەکەین خوێندن بە زمانی تورکمانی لە هەولێر گرنگی پێبدرێت و کێشەکان چارەسەربکرێن، وەک دامەزراندنی مامۆستا و چاپکردنی کتێب.
2/8/2016
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-8-2016، لە شاری وانی باکووری کوردستان، هەدەپە میتینگ بۆ دژایەتیكردنی هەوڵی كودەتا سەربازییەكە سازدەكات و، هاوسەرۆکی ئەو پارتەش گوتارێک پێشکەش دەکات، هەروەها داوادەكرێت دووبارە پێڤاژۆی ئاشتی دەستپێبکاتەوە.
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئابی 2016، پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە شاری وانی باکووری کوردستان میتینگێکی بەرفراوانی جەماوەری بۆ دژایەتیكردنی كودەتا شكستخواردووەكە سازبكات. هەدەپە بەرنامەی هەیە لە 8 شاری باكووری كوردستان و توركیا میتینگ سازبكات و دوێنێ یەكشەممە لە ئامەد دەستیپێكرد.
بڕیارە لە میتینگەکەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە گوتارێک پێشکەش بکات. ئامانج لە سازكردنی ئەو میتینگانە وێڕای ئەوەی دژایەتیکردنە بۆ هەوڵی کودەتا سەربازییەكە، هەدەپە دەیەوێت جارێکی دیکە پێڤاژۆی ئاشتی لە تورکیا دەستپێبکاتەوە.
1/8/2016
د. یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی سوێنخواردن، فۆتۆ: فەرزین حەسەن
بزووتنەوەی گۆڕان بە گۆڕینی د. یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رازی بووە، كە پارتی بەردەوام جەختی لەسەر دەكاتەوە، بەڵام مەرجێكی قوڕسی داناوە. هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕانیش دەڵێت تاوەكو پارتی هەنگاوێكی كرداری نەنێت، گۆڕان لەجێی خۆی ناجووڵێت.
كۆتایی مانگی رابردوو، د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ماوەی هەفتەیەك لە سلێمانی بوو. فوئاد حوسێن، وەكو نوێنەر و نێردراوی تایبەتی بارزانی چووە سلێمانی، تاوەكو چارەسەرێك بۆ دۆخە سیاسییەكە بدۆزرێتەوە، بەپێی زانیارییەكانیش سێ كۆبوونەوەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و هێرۆخان ئەنجامداون، دوو كۆبوونەوە دوو بە دوو، كۆبوونەوەیەكیشیان سێ قۆڵی ئەنجامداوە.
پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆتاییهاتووە و چیدی رازی نین د. یوسف محەممەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بێت، ئەم بابەتش یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان كۆبوونەوەكان بووە.
هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان كە ئاگاداری بڕیارە یەكلاكەرەوەكانی حیزبەكەیەتی و نەیسویست ئاماژە بە ناوەكەی بكرێت، لەبارەی ئەو داوایەی لەڕێگەی فوئاد حوسێنەوە بۆ بارزانی نێردراوە لەبارەی پۆستەكەی یوسف محەممەد، بە رووداوی راگەیاند "یوسف محەممەد ئامادەیە بۆ گۆڕین، بەڵام بە مەرجێك، یوسف محەممەد سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكات تاوەكو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەگۆڕدرێ، بەشێوەیەك سیستەمی سیاسی لە كوردستان پەرلەمانی بێ. هەروەها ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بۆ ساڵێك درێژ دەكەینەوە بە كەمكردنەوەی هەندێ دەسەڵاتەوە، دوای ئەوە ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش بگۆڕدرێ لاریمان نییە".
هاوكات ئاواتی شێخ جەناب، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەوەی پارتی ناوی ناوە دەستپێشخەری، بەلای ئێمەوە هیچ نییە جگە لە كات كوشتن". ئاواتی شێخ جەناب هەروەها گوتی "ئەم ماوەیە بەناوی گۆڕانەوە قسە زۆر دەكرێت، با من هەڵوێستی دروستی گۆڕانتان پێ رابگەیەنم، تاوەكو پارتی هەنگاوێكی كرداری نەیەتە پێشەوە، سەد دەستپێشخەری و كۆبوونەوە بكات، گۆڕان هەنگاوێك لەجێی خۆی ناجوڵێت".
لەبارەی ئەو دەنگانەی كە دەگوترێت گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ببێ، ئاواتی شێخ جەناب دەڵێ "ئەو قسانە بیركردنەوەی پارتیانەن، گۆڕان خاوەنی قسەی خۆیەتی، تاوەكو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی د.یوسف ئاسایی نەبێتەوە، هیچ كۆبوونەوە و رێكەوتنێكی دیكەمان نابێت".
پارتی داوای لە یەكێتی كردووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پڕبكاتەوە، بەڵام هێرۆخان ئەم داوایەی رەتكردووەتەوە. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت "فوئاد حوسێن پێشنیازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لەلایەن یەكێتییەوە خستە بەردەم هێرۆخان، بەرامبەر ئەوەی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی حكومەت زیاد بكرێ و بدرێتە گۆڕان، بەڵام هێرۆخان ئەم داوایەی رەتكردەوە و گوتی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پڕناكاتەوە".
1/8/2016
رووداو - ستۆكهۆڵم
سیما جەعفەری ئاڵایەكی كوردستانی لەخۆی ئاڵاندبوو، ئاڵا شەش رەنگەكەی هاوڕەگەزخوازانیشی بەرزكردبووەوە و دەیگوت "وەكو كوردێكی ژێردەست شانازی بەوە دەكەم كە پشتگیری لە دەیان ملیۆن كەس بكەم، تەنیا لەبەر ئەوەی هاوڕەگەزخوازن، ژیانیان لە مەترسیدایە".
شەممەی رابردوو، هەفتەی پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازان كە بە "پراید" ناسراوە، لە سوێد بەڕێوەچوو، وێڕای بەشداریی هەزاران كەس لەسەر ئاستی سوێد، ژمارەیەكی زۆر لە كوردی هاوڕەگەزخواز و چالاكڤانی پاڵپشتیكەر لە هاوڕەگەزخوازان بە ئاڵای كوردستان و بە گوتنەوەی گۆرانیی كوردییەوە بەشداریی گردبوونەوەكەیان كرد.
سیما جەعفەری كە لەدایكبووی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە سوێد گەورە بووە، باسی چیرۆكێكی تراژیدی وڵاتەكەی خۆی (ئێران)ی كرد كە چۆن كەسێك لە سێدارە دراوە تەنیا لەبەرئەوەی هاوڕەگەزخواز بووە "ئەوە هانیدام بەشێكی زۆر لە تەمەنم بۆ پشتگیری لەو كەسانە تەرخان بكەم".
جەعفەری خۆی هاوڕەگەزخواز نییە، بەڵام دەڵێت "بەشێكی زۆر لە هاوڕێكانم لەو شێوەیەن و زۆرم خۆشدەوێن و شانازییان پێوە دەكەم". گوتیشی "پێموانییە هاوڕەگەزخوازێتی نەخۆشی، یان عەیب بێت، بەڵكو حەزێكە لای ئەوان و خوا بەو شێوەیە دروستی كردوون، چ گوناهێكە لەسەر ئەو حەزە بكوژرێیت و سزای مەرگ بدرێی".
كورد پێكەوە نەبوون
ژمارەی ئەو كوردانەی پێشتر بەشدارییان لەم بۆنەیە دەكرد، هاوشێوەی میسری و ئەفغانی و فارس و سۆماڵییەكان كەم بوون، بەڵام ئێستا روو لە زیادبوونن و ئەمساڵ سەدان كەسی تێپەڕاند. بەڵام لەنێو چەند گرووپێكی جیاوازدا.
دەنگۆی ئەوە بڵاوبوو كە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان، بووەتە هۆكاری ئەوەی ئەو چالاكڤانە كوردانەی پشتیوانی لە هاوڕەگەزبازان دەكەن ببنە زیاتر لە گرووپێك.
ئەم بابەتە تەنانەت بووە جێی بایەخی بەشێك لە مێدیاكانی سوێد و لە وەڵامی ریپۆرتێری رادیۆی نێودەوڵەتیی سوێددا، نوێنەرانی هەریەك لە دوو گرووپە جیاوازە سەرەكییە كوردەكە رەتیانكردەوە جیاوازیی بیری سیاسی و قبوڵنەكردنی ئاڵای كوردستان هۆكاری ئەو دابەشبوونە بووبێت.
ئاڵا رەیانی لە گرووپی (Kurdiska HBTQ vänner) گوتی"حەوت ساڵە بەشداری دەكەین و ساڵانە زۆر زۆر زیاد دەكەین، مەبەستمان ئەوەیە كە نیشانی بدەین دۆستی ئەوان و مافی مرۆڤین". رەیانی بە رادیۆی سوێدی گوت "سەرەتا خەڵك تووڕە دەبوو، هەڕەشەیان لێدەكردین كە چۆن دەبێت بە ئاڵای كوردستانەوە بەشداری بكەین، بەڵام ئێستا بەشداریی ئەو جۆرە بۆنانە ئاسایی بووە".
سەبارەت بە لێكدانەوە سیاسیەكەش بۆ دژایەتی ئاڵای كوردستان، رەیانی گوتی "حیزبایەتی ناكەین و بێلایەنین و بۆ هەموو كەس و بۆ هەموو كوردی دەكەین".
دوگۆجان لە گرووپی (Regnbågskurder)، كە بەپێی بابەتەكەی رادیۆی سوێد بێت، ئەو گرووپەن ئاڵای پارتێك لە بەرامبەر ئاڵای كوردستان بەرز دەكەنەوە، دەڵێت "كورد كوردە و هیچ جیاوازی نییە و پێشتر تەنیا وەك بەشدارێك و ئێستا وەك سەرپەرشتاری گرووپێك بووم". گوتیشی: "باشترە گرووپی جیاواز هەبێت كە هەموو خەڵك بزانێت كورد خۆی وا نیشان بدات پشتیوانی هاوڕەگەزخوازانە، من وا هەست ناكەم جیاوازی سیاسیمان هەبێت، چونكە ئێمە بۆ سیاسەت لەوێ نەبووین".
سەردەشت ئیسماعیل، دانیشتووی سوێد، پێدەچوو بە رێكەوت هاتبێتە بینینی كاروانی پراید. ئەو نە لەگەڵ ئەوەیە كوردان چالاكییان لەنێو ئەم فێستیڤاڵە هەبێت، نە لەگەڵ دژایەتیكردنیشیەتی، بەڵام دەستخۆشی لەو پارتە دەكات كە بێ شەرم، ئاڵای خۆی لەنێو فێستیڤاڵەكەی هاوڕەگەزخوازان بەرز كردەوە.
گوتیشی "ئەوە بوێرییە كە وەك یەكەمین پارتی كوردی لە مێژووی بزاوتی رزگاریخوازی گەلی كورد، بەو شێوەیە شەرمی نەكردبێت و تەنانەت لە هەڵبژاردنەكانی رابردووی توركیا رایگەیاند و پراكتیزەی كرد". مەبەستی سەردەشت لەو پارتە، پەكەكە بوو.
كەس نازانێت رێكەوت بووە، یان هەوڵێكی لەپشت بوو كە لە هەمان رۆژ و لە ناوەندی شاری ستۆكهۆڵم، كۆبوونەوەیەكی موسوڵمانانی شیعەمەزهەب رێكبخرێت.
ئەبو عەلی، 21 ساڵ كە گەنجێكی موسوڵمانی شیعەیە، گوتی "بۆ دژایەتی ئەو فێستیڤاڵە ئەو بۆنەیەمان لە سەنتەری شار رێكخستووە". گوتیشی "بەداخەوە بۆ ئەو موسوڵمانانەی بەشدارییان لەو فێستیڤاڵەدا كرد".
مارگرێتا یۆنسۆن كە لە رێكخراوێكی دژە ئاینی چالاكی دەكات، گوتی "ئەمە یەكەم پەرچەكردارە و دوور نییە لە ساڵانی داهاتوودا، ئەمە لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی هێمنەوە، بگۆڕێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی خوێناوی و پاشان تەقینەوە و كوشت و بڕیشی لێ بكەوێتەوە".
جیا لە ساڵان، سوێدییەكان كەمێك هەستیار بوون و ترسی كاری تێكدەرانە و تیرۆریان هەبوو. یۆنسۆن، رووی لەو چالاكییە ئیسلامییە كرد و گوتی "بۆ من، هاوڕەگەزخواز و موسوڵمان و كریستیان و جوو وەكو یەك مرۆڤن و مافی ژیان و خواست و باوەڕی خۆیان هەیە، بەڵام بەڕاستی ئیسلامییەكان جێگەی مەترسین". گوتیشی "ئەم كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ و لەم شوێنە، مەسجێكی بەهێزە و دەبێت بەهەند وەربگیرێت".
2/8/2016