وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو چەکە ئەمریكیانەی لە ئەفغانستان کەوتوونە دەست داعش، لە ئەنجامی هێرشێکی ئەو گرووپە بووە بۆ سەر هێزێکی ئەمریکی.
دوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە داعش لە ئەفغانستان چەکی ئەمریکی بەکاردەهێنن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ئەو چەکانە کەوتوونە دەست داعش لە ئەنجامی هێرشێکی ئەو گرووپە بووە بۆ سەر هێزێکی ئەمریکی.
جەنەراڵ چارلس کلێڤلاند، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش، رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژی 25ی تەمموزی ئەمساڵ لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان بە چڕی کەوتوونەتە بەر هێرشی چەکدارانی داعش.
کلێڤلان گوتیشی "داعش بە رۆکێت هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هێزە ئەمریکییە و هێزەکەیان ناچاربوونە بەشێک لە چەک و کەلوپەلی سەربازیان بەجێبهێڵن، کە دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش".
جەنەراڵ کلێڤلاند راشیگەیاند، هەر لەو هێرشەدا چەند سەربازێکیش برینداربوونە.
لە دوو ساڵی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ هاوشانی سوپای ئەفغانستان لە شەڕدابوون، ئەو هێرشەی داعش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی نەنگەهاری ئەفغانستان روویداوە، کە داعش ماوەی دوو ساڵە لەو ناوچەیەدا بڵاوبووەتەوە و چالاکی ئەنجامدەدات.
10/8/2016
لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدا لە قەندیل، سەرکردایەتیی PKK پێشنیازی ئەوەی بۆ یەکێتی و گۆڕان کردووە، ئەنجومەنێکی ھاوبەشی سەربازی و سیاسی لەنێوان ھەرسێ لایەن پێک بھێندرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (باس)ی راگەیاند، لە کۆتایی مانگی تەمووزی رابردوودا، شاندێکی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بە سەرکردایەتیی حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. ئیسماعیل، بەرپرسی ژووری توێژینەوەی یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی قەندیلیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە کۆ بوونەتەوە و باسی ھاوئاھەنگی و بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکانی نێوانیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرکردایەتیی پەکەکە لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ھاوبەشی سەربازی و سیاسییان کردووە، کە لەنێوان گۆڕان و یەکێتی و پەکەکەدا بێت.
ئەو ھەوڵە لە کاتێکدایە کەوا ماوەیەکە رێکخستنەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی سلێمانی و رانیە و پشدەر چالاکییەکانیان فراوانتر کردووە و بە جۆرێک کار دەکەن، چەندین منداڵ و مێردمنداڵیان لە ناوچەکە بردووە بۆ کاری چەکداری و ھەروەھا لە ھەندێ خاڵی سنووری گومرگ وەردەگرن، جیا لەوەی ھەندێ کێشەشەیان بۆ پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دروست کردووە.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، ھەروەکو پێشووتریش (باس) بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی تورکیا چەند جارێک ھۆشداریی داوە بە یەکێتی، کە وا پێوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکە بۆ دژایەتیی تورکیا نەبێت، ھەرچەند ھەندێ لە بەرپرسانی یەکێتی ئەمەیان رەت کردەوە.
پێوەند بەم زانیارییانە، محەمەد عەبدوڵا، ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، کە باڵێکی پەکەکەیە و لە سلێمانی چالاکە، بە (باس)ی راگەیاند، پەکەکە خۆشحاڵە بە نزیکبوونەوە و رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، گوتی: "یەکێتی و پەکەکە ھێزی سەربازیی جیاوازیان ھەیە و نزیکایەتییان ھەیە و دەکرێت ئەنجومەنی سەربازیی ھاوبەش لەنێوانیاندا ھەبێت و سەرکردایەتیی پەکەکەش زۆر خۆشحاڵە بە رێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی".
ئەو ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان پێیان باشە ئەنجومەنی سیاسی و سەربازی لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و پەکەکەدا ھەبێت، گوتیشی: "ئەوەی بە ئێمە بکرێت بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد و بەدیھێنانی ئەو ئەنجومەنە ھاوبەشە، دەیکەین".
ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی جەختی کردەوە، بە پێویستی دەزانن چۆن یەکێتی و گۆڕان رێککەوتنیان کردووە، ھەردوولا بتوانن رێککەوتنی ھاوبەش لەگەڵ پەکەکە ئەنجام بدەن.
گوتیشی: "بۆ کورد گرنگە سەرکردایەتیی ھاوبەش لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و پەکەکە دابمەزرێت، بە تایبەت لە رووی سەربازییەوە.
پێشتر چەند جارێک و لە چەند بۆنەیەکدا، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە رایان گەیاندووە، تەنیا ھێزی پێشمەرگە ھێزی سەربازیی کوردستانە و تاکە ھێزی دانپێداندراوە و ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نایاسایین.
رەھبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوەی خستە ڕوو کە وا ھیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو سەردانە و پێشنیازەکەی سەرکردایەتیی پەکەکە بۆ یەکێتی نییە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕوونی کردەوە، لە قۆناخی ئێستادا بە لای یەکێتی رێکخستنی نێوماڵی کوردستانی و دوورخستنەوەی ململانێکان گرنگیی پێ دەدرێت.
بەڵام عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە (باس)ی راگەیاند، دژی ھەر ئەنجومەنێکی سەربازیی ھاوبەشین کە دژی ھێزە کوردستانییەکان دروست بکرێت، گوتی: "دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ھاوبەشی سەربازی بەرامبەر ھێزە کوردستانییەکان کارێکی زۆر خراپە و دژی دەوەستینەوە“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی پێیوایە، پاوانخوازیی پەکەکە ھۆکار بووە بۆ پەکخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و کۆکردنەوەی ھێزەکانی کوردستان لە یەک بەرەدا.
ھەروەھا ئەحمەد کانی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی کوردستانی و عێراقیی پارتی، لە چاوپێکەوتنێکی ژمارەکانی پێشووتری (باس) رای گەیاندبوو: ”گۆڕان و PKK خەریکی ئەوەن لە ناوچەی پشدەر و رانیە و قەڵادزێ و گەرمیان شتێک بکەن، پێگەی یەکێتی لەو ناوچانە لاواز بێت“. بەڵام ئەم لێدوانە بەر لە رێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و گۆِران بوو.
9/8/2016
لۆگۆی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای پزیشکان لقی هەولێر، زیاتر لە 3 هەزار و 321 پزیشک لە پارێزگای هەولێر هەن، کە 437 كەس لەوانە پزیشکی بیانین.
ئەردۆغان: رووسیا گرنگترین و یەکەمین کاراکتەرە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە سووریا
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت دەخوازێت لەگەڵ رووسیا بەرەیەکی نوێ پێکبهێنن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و، دەکرێت ئێران، قەتەر و عەرەبستانی سعودیش بهێننە ناو بەرەکەیانەوە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و رووسیا کرد و رایگەیاند، لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسییەوە لەلایەن تورکیاوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا هەربەردەوام بووە، بەڵام بەربەست لەبەردەم ئامانجەکانیاندا دروست بووە.
ئردۆغان گوتی "لەماوەی ئەو 8 مانگەدا، ئەگەرچی زۆر لە پەیوەندییەکانمان بەردەوام بوون، بەڵام وەکو دەزانن لە پەیوەندیمان لەگەڵ رووسیا بەرژەوەندیی 100 ملیار دۆلارمان هەبوو، ئەمەش گرفتی لەبەردەمدا دروست بوو".
ئەردۆغان سەردانەکەی بۆ رووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد و گوتی: "ئەم سەردانە، وەک سەرەتای هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان دەبینم. هەر لە ئێستاوە، بەناوی خۆم و گەلی وڵاتەکەمەوە، سڵاو و رێز دەنێرم بۆ بەڕێز ڤلادیمیر و گەلی رووسیا."
ئەردۆغان بە پێویستیشی زانی لەگەڵ رووسیا بەرەیەکی نوێ پێکبهێنن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و گوتی "دەبێت زۆر بە روونی بڵێم کە، رووسیای فیدراڵ گرنگترین و یەکەمین کاراکتەرە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە سووریا".
جەختیشی کردەوە لەوەی " دەبێت لەو چوارچێوەیەدا رووسیا و تورکیا بەیەکەوە هەنگاوبنێن بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا و، ئەگەر بمانەوێت دەتوانین ئەم بەرە فراوانتریش بکەین، پێشتریش لەگەڵ دۆستی بەڕێزم ڤلادیمێر ئەم بابەتەم باسکرد، ئەگەر پێویست بکات ئێرانیش دێنینە ناو بەرەکەوە، قەتەر و عەرەبستانی سعودیش بەهەمان شێوە".
9/8/2016
بهڕێوهبهرى ڕاگهیاندنى كارهباى سلێمانى ئاشكرای دهكات كه بۆ مانگى تهمموز پارهى بۆ مۆلیده ئههلییهكان بۆ یهك كاتژمێر 42 دینار دیاریكراوه.
سیروان محهمهد، بهڕێوهبهرى ڕاگهیاندنى كارهباى سلێمانى به (باسنیوز)ى ڕاگهیاند: "بهڕێوهبهرایهتى كارهباى سلێمانى لهگهڵ لایهنى پهیوهندیدار پارهى كارهباى مانگى تهمموزى مۆلیده ئههلییهكانیان دیارى كردووه".
ئاماژهى بۆ ئهوهش كرد بۆ یهك كاتژمێر كارهباى مۆلیدهى ئههلى بڕى 42 دینار دانراوه، واته ئهگهر مۆلیدهیهكى ئههلى لهو مانگهدا 100 كاتژمێر كارهباى دابێت ئهوا بۆ یهك ئهمپێر 4 ههزار و 200 دینار دهكات.
گوتیشى: "پێویسته خاوهن مۆلیده ئههلییهكان له كاتژمێر 8ى بهیانى بۆ 4ى شهو ههركات كارهبا بڕا كارهبا بدهنه هاووڵاتیان و پێویستیشه له ماوهى 15 خولهك زیاتر تێنهپهڕێت بهسهر بڕانى كارهباى نیشتیمانى مۆلیده ههڵبكرێت، به پێچهوانهى سزادهدرێن".
8/8/2016
له باشووری ڕۆژئاوای شاری كهركوك هێزهكانی پێشمهرگه هێرشێكی چهكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش تێكدهشكێنن و فهرماندهیهكی پێشمهرگهش دهڵێت داعش زیانی زۆری بهركهوتووه.
وهستا ڕهسول، یهكێك له فهرماندهكانی پێشمهرگه له میحوهری كهركوك بۆ(باسنیوز) گوتی: "ئهمشهو یهكشهممه(7-8-2016) هێزهكانی پێشمهرگه هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان له میحوهری باشووری ڕۆژئاوای كهركوك له نزیك گوندی (یهرموك) تێكشكاند و داعش زیانی زۆر بهركهوت".
گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش له سهنگهرهكانی پێشمهرگه نزیك بوونهتهوه و دواتر شهڕی دهستهویهخه لهنێوان پێشمهرگه و داعش ڕوویداوه و چهكدارانی داعش تێكشكاون و زیانی زۆریان بهركهوت و كوژراو و برینداریان ههیه".
ناوبراو ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد كه بههۆی نزیكی هێزهكانی پێشمهرگه و چهكدارانی داعش لهیهكهوه فڕۆكه جهنگییهكانی هاوپهیمانان بهشداری شهڕهكهیان نهكردووه و ئێستا چهند تهرمێكی چهكدارانی داعش لهژێر دهستی هێزهكانی پێشمهرگهن.
8/8/2016
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێکی نوێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەخاتە بەردەم لایەنەکان، پێشنیازەکەش گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بەجۆرێك پارتی، یەکێتی و گۆڕانی تێدانەبن.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە د. یوسف محەممەد، نەگەڕێتەوە سەر كورسی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی پەرلەمان کارابکەنەوە، ئەو پیشنیازە تازە دەخەنە بەردەم لایەنەکان.
ئومێد خۆشناو بۆ رووداو گوتی "پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بەروونی رایگەیاندووە، كە ئەو رێككەوتنەی لە رابردوو هەمانبووە لەگەڵ دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەبێت رێككەوتنی نوێ هەبێت و دەستەیەكی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرین، بەجۆرێك پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوور لە پارتی و گۆڕان و یەكێتی بدرێت بە لایەنەكانی دیكە".
بەپێی پێشنیازەكەی پارتی، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان رازی بێت، ئەوا جێگرێكی نوێ بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاددەكرێت و دەدرێتە گۆڕان.
پیشنیارەکە لە جانتاکەی د. فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندایە، بۆ ئەوەی لە گەڕمی دووەمی دانووستاندنەكانی بیخاتە بەردەم لایەنەکان.
فوئاد حوسێن، کە بە نوێنەرایەتی بارزانی ئێستا لە گەڕی دووەمی سەردانەکانیدایە، رۆژی یەكشەممە 7-8-2016 لەگەڵ ئەمیندای گشتی یەکگرتووی ئیسلامی باسی گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە، پێشنیازێکیش خراوەتە بەردەم یەکگرتوو بۆ ئەوەی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکە وەربگرێت.
سەڵاحەدین بابەكر، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە رووداوی راگەیاند "هەموو ئەو ئەفكارانە هەن، بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە باسدەكرێت، پێویستە لەچوارچێوەی كۆبوونەوەی هەر پێنج لایەنەكە بڕیاری لەسەر بدرێت و دواتریش وەك یەكگرتوو بە فەرمی وەڵامی ئەو پێشنیازانە دەدەینەوە".
بڕیارە فوئاد حوسێن جارێکی دیکە بچیێتەوە سلێمانی و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی یەکێتی کۆببێتەوە، گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش لەسەرەوەی ئەو پرسانەیە کە نوێنەرەکەی بارزانی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی باسیدەکات.
8/8/2016
شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان و بڕیارە چەند داواکارییەکی پێشکەش بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، ئەمڕۆ یەکشەممە (7\8\2016)، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جەمیل هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە، سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لەنێو یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “جەمیل هەورامی و چەند بەرپرسێکی سەربازیی یەکێتی، سەردانی بارزانییان کردووە، یەکێک لە داواکارییەکانیان گەیاندنی پەیامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی بووە”.
هاوکات بڕیارە لەبارەی رەوشی پێشمەرگە و بەرەکانی جەنگ، شاندەکەی یەکێتی ڕوونکردنەوە بە بارزانی بدەن و لە دوایین گۆڕانکارییەکان ئاگاداری بکەنەوە.
7/8/2016
فوئاد حوسێن رای لایەنەکانی لە گەڕی یەکەمی سەردانەکانیدا بردووەتەوە بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و، ئێستا لە گەڕی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ لای لایەنەکان، بۆچوونی بارزانی دەباتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وەک یەکەم هەنگاو بو کاراکردنەوەی پەرلەمان پرۆژەی پێشنیازکراوی بارزانییە بۆ لایەنە سیاسییەکان، کە بە نوێنەرەکەی خۆیدا دەیگەیێنێتە کەسی یەکەمی حیزبەکانی باشووری کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پرۆژەکە بریتییە لە: دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاڵوگۆڕ بکرێت، بەجۆرێك سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی، جێگر و سکرتێر لەنێوان پارتی و یەکگرتوو بێت، پارتی لاری نییە لەسەر ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت یان سکرتێری پەرلەمان.
بەڵام تاوەکو ئێستا نە یەکێتی و نە یەکگرتوو بەو داواکارییە رازی نەبوون بۆ گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەیانەوێت دەستەی سەرۆکایەتی بە رەزامەندی هەر پێنج لایەنەکە ئاڵوگۆڕ بکرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-8-2016 -ی نێوان فوئاد حوسێن و سەڵاحەدین بەهائەدین ئەو پێشنیازە خراوەتە بەردەست یەکگرتوو، وەڵامی یەکگرتوویش ئەوە بووە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت بە هەماهەنگی هەموو لایەنەکان بێت و دواتریش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە تاووتوێی دەکەن و رای خۆیانی لەسەر دەدەن.
چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیەدا، فوئاد حوسێن بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆببێتەوە، هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی لە ئەجێندای سەردانەکەی دەبێت بۆ سلێمانی.
7/8/2016
شەهرام ئەمیری لەگەڵ كوڕ و هاوژینەكەی
زانایەکی ئەتۆمی كوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران کاریکردووە، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارەدرا.
شەهرام ئەمیری لە مانگی ئایاری ساڵی 2009 لەکاتی سەفەری حەج لە سعودیە بێسەروشوێن بوو و، لە حوزەیرانی ساڵی 2010 خۆی بە نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ئەمریکا ناساند، دواتر گەڕێندرایەوە ئێران.
لەکاتی گەڕانەوەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێکرد، بەڵام دوای ماوەیەک دەستگیرکرا و دوای 20 مانگ بەندکردن لە دادگا، بە 10 ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە بۆ پارێزگای بەلوچستان سزادرا.
بنەماڵەکەی دەڵێن رۆژی چوارشەممەی رابردوو 3-8-2016، لە شوێنێکی نادیار لەسێدارەدراوە. دایکی شەهرام ئەمیری هەواڵی لەسێدارەدانی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە، تەرمەکەی لە کرماشان بەخاک سپێردراوە. دەشڵێت پێش لە سێدارەدانی چاویان پێیکەوتووە.
شەهرام ئەمیری کارناسی فیزیای ئەتۆمی، لەدایکبووی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
تاوەکو ئێستا دەزگای دادی ئێران لەبارەی ئەو هەواڵە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە رۆژی سێشەممە 2-8-2016 ، 20 چالاکی سوننە مەزهەب کە هەموویان کورد بوون و سێان لەوەنە خەڵکی باشووری کوردستان بوون، لە زیندانی رەجایی شەهری کەرەج لەسێدارەدران.
شەهرام ئەمیری
- زانای ئەتۆمی بوو
- 1978 لە دایکبووە
- خەڵکی کرماشانە
- دانیشتووی ئەسفەهان بووە
- لێکۆڵەربوو لە زانکۆی مالک ئەشتەر
- 2009 لە سعودیە بێسەروشوێن بوو
- ئێران ئەمریکای بە رفاندنی تۆمەتبارکرد
- دوای ساڵێک لە ئەمریکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە
- دواتر چەند پەیامێکی ڤیدیۆیی ناکۆک بەیەکدی بڵاوکردنەوە
- ناوەڕاستی 2010 گەڕایەوە ئێران
- لەکاتی گەڕانەوەدا وەک قارەمانێک پێشوازی لێکرا
- دوای گەڕانەوە بەتۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەرکرا
- 2012 حوکمی 10 ساڵ زیندان و 5 ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرا
3- ی ئابی 2016 لە شوێنێکی نادیار لەسێدارە درا
7/8/2016
ژەمێك خواردن
جەستە كاتێكی دیاریكراوی خۆی پێویستە تاكو خواردنەكان هەرسبكات و وەك پێویستیش چەوری جەستە بسووتێنێ، ئایا ژەمی ئێوارە دەبێتەهۆی قەڵەوی؟ ژەمی نموونەیی ئێواران لە چی پێكهاتووە؟
كاتی ژەمی ئێوارە و بڕەكەی و جۆرەكەی بابەتگەلێكی گرنگن بەلای جەستەوە، ئەوەش بە بۆچوونی د.ئەندریاس بڤایڤەر، سەرۆكی بەشی زیندەپاڵی خۆراك و كوێرەڕژێنەكان لە زانكۆی شاریتەی پزیشكیی بەرلین.
پزیشكە پسپۆڕە ئەڵمانییەكە دەڵێ بەگشتی ئەگەری هەیە خواردنی دوای كاژێر شەشی ئێوارە ببێتەهۆی قەڵەوی، بەڵام مەرج نییە هەمووكات و بۆ هەموو كەسێك بەو جۆرە بێت چونكە پرۆسەی هەرسكردن و سوودوەرگرتن لە خۆراك لە كاتێك بۆ كاتێكی دیكە جیاوازە.
دوای خواردنی نانی ئێوارە ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە، بۆیە پرۆسەی سووتاندنی چەوری خاودەبێتەوە. "بۆیە خواردنی ژەمی ئێوارە (بەپێی ئەو وزەیەی تێیدایە) كار لە كێشی جەستە دەكات، جا خواردنەكە هەرچییەك بێ" ئەوە گوتەی دكتۆر بڤایڤەرە. بۆیە باشترە خواردنەكان زۆرتر بخرێنە بەیانیان نەك ئێوارە. "بەڵام تاكو ئێستا لەڕووی زانستییەوە بەڵگەی یەكلاییكەرەوە نین كە پەیوەندی نێوان قەڵەوبوون و ژەمی ئێوارە دەربخەن".
رۆژنامەی "ئۆگسبێرگەر ئەلگماینە" لە زاری پسپۆڕانەوە دەڵێ باشترە ژەمە قورسەكان لە نیوەی یەكەمی رۆژدا بخورێن و ئێواران كەمتر خواردن بخورێ. دكتۆر بڤایڤەریش دەڵێ خواردنی نموونەیی بۆ ئێواران سەوزە، زەڵاتە، دانەوێڵەكانن لەگەڵ دووركەوتنەوە لە كحول.
7/8/2016
بەرپرسێکی ئێران بەلێن دەدات رێکاری پێویست بۆ رێگری کردن لە چوونە ناو داعش بگرنە بەر و دەلێت: "جوند ئیسلامەکانی پێشووی ناوچەی هەورامان، چوونەتە ناو داعش".
ئەمڕۆ شەممە 6\8\2016، مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “سەرجەم ئەو ئەندامانەی جوندول ئیسلام کە لە ناوچەی هەورامان بوون لە ساڵی 2003 و دوای بۆردومانکردنیان لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە، چوونەوە بەرەو ئێران، لەوێ لەلایەن ئێرانەوە هەندێک جار وەک کارتی فشار بەکاریان هێناون”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دوای بڵاو بوونەوەی زانیاری کە کوردی ڕۆژهەڵات چوونەتە ناو داعش، چەند حاڵەتێکیان نیشاندن درا، کوردێکی ڕۆژهەڵاتیش پێشمەرگەیەکی شەهید کرد. گوتیشی: “بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کونسوڵخانەی ئێرانەوە لەشاری هەولێر پەیوەندی پێوەکردووین، پێی گوتوین کە ئیجرائاتی توند لەو بارەوە دەگیرێتەبەر، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەیە". ڕوونیشی کردەوە کە هەمان بەرپرس پێی گوتوون، جوندول ئیسلامەکانی پێشووی هەورامان لە ڕێگای عێراقەوە چوونەتە ناو داعش.
6/8/2016
بڕیارە کەمتر لە 10 رۆژی دیکە، رێڕەوە سنوورییە کۆڵبەرییەکانی نێوان شارەکانی سەردەشت و قەڵادزێ دووبارە بکرێنەوە. ئەو سنوورە کۆڵبەرییانە لە هاوینی ساڵی 2015 داخران و لەو ماوەدا چەندجارێک بەشێوەی کاتی کراونەتەوە.
قائیمقامی سەردەشت دەڵێت، بۆ رێکخستنی کاری کۆڵبەری، لە رۆژی شەممە 6-8-2016 کارتی کۆڵبەری دەدەن بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان. بۆ پێدانی ئەو کارتە چەندین مەرجیش دانراون.
بڕیارە دووبارە جموجۆڵی کۆڵبەران لە رێوڕەوە سنوورییەکانی قاسمەڕەش و قندۆڵ لەنێوان سەردەشت و قەڵادزێ دەستپێبکاتەوە. عەزیز حەسەنی نالوسی قائیمقامی سەردەشت رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی ئێران بڕیاری کرانەوەی ئەو رێڕەوە سنوورییانەی داوە و کەمتر لە10 رۆژی دیکە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن.
حکومەتی ئێران دەڵێت، کاری کۆڵبەری لەو سنوورانە رێکدەخات. بۆ ئەو مەبەستەش لە شاری سەردەشت کارتی کۆڵبەری دەداتە ژمارەیەک لە خەڵک کە مەرجە دیاریکراوەکان بیانگرێتەوە.
بەگوتەی عەزیز حەسەنی قائیمقامی سەردەشت، کارتی کۆڵبەری دەدرێت بەو کەسانە کە سەرپەرشتیاری خێزان و خزمەتی سەربازییان تەواو کردووە و بە درێژایی 15 کیلۆمەتر نیشتەجێی هەمیشەیی ناوچە سنوورییەکانن.
قائیمقامی سەردەشت دەڵێت: "ئەوانەی داوای وەرگرتنی کارتی کۆڵبەری دەکەن نابێ لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و سەربازی فەرمانبەر بن. لە بنەماڵەی دەوڵەمەند نەبن و تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر نەبێ. هیچ کەسیش بۆی نیە کارتەکەی بدات بە کەسێکی دیکە کاری پێ بکات، جگە لە ژنانی سەرپەرشتی خێزان کە دەتوانن کارتەکەیان بدەن بە کەسوکاری نزیکیان کاری پێ بکات".
ناونووسی خوازیارانی کارتی کۆڵبەری لە سەردەشت لە رۆژی شەممە 6-8-2016 دەستپێدەکات، بەڵام رانەگەیێندراوە کە چەند کەس دەتوانن ئەو کارتە وەربگرن.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە لە رۆژانی رابردوو، قائیمقامی سەردەشت و قەڵادزێ بەئامادەبوونی سەرکۆنسوڵی ئێران لە دەروازەی سنووری کێلێ کۆبوونەوە و لەسەر هاوکاریکردن بۆ رێکخستنی کاروباری سنوورەکان رێککەوتن.
قائیمقامی سەردەشت دەڵێت بڕیاری کردنەوەی رێڕەوە کۆڵبەرییەکان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆنی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخ جێبەجێ دەکرێ و هیچ سەرپێچییەک لەو رێنماییە قبوڵ ناکەن.
لەوانەیە مەبەستی سەرەکی لە قبوڵنەکردنی سەرپێچی، رێگرییەکانی سوپای پاسداران بێت. سوپا خۆی لە کردنەوەی سنوورەکانی پارێزگای سنە کردە خاوەن. چەندجار کە بەرپرسانی حکومی رایانگەیاند، سنوورە کۆڵبەرییەکانی سنە دەکرێنەوە، سوپای کارەکەی دواخست و لە کۆتاییدا فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی وێنە، مزگێنی کرانەوەی سنوورەکانی پارێزگای سنەی دا.
قائیمقامییەت و پارێزگارەکان، پاسەوانی سنوور و سوپای پاسداران لەسەر داهات و کۆنترۆڵکردنی سنوورە کۆڵبەرییەکان ناکۆکن. هەرکامەیان دەیانەوێ کاروباری سنوورە کۆڵبەرییەکان لەدەست ئەواندابێ، هیچیشیان پاشەکشە لە خواستەکانیان ناکەن، تەنیا لایەنێکیش کە لە درێژەکێشانی ناکۆکی ئەوان زیانمەندی سەرەکییە، ئەو خەڵکەیە کە هەموو داهاتەکەیان لەسەر کراوەبوونی ئەو سنوورانەیە.
6/8/2016
کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر و دهۆک نزیک دەکاتەوە و سیاسەتمەدارێکیش پێی وایە کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگای میدیاییەوە، کار بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە هەولێر و دهۆک بکات.
ڕۆژی 1\8\2016، شاندێکی کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، سەردانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیان کردووە. لەمبارەیەشەوە هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی دەستەی باڵای لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”هاتنی کونسوڵی ئێران بۆ لای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان“.
پێشتریش ماڵپەڕی فەرمیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لە دانیشتنەکەی نێوان سەندیکا و سیامک بورهانی، جێگری سەرکونسوڵی گشتیی ئێران، باس لە ڕێکخستنی سەردانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە.
هەر لەمبارەیەوە د. نەجمان دۆسکی، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێران دەیەوێت لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە، کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسیی ناوچەکە هەبێت“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”لەوە دەچێت ئەم جارە وەک تاکتیک ڕاگەیاندن بەکار بهێنێت، چونکە ئێستا میدیا ڕۆڵی بەهێزی لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکاندا هەیە و دەبێت لە بەرامبەردا ئەگەر هەرێمی کوردستان هەستی بەوە کرد ئەمە دەبێتە مەترسی، ئەویش هەندێک میدیا بە زمانی فارسی بکاتەوە“.
ئەمە لە کاتێک دایە کە لەم ماوەیە لە لایەن ئێرانەوە، ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی بە ناوی (جام کورد) کراوەتەوە کە ڕاستەوخۆ حکوومەتی ئێران هاوکاری دەکات و بە زمانی کوردی هەواڵ و هەندێک بابەت بڵاو دەکاتەوە. ئەو ماڵپەڕە بڕە پارەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ (سپۆنسەر) کردن بۆی خەرج دەکرێت، جگە لەوەی لە لایەن میدیاکانی سەر بە یەکێتی و ماڵپەڕی فەرمیی ئەو حزبەشەوە بە ناوی ڕیکلام، بەشی سەرەوەی ماڵپەڕەکە بۆ جام کورد تەرخان کراوە.
5/8/2016
حکوومەتی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام چەکوچۆڵی قورسی بۆ ناوەند و بنکە سەربازییەکانی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕەوانە دەکات.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حکوومەتی ئێران لە درێژەی ئەمنییەتیکردنی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەو شارانە چەکوچۆڵ و تەقەمەنی قورسی شەڕ بۆ بنکە سەربازییەکانی کوردستان ڕەوانە کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی ئێران لە پارێزگای تەورێزەوە چەکوچۆڵ و تەقەمەنی شەڕی بۆ پادگان و بنکە سەربازییەکانی شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێ ڕەوانە کردووە.
ناردنی چەکوچۆڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بۆ شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەلات درێژەی هەبووە و هاوکات سنوورەکانی کوردستانی بە جێگرکردنی هێزی سەربازی و چەکوچۆڵی قورس زیاتر ملیتاریزە کردووە.
ڕەوتی ئەمنیەتیکردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سوپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە، بەڵام دوای جێگربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، و شەڕ و دەرگیرییەکانی هێزی پێشمەرگە لە شاری شنۆ و مەریون، حکوومەتی ئێران بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان میلیتاریزە دەکات.
6/8/2016