"سوێد وڵاتی ژن، پاشان منداڵ، دواتر سەگ، ئینجا پیاوە". ئەوە قسەی زۆربەی پیاوانی كوردە لەو وڵاتە. زۆر لە پیاوانی كورد پێیانوایە ئەو ریزبەندیە، هانی ژنانی كوردی داوە بۆ ئەوەی لە پیاوەكانیان جیاببنەوە و پیاویش هیچ مافێكی نەبێت.
ئەو بۆچوونەی پیاوانی كورد لە سوێد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە زۆربەی كێشەكانی ژن و مێرددا، دەوڵەت ماف بە ژن دەدات و سزای پیاوەكە دەدات.
حەمەنووری سەرچناری، كوردێكی دانیشتووی سوێدە، هەشت ساڵە لە ژنەكەی جیابووەتەوە و دەڵێت "بەڕاستی سوێد وڵاتی ژنانە، هیچ قیمەتێكی بۆ پیاو نەهێشتووەتەوە. لەبەر منداڵەكانم نەبووایە دەمێك بوو ئەو وڵاتەم جێهێشتبوو".
سووڕانەوەی پیاوان بەتەنیا لە بازاڕەكانی شیستا و تێنستا و سەنتەری شاری ستۆكهۆڵم بە بێكاری، هەروەها كاركردنی ژنە تەڵاقدراوەكانیان، دیاردەیەكی دیاری نێو كوردانی سوێدە. پیاوان بێزارن لە ژیان و تاقەتی كاریشیان نییە، ژنەكانیشیان بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە رۆژانە زیاتر لە 9 كاژێر كاری قورس دەكەن.
حەمەنووری سەرچناری رەتیكردەوە لەگەڵ ژنەكەی هیچ كێشەیەكی هەبووبێ و پێیوایە سوێد هاندەری ئەوە بووە ژنەكەی وازی لێ بهێنێت. ئەو گوتی "جیا لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا، سیستمی سوێدی هاندەرە بۆ وازهێنانی ژنان لە پیاوەكانیان، دەیان هاوڕێم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و دانیماركن، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ژنەكانیان نییە".
زیاد محەممەد، توێژەر و مامۆستای زانكۆ لە سوێد دەڵێت، دوو لەسەر سێی ئەو خێزانە كوردانەی روو لە سوێد دەكەن، گیرۆدەی ئەم جۆرە كێشانە دەبن و جیابوونەوەی بەدوادا دێت.
ئەو پێیوایە رەخساندنی ئازادیی ئابووری و هەلی كار، ژنانی كوردی وا لێكردووە بیر لە سەربەخۆیی بكەنەوە "ئەو سەربەخۆییە بە جیابوونەوە و بەتەنیا مانەوەیان كۆتایی دێت".
هەرچەندە زیاد محەممەد ئەو حاڵەتە بە مەترسی لەسەر رەوەندی كوردی نازانێت، بەڵام دەڵێت "حاڵەتەكە بەلای پیاوانی كوردەوە ئاسایی نییە، پیاوانیش وەك پێویست لەم راستییە تێنەگەیشتوون و هەزمیان نەكردووە. ئەو كێشانە زۆرجار لە ئەنجامی بێزاریی ژنان و گرفتی دەروونی دروست دەبن".
"ژنان تەنیاییان پێ باشترە"
رێكخراوێكی كوردی لە سوێد كە زیاتر كار لەسەر پرسە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و كۆمۆن پشتگیریی دارایی دەكات، خەریكی ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەكە لەبارەی رەوشی ژنانی كورد لەو وڵاتە. ئەگەرچی هێشتا لە نیوەی كارەكانیاندان، بەڵام بەپێی لێدوانی كارمەندێكی ئەو رێكخراوە گەیشتوونەتە زۆر راستیی ورد.
خەندە شاسوار كارمەندێكی رێكخراوەكە بە (رووداو)ی گوت "ژنانی كورد تەنیاییان پێ باشترە، زۆربەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە لەسەر داوای خۆیان بووە".
ئەگەرچی لە فۆرمی كۆكردنەوەی زانیارییەكاندا ئەوان كەمتر چوونەتە نێو زانیارییە كەسییەكان، بەڵام لەكۆی چەند هەزار فۆرمێك دەركەوتووە كە زۆربەی ئەو ژنانەی داوای جیابوونەوەیان كردووە و ئێستا بە تەنیا دەژین، بە پلەی یەك ژنی كوردی رۆژهەڵاتن و بە پلەی دووەمیش ژنانی باشووری كوردستانن پاشان ژنانی باكووری كوردستان".
هەر بەپێی توێژینەوەكە زۆربەی ئەو ژنانەی بڕیاری جیابوونەوە دەدەن، لە ئەنجامی كاری زۆر بووە، هەروەها ژنەكان خاوەن ئابوورییەكی باشن و بەشێكی زۆریان بڕوانامەی باڵایان هەیە.
مانەوەی ژن بەتەنیا لە شارێكی وەكو ستۆكهۆڵم شتێكی باوە و ژنانی پایتەختی ئەو وڵاتەی پێ جیا دەكرێتەوە. بەباوەڕی چالاكڤانێكی كورد، ئەم خەسڵەتەی ژنانی ستۆكهۆڵم كاریگەری لەسەر ئەو ژنە كوردانەش هەبووە كە لەوێ دەژین، چونكە زۆر لەو ژنە كوردانەی بەتەنیا دەژین نیشتەجێی ستۆكهۆڵمن.
سلڤانا بامەڕنی، چالاكڤانی ژنان بە (رووداو) گوت "تێكەڵاوی ژنانی كورد لەگەڵ ستۆكهۆڵمییەكان ئەم كولتوورەی گواستووەتەوە. ژنانی كورد و سوێدییەكانی ستۆكهۆڵم زۆربەیان لە تەمەنی دوای 40 ساڵی، بەتەنیا دەژین".
خەندە شاسوار ئەو زانیاریانەی سلڤانای پشتڕاست كردەوە و گوتی "تا ئێستا لە نیوەی كارەكانمانداین، بەڵێ زۆربەی ئەو ژنە كوردانەی بەتەنیا دەژین لە ستۆكهۆڵمن".
دابڕان لە خەسڵەتی ژنی كورد
ئاگانەبوون لە ماڵ و ژیانێكی پڕ لە سترێس و دوور لە حەوانەوە، ژیانی ئەو ژنانەیە كە بە تەنیان. هەنار حوسێنی كە ژنێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە مێردەكەی جیابووەتەوە و ئێستا بە تەنیا دەژیت، دەڵێت "هەفتەی دووجار حاجەت دەشۆم، دوو هەفتە جارێكیش ماڵ پاك دەكەمەوە. زۆر بە كەمیش خواردن ئامادە دەكەم و هەر ساندویچ و پیتزای دەرەوە دەخۆم".
هەنار كار دەكات و بەشێكی دیاری كارەكانیشی لە شەودایە، رۆژانی شەممە و یەك شەممەش كاتی پڕ كارییەتی "چونكە زۆر لە سوێدییەكان و تەنانەت بیانییەكانیش شەو و رۆژانی پشوو (شەممە و یەكشەممە) كارناكەن و ئەو كاتەش بۆ من زێڕینە".
هەنار داهاتێكی زۆر باشی هەیە، بەڵام لە چیرۆكی ژیانیدا دەردەكەوێت كە ژیانێكی نائارامی كۆمەڵایەتیی هەیە. توێژەرە كۆمەڵایەتییەكەش دەڵێت "ئەمە راستیی ژیانی زۆر لە ئافرەتە تەنیاكانی كوردی سوێدە. ئەوان دابڕاون لەو خەسڵەتەی ئافرەتی كوردی پێ دەناسرایەوە".
لە واقیعەوە بۆ ئەدەب
چیرۆكی جیابوونەوەی ژن و پیاوی كورد لە سوێد چووەتە نێو رۆمانی نووسەرانیش. ئەوەتا نووسەری كورد د.فەرهاد پیرباڵ لە ساڵی 2003 رۆمانێكی بەنێونیشانی (پیاوێكی شەپقە رەشی پاڵتۆ رەشی پێڵاو شین) چاپ و بڵاوكردووەتەوە.
لە رۆمانەكەدا باسی مامۆستایەكی كوردی نیشتەجێی مالمۆ دەكات كە چۆن و بە چ دەردەسەرییەك ژن و منداڵەكانی گەیاندووەتە سوێد، بەڵام ژنەكەی دوای ئەوەی خۆی دەدۆزێتەوە، داوای جیابوونەوە لە مێردەكەی دەكات، پاشان مێرد بە دۆستە سوێدییەكەی دەكات. مامۆستاش بەدرێژایی ساڵ سەرقاڵی كاركردن دەبێت، بۆ ئەوەی قەرزەكانی خەرجی راكێشانی ژنەكەی بۆ سوێد بداتەوە.
هەروەها عەتا نەهایی لە "گرەوی بەختی هەڵاڵە"دا هەمان چیرۆكی پێكەوە نەگونجان و جیابوونەوەی ژن و پیاوێكی كوردی نیشتەجێی سوید بەرجەستە دەكات كە دواجار بە كارەسات كۆتایی دێت.
23/8/2016
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی چەند پرسێکی سیاسی کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەسەر بانگهێشتنی ئەردۆغان، ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئابی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرە دەکات و کاژێر 06:00 ی ئێوارە لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و، کاژێر 08:00 ی شەو لەگەڵ بیناڵی یڵدرم ،سەرۆککوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
راوێن ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبوڵ، لەبارەی کاردانەوەی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەنقەرە رایگەیاند، سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا کارادنەوەیەکی باشی لێکەوتووەتەوە و بەگرنگییەوە باسی سەردانەکەی بارزانی دەکەن.
پەیامنێری رووداو گوتیشی" سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە دوای ماوەیەکی زۆر لە وەستانی، ئێستا دەستپێشخەری دەکرێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا".
راوین ستێرک ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەنقەرە هاوکاتە لەگەڵ سەردانیکردنی، جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنقەرە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە بارزانی جۆ بایدنیش ببینێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
23/8/2016
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا کە لە بنکەی ئاسمانی هەمەدانی ئێرانەوە بنکە و بارەگاکانی تیرۆرستانیان لە سووریا دەکردە ئامانج، ئەرکەکانی خۆیان بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە".
ژەنەراڵ ئیگور کۆناشینکۆف، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوتیشی "بەکارهێنانەوەی بنکەی ئاسمانی هەمەدان لەلایەن رووسیاوە، پەیوەستە بە رەوشی سووریا و رێککەوتنە ئاڵوگۆڕپێکراوەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر".
لەبەرامبەردا مارک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەچڕی چاودێری هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان ئێران و رووسیا دەکات، گوتیشی "تائێستا بەلامانەوە روون نییە کە مۆسکۆ بەیەکجاری وازی لە بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانی هەمەدان لە ئێران هێناوە یان نا".
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە رووسیا ئەرکەکانی لە بنکەی ئاسمانی هەمەدان بۆ لێدانی بنکە و بارەگاکانی تیرۆرستان لە سووریا کۆتایی پێهێناوە.
23/8/2016
مهولوود چاوشئۆغڵو وهزیری دهرهوهی توركیا رایگەیاند رێكخراوی فهتحوڵڵاچی له توركیا و ههرێمی كوردستان له پهیوهندیی نزیكدا بووه لهگهڵ پهكهكه.
چاوشئۆغلۆ گوتی ئێستەش كه هێرش بۆ سهر ههندێك له ئامانجهكان ئهنجام دهدرێت، فڕۆكهوانه فهتحوڵڵاچییهكان ههڵوێستی جیاوازیان ههیه و لێكۆڵینهوه لهوبارهوه لهئارادایه.
چاوشئۆغڵو لهمیانی بهشداریكردنی له چالاكییهكدا له شارۆچكهی كاشی ئهنتاڵیا، وهڵامی پرسیاری رۆژنامهوانانی دایهوه و له وهڵامی پرسیارێكدا لهبارهی بوونی پهیوهندیی رێكخراوی فهتحوڵڵاچی به پهلامارهكهی عهنتابهوه ئاماژهی بهوهدا كە دوای رووداوهكانی 17 و 25ی كانوونی یهكهم گولەن نهیتوانیوه سهركهوتن بهدهستبهێنێت، لهبهرئهوه دژی توركیا ههماههنگی و كاری هاوبهشی لهگهڵ ههرچی رێكخراوی تیرۆریستی ههیه له ناوهوه و دهرهوهی توركیا ئهنجامی داوه و تهنانهت پارهشی پێداون.
چاوشئۆغڵو جهختیكردهوه كه ئهو پارهی لهژێر ناوی بهخشیندا له خهڵكی كۆكراوهتهوه، دراوه به لۆبی و گروپ و رێكخراوه تیرۆریستییهكانی دژی توركیا، چاوشئۆغڵو گوتیشی "رێكخراوی فهتحوڵڵاچی له توركیا و ههرێمی كوردستان له پهیوهندیی نزیكدا بووه لهگهڵ پهكهكه. تهنانهت زانیاریی گرنگی ههواڵگریی دهوڵهتی دزهپێكردووه بۆیان. ئێستاش كه هێرش بۆ سهر ههندێك له ئامانجهكان ئهنجام دهدرێت، فڕۆكهوانه فهتحوڵڵاچییهكان ههڵوێستی جیاوازیان ههیه و لێكۆڵینهوه لهوبارهیەوه لهئارادایه.
22/8/2016
لە گەرەکی مەجبوورئاوای شاری بۆکان لە کوردستانی رۆژهەڵات، سێ کیسی پڕ لە دراوی ئێرانی لە ماڵێکدا دۆزرایەوە.
ڕەحیم ئیزەدمێھر، بەرپرسی یەکەی تەندروستیی ژینگەپارێزیی بۆکان ڕایگەیاندووە، دوای سکاڵای چەند ھاووڵاتییەکی بۆکانی بەھۆی کۆکردنەوەی زبڵ لەلایەن کەسێکەوە و بڵاوبوونەوەی بۆنی پیس لە ناوچەکە، شارەوانی سەردانی شوێنەکەیان کرد.
رەحیم ئیزەدمێهر رایگەیاندووە، کە لەکاتی کۆ کردنەوەی زبڵەکە و فڕێدانی، بڕی 400 ملیۆن تومەن (100 هەزار دۆلار) لەنێو سێ کیسدا دۆزراوەتەوە.
22/8/2016
جەمیلە، 24 ساڵ لەمەوبەر دەستی چووە خوێنی مێردەكەی. هەفتەی رابردوو ژمارەیەك چەكدار هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی لە گەڕەكێكی شاری كەركووك و خۆی و مێردەكەیان كوشت. بنەماڵەی جەمیلە دەڵێن ئەو ژنە لەلایەن بنەماڵەی مێردی یەكەمییەوە كوژراوە، بەڵام ئەوان تۆمەتەكە رەتدەكەنەوە.
ئێوارەی رۆژی 7/8/2016 لە گەڕەكی رووناكیی شاری كەركووك، ژمارەیەك چەكدار دەچنە ماڵی جەمیلە محەممەد، تەمەن 49 ساڵ، دوای هەواڵپرسینی بە گوللەیەك دەیكوژن و هەر لەوێ دوو گوللە لە قاسم محەممەدی مێردی دەدەن و برینداری دەكەن. دواتر ئەویش لە نەخۆشخانە دەمرێ.
سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی عروبە كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن، رایگەیاند "ژمارەیەك چەكدار چوونەتە بەردەم ئەو ماڵە و پرسیاری ئەو ژنەیان كردووە و دوای دڵنیابوون لێی، گوللەیەكیان بە سەریەوە ناوە و دواتریش كە مێردەكەی ویستوویەتی قسە بكات، دوو گوللەیان لەویش داوە.
سەرچاوەكە گوتی "ئەو چەكدارانە لە كاتی رووداوەكەدا بە ژنەكەیان گوتووە ئەوە هەقی 24 ساڵ لەمەوبەرت لێدەكەینەوە".
جەمیلە 24 ساڵ لەمەوبەر مێردەكەی خۆی كوشتووە، دواتر شووی بە قاسم كردووە. لە شارۆچكەیەكی نزیك شاری رومادی ژیاون و خاوەنی هەشت منداڵن. قاسم ساڵی رابردوو بێوەژنێكی مارە كردووە كە دوو منداڵی هەیە، لەگەڵ جەمیلەدا لە یەك خانوودا دەژیان.
دراوسێیەكی ماڵی قاسم بە (رووداو)ی گوت "دوای تەقەكردن منداڵەكانیان هاتنە دەرەوە و گوتیان دایكمان كوژراوە و باوكیشمان بریندارە، بەڵام تا ئەو كاتە نەمانزانی ژنەكە دوژمندار بووە، چونكە چەند مانگێكە هاتوونەتە ئەم گەڕەكە و خێزانێكی زۆر بێدەنگیش بوون".
بە گوتەی كەسوكاری قاسم، هۆكاری كوشتنی مێردەكەی پێشووی جەمیلەش لەلایەن جەمیلە و خوشكەكەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ كوشتنی دایك و باوك و مامیان لەلایەن مێردەكەی جەمیلە و چەند كەسێكی دیكە.
كەریم محەممەد، برای قاسم بە (رووداو)ی گوت "ساڵی 1992 مێردی پێشووی جەمیلە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە لە شاری چەمچەماڵ باوك و دایك و مامی جەمیلەیان بۆ پارە و ئاڵتوون كوشتووە، هەرچەندە پۆلیس دەستگیری كردن، بەڵام ئەوان حاشایان لە تاوانەكە كرد، بۆیە ئازاد كران".
بەڵام جەمیلە دوای ئەوەی دڵنیا دەبێ كە ئەو چەقۆیەی لە تاوانەكەدا بەكارهاتووە هی ماڵی خۆیانە، بە هاوكاریی خوشكەكەی، مێردەكەی خۆی بە چەقۆ دەكوژێ.
كەریم گوتی "جەمیلە ساڵێك دەستگیركرا و دواتر ئازاد كرا، دوای ئازادبوونیشی چووە ماڵی خوشكێكی لە شاری كوت. لەبەرئەوەی پێشتریش جەمیلە و قاسم خزمایەتی لەنێوانیاندا هەبووە، لەوێ لەگەڵ قاسم خێزانیان پێكەوەنا".
بەگوتەی كەریم، پێشتریش كەسوكاری مێردی پێشووی جەمیلە هەڕەشەی كوشتنیان لە جەمیلە كردووە "خوشكێكی مێردەكەی پێشووی لە پرسەكاندا هەڕەشەی كوشتنی لە جەمیلە كردبوو، تەنانەت ئاگادارین لەوەتای جەمیلە و قاسم گەڕاونەتەوە كەركووك، پلان بۆ ئەو كارە دادەنێن".
كەریم لە زاری براكەیەوە باسی كاتی رووداوەكەی كرد و گوتی "وەكو قاسم بۆی باسكردین، كەسوكاری مێردەكەی پێشووی جەمیلە نۆ كەس بوون، شەشیان چوونەتە ژوورەوە، دوویان لە دەرەوە و یەكێكیشیان لەنێو ئۆتۆمبێل بووە. لەو شەشەی چووبوونە ژوورەوە دوویان دەمامكیان نەكردبوو، لە نەخۆشخانە وێنەكانمان نیشان دا، هەردووكیانی ناسییەوە".
كەریم هەروەها گوتی "ئەو كاتەی چوونەتە ژوورەوە سەرەتا پرسیاری ژنەكەیان لە قاسم كردووە، ئەویش گوتوویەتی لە ماڵەوە نییە، بەڵام دوای دۆزینەوەی لە مەتبەخی ماڵەكەیدا كوشتوویانە، براكەشم ویستبووی بەرگری بكات، بەڵام تەقەیان لەویش كردبوو، دوای چوار رۆژ ئەویش مرد".
بەڵام كەسوكاری مێردی پێشووی جەمیلە كە لە شاری چەمچەماڵ نیشتەجێن، رەتیدەكەنەوە پلانیان بۆ كوشتنی جەمیلە دانابێت، خوشكی پێشووی مێردی جەمیلە كە لەلایەن كەسوكاری قاسمەوە بە هەڕەشەكردن لە جەمیلە تۆمەتبار دەكرێت، بە (رووداو)ی گوت "بەهیچ شێوەیەك ئاگامان لەكوشتنی جەمیلە و مێردەكەی نییە و لە خەڵكمان زانیوە كوژراوە، ئێمە تەنیا برایەكمان هەیە ئەویش زۆر داماوە".
جەمیلە لەگەڵ خوشكی پێشووی مێردەكەی ژن بە ژنیان پێكراوە. ئەو ژنە گوتی "جەمیلە حەزی نەدەكرد شووی بە براكەم كردووە، بۆیە ساڵی 1992 لەگەڵ خوشكەكەیدا براكەمیان كوشت و هەر لەوێشدا خستیانە چاڵێك، بەڵام مێردی خوشكی جەمیلە بە رووداوەكەی زانی".
ئەو ژنە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رەتیكردەوە براكەیان بە هاوكاریی كەسانی دیكە باوك و دایك و مامی جەمیلەیان كوشتبێت و گوتی "چەندین كەس وەكو شایەت شایەتیمان بۆ دەدەن كە بەهیچ شێوەیەك براكەم دەستی لە كوشتنی ئەواندا نەبووە، بنەماڵەی جەمیلە خۆیان دەزانن كێ ئەوانی كوشتووە".
22/8/2016
لە تورکیا دەستپێشخەری کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و هەدەپەش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە و سەردانکردنی ئیمرالی، راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و دەستپێکردنەوەی ئاشتی بە گرنگ دەزانێت.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند، دوای ئەوەی کەجەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەستپێشخەری کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دەستپێکردنەوەی ئاشتی لە تورکیا، هەدەپەش راگەیێندراوێک لەوبارەوە بڵاودەكاتەوە.
پەیامنێری رووداو گوتیشی "بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 22-8-2016، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی سازبكات و دواتر لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی کەجەکە، دەستپێکردنەوەی ئاشتی و لەبارەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە راگەیێندراوێک بڵاوبکەنەوە".
لەبارەی هەڵوێست و دەستپێشخەرییەکەی کەجەکە، شەوکەت هەرکی ئاماژەی بەوەکرد، هەریەک لە ئیدریس بالوکان، سری سرەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ئاشتی هەڵوێستی هەدەپە بخەنەڕوو، هەروەها داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەن دەست بە سەردانكردنی ئیمرالی بكەنەوە.
22/8/2016
سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە رایدەگەیەنێت بەهۆی كێشەی سیاسیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و سعوودیە ئەمساڵ نزیكەی 7 هەزار كوردی كوردستانی رۆژهەڵات لە سەفەری حەج بێبەش بەون.
مەریوان نەقشبەندی، سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی حاجیانی هەرێم لە سعەودیە بە ئاژانسی (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەهۆی كێشەی سیاسیی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و سعەودیە ئەمساڵ نزیكەی 7 هەزار كوردی كوردستانی رۆژهەڵات لە سەفەری حەج بێبەش بوون و بەهۆی شەڕ و نائارامییەكانی سووریاشەوە نزیكەی هەزار و 800 كوردی رۆژئاوای كوردستان نەیانتوانیوە ئەم فەریزەیە بەجێ بگەیەنن".
هەروەها گوتی "ئەمساڵ نزیكەی 20 هەزار هاووڵاتیی كوردستان كە زۆرینەیان لە باكووری كوردستانەوە هاتوون و بە پلەی دووەمیش لە باشووری كوردستان و وڵاتانی ئەورووپاوە هاتوون بەشداریی فەریزەی حەج دەكەن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت تەنیا 3 هەزار و 656 حاجی باشووری كوردستان ئازادیی ئەوەیان هەیە ئاڵای كوردستان هەڵگرن و بە جلوبەرگی كوردییەوە لە سعوودیە بگەڕێن".
رونیشیكردەوە "لەساڵانی رابردودا نزیكەی 30 هەزار هاوڵاتی كورد لەهەرچوارپارچەی كوردستانو وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاو ئوسترالیاوە دەهاتنە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم فەریزەیەی ئیسلام".
21/8/2016
شاندێکی هاوبەشی رووسی و سووری بۆ گفتوگۆکردن سەردانی شاری حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لە ئیدارەی خۆجێیی لە شاری قامیشلۆ بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کە شاندە ئەمنی-سەربازییەکە رۆژی شەممە 21ـی ئابی 2016 لە بنکەی سەربازیی حومەیمیمی سوپای رووسیا و دیمەشقەوە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆوە گەیشتوونەتە شارەکە.
شاندە هاوبەشە رووسی و سوورییەکە بە سەرۆکایەتیی لیوا عەلی مەملوک، سەرۆکی نووسینگەی ئاسایشی نەتەوەیی سوورییە و پێنج ئەفسەری ئاسایشی سووری و سێ راوێژکاری سەربازیی رووسی ئەندامێتی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو شاندە هاوبەشە رووسی و سوورییە لەگەڵ عەبدولکەریم ساروخان، سەرۆکی دەستەی بەرگریی کانتۆنی جزیرێ، عەبدولکەریم عومەر، سەرۆکی دەستەی دەرەوە، رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هەڤاڵ نوجین باکۆک، کادیری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بووەتەوە.
هەروەک ئەو سەرچاوەیە باسی کرد، لە کۆ بوونەوەکەدا، عەلی مەملوک بە توندی هێرشی کردووەتە سەر شاندە کوردییەکە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە ”شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە بەسەر خەڵکەکەیدا وێران دەکەین ئەگەر شەڕی حەسەکە رانەوەستێ“.
شاندی کانتۆنی جزیرێ لیستێکی داواکارییەکانی پێشکەش کردووە بۆ وەستاندنی شەڕ لە حەسەکە، کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی بەرگریی نیشتیمانیی سەر بە رژێمی سووریا لە و چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکان لەلایەن رژێمی سووریا و پاشەکشەکردنیان بۆ ناوچەی ئەمنیی لە گەڕەکی عەسکەری لە حەسەکە.
بەهۆی هەڕەشەی شاندە سووری و رووسییەکە و رەتکردنەوەی داواکانیان، شاندی کوردی بە توڕەیی لە کۆبوونەوەکە چوونەتە دەرەوە، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ رێککەوتنێک.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی ئاسایشی حەسەکە و یەپەگە رووبەڕووی سوپا و چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا بووەوە و فڕۆکە جەنگییە سووری و رووسییەکان بارەگاکانی هێزە کوردییەکانیان بۆردومان کرد، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 40 هاووڵاتیی شارەکە.
دواتر سوپای سووریا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا پاساوی بۆ بۆردومانکردنی شارەکە هێنایەوە و رایگەیاند، کە “ئاسایشی حەسەکە باڵی سەربازیی پەکەکەیە لە سووریا و نەوتی ئەو وڵاتە دەبەن و هاووڵاتییانی حەسەکە دەستگیر دەکەن”.
21/8/2016
نرخی دراوەکان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە8/21/ 2016 بەمشێوەیەیە:
100 دۆلاری ئەمریکی = 128.850 دینار
100 یۆرۆ = 146.500 دینار
100 پاوەند = 167.250 دینار
100 ھەزار تومەن = 36.750 دینار
100 لیرەی تورکی = 44.000 دینار
21/8/2016
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 20ـی ئابی 2016 بۆ تاوتوێ کردنی پرسە هاوبەشەکان، بە تایبەت شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆ دەبێتەوە.
بڕیارە سەلیم جبووری لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، کۆ ببێتەوە.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق لە ساڵی 2003، حوکمڕانیی عێراق کەوتە دەست شیعەکانی ئەو وڵاتە، کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.
20/8/2016
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات هەماهەنگی لەنێوان هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ. هەروەها جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، سەبارەت بە یارمەتییە داراییەکان بۆ عێراق و چۆنیەتی خەرجکردنی دەڵێت: "چۆن ئەو پارەیە خەرجدەکرێت هێشتا لە ژێر گفتوگۆدایە".
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە هەموو ئەو هێزانەی کە شەڕ لە دژی داعش دەکەن پێکەوە کار و هەماهەنگی بکەن. و هەروەها داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەین لەکاتی شەڕەکاندا رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن".
هەڵوێستی بێ لایەنی هاوشێوەی نەتەوەیەکگرتووەکان چاوەڕوانکراوە. بەڵام بەهیچ شێوەیەک مانای ئەوە ناگەیێنێت کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بێ هێزە. بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق زیادی کردووە و زیاتریش دەبێت.
هەر مانگی رابردوو کاتێک ئەمریکا و کۆمەڵێک وڵاتی هاوپەیمانی پەیمانیان دا کە 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ببەخشنە عێراق، ئەو وڵاتانە بە کۆی دەنگ رێککەوتن کە تەواوی دەسەڵاتی دابەشکردنی ئەو پارە زۆرە بدەنە دەست نەتەوەیەکگرتووەکان. بەگوێرەی زانیاریەکانی رووداو تەنیا 500 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە تەرخان دەکرێت بۆ کۆمەکی ئاوارەکان و باقی پارەکە لە ژێر ناوی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق خەرج دەکرێت.
ئەوەی کە دەمێنێتەوە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە و دیار نیە کە راستەوخۆ پارەکە دەدرێتە حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا یان نا. وەڵامی ئەم پرسیارە لای جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ کاروباری مرۆیی، کە بەرزترین بەرپرسی نێودەوڵەتییە لە بواری دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان.
ستیڤن ئۆبرایەن، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت: "چۆن ئەو پارەیە خەرجدەکرێت هێشتا لە ژێر گفتوگۆدایە. وڵاتانی کۆمەک بەخش دەسەڵاتی چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو پارەیەیان داوەتە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ دڵنیابوون لە بێ لایەنی لە چۆنیەتی خەرجکردنی پارەکە".
بەڵام لەو هەڤپەیڤینە تایبەتەی لەگەڵ رووداو، ئۆبرایەن ئەوەشی راگەیاند کە ئەوان ناتوانن نوێنەرانی کورد بانگهێشتی کۆبوونەوە ئاست بەرزەکانی نەتەوەیەکگرتووکان بکەن بۆ بڕیاردان دەربارەی بەرنامە مرۆییەکان لە عێراق.
ستیڤن ئۆبرایەن، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت: "سیستەمی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بنەمای تەنیا ئەندامبوونی دەوڵەتەکان دامەزراوە. بە دڵنیاییەوە ئەو خەڵکەی دەیەوێت سنوورەکان بگۆڕن رەخنە لەوە دەگرن، ئەوە بابەتێک کە نەتەوەیەکگرتووەکان ناتوانێت پێشڕەوی بکات و دەبێت بێ لایەن بێت بەتایبەتی بۆ بەشی بەرنامە مرۆییەکان".
جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ رووداو، زانیاری و وردەکاری زۆری ئاشکراکرد لەبارەی ئامادەکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی موسڵ.
20/8/2016
کەمپێکی ئاوارەکان
زۆربەی ئەو ئاوارانەی سووریا كە روویان لە توركیا كردووە، لە شارەكانی باكووری كوردستان نیشتەجێ كراون. چاودێران دەڵێن جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای باكووری كوردستان، ئەو ئاوارانە دەبنە هۆكارێكیش بۆ تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و بێكاری و هەژاریی زۆرتر دەكەن.
شارێك لە توركیا نەماوە ئاوارەی سووری رووی تێنەكردبێ، بەڵام زۆرترین ژمارەی ئەو ئاوارانە لە شاری روها نیشتەجێ كراون كە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكانی توركیا ژمارەیان 410 هەزار كەسە، كەچی شارێكی گەورەی وەكو ئیستانبوڵ 394 هەزار ئاوارەی تێدایە.
بەگوێرەی دەزگای ئاماری توركیا، دوو ملیۆن و 739 هەزار ئاوارەی سووری لە توركیان، لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 41 هەزاریان لە شارەكانی باكووری كوردستان (غازی عەنتاب، ئامەد، روها، باتمان، ئادیەمان، سێرت، ماردین، شڕناخ و كلیس) نیشتەجێن. واتە 38%ی ئاوارەكانی سووریا لە باكووری كوردستانن.
هەندێك لە چاودێران هۆكاری چوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بۆ شارە كوردییەكان و بەتایبەتی بۆ روها، بۆ هۆكاری خزمایەتی دەگەڕێننەوە، بەڵام بەشێكیان پێیانوایە مەبەستی سیاسی لەپشت جێگیركردنی ئاوارەكانە لە باكووری كوردستان.
سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، زانكۆی بیلگی لە پانێلێكدا گفتوگۆی لەسەر هۆكاری گیرسانەوەی ئاوارەكان لە باكووری كوردستان كرد، لەوێ ئەو پرسیارە ورووژێنرا كە ئایا هۆكاری سیاسی لە پشت نیشتەجێكردنی ئاوارەكانە لە باكووری كوردستان؟
ئایهان كایا مامۆستای زانكۆی بیلگی لە پانێلەكەدا گوتی: نیشتەجێكردنی ئاوارەی سووری لە باشووری رۆژهەڵات بۆ هاوسەنگكردنی ژمارەی دانیشتووان و ئاستەنگكردنی بەهێزبوونی نەتەوەپەرستیی كوردە. ئەم هەوڵانەشی بە "ئەندازیاریی كۆمەڵایەتی" ناوبرد.
هەر لەوبارەوە پڕۆفیسۆر ئیلتەر توران گوتی، هاتنی سوورییەكان بۆ توركیا راستەوخۆ پەیوەندی بە كوردەوە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەی ئاوارەكان بە رەچەڵەك عەرەبن، پێكهاتەی ئەتنیكی لە باشووری رۆژهەڵات دەگۆڕن.
ئاتیلا یازار، سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤ (İHD)لە روها دەڵێت حكومەتی توركیا هەوڵ دەدات بەهۆی ئاوارەكانی سووریا دیمۆگرافیای روها بگۆڕێ. یازار بە (رووداو)ی گوت "جیا لە هۆكاری خزمایەتی، 60%ی روها كوردن، ئەوەی دیكە عەرەب و توركە. دەخوازن بەڕێگای ئاوارەی سووری، ژمارەی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە هاوسەنگ بكەن. والی قەیسەری، قۆنیا و ئەنتالیا ئاوارەی سووری رەوانەی روها دەكەن".
ئەرسۆی دیبە، گۆشەنووسی رۆژنامەی ستار كە رۆژنامەیەكی نزیك لە حكومەتە، رۆژی شەشی ئەم مانگە بابەتێكی بەناونیشانی "سوورییەكان لە ئامەد نیشتەجێ بكەین" بڵاوكردەوە كە تێیدا پشتگیری لە سیاسەتی نیشتەجێكردنی ئاوارەكانی سووریا لە باكووری كوردستان دەكات و دەڵێت "پێویستە مافی هاووڵاتیبوون بدەینە ئەو كەسانە، هەروەها پێویستە ئەو كەسانە لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات، لەو شارانە نیشتەجێ بكەین كە ئاوەدان دەكرێنەوە. دەبێت هاوكارییان بكەین تاوەكو لە جۆلەمێرگ، ماردین، ئامەد و شڕناخ نیشتەجێ بكرێن".
ژمارەی دانیشتووانی نۆ شارەكەی باكووری كوردستان 8 ملیۆن و 385 هەزار كەسە. ژمارەی ئاوارە سوورییەكانیش لە ملیۆنێك زیاترە، واتە ئێستا ئاوارەكانی سووریا 12.5%ی دانیشتووانی باكووری كوردستان پێكدێنن.
چاودێران دەڵێن ئاسان نییە بتوانی بەبێ كێشە ئەو ئاوارانە لەگەڵ شێوازی ژیان، نەریت و بیركردنەوەی خەڵكەكە بگونجێنی. پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بە ئاوارە سوورییەكان كێشەی كۆمەڵایەتی و رێژەی تاوان زیاتر دەكات و لەڕووی ئابووریشەوە كاریگەریی خراپ لەسەر خەڵكی ناوچەكە بەجێدێڵێت كە لە بنەڕەتدا داهاتیان كەمە و بەدەستی بێكارییەوە دەناڵێنن. رەنگە كێشەیەكی بچووك گەورە ببێت و بگاتە ئاستی تەقینەوەی كۆمەڵایەتی، رووداوەكانی ئەم دواییەش بەتایبەتی لە روها ئەمە دەسەلمێنن.
رۆژی 11ی مانگی رابردوو گەنجێكی خەڵكی روها بەنێوی سەدات ئایدن كە لە كاركردن دەگەڕایەوە، لەلایەن چەند كەسێكی ئاوارەوە درایە بەر چەقۆ و مۆبایلەكەیان برد، شەوی رووداوەكە هاوشاریانی ئایدن لە پاركێك كۆبوونەوە و دروشمان دژی ئاوارەكان گوتەوە.
مستەفا ساركنجی موختاری گەڕەكەكەی ئایدن بە رۆژنامەیەكی لۆكاڵی روهای راگەیاند " گیان و ماڵمان لەژێر مەترسیدایە. پێویستە بە زووترین كات رێگا لە دەستدرێژی و دزیكردنی ئەو كەسانە بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە بگیرێ".
هەوێی سووری تەڵاقی زیاد كردووە
پشێویی كۆمەڵایەتی كە لە ئەنجامی هاتنی ئاوارە سوورییەكان بۆ روها دروست بووە، تەنیا پەیوەست نییە بە شەڕی پیاوان و گەنجان، بەڵكو پەلی بۆ كێشەی خێزانیش هاویشتووە.
بە گوێرەی ئاماری ژووری پارێزەرانی روها، تەنیا بەهۆی "هەوێی سووری"، جیابوونەوەی ژن و مێرد لە روها بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش هاتنی ئاوارەكان 20% زیادی كردووە. سەڤدا چەڤیك ئۆزبینگۆل سەرۆكی باڵی ژنان لە ژووری پارێزەرانی روها بە (رووداو)ی گوت "ئەو ئاوارانە كاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی داناوە، بە شوودانی كچانی سەر بەهەوێ بەرامبەر بە پارە، دروستكردنی ئاڵۆزی لە شوێنە گشتییەكان، لەشفرۆشی هەموو ئەم كردەوانە لە روها زیادیان كردووە. هەموو ئەوانە دیاردەی تەڵاق و تێكچوونی شیرازەی خێزانیان گەورەتر كردووە.
ئەم هەموو رووداو و پشێویە كۆمەڵایەتیانە لەكاتێكدا روودەدەن كە دەزگاكانی دەوڵەت خەریكن مافی هاووڵاتیبوون دەدەنە ئەو ئاوارە سووریانە. لە شارەكانی وەكو ماردین و روها كە رێژەیەكی بەرچاوی هاووڵاتی بە رەچەڵەك عەرەب و توركیان تێدایە، كاریگەری لەسەر هاوسەنگیە سیاسیەكان دەكات، لە تەواوی ناوچەكە لێكترازانی كۆمەڵایەتی زیاتر دەكات و لێكەوتەی ئابووریی خراپی دەبێت.
خەڵكی ناوچەكە كە بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، پێیانوایە بەدیهاتنی دواڕۆژێكی گەش بەهاتنی ئاوارەی سووری زۆر زەحمەت دەبێت. بەتایبەتی كاتێك رێژەی بێكاری لە باكووری كوردستان لەبەرچاو بگیرێ كە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا گەیشتبووە 24.8%.
قادر ئۆزەدمیر، توێژەری كۆمەڵایەتی و ئابووری كە خەڵكی روهایە و لە ئیستانبوڵ دادەنیشێ، بە (رووداو)ی گوت "باكووری كوردستان زەرەرمەندترین ناوچەیە لە هاتنی ئاوارەی سووری. هەرزانیی دەستی كاری سوورییەكان رێژەی بێكاری لە ناوچەكە زیاتر دەكات. ئەگەر چارەسەر نەكرێ، رەنگدانەوەی كۆمەڵایەتیی ترسناكی دەبێت".
20/8/2016
ئەمڕۆ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە کلاریسە پاستۆر نوێنەری نوێی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە فرەوانكردنی نوێنەرایەتییەكەی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كرا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا باسیان لێوە کرا و تیشک خرایە سەر گرنگی کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کە ساڵێک لەمەوبەر لە هەولێری پایتەخت کرایەوە، بەتایبەتی رۆڵی یەکێتی ئەوروپا لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو هاوکارییانەی کە یەکێتی ئەوروپا تەرخانی کردوون و دامەزراوە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرن.
پەرەپێدان و فراوانکردنی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیک و چۆنیەتی هەماهەنگی لە نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و ئۆفیسی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو کە هەردوولا بە گرنگیان زانی.
یەکێتی ئەوروپا لە دوو ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر کردووە و ئەو پەیوەندییانە گەیشتوونەتە ئاستێکی باش بەتایبەتی کە یەکێتی ئەوروپا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی و هەروەها ئۆفیسی هاوکاری مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و چەند بڕیارێکی سیاسی و مێژوویی دا بۆ هاوکاریکردن و پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە شەری دژی داعش.
19/8/2016
سوپای سووریا پاساو بۆ بۆردومانکردنی شاری حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و چەکدارانی سەر بە رژێمەکەی، دەهێنێتەوە.
فەرماندەیی گشتیی سوپای رژێمی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، رۆژی هەینی 19ـی ئابی 2016 رایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئاسایشی کوردستانی رۆژئاوا ”دەستدرێژییان دەکردە سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت، رێیان لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی قوتابییان دەگرت و هاووڵاتییانیان دەڕفاند“.
سوپای سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێزەکانی ئاسایشی کوردستانی رۆژئاوا ”باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن“ و مەترسییان لەسەر رژێمی سووریا لە شاری حەسەکە دروست کردووە.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا بارەگاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یان لە شاری حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا بۆردومان کرد.
شار حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا، لەژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)یە، کە باڵی پەکەکەیە لە کوردستانی رۆژئاوا و دەکەوێتە سنووری کانتۆنی جزیرێ.
20/8/2016