شەهیدكردنی دیلەكان لەلایەن داعش
رۆژی هەینی 26-8-2016، داعش ڤیدیۆی شەهیدكردنی 15 دیلی بڵاوكردەوە، پێنج لەو دیلانەش کە لەلایەن پێنج منداڵەوە شەهید کران کوردن و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
بەپێی ڤیدیۆكە یەكێك لە منداڵە بكوژەكان كوردە و داعش به ناوی "ئهبو فوئاد كوردی" ناساندوویەتی.
داعش جگە لەوەی ئاماژەی بەوە كردووە دیلەكان كوردن و لە رەققە شەهیدكراون، هیچ زانیارییەكی دیكەی لەبارەی دیلەكان بڵاونەكردووەتەوە و، باسی لەوەش نەكردووە دیلەكان خەڵكی كام بەشی كوردستانن و، كەی و لەكوێ گیراون.
سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئەو پێنج کوردەی لەلایەن داعشەوە شەهید کران، سەرجەمیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن".
هاوکات داعش دیمەنی کوشتنی پێنج کەسی دیکەی بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن پێنج چەکداری ریشسپییەوە بە دەمانچە دەکوژرێن و لە گرتەیەکی دیکەدا دیمەنی سەربڕینی 5 کەسی بڵاوکردووەتەوە.
داعش رایگەیاندووە نەوەی نوێ پێدەگەیێنێ، كە بریتییە لە راهێنانی جەستەیی بە منداڵان، داعش لە کەمپە تایبەتەکانی منداڵان مێشک دەشواتەوە و لەسەر کوشتن و چالاکی سەربازیی و خۆتەقاندنەوە رایاندەهێنێت.
27/8/2016
رەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادیمێر پوتین
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆککۆماری تورکیا زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لە جەرابلوس بە سەرۆکی رووسیا دا و، هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گەیاندنی هاریکاری بە شاری حەلەبی سووریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە، رۆژی هەینی 26-8-2016، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندی بە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیاوە کردووە و زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی بۆ شاری جەرابلوسی رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) داوەتێ.
ئاژانسی هەواڵی تورکیا رایگەیاندووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی G-20 لە چین، کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن.
هەروەک راشیگەیاندووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر خێراکردنی هەوڵەکان بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ شاری حەلەب لە سووریا.
هەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە، سەرۆکایەتی رووسیا "کریملین" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەسەر خواستی تورکیا بووە و باسی بارودۆخی سووریایان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی کریمیلندا هاتووە: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەخت لەسەر کاری هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کرایەوە و، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە تاووتوێکردنی بابەتە نێودەوڵەتییەکان."
رۆژی چوارشەممە 24-8-2016، بە بەشداری سوپای سووریای ئازادی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئۆپهراسیۆنی ئاسمانی و وشكانی بۆ سهر جهرابلوس له رۆژئاوای كوردستان (باكووری حهلهب) لهلایهن سوپای توركیا دەستیپێكرد و لە ئێوارەی هەمان رۆژدا جەرابلوس لەژێر دەستی داعش دەرهێنرا.
ئەمە كاردانەوەی تووندی یەپەگە و پەیەدەی لێكەوتەوە و رایانگەیاند داعش بیانووە و هێرشەكە بۆ رێگریكردنە لە پێشڕەوی هێزە كوردییەكان و ئۆپەراسیۆنەكەیان بە داگیركاری وەسفكرد، هاوكات حكومەتی سووریاش ئۆپەراسیۆنەكەی ئیدانەكرد و رایگەیاند پێویستە توركیا رێز لە سنوورە نێودەوڵەتییەكان بگرێت.
27/8/2016
بەیانی ئەمڕۆ گەریلاكانی پەکەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ھێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس، کە نزیکەی ٥٠ مەتر لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارۆچکەی جزیری سەر بەشرناخی باكووری كوردستان دوورە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی توركی، هێزەكانی پەکەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ھێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی پۆلیسی گەڕەکی کۆناکی سەر رێگای نێوان جزیر و شرنەخ کە نزیکەی ٥٠ مەتر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارۆچکەکە دوورە.
لە ھێرشەکەدا زیانێکی زۆر بە بینای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس کەوتووە و ژمارەیەكی زۆری بریندار رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی جزیر کراون، بەڵام هێشتا ژمارەیان نەزاندراوە و دیار نیە كوژراویش هەبێت.
26 8 2016
حكومەتی توركیا رایگەیاند سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا گرەنتی دا لەبارەی کشانەوەی پەیەدە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات، بەڵام تا ئێستە پەیەدە لەهەوڵی فراوانکردنی پاوانخوازیدایە. بەو هۆیەوە سوپای تورکیا تۆپبارانی ناوچەکانی پەیەدەی کردووە.
دوێنێ شەوی پێنجشەممە حكومەتی توركیا رایگەیاند دوای ئەوەی کە لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا، بەپاڵپشتی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا، چەکدارانی پەیەدە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی داعش پەڕینەوە بۆ ئەوبەری رۆژئاوای رووباری فورات، لەو کاتەوە پەیەدە لەهەوڵی زیاترکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیدایە.
لە کاتی پێشرەوییەکانی سوپای سووریای ئازاد لە جەرابلوس و کشانەوەی داعش لەناوچەکە، پەیەدە جارێکی تر کەوتەوە خۆی و رۆژی رابردوو بەرزاییەکانی شاماکلی، چاکماکلی و گوندەکانی بالابان و ماغاراو ئەمارینای باکووری منبجی کۆنترۆڵ کردەوە و بەرەو رۆژهەڵاتی جەرابلوس پێشڕەوی کردووە.
چەکدارانی پەیەدە کە لەژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەکە جێگیر بوون، لەلایەن یەکە هەواڵگرییەکانەوە زانیاری درابوو لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەش سەعات ١٨:٠٠ی ئێوارە دەست کرا بە تۆپبارانکردنی ئەمارینا بە مەبەستی رێگریکردن لە پێشرەوی ئەم هێزانە.
دوای ئەوەی کە لە ١٢ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا پەیەدە خۆیان جارێکی تر رێکخستەوە لەژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمریکا یارمەتییەکانی خۆی بۆ پەیەدە زیاتر کرد لەژێر ناوی شەڕ لە دژی داعش. بەو شێوەیەش پەیەدە لەهەوڵی دروستکردنی هێڵێکی تایبەت بە خۆی بوو بەدرێژایی سنووری سووریا.
رێکخراوەکە لە ژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامە لە پێشرەوییەکانی بەخەیاڵی لێکدانەوەی هەریەک لە کۆبانی و عەفرین و حەسەکە ، بەدرێژایی سنووری سووریا تاکو دەسەڵاتی خۆی تێدا بسەپێنێت.
26/8/2016
سوپای توركیا بههاوكاری ئهمهریكا و سوپای سوریای دیموكرات و چهند گروپێكی دیكهی ناو سووریا، توانی له ماوهی 14 سهعاتدا جهرابلوس له دهستی گروپی تیرۆریستی داعش دهربهێنێت. بۆ چۆنیهتی ئهنجامدانی ئهو ئۆپهراسیۆنه و گرنگی ئهو ئۆپهۆاسیۆنه بۆ توركیا، رۆژنامهنووسی تورك (فههمی تاشتهكین) وهڵامی چهند پرسیارێكی سایتی بی بی سی توركی داوهتهوه.
له ساڵی 2013وه جهرابلوس له دهستی گروپی تیرۆریستی داعشه، پرسیار ئهوهیه بۆچی لهو كاتهوه توركیا بههیچ شێوهیهك بیری له ئۆپهراسیۆن نهكردووهتهوه و ئێستا بڕیاری ئهو ئۆپهراسیۆنهی داوه؟ بۆ وهڵامی ئهو پرسیاره، فههمی 5 هۆكار باس دەكات.
یهكهم: توركیا نایهوێت یهپهگه جهرابلوس له دهستی داعش دهربهێنێت، هۆكارهكهیشی ئاشكرایه سهغڵهته به بوونی یهپهگه لهو ناوچهیه. كوردهكانی رۆژئاوا بۆ ئهوهی كانتۆنهكانی كۆبانێ و عهفرین به یهكهوه ببهستنهوه زۆر گرنگی به جهرابلوس دهدهن، بۆیه توركیا رێگری لهو رووهوه دهكات.
دووهم: توركیا دهیهوێت دهست بهسهر ئهو ناوچهیهدا بگرێت تا رێگه له جیهادچییهكان بگرێت بۆ نههاتنه ناو توركیاوه. ههروهها توركیا پێشتر به هیچ شێوهیهك هێرشی بۆ سهر داعش نهدهكرد چونكه پێی باش بوو داعش له بهرامبهر یهپهگه به كاربهێنێت، بهڵام كاتێك یهپهگه رۆژئاوای فوراتی تێپهڕاند و هاوكێشهكه گۆڕا، توركیا كهوته ژێر فشاری رای گشتی ناوهخۆی و ناچار بوو كه هێزهكانی ئۆپۆزسیۆنی سهر به خۆی له سووریا كۆ بكاتهوه و لهم شهڕهدا بهكاریان بهێنێت.
سێیهم: لهو كاتهوهی توركیا بنكهی ئینجهرلیكی به رووی ئهمهریكا و هاوپهیماناندا كردەوه بۆ لێدانی داعش، ئیدی داعش كردهوهی تیرۆرستی له توركیا ئهنجام دهدا و زیادیشی كرد، بۆیه لهمهودوا توركیایش دهستهوهستان ناوهستێت و پهیامێكی بۆ داعش نارد.
چوارهم: ههر دوای خستنه خوارهوهی فڕۆكهیهكی رووسی له ساڵی 2015 ئیدی توركیا كهوته دهرهوهی بازنهی سیاسی سووریاوه، بهڵام ئێستا خۆی خستهوه ناو ئهو هاوكێشهیه.
پێنجهم: ئهم ئۆپهراسیۆنه رێگه خۆش دهكات بۆ ئهو گروپانهی هاوكاری توركیان و دژی ئهسهد دهجهنگن بهوهی له سووریا مهعنهویاتیان بهرزتر دهبێت، به تایبهت له حهلهب كه حاڵیان زۆر خراپه.
فههمی پێی وایه كه به بێ ئاگاداری و رهزامهندی روسیا، توركیا به هیچ شێوهیهك ناتوانێت بچێته ناو خاكی سووریاوه، چونكه روسیا به s400 رێگهی نهدهدا فڕۆكهی توركی بچێته ناو خاكی سووریاوه، بۆیه دیاره كه ئهو 2 وڵاته رێككهوتنیان كردوه.
باس لهوهیش دهكات كه توركیا ناتوانێت له یهپهگه بدات، چونكه ئهمهریكا رێگهی پێنادات و یهپهگه هاوپهیمانێكی نزیكی ئهمهریكایه. ههروهها روسیایش رێگه نادات ئۆپهراسیۆن دژی یهپهگه ئهنجام بدرێت، ههروهها ئهسهدیش دڵخۆش نییه بهوهی یهپهگه وهكو سینییهكی ئاڵتونی پێشكهشی ئهردۆگان بكرێت.
له درێژهی ئهو دیمانهیهدا فههمی پێی وایه راسته ئامانج پاككردنهوهی داعشه لهسهر سنوور، بهڵام سهرهكیترین ئامانج بۆ توركیا رێگهگرتنه له پێشڕهوییهكانی یهپهگه له ناوچهكه، بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا ناتوانێت رێگری له یهپهگه بكات بۆ رزگاركردنی ئهلباب.
له وهڵامی ئهو پرسیارهی جهرابلوس بۆچی بۆ كوردهكان گرنگه دهڵێت: "له خهیاڵی یهپهگهدایه كه جوگرافیای عهفرین گهورهتر بكات و فیدرالییهتی لێ رابگهیهنێت. توركیا و سووریایش لهو روهوه رێگری لێ دهكهن. ههروهها ترسێكی دیكهیش ههیه كه لهو ناوچهیهدا بوونی هێزێكی گهورهی سهربازی ئهمهریكی به بهردهوامی نهك كاتی. ئهگهر جهرابلوس بوونی نهبوایه، عهفرین و كۆبانی به یهكهوه دهبهسترانهوه و مهنبهج و ئهلبایش به یهكهوه دهبهسترایهوه ناوچهیهكی 40 كیلۆمهترییان لهگهڵ توركیا دهبوو".
26/8/2016
نامەیەكی سەرئاوەڵادا بۆ سەركۆماری ئەو وڵاتە داوای گەڕاندەنەوەی شكۆمەندی و ڕێز بۆ جیھانی میوزیكی ئێران
دەكەن.
دوای گوتەكانی وەزیری ڕۆشنبیریی ئێران و وتارخوێنی چەند مزگەوتێكی پارێزگاكانی ئێران، لەبارەی قەدەغەكردنی كۆنسێرت، سێ ھەزار ھونەرمەندی ئێرانی لە نامەیەكدا ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر ئەو قسانە دەربڕی.
ئەو نامەیە واژۆی ھونەرمەندانی بەناوبانگی ئێرانی پێوەیە و تێیدا ھۆشدارییان داوە كە حەسەن ڕۆحانی زۆر درەنگ ھەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر قەدەغەكردنی كۆنسێرت لە شاری مەشھەد و چەند شارێكی دیكەی ئێران دەربڕیوە.
لەو نامەیەدا ھاتووە، ئێستا كە پۆستی سەركۆماری ئێرانتان لە ئەستۆیە و دەسەڵاتی جێبەجێكاریتان ھەیە، دەبێ زۆر باش بزانن بەرپرسیارێتیی قەدەغەكردنی كاری ھونەری لە ئەستۆی بەڕێزتانە.
ئەو ھونەرمەندانە دەڵێن، سەركۆمار دەبێ باش بزانێت كە ئەمنیەتی پیشەیی كۆمەڵگەی ھونەرمەندان و بەتایبەت جیھانی میوزیكی ئێران كەوتووەتە مەترسییەوەوە و ئەمەش بەو مانایە دێت كە ئێران خەریكە دەبێتە ئەفغانستان و پاكستان، ئەوەش واتە لاوازی یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ھونەرمەندانی ئێرانی دەڵێن، داواكارین بە شێوەی جدی و ڕاشكاوانە مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە بڕیاری ھاوشێوە دەدەن و داوا دەكەین شكۆمەندی و ڕێز بۆ كۆمەڵگەی میوزیكی ئێران بگەڕێتەوە.
25.8.2016
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی سێ فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کۆ بووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێرداروە، باس لەوە کراوە، کە ئیسماعیل قارەمان، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێشوازیی لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی هەرسێ فراکسیۆنی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدپە)، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئامادەی بوون، ئیسماعیل قارەمان جەختی لە ”پێویستیی بەهێزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە“.
مەسعود بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەرنەکەوتنی کودەتای رۆژی 15ـی تەمموزی 2016، باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیای کردووە. هەروەها تیشکی خستووەتە سەر شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە کوردستانی باشوور و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.
رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب، مەسعود بارزانی بە بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و وێڕای سەرۆک کۆمار، لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانیش کۆ بووەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 8ـی 2016 لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی توركیا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پارلەمانی توركیای كرد و لە لایەن ئیسماعیل قارەمان سەرۆك پارلەمان پێشوازیی لێ كرا.
لە دیدارێكدا كە جێگری سەرۆكی پارلەمان و نوێنەرانی فراكسیۆنەكانی هەدەپە و جەهەپە و ئەكەپە لە پارلەمانی توركیا ئامادە بوون، سەرۆكی پارلەمانی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا دەریڕی و لە گوتەیەكدا باسی لە ڕووداوی كۆدەتاكەی توركیا و هێرش و بۆمبارانی كۆدەتاچیان بۆ سەر پارلەمان كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە شكستی كۆدەتاچییەكان دەبێتە هۆی فراوانتربوونی دیموكراسی لە وڵاتەكەی. لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا باسی لە پێویستیی بەهێزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی ستاییشی گەلی توركیای كرد كە بە ئیرادەی خۆیان پشتگیریی شەرعیەت و دیموكراسیان كرد و شكستیان بە كۆدەتاكە هێنا. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و باسیشی لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ كرد.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
دوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك پارلەمانتاری توركیا ئاسەواری شەڕ و بۆمبارانی كۆدەتاكەی مانگی ڕابردووی لە پارلەمانی توركیا بەسەر كردەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 8ـی 2016 سەرۆك بارزانی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ توركیا هێنا و بەرەو ئەوروپا بەڕێ كەوت.
25/8/2016
هاووڵاتییانی کوردی شەبەک داوا دەکەن ناوچەکانیان بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و ستایشی رۆڵی پێشمەرگە دەکەن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئابی 2016 ژمارەیەک کەسایەتیی و هاووڵاتیی کوردی شەبەک لە شاری بەردەڕەش ئەنجامیان دا، ستایشی رۆڵی پێشمەرگەیان کرد، کە ”چەندین داستانی بۆ رزگار کردنی شەبەکەکان تۆمار کردووە“.
ئەو کەسایەتییە کوردە شەبەکانە دڵنیایی خۆیان لە رزگار کردنەوەیان ناوچەکانیان و دەرپەڕاندنی رێکخراوی توندڕەوی داعش نیشان دا و رایانگەیاند، کە ئەوان دەیانەوێ دوای رزگار کردنەوەی، دەشتی نەینەوا بکرێتە پارێزگایەکی سەربەخۆ و بخرێتە سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان.
هەروەها کوردە شەبەکەکان داوایان کرد، کە دوای رزگار کردنەوەی تەواوەتیی ناوچەکانیان، دەست بە ئاوەدانکردنەوەیان بکرێت و رۆڵەکانی شەبەکیش لە ریزی هێزەکانی پێشمەرگە وەربگیرێن، تاوەکو لەژێر سایەی ئاڵای کوردستان، بەرگریی لە ناوچەکانیان بکەن.
چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
25/8/2016
نرخی دراوەکان بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 2016/8/25 بەمشێوەیەیە:
100 دۆلاری ئەمریکی = 128.750 دینار
100 یۆرۆ = 145.500 دینار
100 پاوەند = 170.000 دینار
100 ھەزار تومەن = 36.750 دینار
100 لیرەی تورکی = 44.000 دینار
25/8/2016
بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە 2016 -8 -23 مێرمنداڵێک کورد کە بە تاوانی کوشتنی گەنجێک سزای سێدارە بۆ بڕابووەوە، لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە بەخشرا و لە مەرگ ڕزگاری بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی نێودەوڵەتی دەژ بە سێدارە، ساڵی 2014 لە ئەنجامی شەڕی دوو گەنج لە شاری سنە، مێرمنداڵیک بەناوی ڕەشاد ڕەشیدی گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بەناوی دلێر ئەحمەدی دەکوژێت.
دواتر لەلایەن داداگی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەشاد ڕەشیدی بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بۆ دەبڕێتەوە و ماوی چوار ساڵ لە زیندان بووە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕبرادوودا چالاکوانانی مافی مرۆڤ، مەدەنی و چەند نووسەرێکی کورد بۆ بەدەستهێنانی ڕەزایەمتی بنەماڵەی کوژراوەکە و ڕزگارکردنی گیانی ڕەشاد لە مەرگ هەوڵەکانیان خستە گەڕ و چەندین جار سەردانی بنەماڵە و دایک و باوکی دلێر ئەحمەدیان کردووە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە داوە، دوێنێ سێشەممە لە کتێکدا پەتی سێدارە کرابووە ملی ڕەشاد ڕەشیدی لەلایەن دایکی کوژراوەکەوە بەخشراوە و پەتی سێدارە لە ملی دەرهێنراوە و ئەم هەڵوێستە لەلایەن خەڵکەوە زۆر پێشوازیی لێکراوە و بەرز نرخێنراوە.
بۆ سپاس و پێزانینی هەوڵ و هەڵویستی بنەماڵەی کوژراوەکە بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە جەماوەر و چالاکوانی سنە و بنەماڵە و کەسوکاری هەر دوولا لەسەر گڵکۆی دلێر ئەحمەدی کۆ ببنەوە و ئەم کارە مرۆڤدۆستانەیە بەرز بنرخێنن.
بەپێی سەرچاوە و بەڵگەکان ڕەشاد ڕەشیدی لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا مێرمنداڵ بووە و تەمەنی کەمتر لە 18 ساڵ بووە و بەپێی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، مێرمنداڵان نابێ سزای زۆری زیندان و بەتایبەت سێدارە بیانگرێتەوە.
هەرچەند کۆماری ئیسلامی ڕێککەوتنەکانی داکۆکیکار لە مافی منداڵانی واژۆ کردووە، بەڵام دیسان یاساکان پێشێل دەکات و ساڵانە چەندین مێرمنداڵ لە ئێران لەسێدارە دەدرێن.
ئێستا چوار مێرمنداڵی کورد سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و لە زیندانی سنە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی سزای سێدارەن.
24/8/2016
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە تورکیایە و میدیاکانی ئەو وڵاتەش بەگرنگییەوە باسی سەردانەکە دەکەن، بڕیاریشە ئەمڕۆ چوارشەممە 24-8-2016 سەردانی پەرلەمانی تورکیا بکات و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە.
راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بووەتە مژاری سەرەکی میدیاکانی تورکیا و بەگرنگییەوە باسی سەردانەکەی دەکەن بۆ ئەنقەرە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بووەتە جێی بایەخی میدیاکانی تورکیا و بەگرنگییەوە باس دەکرێت.
لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، راوین ستێرک گوتی "میدیاکانی تورکیا ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، کە سەردانەکەی مەسعود بارزانی دوو تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە دەربڕینی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی تورکیا دوای هەوڵی کودەتا سەربازییەکە، مژارێکی دیکەش پەیوەستە بە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ".
پەیامنێری رووداو گوتیشی"بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی تورکیا بکات و لەگەڵ ئیسماعیل قەهرەمان، سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە".
رۆژی سێشەممە 23ی ئابی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیاوەری، د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
24/8/2016
بڕیارە هەڵبژاردنێک بە هەڵبژاردنەکانی ئێران زیاد بکرێت، بەپێی پڕۆژەیاسایەکی حکومەتی ئێران، لەمەوبەدوا سەرۆکی شارەوانی 50 شاری گەورەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن.
ئەو پڕۆژەیاسایە رادەستی پەرلەمان کراوە و لە کۆمیسیۆنی ئەنجوومەنەکانی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت. بڕیاریشە دواتر لە کۆبوونەوەی گشتیدا دەنگی لەبارەوە بدرێت.
پڕۆژەیاساکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراوە، بەو پێیە سەرۆکی شارەوانی 50 شار کە رێژەی دانیشتووانیان لە 200 هەزار کەس زیاترە و هەروەها ناوەندی پارێزگاکان بە دەنگی راستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن. شارەکانی دیکەش بەپێی یاسای رابردوو، سەرۆکی شارەوانی لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوە هەڵدەبژێردرێت.
هوشەنگ خەندە دڵ بەڕێوەبەری گەشەپێدانی شار و گوندەکانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت لە ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت.
دەشڵێت "کابینەی حەسەن رۆحانی ئەولەویەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکان لەلایەن خەڵکەوە دەدات، ئەو پڕۆژەیە حەوت شاری کرماشان، ورمێ، سنە، خوڕەمئاوا، بروجێرد، خۆی و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە".
24/8/2016
"سوێد وڵاتی ژن، پاشان منداڵ، دواتر سەگ، ئینجا پیاوە". ئەوە قسەی زۆربەی پیاوانی كوردە لەو وڵاتە. زۆر لە پیاوانی كورد پێیانوایە ئەو ریزبەندیە، هانی ژنانی كوردی داوە بۆ ئەوەی لە پیاوەكانیان جیاببنەوە و پیاویش هیچ مافێكی نەبێت.
ئەو بۆچوونەی پیاوانی كورد لە سوێد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە زۆربەی كێشەكانی ژن و مێرددا، دەوڵەت ماف بە ژن دەدات و سزای پیاوەكە دەدات.
حەمەنووری سەرچناری، كوردێكی دانیشتووی سوێدە، هەشت ساڵە لە ژنەكەی جیابووەتەوە و دەڵێت "بەڕاستی سوێد وڵاتی ژنانە، هیچ قیمەتێكی بۆ پیاو نەهێشتووەتەوە. لەبەر منداڵەكانم نەبووایە دەمێك بوو ئەو وڵاتەم جێهێشتبوو".
سووڕانەوەی پیاوان بەتەنیا لە بازاڕەكانی شیستا و تێنستا و سەنتەری شاری ستۆكهۆڵم بە بێكاری، هەروەها كاركردنی ژنە تەڵاقدراوەكانیان، دیاردەیەكی دیاری نێو كوردانی سوێدە. پیاوان بێزارن لە ژیان و تاقەتی كاریشیان نییە، ژنەكانیشیان بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە رۆژانە زیاتر لە 9 كاژێر كاری قورس دەكەن.
حەمەنووری سەرچناری رەتیكردەوە لەگەڵ ژنەكەی هیچ كێشەیەكی هەبووبێ و پێیوایە سوێد هاندەری ئەوە بووە ژنەكەی وازی لێ بهێنێت. ئەو گوتی "جیا لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا، سیستمی سوێدی هاندەرە بۆ وازهێنانی ژنان لە پیاوەكانیان، دەیان هاوڕێم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و دانیماركن، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ژنەكانیان نییە".
زیاد محەممەد، توێژەر و مامۆستای زانكۆ لە سوێد دەڵێت، دوو لەسەر سێی ئەو خێزانە كوردانەی روو لە سوێد دەكەن، گیرۆدەی ئەم جۆرە كێشانە دەبن و جیابوونەوەی بەدوادا دێت.
ئەو پێیوایە رەخساندنی ئازادیی ئابووری و هەلی كار، ژنانی كوردی وا لێكردووە بیر لە سەربەخۆیی بكەنەوە "ئەو سەربەخۆییە بە جیابوونەوە و بەتەنیا مانەوەیان كۆتایی دێت".
هەرچەندە زیاد محەممەد ئەو حاڵەتە بە مەترسی لەسەر رەوەندی كوردی نازانێت، بەڵام دەڵێت "حاڵەتەكە بەلای پیاوانی كوردەوە ئاسایی نییە، پیاوانیش وەك پێویست لەم راستییە تێنەگەیشتوون و هەزمیان نەكردووە. ئەو كێشانە زۆرجار لە ئەنجامی بێزاریی ژنان و گرفتی دەروونی دروست دەبن".
"ژنان تەنیاییان پێ باشترە"
رێكخراوێكی كوردی لە سوێد كە زیاتر كار لەسەر پرسە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و كۆمۆن پشتگیریی دارایی دەكات، خەریكی ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەكە لەبارەی رەوشی ژنانی كورد لەو وڵاتە. ئەگەرچی هێشتا لە نیوەی كارەكانیاندان، بەڵام بەپێی لێدوانی كارمەندێكی ئەو رێكخراوە گەیشتوونەتە زۆر راستیی ورد.
خەندە شاسوار كارمەندێكی رێكخراوەكە بە (رووداو)ی گوت "ژنانی كورد تەنیاییان پێ باشترە، زۆربەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە لەسەر داوای خۆیان بووە".
ئەگەرچی لە فۆرمی كۆكردنەوەی زانیارییەكاندا ئەوان كەمتر چوونەتە نێو زانیارییە كەسییەكان، بەڵام لەكۆی چەند هەزار فۆرمێك دەركەوتووە كە زۆربەی ئەو ژنانەی داوای جیابوونەوەیان كردووە و ئێستا بە تەنیا دەژین، بە پلەی یەك ژنی كوردی رۆژهەڵاتن و بە پلەی دووەمیش ژنانی باشووری كوردستانن پاشان ژنانی باكووری كوردستان".
هەر بەپێی توێژینەوەكە زۆربەی ئەو ژنانەی بڕیاری جیابوونەوە دەدەن، لە ئەنجامی كاری زۆر بووە، هەروەها ژنەكان خاوەن ئابوورییەكی باشن و بەشێكی زۆریان بڕوانامەی باڵایان هەیە.
مانەوەی ژن بەتەنیا لە شارێكی وەكو ستۆكهۆڵم شتێكی باوە و ژنانی پایتەختی ئەو وڵاتەی پێ جیا دەكرێتەوە. بەباوەڕی چالاكڤانێكی كورد، ئەم خەسڵەتەی ژنانی ستۆكهۆڵم كاریگەری لەسەر ئەو ژنە كوردانەش هەبووە كە لەوێ دەژین، چونكە زۆر لەو ژنە كوردانەی بەتەنیا دەژین نیشتەجێی ستۆكهۆڵمن.
سلڤانا بامەڕنی، چالاكڤانی ژنان بە (رووداو) گوت "تێكەڵاوی ژنانی كورد لەگەڵ ستۆكهۆڵمییەكان ئەم كولتوورەی گواستووەتەوە. ژنانی كورد و سوێدییەكانی ستۆكهۆڵم زۆربەیان لە تەمەنی دوای 40 ساڵی، بەتەنیا دەژین".
خەندە شاسوار ئەو زانیاریانەی سلڤانای پشتڕاست كردەوە و گوتی "تا ئێستا لە نیوەی كارەكانمانداین، بەڵێ زۆربەی ئەو ژنە كوردانەی بەتەنیا دەژین لە ستۆكهۆڵمن".
دابڕان لە خەسڵەتی ژنی كورد
ئاگانەبوون لە ماڵ و ژیانێكی پڕ لە سترێس و دوور لە حەوانەوە، ژیانی ئەو ژنانەیە كە بە تەنیان. هەنار حوسێنی كە ژنێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە مێردەكەی جیابووەتەوە و ئێستا بە تەنیا دەژیت، دەڵێت "هەفتەی دووجار حاجەت دەشۆم، دوو هەفتە جارێكیش ماڵ پاك دەكەمەوە. زۆر بە كەمیش خواردن ئامادە دەكەم و هەر ساندویچ و پیتزای دەرەوە دەخۆم".
هەنار كار دەكات و بەشێكی دیاری كارەكانیشی لە شەودایە، رۆژانی شەممە و یەك شەممەش كاتی پڕ كارییەتی "چونكە زۆر لە سوێدییەكان و تەنانەت بیانییەكانیش شەو و رۆژانی پشوو (شەممە و یەكشەممە) كارناكەن و ئەو كاتەش بۆ من زێڕینە".
هەنار داهاتێكی زۆر باشی هەیە، بەڵام لە چیرۆكی ژیانیدا دەردەكەوێت كە ژیانێكی نائارامی كۆمەڵایەتیی هەیە. توێژەرە كۆمەڵایەتییەكەش دەڵێت "ئەمە راستیی ژیانی زۆر لە ئافرەتە تەنیاكانی كوردی سوێدە. ئەوان دابڕاون لەو خەسڵەتەی ئافرەتی كوردی پێ دەناسرایەوە".
لە واقیعەوە بۆ ئەدەب
چیرۆكی جیابوونەوەی ژن و پیاوی كورد لە سوێد چووەتە نێو رۆمانی نووسەرانیش. ئەوەتا نووسەری كورد د.فەرهاد پیرباڵ لە ساڵی 2003 رۆمانێكی بەنێونیشانی (پیاوێكی شەپقە رەشی پاڵتۆ رەشی پێڵاو شین) چاپ و بڵاوكردووەتەوە.
لە رۆمانەكەدا باسی مامۆستایەكی كوردی نیشتەجێی مالمۆ دەكات كە چۆن و بە چ دەردەسەرییەك ژن و منداڵەكانی گەیاندووەتە سوێد، بەڵام ژنەكەی دوای ئەوەی خۆی دەدۆزێتەوە، داوای جیابوونەوە لە مێردەكەی دەكات، پاشان مێرد بە دۆستە سوێدییەكەی دەكات. مامۆستاش بەدرێژایی ساڵ سەرقاڵی كاركردن دەبێت، بۆ ئەوەی قەرزەكانی خەرجی راكێشانی ژنەكەی بۆ سوێد بداتەوە.
هەروەها عەتا نەهایی لە "گرەوی بەختی هەڵاڵە"دا هەمان چیرۆكی پێكەوە نەگونجان و جیابوونەوەی ژن و پیاوێكی كوردی نیشتەجێی سوید بەرجەستە دەكات كە دواجار بە كارەسات كۆتایی دێت.
23/8/2016
تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بنكە و بارەگاكانی داعشیان لە شاری جەرابلوسی رۆژئاوای كوردستان بۆردوومانكرد. پاشان هێزە زەمینییەكانی توركیا بە هاوكاری ئەمریكا بە قوڵایی 28 كیلۆمەتر دەستیان بە ئۆپەراسیۆن كرد.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە "كاژێر 04:00 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-8-2016، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، جەرابلوسیان لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا بۆردوومانکردووە".
سەرچاوەیەک لە سوپای تورکیا ئاشکرایکردووە "لە شەوی رابردووەوە تائێستا 64 بنکە و بارەگای چەکدارانی داعش لە باکووری سووریا كراونەتە ئامانج و 224 جار تۆپبارانكراون".
دوای بۆردوومانكردن، لیوای 8 ی تانك و زرێپۆشهكانی سوپای توركیا دزهیان كرده شاری جهرابلوس و ئۆپهراسیۆنهكە له قوڵایی 28 كیلۆمەتر لەنێو خاكی رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە. هەروەها شۆڤڵ و ئامێرهكانی كاركردن دهروازهیهكیان كردووهتهوه بۆ تێپهڕێنی تانك و چهكه قورسهكان.
ئۆپەراسیۆنی دەركردنی داعش لە جەرابلوس لەلایەن توركیا لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 22-8-2016 بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، رێگەنادەن داعش لە سەر سنووری وڵاتەکەیان بمێنێتەوە و بوونی داعشیان لە جەرابلوس بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا ناوبرد، چونكە چەندجارێك شاری دیلۆك (عەنتاب)ی باكووری كوردستان لە جەرابلوسەوە لەلایەن داعش تۆپباران كراوە.
ئەو بەشەی بە رەنگی زەرد رەنگ كراوە رۆژئاوای كوردستانە و لەژێر دەستی یەپەگەیە، رەنگی رەش داعشە و ئەوبەری سنووریش توركیایە
رۆژی دووشەممە 22-8-2016، ئەنجوومەنی سەربازی شاری جەرابلوس لە رۆژئاوای کوردستان بەسەرپەرشتی یەكینەكانی پاراستنی گەلە (یەپەگە) راگەیێندرا، بەڵام تەنیا 4 كاژێر دوای راگەیاندنی ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە كردەوەیەكی چەكداری گوماناویدا كوژرا.
عەبدولستار جادر، فەرماندەی گشتیی ئەنجوومەنی سەربازیی جەرابلوس لەكاتی خوێندنەوەی راگەیێندراوەكە
ئەنجوومەنی سەربازی جەرابلوس رایگەیاند "تورکیا ژمارەیەک چەکدار و هێزی تایبەتی خۆی رەوانەی شاری جەرابلوس کردووە و لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانیشی بێدەنگ نابین، چونكە تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی چەند گرووپێکی دروستکراوی خۆی شاری جەرابلوس کۆنترۆڵ بکات".
ئەنجوومەنەكە داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد "پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ناوچەکەمان لە دەستتێوەردانی تورکیا بپارێزێت".
توركیا سێ مەبەستی لە دەركردنی داعش و كۆنترۆڵكردنی شاری جەرابلوس هەیە، یەكەم: پاككردنەوەی سنووری توركیا لە چەكدارانی داعش. دووەم: دروستكردنی نەوایەكی ئارام بۆ ئاوارەكان، بەتایبەت ئەو ئاوارانەی لە حەلەبەوە روو لە توركیا دەكەن. سێیەم: راگرتنی پێشڕەوییەكانی یەپەگە.
جەرابلوس، شارێكی رۆژئاوای كوردستانە و دەكەوێـتە كەناری رۆژئاوای رووباری فورات، لەگەڵ شاری دیلۆك(عەنتاب)ی باكووری كوردستان هاوسنوورە، هەروەها دوا ناوچەی گرنگی ژێر دەستی چەكدارانی داعشە لەسەر سنووری توركیا.
جەرابلوس سەر بە پارێزگای حەلەبە و دەروازەی سنووری هەیە لەگەڵ توركیا و، كۆبانی و عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە. دانیشتووانەكەی بریتییە لە كورد، عەرەب و توركمان، بەپێی سەرژمێری ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتووانی 58 هەزار و 889 كەس بووە.
24/8/2016