سوپای تورکیا بە تانک و زرێپۆشەوە لە ناوچەیەکی کوردستان سنوور دەبەزێنێت و رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعشە.
ئێوارەی رۆژی شەممە 3ـی ئەیلوولی 2016، سوپای تورکیا بە دەیان تانک و زرێپۆشەوە لە میانەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، لە شاری کیلیس لە کوردستانی باکوورەوە چووە ناو خاکی کوردستانی رۆژئاوا.
هەروەک سوپای تورکیا رایگەیاندووە، پەڕینەوەی هێزەکە لە سنوورەوە بە مەبەستی ”پاک کردنەوەی ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریایە لە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و داعش“.
پێشتریش لە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئاب، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بە ناوی قەڵغانی فورات بۆ “پاککردنەوەی باکووری سووریا لە هێزە کوردییەکان و رێکخراوی توندڕەوی داعش" دەست پێکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.
لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سەدان سەربازی سوپای تورکیا بە یاوەریی 20 تانکی سەربازی، چوونەتە ناو خاکی سووریا و گەیشتوونەتە سنووری جەڕابلوس و پێکدادانی چەکداریی لە نیوان هێزەکانی سووریای دیموکراتی و سوپای ئازاد رووی دا.
هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە پشتگیریی ئەمریکا و بۆ رزگار کردنەوەی شارەکانی رەققە، منبج و جەڕابلوس پێکهێنراوە، کە داعش داگیری کردوون.
4/9/2016
بەپیی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی "سەرشیو"ی سەر بە شاری سەقز، ژنێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێ سەرچاوەکان ئەو ژنانە ناوی "م.م" ە و خەڵکی گوندی "بۆخڵو" سەر بە ناوچەی "سەرشیو"ی سەقزە و دوو ڕۆژە لەمەوبەر بە هۆکارێکی نادیار خۆی کوشتووە.
هەر لەم پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، لە شارەدێی ساحێب، کچێکی تەمەن 19 ساڵ خۆی سووتاندووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
جەستەی ئەم کچە 90% سووتاوە و دوای ئەم ڕووداوە بۆ چارەسەریی دەرمانی بۆ شاری سنە بەڕێ کراوە و دواتر لە شاری سنەشەوە بۆ شاری تەورێز گوازراوەتەوە، بەڵام بەهۆی خراپیی بارودۆخی جەستەیی گیانی لەدەست داوە.
تەرمی ئەم کچە تەمەن 19 ساڵە لە گوندی "کاکەسیاو" نێژراوە.
ماوەیەکە ئاستی خۆکوژی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە شاری سەقز ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ئەمش دەتوانێت بۆ بارودۆخی خراپی ئابووری و کێشەی کۆمەڵایەتیی و کوڵتووری پەیوەندیی هەبێت.
4/9/2016
بۆ یەکەمجار لە سەرەتای دەست پێکردنی شەڕەکانیدا، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەربازانی رژێم لەرێگای فڕۆکەوە بۆردومان دەکات.
گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانانی سووری گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا دەردەکەوێ، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی جۆری (درۆنز)، ژمارەیەک سەرباز بۆردومان دەکات.
هەروەک چالاکوانە ئۆپۆزیسیۆنەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە هی ئۆپۆزیسیۆنە و یەکەمجارە لە شەڕەکانیان لە دژی سوپا و میلیشیاکانی نزیک لە رژێمی سووریا بەکاری بهێنن.
لە شەڕی ناوخۆیی سووریادا، کە لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریادا دروست بووە، سوپای سەر بە رژێم بە هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بۆردومانی بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆن و هاووڵاتییان دەکات، کە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆنی دیکە.
3/9/2016
هاوسهرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایدەگهیەنێت، کە تاوەکو ئێستا نازانن رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیندووە یان مردووە.
سهڵاحهدین دهمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتاری تورکیا له گوتهیهكدا له شاری وان لە کوردستانی باکوور رایگهیاند، کە شەوی کودەتاکەی سوپا، هەلیکۆپتەرێک چووەتە دوورگەی ئیمڕالی و شەڕ و پێکدادان رووی داوە، بەڵام "هێشتا نازانین ئهنجامی شهڕ و پێكدادانەکە چی بووە".
سەڵاحەدین دهمیرتاش ئاماژەی بە مانگرتن تا زانینی هەواڵێک لەبارەی رەوشی تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە کردووە و رایگەیاند، کە لە رۆژی 5ـی ئەیلوول، مانگرتنێکی کراوە ئەنجام دەدەن.
هاوسەرۆکی هەدەپە گومانی هەیە لەوەی ئەو ژەنەڕالنی بە هەلیکۆپتەرێکەوە پەنایان بردە بەر یۆنان، هەمان ئەو کەسانە بن کە شەوی کودەتاکە چووبنە دوورگەی ئیمڕالی و هەوڵی کوشتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان دابێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیوایەم رێبەری پەکەکە زیندانییەکی ئاسایی نییە و ئەگەر دەسەڵاتی تورکیا رێگا بە خێزان و پارێزەرەکانی نەدا سەردانی بکەن، ئەوا مانگرتنەکە بەردەوام دەبێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممە 5ـی ئەیلوولی 2016، 50 چالاکوان و ئەندامی حزب و رێکخراوە کوردییەکانی کوردستانی باکوور مانگرتنێکی کراوە ئەنجام بدەن (مانگرتن لە خواردن) و تاوەکو زانینی چۆنێتیی رەوشی تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، مانگرتنەکەیان کۆتایی پێ ناهێنن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رۆژی 15ـی شوباتی 1999، دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە وڵاتی کینیاوە عەبدوڵلا ئۆجەلانی دەستگیر کرد، دواتر دادگای تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند و گوێزرایەوە زیندانێک لە دوورگەی ئیمڕالی.
3/9/2016
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕێگای میدیا فەرمی و نافەرمییەکانیەوە، بە ناوی شرۆڤەکردنی سیاسییەوە، دژایەتیی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی (باسنیوز) بۆ میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی سەر بە پەکەکە، لەم دوو ڕۆژەدا بە گشتی، میدیاکانی سەر بەو پارتە، لەژێر ناوی شرۆڤەکردنی ڕووداوەکانی نێوخۆی یەکێتی، بە ئاشکرا دژایەتیی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن کە لە لایەن هەردوو جێگری سکرتێری گشتی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایانگەیاندووە. تەنانەت میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، تۆمەتی جۆراوجۆر ئاراستەی سەرکردەکانی ناوەندی بڕیار دەکەن. لە بەرامبەردا پشتیوانی لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکەن و بە خاوەن شەرعیەتیان دەزانن.
لەمبارەیەوە چاودێرێکی سیاسیی شارەزا لە کاروباری پەکەکە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”پەیوەندیی نێوان پەکەکە و بنەماڵەی تاڵەبانی، بە تایبەتیش پەیوەندیی خودی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی پەکەکە لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، پەیوەندییەکی پتەوە“. هاوکات ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە نێو یەکێتیدا، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد زۆرتر لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نزیکە و گوتی: ”پەکەکە و بزووتنەوەی گۆڕان و باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، زۆر لە ئێرانەوە نزیکن، لە کاتێکدا سەرکردەکانی ناوەندی بڕیار، سەرەڕای ئەوەی بە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران ڕازین، بەڵام لەگەڵ خواستە نەتەوەییەکانی کوردن“.
پەکەکە لە کاتێکدا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە شەرعی دەزانێت کە پێشتر د. سەروەر عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە: ”بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی سکرتێری گشتی، ڕاستەوخۆ دەسەڵاتەکانی بۆ جێگرانی دەگوازرێتەوە، بەڵام دەسەڵات بە جێگرانی سکرتێری گشتی نەدراوە و ڕێگرییان لێ کراوە، بۆیە ناوەندی بڕیاریان دامەزراندووە“.
3/9/2016
بەهۆی رووبەڕوو بوونەوەی چەکداریی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا لە پارێزگای وان لە کوردستانی باکوور، سێ ئەفسەری سوپا کوژراون.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای وان، کە رۆژی شەممە 3ـی ئەیلوولی 2016 بڵاو کراوەتەوە، شەڕەکە کاتژمێر 8ـی ئێوارەی رۆژی هەینی 2ـی ئەیلوول لەسەر چیای تەندوورەک لە ناوچەی چاڵدێران رووی داوە.
هەروەک پارێزگای وان رایگەیاندووە، بەهۆی شەڕەکەوە سێ ئەفسەر و پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و 11 گەریلای پەکەکەش گیانیان لەدەست داوە، وێڕای کوژرانی دوو گوندپارێز (چەکدارە کوردەکانی سەر بە حکوومەتی تورکیا).
بەهۆی کوشتنی پۆلیسێکی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە لە شارۆچکەی سورووچ لە کوردستانی باکوور لە مانگی تەمموزی 2015، جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دروستبووەتەوە، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی کوردستانی باکوور ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.
3/9/2016
لە باکووری بەغدا و بەهۆی هێرشێکی چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، 50 چەکداری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کوژران.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 2ی ئەیلوولی 2016، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین، کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بەغدا.
بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، زیاتر لە 50 چەکداری حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان لە ناوچەی موتەیبیجە کوژراون.
دوای ئەو هێرشەی داعش، هێزێکی زۆری عێراقی بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییە عێراقییەکان گەیشتووەتە ناوچەکە و شکستیان بە هێرشەکە هێناوە.
دوای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش و داگیرکردنی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 و شکستهێنانی سوپای عێراق، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی لە گەنجانی شیعە پێکهێنا.
2/9/2016
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە پێناو پلە و پۆست کار دەکەن.
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە ئەو سەرکردانەی ناوەندی بڕیاردانیان لە ناو یەکێتی دروست کردووە، "هەر جارەو بەناوێک" دێنەوە بەر باس.
ئاڵا تاڵەبانی باس لەوە دەکات، کە ئەو سەرکردانەی ناوەندەکەیان راگەیاندووە، "خودی خۆیان سەرچاوەن بۆ نەمانی ناوەندی بریار لە یەکێتیدا" و پێیوایە وەفایان نەبووە بۆ جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح، جێگرانی جەلال تاڵەبانی بەوە تۆمەتبار دەکات، کە "لە پێناو پلە و پۆست و ئیمتئازات" کار دەکەن و پێشیوایە خەڵکی کوردستانیش "هۆشیارە و باش دەزانێت".
شەوی پێنجشەممە 1ـی ئەیلوولی 2016، کۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح و ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی و سیاسیی یەکێتی، ناوەندی بڕیاردانی یەکێتییان راگەیاند.
هەریەک لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە و مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی، لەگەڵ هەریەک لە حاکم قادر، حامید حاجی غالی، شاڵاو عەلی عەسکەری، عەدنانی حەمەی مینا و چەندین سەرکردەی سەربازیی دیکە پشتگیریی خۆیان بۆ ناوەندی بڕیار راگەیاندووە.
2/9/2016
له ناو یهكێك له فهوجهكانى هێزى پێشمهرگه له نزیك شارۆچكهى كفرى سهر به ئیدارهى گهرمیان، دهبێته شهڕه تهقه و له ئهنجامدا چهند پێشمهرگه بریندار دهبن و پاشان بههۆى سهختى برینهكانییهوه، پێشمهرگهیهك گیانى له دهست دا.
سهرچاوهیهكی ئاگادار به (باسنیوز)ى ڕا گهیاند :" شهوى ڕابردوو له فهوجێكى هێزهكانى پێشمهرگه له شارهدێی جهبارهى نزیك كفرى، له كاتى مووچه وهرگرتندا، دهبێته شهڕ".
بهپێی زانیارییهكانى ئهو سهرچاوهیه، شهڕهكه گهوره دهبێتهوه و دهست دهدرێته چهك، له ئهنجامدا چهند پێشمهرگه بریندار دهبن كه بارى تهندرووستى سێیان زۆر خراپ دهبێت.
دواتر یهكێك له پێشمهرگهكان به ناوى (ك. ز) كه تهمهنى 22 ساڵه، گیانى لهدهست دا.
بهپێی زانیارییهكانى سهرچاوهكه، یهكێك له پێشمهرگهكان هاتووه مووچهكهى وهربگرێت، پاسهوانێكى بارهگاكه داواى چهكهكهى لێ كردووه و ئهویش پێی نیگهران بووه، دواى وهرگرتنى مووچه، چهكهكه وهر دهگرێتهوه و كاتێك دوور دهكهوێتهوه دهستڕێژى گولـله دهكاته سهر پاسهوانهكه و له ئهنجامدا چهند پێشمهرگهیهك بریندار دهبن و یهكێكیشیان دواتر گیانى لهدهست دا.
2/9/2016
سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، کە سوپای ئازادی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پشتگیریی سوپای تورکیا، 400 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) "پاک کردووەتەوە".
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەر لە گەشتەکەی بۆ کۆماری چینی میللی، لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرەوە رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگا بە دابینکردنی "رێڕەوێک بۆ تیرۆر" نادات، وەک ئاماژەیەک بۆ پەڕینەوەی شەڕڤانانی یەپەگە بۆ سنووری رۆژئاوای رووباری فورات و گەیشتنیان بە شاری عەفرین.
رەجەب تەییب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، کە پلانی سوپای تورکیا و سوپای ئازاد "بەسەرکەوتوویی" بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا "400 کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە یەپەگە و داعش پاک کردووەتەوە"
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە یەپەگە و داعش هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا دەکەن، بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سووریا دابمەزرێنێت، بۆ لەخۆ گرتنی ئاوارە سوورییەکان و دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە سنوورەکانی خۆی.
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئاب، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بە ناوی قەڵغانی فورات بۆ “پاککردنەوەی باکووری سووریا لە هێزە کوردییەکان و داعش" دەست پێکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.
لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سەدان سەربازی سوپای تورکیا بە یاوەریی 20 تانکی سەربازی، چوونەتە ناو خاکی سووریا و گەیشتوونەتە سنووری جەڕابلوس و پێکدادانی چەکداریی لە نیوان هێزەکانی سووریای دیموکراتی و سوپای ئازاد رووی دا.
2/9/2016
کچە کوردێکی شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لە شاری منبج لە سووریا، شەهید بوو.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دوێنێ چوارشەممە 31\8\2016 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، ئاسیا ڕەمەزان عەنتەر، شەڕڤانی یەپەگە کە بە ئەنجیلینا جولیی کورد ناسرابوو، لە شەڕێکدا شەهید بووە. باسیش لەوە دەکرێت کە نازناوی (ئەنجیلینا جولیی کورد)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ئاسیا عەنتەر دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، ئەو کچە کوردە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لە میانی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات لە لایەک و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە شاری منبج گیانی لەدەست داوە، بەڵام دوێنێ هەواڵەکە بڵاو کراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە تاوەکوو ئێستا، یەپەگە بە فەرمی دەنگۆی گیان لەدەست دانی ئاسیا ڕەمەزان عەبدوڵای ڕانەگەیاندووە.
1/9/2016
بەپێی دوایین زانیارییەكان 7 سەربازی ئێرانی و دوو ئەفغانیی دیكەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە شەڕی حەلەب لە سووریا كوژراون.
ھەرچەندە ڕۆژی ڕابردوو ماڵپەڕی فەرمی (فارس)، كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای خۆی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر ھەواڵەكەی ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند، بریندارە و باری تەندروستیی ناجێگیر و لەژێر چاودێریی وردی پزیشكی دایە.
میدیا ناوخۆییەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، دوێنێ تەرمی مستەفا ڕەشیدپوور بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسداران لە ئەھواز نێژراوە و تەرمی 6 سەربازی دیكەی سوپای پاسدارانیش لە شاری قوم نێژراون.
ھاوكات دوو پەنابەری ئەفغانیش بە ناوەكانی ڕەزا ڕەحیمی و مستەفا مورادی كە لە ڕێزەكانی سوپای پاسداران لە سووریا شەڕیان دەكرد، كوژراون و دوێنێ تەرمەكانیان لە مەشھەد نێژراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی سوپای پاسداران ژمارەی كوژراوانی سوپای پاسداران لە شەڕی سووریا نزیكەی 1320 كەس بووە، كە زیاتر لە 50 كەسیان پەنابەری ئەفغانیی دانیشتووی ئێران بوون، كە ئێران ناچاری كردوون لە ڕێزەكانی پێشەوەی سوپای پاسداران لە سووریا لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە شەڕ بكەن.
1/9/2016
ژمارەیەک چالاکوان لە کوردستانی باکوور مانگرتنێکی کراوە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجام دەدەن.
رۆژی چوارشەممە 31ـی ئابی 2016، هاوسەرۆک و سەرکردەکانی پێنج لایەنی کوردی لە کوردستانی باکوور کۆ بوونەوە و بڕیاری ئەنجامدانی مانگرنەکەیان دا.
بڕیارە لە رۆژی دووشەممە 5ـی ئەیلوولی 2016، 50 چالاکوان و ئەندامی حزب و رێکخراوە کوردییەکانی کوردستانی باکوور مانگرتنێکی کراوە ئەنجام بدەن و تاوەکو زانینی چۆنێتیی رەوشی تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زئیندانیکراوی پەکەکە، مانگرتنەکەیان کۆتایی پێ ناهێنن.
سەرکردە و هاوسەرۆکانی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی (کەجەدە)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە)، کۆنگرەی ژنێن ئازاد (کەژەئا) و کۆنگرەی دیموکتایکی گەلان (هەدەکە) رایانگەیاندووە، کە 510 رۆژە ئەوان ئاگاداری ژیانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نین و دوای کودەتای سوپاش لە 15ـی تەممزی رابردوو، گومانیان لە سەلامەتیی رێبەری پەکەکە هەیە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رۆژی 15ـی شوباتی 1999، دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە وڵاتی کینیاوە عەبدوڵلا ئۆجەلانی دەستگیر کرد، دواتر دادگای تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند و گوێزرایەوە زیندانێک لە دوورگەی ئیمڕالی.
1/9/2016
گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایدەگەیەنێت، کە ئاگربەستێکی کاتی لەنێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە تورکیا پاڵپشتیی دەکات، رادەگەیەنرێت.
ئەنجومەنی سەربازیی جەڕابلوس و هێزە تورکییەکان رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ و کۆڵۆنێڵ جۆن تۆماس، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هیوای خواستووە هێزەکانی یەپەگە تاوەکو سنووریی ئیداری نێوان شارەکانی منبج و جەڕابلوس پاشەکشە بکەن.
کۆڵۆنێڵ جۆن تۆماست هەروەها رایگەیاندووە، کە رێککەوتنەکە فەرمییە و بۆ راگرتنی شەڕە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، جگە لەوەی ئەمریکا پشتگیریی رێککەوتنەکە دەکات.
رۆژی سێشەممە 30ـی ئابی2016، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی بە شەڕی نیوان یەپەگە و سوپای تورکیا دەربڕی و داوای کرد هەردوو لا هەوڵەکانیان بۆ دژایەتیی رێکخراوی توندڕەوی داعشبەکار بخەن.
دوای راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ”قەڵغانی فورات“ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016، کە وەک راگەیەندراوە ئامانج لێی دەرکردنی داعشە لە باکووری سووریا، هێزەکانیسوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچەکانی شاری جەڕابلوسدا گرتووە و هێزێکی سوپای تورکیاش چووەتە ناو خاکی سووریا لەو ناوچەیە.
دوای هێرشەکەی سوپای تورکیا، یەپەگە ناچار بوو پاشەکشە لە شاری جەڕابلوسدا بکات و لە چەند شوێنێکیش رووبەروو بوونەوەی چەکداریی رووی داوە و ژمارەیەک شەڕڤانی یەپەگە و سەربازی تورکیا کوژراون و گیانیان لەدەست داوە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.
هێزەکانی سوپای ئازاد بە پشتگیریی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و سوپا و تانکەکانەوە لەسەر خاکی کوردستانی باکوورەوە گەیشتنە ناو خاکی سووریا و بەرەو جەڕابلوس پێشڕەوییان کرد.
31/8/2016
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر دووەمین كۆنفرانسی جێبەجێكردنی بڕیاری 1325ی تایبەت بە دۆخی ئافرەتان لە جیهاندا كارەكانی خۆی دەست پێ کرد.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەم بارەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە تاكوو ئێستا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی كاری جدی لەسەر كراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە توندوتیژیی تیرۆرستان لە عێراقدا هەیە قوربانییەكان زۆرترینیان ئافرەتن و تراژیدیای شنگالیش یەكێك لەو قوربانییە بەكۆمەڵانە بووە كە ڕووی داوە."
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "هێرشەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عیراقیش بەش بە حاڵی خۆی توانیویانە ڕێگری لەو توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان بگرێت و بەرزكردنەوەی ئاستی هێزە چەكدار و ئەمنییەكان هۆكارێكە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دەستدرێژیی سەر مافەكانی مرۆڤ بگرن."
ئەم كۆنفرانسەی ئەمڕۆ بەرێوە دەچێت کە تێیدا هەریەك لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و باڵێۆزخانەی هۆڵەندا لە كوردستان و عیراق و ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە عێراقدا بەشدارن و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ تێیدا بەشدارە.
ساڵی 2000 لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە كۆی 13 دەنگ بڕیای ژمارە 1325 دەرچووە كە تایبەتە بە پاراستنی مافەكانی ئافرەتان لە جیهان و دەستخستنی هەلیكار و دابینكردنی پێداویستییە ماددی و ماعنەوییەكانیان و هەموو وڵاتانیش ژووری جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەیان پێكهێناوە.
1/9/2016