كۆچبەرانی كورد لە یۆنان، دوای رزگاربوون لە سەختییەكانی رێگا، ئێستا لە كەمپەكانی یۆنان لە رەوشێكی خراپدان، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و ساردی كەشوهەوا.
وەرگێڕێكی كۆچبەرانی رۆژئاوای كوردستان ئاماژە بە خراپی رەوشی كۆچبەران دەكات و دەڵێت، لەنێو كۆچبەران شەڕ دروست دەبێت بەتایبەت لە كاتی وەرگرتنی خۆراكدا، جگە لەوەش رەوشی كۆچبەران لەڕووی تەندروستی و خۆراكەوە خراپە.
ژنێكی خەڵكی موسڵ، وەك خۆی دەڵێت، هاوژینەكەی و كچێكی لەلایەن داعش كوژراون و كوڕێكیشی بێسەروشوێنە، بۆیە كۆچی كردووە.
ئەو ژنە دەڵێت، داوای مافی پەنابەری لە نەرویج كردووە، بەڵام داواكەی رەتكراوەتەوە، ئێستاش چاوی لەوەیە بچێتە ئەڵمانیا.
وەك كۆچبەرەكان دەڵێن، حكومەتی یۆنان بە مەرجێك هاوكاری هەفتانەیان دەكات پەنجە مۆر بكەن، ئەوانیش نایانەوێت لە یۆنان بمێننەوە و چاویان لەوەیە رووبكەنە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا.
یەكێك لە كۆچبەرە كوردەكان دەڵێت، لەگەڵ هاوژین وچوار منداڵەی بە خەرجكردنی 30 هەزار دۆلار گەیشتووەتە یۆنان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەشیمان نییە، چونكە لە هەرێمی كوردستان دۆخی خەڵك خراپە و قەیرانی دارایی هەیە.
27/11/2016
جێگری سهرۆكی پهرلهمانی ئێران"عهلی موتههری" به نزیكهكانی "عهلی خامنهیی" رێبهری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دهڵێت" بڕۆن بۆ لای براكانتان له رێكخراوی داعش له شاری موسڵ،پاش ئهوهی له لایهن توندڕهوه ئێرانییهكانهوه به شایستهی له سێدارهدان ناوبرابوو.
بهگوێرهی میدیا ناوخۆییهكانی ئێران،تۆمهت بهخشینهوه له نێوان توندڕهوهكان و چاكسازیخوازان پهرهی سهندووه و هۆكارهكهش پهیوهسته به بڕیاری دادگا بۆ رێگهگرتن له وانهیهكی "موتههری" له شاری مهشههدی ئێران كه كهسه نزیكهكانی خامنهیی تێیدا باڵادهستن،ئهو كێشهیهش گهوره بووه تا ئهو ئهندازهیهی حهسهن روحانی سهرۆككۆماری ئێران داوای له وهزیری داد كردووه لێكۆڵینهوه بكات.
ههر دوو رهوتی توندئاژۆكان و چاكسازیخوازان له بارهی ئهو رووداوهوه ههڵمهتهكانیان دژ به یهكتری زیادكردووه و پهڕیوهتهوه میدیاكانی ئهو وڵاتهش.
لهوبارهیهوه رۆژنامهی"كهیهان" كه له رێبهری ئێرانهوه نزیكه نوسیوویهتی" حكومهتی ئێران به سهرۆكایهتی"حهسهن رووحانی" بابهتی وانهكهی مهشههدیان قۆستووهتهوه بۆ به لاڕێدابردنی رای گشتی و خۆڵكردنه چاوی خهڵكی،ئهمهش بۆ پهردهپۆشكردنی شكستهكانیانه له بواری ئابووری و سیاسیدا.
26/11/2016
فیدل کاسترۆ، رێبەری پێشووی کوبا و سەرکردەی پارتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە، لە تەمەنی 90 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی کوبا هەواڵی مردنەکەی راگەیاند.
فیدل کاسترۆ، کەسایەتییەکی سیاسیی کوبا بوو، کە لە 1959ـەوە تا 2008 رێبەری کوبای کرد و دوای خۆی راوڵ کاسترۆی برای بووە سەرۆکی کوبا.
کاسترۆ کوبای کردە وڵاتێکی تاکحیزبی و چەندین چاکسازیی سۆسیالیستی وەک خۆماڵیکردنی پیشەسازی و بازرگانی، تێدا ئەنجام دا.
لە ناوخۆی کوبا، لایەنگرانی کاسترۆ بەو کەسە وەسف دەکەن، کە کوبای دایەوە دەستی کوباییەکان، بەڵام نەیارانی بە تووندوتیژ و سەرکوتکەری ئۆپۆزیسیۆن دەیناسێنن.
فیدل کاسترۆ بەهۆی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە لە کوبا و ئەمریکای لاتین و سەرانسەری جیهان کەسێکی ناسراو و دیار بوو. زۆرکەس ئەویان بە جێگرەوەی چێ گیڤارا دەزانی.
26/11/2016
پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان HDP رایدەگەیێنێت، لە زیندانی سیلیڤری لە ئیستەنبوڵ چاوی بە هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین کەوتووە و هێشتا متمانەی بە چارەسەر بە رێگەی ئاشتی هەیە بۆ پرسی کورد لە تورکیا.
حەسیپ کاپڵان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە پەیامێکدا لە تویتەر رایگەیاند، چاوی بە سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆکی دەبەپە و سەلما ئرماک، نیهات ئاکدۆغان، لەیلا بیرلیک و نورسەل ئایدۆغان، پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین کەوتووە.
کاپڵان لەبارەی ئەحمەد تورکەوە نووسیویەتی: " هێشتا بیر لە چارەیەکی دیموکراسی و ئاشتی دەکاتەوە لە تورکیا."
زەینەب جەرەن، پارێزەری ئەحمەد تورکیش دوای بەسەرکردنەوەی تورک رایگەیاند، لە ژوورێکی تاکەکەسیدا دەمێنێتەوە و داوای کردووە کتێبی بۆ ببەین و گوتوویەتی: "تائێستا بە نامووسەوە ژیاین، هیچ شتێکمان نییە لەدەستی بدەین، نامووسمان نەبێت."
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، مولکییە تورک، هاوژینی ئەحمەد تورک لەبارەی تەندروستی هاوژینەکەیەوە رایگەیاند، "بەڕێز ئەحمەد نەخۆشە و بەتەمەنە، تەندروستی ئەو بەرگەی هەلومەرجی زیندان ناگرێت."
مولکییە تورک زیاتر گوتی: "ئەو ئەشکەنجانەمان لەبیرنەکردووە کە لەدوای کودەتاکەی 12ی ئەیلوولی 1980 چەشتی. ساڵ و نیوێک لەنێو ئاوەڕۆدا بوو، کە دەچووین بۆ سەردانی چەند سەربازێک خۆیان دەدا بەسەر پشتیدا، بەڵام هیچ کاتێک لە دیموکراسی و ئاشتی پاشگەز نەبووە و ملی بۆ هیچ زوڵمێک کەچ نەکرد، ئاشتییان لەنێو چوار دیواردا بەندکردووە."
رۆژی پێنجشەممە 24-11-2016 دەنیز بایکاڵ، پەرلەمانتاری ئێستا و سەرۆکی پێشووی جەهەپە، سەردانی شاری مێردینی کرد بۆ ئەوەی چاوی بە مولکییە تورک، هاوژینی ئەحمەد تورک بکەوێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، بایکاڵ ئاماژەی بەوەکرد کە "دوای 36 ساڵ بەهۆی ئازارێکی دیکەوە لەگەڵ ئەحمەد تورک کۆدەبێتەوە". گوتیشی: "دوای ئازادکردنی کاک ئەحمەد، بە هاریکاری و پشتگیری ئەو تورکیا لە تیرۆر و تووندوتیژی رزگار دەکەین."
دەنیز بایکاڵ کە بەتایبەتی بۆ بەسەرکردنەوەی هاوژینی ئەحمەد تورک سەردانی مێردینی کردبوو، زیاتر گوتی: "بەداخەوە شایەتحاڵی ئەو ئازار و ناڕەحەتیانەم کە بەسەر تورکدا هێندرابوون لە 12ی ئەیلولی 1980دا، لە قەسری کانجۆ (کانجۆ بنەماڵەکەی ئەحمەد تورکە) چاوم بە بەڕێز ئەحمەد کەوت. لە دوای کودەتاکەی 12ی ئەیلوول دەستگیرکرا و ئازاری زۆری چەشت، لە ئەنقەرە پێکەوە باسی ئەوەمان کرد کە چیدی لە تورکیا ئەو رۆژانە دوبارە نابنەوە، بەڵام بەداخەوە دوای 36 ساڵ رووداوەکان بەردەوامن، پشتیوان بەخوا ئەم رۆژانەش تێدەپەڕن."
بایکاڵ زیاتر گوتی: "من ساڵانێکی زۆرە بەڕێز ئەحمەد دەناسم، بەدوای سیاسەتێکدا دەگەڕا لە دەرەوەی تیرۆر، شەرافەدین ئێلچی بەهەمانشێوە بناخەی سیاسەتی دانا لەدەرەوەی تیرۆر، پێکەوە لە کابینەی حکومەتدا بووین و هاوڕێ بووین، لەگەڵ کاک ئەحمەد لەیەک پارت و لە پەرلەمان پێکەوە بووین."
ئەحمەد تورک لە کودەتاکەی ساڵی 1980 دا دەستگیرکرا و بۆ ماوەی 3 ساڵ زیندانی کرا. ئەحمەد تورک بەندیخانەی ئامەد بە کەمپی نازییەکان دەچوێنێت و لەبارەی ئەو رۆژانەی ژیانییەوە لە زیندان دەڵێت "لە کەمپی نازییەکاندا مرۆڤ برسی هێڵراوەتەوە و کوژراوە، بەڵام دڵنیابن لە بەندیخانەی ئامەد خراپتر هەیە. لەسەر چیمەنتۆ و لەنێو پیساییدا پشتمان دەنا بە پشتی یەکەوە، بۆ ئەوەی گەرم ببینەوە، 24 کاژێر ئەشکەنجە هەبوو".
ئەحمەد تورک لە خولەکانی 15، 16، 18، 19، 23 و 24 دا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا وەک ئەندامی پەرلەمان بەردەوام بووە لەسەر سیاسەت. ساڵی 1973دا بۆ یەکەمجار لەسەر لیستی پارتی دیموکرات بە ئەندامی پەرلەمان لە بازنەی مێردین هەڵبژێردرا، بەڵام دوای ساڵێک دەست لەکار کێشانەوەی لەو پارتە راگەیاند و لە 1974ـدا پەیوەندی بە پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)ـەوە کرد و بۆ ماوەی شەش ساڵ لەنێو ئەو پارتەدا مایەوە.
26/11/2016
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، رۆژی هەینی 25-11-2016، کۆنفرانسی "چارەنووسی ئێزدی و کریستییانەکان دوای شەڕی موسڵ" دەستیپێکرد. كەسایەتییەكی دیاری كوردانی ئێزدیش رایگەیاند، متمانە لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا نەماوە و دورستكردنەوەی ئەو متمانەیە پپێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە.
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆنفرانسەكەدا گوتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "دۆخی ئاوارە ئێزدییەکان باش نییە و، ئەو دۆخەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتووە، بەسەریاندا سەپێندراوە".
ڤیان دەخیل هەروەها گوتی "کوردانی ئێزدی بەهۆی ئایینەکەیانەوە تووشی ئەو دۆخە هاتوون، بۆیە پێویستە هاوکاری نێودەوڵەتی هەبێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە عێراق قەیرانێکی گەورە بۆ ئێزدی و کریستیانەکان دروستکراوە و خەڵکێکی زۆری کوردی ئێزدی بەدەستی داعش کوژراون، هەروەها ئەوە 73 یەمین جارە کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی دەكرێت.
لەبارەی كچان و ژنانی ژێر دەستی داعش كە تاوەكو ئێستا زۆرتر لە 3 هەزار كەس چارەنووسیان دیارنییە، ئاماژەی بەوەكرد نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی بۆ رزگارکردنی ژن و کچانی ئێزدی کردووەتەوە و تاوەكو ئێستا سەدان كچ و ژن لەڕێگەی نووسینگەكەوە رزگاركراون.
ڤیان دەخیل راشیگەیاند "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگارکردنی ژن و کچانی ئێزدی لە دەستی داعش". جەختیشیكردەوە کچ و ژنانی ئێزدی رزگاربووش لەڕووی دەروونییەوە دۆخیان باش نییە.
26/11/2016
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی میرزا عەبدوڵڵای شەرەفکەندی دەنێرێت و رایدەگەیێنێت: "ئەو هەواڵە خەمباری کردم و سەرەخۆشی لە خانەوادەی و خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهاباد دەکەم".
میرزا عەبدوڵڵا شەرەفکەندی برای هەردوو کەسایەتی سیاسی و ئەدەبیی ناسراوی کورد، سادق شەرەفکەندی و مامۆستا هەژاری موکریانی -یە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بنەماڵەی بەڕێزی شەرەفکەندی لە مەهاباد..
هەواڵی كۆچی کەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و ناسراوی موکریان، میرزا عەبدوڵڵای شەرەفکەندی خەمباری کردم.
لەم بۆنە خەمناکەدا لە دڵەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و هاوخەمیی خۆم ئاراستەی ئێوە و خزم و كەسوكار و ئاشنایان و خەڵکی نیشتیمانپەروەری مەهاباد دەکەم.
لە خودای گەورە داواكارم گیانی کاک عەبدوڵڵا بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
مهسعوود بارزانی
25/11/2016
وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكن بۆ ئەوەی پەرە بە هاوكارییە سەربازییەكانی نێوانیان بدەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە دوو هەفتە لەمەوبەر دۆناڵد ترامپ توانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا سەربكەوێ و لە مانگی حوزەیرانیشدا بەریتانیا بڕیاری دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپای دا.
پلانە نوێیەكەی یەكێتیی ئەوروپا پێكهێنانی ناوەندێكی پلاندانان لەخۆدەگرێ كە سەرپەرشتی هەڵمەتەكانی مەشق و راهێنانی هێزە سەربازییەكانی وڵاتانی یەكێتییەكە دەكات. وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵەكانیان بۆ پێكهێنانی ناوەندێكی فەرماندەیی سەربازیی ـ پزیشكی، پەرەپێدانی لۆجستیكی سەربازی و هاوكارییە هەواڵگرییەكان چڕكردووەتەوە. پلانەكە لەلایەن ئەڵمانیا و فەرەنساوە پێشنیاز كراوە و بەریتانیا و ژمارەیەك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دژایەتی دەكەن.
جودابوونەوەی بەریتانیا دەستی یەكێتیی ئەوروپای واڵاتر كردووە لەوەی هەنگاوەكانیان گەورەتر و خێراتر بكەن. بەریتانیا هەموو كات دژی هەر چەشنە پلانێكی سەربازی هاوبەشی ئەوروپی بووە، لەوانەش پێكهێنانی سوپای ئەوروپا. بەبۆچوونی بەریتانییەكان ئەوروپا دەبێ هەموو كات و وزەی سیاسی و سەربازی خۆی بۆ بەهێزتركردنی ناتۆ تەرخان بكات، نەك لە پاڵ ناتۆدا دامەزراوە یان رێككەوتنێكی سەربازیی نوێ پێكبهێنێ.
هەفتەیەك بەر لە گشتپرسیی جودابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، مایكڵ فالۆن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، رایگەیاند كە وڵاتەكەی هەموو چەشنە پێشنیازێك بۆ پێكهێنانی سوپای ئەوروپا یان بەرزكردنەوەی بودجەی بەرگریی یەكێتیی ئەوروپا ڤیتۆ دەكات.
بەڵام بڕیاری دەرچوونی بەریتانیا لە روویەكی دیكەشەوە ئەوروپییەكانی بەرەو پێكهێنانی دامەزراوە یان ناوەندێكی سەربازیی ئەوروپی هانداوە، چونكە بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، بۆشاییەكی گەورە لە توانای بەرگریی یەكێتیی ئەوروپادا دروست دەبێ، ئەمەش لە كاتێكدا لە دوای جەنگی ساردەوە، یەكێتیی ئەوروپا هیچكات هێندەی ئێستا پێویستی بە هێزی سەربازی و ئەمنیی بەهێز نەبووە.
ئەوروپا لەلایەكەوە لەگەڵ كێشەی فراوانخوازی و جموجۆڵە سەربازییەكانی رووسیا لە سنوورەكانی رۆژهەڵات و ناوچەی باڵتیك رووبەڕووبووەتەوە. لەلایەكی دیكەشەوە بەرەنگاربوونەوەی لێشاوی كۆچبەران و هێرشی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان پێویستی بە توانا و هاوكاریی سەربازیی گەورەتر هەیە.
بۆیە لە پاش گشتپرسییەكەی بەریتانیا كە بە (برێكزت) ناسراوە، گەورەترین پرسیار كە لای بەرپرسانی سەربازی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دروست بوو، ئەوە بوو چۆن ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە كە بەهۆی دابڕانی بەریتانیا لە یەكێتییەكە دروست دەبێ.
ئەڵمانیا یەكێك لەو وڵاتانەیە كە بە نیاز بووە 7000 سەرباز زیاد بكاتە سەر هێزەكانی. بەڵام شارەزایانی بواری سەربازی پێیانوایە بەرزكردنەوەی ژمارەی سەربازەكان لێرە و لەوێ بەس نییە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو بۆشاییە. ئیان كێرنز، سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی سەركردایەتیی ئەوروپا، پێیوایە جگە لە ئەڵمانیا هیچ وڵاتێكی دیكەی یەكێتییەكە ناتوانێ دامەزراوەی سەربازیی خۆی فراوان بكات، بۆیەش "چارەسەری راستەقینە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم بۆشاییە زیادكردنی خەرجییە سەربازییەكان و ژمارەی هێزە چەكدارەكان نییە، بەڵكو پێویستە شێوازی خەرجكردنەكان بگۆڕدرێن". بۆ ئەم مەبەستەش "لە لایەكەوە پێویستە خەرجییەكان بە هەماهەنگی نێوان وڵاتەكان بن، لە لایەكی دیكەشەوە پێویستە سەرمایەیەكی زیاتر بۆ توێژینەوە سەربازییەكان و ژێرخانی سوپای وڵاتان تەرخان بكرێ".
بەم پێیەش دەرچوونی بەریتانیا لە دوو سەرەوە هاوكارییە سەربازییەكانی نێوان وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكات بە پێویستی: لەلایەكەوە وڵاتێكی دژبەری پلانی سەربازیی هاوبەشی ئەوروپی لە یەكێتییەكە دەردەچێ، ئەمەش بەربەستێكی گەورە لەبەردەم پلانەكە لادەدات. لەلایەكی دیكەوە دەرچوونی بەریتانیا بۆشاییەكی سەربازیی و ئەمنی گەورە دروست دەكات كە بەرزكردنەوەی بودجەی سەربازیی وڵاتان بەس نییە بۆ پڕكردنەوەی، بەڵكو پێویستی بەوەیە ئەندامانی یەكێتییەكە پەرە بە هاوكاری و هەمانگییە سەربازییەكانیان بدەن، بۆیەش وڵاتە زلهێزەكانی یەكێتیی ئەوروپا هەستیان بەوە كردووە كە ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك پێویستیان بە دامەزراندنی ناوەندێكی فەرماندەیی سەربازیی هاوبەشی ئەوروپی هەیە.
بە سەركەوتنی ترەمپ، ناتۆ لەرزی لێ هاتووە
هەفتەی پێشوو، یەنس ستۆڵتنبەری، ئەمینداریی گشتی ناتۆ، لە وتارێكدا لە رۆژنامەی ئۆبزەرڤەری بەریتانی، هۆشداری دا كە لە رەوشی ئەمنیی ئێستای جیهاندا "كاتی ئەوە نییە گومان بخرێتە سەر بەهای هاوبەشێتی (سەربازی و ئەمنی)ی نێوان ئەوروپا و ئەمریكا". گوتارەكەی ستۆڵتنبەری چوار رۆژ دوای سەركەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بوو.
لە دوای سەركەوتنی ترامپ دوو خاڵی سەرەكی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپایان نیگەران كردووە: یەكەمیان پەیوەندی بە هەڵوێستی نێگەتیڤی ترامپ بەرامبەر بە ناتۆوە هەیە، خاڵی دووەمیشیان بۆ ئەگەری نزیكبوونەوەی ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆك كۆماری رووسیا، دەگەڕێتەوە.
سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا هیچكات نەیشاردووەتەوە كە ئەو ناتۆ بە رێكخراوێكی "كۆن و لەكاركەوتوو" دەزانێ، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمریكیشدا جەختی لەسەر ئەوە كردبووەوە كە ئەمریكا پێویستە "بۆ پاراستنی ئەو وڵاتانەی مەترسییان لەسەرە و پێویستیان بە پشتگیری ئەمریكا هەیە" داوای قەرەبوو بكاتەوە، چونكە "زۆربەی ئەو وڵاتانە دەوڵەمەندن". سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا هەروەها داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ كردووە بودجەی سەربازییان بەرزبكەنەوە، بۆ ئەوەی زۆرینەی قورساییەكە لەسەر ئەمریكا نەمێنێتەوە. حاڵی حازر ئەمریكا 70%ی بودجەی ناتۆ دابین دەكات.
لە لایەكی دیكەوە ترەمپ هەر لە سەرەتاوە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ رووسیا جارێكی دیكە ئاسایی بكاتەوە، بۆیەش ترەمپ بەر لەوەی تەلەفۆن بۆ هیچ هاوپەیمانێكی خۆی بكات، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە پوتینەوە كرد. ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارییە توندڕەوە ئیسلامییەكان (لەوانەش داعش) هاوكاری رووسیا بكا، بەڵام كەسانی نزیك لە ترەمپ ئاماژەیان بەوە كردووە كە دۆسیەی نیمچەی دوورگەی كریمیا و رۆژهەڵاتی ئۆكراینا یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی گفتوگۆی نێوان ترەمپ و پوتین بووە.
بە لەبەر چاوگرتنی ئەم لێدوانانە سەیر نییە كە وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا چەند رۆژێك دوای هەڵبژادنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دوو كۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری لە بروكسڵ رێكخست، كە تێیدا باس لەوەكرا چۆن یەكێتیی ئەوروپا بتوانێ هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا خێراتر بكات، بە جۆرێك یەكێتییەكە بتوانێ توانای بەرگری و ئەمنی خۆی بەهێزتر بكا، واتە بە بێ گەڕانەوە بۆ زلهێزەكان هەنگاوە سەربازییە پێویستەكان بهاوێژن.
لێدوانەكانی ترەمپ سەبارەت بە ناتۆ، نزیكبوونەوەی لە پوتین و هەوڵەكانی ئەوروپا بۆ دروستكردنی ناوەندێكی فەرماندەیی سەربەخۆ لە ناتۆ ئاماژەن بەوەی ئەمریكا و ئەوروپا لە یەكدی دووردەكەونەوە. ئەمەش تەنیا كاریگەری لەسەر پرسە ئەمنییە نێوخۆییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا دانانێ، بەڵكو دەشێ كار لە هاوكاری و هەماهەنگی هێزەكانی ناتۆ لە رۆژهەڵات و باشووری ئەوروپا و هەموو ئەو وڵاتانە دابنێ كە هێزەكانی ناتۆی لێیە. ئەم ناكۆكییە دەكرێ سەرەتای دروستبوونەوەی جیهانێكی فرە جەمسەر بێ كە ژمارەیەكی زۆر لە كۆمارییەكانی ئەمریكای نیگەران كردووە.
25/11/2016
کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ لەبارەی پرسی ئەندامێتی تورکیا لەو یەکێتییە بەڕێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانی ئەوروپا رەشنوسی هەڵپەساردنی پرۆسەی ئەندامێتی تورکیای لە یەکێتییەکە پەسند کرد.
رۆژی پێنجشەممە 24-11-2016 پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەبارەی رەشنووسی هەڵپەساردنی دانوستاندنەکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتییەکە.
لەو رەشنووسەدا کە بە 479 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 37 دەنگی نەخێر و 107دەنگی بێلایەن پەسندکرا، داوای هەڵپەساردنی دانوستاندنەکان دەکات لەگەڵ تورکیا بۆ ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە یەکێتییەکە.
لە رەشنووسەکەدا هەروەها سەرکۆنەی هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمموز کراوە و داواکراوە "بەهۆی ئەو پێشهاتانەی دوای کودەتاکە هاتنەئاراوە و باری نائاسایی راگەیێندرا لە تورکیا، پێویستە دانوستاندنەکان بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتییەکە بەشێوەیەکی کاتی رابگیرێت."
هەرچەندە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەسەڵاتی ئەوەی نییە دانوستاندنەکانی ئەندامێتی رابگرێت یاخود هەڵپەسێرێت، بەڵام چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە کە بڕیارەکە پەیامێکی سیاسیی ئەنجوومەنی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامە لەبەرامبەر پێشهاتەکانی تورکیاوە.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام رۆڵی گرنگی دەبێت لە بەرچاوڕوونی سەرکردەکانی یەکێتییەکە کە بڕیارە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدەن. بەپێی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا، سەرکردەکان ناتوانن "بێ هەڵوێست بن" بەرامبەر بەم بڕیارە.
دەستگیرکردنی ژمارەیەکی بێشومار کارمەندی حکومی و ئەندام و لایەنگری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا و سەرهەڵدانی مشتومڕی گەڕاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە، رۆڵی کاریگەری هەبوو لەسەر پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ پەسندکردنی ئەم بڕیارە.
تورکیا لەساڵی 1963 لەکاتی واژۆکردنی کۆمەڵەی ئابووری ئەوروپاوە داوا دەکات بە ئەندام لە یەکێتییەکە وەربگیرێت. لە ساڵی 1987 مافی ئەوەی بەدەستهێنا بەفەرمی داوای ئەندامێتی بکات لە یەکێتی ئەوروپا، لەساڵی 2009ەوە وەک پاڵێوراوی بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا پەسند کراوە و لە ساڵی 2005یشەوە دانوستاندنەکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتییەکە دەستی پێکردووە.
یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لە بابەتێکی دیکەشدا تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێککەوتن؛ ئەویش هەڵگرتنی ڤیزەی شنگنە لەسەر خەڵکی تورکیا.
یەکێتی ئەوروپا 72 مەرجی داناوە بۆ تورکیا بۆ هەڵگرتنی ڤیزەی شنگن لەسەر خەڵکی وڵاتەکەی، بەڵام تورکیا ئامادە نییە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای ژمارەی 3713 کە لە ساڵی 1991دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە هەموار بکاتەوە، بە پێی ئەو یاسا، "تێکدانی یەکێتی دەوڵەت و یەکپارچەیی تورکیا، زیانگەیاندن بە سوپا و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای دەوڵەتی دووژمنی تورکیا، پێشێلکردنی دەستوور، ئەنجامدانی تاوان لە دژی پەرلەمان، ئەنجامدانی تاوان لە دژی حکومەت، خەباتی چەکداری لەدژی حکومەتی تورکیا، هاریکاری ماددی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، رێکخراوی چەکداری، خزمەتی سەربازی بۆ سوپای وڵاتان جگە لە تورکیا، هەوڵی تیرۆری سەرۆککۆمار" بە تیرۆر ناسێنراون.
ئەوەی کە ئەوروپا زۆر گرفتی هەیە لەگەڵیدا ئەو تاوانانەیە کە تورکیا بە تیرۆر پێناسەیان دەکات، ئەوروپا داوا دەکات یاساکە بەپێی یاساکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هەمواربکاتەوە. ئەوروپا لەوە دەترسێت کاتێک ڤیزەی شنگنی لەسەر خەڵکی تورکیا هەڵگرت، بەهۆی یاسای تیرۆری تورکیاوە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری سیاسیی لە تورکیاوە رووی تێبکەن.
ئەگەر تورکیا تەواوی مەرجەکان جێبەجێ بکات، پێشنیازەکەی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەمانی یەکێتییەکە دەنگدانی بۆ دەکرێت و بۆ پەسندکردنی بڕیارەکە سەدا 50+1ی دەنگەکان پێویستە. پاشان دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی ئەوروپا و لەوێش سەدا 65ی دەنگەکان واتە 16 لەکۆی 28 وڵاتی ئەندام پێویستە بۆ پەسەندکردنی.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رۆژی 28-9-2016 دوای سێیەمین کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی رێککەوتنەکەی 18ی ئاداری نێوان یەکێتییەکە و تورکیای ئەنجامدا و رایگەیاند، "لەکۆی 72 مەرج، ئەنقەرە 7 مەرجی ماوە جێبەجێیان بکات بۆ هەڵگرتنی ڤیزەی شنگن لەسەر خەڵکی وڵاتەکەی."
کۆمیسیۆنەکە راشیگەیاند، 600 ملیۆن یۆرۆ بەخشراوە بە وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی تورکیا بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان لەو وڵاتە.
ئەو مەرجانەی کە تورکیا جێبەجێی نەکردووە
- دابینکردنی پاسپۆرت بە ستانداردی ئەوروپا بۆ هاووڵاتیان
- گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
- کاری هاوبەش لەگەڵ ئینتەرپوڵ
- هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یەکسانکردنی بە ستانداردەکانی ئەوروپا
- پاراستنی زانیارییە کەسییەکان بە پێی ستانداردی ئەوروپا
- هاریکاریکردنی سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا لە بابەتەکانی پەیوەست بە تاوانەوە
- جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکەی 18ی ئادار
25/11/2016
شەشەمین پێشانگای سەراسەری کەرەستەی پزیشکی ئێران لە ورمێ بەڕێوەدەچێت. لەو پێشانگایەدا چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن و دەیان جۆر کەرەستەی جیاوازی پزیشکی و پێداویستییەکانی نەخۆشخانە خراوەتەڕوو.
بۆ یەکەمجار لەو پێشانگایەدا، ژوورێک بە بەرهەم و گیراوە گیاییەکان تەرخانکراوە، خاوەنی ئەو ژوورە پزیشکێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
ئەو دەڵێت، ئێستا بەشی زۆری خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک لە ماددە کیمیاییەکان بەرهەمدێت کە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان هەیە.
لە زۆر شوێنی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندی فرۆشتنی گیا دەرمانی هەیە، بەڵام کەمتر بەشێوەی زانستی کار لەسەر ئەوە کراوە، بەرهەمە گیاییەکان جێگەی ماددە کیمیاییەکان بگرنەوە.
بەگوتەی شارەزایانی بواری ئۆرگانیک، رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ژینگە و کەشوهەوای تایبەت دەیان جۆر گیای لێ دەڕوێت کە ئەگەر بەکاربهێندرێن، خزمەتی گەورە بە ژیانی تەندروست و ژینگەی خاوێن دەکەن.
25/11/2016
کەیوان کەریمی، فیلمسازی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە سزاى یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەوینی تاران گواسترایەوە.
کەیوان کەریمی بەهۆی فیلمی "نووسین لەسەر شار" دەستبەسەرکرا. ئەو فیلمە باس لە نووسینی دروشمی ناڕەزایەتی لەسەر دیوارەکان دەکات.
دادگای بەرایی کەیوان کەریمی بە 6 ساڵ زیندان مەحکوم کرد، بەڵام دادگای پێداچوونەوە ئەو حکومەی بۆ یەک ساڵ زیندان و 223 قامچی گۆڕی.
گرتن و زیندانیکردنی کەیوان کەریمی ناڕەزایەتی زۆری لەنێو چالاکانی مافی مرۆڤ و فیلمسازانی ئێرانیدا لێکەوتووەتەوە. پێشتر 137 فیلمسازی ئێرانی داوایان لە دەزگای دادی ئێران کردبوو تۆمەتەکەی لەسەر لابدرێت.
کەیوان کەریمی خەڵکی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنەیە. تەمەنی 30 ساڵە و لە تاران خوێندنی تەواوکردووە.
24/11/2016
گوتهبێژی فهرمی پارتی دیموكراتی گهلان "ههدهپه" كه هاوكات پهرلهمانتاری بازنهی قارس-ی پارتهکەیه ئاشکرای کرد "راگرتنی هاوسهرۆکانی ههدهپه، پهرلهمانتاران، سهرۆک شارهوانییهکان و پهرلهمانتارانی پێشووی پارتهکهیان له ژووره تاکه کهسییهکانی ناو گرتووخانهكاندا دهچێته چوارچێوهی مامهڵهی خراپ و ئهشکهنجهدانهوه".
ئایهان بیلگهن، گوتهبێژی ههدهپه باسی لهوهکرد: ''ئهوه روونه که دوای دهرچوونی ئهندامانی بهرهی نوسرە له حهلهب، ئهنجامهکهی لهئاستێکی پێویستدا نهبووه. تۆڵهی ئهمهش له سهربازانی سوپای تورکیا دهکرێتهوه. حکومهت ناچاره روونکردنهوه بداته هاووڵاتیانی تورکیا لهبهرامبهر ئهوهی پشتیوانیی له سوپای سووریای ئازاد و ئهو پێکهاتانهی دیکهی وهک ئهحرارولشام و نوسرە که له رووکهشدا وهک سوپای سووریای ئازادن، دهکات''.
ئایهان بیلگهن ئاشكرای کرد، گرتنه بهری سیاسهتی دابڕین هێندهی دهستگیرکردنی نایاسایی گرنگ و ههستیاره و گوتی ''راگرتنی هاوسهرۆکانی ههدهپه، پهرلهمانتاران، سهرۆک شارهوانییهکان و پهرلهمانتارانی پێشوو له ژووره تاکه کهسییهکانی ناو گرتووخانهكاندا، دهچێته چوارچێوهی مامهڵهی خراپ و ئهشکهنجهدانهوه. لهو دوو دێڕه دهترسن که هاوسهرۆکهکانمان دهینووسن، ههروهک چۆن سڵ لهوێنهکانیان دهکهنهوه''.
بیلگهن ئهو نامانهی نیشاندا که هاوسهرۆکانی ههدهپه له گرتووخانهوه ناردوویانه و بهدهستیان گهیشتووه و رایگهیاند ''ئهمه مایهی شهرمهزارییه بۆ تورکیا، ئهمه شوورهییه. ئهو شوێنانهی که لهنامهکهدا بهتاڵن، سڕاونهتهوه و سانسۆرکراون. ئهوان هێشتا پهرلهمانتارن، هیچ حوکمێکی دادگایان بهسهردا نهسهپێنراوه، تهنیا دهستگیرکراون. دهڵێن که لهبهر ئهوهی نهچوون ئیفاده بدهن بهوشێوهیه مامهڵهیان لهگهڵ دهکرێت، مادهم وایه که ئیفادهیان دا، ئازادیان بکهن".
ههروهها گوتی "دهقی ئهم نامهیه ههفتهی داهاتوو لهمیانی کۆبوونهوهی فراکسیۆندا بڵاودهکهینهوه. لهنامهکهدا باسی مێژووی تورکیا و رۆژههڵاتی ناوهڕاست، مافی مرۆڤ و دیموکراسی کراوه. له تهواوی یهک لاپهڕهدا تهنها دوو دێڕ بوونی ههیه. لهمه دهترسن. تهماشای لاپهڕهکان بکهن، ئایا لێرهدا رێنمایی ههیه؟ با ههرچییهک ههیه روونی بکهنهوه''.
24/11/2016
هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە لە زیندان سەردانی دەمیرتاشی كرد و ماوەی دوو كاژێر لەلای مایەوە.
باشاك دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-11-2016 رێگەدرا سەردانی زیندانی ئەدیرنە بكات، كە دەمیرتاشی تێدا زیندانیكراوە.
دوای هاتنە دەرەوەی لە زیندان، باشاك رایگەیاند، تەندروستی و دۆخی دەمیرتاش باشە و سڵاوی بۆ هەموو لایەك هەیە.
باشاك دەمیرتاش، كە ماوەی دوو كاژێر لە زیندان ماوەتەوە، گوتیشی "دەمیرتاش رایگەیاندووە، ئەو ناحەقییە بە هیچ شێوەیەك بەردەوام نابێت".
رۆژی 4-11-2016 سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی هەدەپە دەستگیركران و دواتریش بڕیاری زیندانیكردنیان درا.
23/11/2016
بهتۆمهتی "ئهنجامدانی هێرشی بۆمبی و چهكداری بۆ سهر كاروانێكی سهربازی سوپای توركیا" له شهقامی مهڕاسیم-ی ئهنقهره، حكومهتی توركیا فهرمانی دهستگیركردنی بۆ ساڵح موسلیم و 47 سهركردهی دیكەی پهكهكه و پەدە دهركرد.
بهپێی میدیاكانی توركیا، هێرشهكه رۆژی 17ی شوباتی 2016 ئهنجامدراوە، حكومهتی توركیاش پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ی تۆمهتبار دەكات و بههۆیهوه فهرمانی دهستگیركردنی بۆ 48 سهركردهی باڵای پهكهكه و پەیەدە دهركرد.
بهپێی زانیارییهكان، لهنێو لیستی 48 كهسه داواكراوهكاندا، ههریهك له زوبێر ئایدار، رهمزی كارتاڵ، ساڵح موسلیم، جهمیل بایك، موراد قهرهیڵان و فههمان حوسێن ههن.
23/11/2016
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهۆی کوژرانی مامۆستایەکی ئایینی لە هەولێر، کە کادرێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی كوردستانیش بووە، پەیوەندی بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کرد و، رایگەیاند "تیرۆرکردنی مەلا وشیار دژی خودی من ئەنجامدراوە".
رۆژی چوارشەممە 23-11-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد، "بە تووندی ئیدانەی تیرۆركردنی دكتۆر وشیار ئیسماعیل مامۆستای ئایینی و كەسایەتیی نیشتیمانپەروەری شاری هەولێر كرد".
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جگە لە دەربڕینی هاوسۆزی خۆی و سەرەخۆشیکردن لە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، خانەوادە و کەسوکاری مەلا وشیار، بارزانی رایگەیاندووە "شەهیدکردنی مامۆستا وشیار شەهیدكردنی دەنگی میانڕەوی و پێكەوەژیانە. ئەو كردەوە نامرۆڤانەیە دژی هەموولایەك و بەتایبەتی دژی خودی من ئەنجام دراوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی لەوە ئاگادار كردووتەوە، كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە "بۆ ئەوەی بەزووترین كات هۆكار و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە و رادەستی یاسای بكەن".
دكتۆر وشیار ئیسماعیل، مامۆستایەكی ئایینی و بانگخوازێكی ناسراوی شاری هەولێر بوو، بەگوتەی براکەی کێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هیچ کەسدا نەبووە، شەوی سێشەممە 22-11-2016 لە بەر دەرگای ماڵەکەی خۆی بە دوو گوللە پێکرا، پاشان لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
23/11/2016
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران رەخنە لە سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەگرێت، کە بەگوتەی خۆی لەبەرامبەر تۆمەتبارکردنی ئەو بە گەندەڵی، هەڵوێستیان نەگرتووە.
سادق لاریجانی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دەڵێت، پەرلەمانتارێکی لایەنگری حەسەن روحانی ئەو تۆمەتەی بۆ هەڵبەستووە، بەڵام سەرۆککۆمار هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.
لاریجانی دەشڵێت، بڕیاریداوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی رێگریکردن لە کۆبوونەوەی عەلی موتەهەری، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە شاری مەشهەد بکرێت.
هاوکات پارێزگاری خۆراسانی رەزەوی رایگەیاند، ئەو بڕیارە لەسەر پێشنیازی بەشی هەواڵگری سوپای پاسداران دراوە.
عەلیڕەزا رەشیدیان دەڵێت، داواکاری گشتی مەشهەد پاش راگۆڕینەوە لەگەڵ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بۆ پێشگرتن لە ئەگەری روودانی کاری نایاسایی بڕیاری هەڵوەشانەوەی رێوڕەسمی قسەکردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی دەرکردووە.
دەشڵێت، بڕیاری بەرپرسێکی دادوەری بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دیکەی پارێزگاکە کردەوەیەکی نەشیاو و خراپە.
رۆژی یەکشەممەى رابردوو بە بڕیاری داواکاری گشتی شاری مەشهەد رێگە لە قسەکردنی عەلی موتەهەری گیرا. داواکاری گشتی مەشهەد رایگەیاندووە، ئەوان چەند راپۆرتیان سەبارەت بە روودانی کردەوەی نایاسایی پێگەیشتووە بۆیە رێگریان لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە گرتووە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان و زۆربەی پەرلەمانتاران دژی ئەو رێگرییە هەڵوێستیان گرتووە.
24/11/2016