وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، داواکارییەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەکارهێنانی دراوی تورکیا و ئێران لە بازرگانییەکانی نێوانیان لەبری دراوی بیانی داواکارییەکی بەجێیە و بە ئەرێنی تەماشای دەکەن، "بەو مەرجەی ئەردۆغان مەبەستی لە بەکارهێنانی دراوی خۆیان بێت بەشێوەیەکی ماوەدرێژ نەک بۆ ماوەیەکی کاتی".
رۆژی یەكشەممە 5-12-2016 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ رووسیا، چین و ئێران سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەن پارەی خۆیان بەکاربهێنن لە بازرگانییەکانی نێوانیاندا.
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی داواکارییەکەی ئەردۆغانەوە رایگەیاند، ئەگەر داواکارییەکەی تورکیا بەرنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی ماوەدرێژ بێت، نەک ماوە کورت، ئەوا ئەرێنییە.
قاسمی گوتیشی "ئەگەر بتوانین بۆچوونەکە بەرجەستە بکەین، ئەوا زۆر ئەرێنییە. ئەگەر تورکیا لەم بابەتەدا جددی بێت، ئەوا دەتوانین کاری هاوبەشی لەسەر بکەین".
6/12/2016
دوو مامۆستای دانیشتووی هەرێمی كوردستان ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ زێدی خۆیان جێهێشت و بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوتن، بەڵام دەڵێن تاوەكو گەیشتنە شوێنی مەبەست، چەندین جار لە مەرگ نزیك بوونەتەوە، هەمووشی بەهۆی قاچاخچییەكانەوە بووە، بە تایبەتی قاچاخچییە كوردەكانی یۆنان.
مەنگوڕ رەسوڵ و گیابەند ئیبراهیم كە ژن و مێردن، هەردووكیان مامۆستا بوون لە كوردستان، ئەو مووچەیەی لە كوردستان وەریاندەگرت، بەشی بژێویی ئەوانی نەدەكرد، بۆیە بڕیار دەدەن كۆچ بكەن.
ئەوان دەیانزانی لە رێگەی كۆچ رووبەڕووی زەحمەتیی زۆر دەبنەوە، بە تایبەتی كە منداڵەكانیان بچووكن، بەڵام دەڵێن نەیاندەتوانی چاوەڕێی چارەسەربوونی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان بكەن.
مەنگوڕ رەسوڵ، كە خەڵكی ناحیەی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕینە، بە (رووداو)ی گوت "ئێمە رۆژی 15/8/2016 رێگەی كۆچمان گرتەبەر، هەرچەندە دایك و باوكم لەگەڵ ئەوەدا نەبوون كۆچ بكەین، لەبەرئەوەی منداڵەكانم بچووكن و گوتیان بەرگەی ئەو رێگەیە ناگرن، بەڵام تازە بڕیاری خۆمان دابوو، لەگەڵ هاوژینەكەم و دوو كوڕەكەم لە كوردستانەوە بەرەو توركیا بەڕێكەوتین".
مامۆستا مەنگوڕ و هاوژینەكەی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە توركیا دەمێننەوە و سەرەتای مانگی ئەیلول دەگەنە یۆنان، بەڵام لەوێ بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە. مامۆستا مەنگوڕ دەڵێت "بەهۆی درۆی قاچاخچیی كورد و بێ ویژدانییان زیاتر لە 70 رۆژ لە یۆنان ماینەوە، چونكە هەر رۆژە و قسەیەك و هەر رۆژە و بەڵێن و پەیمانێكیان پێدەداین، بەڵام هیچی راست نەبوو".
ئەو كۆچبەرە كوردە باسی ژیانی خۆیانی لە یۆنان بۆ (رووداو) كرد و گوتی "ژیانمان لە یۆنان زۆر زەحمەت بوو، هەر جارە و لە هۆتێلێك دەماینەوە. لەوێ خواردن و خواردنەوە و مانەوە لە هۆتێل بۆئێمە زۆر گران دەوەستا، لەبەر بێ پارەیی كوردستانمان جێهێشت، كەچی لەوێ پارەیەكی زۆرمان خەرج كرد".
ئەو كۆچبەرە كوردە، زۆر داخ لەدڵ بوو بەرامبەر قاچاخچییە كوردەكانی سنووری یۆنان - مەكەدۆنیا و مەكەدۆنیا - سربیا، بەگوتەی ئەو "قاچاخچییەكان نرخ لەسەر كۆچبەرانی كورد بۆ رێگەی ئاوی و وشكانی زیاد دەكەن، ئەوە جگە لەوەی ئێمە چوار جار بە پاسپۆرتی ساختەوە دەستگیركراین و هاتینەوە یۆنان".
دەشڵێت "ئێمە زۆر هەوڵمان دا لەو ناخۆشییە دەربازمان بێت، دوای گۆڕینی چەند قاچاخچییەك ئینجا بڕیارمان دا رێگەی ئاوی بگرینەبەر و لە دوورگەكانی یۆنانەوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێكەوتین".
مامۆستا مەنگوڕ و خێزانەكەی رۆژی 15/11/2016 لەگەڵ 33 كۆچبەری كوردی باشووری كوردستان كە زۆربەیان خێزاندار بوون و منداڵیان لەگەڵ بووە، لەڕێگەی ئاوییەوە لە یۆنانەوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێدەكەون.
مامۆستا مەنگوڕ دەڵێت "33 كەسیان ئاخنییە نێو یەختێكی بچووك و بەرەو ئیتاڵیا بەڕێكەوتین، سێ شەو و دوو رۆژ لە نێو ئاودا ماینەوە. شەوی یەكەم ئاسایی بوو، بەڵام دواتر چەند جارێك بەهۆی جوڵەی بەلەمەكە و شەپۆلەكانەوە تەواوی كۆچبەرەكان رشانەوە، هەتا گەیشتینە سنووری ئیتاڵیا هەر رشاینەوە".
بەپێی زانیاریی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق، لە ماوەی ساڵێك و شەش مانگدا 142 كۆچبەری خەڵكی باشووری كوردستان لە رێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا خنكاون یان لە رێگادا مردوون و 54 كەسیش بێ سەروشوێنن.
هیچ هۆكارێك نەبووە قەناعەت بە مامۆستا گیابەند بهێنێ لە كوردستان بمێنێتەوە، بۆیە كاتێك مێردەكەی پێشنیاز دەكات كۆچ بكەن، بەبێ دوودڵی رازی دەبێت.
مامۆستا گیابەند لە رێگادا تەنیا نیگەرانی منداڵەكانی بووە. ئەو دەڵێت "لەبەر منداڵەكان زۆر دەترسام، هەمیشە خەمی ئەوەم بوو كە ئایا بە سەلامەتی دەگەنە جێ یان نا".
ئەو ژن و مێردە دوای دەردەسەری و ناخۆشییەكی زۆری رێگا، رۆژی 25/11/2016 گەیشتوونەتە فەرەنسا و لە كەمپی دانكیخ نیشتەجێ بوون. ئەوان بڕیاریان داوە خۆیان تەسلیمی حكومەتی فەرەنسا بكەن.
مامۆستا مەنگوڕ و گیابەند مۆڵەتی بێ مووچەیان بۆ ماوەی ساڵێك وەرگرتووە، چونكە ترسیان هەبوو نەگەنە فەرەنسا، یان سنوورداش بكرێنەوە.
300 مامۆستا مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە
شۆڕش غەفووری، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لەبارەی ئەو مامۆستایانەی كە مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئەوانەی كە كوردستانیان جێهێشتووە بە (رووداو)ی گوت " لەماوەی 11 مانگی رابردوودا، نزیكەی 900 مامۆستا مۆڵەتی گشتییان وەرگرتووە، واتە ئەو مامۆستایانەی كە بەهۆی نەخۆشی و خوێندن و مۆڵەتی دایكایەتییەوە مۆڵەتی بە مووچەیان پێدراوە".
لە بارەی ئەو مامۆستایانەشی كە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی "كەمتر لە 300 مامۆستا لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە".
6/12/2016
ئهمڕۆ دووشهممه ئەقلیما مستەفا بارزانی، خوشکی گەورەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی (باسنیوز) دەستی کەوتوون کۆچکردوو ماوەی زیاتر لە مانگێک بوو لە نەخۆشخانەی ژین لە ھەولێر خەوێندرا بوو چارەسەری پێ دەدرا.
ئەقلیما بارزانی تەمەنی زیاتر لە 80 ساڵ بوو بە دەست نەخۆشی فشاری خوێن و شەکرە و ھەناسەتەنگی دەیناڵاند سەرئەنجام ئهمڕۆ دووشهممه(5-12-2016) لە پیرمام کۆچێی دوایی کرد.
5/12/2016
دەستەی کارگێری سایتی بزووتنەوەی کۆماریخوازان، بە بۆنەی کۆچی دوایی خوشکی گەورەی سەرۆکی هەرێم بەرێز کاک مەسعود بارزانی، سەرەخۆشی لە بەرێزیان و گشت بنەمالەی رێزداری بارزانی دەکات
دوو له فهرماندهكانى سوپای عێراق، له ڕووبهڕووبوونهوهكاندا لهگهڵ داعش له سنوورى پارێزگاى سهڵاحهدین، كوژران.
فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانى عێراق، ئهمڕۆ دووشهمه ڕای گهیاند :" فهرماندهى فهوجى دووى لیواى زرێپۆشى 60 عهقید ڕوكن عامر وادی محهمهد شهبلى و فهرماندهى فهوجى سێیى لیواى پیادهى 43 عهمید ڕوكن جهبار سهرحان تمێمى، له دیوى خۆرههڵاتى شارۆچكهى شهرگات له سنوورى پارێزگاى سهڵاحهدین، كوژران.
فهرماندهییهكه له ڕاگهیهندراوهكهیدا، پهمانى بهردهوامى له قوربانیدانى دا تا گهیشتن بهسهركهوتن و ڕزگاركردنى تهواوى خاكى عێراق و لهناوبردنى داعش.
ههرچهنده ئۆپهراسیۆنهكانى ڕزگاركردنى مووسڵ ماوهى نزیكهى دوو مانگه دهستی پێكردووه، بهڵام شهڕ و پێكدادان له چهند ناوچهیهكی پارێزگاى سهڵاحهدین تائێستاش بهردهوامه.
5/12/2016
ڕۆژنامهی ئەمریكایی (كریستییهن ساینس مانیتۆر) له ڕاپۆرتێكدا سهبارهت به پهسندكردنی درێژكردنهوهی گهمارۆكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ماوهی 10 ساڵی دیكه دهنووسێ، شیمانهی ئهوه دهكرێت له ساڵی 2017 دۆسیەی ئهتۆمیی ئێران بكرێتهوه.
بهپێی زانیارییەکانی ئهم ڕۆژنامهیه، پهسندكرانی درێژكردنهوهی گهمارۆكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لهلایهن کۆنگرێس و سهنای ئەمریكاوە بهكۆی دهنگ و لهلایهكی دیكهوە پێكهاتهی وهزیران و ڕاوێژكارانی دهوڵهتی ترەمپ، كرانهوهی پهروهندهی ئهتۆمیی ئێرانی بهدواوه دهبێت.
CS Monitor له بابهتەکەی خۆیدا به تێروتهسهلی باسی له هۆكارهكانی مهسهلهی ئێران له سیاسهتی شاراوهی پێشووی ئهم ڕێژیمه له بهرنامهی ئهتۆمی و لهلایهكی دیكهشەوە كردهوهكانی ئێستای بۆ دروستكردنی مووشهكهكانی بالستیك، كێشه نانهوه له ئاوهكانی كهنداو، و خراپەكارییهكانی دهكات.
ئهم ڕۆژنامهیه لهسهر ئهم بڕوایهیه كه دهوڵهتی نوێی ئەمریكا ڕێكکهوتنی ناوكیی لهگهڵ ئێران ههڵدهوهشێنێتهوه، بهڵام چاودێریی توندتر لهم ڕێكکهوتنهدا دهگونجێنێت.
له كۆتایی ئهم بابهتهدا هاتووه كه لهوانهیه كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش مل بۆ ئهم وتووێژانه ڕانهكێشێ و دهستی هاوكاریی بۆ زلهێزهكانی جیهان درێژ بكات و له ئاكامدا، ئهم ڕێكکهوتنه كۆتایی پێ بێت و به یهكجاری ههڵبوهشێتهوه.
5/12/2016
لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای نایجیریا و گرووپی بۆکۆحەرام تاوەکو ئێستا 20 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارە بوون.
سەبارەت بە رەوشی مرۆیی خەڵکەکەش نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدەدات بەوەی ئەگەر زوو یارمەتییە مرۆییەکان نەگەیێنردرێنە ئەو وڵاتە ئەوا 75 هەزار منداڵ بەهۆی برسیێتییەوە گیان لەدەستدەدەن.
تیمێکی تەندروستی گەیشتووەتە ناوچەکە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری ئەو برسێتییەی خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی و منداڵان بەشێوەیەکی تایبەتی بەدەستییەوە دەناڵێنن.
شەڕی نێوان سوپای نایجیریا و گرووپی بۆکۆحەرام ماوەی 7 ساڵە بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش بەو هۆیەوە زیاتر لە 20 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو کەسی دیکەش ئاوارە بوون.
5/12/2016
سەرۆککۆماری ئێران پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی رادەستی پەرلەمان کرد و ئەندامانی پەرلەمان 40 رۆژیان لەبەردەستە تاوەکو پڕۆژەیاساکە تاوتوێ و لە کۆتاییدا پەسەندی بکەن.
بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران بە هەزار و 84 هەزار ملیار تمەن داندراوە بە نرخی ئەمڕۆ، کە بەرامبەرە بە 285 ملیار و 510 ملیۆن دۆلار.
نرخی هەر بەرمیلی نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بە 55 دۆلار و بەهای دۆلاریش بە 3 هەزار و 300 تمەن داندراوە.
5/12/2016
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) داوا لە خەڵکی سوێد دەکات لەبەرامبەر رەوشی زەینەب جەلالیان زیندانییەکی سیاسی کورد لە ئێران، هەڵوێستیان هەبێت.
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە رێگەی چەند گرتە ڤیدیۆیەکی هونەرمەندانی سوێدی لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە خەڵکی وڵاتەکە دەکات لەرێگەی واژۆکردنی کەمپەینێک داوا لە حکومەتی ئێران بکەن زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد ئازاد بکات و چارەسەری ئەو زیندانییە بکرێت، تا ئێستاش لەرێگەی کەمپەینێکەوە 52 هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە.
زەینەب جەلالیان تەمەنی 32 ساڵە، ئێستا لە زیندانێكی كرماشانە سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنداروە. بەپێی یاسای دادوەری ئێران، جەلالیان "دژایەتی خوا"ی كردووە كاتێك بووەتە ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە.
بەپێی قسەی چالاكوانان "لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، چاوەكانی زەینەب جەلالیان بە تەواوی لەكاركەوتوون، باری فیزیكی و دەروونی ئەو ژنە ئێستا تێكچووە".
1/12/1986
بە گوتەی سەرۆکی ناوەندی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە نزیکەی 100 منداڵی تووشبوو بە نەخۆشیی ئایدز لە سەرتاسەری ئێران لەدایک دەبن.
محەمەد مەهدی گوویا، ئەمڕۆ یەکشەممە 2016 -12 -4 لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی جیهانیی ئایدز لەناو وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا بە میدیاکانی گوتووە "ژمارەی گشتیی کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی ئایدز لە ئێران، نزیکەی 33 هەزار و 270 کەسە."
لە درێژەدا گوتی "لەبارەی ژنانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئایدز، هەروەها منداڵانی تووشبوو بەو نەخۆشییە ڕایگەیاندووە "ساڵی پێشوو 180 هەزار ژنی دووگیان خراونەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە و دواتر دەرکەتووە 60 کەس لەو ژنانە تووشی ڤایرۆسی ئایدز بوون."
ئاماژەی بەوەش کردووە "ڕێژەی تووشبوان بە نەخۆشیی ئایدز ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە و زۆرترینی ئەو کەسانەی کە تووشی ئایدز دەبن تەمەنیان لە نیوان 25 هەتا 34 ساڵی، هەروەها گرووپی تەمەندیی 35 هەتا 44 ساڵی دان."
بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە لە کاتێک دایە کە پسپۆڕان و دکتۆرەکانی بواری نەخۆشییە درمییەکان لە ئیران ئاماری ڕاستەقینەی تووشبوان بە ئایدز (HIV) لە ئێران لە نێوان 100 هەتا 120 هەزار کەسە، چونکە ناوەندەکانی ئاماری ئێران بە بڕیاری حکوومەت هیچکات لەبارەی خەسار و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان ئاماری ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی ئێران بڵاو ناکەنەوە.
4/12/2016
رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند داوای لە وڵاتانی رووسیا و ئێران و چین کردووە، لەوە بەدواوە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان بە دراوی ئەو وڵاتانە ئەنجام بدەن.
ئەردوغان لە میانەی وتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆڵێک لە ئێستەنبۆل رایگەیاند، داوای لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کردووە کارە بازرگانییەکانی نێوانیان بە روبل و لیرە ئەنجام بدەن. چونکە ئەو کارە لە قازانجی هەر دوولایەندایە.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند وەها داواکارییەکیشی لە سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی چین کردووە. ئەردوغان رایگەیاند بۆ ئەو مەبەستە رێنمایی پێویستی دەرکردووە و بانکی ناوەندی راسپاردووە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن.
بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی ناوخۆی تورکیا و بەرزبوونەوەی بەهای جیهانی دۆلار، بەهای لیرە بەرابەر بە دۆلار لە هەفتەی رابردووە تا ئێستا بەرێژەی سەدا 14 دابەزیوە.
ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی بە دراوی ناوخۆیی لە نێوان وڵاتانی رووسیا و ئێران و چین خواست بۆ دراوی لیرە بەرزدەکاتەوەو دەتوانێت بەهاکەی بەرزبکاتەوە.
4/12/2016
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، گەلی كوردستان وەك مافێكی رەوای خۆی سەیری سەربەخۆیی دەكات و پێویستە لەسەر پرسی سەربەخۆیی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بكرێت". دەشڵێت "دوای نەمانی داعش پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتی حكومڕانی و داهاتووی عێراق بەگشتی بكرێت".
رۆژی یەكشەممە 4-12-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پاتریك كرم، جێگری سەرۆكی هەرێمی "ئێل دوو فرانسی" فەرەنسی و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوی حكومەت، لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و پێشكەوتنەكان و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیووە.
شاندە فەرەنسییەكە ئاماژەیان بەوەكردووە، بەرگریی پێشمەرگە لە هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی بەتایبەتی لە كریستیان و كوردانی ئێزدی، جێگەی شانازیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
شاندەكەی هەرێمی "ئێل دوو فرانسی" فەرەنسی باسیان لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، پرۆژەی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی دوای ئازادكرنەوەی موسڵ و شێوەی پەیوەندییەكانی داهاتووی هەولێر لەگەڵ بەغدا، كردووە. هەروەها ئایندەی ئەو پێكهاتانەی لە ناوچەكە دەژین، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان، دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بووە.
نێچڤیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكومەتی فەرەنسا و هاوپەیمانانی كرد بۆ هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەشدا، خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەر داعش توانیان بەرگری لە كوردستان و هەموو پێكهاتەكان و جیهانی ئازاد و بنەماكانی مرۆڤایەتی بكەن.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردووەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی ئەوەیە پێكهاتە جیاوازەكان، كە رەگ و ریشەیەكی مێژووییان لەو وڵاتە هەیە، وڵاتی خۆیان جێبهێڵن، بەڵكو دەبێت بەردەوام بن لەسەر پێكەوەژیانی برایانەـ كە كوردستان شانازییەكی گەورەی پێوە دەكات و، لەوبارەیەشەوە داوای لە شاندی فەرەنسی كرد هاوكار بن.
لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ شاندە فەرەنسییەكە، نێچیرڤان بارزانی باسی لە پرسی سەربەخۆیی كردووە و ئاماژەی بەوەكردووە، گەلی كوردستان وەك مافێكی رەوای خۆی سەیری سەربەخۆیی دەكات. لەوبارەیەشەوە دووپاتیكردەوە، پێویستە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا دیالۆگ بكرێت.
سەبارەت بە ئاییندەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە "چەند ساڵی رابردوو ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان شەڕی دژی داعش بووە، بەڵام دوای نەمانی داعش پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتی حكومڕانی و داهاتووی عێراق بەگشتی بكرێت بۆئەوەی هەموو پێكهاتەكان بتوانن لەم چوارچێوەیەدا بژین".
هەر سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكان، نێچیرڤان بارزانی چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و كێشە ناوخۆییەكانی بە گفتوگۆ و دیالۆگ دووپاتكردەوە، لەو بارەیەوە رۆڵی ئەرێنیی فەرەنسای لە پشتگیریی یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان بەبیرهێنایەوە.
4/12/2016
ئهركانى گشتى هێزه چهكدارهكانى ئێران رايگهياند، به تهواوهتى كۆنترۆڵى گهرووى هورمز و كهنداويان كردووه.
بهرپرسى بهدواداچوونى شوێنبزرهكان له ئهركانى گشتيى هێزه چهكدارهكانى ئێران عهميد باقر زاده گوتى: گهرووى هورمز و كهنداو ناوچهيهكى ستراتيژين و ئێران به سانايى توانيويهتى ههژموونى سهربازى خۆى به تهواوهتى بهسهرياندا بچهسپێنێت.
ههروهها گوتى: پێويسته كۆنترۆڵ و دهسهڵاتى ئێران به شێوهيهكى بهردهوام بهسهر ئهو ناوچانهدا بمێنێتهوه و پێداويستييهكانى ئهو مانهوهيهش دابين بكرێن. وهك ئهوهى ئاژانسى ههواڵدهرى فارس بڵاويكردووهتهوه.
شهش وڵاتى ئهندامى ئهنجوومهنى هاريكارى كهنداو، به شێوهيهكى بهردهوام دژايهتى خۆيان بۆ ههژموونى ئێران بهسهر ئاوى كهنداو و رێڕهوى كهشتيگهلى بازرگانى جيهانيدا دهربڕيوه.
3/12/2016
ژوورێك لە واشنتن جێگەی كەسی تێدانابێتەوە. ژنێك ، كە رۆژانێك رۆڵی لە كوژاندنەوەی ئاگری شەڕی ناوخۆی كوردستاندا گێرا، راپۆرتێكی گرنگ دەخاتەڕوو، كە كورد ئەمجارە رەنگە زۆر بە دڵنیان نەبێت.
مادڵین ئۆڵبرایت، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ "ئەمریكا ناتوانێ دەستبەرداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببێت".
ئەوە مادڵین ئۆلبرایتە، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا. لای زۆر كورد بەو دیپلۆماتكارە ناسراوە كە رۆڵی لە ئاشتكردەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەبوو دوای شەڕی ناوخۆی نەوەتەكانی نێوان هەردوو حیزب .
مادلین ئۆلبرایت ، راپۆرتەكەی لەگەڵ ستیڤن هادڵیی نووسیوە، كە ئەویش كاتی خۆی یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی پێشوو جۆرج دەبلیو بۆش بۆ ئاسایشی نیشتیمانی.
راپۆرتەكە، كە چوارشەممە 30-11-2016 بڵاوكرایەوە، داوای مامەڵەیەكی جیاوازی واشنتن لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا دەكات. بەڵام كە دێتە سەر كورد، داوا دەكات سیاسەتی واشنتن وەك خۆی بمێنێتەوە: دژایەتیكردنی كوردستانی سەربەخۆ لە عێراق.
راپۆرتەكە دەكرێت لە كۆنگرێس بەهەند وەربگیرێت چونكە كارێكی هاوبەشی دوو نووسەری سەر بەهەردوو پارتی دیموكرات و كۆمارییەكانە . ئەمەش وا دەكات زیاتر بێلایەن دەربكەوێت.
ستیڤن هادڵی، یاریدەدەری پێشووی سەرۆك جۆرج دەبلیو بووش گوتی "ئەو بۆچوونەی مادلین و من لێرەدا خستوومانەتەڕوو ناكۆك نییە لەگەڵ ئەوەی كە سەرۆكی هەڵبژێردراو ترەمپ لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گووتوویەتی".
لە راپۆرتەكەدا نوسیوویانە: "سەربەخۆیی كوردستانی عێراق، لە بارودۆخی ئێستادا، چاوەڕواندەكرێت زیاتر لە چارەسەر، گرفت دروستبكات. سنووری هەرێمی كوردستانی عێراق ناكۆكی لەسەرە بەتایبەت لەناوخۆ و دەوروبەری كەركووك".
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا نیگەرانی وڵاتانی دراوسێ بە هۆكارێك دادەنرێت. بەڵام لەنێو ئامادەبووانی ئەو پانێلەدا كە ئەو قسانەی تێداكرا، پاڵپشتیكەرانی بیرۆكەی دابەشبوون و نامەركەزیەت بۆ عێراق و سوریا هەبوون.
مایكڵ نایت، پسپۆڕی كاروباری كوردستان و عێراق له پهیمانگای بروكینگز، به رووداوی راگهیاند "ئهو رۆژانهی كه حاكمێكی رهها به شێوهیهكی نادیموكراتیانه له دیمهشق و بهغداوه حوكمڕانیان دهكرد بهسهرچوون. پێموانییه هیچ چارهسهرێكی ئاشتیانه له داهاتوودا بریتی دهبێت له كۆنترۆڵكردنێكی مهركهزی لهم شێوهیه".
راپۆرتەكە دەكرێت وەك راپۆرتێكی بێلایەن لەناو ئەمریكادا سەیربكرێت، بەڵام سەرئەنجام نووسەركانی بەشێكن لە دامەزراوەی كۆنی سیاسی، كە ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا زۆرترین دژایەتیكردن و تێكیشكاندنی رووبەڕوو كردنەوە. بەڵام تاوەكو چەند ئێستا گوێیان بۆ دەگیرێت ، تەنیا كات وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.
3/12/2016
بازاڕی مەهاباد لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ بێ بازاڕی و داتەپینی ئابووری بەرەوڕووبووە. ئەم بازاڕانە سەرەڕای ئەو کێشە و گرفتانەی بەهۆی خراپیی رەوشی ئابوورییەوە لەگەڵ بەرەوڕووبوون، گوشاری دیکەشیان لەسەر بووە.
بەگوتەی مەحموود زادە، نوێرەی مەهاباد رەوشی خراپی ئابووری، پەیوەندیی راستەوخۆی بە کەمبوونەوەی داهاتەوە هەیە و پێ بەپێی دابەزینی داهاتیش دەبێت رێژەی باج و ماڵیات کەمبکرێتەوە، بەڵام لە هەندێک پیشەدا، وەک زێڕینگەرەکان و ئاسن فرۆشەکان، رێژەی باج چەندین قات زیاتر بووە.
بەپێی ئەو شتەی مەحموود زادە باسیکردووە، پارێزگای ورمێ لە نێو 31 پارێزگای ئێراندا دووەم پارێزگا بۆ وەرگرتنی زیاترین رێژەی باجە.
ئەم کێشەیە بووە هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی باجی ئێران سەردانی شاری مەهاباد بکەن، جێگری باجە راستەوخۆکان رێکخراوی باجی ئێران گوتی، ئەمساڵ باجەکان هەر وەک ساڵی رابردوویە و بە هیچ شێوەیەک بەرز نەکراوەتەوە.
قایمقامی مەهابادیش داوایکرد کۆسپەکانی سەرڕێی بەرهەمهێنان چارەسەر بکرێ، هەوڵ بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکان بدرێت.
2/12/2016
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە جێگیرکردن و خەرجکردنی مووچەی 100 هەزار پێشمەرگە لە بودجەی عێراق، بۆ ئەوەی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە جێگیر بکرێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "ئەو پرۆژەیە کۆدەنگی کوردی لەسەرە، جیا لەوە ئێمە هیچ پرۆژەیەکی دیکە بۆ پێشمەرگە قبووڵ ناکەین".
شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێ "پرۆژەیەکمان هەبوو بەشە بودجەی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری دابنرێت، ئەو پرۆژەیەمان پێشکەش کرد، دواجار ئەوان گوتیان نابێت بەشە بودجەی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری بێت، بەو پێیەی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری".
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا گوتی"بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ (شەممە، 4-12-2016) پرۆژەیەکمان نووسییەوە، من خۆم لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە قسەم کردووە، وەزارەتی پێشمەرگەش لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی ئەو پرۆژەیەی ئێمە رازیبوون، لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری بەشە بودجەی پێشمەرگە خەرجبکرێت، بەڵام 100 هەزارمان دیاریکردووە و نووسیومانە بەشێوەی مانگانە پێیان بدرێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا، دەپرسێت "بۆچی یەک ملیۆن کەس لە چوارچێوەی دیاریکردنی بەشە بودجەی سیادی پارەی بۆ دادەنرێت، بۆ پێشمەرگە بۆی دانەنرێت؟"
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان لەگەڵ تەواوی ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی قسەیان کردووە و، گوتی "ئەو پرۆژەیەی من دوێنێ رادەستم کرد و ئەمڕۆ هەموو لایەک لەسەری رێککەوتووین و، وەزارەتی پێشمەرگەش لەسەری رێککەوتووە، کۆدەنگی کوردی لەسەرە، جیا لەوە ئێمە هیچ پرۆژەیەکی دیکە بۆ پێشمەرگە قبووڵ ناکەین".
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەدات، هەموو ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەو بابەتە بۆ کورد جێگیر نەکرێت ئەوان لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە.
4/12/2016