نهێنییەکی مەترسیداری سەرۆکی کۆریای باکوور ئاشکرا دەبێت و راوێژکارێکیشی لێدوان دەدات.
کواک سیونگ، راوێژکاری کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە چین رایگەیاندووە، دوای جیابوونەوەی جێگری باڵیۆزی کۆریای باکوور لە لەندەن لە هاوینی 2016، کیم جۆنگ ئون باڵیۆزەکانی وڵاتەکەی لە جیهان بۆ کۆبوونەوە بانگهێشت کردووە.
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی پێشووی کیم جۆنگ ئون، کە ماوەی 40 ساڵ خزمەتی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کردووە و ئێستا وەک پەنابەر رووی لە چین کردووە، سەرۆکی کۆریای باکوور هەڕەشەی لە باڵیۆزەکان کردووە، کە گوللەیەک بە دەمانچەکەی خۆی لەسەری هەموو باڵیۆزەکان دەدات.
کواک سیونگ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرۆکی کۆریای باکوور تووشی نەخۆشیی "شێتیی گەورە" بووە و بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لەگەڵ ئەوانە دەجووڵێتەوە، کە لە فەرمانەکانی دەردەچن.
16/12/2016
سهرۆكى ههرێمى كوردستان، به بۆنهى جهژنى ڕۆژووى ئێزدیدیانهوه، پهیامێكى پیرۆزبایی ئاڕاستهى ئێزدییهكان دهكات و هێوا دهخوازێت جهژنهكهیان بە دڵنیایی و كامەرانی بەڕێبكەن.
مهسعود بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له پهیامێكدا پیرۆزبایی خۆى ئاڕاستهى ئێزیدیان دهكات.
وهك له ماڵپهرى سهرۆكایهتى ههرێمى كوردستان هاتووه، لهو پهیامهدا :" بەبۆنەی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدیان، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی گەرم لە خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و سەرانسەری جیهان دەكات".
ههر له پهیامهكهدا هیوای ئارامی و خۆشییان بۆ دەخوازێت و هەروەها ئومێدی ئەوە دەخوازێت جەژنەكەیان بە دڵنیایی و كامەرانی بەڕێبكەن.
16/12/2016
رووسیا ژمارەی هاووڵاتی و چەکدارە هەڵاتووەەکان لە شاری حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئاشکرا دەکات.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، کە لە ماوەی 24 کاتژێری رابردوودا، شەش هەزار کەس شار حەلەبیان بەجێ هێشتووە، کە سێ هەزاریان چەکدارانی سەر بە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوون.
چوونە دەرەوەی ئەو هاووڵاتیی و چەکدارانەی ئۆپۆزیسیۆن دوای ئاگربەست هات، کە رووسیا چاودێریی دەکات و بۆ دانانی سنوورێکە بۆ مەرگەساتەکانی هاووڵاتییان لەو شارەدا.
ئەو چەکدارانەی ئۆپۆزیسیۆن لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە دەستیان بەسەر بەشێکی حەلەبدا گرتبوو و لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای رژێمی سووریا بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنانی و ئێرانی ئەفغانییەکان، هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانە.
بەشێک لە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسین دەگوازرێنەوە شاری ئیدلیب و ستافان دیمستورا، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ سووریا هۆشداریی دەدات لەوەی، لە شاری ئیدلیبیش کارەساتی مرۆیی وەک حەلەب روودەدات.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
16/12/2016
بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەوە بەوە دەکات "من زیاتر لە 50 ساڵە چاوەڕێی ئەم قسانە دەکەم تاوەکوو لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە بیکەم."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2016 -12- 15 لە شاری دهۆک بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و لەمیانی وتارێکدا لە کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان.. دەرفەت و ئاستەنگ)، گوتی " ئێستا ساتی ئەوەیە کە گوێ لە ویستی گەلی کورد بگرن."
لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی خ"ۆشەویستیم بۆ هەموو کورد هەیە، سوپاس خەلیلزاد کە قسەی باشت کرد. من زیاتر لە ٥٠ ساڵە چاوەڕێی ئەم قسانە دەکەم تاوەکوو لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان بیکەم."
ڕاشیگەیاند "کاتێک پشتگیری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەکی وەکوو کورد دەکەی، پێویستە یاسای نێودەوڵەتی دەستکاری بکەی، یان پرسیار لە ڕای گەل بکرێت، بزاندرێت کە ئایا چارەنووسیان چۆن دەبێت؟.
لە سەرانسەری جیهاندا گەشتم کردووە و چوومەتە زۆر شوێن. لە بیرمە یەکەم گفتوگۆم لەگەڵ مستەفا بارزانی، ئەو کاتە گەنج بووم، خۆبەخش و چالاکوان بووم، یەکەم کارم بوو لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، زۆر سەرسام بووم بەو پیاوە مەزنە، ئازا و چاونەترس بوو. یەکەم گفتوگۆشم بوو لەبارەی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی کوردستان، لە ساڵی 1975 بوو. "
ئەوکاتە لەبیرمە هەموو ئەو هەنگاوانەی دەربارەی ئەو ڕێگە زەحمەتە، لەگەڵیشیدا ناکۆکییە ناوخۆییەکان، تکایە لەبیری نەکەن. ئەو کاتەش شەڕی یەکترتان دەکرد، لەبیرتان نەچێت، ئەوە بۆ داهاتووش.
بۆیە ئێستا دەمەوێت باسی یاسای نێودەوڵەتی بکەم، سنووری زۆر هەیە لەو یاسایەدا، سنوورەکان ناتواندرێت بگۆڕدرێت، هەمووی بە وردی دیاری کراوە، کاتێک ئەو سنوورانە دەگۆڕیت، زۆر زەحمەتە لەلایەنی دیکەوە، لایەکی دیکەت لێ هەڵدەستێتەوە. شایەتحاڵی زۆر ئەو سنوورلادەرانە بووم، لە ئەفریقیا زۆر قسە هەبوون کە نابێت سنوورەکانی کۆڵۆنیاڵ بگۆڕدرێت، بەڵام لە ئەسیوبیا و سووودان کرا، ئەوکاتە قەدەغەبوو بیر لە گۆڕینی سنوورەکان بکرێتەوە، ئەوە تاکە ڕێگە بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوشتارییەکان بۆ گوێگرتن لە خەڵک. "
بۆیە باشترین ڕێگە تا ویستی خەڵک جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەی ببینە وڵات، دەبێت لە ڕیگەی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. ڕەنگە ئەمە تاکە ڕێگە نەبێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو. دەکرێت تۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بپرسیت و دەبێت ئامادەبیت، ڕێگەکەش زەحمەتە.
لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە ئەو ساتەیە، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو سنوورانەی دیاریکراون، لەلایەن داگیرکەرانەوە کراون. من خۆم وەک وەزیرێکی دەوڵەتی فەڕەنسا نەخشە ئەسڵییەکەم هەبوو کە کاتی خۆی سایکس بیکۆ دیارییان کرد. ئێستا دەزانین خەڵکی ئەو ناوچەیە لەو هێڵانە ناگەن، لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی سووریا.
ئێستا خەڵکەکە ئامادەیە گوێ لە ویستی گەل بگرێت. بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵک کە دەنگی گەلی کوردە، ئەوان ئامادەن.
کاتێک باسی پرسی کورد دەکەی، خەڵک هەمووی گوێ دەگرێت. ئێستا ساتی ئەوەیە کە گوێ لە ویستی گەلی کورد بگرن، ئێوە خەبات دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی باڵانسی ڕەگەزی و مافەکانتان، لەپێناو ئازادیی ئایینی، لەپێناو جیاکردنەوەی ئایین و حوکمڕانی، ئەمانە ئەو بەها گرنگانەن کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پێویستە.
بۆیە پێموایە ئەمانە هەمووی لە ئەورووپاش هەموو چاوەڕێن لە کوردستان شتێکی گەورە ڕوو بدات. شتێک کە پەیوەندی بە دیموکراسیی ئەورووپا و ئەمریکاوە هەیە.
هیچ ساتێکی گونجاو و خراپیش نییە، تەنیا یەک سات هەیە کە ڕاستییەکە بە هەموو جیهان بدرکێنی. ئەمە ئەو ساتەیە کە ویستی گەلی کورد ڕابگەیەندرێت لەم ناوچە دژوارەدا.
کاتێک داگیرکەران ئەم سنوورانەیان دیاریی کرد کە پێی دەگوترێت سنوور، وایانزانی سەرەتای دیموکراسییە، بەڵام ئێستا ئەو ساتەیە کە پێویستە ئەو سنوورانە لابدرێت و بەسەریدا باز بدرێت. لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو هەزاران کەسەی بینیومن، پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
دەتوانن پشت بە زۆر خۆبەخش ببەستن کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەکەن.
لە درێژەدا گوتیشی "ئێمە باس لە کوردستانی عێراق دەکەین، وەک نموونەیەک بۆ داهاتوو. ئێوە بە تەنیا نین، کوردانی سووریا، ئێران و شوێنی دیکە هەن، من نامەوێت باس لەوان بکەم، چونکە زۆر ئاڵۆزە، کە باسی ئەوە دەکەیت، زۆر پسپۆڕ دێن دەنگ بەرز دەکەنەوە و دەڵێن نابێت ئەو سنوورانە ببەزێندرێت. بۆیە ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەو سنوورانە تێک بدەیت، دونیا تێکدەدرێت. بەڵام ئێستا ناوچەکە تێکچووە، دەکرێت ئەو نموونەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەکار بهێنیت. "
کوردستان ئێستا پارچەیەکی سەقامگیرە لە ناوچەکە و یەکێک لەوانەی پشتیوانیی سەربەخۆیی دەکات، منم.
15/12/2016
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بەبێ سەربەخۆیی، کورد دەبێتە قوربانیی بەریەککەوتنە ھەرێمییەکان.
لە میانی وتارەکەیدا کە لە کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان - بەربەست و دەرفەت) کە لە زانکۆی ئەمریکی -دھۆک بەڕێوە دەچێت، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کە ھاوکات سەرۆکی بۆردی زانکۆکەیە، ئاماژەی بەوە کرد: ”جێی شانازییە ئەم جۆرە کۆنفرانسە لەم ھۆڵەدا دەبەسترێت کە وەک ڕێزگرتنێک بۆ باپیری خۆشەویستمان دامەزراوە“.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە وەک نەتەوەیەک، ”دەمانەوێت سەربەخۆییمان ھەبێت و بەبێ ئەوە داھاتوومان ڕوون نابێت، ئەگینا دەبینە قوربانیی بەریەککەوتنە ھەرێمییەکان“. جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی کورد بە درێژایی مێژوو، خیانەتی لێ کراوە و ھەر کەسێک لە کوردستان، خاوەنی چیرۆکێکە کە بەھۆی ژێردەستەییەوە بەسەریدا ھاتووە.
مەسرور بارزانی ئاماژەشی بەوە کرد: ”پێویستە لە عێراقدا ڕێگەی سەربەخۆیی کوردستان وەک چارەسەر تەماشا بکرێت، لە سەدەی ڕابردوودا لە عێراق متمانە لەدەست دراوە و کورد وەک ھاووڵاتیی یەکسان تەماشا نەکراوە، متمانە لەنێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە عێراق نەماوە“.
بەپێویستیشی زانی کە دایەلۆگی ڕاستەقینە لەنێوان سەرکردەکانی کوردستان و سەرکردە واقیعبینە عێراقییەکاندا بەردەوام بێت کە ھەندێک لەوانە تێڕوانینیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕوونە و ھەندێکیش ھێشتا تێڕوانینیان ناڕوونە.
کۆنفرانسەکە لە پێنج پانێڵی جیاواز لەماوەی دوو ڕۆژدا پێکدێت کە لە میانەیاندا تیشک دەخرێتە سەر یاساکانی نێودەوڵەتی، مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد، ڕەھەندەکانی ئاشتی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پاش سەربەخۆیی، ھاوبەشیی ستراتیژیی نێوان ڕۆژئاوا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئایندەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کێشە ناوخۆییەکانی کوردی و سەربەخۆیی.
15/12/2016
نزیكەی دوو مانگە دیپۆرت كراوەتەوە. ئێستا لە شارۆچكەی دارەتووی نزیك شاری هەولێر نیشتەجێیە و خەریكە تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبێت "هێندەی سوێدییەك زمانەكە دەزانم، كاریشم دەكرد و باجێكی زۆرم دەدا، كەچی گەڕاندیانمەوە". ئەمە قسەی هێدی قادر، تەمەن 31 ساڵانە كە دوای پێنج ساڵ چاوەڕوانی لە سوێد، دواجار دیپۆرت كرایەوە.
بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 74 كەس لە سوێد دیپۆرتی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە. دۆسیەی 53 كەسیش ئامادەكراوە بۆ دیپۆرتكردنەوەیان.
لە گێڕانەوەی چیرۆكی دیپۆرتكردنەوەكەیدا بۆ (رووداو)، هێدی قادر وای نیشاندا كە بە زۆر دەستگیركراوە و بە دەست و چاو بەستراوی دیپۆرت كراوەتەوە. هێدی زۆر نیگەرانە لەوەی لە كوردستان وەریانگرتووەتەوە :"ئەفغانییەكان شەڕیان كرد لەسەر ئەوەی دەریاننەكەن، كەچی من وەك دیلێك وەرگیرامەوە لە وڵاتەكەی خۆم".
ئەو مەبەستی لەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەفغانستان بوو كە هەفتەی رابردوو بە زۆرینەی دەنگ بە سوێدیان راگەیاند "كۆچبەرانمان وەرناگرینەوە".
ئێستا هانس ئەندرشۆنی رۆژنامەنووس لە سوێدەوە خەریكی جوڵاندنی دۆسیەی هێدی و چەند كەسێكی وەك ئەوە. هانس گوتی "لەگەڵ چەند چالاكڤان و پارێزەرێكی هاوڕێم، خەریكی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناردنەوەی كەسانی وەكو هێدین كە ئێستا لە گرتووخانەكاندا چاوەڕێی بەزۆر ناردنەوەن".
سەبارەت بە هێدیش، ئەندرشۆن گوتی " هەوڵ دەدەین لە رێگەی مافی خۆی كە ئیقامەی كارە، بیگەڕێنینەوە سوێد". ئەگەرچی ئەمە كارێكی ئەستەمە، بەڵام هێدی بەتاكە رێگای دەزانێت و دەڵێت "زیاتر لە 5 ساڵە من لەسەر ئەو سیستم و ژیانەی ئەوێ راهاتووم".
بڕیاری ناردنەوەی هێدی و شێوازی ناردنەوەی بۆ كوردستان لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغداوە، چالاكڤانانی بوارەكانی مافی مرۆڤی نیگەران كردووە و دەڵێن ئەوەی دەكرێت دژ بە بنەماكانی مافی مرۆڤە.
لیۆن جافا، چالاكڤانی مافەكانی مرۆڤ كە بە رەچەڵەك خەڵكی ئەمریكای لاتینە و زیاتر لە 18 ساڵە لە سوێد دەژی، بە (رووداو)ی گوت "پرۆسەی دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران لە سوێد تەواو نایاساییە".
بەڵام سەرەڕای ناڕەزایی چالاكڤانانی مافەكانی مرۆڤ و كۆچبەران، بەڵام حكومەتی سوێد گوێ بەو ناڕەزاییانە نادات و بەردەوامە لەسەر دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران.
یاسا نوێیەكەی سوێد لەبارەی كۆچبەران، دەسەڵاتی بە پۆلیس داوە بچنە سەر ئەو ماڵانەی گومان دەكرێ كۆچبەری نایاساییان تێدابێ. بیر لۆفینبیری كە بەرپرسێكی پۆلیسی سوێدە، بە رادیۆی سویدی راگەیاندووە، مافی ئەوەیان هەیە دەست بەسەر پاسپۆرت و هەموو بەڵگەیەكی كەسیدا بگرن، بۆ ناردنەوەی كۆچبەر.
خەریكبوو دیپۆرتی ئەفغانستان بكرێت
هەرچەندە بەشێكی زۆر لەو كوردانەی كە پێشتر وەكو ئەفغانی خۆیان ناساندبوو، كەوتنە ژێر هەڕەشەی سنووربەدەركردنیان بۆ كابول، بەڵام محەمەد ئیسماعیل هیچ كێشەیەكی لەو شێوەیەی نەبووە، پەنای بۆ حكومەتیش نەبردووە تا بیژێنێت، كەچی زۆری نەمابوو دیپۆرتی ئەفغانستان بكرێ.
بڕیاری راگرتنی ناردنەوەی كۆچبەرانی ئەفغانی دووبارە شانسی مانەوەی بە ئیسماعیل دا، ئەگەر نا گوێشیان لێ نەدەگرت، بەڵام دواتر رۆژنامەیەكی سوێدی، ئاشكرای كرد كە بەهۆی هەڵەی چاپەوە، دۆسیەی ئیسماعیل بۆ ناردنەوەی بۆ ئەفغانستان تۆماركراوە.
وێنەیەكی بەڵگەنامەی ناردنەوەی محەممەد ئیسماعیل لای رووداوە كە بەپێی ئەو بەڵگەیە، كاتی جێبەجێكردنی گەڕاندنەوەی بۆ ئەفغانستان، تەنیا چەند كاژێرێكی مابوو. لە كاتێكدا ئەو وەك كوردێكی عێراقی خۆی تەسلیم كردووە.
بەهۆی 60 دۆلارەوە ئیقامەیان لێ وەرگرتەوە
چیرۆكی دانیار لە مێدیاكانی ئەو وڵاتەدا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو كە نەزانیی خۆی و هەڵەی بەرپرسی كارەكەی بووە هۆكاری بڕیاری دەركردنی لە سوێد. ئەو كە تەمەنی تەنیا 27 ساڵە، خەریكبوو لە ئاواتە گەورەكەی نزیك دەبووەوە:
دامەزراندنی چێشتخانەیەكی تایبەت بەخۆی لە سوێد، بەڵام نەیزانی كە هەڵەی بەرپرسی كارەكەی و بێ ئاگایی خۆی بەهۆی 460 كرۆن كە نزیكەی 60 دۆلار دەكات، دەبێتە هۆكاری ئەوەی مافی مانەوەی كار (اقامە عمل)ی لێ بسەندرێتەوە.
دانیار كە خەڵكی باشووری كوردستانە و زیاتر لە 7 ساڵە لە سوێد دەژی، دەڵێت بەر لەوەی ببێتە خاوەنی مافی مانەوەی هەمیشەیی، پێیانگوتووە، تۆ مافی كار و مانەوەت نییە و دەبێت سوێد بەجێبهێڵی.
ئەو بۆ رۆژنامەی ئافتن بلادتی سوێدیی ئاشكرا كردبوو كە لەلایەن حكومەت و خاوەن كارەكەشییەوە غەدری لێ كراوە.
رەشا ئەمین پارێزەر و شارەزا لە بواری یاساكانی سوێد، گوتی "بەپێی سیستمی نوێ، دانیار مافی مانەوەی نییە، بەڵام ئەم حاڵەتە راستیی زیادبوونی گوشاری سوێد بۆ سەر كۆچبەران نیشان دەدات بۆئەوەی وڵاتەكە بەجێبهێڵن".
وەك رەشا بە (رووداو)ی گوت: "بڕی مووچە بۆ ئەو كەسانەی دەبنە خاوەنی مافی مانەوە لە رێگەی كاركردنەوە سنووردارە و نابێت لە 24 هەزار كرۆن كەمتر بێ".
بەڵام جیاوازیی مووچەكەی دانیار تەنیا 460 كرۆنی سوێدی بووە. چوار لە ئەندامانی ئەنجوومەنی دامەزراوەی كۆچ بڕیاریان لەسەر ناردنەوەی دانیار داوە، بەڵام بڕیارەكە بۆ سەرۆكی دامەزراوەكە ماوەتەوە.
كۆچبەران خۆیان دەشارنەوە
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بڕیاری لێسەندنەوەی مافی مانەوە و دەركردن بۆ زیاتر لە 3,200 كەس دەرچووە كە ژمارەیەكی زۆریان كورد و دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، چونكە بە گوتەی دامەزراوەی كۆچ "ئەو ناوچانە ئارامن". بەپێی دوایین ئاماری دامەزراوەی كۆچ كە دەست (رووداو) كەوتووە، لەو ژمارەیە تەنیا 250 كەس سوێدیان بەجێهێشتووە و نزیكەی 74 كەسیش بەزۆر نێردراونەتەوە، بەڵام زیاتر لە 1,150 كۆچبەر خۆیان شاردووەتەوە و ئێستا پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت.
15/12/2016
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سکرتێری جیهادی ئیسلامی فەلەستین رایگەیاند، فەلەستین پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلامە و ئەگەر هەموو لایەنەکانی فەلەستین بە هاوبەشی کار بکەن "ئیسرائیل لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوو لەناودەچێت".
بەپێی میدیاکانی ئێران، عەلی خامنەیی رۆژی چوارشەممە 14-12-2016 لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رەمەزان عەبدوڵڵا، سکرتێری جیهادی ئیسلامی فەلەستین داوایکرد، گرووپە فەلەستینییەکان، مامۆستایانی ئایینی، رۆشنبیران و نووسەرانی عەرەب هەوڵی زیندوو راگرتنی پرسی فەلەستین لەنێو بۆچوونی گشتی نەتەوەکاندا بدەن.
خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "لەگەڵ ئەوەی ئێران سەرقاڵی هەندێک پرسی تایبەت بە ناوچەکەیە، فەلەستین بە یەکەم پرسی دنیای ئیسلامی دەزانێت و ئەرکەکانی خۆی لەوبارەوە جێبەجێ دەکات".
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لەبارەی گرینگی یەکگرتوویی فەلەستینییەکان لەبەرامبەر ئیسرائیلدا گوتی "رژێمی سەهیۆنی (ئیسرائیل) بە مەرجی خەباتی هاوبەش و یەکگرتووی فەلەستینییەکان و موسڵمانان لەگەڵیدا، لە ماوەی 25 سالی داهاتوو لەناودەچێت".
خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەوە تۆمەتبارکردووە کە پرسی ئایینیان تێکەڵ بە قەیرانەکان کردووە و گوتویەتی "پێچەوانەی پڕوپاگەندەکان، خەڵکی سوننەی حەلەب و موسڵ و شارەکانی دیکە بەدەستی تووندڕەوەکان کۆمەڵکوژ کراون و دەکرێن، بۆیە ئەم قەیرانانە هیچ پەیوەندییەکی بە شیعە و سوننەوە نییە".
رێبەری ئێران لەبارەی داعشەوە رایگەیاندووە "گرووپە توندڕەوەکان وەک داعش و جبهەتولنوسرە کاریان دروستکردنی ئاژاوەیە و دەبێ زۆر هۆشیارانە هەڵسوکەتیان لەگەڵ بکرێ".
خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەمریکای بە "شەیتانی گەورە و هۆکاری دروستبوونی گەرفتە گەورەکانی ناوچەکە" ناوبردووە.
15/12/2016
لە سێیەمین رۆژی مانۆڕی سەربازی هێزی پیادە، سوپای ئێران فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بەسەركەوتوویی تاقیكردەوە، كە دەتوانێ بەدووری 100 كیلۆمەتر بەئاسماندا بفڕێت.
لە رۆژی یەكشەممەوە 11/12/2016، لەژێر درووشمی (محەممەد رەسولەڵڵا) سوپای ئێران لەسەر رووبەری 200 هەزار كیلۆمەتر دووجا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و كەنارەكانی مەكران، مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدات. لە مانۆڕەکەدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژ لە جۆری (رەعد 85) تاقیكرایەوە و بەسەركەوتوویی ئامانجەكانی پێكا.
فڕۆكەی (رەعد 85) دروستكراوی ئێرانە و 100 كیلۆمەتر بەئاسماندا دەفڕێت، بۆ پێكانی ئامانجی گەورە بەرهەمهێنراوە، هەرچەندە ئەو فڕۆكەیە بەتەواوی نیشانەكە ناپێكێ، بەڵام ساچمەكانی بەدووری 300 مەتر بڵاودەبنەوە، هەروەها 450 كیلۆمتر لە كاژێرێكدا دەبڕێ و تاوەكو دوایین ساتیش بەشێوەیەكی راستەوخۆ وێنەكان بۆ بنكەی سەربازی دەگوازێتەوە.
14/12/2014
بەپێی ئەو رێککەوتنە، کۆمپانیای گازپڕۆم لێکۆڵینەوە لە گەشەپێدانی مەیدانە نەوتییەکانی چشمەخۆش و چەنگوڵەی ئیلام دەکات کە دوو مەیدانی نەوتی سەرەکی ئیلامن و رۆژانە 33 هەزار بەرمیل نەوتیان لێ بەرهەمدێت.
دەستی رووسیا گەیشتە مەیدانە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەپێی رێککەوتنێک کە وەزارەتی نەوتی ئێران لەگەڵ کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی واژۆکردووە، ئەم کۆمپانیا رووسییە لە مەیدانە نەوتییەکانی چشمەخوش و چەنگوڵە لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدات.
مەیدانی نەوتی چشمەخوش لە دەشتی عەباسی دێهلۆران لە پارێزگای ئیلامدا هەڵکەوتووە، ئەم مەیدانە نەوتییە 42 ساڵە نەوتی لێبەرهەم دێت، بەشێوەی نێونجی لەم مەیدانە نەوتییەدا رۆژانە 18 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت.
مەیدانی نەوتی چەنگولەش لەسەر سنووری پارێزگای ئیلام و عێراق و لەنێوان شارەکانی مێهران و دێهلۆراندا هەڵکەوتووە و وەک دووەمین مەیدانی نەوتی ئیلام دەناسرێت.
بەپێی بەراوردەکان لەم مەیدانە نەوتییەدا زیاتر لە 4 ملیار بەرمیل نەوت هەیە، لە مەیدانی نەوتی چەنگولەدا رۆژانە نزیک بە 15 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، بەڵام ئەگەر پەرەی پێبدرێ دەکرێ رۆژانە 65 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەبێت.
رێککەوتنی گازپرۆم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێران تەنیا لە مەیدانە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سنووردار نییە. بەگوتەی بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، ئەوان 5 رێککەوتنی دیکەشیان واژۆ کردووە.
14/12/2016
لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ دەدرێتە نادیە موراد و لەمیعە بەشار، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو ناوی ئەو دوو كچە كوردە ئێزدییە وەك براوەی خەڵاتەكەی ئاشكراكرا.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، ئەو خەڵاتە نیشانەی هاوخەمی و هاوسەنگەری گەلانی یەکێتی ئەوروپایە لەگەڵ کورد و بەتایبەتی کوردی ئێزدی.
مانگی رابردوو پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا هەریەک لە نادیە موراد و لەمیعە بەشاری وەک براوەی خەڵاتی ساڵانەی ساخارۆڤی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئازادی بیروڕا دەستنیشانکرد.
بڕیارە رۆژی سێشەممە 13-12-2016 لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، مارتن شولتز، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بە ئامادەیی 750 پەرلەمانتاری ئەوروپی، ئەو خەڵاتەیان پێ ببەخشێت.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، وەك نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی ئەو مەراسیمە کراوە. هەروەها هەریەک لە: میر داسن فاروق بەگ، نوێنەری خانەوادەی میری ئێزدیان، میر تەحسین بەگ، خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری بنکەی لالش لە ئەڵمانیا بەشداری مەراسیمەکە دەبن.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگی خەڵاتی ساخارۆڤ دا و رایگەیاند، ئەو خەڵاتە نیشانەی هاوخەمی و هاوسەنگەری گەلانی یەکێتی ئەوروپایە لەگەڵ کورد و بەتایبەتی کوردی ئێزدی لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامیداوە.
دلاوەر ئاژگەیی هەروەها رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا بوون لە پەرلەمانی ئەوروپا لەپێناو دەستنیشانکردنی نادیە موراد و لەمیعە بەشار بۆ ئەو خەڵاتە گەورەیە".
ئاژگەیی جگە لە بایەخە مۆراڵییەکەی ساخارۆڤ، ئەوەی بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ دیپلۆماسی و لۆبی کورد لە ئەوروپا گێڕایەوە.
13/12/2016
ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازی لە هەوڵەکانی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران بۆ سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی کیسەی پلاستیکی دەکەن.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، کە یەک لە چالاکترین رێکخراوە ژینگەییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە دەڵێت، لە ئێران کەمترین کار لەسەر ئەوەکراوە کە لەڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە، هانی خەڵک بدرێت، بە کیسەی پلاستیکی ژینگە پیس نەکەن.
لە ئێران ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن پلاستیک، بەکار دەهێندرێت.
13/12/2016
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا، سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی هەردوو تەقینەوەكەی شەوی رابردوو (10-12-2016) ی ئیستەنبوڵ گەیشتە 29 كوژراو و 166 بریندار. هاوكات جێگری سەرۆكوەزیرانیش ئاشكرای كرد، هەردوو تەقینەوەكە لە ماوەی 45 چركەدا ئەنجامدراون.
نوعمان كورتوڵموش، جێگری سەرۆكوەزیران و گوتەبێژی فەرمی حكومەتی توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیری پەیوەندیدار و والی ئیستەنبوڵ رایگەیاند "تەقینەوەی یەكەم ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بوو لە پاركی ماچكا لە بەرامبەر یاریگای ڤۆدافۆن ئارێنای یانەی وەرزشی بێشیكتاش تەقییەوە، دووەمیشیان كەسێكی خۆكوژ بوو لە پاركی بێشتەپە لە سەنتەری شار خۆی تەقاندەوە، هەردوو تەقینەوەكەش تەنیا لە ماوەی 45 چركەدا ئەنجامدران".
سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیاش جەختی لەوە كردەوە، ژمارەی قوربانیان لە بەرزبوونەوەدایە و 29 كەس كوژراون، دووانیان سڤیل و 27ی دیكە پۆلیسن، 166 بریندار هەن، 10 گومانلێكراو دەستبەسەر كراون.
كورتوڵموش راشیگەیاند، كردەوەی یەكەم، لایەنگران و هەوادارانی هەردوو یانەی بێشیكتاش و بورسە سپۆری كردووەتە ئامانج، چونكە لەكاتی تەواوبوونی یارییەكەدا هەزاران هەواداری ئەم دوو یانەیە رژانە سەر شەقامەكان، تەقینەوەكەش كاژێر 22:29 خولەك روویدا، تەقینەوەی دووەمیشیان 22:30 خولەك ئەنجامدرا.
هاوكات رەجەب ئاكداغ، وەزیری تەندروستی توركیا رایگەیاند "سەرجەم بریندارەكان ژمارەیان 166 بریندارە، تەنیا لە ماوەی 4 خولەك 106 ئەمبوڵانس بەهانایانەوە چوون، 23 بریندار بەهۆی سووكی برینەكانیان نێردراونەتەوە ماڵەوە، 17 بریندار لەژێر نەشتەرگەریدان، 6 برینداریش دۆخی تەندروستییان مەترسیدارە و برینەكانیان قوڵە".
12/12/2016
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پابەندی ئەو رێككەوتنە دەبێت، كە لەگەڵ پێشمەرگەدا هەیەتی لە بواری هاوكاری سەربازی و دارایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 11-12-2016 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری بەرگریی ئەمریكا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بارزانی و هێزی پێشمەرگە كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی داعش و هەروەها پێزانینی بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی بارزانی و سەرۆكوەزیرانی عێراق هەبوو، كە بووەتە هۆی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەهۆیەوە دەستكەوت و سەركەوتنی گەورە لە شەڕی داعش بەدەستهاتووە.
كارتەر "سوپاسی بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەی كرد لەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و تێكشكاندنی داعش. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی ئەمریكا پاڵپشتی پێشمەرگەیە و پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی داعش دەكات".
لەبارەی رێككەوتنی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە، كارتەر رایگەیاند "وڵاتەكەی پابەندی ئەو رێككەوتنە دەبێت كە لەگەڵ پێشمەرگەدا هەیەتی لە بواری هاوكاری سەربازی و دارایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".
لە راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بارزانی سوپاسی سەرۆك و جێگری سەرۆك و وەزیری بەرگری و گەلی ئەمریكای كرد، كە پشتیوانی گەلی كوردستانن لە شەڕی دژی تیرۆر دا.
وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی پێشمەرگە، بارزانی ئەوەشی راگەیاندووە، پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا ئەوەی لەسەرشانی بووە بە سەركەوتوویی ئەنجامیداوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی هەڕەشەی داعش و هزری تیرۆری كرد بۆ سەر كۆی مرۆڤایەتی و ژیان و، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵ و پێگەی ئەمریكا لە ئاستی جیهانیدا، بە پێویستی زانی كە ئەمریكا لە بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ بەرگریكردن لە ئازادی و بەهاكان بەردەوام بێت.
لە كۆبوونەوەی بارزانی و كارتەر ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون و تێیدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی داعش لە پارێزگای نەینەوا و هەروەها هەنگاوەكانی شەڕی دژی داعش لە سووریا كرا.
پێش كۆبوونەوەكە، لە مەراسیمێكی تایبەتدا میدالیای ئازادیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە لایەن ئاشتن كارتەر پێشكەشی چوار پێشمەرگە، بە نوێنەرایەتیی هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كرا.
لە مەراسیمەكەدا وەزیری بەرگریی ئەمریكا باسی لە ئازایەتی و بوێریی پێشمەرگە كرد و ستاییشی رۆڵی پێشمەرگەی كرد كە قارەمانانە توانی داعش تێكبشكێنێت.
كارتەر بە پێشمەرگەكانی گوتووە " ئێوە شەرەفتان بۆ خۆتان و گەلەكەتان تۆمار كرد".
شاندی ئەمریكا پێكهاتبوون لە ئێلیسا سڵۆتكین، یاریدەدەری وەزیری بەرگری، دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، جەنەڕاڵ داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و راوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا.
12/12/2016
هیزی وشكایی ئهرتهشی كۆماری ئیسلامی ئێران مانۆرێكی سهربازی له باشووری رۆژههڵاتی ئهو وڵات ئهنجام دهدات و بۆ ماوهی 3 رۆژ بهردهوام دهبێت.
گوتهبێژێك بهناوی چوارهمین مانۆری سهربازی "محمد رسول الله" به ئاژانسی ئیرنای ئێرانی رایگهیاند یهكهكانی ههوایی، وهڵامدانهوهی خێرا، كۆماندۆ، زرێپۆش، ئهندازیاری، تۆپخانه، شهڕه ئهلكترۆنییهكانی و هێزهكانی تایبهتی ناجا بهشداری مانۆرهكه بوون.
میدیاكانی ئێرانی بڵاویان كردهوه له مانۆر سهربازییهكهی ئهرتهشی ئهو وڵاته "پلانی بهرهنگاربوونهوهی تیرۆر" جێبهجێ كرا.
سێیهمین مانۆری هێزی وشكایی ئهرتهشی ئیران مانگی كانوونی یهكهمی سالی رابردوو له باكووری رۆژههڵاتی ئهو وڵاته بهرێوهچوو
11/12/2016
چەند رێکخراوێکی کۆکەرەوەی پارتە سیاسییەکان لە جیهاندا هەن و یەکێک لەوان رێکخراوی سۆسیال ئینتەرناشناڵە کە لە ساڵی 1951 وەکو جێگرەوەیەک بۆ رێکخراوی کار و سۆسیالیستی نێودەوڵەتی دامەزرا، زۆرینەی ئەندامەکانیشی پارتە سیاسییە سۆسیال دیموکرات و کرێکارەکانن.
سەرەتا زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی ئەندامی رێکخراوەکە پارتەکانی رۆژئاوای ئەوروپا بوون، بەڵام ئێستا 153 پارتی سیاسی زیاتر لە 100 وڵاتی جیهانەوە ئەندامی سۆسیال ئینتەرناشناڵن.
ئەوەی پەیوەندی بە ئەندامبوونی پارتە سیاسییە کوردەکانەوە هەیە ئەوەیە، کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران یەکەمین پارتی کوردستان بووە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ رێکخراوەکەدا دروستکردووە و بووەتە ئەندامی.
پارتەکانی کوردستان لە سۆسیال ئینتەرناشناڵ:
- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)؛ 1996 بووە ئەندامی چاودێری رێکخراوەکە و 2008 بووە ئەندامی راوێژکاری.
- حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)؛ لە ساڵی 2015 بووە ئەندامی هەمیشەیی رێکخراوەکە.
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان؛ ساڵی 2003 بووە ئەندامی چاودێر، ساڵی 2008 بووە ئەندامی هەمیشەیی.
- کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ ساڵی 2014 بووە ئەندامی راوێژکاری رێکخراوەکە
ئێستا 195 وڵاتی سەربەخۆ لە جیهاندا هەن، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی رێکخراوی سۆسیال ئینتەرناشناڵ لە ناو حکومەتدان و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان هەیە و، زۆرینەی ئەو وڵاتانەی ئەندامانی سۆسیال ئینتەرناشناڵ تێیاندا لە دەسەڵاتن، پێگەیەکی لاوازیان هەیە.
ئەندامانی سۆسیال ئینتەرناشناڵ لە وڵاتانی وەکو: ئەلبانیا، ئەنگۆلا، چیللی، گانا، کینیا، مالی، مەکسیک، پورتوگال، ئەفریقای باشوور لە دەسەڵاتدان، ئەم وڵاتانەش نە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، نە خاوەنی هێزی گەورەی سەربازی و ئابوورین لە جیهان.
لە هەمان کاتدا وڵاتێکی بەهێز کە سۆسیال ئینتەرناشناڵ تێیدا دەسەڵاتدارە، فەرەنسایە و، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتێکی بەهێزی یەکێتی ئەوروپایە.
12/12/2016