راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پانۆڕامای سەردان و دیدارەکانی سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، بڵاو دەکاتەوە.
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 2/1/2016، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای سیاسیی و سەربازیی کوردستان پێشوازییان لێکرد
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک تەواوی وردەکاریی سەردان و کۆبوونەوەکانی فرانسوا ئۆلاندی لە هەولێر، بڵاو کردووەتەوە.
مەسرور بارزانی بەمشێوەیە وردەکاریی سەردانەکەی ئۆلاندی باس کردووە:
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دەکات
ڕۆژی دووشەممە ٢ـی١ـی٢٠١٧ فرانسوا ھۆڵاند سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێکی حکوومەتی فەڕەنسا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆک بارزانی و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەکەی سەردانی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد لە سەر چیای زەرتک و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە نزیکەوە ستایشی قارەمانێتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕای گەیاند کە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پێشمەرگە ئازاکان دەکەم کە پێشتر لێرە بەرگرییان کرد و دواتریش لێرەوە پێشرەوییان کرد و داعشیان تێکشکاند و ڕێگەیان بۆ سوپای عێراق خۆش کرد تا بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بکەن. لەو بەسەرکردنەوەیەدا ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی وڵاتی فەڕەنسا کە لەچوارچێوەی تیمەکانی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە کوردستانن، ئامادە بوون.
دوای ئەم سەردانە، لە شاری ھەولێر سەرۆک بارزانی و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەکەی کە پێکھاتبوون لە جێن یۆڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارک بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەرپرسی حکوومەتی فەڕەنسا و دۆمێنیک ماس کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر کۆبوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بەڕێزان کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی کوردستان وحەمەی حاجی مەحموود
و کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و سەربازی ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرھاتنی سەرۆکی فەرەنسا و شاندە یاوەرەکەی کرد و سوپاسی سەرۆک ھۆلاندی کرد کە بۆ جاری دووەم سەردانی کوردستان دەکات و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد و پیرۆزبایی ساڵی نوێی لە سەرۆکی فەڕەنسا کرد و ھیوای خواست ساڵی نوێ بۆ فەڕەنسا و تەواوی جیھان ساڵی ئاشتی و ئارامی بێت.
سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ بەدەنگەوەھاتن و یارمەتیدان و ھاوکاریکردنی گەلی کوردستان و ڕایگەیاند کە جێگەی شانازییە کوردستان دۆستێکی مەزنی وەک گەلی فەڕەنسای ھەیە. سەرۆک بارزانی ئەوەیشی بۆ سەرۆکی فەڕەنسا خستەڕوو کە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەکاندا ھەردەم لەتەک گەلی کوردستان وەستاوە. سەرۆک بارزانی ھەوڵەکانی فەڕەنسای بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و دروستکردنی ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند.
جەختیشی کردەوە کە بە تێکشکاندنی داعش لە موسڵ، تیرۆر کۆتایی نایەت و بە شێوە و ناوی دیکە دەبنەوە ھەڕەشە، بۆیە پێویستە ھەموو ئاشتیخوازان و مرۆڤدۆستەکان ھاوکاریی یەکتر بکەن بۆ تێکشکاندنی تیرۆر کە بۆتە ھەڕەشە بۆسەر ھەموو مرۆڤایەتی.
ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆک کۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی کراوە و ڕای گەیاند کە ئەمڕۆی بۆ سەردانەکەی بۆ کوردستان ھەڵبژاردووە تا پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێ بکەم و دەزانین لەو ساڵەدا تەحەدییاتی ئابووری ھەن و کوردستان پێویستی بە ھاوکاری دەبێت. ھەروەھا لەڕووی سیاسییەوە دەزانین کوردستان ڕۆڵی لە پێشھاتەکاندا دەبێت چونکە کوردستان ھۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا. دووپاتیشی کردەوە کە پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییە و فەڕەنسا ھەمیشە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی کوردستان بووە و لە داھاتووشدا لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت و ھەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە ھەر بەھێز بووە و لە داھاتوویشدا ھەر وا دەبێت. سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ستایشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ئازایەتییەی پێشمەرگە پێشانی دا بووە ھۆی شانازیی بۆ کوردستان و بۆ ئێمەیش.
ھەروەھا سەرۆکی فەڕەنسا ستاییشی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگەی کرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوارە و کوردستانیشی بە نموونەیەک زۆر باش وەسف کرد لە پێکەوەژیانی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێکەوەژیانەی کوردستان دەکات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێکەوەژیانە دەکات.
لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسکۆنفڕانسێک بوون و ناوەڕۆکی کۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان باس کرد. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا بەرێز فڕانسوا ھۆلاند جارێکی دیکە ستایشی ئازایەتیی پێشمەرگەی کرد و ڕای گەیاند ئەگەر ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە نەبوایە، تێکشکاندنی داعش کارێکی مەحاڵ بوو. پێش جەند کاتژمێرێک سەردانی بەرەکانی شەڕمان کرد، ئەو شوێنانە بە خوێنی پێشمەرگە ئازادکراون و ئەو پێکھاتانەی لەو ناوچەیە دەژین چیتر لە ئایندەی خۆیان ناترسن. ڕاشیگەیاند کە دوای ئازادکردنی موسڵ پێویستە چارەسەرێکی سیاسی ھەبێت بۆ ئەوەی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ناوچەکە بە ئاشتییانە پیکەوە بژین و ئیدارەیەکی باش ھەبێت کەژیانی ھەمووان لە سایەیدا مسۆگەر بێت.
ھەر ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ـی١ـی٢٠١٦ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، بەڕێز فڕانسوا ھۆلاند سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، کۆمەڵێک ھاوکاریی مرۆیی کە بۆ ئاوارەکانی ھێنابوو، ڕادەستی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
دواتریش سەرۆکی فەڕەنسا و شاندی یاوەری کۆتاییان بە سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێنا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و لە لایەن سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومیی ھەرێمی کوردستان بەڕێ کران.
3/1/2017
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سهركۆنهی ھێرشەكهی ئیستەنبوڵ دەکات و رێنمایی داوە بۆ هەموو جۆرە پشتگیرییەک بۆ حکومەتی تورکیا. هەروەها سهرۆكی رووسیای فیدراڵ سهرهخۆشی له ئەردۆغان کردووە و تیرۆریستان ویژدانی مرۆڤایهتییان نییه.
له پهیامێكی ئاڕاستهكراو بۆ رهجهب تهیب ئهردۆغان هاوتا توركییهكهی، ڤلادیمیر پوتین، سهرۆكی رووسیا دڵگرانی و خهمباری خۆی راگهیاند و سهرهخۆشی له ئهردۆغان و گهلی توركیا كرد.
له پهیامه نووسراوهكهی پوتین دا هاتووه "هیچ تاوانێك لهوه مهترسیدارتر و خراپتر نییه، خهڵكی سڤیل و بێتاوان لهكاتی ئاههنگگێڕانیان بكوژرێن. بهڵام تیرۆریستان ویژدانی مرۆڤایهتییان نییه. ئهركی سهرشانی ئێمهیه بهشێوهیهكی هاوبهش وهڵامی سهرجهم ههڕهشهكانی تیرۆریستان بدهینهوه".
پوتین جهخت لهوه دهكاتهوه كه "توركیا هاوبهشێكی راستهقینه و مایهی باوهڕ و متمانهی رووسیایه"، ئامادهیی وڵاتهكهی بۆ ههموو جۆره هاوكارییهك دهربڕی و سهرهخۆشی له كهسوكاری قوربانیان كرد و هیوای زوو چاكبوونهوهی بۆ برینداران خواست.
ئۆباما سهركۆنهی ھێرشەكهی ئیستەنبوڵ دەکات
باراك ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ھێرشەکەی ئیستەنبوڵ، نیگەرانی خۆی دەربڕی و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان کرد و رێنمایی دا بە پێدانی ھەموو جۆرە پشتگرییەک لەوبارەیەوە بۆ بەرپرسانی تورکیا.
ئەریک شولتز گوتەبێژی راگەیاندنی کۆشکی سپی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "ئۆباما زانیاری دەربارەی ھێرشەکەی ئیستەنبوڵ وەرگرتووەو چاودێری پێشھاتەکان دەکات و سەرەخۆشی ئاراستەی قوربانیانی هێرشەکە کردووە. هەروەها رێنمایی داوە بۆ هەموو جۆرە پشتگیرییەک بۆ حکومەتی تورکیا".
دوای روونکردنەوەکانی شولتز، نید پرایس گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لێدوانێکی کورتی لەمبارەیەوە دا بە رۆژنامەڤانان.
نید پرایس گوتی "ئەمریکا بە تووندترین شێوە سهركۆنهی ھێرشە تیرۆریستییە دڕندانەکەی ئیستەنبوڵ دەکات" و وێرای ئەوەی سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان کرد، ھیوای بەپەلە چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.
نید پرایس راشیگەیاند"لە دژی تیرۆر پاڵپشتی تەواوی تورکیای ھاوپەیمانیان دەکەن".
02/01/2016
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران داوا لە پەرلەمان دەکات، لە تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ئێراندا بودجەی ساڵانەی ئەو وەزارەتە زیادبکرێت.
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، رەزامەندی ئەو کۆمیسیۆنەی لەگەڵ پێشنیازی وەزارەتی ئیتلاعات راگەیاند و گوتی، هەڕەشەکانی سەر ئێران زیاتربوونە و ئیتلاعات بۆ کۆنترۆڵی سنوورەکان و چاودێرییکردنی هێزە دژبەرەکان پێویستی بە بودجەی زیاتر هەیە.
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نەیتوانیوە، سەرۆککۆمار و رێکخراوی پلاندانان و بودجە بۆ زیادکردنی بودجەی ئەو وەزارەتخانەیە رازی بکات، بۆیە دەستەوداوێنی پەرلەمان بووە.
لە كاتی تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ئێراندا، چەند کەس لە جێگرانی وەزیری ئیتلاعات لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان کۆبوونەتەوە. لەو کۆبوونەوەدا باس لە ئەرکەکانی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و داوایانکردووە، پەرلەمان بودجەی ئەو وەزارەتخانەیە زیاد بکات.
مەسعود گودەرزی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بەهۆی هەلومەرجی ناوچە، هەڕەشەکانی سەر ئێران زیاتربوونە بۆیە وەزارەتی ئیتلاعات پێشنیازی کردووە بودجەکەیان زیادبکرێت.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارانە، بەرپرسانی ئیتلاعات پێیان راگەیاندوون، بۆ کۆنترۆڵی سنوورەکان و چاودێری تەواوی هێزەکانی دژبەری حکومەتی ئێران و "گرووپە تیرۆریستییەکان" پێویستییان بە بودجەی زیاتر هەیە.
ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەداوە، وەزارەتی ئیتلاعات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هەڕەشەکان پووچەڵ دەکاتەوە، بۆیە دەبێ بودجەی پێویستی لەبەردەست دابێت.
وەزارەتی ئیتلاعات لەساڵی 1984 دامەزراوە. ئەرکی ئەو وەزارەتە، بەدەستهێنانی زانیاری ئەمنییە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان، ئاشکراکردنی سیخوڕەکان و پاراستنی بەرپرسان.
ژمارەی ئەندامانی وەزارەتی ئیتلاعات راناگەیێندرێت، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ساڵی 2013، ئیتلاعاتی ئێران نزیکەی 30 هەزار ئەندامی هەیە. هێزەکانی ئیتلاعات لە ئێران بەناوی سەربازانی بێ ناوی ئیمامی زەمان دەناسێندرێن.
وەزارەتی ئیتلاعات لە 14 بەش و یەک رێکخراو پێکدێت. هەر یەک لە بەشەکانی سیاسی، ئاسایش و زانیاری ناوخۆیی، دژە سیخوڕی، هەواڵگری بیانی، پاراستن، کاروباری ستراتژیک، پەروەردە، ئەرشیڤ، کاروباری ئیداری و ماڵی، پەرلەمانی و یاسایی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی، تەکنۆلۆژی و پاراستنی دامودەزگا حکومییەکان لەلایەن جێگرێکی وەزیر بەڕێوە دەبردرێن.
ئیتلاعات لە ناوەندی هەر 31 پارێزگای ئێران، بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعات و لە ناوەندی شارەکانیش فەرمانگەی هەیە.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە ساڵی 1866ـەوە، بۆ پەروەردەکردنی هێزەکانی زانستگەیەکی تایبەتی هەیە بە ناوی ئیمام باقر، کە لە ئەمساڵدا بۆ زانکۆی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی ناوی گۆڕدرا.
هەرچەندە لەساڵانی رابردوو، هاوکات لەگەڵ گشتگیربوونی دەسەڵاتەکانی سوپای پاسداران لە ئێران، بەشی هەواڵگری سوپا، بەشێکی زۆر لە ئەرکەکانی وەزارەتی ئیتلاعات جێبەجێ دەکات، بەڵام تاوەکوو ئێستاش ئیتلاعات (بەتایبەت لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) لە گووشاری سەر چالاکڤانانی سیاسیی و مەدەنی و چاودێرییکردنی چالاکییەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.
02/01/2017
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە دەبێت ئەم ساڵ بکرێتە ھەوێنی یەکڕزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ”تاکە دەرفەت بۆ لایەنەکان گەڕانەوەیە بۆ پرۆژەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و فەرماندەی یەکەی 70ـی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەگەر حزبەکان دەیانەوێت خەڵک و ھێزە سیاسییەکان لە ململانێی سیاسی ڕزگاریان بێت، دەبێت بگەرێنەوە بۆ گفتوگۆ، بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی خێرا بۆ دەربازبوونی کوردستان لە قەیرانەکان.
هەروەک شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند، ئەگەر حزب و لایەنەکان چارەسەر لە گۆڕانکاریی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەرێمی کوردستان دەبینن، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ پرۆژەکەی بارزانی، کە ”تاکە دەرفەتە“.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانپەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و سەرۆکایەتییکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەکان کرد، کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم“.
1/1/2017
رێکخراوی توندڕەوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکەی شاری نەجەف راگەیاند و ناوی خۆکوژەکانیش بڵاو دەکاتەوە.
داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی خۆکوژەکانی لە تەقینەوەکەی ناوچەی قادسییە لە نەجەف بڵاو کردەوە، کە ئەمانە بوون، ئەبو قسورە ئەلێعراقی، ئەبو حەسەن ئەلعێراقی، ئەبو موسعەب شامی، محەمەد ئەلعێراقی و ئەبو سەیاف شامی بوون.
رووداوەکە بە تەقەکردنی ئەو چەکدارانەی داعش بە چەکی بی کەی سی و کلاشینکۆف لە خەڵکی دەستی پێکرد، دواتر لە بازگەیەکی پۆلیس ناچاری وەستان کران، چەکدارەکانیش لە ناو بازگەکە خۆیان تەقاندەوە.
تەقینەوەکە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 16 ئەفسەر، پۆلیس و هاووڵاتی، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان.
شاری نەجەف، یەکێکە لە پیرۆزترین شارەکانی مەزهەبی شیعە و مەزاری ئیمامی عەلی، ئامۆزای پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) و باوکی هەردوو ئیمام حەسەن و حوسێنی لێیە، کە سێ ئیمامە گەورەکانی شیعەن.
1/1/2017
پەرلەمانتارێک مەرجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رادەستکردنی نەوتی کوردستان بە حکوومەتی عێراق، بڵاو دەکاتەوە.
دڵشاد شەعبان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، ”ئەگەر ھاتوو بەغدا ئامادەبوو برێک پارەی زیاد لەو داھاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستمان دەکەوێت بمانداتێ، ئەوە ئامادەین نەوتی خۆمان رادەستی کۆمپانیای (سۆمۆ)بکەین“.
دڵشاد شەعبان هەروەها رایگەیاند، کە تاوەکو ئێستا بەغدا ئامادەیی نیشان نەداوە و ”ناشیەوێت ئەوە بکات“، چونکە دەرکەوتووە عەقلیەتی حوکمڕانانی عێراق نایەوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان رێککەوێت، ”نایانەوێت پارەی خۆیان رادەستی کوردستان بکەن و ھەر رۆژە و بیانوویەک بۆ ھەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە“.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەشێکی زۆری داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان بووە، ”ئەگەر ئەو قەرزانەمان لەسەر سوک ببێت، چاوەڕوان دەکەین گۆڕنکاری لە دۆخی ئابووری کوردستان رووبدات و سیستەمی پاشەکەوتی مووچەش گۆڕانکاری بەسەردابێت".
هەروەه دڵشاد شەعبان رایگەیاند، ئەگەر لە ساڵی 2017 نرخی بەرمیلێک نەوت بەرزبێتەوە بۆ سەرووی 65 دۆلار، ئەوا قەیرانەکان ”بەخێرایی“ کەم دەبنەوە و ژیان و دەرامەتی خەڵکیش باشتر دەبێت.
1/1/2017
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا، لەبەرامبەر سزاكانی ئەمریكا و دەركردنی 35 دیپلۆماتكاریان لەو وڵاتە، رایگەیاند "رووسیا خۆی بۆ ئاستی دیپلۆماسیی نابەرپرسانە دانابەزێنێت و مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ ئەمریکا ناکات".
سەرۆكی رووسیا روونیکردەوە، وڵاتەکەی هیچ دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی لە رووسیا دەرناکات و ئەوەی ئەمریکا بەسەرپەرشتی باراك ئۆباما کردوویەتی، ئەو وەک خۆی وەڵامیان ناداتەوە.
شەوی پێنجشەممە 29-12-2016، بەتۆمەتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی مانگی رابردووی ئەمریکا لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان، ئیدارەی باراک ئۆباما چەند سزایەکی بە سەر مۆسکۆدا سەپاند.
ئیدارەی ئۆباما ژمارەیەک دیپلۆماتکار و دامەزراوەی رووسیای سزادا، لەوانەش ئاژانسی هەواڵگری سەرەکی رووسیا (ناسراو بە گرو) و ئاژانسی خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی رووسیا (ناسراو بە ئێف ئێس بی).
هەروەها حکومەتی ئەمریکا داوای لە 35 کارمەندی هەواڵگری رووسیا كرد لە ماوەی 72 کاژێردا ئەمریکا جێبهێڵن و دوو باڵەخانەی رووسیاش لە ویلایەتەکانی نیویۆرک و مێریلاند دادەخات.
دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشنیازی بۆ کریملن، كۆشكی سەرۆكایەتيی وڵاتەكەی کرد رووسیاش کاردانەوەی هاوشێوەی هەبێت و 35 دیپلۆماتکاری ئەمریکی لە رووسیا دەربکات، بەڵام پوتین رایگەیاند رووسیا خۆی بۆ ئەو ئاستە دانابەزێنێت و ئەم کارە ناکات.
31/12/2016
دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینی لە شاری تەورێز، مەلایەكی كوردی دانیشتووی ورمێی دادگایی كرد و سزای بەندكردن و دوورخستنەوەی بۆ دەركرد.
ئەو مەلا كوردە كە ناوی مەلا رەزا عابدییە، رۆژی چوار شەممە 21-12-2016، لە دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینی دادگایی كرا، دادەوری دادگا سزای شەش مانگ بەندكردن و دوو ساڵ دوورخستنەوەی لە ورمێ بۆ دەركرد.
ئەو دادگایانەیەی مامۆستایانی ئاینی تێدا دادگای دەكرێن، لە ژێر چاودێری راستەخۆی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە رەخنەگر یان دژبەری ئێرانن.
31/12/2016
هەتا ئێستاش هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، دیار نین. زاڵمای خەلیلزاد، كۆنە دیپلۆماتی ئەمریكی، لە وتارێكدا لە گۆڤاری (نەشناڵ ئینترەست) چەند پێشنیازێك لەبارەی سیاسەتی دەرەوە بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دەخاتەڕوو.
وێنەیەكی گشتیی رەوشی جیهان
خەلیلزاد ئاماژە بەوە دەدات كە لە دوای كۆتایی جەنگی سارد "جیهان هیچ قۆناغێكی لەمەی ئێستا مەترسیدارتری بەخۆیەوە نەبینیوە"، هۆكاری ئەمەش بە بۆچوونی خەلیلزاد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "زلهێزەكانی جیهان، لەسەرووی هەمووشیانەوە چین و رووسیا دەیانەوێ كێشە بۆ نەزمی زاڵی جیهان دروست بكەن، بۆ ئەوەی برەو بە ئەجێندا و روئیای خۆیان بدەن. هەر بۆیە هەڕەشەی جەنگی نێوان زلهێزەكان لەئارادایە".
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق پێیوایە جگە لە رووسیا (كە پاشەكشێی ئەمریكای قۆستووەتەوە) و چین (كە دەیەوێ ببێ بە هێزی یەكەمی سەردەم) لە ناوچەكانی دیكەی جیهانیش حكومەت و دامەزراوە بان ـ حكومییەكان خەریكن لاواز دەبن، بۆیە دەبینرێ ئەو سنوورانەی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كێشابوونی، خەریكە لە سووریا و عێراق لەبەریەك هەڵدەوەشێن.
بەگوێرەی وتارەكەی خەلیلزاد، گەورەترین مەترسی كە رووبەڕووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی عێراق و سووریا بووبێتەوە "هەڕەشەی تیرۆریزمە كە بەهۆی دەستێوەردانی زلهێزەكانی ناوچەكەوە ئاگرەكەی تادێت خۆشتر دەبێت". جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە سیاسەتەكانی ئێران خەریكە "سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە" لە ناوچەكەدا لەناو دەبات. ئەمەش بەهۆی "پشتگیریی ئەم وڵاتە لە گروپە توندڕەوەكان و میلیشیاكان لە عێراق، سووریا و یەمەن".
بەبۆچوونی زاڵمای خەلیلزاد "بڵاوبوونەوەی تەكنۆلۆژیاش ئەم هەڕەشانە گەورەتر دەكات"، لەبەر ئەوەی "تەكنۆلۆژیای ئەتۆمی و مووشەكی باڵستیكی خەریكە تەشەنە دەستێنێ". لەلایەكی دیكەوە وڵاتە دژبەرەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا "خەریكن پەرە بە توانای هێرشی سایبیریی خۆیان دەدەن، بەمەش هەڕەشە لە ژێرخانە هەستیارەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا دەكەن"، ئەمە جگە لەوەی پێشكەوتنی بواری پەیوەندی وای كردووە "گروپە سیاسییەكان بە ئاسانی و دەمودەست جموجۆڵ بە جەماوەرەكانیان بكەن و گروپە تیرۆریستییەكانیش بە كەمترین خەرج چالاكی بكەن و لە هەموو جیهانەوە ئەندام كۆبكەنەوە".
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە رەوشێكی ئاڵۆزدا
لەم بەشەی وتارەكەیدا، خەلیلزاد دەڵێت سیاسەتی دەرەوەی نوێی ئەمریكا دەبێ ئەوەی لەبەرچاو بێ كە پێگەی دەسەڵاتی ئەمریكا رێژەییە "واتە ئەگەرچی ئەمریكا هەتا ئێستاش بەهێزترین دەسەڵاتە لە جیهاندا، بەڵام جیاوازیی هێزی ئەم وڵاتە لە چاو وڵاتەكانی دیكە رووی لە كەمبوونەوەیە". هەر بۆیە "سەرۆكی نوێی ئەمریكا بڕێكی زۆر ئامرازی لەبەردەست نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكان". خەلیلزاد دەڵێ "سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا لەلایەن دۆست و دوژمنە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەكانەوە تاقی دەكرێتەوە".
كۆنە دیپلۆماتەكەی ئەمریكا پێیوایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەداكان، دۆناڵد ترەمپ پێش هەموو شتێك دەبێ روانگەیەكی ستراتیژیی روونی هەبێت، ئەم روانگە ستراتیژییە دیاری دەكات "ئامانجەكانی كامانەن و چۆن دەكرێ پێیان بگات"، بەڵام لە هەمانكاتدا دەبێ ئەوەشی لەبەرچاو بێت كە ئاخۆ "ئاكامەكانی ئەم ستراتیژە هەتا چەندە لای خەڵكی ئەمریكا پەسەندن"، بەم شێوەیەش ترەمپ دەتوانێ "پشتگیری كۆنگرێس (نوخبە) و رای گشتی بەدەست بهێنێ".
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق پێنج هەنگاو پێشنیاز دەكات بۆ ئەوەی ئەمریكا بتوانێ تەركیز بخاتە سەر پرسە درێژخایەنەكان:
یەكەم: هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ ئەوەی ئابووریی ئەمریكا بكرێتەوە بە ئابوورییەكی تەندروست و توانای سەربازیی ئەمریكا بەرز بكرێتەوە.
دووەم: ئاشتی لە نێوان زلهێزەكاندا مسۆگەر بكرێ. ئەمە لەلایەكەوە پێویستی بە شارەزایی دیپلۆماتیك هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە داوای رێگریی سەربازی دەكات. ئەوەش نەك هەر رێ لە سەرهەڵدانی جەنگی نێوان زلهێزەكان دەگرێت، بەڵكو ناسەقامگیریش لە جیهاندا كەم دەكاتەوە.
سێیەم: رێگە نەدرێ هێزە دوژمنكارەكان دەست بەسەر ناوچە جیاجیاكاندا بگرن، بە تایبەتیش ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
چوارەم: بەرەنگاربوونەوەی توندئاژۆیی و تیرۆریزم پێویستی و ئامانجێكی روون و ئاشكرایە، بەشێك لەم كێشەیەش بەرهەمی قەیرانی نێوخۆیی شارستانییەكی ئیسلامییە. هەر بۆیە چاوەڕێ دەكرێ بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم كێشەیە بەردەوام بێ.
پێنجەم: ئەمریكا درێژە بە پێشخستنی دیموكراسی و حوكمڕانی چاك لە جیهاندا بدات. بەڵام ئەمە كە پەرەپێدانی بەهاكانە، دەبێ لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەكاندا هاوسەنگ بكرێتەوە.
ترەمپ و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
خەلیلزاد پێیوایە ئیدارەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا رووبەڕووی دوو تەحەدی سەرەكی دەبێتەوە: یەكەمیان پەیوەندی بە هەژمونخوازیی ئێران لە ناوچەكەدا هەیە و ئەوەی دووەمیان بۆ هەڕەشەكانی تیرۆریزم دەگەڕێتەوە لە لایەن داعش و ناوچەكانی نێوان پاكستان و ئەفغانستان.
بۆ چارەسەركردنی ئەم دوو كێشەیەش خەلیلزاد رێگەچارەی سەربازی رەتدەكاتەوە، لەبەر ئەوەی "هەم تێچوونێكی زۆری هەیە و هەمیش درێژە دەكێشن". هەروەها رەتیشی دەكاتەوە ئەمریكا لە كێشە ناوچەییەكاندا "لایەنگری لە لایەنێكی كێشەكان بكات".
سەبارەت بە كێشەی یەكەم (واتە ئێران)، زاڵمای خەلیلزاد پێیوایە "واشنتن دەبێ پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانە كۆنەكانی لە ناوچەكەدا بەهێزتر بكات، لە كاتێكدا لە ماوەی دەسەڵاتی ئیدارەی ئۆبامادا متمانەیان بە ئەمریكا كەمبووەتەوە".
لە لایەكی دیكەشەوە ئەمریكا دەبێت چاودێریی چاكسازییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی سعودیە بكات، لەبەر ئەوەی سەركردەكانی ئەم وڵاتە "دواجار دانیان بەوەدا ناوە كۆمەڵێك كەس و رێكخراو لەم وڵاتەدا پشتگیرییان لە بڵاوبوونەوەی جیهانبینی ئیسلامی رادیكاڵ كردووە". بە بۆچوونی خەلیلزاد، پرۆگرامی "روئیای 2030" چوارچێوەیەكە بۆ نوێكردنەوەی سعودیە، نەك هەر لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵكو لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتیشەوە. بۆیەش حكومەتی ئەمریكا دەبێ هانی "كۆمپانیا، زانكۆ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ئەمریكا بدات كە لە سەركەوتنی ئەو پرۆگرامەدا یارمەتیدەری ریاز بن".
لەمەڕ قەیرانی سووریا، خەلیلزاد پشتگیری لە هەوڵەكانی ترەمپ بۆ نزیكبوونەوە و پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ رووسیا دەكات، هاوكاتیش ئاماژە بەوە دەكات كە بۆ ئەسەد دوو بژارە لەبەردەستدا دەبێت: یەكەم ئەسەد سەرۆكی ناوچە عەلەوییەكانی سووریایەكی نامەركەزی بێت. بژارەی دووەم ئەوەیە جەنگەكە لە بەشەكانی نزیك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەدەوە بۆ رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی ئەسەد بگوازرێتەوە. لەم شوێنانەش ناوچە ئازادكراوەكان رادەستی هێزە كوردی و عەرەبە سوننەكان دەكرێ، بۆ ئەوەی رێگە نەدرێ میلیشیا شیعەكان بۆشایی ئەمنی و سیاسی پڕبكەنەوە.
لە كۆتایی وتارەكەیدا، زاڵمای خەلیلزاد جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بۆ ئەوەی سیاسەتێكی دەرەوە بتوانێ لە درێژخایەنیشدا سەركەوتوو بێت، دەبێ بژارە و پێشنیازەكانی هەردوو پارتە سەرەكییەكەی ئەمریكا (دیموكراتەكان و كۆمارییەكان) لەبەرچاو بگیرێت. لەم حاڵەتەدا "سەرۆك ترەمپ دەتوانێ شان لە شانی رۆناڵد رەیگن بدات، كە بە سەركردەی سیاسەتی دەرەوە ناسرابوو".
30/12/2016
لە بەرامبەر دەستێوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی مانگی رابردووی ئەمریکادا، ئیدارەی باراک ئۆباما چەند سزایەکی بە سەر مۆسکۆدا سەپاند.
ئیدارەی ئۆباما سزای ژمارەیەک دیپلۆماتکار و دامەزراوەی رووسیا دەدات، لەوانەش ئاژانسی هەواڵگری سەرەکی رووسیا ناسراو بە گرو و خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدڕاڵی رووسیا ناسراو بە ئێف ئێس بی.
هەروەها حکومەتی ئەمریکا داوا لە 35 کارمەندی هەواڵگری رووسیا دەکات لە ماوەی 72 کاژێردا ئەمریکا جێبهێڵن و دوو باڵەخانەی رووسیاش لە ویلایەتەکانی نیویۆرک و مێریلاند دادەخات.
باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئەم هەنگاوانە پاش چەندینجار هۆشداریدان هاتن بە حکومەتی رووسیا و پێویستیشن و هەنگاوێکی گونجاون لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەدا کە ئامانجیان زیان گەیاندن بوو بە بەرژوەندییەکانی ئەمریکا".
هاوکات پۆڵ راین، سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکرد: "بڕیارەکە درەنگە، بەڵام رێگایەکی باشە بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی شکستخواردووی ئیدارەی ئەمریکا لەبەرامبەر رووسیا".
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە رۆژی 8ی مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا بەڕێوەچوو و تێیدا دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی پارتی کۆمارییەکان سەرکەوتنی بە سەر هیلاری کلنتن، کاندیدی پارتی دیموکراتەکاندا بەدەستهێنا.
30/12/2016
بەشێك لە بێ ماڵ و حاڵەكانی تاران لە ترسی هێزە ئەمنییەكان روودەكەنە گۆڕستانەكان و لەوێ شەو دەكەنەوە.
ئەو كەسانەی لە ئێران تووشبووی مادە هۆشبەرەکانن و لەبەر هەژاری و بێ ماڵی لە شەقامەکاندا دەژین و کارتۆن و بەتانی و جلوبەرگی شڕ، ڕاخەر و پێخەفیانە، پێیان دەگوترێت "كارتۆنخەو".
تاوەكو ئەو کاتەی هێزەکانی پۆلیس و شارەوانی هێرشنەکەنە سەریان و کۆیان نەکەنەوە، بە کارتۆن و گۆشە و کەناری شەقام و کەلاوەکانیش رازین. بەڵام هەندێکیان ئەوەشیان دەست نەکەوتووە و بۆ پاراستنی خۆیان لە سەرما و کزەبای ژیان، روویان لە گۆڕەکان کردووە.
بەشێك لەو كەسانە، كە گۆڕستانی نەسیرئابادی شەهریار لە باشووری رۆژئاوای تاران دەكەنە شوێنی خەوتنیان، بە هەڵکەوت دەكە،نە بەڤ كامێرای رۆژنامەنووسێک
گۆڕەكان پێشوەختە بۆ مردووەکان ئامادەکراون، بەڵام ئێستا بوونەتە هێلانەیەک بۆ ئەم زیندووانە کە لە کارتۆنخەوییەوە، بوونەتە "گۆڕخەو" و ئەو ناوە تازەیە چەند رۆژە لە ئێراندا دەنگی داوەتەوە، بابەتێک کە سەرۆککۆماریشی هێنایە دەنگ.
حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران گوتی "بیستبووم کەسانێک لەبەر هەژاری دەبنە کارتۆن خەو، بەڵام تاوەكو ئێستا گۆڕخەوم نەبیستبوو. کێ دەتوانێت لە کۆمەڵگایەکی گەورە و مەزنی وەک ئێراندا، ئەوە ببینێت کە کەسانێک لە هاوڕەگەزەکانی، کە قوربانیی زیانە کۆمەڵایەتییەکانن، لەبەر بێ ماڵ و حاڵی، پەنا بە گۆڕەکان ببەن؟".
روحانی ئاماژەی بە نامەکەی ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەری ناوداری ئێرانیش کرد، کە رۆژی رابردوو روو لە روحانی نووسیبووی "لەگەڵ بیستنی ئەو هەواڵە هەستم بە شەرمەزاری کرد و دەمەوێ بە بیانووی نووسینی ئەم نامەیە بۆ ئێوە، هەموو ئەو کەسانە بکەمە هاوبەشی ئەم شەرمەزارییە، کە لەم 30 و چەند ساڵەدا بەرپرسیارییەکیان لەم وڵاتەدا هەبووە".
روحانی بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات. بەڵام نوێنەری پەرلەمان و فەرمانداری شەهریار رەخنەیان لە رۆژنامەنووس و میدیاکان گرتووە و گوتوویانە بابەتەکە گەورە کراوە.
وەک رۆژنامەکانی ئێرانیش باسیان کردووە پۆلیس و هێزەکانی شارەوانیی شەهریار، رۆژی رابردوو هێرشیان کردوەتە سەر گۆڕخەوەکان و گۆڕەکەشیان لێ زەوت کردوون. ئەوان ئێستا پەنایان بە کەلاوەیەک لە قەراخی گۆڕستانەکە بردووە و دەڵێن "گەر وازمان لێ بهێنن، ئێمە بەو گۆڕەش رازین".
29/12/2016
وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا، جارێكی دیكه داوا له پارتی كرێكارانی كوردستان "پهكهكه" دهكات شنگال چۆڵ بكات و دهڵێت: "نابێت پهكهكه هیچ دهسهڵاتێكی له شنگال ههبێت".
مارك تۆنهر، یاریدهدهری گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا، له وهڵامی پرسیارێكی پهیامنێری كوردستان 24، له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا، كهمێك بهر له ئێستا له ئهمهریكا، رایگهیاند، پهكهكه له ناو لیستی تیرۆری نێودهوڵهتییه و پێویسته شنگال چۆڵ بكات.
مارك تۆنهر راشیگهیاند، پێویسته رێككهوتنێكی سیاسی بكرێت بۆ چوونهدهرهوهی پهكهكه له شنگال و ئهوهش دووپاتدهكاتهوه كه پێویسته هاووڵاتییانی شنگال بگهڕێنهوه ناوچهكهو ئهو شوێنه ئاوهدان بكرێتهوه.
ههروهها گوتی: "پهكهكه رێگره له بهردهم ئاوهدانكردنهوهی شنگال".
28/12/2016
بۆ وەرگرتنی كۆچبەرە مەسیحییەكانی عێراق و سووریا حکومەتی ئەڵمانیا رێنمایی نوێی دەرکردووە، بە گوێرەی رێنماییەکەش کرێستیانەکان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پێویستیان بە کەیس نابێت.
ئەو بڕیارەی ئەڵمانیا بەشێک لە بەرپرسانی مەسیحی باشووری کوردستان و عێراقی نیگەرانکردووە، ئەوان دەڵێن بڕیارەكە کۆچی بە کۆمەڵی مەسیحیەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
رۆمیۆ هەكاری، سكرتێری حیزبی بەیت نەهرین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئێمە هەر لە سەرەتاوە دژی پرۆسەی كۆچكردنی بە كۆمەڵی گەل بووین بۆ ئەوروپا، بۆیە چەندین جار یاداشتمان پێشكەشی كونسوڵگەری و نوێنەری وڵاتانی ئەوروپی لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە هانی گەلی ئێمە نەدەن خاك و زێدی باوك و باپیرانیان جێبهێڵن، چونكە ئەمە مەترسی لەسەر ئایندە و چارەنووسی گەلی ئێمە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دروستدەكات".
هەكاری ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەرچی لەگەڵ ئازادبوونی دەشتی نەینەوا لەژێر دەستی داعش كۆچكردنی مەسیحییەكان كەمی كردووە، بەڵام بە فەرمی رایانگەیاندووە، "هەر كەس و وڵاتێك كارئاسانی بۆ 10 مەسیحی بكات، لە لای ئێمە هاوشێوەی داعشە".
لە ماڵپەڕی فەرمی وڵاتانی ئەوروپی و هەندێك وڵاتی وەكو كەنەدا و ئەمریكا هاندان بۆ كۆچی مەسیحییەكان بۆ ئەو وڵاتانە دەبینرێت، بەهۆی ئەو سیاسەتی هاندانە هەفتانە پێنج ماڵباتی مەسیحی لە عێراقەوە كۆچ دەكەن، كە وایكردووە ژمارەی مەسیحییەكان لە نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار كەسەوە، بۆ نزیكەی 500 هەزار كەس، كەم ببێتەوە، كە زۆرینەیان بە هۆی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان، ئاوارەی باشووری كوردستان بوونە.
زیا بوترس، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بە (تۆری میدیایی رووداو)ی راگەیاند، كۆچكردن مافێكی سەرەتایی مرۆڤە بۆ ئەوەی بە دوای سەقامیگری و ئاسایش بگەڕێت، بەڵام كردنەوەی دەرگای هەندێك وڵاتی ئەوروپی بۆ مەسیحییەكان دەرئەنجامی مەترسیداری لە سەر ئایندەی مەسیحییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت.
زیا بوترس دەشڵێت "مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان پێویستیان بە هاوكارییە، ئەگەر ئەو وڵاتانە راست دەكەن بابێن لێرە هاوكاری مەسیحییەكان بكەن".
بەگوتەی بوترس رۆژانە مەسیحییەكانی عێراق و باشووری كوردستان لە وڵاتانی توركیا، لوبنان، ئوردن و میسر لە نووسینگەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆیان ناونووس دەكەن، بۆ ئەوەی وەكو پەنابەر لە یەكێك لە وڵاتانی رۆژئاوا بژین.
بەپێی زانیارییەكانی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پارێزگانی عێراق لە ساڵی 2013 تەنیا لە پارێزگای موسڵ لە ماوەی یەك شەودا دوو هەزار و 261 خێزان مەسیحی ماڵەكانیان جێهێشتوو. جگە لەوەی ژمارەی دانیشتوانی مەسیحی لە بەغدای پایتەختی عێراق لە نیو ملیۆن كەسەوە بووەتە نزیكەی 90 هەزار كەس، كە زۆرینەیان بەرەو ئەوروپا و باشووری کوردستان كۆچیان كردووە.
28/12/2016
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتیی کوردستان(حدک) ئاماژەی بەوە کرد، واز لە بابەتی تەقینەوەکەی کۆیە ناھێنن و هێزەکانی خۆیان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری سەرەکیی تەقینەوەکانی کۆیە خستووەتە ئامادەباشییەوە.
دوای ئەوەی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، دوو تۆمەتباری تەقینەوەکانی شەوی ٢٠ لەسەر ٢١\١٢\٢٠١٦ی نزیک بارەگای حیزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک) لە شاری کۆیە، بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، دەستگیر کراون، بەڵام ئەنجامدەری سەرەکیی ڕووداوەکە هەرچەندە ئاشکرا کراوە، دەستگیر نەکراوە و هەڵاتووە.
لەمبارەیەوە ئیبراھیم زێوەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حدک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە چاوەڕوانی ھەڵوێستی دەفتەری سیاسیی حدک دەکەین، تائێستا ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە، بەڵام چاوەڕوانین بەدواداچوون بکەن“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”دەبێت دەفتەری سیاسی کۆببێتەوە و ڕێنمایی بدات بە ئێمە، ھەم لە سلێمانی و لە شوێنەکانی دیکە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە واز ناھێنین تا بکەری سەرەکیی تەقینەوەکە ئاشکرا دەکەین".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حدک جەختی لەوە کردەوە: "لەئاستی دەزگا ئەمنییەکانی خۆمان، بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە دەکەین و ڕێگا نادەین بە سانایی تێپەرێت، بۆیە هێزەکانی خۆمان خستووەتە ئامادەباشییەوە".
پێشتر بەرپرسانی حدک ئەوەیان ڕاگەیاندبوو کە ئەوان ئەنجامدانی تەقینەوەکانی بەردەم بارەگای حدک لە کۆیە، بە کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانن.
27/12/2016
رۆژی 23/12/2016، ئەمریكا بە دەنگدانی سپی رێگەی بە نەتەوە یەكگرتووەكان دا بڕیارنامەیەك لە دژی پرۆژەكانی نیشتەجێكردنی جوو لە ناوچە داگیركراوەكانی فەلەستین دەربكات. ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمریكی و ئیسرائیلی ئاشكرایان كردووە ئەم بڕیارەی ئۆباما پەیوەندی بە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاوە هەبووە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە كاتێكدایە كە ئۆباما تەنیا چوار هەفتەی لە كۆشكی سپی ماوە. رەنگە ئەمە دوایین گورزی سەختی ئیدارەی ئۆباما بێت لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بە دەگمەن هەنگاوە سیاسییەكانیان پێكەوە تەبا بووە. ئەم بڕیارەی ئیدارەی ئۆباما لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا نەریتشكێنی بوو.
بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز، جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكای بەوە تۆمەتبار كرد كە لە پشت ئەم "هەنگاوە شەرمەزاركەرەن". بەرپرسە ئیسرائیلییەكە كە نەیویستووە نای ئاشكرا بكرێ، راشیگەیاند "ئیدارەی ئەمریكی بە نهێنی لەگەڵ فەلەستینییەكان پلانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم بڕیارنامە دژە ـ ئیسرائیلییە داناوە".
بەدواداچوونێكی تایبەتی وۆڵ ستریت جورناڵ پەردە لەسەر لایەنی شاراوەتری ئەو هەنگاوەی واشنتن هەڵدەداتەوە. بەگوێرەی راپۆرتێكی ئەم رۆژنامەیە، بڕیارنامەی تایبەت بە پرۆژەكانی نیشتەجێكردنی جوو لە كەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئورشەلیم، ماوەی یەك ساڵ لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستاودەستی پێكراوە. ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكیش بۆ رۆژنامە ئەمریكییەكەیان ئاشكرا كردووە كە ئاكامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، بژارەكانی بەردەم ئیدارەی ئۆبامای ئاڵۆزتر كردووە.
بەگوتەی ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئیدارەی كۆشكی سپی بە نیاز نەبووە هەنگاوێك بنێت كە دواتر كێشە بۆ هیلاری كلینتن دروست بكات، لەبەر ئەوەی كلینتن هەموو كات وەكوو پاڵپشتیكارێكی گەورەی ئیسرائیلییەكان سەیركراوە، بەڵام كلینتن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دۆڕا. پلانی ئیدارەی ئۆباما بۆ چارەسەری كێشەی ئیسرائیل و فەلەستینییەكان لەسەر بنەمای دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستین دامەزرابوو، ئەم رێگەچارەیە بە "رێگەچارەی دوو دەوڵەت" ناوی دەركردبوو، بەڵام پرۆژەكانی ئیسرائیل شكستی بە هەوڵەكانی ئیدارەی ئۆباما هێنا.
ژمارەیەك بەرپرسی ئیسرائیلیش ئاشكرایان كردووە حكومەتی وڵاتەكەیان چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد كۆشكی سپی پاش سەركەوتنی ترەمپ كۆمەڵێك هەنگاو بنێت كە لە بەرژەوەندی سیاسەتی حكومەتی ئیسرائیل نین.
رۆژی 12ی كانوونی یەكەم جۆن كێری لە واشنتن لەگەڵ دانوستانكاری فەڵەستینییەكان كۆببووەوە. بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل لەمبارەیەوە بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە لەو كۆبوونەوەیەدا "كێری لەگەڵ فەڵەستینییەكان پیلانی ئەوەیان داناوە بڕیارنامەكە تێپەڕێنن". بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریكا ئامادەیە دەنگی سپی یان بێلایەن بە بڕیارنامەكەی كۆمەڵگای نێودەوڵەت بدات.
هەڵبەت دیپلۆماتە فەڵەستینییەكان لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە بیریان لەوە كردبووەەوە هەوڵ بۆ ئامادەكردنی بڕیارنامەیەكی ئەنجوومەنی ئاسایش بدەن. بۆ ئەم مەبەستەش دوو رەشنووسیان ئامادەكردبوو. یەكەمیان ئیدانەی پڕۆژەی نیشتەجێكردنی ئیسرائیل دەكات، دووەمیان داوا دەكات دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا بنرێت كە دواتر وازیان لێی هێنا، چونكە گومانیان هەبووە ئەمریكا بتوانێ پشتیوانی لێبكات. بۆیەش هەوڵەكانیان لەسەر رەشنووسی یەكەم چڕكردووەتەوە.
لە كۆتایی مانگی پێشوو، كۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەچوو، لەو كۆبوونەوەیەدا داوا كرا میسر، وەكوو تاكە وڵاتی عەرەبی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرپەرشتی هەوڵی فەڵەستینییەكان بكات. میسر ئەم بەرپرسیارێتییەی قەبووڵكرد، بەڵام پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر، قاهیرە رەشنووسەكەی خۆی كێشایەوە.
هەمان شەو ئۆباما كۆنفرانسێكی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆن كێری، جۆزێف بایدن، جێگری ئۆباما و سامانسا پاوەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان سازدابوو. پەیامی ئۆباما روون بوو، واتە سەرۆك ئامادەیە دەنگی سپی بە بڕیارنامەكە بدات، لە هەمانكاتیشدا داوای كردبوو لە دوایین گۆڕانكارییەكان لە رەشنووسی پڕۆژە بڕیارەكە ئاگادار بكرێتەوە.
رەشنووسی بڕیارنامەكە لە لایەن نیوزیلاند، مالیزیا، ڤەنزوێلا و سنیگال ئامادەكرابوو و داوای راگرتنی پرۆژەكانی نیشتەجێكردن لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچە داگیركراوەكان دەكات. رۆژی پێشتر میسر پێشنیازێكی هاوشێوەی ئامادەكردبوو، بەڵام لە ژێر گوشاری ئیسرائیل و ترەمپ رەشنووسەكەی خۆی كێشایەوە.
هەنگاوەكەی ئیدارەی ئۆباما ناڕەزایەتی كۆمارییەكان و دیموكراتەكانی لێكەوتووەتەوە، هەردوو لایەنیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەمریكا دەبوایە وەكوو نەریتی هەمیشەیی خۆی ئەم جۆرە بڕیارنامانە كە لە دژی ئیسرائیلن، ڤیتۆ بكات، هەڵبەت سەرۆكە یەك لە دوای یەكەكانی ئەمریكا بەردەوام دژایەتی خۆیان لەگەڵ پڕۆژەی نیشتەجێكردن لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەربڕیوە، بەڵام هیچكات ئەم دژایەتییە خۆی لە چوارچێوەی بڕیارێكی یاسایی و سیاسیدا نەبینیبووەوە.
دوایین هەفتەكانی دەسەڵاتی ئۆباما بە "زۆن یان ماوەی كوشتن" ناوی دەكردووە كە تێیدا ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپی كۆمەڵێك هەنگاو دەنێت یان بڕیار دەدات كە هەڵوەشاندنەوەیان بۆ ئیدارەی داهاتووی كۆشكی سپی ئاسان نابێت. سەرەڕای ئەمە ترەمپ دوای تێپەڕینی بڕیارنامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە تویتێكدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە "لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا، لە دوای 20ی كانوونی دووەم شتەكان جیاواز دەبن". بێن رۆدز، جێگری راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، لە وەڵامی ئەو تویتەی ترەمپ گوتبووی "حاڵی حازر ئەمریكا تەنیا یەك سەرۆكی هەیە".
ئیسرائیل پابەند نابێت
چەند دەیەیە ئیسرائیل سیاسەتی نیشتەجێكردنی ئیسرائیللەكان لەو ناوچانە پەیڕەو دەكات كە لە ساڵی 1967 و لە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەستی بەسەردا گرتن. زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل بە نایاسایی دەزانن و پێیانوایە بەربەستێكی سەرەكییە لە بەردەم ئاشتیدا.
بەپێی بڕیارنامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە رۆژی 23/12/2016 دەنگی لەسەر دراوە، داوا لە حكومەتی ئیسرائیل دەكرێ "دەمودەست و بە تەواوەتی چالاكییەكانی نیشتەجێكردن لە ناوچەی داگیركراوی فەڵەستین رابگرێت. چونكە ئەو چالاكیانە هیچ ئیعتیبارێكی یاسایی نییە و پێشێلكردنێكی زەقی یاسای نێودەوڵەتییە". بەڵام بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ئیسرائیل پابەندی بڕیارنامەكە نابێت".
29/12/2016