ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە کێنتارۆ سونۆرا، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2017 -1- 11لە نێوان سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەوڵەتی ژاپۆن، هاوکات فۆمیۆ ئاوا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و کاتسۆمی مۆریاسۆ، کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
لەدیدارەكەدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن، خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵ و خەباتیان لە چەسپاندنی ئاشتی و بەرەوڕوو بوونەوەی تیرۆر. هەروەها سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند کە توانیویانە تیرۆریستان تێک بشکێنن.
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ڕاشیگەیاند "کە وڵاتەکەی دەیەوەێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات و بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ کونسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر دەکرێتەوە و کاتسۆمی مۆریاسۆی وەک کونسووڵی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆک بارزانی ناساند.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکارییکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا ڕاگەیاند، بە تایبەتیش لە پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕ و پەرەپێدانی ئابووری و پیشەسازی و تەندروستی.
دواتریش وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد سەرنج و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە داهاتووی تیرۆریستان بخاتەڕوو تا بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت.
لە بەرانبەردا بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، دەستخۆشی و پیرۆزبایی کردنەوەی کونسووڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر ئاراستەی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن و شاندی یاوەری کرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ژاپۆنی كرد و كردنەوەی كونسووڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا وەسف كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن ڕاگەیاند.
سەبارەت بە ئایندەی تیرۆریستان بارزانی ڕایگەیاند: "پێشمەرگە توانی مەترسیدارترین و دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی و دوژمنی مرۆڤایەتی تێک بشکێنێت کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان. ئێستا ئەگەرچی داعش لە داڕووخان و شکستی گەورە دایە، بەڵام ئەوە مانای وا نییە کە تێکشکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەڕووی سەربازییەوە دەبێتە کوتاییهاتنی تیرۆر و توندڕۆیی، چونکە ڕەنگە بەناوی جیا و شێوازی جیاواز دەربکەونەوە. بۆیە پێویستە هەماهەنگی و هاوکارییەکی هەمەلایەنە هەبێت بۆ لەناوبردنی تیرۆر و توندڕۆیی، نەک هەر تەنیا لە ڕووی سەربەزی بەڵکوو لە هەموو ئاستەکاندا.
باسکردنی ڕەوشی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بو
11/1/2017
دوای هەشت ساڵ سەرۆكایەتی، باراك ئۆباما گوتاری ماڵئاوایی لە شیكاگۆ پێشكەشكرد و رایگەیاند، ئەمریكای ئەمڕۆ لە ئەمریكای هەشت ساڵ پێش ئێستا بەهێزترە.
باراک ئۆباما، 44-مین سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، كاژێر 05:00ی بەیانی رۆژی چوارشەممە 11-1-2017 بە كاتی هەولێر، دوا گوتاری وەک سەرۆک پێشکەشکرد.
ئۆباما لە گوتاری ماڵئاوایی لە شیکاگۆ ئاماژەی بەوەكرد، ئەمریکا لە شەڕکردن دژی تیرۆر و داعشیش بەردەوام دەبێت و رایگەیاند "كۆمەڵێک گرووپ هەن تەنیا ترس و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئەمریکا رێگەنادات بەردەوام بن لەو کارانە و لەڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەر داعشدا زاڵ دەبن و تێکدەشکێندرێن".
لە گوتارەکەیدا راشیگەیاند "لە هەشت ساڵی رابردوودا بە دەیان هەزار تیرۆریستمان کوشتوون، لەنێویاندا ئوسامە بن لادن". جەختیشی كردەوە هیچ کەس و گرووپێک ناتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا.
بەشێكی دیكەی گوتارەكەی ئۆباما تایبەت بوو بە ركابەرایەتی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی دیكە و گوتی "رووسیا و چین ناتوانن بگەنە ئاستی کاریگەرییەکانی ئێمە لە سەرانسەری جیهان، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە ئێمە کۆڵبدەین و خۆمان بخەینە نێو وڵاتێکی گەورە کە ئازاری ناوچە بچووکەکان بدات".
لەبارەی دیموكراسیش گوتی "دیموکراسی ئێمە لەژێر هەڕەشەدا دەبێت، هەر کاتێک دەستمان لێی هەڵگرت، هەموومان بێ رەچاوکردنی حیزب، پێویستە خۆمان بخەینە ژێر ئامانجی بنیاتنانەوەی دامەزراوە دیموکراسییەکانمان" .
بەبۆچوونی ئۆباما وەك لە گوتارەكەی ئاماژەی پێدا "سیاسەت جەنگی ئایدیاکانە، دیموکراسی ئێمە بەمشێوەیە دیزاینکراوە، لە چوارچێوەی دیبەتێکی تەندروستدا، ئامانجە جیاوازەکانمان دیاردەکەین و بە رێگەی جیاوازیش بەدەستیان دەهێنین، بەڵام بەبێ بوونی چەند هێڵێکی گشتی بنچینەیی راست، بەبێ بوونی خواستی پەسندکردنی پێکهاتەی نوێ و هەروەها بڕوابوون بەوەی کە رکابەرەکەت کاری باش دەکات و، بەبێ بوونی زانست و پاساوی گونجاو، ئێمە بەردەوام دەبین لە باسکردنی رابردووی یەکدی و، هەروەها زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنین و سازش لەسەر شتی رێتێنەچوو دەکەین".
گوتارەكەی ئۆباما لەکاتێکدایە رۆژی 20-1-2017 ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەستبەکار دەبێت.
باراک حوسێن ئۆباما:
- لە 4ی ئابی 1961 لە هاوای لە دایکبووە.
- ئەندامی پارتی دیموکراتی ئەمریکایە.
- لە هەریەکە لە زانکۆکانی کۆڵۆمبیا و هارڤەرد خوێندوویەتی.
- لە ساڵانی 1997 بۆ 2004 ئەندامی سینەتی ئیڵینۆس بووە.
- لە 2005 بۆ 2008 ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بووە.
- لە 20ی کانوونی دووەمی 2009 بووە 44-مین سەرۆکی ئەمریکا.
- دوو خول لەدوای یەك سەرۆكایەتی ئەمریكای كرد (2008-2016)- یەکەمین رەشپێستە بووبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
11/1/2017
پەردەیەک کە ریخۆڵەکان بە دیواری سکەوە دەبەستێتەوە، لەلایەن پزیشکانی هۆڵەنداوە سەلمێندرا کە ئەندامێکی سەربەخۆی جەستەیە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. نێوەندە زانستییەکانیش پێیانوایە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو ئەندامە نوێیە سەردەکات بۆ چارەسەرکردنی چەندین حاڵەتی سکئێشە و تەنانەت تێگەیشتنی زیاتر لە شێرپەنجەی کۆلۆن.
سەدان ساڵە ئەم پەردەیە ناسراوە، بەڵام وەک پێیوست لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نەکراوە و وەک بەشێک لە ریخۆڵەکان دادەنرا کە تەنیا کاری ئەوەبێ بیانبەستێ بە دیواری سکەوە، بەڵام توێژینەوە نوێیەکە کە لە جۆرناڵی زانستیی لانسێت بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ ئەو پەردەیە تەواو سەربەخۆیە و پێکهاتەیەکی تەواو سەربەخۆ و جیاوازی لە ریخۆڵە و ئەندامانی دیکەی جەستە هەیە.
توێژەرانی هۆڵەندی دەڵێن لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئاشناترن بە پێکهاتەی ئەو پەردەیە، بەڵام هێشتا بە وردی نازانن کاری چییە. پێشبینیش دەکەن توێژینەوەکانی داهاتوو دەرگای زۆرتر واڵا بکەن لە بەردەم دۆزینەوەی چارەسەری زۆرتری نەخۆشییەکانی هەرس و سکئێشە و رووبەڕووبوونەوەی سکئێشەی کۆلۆن.
پرۆفیسۆر کاڵڤن کوڤی لە زانکۆی (لمیرک)ی ئێرلەنداوە کە سەرپەرشتی توێژینەوە و دۆزینەوە نوێیەکەی کردووە، پێشنیاز دەکات بەشێکی زانستیی سەربەخۆ بونیات بنرێ کە کاری ئەوە بێ بە وردی لە کارەکانی ئەو پەردەیە بکۆڵێتەوە.
11/1/2017
جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ جەختی لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ کردەوە و، دەڵێ دەتوانین لەگەڵ رووسیا کێشەکانی جیهان چارەسەربکەین.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە توویتێکدا نووسیویەتی "هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ رووسیا، شتێکی باشە، نەوەک خراپ. تەنیا کەسانی گێل پێیان وایە ئەوە کارێکی خراپە".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێ، چەندین کێشەی گەورە لە جیهاندا هەن، بۆیە پێویست ناکات کێشەی دیکە زیاتر بکرێن. راشیدەگەیێنێت، پێدەچێت هەردوو وڵات بەیەکەوە کاربکەن بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کێشە گەورەکانی جیهان.
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا، چەندینجار ڤلادیمێر پوتن، سەرۆککۆماری رووسیا، پێشوازیی لە لێدوانەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن کردووە.
پوتن، دەڵێ "بەڕێز ترەمپ، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاند: گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا ئاسایی بکرێنەوە. گوتیشی ناکرێت ئەم پەیوەندیانە گرژتر بکرێن. منیش هاوڕام لەگەڵیدا، بۆیە پێکەوە بیر لەوە دەکەینەوە چۆن بتوانین ئەم پەیوەندییانە ئاسایی بکەینەوە".
توویتەکانی ترەمپ لە کاتێکدان، دەزگا هەواڵگریی ئەمریکا، لە رێی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکەوە، ئاشکرایکردووە، رووسیا هەوڵیداوە زیان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی هیلاری کلینتن، کاندیدی پارتی دیموکراتەکان بگەیێنێت و، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەری رابردووی ئەمریکا لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ هەبێت.
هەروەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، ئەمریکا دەیان سەربازی هێزە تایبەتییەکانی بۆ پۆڵەندا، لاتیڤیا، لیتوانیا و ئەستۆنیا گواستووەتەوە، ئەوەش وەک پیشاندانی پاڵپشتییەک بۆ سوپای ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی رووسیا.
رۆژی هەینی رابردوو 6-10-2017 دەیان تانک و ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازیی ئەمریکا گەیشتنە باکووری ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لەوێوە بۆ وڵاتانی ئەستۆنیا، پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیا بگوازرێنەوە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا نزیکەی 3500 سەربازی دیکەی ئەمریکی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆوە بگەنە ئەو وڵاتانە.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن ئامانج لە گواستنەوەی ئەو سەرباز و چەکە پێشکەوتووانە، یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنە لە وڵاتانی هاوپەیمانیان لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
20-1-2017 دۆناڵد ترەمپ، وەکو 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت، بەڵام روون نییە ترەمپ و پوتین کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ، هەروەها رەوشی نیگەرانکەرانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەهێنن، یان نا.
10/1/2017
ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی توركیا دەنگ بۆ گۆڕینی چەند مادەیەكی دەستووری توركیا دەدات، بەڵام هەدەپە ڕای گەیاندووە ئەوان وەكوو هەدەپە بە هیچ شێوەیەك بەشداریی ئەو دەنگدانە ناكەن، چونكە هەردوو هاوسەرۆكانی هەدەپە لە زیندانن و ڕێگەیان لێ گیراوە دەنگ بدەن.
فیلیز كەرەستەجی ئۆغلوو، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە 2017 -1- 10 لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگ بۆ چەند مادەیەكی سیستەمی سەرۆكایەتی دەدرێت، كە هیچ پەیوەندییەكی بە ژیانی خەڵكەوە نییە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی یەك كەس نووسراوەتەوە، بۆیە هەدەپە بە هیچ شێوەیەك لەو تاوانەدا نابێتە شەریك."
بە گوێرەی گوتەكانی ئەو وەكوو هەڵوێستێك بەوەی ڕێگەیان نەداوە هاوسەرۆكانی هەدەپە كە ئێستا لە زیندانن دەنگ بدەن، هەروەها چەند ئەندام پەرلەمانێكی دیكەی هەدەپەش كە لە زیندانن مافی دەنگدانیان لێ وەرگیراوەتەوە، بۆیە تەواوی ئەندام پەرلەمانانی هەدەپە بایكۆتی دەنگدان دەكەن."
هاوکات ئەیهان بەلگین گوتەبێژی هەدەپە لە پێگەی خۆی لە تویتەر پشتگیری لەو گوتانەی فیلیز كرد و، ئاماژەی دا ئەوەی ئەو گوتوویەتی بۆچوونی هەموو ئەندام پەرلەمانێكی هەدەپەیە.
10/1/2017
نوێنەرانی پەرلەمانی ئیران دوێنێ دووشەممە پڕۆژە بڕیاری زیادکردنی بوودجەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان پەسەند کرد کە بڕیارە ساڵی 1396ی هەتاوی زیاد بکرێت.
بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی ئێران ئەو پڕۆژە بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی شەشەمی گەشەدا گونجێنراوە و بڕیارە 5%ی بەوودجەی گشتیی ئێران بۆ کاروباری سەربازی تەرخان بکرێت.
بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران بەم بڕیارە خۆشحاڵ بوون، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئێران، پێشتر ساڵانە 2%ی بوودجە بۆ پرسی سەربازی تەرخان دەکرا.
بەڕای کارناسانی سەربازی و شرۆڤەکارانی پرسی ئێران و ناوچە، زیادکردنی بوودجەی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە لەوانەیە ببێتە گرژی وئاڵۆزی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕۆژئاوا و وڵاتانی ناوچەکە کە تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەم دوایانەی ئێران بە پێشێلکاری بڕیارنامە نێودەولەتییەکان هاتووەتە ئەژمار.
ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویە لە دانیشتنی دوێنێدا 173 پەرلەمانتاری ئێران دەنگی ئەرێنییان بەو پڕۆژە بڕیارە داوە و لە بەرانبەردا 10 نوێنەر دژی بوون، ئەم پڕۆژە بڕیارە ئەو ئەرکە دەخاتە سەر ئێران کە بۆ بەربڵاوترکردنی توانایی سەربازی و بەرگری و گەرەنتیکردنی بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەو وڵاتە، هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەڕ.
10/1/2017
پەرلەمانتارێک: هەر كەسێك رەگەزنامەی بیانی هەبێت سزادەدرێت
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لەبارەی بوونی رەگەزنامەی بیانی هۆشداری دەدا و دەڵێت، هەبوونی رەگەزنامەی بیانی بۆ هاووڵاتیانی ئێران تاوانە و ئەو کەسانەش کە رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەیان وەرگرتووە، رەگەزنامەی ئێرانییان لێ وەردەگیرێتەوە و لە مافی هاوڵاتیبوون بێبەش دەکرێن.
دەزگای دادی ئێران رایگەیاندووە ئێران مافی هاووڵاتیبوونی ئەو کەسانە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە خاوەن رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەش بن.
هاوكات گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، هەڵگرتنی رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە بۆ ئێرانییەکان بە تاوان وەسف دەکات و دەڵێت "وەرگرتنی مافی هاووڵاتیبوونی وڵاتێکی دیکە، کارێکی قبووڵ نەکراوە لە ناوخۆی وڵاتان و سزای ئەو کەسانەش بێبەشبوونە لە مافی هاووڵاتیبوونی ئێرانی و مافی خاوەنداریی ماڵ و موڵک و هەبوونی پیشەی حکومی."
بەگوتەی حوسێن نەقەوی حوسێنی، بەپێی یاسای شارستانیەت، مافی هاووڵاتیبوون لەو کەسانە دەسەندرێتەوە. حوسێنی داڕشتنی یاسایەکی گشتگیر سەبارەت بە رەگەزنامە و مافی هاووڵاتیبوون بەپێویست دەزانێت و دەڵێت "بۆشایی یاسایی لەمبارەوە بووەتە رێگر لەوەی بەپێی پێویست دژی خاوەن دوو رەگەزنامەکان مامەڵە بکرێت."
لەنێو دامودەزگا ئاسایشییەکانی ئێراندا هەستیارییەکی زۆر هەیە بەرامبەر ئێرانیانی دانیشتووی وڵاتانی دیکە و ئەوانەی هەڵگری دوو رەگەزنامەن.
تووندڕەوەکان زۆرجار سەبارەت بە ئەگەری سیخوڕبوونی ئەو کەسانە هۆشدارییان داوە، تەنانەت نموونەی ئەو ئێرانیانەی خاوەن دوو رەگەزنامەن زۆرە، کاتێک بە سەردان گەڕاونەتەوە بۆ ئێران، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیر و زیندانیکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە ماوەیەک پێش ئێستا تەنانەت وەزیری ئیتڵاعاتی حکومەتی حەسەن رۆحانی کە خۆیشی لە بناژۆخوازەکانە، رەخنەی لەو بۆچوونە گرت و گوتی ناکرێت تۆمەتی سیخوڕیکردن بدرێتە پاڵ هەرکەسێک، کە بەپێی بۆچوونی کارناسانە کاری سیخوڕیی نەکردبێت.
مەحموود عەلەوی گوتی "بەجۆرێک باسی خاوەن دوو رەگەزنامەکان دەکرێت، وەک ئەوەی هەرکەس رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەی هەبێت، گەندەڵ، بێگانە، وڵاتفرۆش و سیخوڕە. "
بەپێی ماددەی 41ی دەستووری ئێران، مافی هاووڵاتیبوونی ئێران، مافی رەوای هەموو ئێرانییەکە و حکومەت ناتوانێت ئەو مافە لە هیچ ئێرانییەک زەوت بکات، مەگەر کاتێک خۆی داوای کردبێت، یان کاتێک مافی هاووڵاتیبوونی وڵاتێکی دیکەی وەگرتبێت.
سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەلێک جار رایگەیاندووە دوو رەگەزنامەیی بەفەرمی ناناسێت، بەڵام لە یاساکانی ئێراندا دوو رەگەزنامەیی بە تاوان هەژمار نەکراوە.
9/1/2017
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، ئێوارەی دوێنێ تەرمی کوڕە گەنجێکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەشتی "دێلزیان"ی سەر بە سۆران دۆزراوەتەوە.
لەم بارەوە نەقیب هاوار، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلسی سۆران ئەمڕۆ دووشەممە 2017 -1- 9 بە ئاژانسی (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "دوێنێ ئێوارە لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار کراینەوە لە دەشتی دێلزیان بە بوونی تەرمی هاووڵاتییەک بەناوی "پ.ع.ح" کە بە ئەسڵ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و دانیشتووی گەڕەکی ئازادی و تەمەنی بیست و 25 ساڵە."
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتیشی "دوای هێنانی تەرمەکەی بۆ پزیشکی یاسایی سۆران دەرکەوتووە کە هیچ ئاسەوارێکی برین، کوشتن و خنکانی پێوە دیار نییە و دوای ئامادەبوونی دایک و باوکیشی پێیان ڕاگەیاندین کە ڕۆژی شەممە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "بەمەبەستی زانین و هۆکاری سەرەکیی گیان لەدەستدانی ئەو گەنجە ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە و لێکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە."
هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە (باسنیوز) گەیشتوون، ئەو کوڕە گەنجە ناوی "پەیمان مورادی، ئەندامی ڕێکخراوی (یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ی سەر بە (حدک)ە لە ناوچەی سۆران.
9/1/2017
سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئیران دەنێرێت و تێیدا رایدەگەیەنێت، کە رەفسەنجانی دۆستی وڵاتەکەی بوو.
لە پەیامەکەیدا، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای دەربڕینی ”داخ و پەژارەی زۆر“ بۆ کۆچی دوایی هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی پێشووتری ئێران، رایگەیاندووە، ”پرسە و ماتەمینیی قوڵ بۆ ئێوە و گەلی ئێرانی دۆست و خانەوادە و كەس و كاری كۆچكردو دەردەبڕین“.
فوئاد مەعسوم هەروەها لە پەیامەکەیدا، کە بۆ ”فەخامەتی“ حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە، رایگەیاندووە، ”وڵاتەکەمان وەک دۆستێک“ هاشمی رەفسەنجانی دەناسێت و ”لە ساتە زۆر دژوارەكاندا“ هاوسۆزی گەلی عێراق بووە.
دەقی پەیامەکەی مەعسوم بۆ رۆحانی:
“فەخامەتی سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران دكتۆر حەسەن رۆحانیی بەڕێز،
بەداخ و پەژارەی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رەیژێم لە كۆماری ئیسلامیی و سەرۆكی پێشوتر شێخ هاشمیی رەفسنجانیی مان پێگەیشت كەوڵاتەكەمان وەك دۆستێك دەیناسێت لە ساتە زۆر دژوارەكاندا هاوسۆزیی بووە، لە كاتێكدا بۆ ئەم كۆستە قورسە گەرمترین ماتەمینییتان پێشكەش دەكەین، پرسە و ماتەمینیی قوڵ بۆ ئێوە و گەلی ئێرانی دۆست و خانەوادە و كەس و كاری كۆچكردو دەردەبڕین، بەو پەڕی شانازیشەوە یادی پێگەی مەزنی كۆچكردو دەكەینەوە لە هەردو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، لە پەروەردگارمان داوایە كۆچكردو بخاتە بەر بەزەیی خۆی و بە بەهەشتیی بەرینی شاد بكات و سەبوریی بە ئێوەش ببەخشێت.
انا لله وانا الیە راجعون
فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆماری عێراق"
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبێت شنگال چۆڵ بکات، چونکە بە چۆڵنەکردنی بیانووی بە تورکیا دەدات.
عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەگەر پەکەکە تەنگاوە بەوەی تورکیا دێتە خاکی کوردستانەوە، گوایە لە بامەڕنی و باشیک هەن، ئەوە با ئەوان لە شنگال بکشێنەوە، هەتا شنگال بەدەردی بامەڕنی نەچووە، کاتی خۆی پەکەکە پەلکێشی سوپای تورکیای کرد بۆ "بامەڕنی و باشیک" ئیستا بووەتە برینی ئێسقان و دەرناکرێت، گوتیشی: "پەکەکە دەیەوێت شنگال بکرێتە تەسفیە حیسابی وڵاتان و ماڵی شەنگالییەکان وێران بکەن”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای کرد: “لە کاتی هێرش بۆ سەر شنگالەوە تاوەکوو ئێستا و جگە لەو ئافرەتانەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، 600 کچی کوردی ئێزدی بزر بوون و ئێستا ئەگەر بۆ سەرەداو بگەڕێین، دەبێت بۆ قەندیل یان کوردستانی ڕۆژئاوا بچین و گومان دەکەین بۆ ئەو شوێنانە گواسترابنەوە”. دەشڵێت: "پەکەکە با بڕوات ئێرە چۆڵ بکات، با بچێت شوێنی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکاتەوە".
9/1/2017
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەموو جارێك بە بڵاوكردنەوەی پۆستێك لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تویتەر میدیاكانی جیهان بە خۆیەوە سەرقاڵ دەكات.
پۆستی ئەمجارەی ترەمپ، بووەتە مانشێتی سایت و ڕۆژنامە جیهانییەكان.
ترەمپ هەر لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكاوە پێی وابووە پێویستە ئەمریكا و ڕووسیا پەیوەندییەكی باشیان لە نێواندا هەبێت، ئەو دژی سیاسەتی ئەمریكا بووە لەبارەی ڕووسیاوە و پێی وایە لەگەڵ ڕووسیا دەتوانن زۆربەی كێشەكان چارەسەر بكەن.
لە تازەترین پۆستیدا كە لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، ترەمپ ئەو كەسانە بە شێت و ئەحمەق دادەنێت كە دژی باشیی پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئەمریكان.
ترەمپ دەنووسێت: "بۆ چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكانی دنیا، پێویستە لەگەڵ ڕووسیا ئەو كێشانە چارەسەر بكەین. باشیی پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و ڕووسیا هیچ شتێكی خراپ نییە و تەنیا ئەو كەسانەی شێت و ئەحمەقن، پێیان وایە نابێت ئەمریكا و ڕووسیا پەیوەندیی باشیان هەبێت".
8/1/2017
سیناتۆرێکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، کە پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ هەولێر تاوتوێ دەکەن.
مارکۆ رۆبیۆ، سیناتۆری ئەمریکی بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ”لایەنێکی بەهێزی“ شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعشە و پێویستە هەردوو لایەنی ئەمریکی و هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی شەڕی دژی داعش کار بکەن.
مارکۆ رۆبیۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی بە ”هاوپەیمانێکی بەهێز“ی ئەمریکا ناو بردووە و رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان ”بەشێکی گرنگە لە ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە هەروەها رایگەیاندووە، کە لە داوای سەربەخۆبوونی کوردستانی باشوور تێ دەگات و ”ئەمە پرسێکە بە یەکەوە کاری لەسەر دەکەین“.
8/1/2017
یەکەمین هێز کە ناوچەی ململانێکان جێدەهێڵێت، کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەدمیراڵ کۆزنیتسۆڤە
ژەنەراڵ ڤالێری گیراسیمۆڤ، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی رووسیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی رووسیا، وەزارەتی بەرگری دەستدەکات بە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە سووریا.
کشاندنەوەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا دوای ئەوە دێت، مانگی رابردوو رووسیا، ئێران و تورکیا لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا ئاگربەستی سەرتاسەریان لە سووریا راگەیاند.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2016، ڤلادیمێر پوتین رایگەیاند مۆسکۆ رەزامەندی دەربڕیوە بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە سووریا، ئەوەش بە گوتەی پوتین لەسەر بنەمای رێککەوتنی ئاگربەستی سووریایە کە لەنێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە واژۆکراوە.
دوای کەمتر لە یەک مانگ لە راگەیێندراوەکەی پوتین، ڤالێری گیراسیمۆڤ، فەرماندەی هێزە رووسییەکان لە سووریا لێدوانکەی پوتینی بە کردەوە پشتڕاست کردووە.
ڤالیری گیراسیمۆڤ فەرماندەی سەربازی سوپای رووسیا رایگەیاند "لە ناوەڕاستی شەوی 30 مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە رێککەوتنی ئاگربەستی سووریا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام رێکخراوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی نەگرتووەتەوە. بەگوێرەی بڕیاری ڤلادیمیر پوتین، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، وەزارەتی بەرگری رووسیا دەستیکردووە بە کەمترکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە سووریا".
ڤالیری گیراسیمۆڤ هەروەها دەڵێ "یەکەمین هێز کە ناوچەی ململانێکان جێدەهێڵێت، کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەدمیراڵ کۆزنیتسۆڤ و ژمارەیەک لە کەشتییە سەربازییەکانی سەر بەو دەبن" و جەختیشدەکاتەوە لەوەی "لە ماوەی رابردوودا، رووسیا توانیویەتی هەردوو سیستەمی بەرگری ئێس 300 و ئێس 400 لە سووریا جێگیربکات".
کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا چەندین پەیامی سیاسی و سەربازی لە پشتەوەیە. ئیلیاس فەرەحات، فەرماندەی خانەنشین و لێکۆلینڤانی سەربازی، پێیوایە، بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکان پەیامێکی پوتینە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
فەرەحات دەڵێ "ئەوە پەیامێكە لە ڤلادیمیێر پوتین، سەرۆکی رووسیاوە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و (نیشانی دەدات) نییەتی رووسیا لە ناوچەکەدا بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر نەک زیاترکرنی هەژموون یان داگیرکردنی ناوچەکە، بۆیە ئەو ژمارەی هێزەکانی کەمدەکاتەوە".
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2015، رووسیا بە فەرمی دەستی وەردایە نێو سووریا و لە هەفتە کۆتاییەکانی ساڵی 2016 توانی ناوچەی رۆژهەڵاتی حەلەب بگەڕێنێتەوە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا.
7/1/2017
بەندکراوێکی سیاسیی کورد زیاتر لە یەک مانگە لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە و بە دەیان بەندکراوی کورد و ئێرانی پالشتییان لێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکانی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەعید شێرزاد، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان کەلە زیندانی "گەوهەردەستی کەرەج" دەستبەسەرە، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین لە دۆخی نالەبار و ناستانداردی نێو زیندانەکان ماوەی 33 ڕۆژە لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە و 14 بەندکراوی دیکە لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیرییان لە داخوازەکانی ناوبراو کردووە و داخوازاکانیان بە "سینفی و یاسایی" لەقەڵەم داوە.
هاوبەندییەکانی سەعید شێرزاد لەو ڕاگەیەندراوەدا باسیان لەوە کردووە کە؛ بەڕیوەبەرایەتی زیندان، ڕێکخراوی زیندانەکان و دادستانیی تاران، داخوازە سینفییەکانیان پشتگوێ دەخەن و جەختیان لە سینفی و یاساییبوونی داخوازەکانی سەعید شێرزاد کردووەتەوە و دەنگی خۆیان داوەتە پاڵ دەنگی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگرتووە.
سەعید شێرزاد لە وەڵامی کەسوکار و بنەماڵەکەی کە داوایان کردووە مانگرتنەکەی بشێکێنێ، گوتوویە: "ئیزنم بدەن لەبەر دەنگی بێدەنگانی نێو بەندەکان، لەم مانگرتنە بەردەوام بم!".
سەعید شێرزاد، چالاکی سیاسی و ئەندامی "کانوونی داکۆکی لە منداڵانی کار و سەرشەقام"، زیاتر لە مانگێکە لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج لە بەر "ئەمەم انبەر ئەو مانگرتنەیدا دەڵێت "ئەمەم کردووە بۆ ئەو ئازیزانەی کە لەم ڕۆژانەدا گیانیان لە مەترسی دایە و دەنگیان ناگاتە گوێی هیچکەس، دەنگی من دەنگی لێدان و کوشتوبڕ، سووکایەتییەکان، سەرکوتەکان و مەرگە بێدەنگەکانە لە زیندان".
ئەو بەندکژراوە کوردە ئاماژەی بە سووکایەتی مەئموورەکانی زیندان بە بنەماڵەی زیندانییەکان، دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، کوشتوبڕی زیندانییەکان و بێبەش کردنیان لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی کردووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هۆڵی 12 و بەندی 4ی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج، زیاتر لە 60 زیندانیی سیاسی ڕاگیراون کە لەو ڕێژەیە، 20 کەسیان تاوانی "بەرەنگاربوونەوەی خودا"یان دراوەتە پاڵیان و سزای قورسی سێدارە، یان زیندانی درێژ ماوەیان بەسەردا سەپاوە.
سەعید شێرزاد تەمەنی 28 ساڵە و لە بەهاری 2016 دەستبەسەر کراوە و زیاتر لە دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی بەندی 209ی زیندانی ئێڤیندا ڕاگیراوە. ناوبراو لە ساڵی 2016 دا لە لقی 15ی دادگای شۆڕشدا دادگایی کرا و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و دەست تێکەڵکردن بە نیەتی کردەوە لەدژی تەناهیی وڵات" سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.
7/1/2017
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بدات.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رایگەیاند، سەردانی یڵدرم بۆ هەرێمی کوردستان پشتیوانیی ئەنقەرەیە بۆ هەولێر و سوپاسی دەوڵەت و گەلی تورکیاشی کرد بۆ ”ھەموو ئەو ئاسانکاری و پشتیوانییەی لە ھەرێمی کوردستانتان کردووە“.
مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاند، کە هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی دەردی تیرۆر بوون و رووبەڕوو بوونەوەشی، ”پێویستیی بە هاوکاریی و هەماهەنگیی هەم،ەلایەنە هەیە“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ پەرەپێدان بە هاوکاریی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و هیواشی خواست تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، تورکیا و هەموو وڵاتانی دیکە بنبڕ بکرێت.
هەروەها بیناڵی یڵدرم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دڵخۆشیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر دەربڕی و رایگەیاند، ”سەردانەکەی بارزانی لە 23ـی ئاب لە دوای کودەتا شکستخواردووەکە بۆ تورکیا، زۆر گرنگ بوو“ و بۆ ئەمەش سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.
بیناڵی یڵدرم پێیوابوو پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر دوو بنەمایە، کە یەکەم شەڕی دژی تیرۆرە، دووەمیش پەیوەندیی ئابووریی و وەبەرهێنانە و ”دەکرێت زیاتر کاری لەسەر بکەین“.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا جەختی لە دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن، رێکخراوی توندڕەوی داعش و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ بە بەشداریی هیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکسن ”بە شێوەیەکی چالاکانە بەڕێوە دەچێت“.
یڵدرم سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد، لەبەرامبەر پێشوازیکردنی ئەو ئاوارانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا پەنایان بۆ کوردستان هێناوە.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەبارەی پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕای گەیاند: ”کارەکانی ئێمە لەبەرامبەر پەکەکە بەردەوامە، ئەو چالاکییانەی پەکەکە لێرە لە دژی وڵاتی ئێمە دەیکەن، بەهیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت. لێرەدا چی پێویست بێت، تا کۆتایی ئەنجام دەدرێت. ئەو ڕێکخراوە و بەربڵاوبوونی بەرەو ڕۆژئاوای ناوچەی شنگال لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ ناکرێت، ئەوە کێشەیەکی ئەمنییە. بە تەنیا کێشەی تورکیا نییە، لە هەمان کاتدا کێشەی ئەمنیی عێراق و سووریا و ناوچەکانی دیکەشە“.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان هیچ جارێک ڕەزامەندییان لەسەر ئەو واقیعە نیشان نەداوە کە پەیەدە دروستی کردووە و گوتی: ”دەیانەوێت پێشمەرگە و عەرەبەکانی ئێرە دەربکەن. ئەوان سەرچاوەکەیان پەکەکەیە و بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ناوەکەیان بگۆڕن، پەکەکە واتە یەپەگە و پەیەدە. بۆ هەر کردەوەیەک ناوێک دروست دەکەن، بەڵام ئێمە باوەڕ بەوە ناکەین“.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا، لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: ”لە بواری ئابووری، وەزیری پەیوەندیداری ئێمە کاری لەبارەوە دەکەن. بڕیارە لێژنەیەک پێکبهێندرێت، بۆیە لوتکەیەک لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، ئەوەی پێویست بێت ئەنجام دەدرێت. لە بواری تەندروستیش کاری هاوبەش زیاتر پەرەی پێ دەدرێت، هەرچەندە ئێستا لە بواری چارەسەرکردنی نەخۆش، هاوکاریی پێویست هەیە. لە بواری وزە و گواستنەوەدا دەکرێت کار بکرێت“.
لە کۆتاییشدا بۆ داخستنی قوتابخانەکانی سەر بە کۆمەڵەی فەتحوڵا گولەنی، سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد: ”بەهیچ شێوەیەک نابێت قوتابییان زەرەر بکەن، بەڵام دەبێت عەقڵیەتی پەروەردەکاران چارەسەر بکرێت. لەمبارەیەوە وەزیری پەیوەندیداری ئێمە کاری خۆی دەکات“.
8/1/2017