بەرلە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ڕێککەوتنی ناوکیی نێوان کۆماری ئیسلامی و زلهێزانی جیهان " جارێکی تر وتووێژی لەسەر ناکرێتەوە."
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا کە بە بۆنەی یەکەمین ساڵی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ساز کرابوو، عەباس عێڕاقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە "بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ئەمریکا ناتوانێ ئەو ڕێککەوتنە هەڵوەشێنێتەوە."
ترەمپ لە کاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا بە توندی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران دەگرت و بەڵێنی دابوو کە جارێکی تر وتووێژی لەسەر بکاتەوە، بەڵام لەو کاتەوەی کە هەڵبژێردراوە بە ڕوونی باسی لە بەرنامەیەکی دیاریکراوی لەو بارەیەوە نەکردوە.
عێراقچی وریاکردنەوەی پێشووتری عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی دووبارە کردەوە کە بە ئاشکرا گوتی، "ئەگەر ئەوان بیدڕێنن، ئێمە دەیسووتێنین."
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ترەمپ جارێکی دیکە لەم بارەوە گوتی "من نەمگووتوە ئەو ڕێککەوتن ەدەدڕێنم، بەڵکوو ڕەخنەم لێی هەیە و بە خراپترین و ناجێترین ڕێکەوتنی دەزانم، چونکە پارەیەکی زۆر لەخۆڕا درایەوە بە ئێران."
17/1/2017
سهرچاوهیهك له سهرۆكایهتى ههرێمى كوردستان، ئهو دهنگۆیانه ڕهت دهكاتهوه كه بهناوى ڕاوێژكارێك لهسهرۆكایهتى ههرێمهوه بلاوكراوهتهوه.
سهرچاوهیهك له سهرۆكایهتى ههرێمى كوردستان، تایبهت به (باسنیوز)ـى ڕاگهیاند، ئهو دهنگۆیانهى له میدیاكانهوه بهناوى ڕاوێژكارێكى سهرۆكایهتى ههرێمهوه بڵاوكراوهتهوه لهبارهى دهست لهكار كێشانهوهى سهرۆكى ههرێمى كوردستان بۆ چارهسهركردنى ناكۆكی لایهنهكان، دووره له ڕاستییهوه.
ئاماژهى بهوهش دا، كه پێشتر، مهسعود بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، له پهیامێكدا داواى له لایهنهكان كرد، پێكهوه ڕێكبكهون و گۆڕانكارى له ههر سێ سهرۆكایهتییهكهى ههرێمدا بكهن و كهسێك بۆ شوێنى ئهو پێشنیاز بكهن، بهڵام تائێستا گفتوگۆى لایهنهكان بهردهامه و، گوتیشی :" له ئێستادا پێشمهرگه شهڕى دڕندهترین ڕێكخراوى تیرۆریستى دهكات".
ئهمهش له كاتێكدایه كه ژمارهیهك له میدیاكان لهسهر زارى "كیفاح مهحموود"، ڕاوێژكارى ڕاگهیاندنى سهرۆكایهتى ههرێمى كوردستان، ئهوهیان بڵاوكردووهتهوه، كه گوایه بارزانى له پێناو چارهسهركردنى ناكۆكییهكان، دهست لهكار دهكێشێتهوه.
17/1/2017
لە کەمپی ئەلهۆل، کە دەکەوێتە سنووری عێراق و سووریا، زیاتر لە 10 هەزار ئاوارەی شەڕ هەن، لەنێویاندا سێ هەزاریان منداڵن و لە رەوشێكی سەختدا ژیان بەڕێدەكەن.
ئاوارەكانی كەمپی هۆل لە گوندی رەجم سەلیبی لەنێوان عێراق و سووریا لە موسڵ و دێرەزوورەوە، لەژێر دەسەڵاتی داعش هەڵاتوون.
منداڵە بچووکەکان هیچ شتێک لە بارەی جەنگ و شەڕی خوێناوی گەورەکان نازانن. ئەوان لەنێو لێشاوی هەڵاتووەکاندا، لەودیو تەلبەندی کامپەکاندا، هەوای ساردی زستان و خۆڵ و تۆزی گۆڕەپانی نێو کەمپەکە ئۆقرەی لێبڕیون.
كۆچكردنێكی سهخت و پڕ ماندووبوون چاوهڕێی تەواوی منداڵانی ژێر دەستی داعش دەکات، بە رێگە بیابانییەکاندا تاوەکو گەیشتن بە شوێنێکی ئارام، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە بە سەلامەتی نەگەنە شوێنە ئارامەکان.
منداڵێك لەبارەی كاتی ئاوارەبوونیان دەڵێت "ئازارێکی زۆرمان چێشت تاوەکو لەژێر دەستی داعش هەڵاتین. رێگایەکی دوور و سەختمان بڕی. قاچاخچییەکان بۆ هەر کەسێک داوای 300 دۆلاریان دەکرد، بۆ ئەوەی رزگارمان بکەن. ماوەی 10 کاژێر بە بەردەوامی لە رێگادا بووین، بەبێ ئەوەی خواردن و خواردنەوەمان پێبێت. هەتا گەیشتینە بەربەستی رەجم سەلیبی، لە رێگە منداڵێکی بچووکی تەمەن دوو مانگیمان لێ مرد، لەبەر ئەوەی نەخۆش بوو، دەرمانیشمان پێنەبوو".
وەکو منداڵەکان لەنێوان خۆیاندا دەیانگێڕایەوە، دەیان دیمەنی سەربڕین و لەسێدارەدان لە گۆڕەپانەکان لەبەر چاوی منداڵان ئەنجامدراون، ئەو دیمەنانە ببووە کارێکی ئاسایی رۆژانە.
هاووڵاتییەكی كە لە شاری مەیادینی سەر بە پارێزگاری دێرەزوورەوە هەڵاتووە، دەڵێت "بە رێگای بیاباندا بۆ گوندی رەجم سەلیبی هەڵاتین. چەندین خێزان بووین، بۆ ژن و منداڵەکان زۆر زەحمەت بوو، بارودۆخی تەندروستی منداڵەکان زۆر خراپ بوو. یەکێک لە منداڵەکانمان بەهۆی سکچوونەوە گیانی لەدەستدا، دوای 10 رۆژ مانەوە لە بەربەستی رەجم سەلیبی، رێگەیان پێداین بچینە کامپی ئەلهۆل، کە کەمێک لەوێ رەشەکە باشتر بوو".
بە گەیشتنیان بە کامپەکە، بەهۆی برسێتییەوە منداڵان دەستیان بە شوکولاتە و بیسکویت خواردن کرد، کاتێک تێربوون، لە خێمەکانیان چوونە ناو تۆز و خۆڵی کەمپەکە.
لهنێو لێشاوی ههڵهاتووهكاندا، منداڵان به دار و بهرد یاری دهكهن، بەڵام چاوەکانیان پڕە لە ترس و دڵەڕاوکێ، بەهۆی بینینی دیمەنە خوێناوییەکانی جەنگ.
كهمپی ئهلهۆل لهلایهن نهتهوه یهكگرتووهكانهوه له قهراخی بهشی باشووری شارۆچكهی ئەلهۆل له سهرهتاكانی ساڵی 1991، له سهردهمی جهنگی كهنداو دروستکراوە، ئهمڕۆ یهكێكه له كهمپه ههره قهرهباڵخهكان له پەککەوتە و ژن و منداڵەکانی جەنگی سووریا.
16/01/2017
فەرماندەیەكی سوپای پاسداران نیگەرانە لە زۆربوونی کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان و بە هەوڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتباریان دەکات، دەشڵێت دەبێ کونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر دابخرێت، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش خوازیارە ئەگەر وڵاتان هەر كێشە و ململانێیەكیان هەبێت، بۆ هەرێمی كوردستانی نەگوازنەوە.
محەممەد حوسێن رەجەبی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، رەخنە لە زۆربوونی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت "هەبوونی زیاتر لە 30 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان شتێکی سروشتی نییە و، زۆربەی ئەو كونسوڵخانانە بۆ کاری سیخوڕی کەڵکیان لێوەردەگیرێت".
لەبارەی كونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر، حوسێن رەجەبی دەڵێ "سعودیە دەیەوێ لەڕێگەی کۆنسوڵخانەکەیەوە لە هەرێمی کوردستان، لە ئێران کاری تێکدەرانە بکات، بۆیە دەبێ کۆنسوڵخانەی سعودیە لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، چونکە خەڵکی کوردستان پێویستیان پێی نییە".
محەممەد حوسێن رەجەبی لەبارەی پارێزگای سنەش دەڵێت "بەهۆی ئەوەی سنە پارێزگایەکی سنوورییە و هاوسنووری عێراقە، نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدان ئاسایشی ئەو پارێزگایە بشێوێنن".
لەبەرامبەردا فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "خوازیارین ئەگەر وڵاتان هەر كێشە و ململانێیەكیان هەیە نەیگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێمان سەیرە وڵاتێکی دراوسێ دەستبخاتە كاروبارەكانی ئێمە و رێگە بۆ ئێمە دابنێت، رێز لە پەیوەندی دراوسێیەتی دەگرین و خوازیارین پەیوەندی دراوسێیەتی دوولایەنە و تێگەیشتنی هاوبەش هەبێت".
وەك فەلاح مستەفا باسی كرد، هەرێمی كوردستانی عێراق پێگەیەكی شەرعی و دەستووری هەیە، سیاسەتێكی روون و ئاشكرای بەڕووی دەوروبەر و وڵاتانی جیهان گرتووەتەبەر، ئەو كونسوڵخانە و نوێنەرایەتییانەی لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغداد بووە، ئەمڕۆش زیاتر لە 30 كونسوڵخانە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، یەكێكیش لەوان كونسوڵخانەی سعودیەیە و لە 2-2-2016 بەفەرمی لە هەولێر كراوەتەوە.
فەلاح مستەفا گوتیشی "نەبووینەتە هەڕەشە بۆسەر هیچ وڵاتێك، رابردووش ئەوەی سەلماندووە، لە سیاسەتماندا كراوەین و نابینە بەشێك لە هیچ ململانێیەكی ناوچەكە و جیهان، خوازیارین ئەگەر وڵاتانیش هەر كێشە و ململانێیەكیان هەیە نەیگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە ئارامی و ئاشتی و خۆشبەختی خەڵكی هەرێمی كوردستانمان مەبەستە."
16/01/2017
دیالۆگی بەغدا بۆ قسەکردن لەسەر ئاییندەی عێراق لەدوای داعش دەستی بەکارەکانی کرد، بەڵام بەشێک لە لایەنە ناکۆکەکانی سوننە و شیعە، لەوانە مالکی و نوجەیفی بەشدار نەبوون.
رۆژی شەممە 14-1-2017 کۆنگرەی دیالۆگی بەغدا دەستی بەکارەکانی کرد و شەش وڵات بانگهێشتی گۆنگرەكە كرابوون.
هەنگاونان بۆ چارەسەری کێشەکان، ئاشتیی و پێکەوەژیان، نەهێشتنی ململانێی مەزهەبی و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ دانوستاندنی نیشتمانی بەشێک بوون لە گوتاری سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆنگرەی دیالۆگی بەغدا.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دەڵێت: "پەنابردن بۆ دەستوور باشترین بژاردەیە".
حەمید موعەلە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هەندێک گرفت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەن، بەدڵنیاییەوە پێویستی بە بارودۆخی باشتر هەیە تاوەکو بگەینە ئەنجام، بۆ ئەوەش دەمانەوێت چارەسەر هەبێت بە شێوەیەکی روون و راشکاوانە. خاڵی دووەم، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، چوونکە باشترین هەڵبژاردەی بنەڕەتییە بۆ چارەسەری کێشەکان".
لە پانێڵێکدا، کە بۆ هەرسێ پێکهاتەکەی کورد، سوننە و شیعە رێکخرابوو، د. بەرهەم ساڵح، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری کرد و بەڕوونی بە بەغدا و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی راگەیاند، گەلی کورد مافی خۆیەتی سەربەخۆی رابگەیێنێت.
شەش وڵاتی هەرێمی بۆ دیالۆگی بەغدا بانگهێشت کرابوون، یەکێک لەو وڵاتانە سعودیە بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ریاز و تاران، شاندی سعودییە بەشدارییان نەکرد.
بەپێچەوانەوەی ریاز، شاندێکی باڵا لە تارانەوە بەشداری كۆنگرەكە بوون. شاندەکەی ئێران، کە ئاغای بروجردی سەرۆکایەتی دەکات، جەختدەكاتەوە: "عێراق دەبێت وڵاتێک بکات بە دۆستی خۆی، کە لە ڕۆژی رەشدا بەهانایەوە هاتووە".
عەلائەدین بروجردی، سەرۆکی شاندی ئێرانی گوتیشی "عێراق دەبێت دۆستانی سەردەمی سەختییەکان بکات بە دۆستی خۆی وەکو شەریکێکی متمانەپێکراو، چونکە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هۆکاری هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ بوون و هاوکاری دارایی داعش-یان کرد".
بیرۆکەی دیالۆگی بەغدا ئەزموونی زنجیرە دیالۆگ و دیدارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، کە لە بەغدا وەکو ئەزموونێک سودی لێوەردەگیرێت.
15/01/2017
گرووپی ئۆڕاسیا(Eurasia) لە راپۆرتێكدا هۆشداری دەدات لەوەی ساڵی 2017 رەنگە گرژترین ژینگەی سیاسی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بێتە ئارا. هۆكاری سەرەكیی ئەمەش بەبڕوای ئەو گرووپە ئەمریكییە، شێوەگرتنی جیهانێكی بێ "سەركردەی جیهانی"یە كە ئەوە بۆ شەش ساڵ دەچێ لە پێگەیشتندایە، ئەمەش جیهانێكە ئەمریكا تێیدا خۆی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی سەركردایەتیكردنی دەدزێتەوە و رووسیا (لەڕووی سەربازییەوە) و چین (لەڕووی ئابوورییەوە) خەریكن بۆشاییەكانی پڕدەكەنەوە.
گرووپی ئۆڕاسیا گەورەترین كۆمپانیای راوێژكارییە بۆ ریسكی سیاسی، لە ساڵی 1998 دامەزراوە و ئۆفیسی سەرەكی لە شاری نیویۆركی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە.
ئەو گرووپە راپۆرتێكی لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ ساڵی 2017 لە ماڵپەڕی گرووپەكە بڵاوكردووەتەوە. تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵێك رووداو یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە كاریگەرییەكانی نەمانی سەركردەیەكی جیهانی بكرێ، لەوانەش "سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم لە دژی گڵۆبالیزم"، "لاوازبوونی پەیماننامەی ترەنس ئەتڵانتیك"، "دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا"، "شكستی گشتپرسییەكەی ئیتاڵیا بۆ چاكسازی لە حكومەت و سێنای ئەو وڵاتە"، "سەركەوتنی رووسیا لە سووریا"، "نەمانی فۆكەسی ئەمریكا لەسەر ئاسیا و فەشەلی پەیماننامەی ترەنس پاسیفیك".
ئەمریكای سەربەخۆ
دروشمی سەرەكیی ترەمپ "ئەمریكا پێش هەموو شتێك"ە، بەڵێنیشی داوە جارێكی دیكە ئەمریكا بكاتەوە بە "هێزێكی مەزن". بەپێی راپۆرتەكە ئەم دوو دروشمە لەسەر سەرەكیترین بەهای ئەمریكییەكان دامەزراوە: سەربەخۆیی ئەمریكا كە ئەمە جیهان و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان رووبەڕووی كۆمەڵێك هەڕەشە دەكاتەوە، لەوانە:
- بەكارهێنانی هێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا: واشنتن لە پێناوی بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی هێز بەكارناهێنێ، بەڵكو بەكارهێنانی هێز پەیوەندی راستەوخۆی بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاوە دەبێ.
- پشتكردنە بەها گەردوونییەكان: سەربەخۆیی ئەمریكا هەروەها وادەكات كە واشنتن چیدی خۆی وەكوو تاكە پارێزەری دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا لە جیهاندا نەبینێ، مەرج نییە ئەمریكا خۆیشی چیدی پابەندی ئەو بەهایانە بێت.
- هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەكان: ئەمریكا زیاتر بایەخ بە باشتركردنی بژێویی كرێكارە ئەمریكییەكان دەدات، ئەمەش خۆی لە "بێ متمانەیی بە كۆمپانیا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان" و "رازیكردنی كۆمپانیاكان بۆ هێشتنەوەی هەلەكانی كار لە ئەمریكا". دەبینێتەوە.
- لاوازبوونی پەیماننامە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان: فەلسەفەی ترەمپ كاریگەری لەسەر ئەو رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەش دەبێ كە لە درێژخایەندا بەرژەوەندییە جیهانییەكانی ئەمریكا دەپارێزن: لەوانەش ناتۆ، رێككەوتنی ژینگەپارێزیی پاریس و رێككەوتنی بازرگانیی ئازادی ئەمریكای باكوور. ئەمە جگە لەوەی سیاسەتی "سەربەخۆیی ئەمریكا" دەشێت گوشارێكی دارایی زۆر لەسەر رێكخراوی وەكوو نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانییش دروست بكات.
- جێهێشتنی بۆشایی بۆ رووسیا: دەسەڵاتدارانی مۆسكۆ وەك چۆن دەستیان وەردایە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، لە هەڵبژاردنەكانی ئەوروپاشدا هەمان كار دەكەن. ترەمپ زۆر گوێی لەم مەترسییە نییە، ئەوروپاش توانا و مەیلی سەپاندنی سزای نوێی بەسەر رووسیادا نییە. ئەمە جگە لەوەی سەركەوتنەكانی ئەمدواییەی ئەسەد لە سووریا دەستی رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واڵاتر دەكات.
ئەوروپایەكی لاواز
بەگوێرەی راپۆرتی گرووپە ئەمریكییەكە، ساڵی 2017 ساڵێكی قورس دەبێ بۆ ئەوروپییەكانیش، لەبەر ئەوەی لە لایەكەوە مشتومڕی چۆنێتی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا بێ متمانەییەكی قووڵ لە نێوان بەریتانیا و ئەوروپییەكان دروست دەكات. لەلایەكی دیكەوە، دوور نییە حیزبی راستڕەوی "بەرەی نیشتمانی" لە هەڵبژاردنی فەرەنسادا دەسەڵات بگرێتە دەست.
هەروەها حكومەتی توركیاش بەرەو بوون بە دەسەڵاتێكی پاوانخواز هەنگاو دەنێ و "رێككەوتنی كۆچبەران لە نێوان توركیا و یەكێتیی ئەوروپا دەكرێ بە ئاسانی هەڵوەشێتەوە". ئەمە جگە لەوەی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی هێرشە تیرۆریستییەكان و پۆپۆلیزم لە ئەوروپا هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئەم كێشوەرە دروست دەكات.
لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا و پارتەكەی رووبەڕووی رەخنەی توند بوونەتەوە. لە كاتێكدا سیاسەتی كۆچبەریی مێركڵ (بە تایبەتیش دوای هێرشە چەكدارییەكان) رەخنەی زۆری لێدەگیرێ، سەرهەڵدانی پارتی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" و پەرەسەندنی پۆپۆلیستەكان لە ئەڵمانیا وادەكات مێركڵ نەتوانێ خەونی "ئەوروپایەكی بەهێز" كرداری بكاتەوە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.. تەكنۆلۆژیا و تیرۆر
بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئۆڕاسیا، زۆربەی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن ئەوروپییەكانەوە دانراون و هیچكات ئامانجی خوازراوی خۆیان نەپێكاوە. شەرعیەتی دەوڵەتەكانیش یان لە دەرەوە پارێزراوە یان بە پارەی سەرچاوەكانی وزە. پێشتر ئەمریكا پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیەی لە ئەستۆ گرتبوو، بەڵام ئێستا هەموو ئەم پاڵپشتییانە روویان لە كەمبوونەوە ناوە، جگە لەمە تەكنۆلۆژیاش "ناسەقامگیریی سیاسی ئەم ناوچەیەی زیاتر كردووە". گرووپە ئەمریكییەكە پێیوایە كۆمەڵێك هۆكاری هەنووكەیی رۆڵیان هەیە لەوەی ناسەقامگیریی ناوچەكە پەرەبستێنێ.
وزە: پەیمانی كۆمەڵایەتی لە بەشی هەرە زۆری ناوچەكەدا لەسەر بنەمای زۆر و زەوەندیی پارەی نەوت و غاز بووە، بەڵام ئەو شۆڕشەی لە بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی وزەدا روویداوە، بووە هۆی ئەوەی نرخەكانی نەوت دابەزێ و ئۆپێك لاواز ببێت، ئەمەش وادەكات زۆربەی حكومەتەكانی ناوچەكە شەرعیەتی خۆیان لەدەست بدەن.
پەیوەندییەكان: رێگە نوێیەكانی پەیوەندی دەرفەتی ئەوەی بۆ گرووپە ئەتنیكی، ئاینی، تایفییەكان خۆش كردووە بتوانن لە نێوان خۆیاندا گرووپ پێكبهێنن و خەم و ئازارە هاوبەشەكانیان بخەنەڕوو. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەر گرووپێك جیهانبینی تایبەت بەخۆی هەبێ كە جیاواز بێت لە جیهانبینی گرووپەكانی دیكە. ئەمەش مەترسی بۆ سەر حكومەتەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
هێرشی سایبیری: ئێران یەكێك لە گەورەترین بەكارهێنەرانی هێرشی سایبیرییە و زۆر كەمتر لە جاران بەربەستی بۆ دروست دەكرێت. نموونەی ئەمەش ئەو هێرشانەیە كە لە ماوەی رابردوودا كراوەتە سەر سیستەمەكانی سعودیە كە نە سعودیە و نە ئەمریكا هیچ كاردانەوەیەكی ئەوتۆیان لەبەرامبەریاندا نەبووە. جگە لەمە گرووپە توندڕەوەكانی ناوچەكەش خەریكە شارەزایی لە بواری هێرشی سایبیریدا پەیدا دەكەن و ئەمەش كێشەی گەورە بۆ سیستەم و حكومەتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنێتەوە.
گەنجی ناشارەزا و نەبوونی هەلی كار: بە گوێرەی راپۆرتەكە، یەكێك لە سامانە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ژمارەی زۆری دانیشتووە گەنجەكانیەتی، بەگوێرەی تیۆرە ئابوورییەكان هەرچی ژمارەی دانیشتووە گەنجەكانی وڵات و ناوچەیەك زیاتر بێت، حكومەت قازانجێكی زیاتر دەكات. بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لایەكەوە تەكنۆلۆژیا خەریكە هەلی كار لە گەنجەكان بڕفێنێت و گەنجەكانیش خۆیان شارەزایی پێویستیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێویستییەكانی كار لە سەردەمی نوێدا نییە.
شەفافیەتی بەناچاری: ویكیلیكس، بەرپرسی كۆمیتەی نیشتمانیی پارتی دیموكراتەكانی ئەمریكا (DNC) ی ناچار كرد دەست لە كار بكێشێتەوە، هەروەها كاریگەریشی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا هەبوو. لاپەڕەكانی پەنەما سەرۆكوەزیرانی ئایسلەندای ناچار بە دەست لەكار كێشانەوە كرد، دوای ئەوەی دەركەوت سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە لە رێگەی كۆمەڵێك كۆمپانیای كەنارنشین و نهێنییەوە خۆی لە دانی باج دزیوەتەوە.
بەڵام كاردانەوەی خەڵكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چی دەبێ كاتێك لەڕێی ئەم ئامرازانەی شەفافییەتەوە (وەكوو ویكیلیكس) بۆیان دەردەكەوێ سەركردەكانیان پارەكانی خۆیان لە ئەمریكا یان لەندەن خەواندووە؟ بەگوێرەی راپۆرتەكە "حكومەتە سەركوتكەر و لەرزۆكەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆیان پێویستیان بە پاراستنی نهێنییەكانیانە، بۆ ئەوەی بتوانن سەقامگیری نێوخۆیی وڵاتەكانیان بپارێزن. بەڵام ئەم حكومەتانە (لەم سەردەمەی ئێستا) ئەم ئیمتیازەیان دەستناكەوێت".
گرووپەكە پێیوایە مەرج نییە جەنگی نێوان حكومەتەكان یان رووخانی حكومەتێك لە 2017دا رووبدات، بەڵام لاوازبوونی ئاسایشی جیهانی و سستبوونی ئابووریی جیهان و دروستبوونی بێ متمانەیی لە نێوان زلهێزەكانی جیهان وا دەكەن، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و پێكدادان لەم ساڵەدا زۆرتر بێت.
15/01/2017
ژمارەیەک لە چالاکڤانان و رێکخراوانی مافی مرۆڤ لە ساڵڕۆژی کردنەوەی بەندیخانەی گوانتانامۆ، لهبهردهم دادگای باڵای ئهمریكا كۆبوونهوە و داوای داخستنی بەندیخانەکە دەکەن.
هەشت ساڵ لەمەوبەر لە بانگەشەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، باراک ئۆباما بەڵێنی داخستنی بەندیخانەی گوانتانامۆی دا، بەڵام تەنیا توانی 242 بەندکراو ئازاد بکات، ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترهمپی سهرۆكی ههڵبژێردراو رایگهیاندووه كه بهندیخانهكه دههێڵێتهوه و "خهڵكی خراپی" تێدا بهند دهكات.
پانزه ساڵ بهسهر كردنهوهی بهندیخانهی گوانتانامۆ تێپهڕدهبێت، لهم رۆژهدا، چالاكوانان و رێكخراوهكانی مافی مرۆڤ، لهبهردهم دادگای باڵای ئهمریكا كۆبوونهتهوه و داوای داخستنی بهندیخانهكه دهكهن.
قهشه رۆن ستایف، بهڕێوهبهری ههڵمهتی نیشتیمانی بهرهنگاربوونهوهی ئهشكهنجهدان دەڵێت "یهكێك لهو هۆكارانهی كه سهرۆك ئۆباما نهیتوانی گوانتانامۆ دابخات، چونكه كۆنگرێس له لایهن كۆمارییهكانهوه له ساڵی 2010-هوه كۆنترۆڵكراوه و دژایهتی ههموو شتێكی سهرۆك ئۆبامایان كرد، ئهمهش شتێك بوو كه راستی دهیویست بیكات، ههرچهنده ئهو دهیتوانی بێ كۆنگرێسیش ئهو كاره بكات، بهڵام ئهوه زۆر زهحمهت دهبوو".
تێچووی یهك بهندكراو بۆ ماوهی ساڵێك له گوانتانامۆ هەشت ملیۆن دۆلاره، بودجهی بهڕێوهبردنی بهندیخانهكه 445 ملیۆن دۆلاره له ساڵێكدا.
دۆناڵد ترهمپی سهرۆكی ههڵبژێردراو رایگهیاندووه كه بهندیخانهكه دههێڵێتهوه و "خهڵكی خراپی" تێدا بهند دهكات.
چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەخوازن کە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتووی ماوەی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما و پێش دەست بەکاربوونی دۆناڵد، کارێک بکرێت بۆبەردانی ئەو بەندکراوانەی تاوەکو ئێستا لە بەندیخانەکە ماونەتەوە، چونکە دەزانن کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ مەحاڵە هیچ کارێک لەو بارەیەوە بکرێت و بگرە لەوانەشە بەندکراوی دیکەشی بۆ زیاد بکات.
14/01/2017
سالار نەجمەددین، ساڵانە بە بەهای 20 هەزار دۆلار سەوزە بەرهەمدێنێ و بەسەر ماركێتەكانی سوێد و فینلانددا دابەشی دەكات. بەهۆی ئەو بزنسە بچووكەوە، زۆربەی كورد و عەرەبی سوێد، سالار دەناسن. بۆیە ئێستا زۆر كەسی دیكە هەمان رێگەی سالاریان گرتووە.
سالار نەجمەدین كە بە رەچەڵەك خەڵكی باشووری كوردستانە، زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە لە سوید دەژی و دوو باخچەی هەیە، بەشێكی بۆ خۆشگوزەرانیی خۆی و خێزانەكەی و بەشەكەی دیكەشی كردووەتە بزنسێكی بچووك و چەند جۆرێك سەوزەی تێدا دەچێنێ.
لە زۆربەی ماركێتەكانی ستۆكهۆڵم، سەوزەی وەكو نەعنا، تەرخوون، سڵق و گەڵای مێو و كەوەر دەفرۆشرێن كە لەلایەن سالارەوە بەرهەمهێنراون.
سالار دەڵێت "نرخی دەسكێك سەوزە، یان كیلۆیەك لەنێوان 5 بۆ 15 یۆرۆیە، كورد و عەرەب و هەروەها سوێدییەكانیش كڕیاری بەرهەمەكانمن".
ئەم خواردنانە لای كورد دانسقەن و لە وڵاتانی ئەوروپیش بەتایبەت سكەندەناڤی بە ئاسانی پەیدا نابن، بۆیە لە نێو تاراوگەنشینان بازاڕیان گەرمە.
ناسر مەحموودزادە كە ماركێتێكی بچووكی بواری خواردنی لە شاری هێلسنكی پایتەختی فینلاند هەیە، هەفتانە لە رێگەی كەشتییە گەشتیارییەكانەوە سڵق و گەڵامێو و سەوزەی سالار لە سوێدەوە هاوردەی فینلاند دەكات. ناسر گوتی: "كوردێكی زۆری فینلاند سەوزەی كوردی لە من دەكڕن".
ئەزموونەكەی سالار ئێستا بووەتە چاولێكەری بۆ زۆر كوردی دیكەی تاراوگەنشین، بەتایبەت لە سوێد و فینلاند، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە زەوییەكانی شارەوانی.
زۆربەی شارەوانییەكانی وڵاتانی سكەندەناڤی پارچە زەوییان هەیە كە 100 بۆ 200 مەتر دەبێت، لە رێگەی كڕین، یان كرێیەكی ساڵانەی رەمزیی دەیدەنە هاووڵاتیان، بە مەرجی ئەوەی تەنیا بۆ كاری خۆیی و خێزانی سوودی لێ وەربگیرێت و بۆشیان نییە بینای تێدا دروست بكەن.
بەڵام كوردی تاراوگە پێچەوانەی خەڵكانی ئەو وڵاتانە كە بۆ گوڵچاندن و ساتی خۆشگوزەرانیی هاوینە و بەهارە سوودی لێوەردەگرن، دەیكەنە شوێنی چاندنی ئەو سەوزە و میوانەی كە لەو وڵاتانە بە ئاسانی دەست ناكەون و وەك بزنسێكی بچووكیش سوودی لێوەردەگرن.
مەجید رواندزی كە شارەزایی لە بوارەكانی باج و ئابووریی سوێد هەیە، دەڵێت "ئەمە كارێكی یاسایی نییە، بگرە لە حاڵەتی ئاشكرابوونی سزای توندی هەیە". هەروەها دەڵێت "زەروورەتێك لە پشت ئەم كارەوە هەیە، دەوڵەتیش لەوە تێدەگات. بەڵام دەبێت چوارچێوەیەكی یاسایی بدرێتی و دەكرێت پڕۆژەی گەورەی لێ دروست بكرێت و سوێدیش پێی خۆشە".
ئێران و توركیا دەیان پڕۆژەی بازرگانیی گەورەی بواری خۆراكیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەیە. وەك رواندزی دەڵێت "ماستی ئێرانی و توركی بازاڕەكانیان تەنیوە، دەكرا حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ سەوزە و میوە شتێكی لەم شێوەیەی هەبووایە و هانی بازرگانانی كوردستانی بۆ ئەم بوارە بدایە".
گوتیشی "خۆشحاڵ دەبووم كە هەناری هەڵەبجە، نۆكی زاخۆ، كەوەر و تووری كەلار لە ماركێتەكانی سوێد هەبوونایە. هەفتانە 4 گەشتی راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانییەوە بۆ سوێد هەیە، زۆر بە ئاسانی دەكرا سەوزە و میوەی تازەی كوردستان، لە بازاڕەكانی سوێد و فینلاند و نەرویج بفرۆشرانایە".
مریەم ئەمین، 71 ساڵ كە بەڕەچەڵەك خەڵكی باشووری كوردستانە و دانیشتووی شاری ئۆپسالای سوێدە، باخچەكەی كردووەتە شوێنی چاندنی سەوزە. مریەم دەڵێت "تەنیا لە فرۆشتنی تەڕەپیاز لە هاویندا، دەیان هەزار كرۆنم دەستدەكەوێت".
مریەم كە بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەم كارەی كردووە و پێشتر لە رێگەی فرۆشتنی نانی تیری بازرگانییەكی دیكەی بچووكی هەبووە، گوتی "زۆر لە سوێدیەكانی دراوسێشمان سەوزەیان لێ كڕیوم. هەندێكجاریش بەرهەممان دەگۆڕینەوە، ئەوان گوڵ و شلكم دەدەنێ، منیش سەوزەیان دەدەمێ". بە پێكەنینەوە گوتیشی "تەنانەت نێركەپیازیان بۆ دەكەمە كەلانە، كە زۆر حەزی لێدەكەن".
هانی ئالان، تەمەن 22 ساڵ، دانیشتووی فینلاندە و پارچە زەوییەكی وەرگرتووە و سەوزەی تێدا دەچێنێ، بەڵام دەڵێت سەوزەكە بۆ خۆی دەچێنێ و مەبەستی بازرگانی نییە. ئەو دەڵێت "شەش ساڵ نۆرەم گرت تا ئەو پارچە زەوییەم وەرگرت. مانگانە 220 یۆرۆ دەدەم". گوتیشی "خەڵكێكی زۆر سەری تێكردووە و سوودێكی زۆریشی هەیە".
سەوزەی كوردی شایەنی ڤیلیس و ئیكان
میكی یوهانسۆن بازرگانی بواری خۆراكە لە سوێد دەڵێت "زۆر لە سوێدییەكان دەچنە بازاڕە رۆژهەڵاتییەكان و كڕیاری ئەو جۆرە سەوزەیەن كە كورد لە باخچەكانیان لە سوێد بەرهەمی دەهێنن.
یۆهانسۆن پێیوایە دەبێ فرۆشتنی ئەم جۆرە خواردنانە كە بەرهەمی كوردی ئەم وڵاتەیە، لە سنووری ماركێتە رۆژهەڵاتییەكان دەربچێت "هیودارم لە بازاڕە ناسراوەكانی وەك ڤیلیس و ئیكاش بفرۆشرێ". (ڤیلیس) و (ئیكا) لە ماركە و بازاڕە ناسراوەكانی سوێدن كە زۆرترین كڕیاریان هەیە و خواردنی كواڵێتی ئاستبەرزیان تێدا دەفرۆشرێ.
14/01/2017
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی وڵاتێکی عەرەبی بۆردومان دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی رژێمی سووریا، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13/1/2017، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی موززەی سەربازییان لە نزیک دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵات، بۆردومان کردووە و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
پێشتریش لە رۆژی 7/12/2016، ئیسرائیل چەند مووشەکێکی ئاراستەی فڕۆکەخانەکە کرد و زیانێکی زۆری ماددی بە فڕۆکەخانەکە و سەرکردایەتیی فیرقەی چوارەمی سوپای رژێمی سووریا گەیاند.
ئاژانسی (سانا)ی سووری بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەو وڵاتە هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل و ئەو بۆردومانەی بە ”هێرش و دەستدرێژییەکی روون“ داناوە.
13/1/2017
قوتابییانی گوندێکی ناوچەی شاروێرانی مهاباد، بۆ چوونە قوتابخانە رۆژانە بە بەلەم لە رووبار دەپەڕێندرێنەوە.
خەڵکی گوندی حاجی ئاباد چەند ساڵە داوا دەکەن لەنێوان گوندەکانی حاجی ئاباد و لەج، پردێک دروستبکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی چەندینجار بەڵێنیان پێدراوە، هێشتا پردەکە دروستنەکراوە.
قوتابییانی ئەو گوندە کە بچووکترین گوندی ناوچەی شاروێرانی مهابادە، بەهۆی نەبوونی قوتابخانە و دووربوونی گوندەکانی دیکە، بە بەلەم لە رووبار دەپەڕنەوە و دەگەنە قوتابخانە.
13/01/2017
ئەمڕۆ (12-1-2017)یەکەمین فڕۆکەی ئێرباسی فەرەنسی، لەو 100 فڕۆکەیەی کە ئێران لە کۆمپانیای ئێرباسی کڕیوە، لە فڕۆکەخانەی میهرابادی تاران دەنیشێتەوە.
لە رێوڕەسمی وەرگرتنی یەکەم ئێرباسدا، فەرهاد پەروەرش، بەڕێوەبەری ئێران ئێر - کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێران، گوتی: ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ دەبێت بۆ ئێران ئێر و پەیوەندی ئێران و یەکێتی ئەوروپا.
کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێران رایگەیاندووە، بۆ گەشتە ئاسمانییە ناوخۆییەکانی وڵات سوود لەو فڕۆکەیە وەردەگرن.
لەو 100 فڕۆکەیە، 46 فڕۆکەیان لە جۆری ئەی 320، 28 فڕۆکەشیان لە جۆری ئەی 330 و، 16 فڕۆکەشیان لە جۆری ئەی 350 دەبن.
لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا، ئەوە یەکەمجارە ئەو وڵاتە بتوانێت راستەوخۆ فڕۆکە لە کۆمپانیایەکی بیانی بکڕێت. فڕۆکە کۆنەکانی ئێران یەکێک لە کێشەکانی ئەو وڵاتە بوو.
رێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنەوەی گەمارۆکان رێگەیان بۆ ئێران خۆش کرد تاوەكو لەگەڵ کۆمپانیای ئێرباسی فەرەنسی لەسەر کڕینی 100 فڕۆکە رێکبکەون.
کۆمپانیای بوئینگی ئەمریکایش رایگەیاندووە، لەگەڵ ئێران بۆ فرۆشتنی 80 فڕۆکە بەو وڵاتە رێککەوتوون.
13/01/2017
لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حیزبەکانی باشووری کوردستان رۆژی سێشەممە 10-1-2017، رێوڕەسمێکی تایبەت بە سەرەخۆشی هاشمی رەفسەنجانی بەڕێوەچوو و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆربەی کەسایەتی و نوێنەری حیزبەکان هاتوون بۆ بەشداریی لە پرسەی هاشمی رەفسەنجانی لە هەولێر".
محەممەد شێرزاد، راوێژکاری سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشوازیمان لە کەسایەتیە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد و زۆربەی سەرۆک و نوێنەری حزب و گرووپەکان ، بەرپرسە حکومی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق تەشریفیان هێنایە کونسوڵخانەی ئێران"
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 8-1-2017 ، رەفسەنجانی، لە تەمەنی 82 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی دڵ كۆچی دوایی كرد.
عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، لە ژیانیدا چەندین پۆستی باڵای لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەرگرتوون، لەوانە، یەکەمین سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە، دواتریش بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆککۆماری ئێران بووە، پاشان بووە سەرۆکی كۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران بووە و بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران دەناسرا.
12/01/2017
تەرمی هاشمی رەفسەنجانی رۆژی سێشەممە 10-1-2017 ، لە رێوڕەسمێکی گەورەدا بەرەو مەزاری ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە جەمارانەوە بۆ زانکۆی تاران بەڕێکرا و لە مەزاری خومەینی بەخاکسپێردرا.
لە رێوڕەسمەکەدا رێگە نەدرا محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران بەشداربێت و لە کاتی گواستنەوەی تەرمی رەفسەنجانی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە دروشمی پشتگیری لە میر حوسێن موسەوی و مەهدی کەروبیان گوتەوە.
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران نوێژی مردووی لەسەر تەرمی عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی خوێند.
تەرمی هاشمی رەفسەنجانی لە شەقامی ئینقلابەوە بەڕێکرا، لەنێو ئاپۆرای سەتان هەزار کەسدا، رێوڕەسمێک کە بوو بە شوێنێک بۆ هێز نیشاندانی لایەنە سیاسییەکان.
زۆر کەس مەرگی هاشمی رەفسەنجانیان بەجێی داخ زانیوە و دەڵین "ئەو دەبوو زیندوو مابا، تا لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا موحاکمە کرابایە".
عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، 82 ساڵ لە رەفسەنجانی کرمان له 1934 لەدایکبووە. تاوەكو ئێستا چەندین پۆستی باڵای لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووە لەوانە، یەکەمین سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە، دواتریش بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆککۆماری ئێران بووە، بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران دەناسرێت.
12/01/2017
لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم 109 هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون و بە شێوەیەکی نێونجی مانگانە سزای سێدارەی 10 هاووڵاتیی کورد بەڕێوە چووە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی )هەنگاو( لە ماوەی ساڵی 2016 ی زایینی 109 هاووڵاتیی کورد لە 20 گرتووخانەی ئێران لەسێدارە دراون.
ئەو کەسانەی تۆمەتیان دراوەتە پاڵ:
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ڕابردوودا یەک بەندکراوی سیاسی و 22 بەندکراوی مەزهەبیی کورد لە گرتووخانەکانی ورمێ و ڕەجایی شاری کەرەج لەسێدارە دراون.
زیاتری ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون بە هۆی "تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان" بووە کە 66 حاڵەت تۆمار کراوە. 14 حاڵەت بە تۆمەتی "قەتڵ" ٣ حاڵەت بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" و دوو حاڵەتیش بە تۆمەتی محاربە" یان دژایەتی خودا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و سزاکەیان جێبەجێ کراوە.
لە هەندێ حاڵەتێکیشدا تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو کەسەی کە لەسێدارە دراوە ڕوون نەبووەتەوە.
لەسێدارە دانی هاووڵاتیانی کورد بەپێی پارێزگاکان:
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی کە تۆمار کراون، 64 هاووڵاتی لە پارێزگای ورمێ، 31 کەس لە پارێزگای سنە، 8 کەس لە پارێزگای کرماشان، دوو کەس لە کوردەکانی خۆراسان و 1 کەسیش لە کوردەکانی قەزوێن لەسێدارە دراون.
زیاترین ئاماری لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد لە شاری ورمێ تۆمار کراوە کە 41 حاڵەت بووە، شاری سنە بە 24 حاڵەت، سەردەشت بە 7 حاڵەت، سەقز بە 6 حاڵەت و سەڵماس بە 5 حاڵەت دوای ئورمیە زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانیان تێدا تۆمار کراوە.
لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد لە پێش چاوی خەڵک:
بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی 5 هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی، ڕوانسەر، کرماشان، مەشهەد، سونقوڕ و ئیلام لەپێش چاوی خەڵک بەڕێوە چووە و 104 حاڵەتیش لە 20 گرتووخانەی ئێران تۆمار کراوە.
گرتووخانەکانی ورمێ و کەرەج زیاترین بەندکراوی کوردیان تێدا لەسێدارە دراوە:
ئەو ئامارانەی کە لە ماڵپەڕی “هەنگاو” تۆمار کراون دەرخەری ئەوەن کە 43 حاڵەتی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ بەرێوە چووە، دوای گرتووخانەی ئورمیە گرتووخانەی کەرەج بە 25 حاڵەت و گرتووخانەی سەڵماس بە 7 حاڵەت زیاترین رێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کوردیان تێدا تۆمار کراوە.
ناسنامە و هەروەها رێکەوتی لەسێدارەدانی 108 هاووڵاتی کورد لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) هەیە و تەنیا ناوی یەک کەس کە لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی 2016 و لەپێش چاوی خەڵکی ئیلام لەسیدارە درا، بۆ "هەنگاو" و سەرچاوەکانی دیکەی هەواڵ ڕوون نەبووەتەوە.
11/1/2017
سەرکردەیەکی سیاسیی کوردستانی باکوور رایدەگەیەنێت، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێ دووبارە رۆڵی لە بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور هەبێت.
عوسمان ئۆجەلان، سەرکردەی سیاسی و برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا پرسی بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور و تورکیا باس کردووە.
عوسمان ئۆجەلان لەو بڕوایەدا لە ”داهاتوو“دا کاریگەریی کاریگەریی گفتوگۆکانبی مەسعود بارزانی و بیناڵی یڵدرم لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەردەکەوێت، ”بارزانی سەرۆکی نەتەوەی کوردە، دەتوانێ دووبارە رۆڵی هەبێت لە پرۆسەی ئاشتیدا“.
برای رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە لێدوانەکەیدا داواشی لە گەریلاکانی پەکەکە کردووە، رێگا بە هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان بدەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان و ناوچەکە ئاوەدان بکەنەوە.
لە ساڵی 2013 و بە دەستپێشخەریی مەسعود بارزانی، پەکەکە و حکوومەتی تورکیا لەسەر قۆناغی ئاشتی رێککەوتن، بەڵام بەهۆی کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیا لە ناوچەی سەرێ کانی لە کوردستانی باکوور لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە، پرۆسەی ئاشتی تێکدرا و قۆناغی شەڕ دەستی پێکردەوە.
درەنگانی شەوی شەممە 7/1/2017، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا گەیشتە شاری هەولێر و رۆژی دواتر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
12/1/2017