پێدانی كارەبای نیشتمانی لە سەرەتای مانگی دوو وەك مانگی یەك دەبێت و رۆژانە نزیكەی 9 كاژێر دەبێت، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگ گۆڕانكاری بەسەردا دێت و زیاد دەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی دوو ئاشكرا دەكەن.
حەمەئەمین هەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێدانی كارەبای نیشتمانی لە سەرەتاكانی مانگی دوو وەك مانگی یەك دەبێت و هەر نزیكەی 9 كاژێر دەبێت، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی دوو گۆڕانكاری لە پێدانی كارەبای نیشتمانی دەكرێت و زیاد دەبێت، ئەوەش دیار نییە زیاد بوونەكە چەند دەبێت، چونكە گۆڕانكاری لە كەشوهەوا كاریگەری لەسەر پێدانی كارەبای نیشتمانی دەبێت.
پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بەپێی پارێزگاكان جیاوازە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەوانیش رۆژانە 7 بۆ 8 كاژێر كارەبا دەدەن.
لە پارێزگای هەولێر وەك حوسێن حەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر بۆ رووداوی باسكرد، پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بەپێی دوو خشتەی جیاوازە، خشتەیەكیان لە كاژێر دووی پاشنیوەڕۆ بۆ 12:00ی شەوە لەگەڵ یەك كاژێری بەیانی، خشتەی دوومیش لەو ناوچانەی كە كێشەی هونەرییان هەیە، كارەبای موەلیدەکان لە كاژێر 05:00 ی ئێوارە بۆ 12:00ی شەو دەدرێت، گوتیشی "بۆ مانگی دووش بەو خشتەیە پێدانی كارەبای موەلیدەكان بەردەوام دەبێت".
سالار حوسامەدین، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی پێدانی كارەبای موەلیدەكان لە كاژێر 02:00 ی پاشنیوەڕۆ بۆ 01:00 ی شەو دەدرێت، گوتیشی "بۆ مانگی دووش هەمان بەرنامە دەبێت، لە كۆتایی مانگیش بەپێی پێدانی كاژێرەكانی كارەبای موەلیدە نرخ دیاری دەكرێت".
هەر سەبارەت بەخشتەی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای دهۆك، كەمال محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دهۆك بە رووداوی راگەیاند، پێدانی كارەبای موەلیدەكان لە پارێزگای دهۆك بەیانیان لە كاژێر 07:00 بۆ كاژێر 09:00 دەرێت، لە كاژێر 02:00 ی پاشنیوەڕۆش بۆ 01:00 ی شەو هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی نەبوو، دەدرێت، پارەی كۆی گشتی مانگەكەش 9 هەزار و 500 دینارە، بۆ مانگی دووش موەلیدەكان هەمان بەرنامەیان دەبێت.
ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 2800 مێگاواتە، بەڵام لە وەرزی زستاندا بەشێوەیەكی بەرچاو خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 5500 مێگاوات.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
30/1/2017
توێژینەوەیەكی نوێ لە ئەڵمانیاوە دەریدەخات خەمۆكی زۆرتر لە بەرزیی چەوری خوێن رێگەخۆشدەكات بۆ مردن بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن.
كاتێك بیر لە جەڵتەی دڵ دەكەیتەوە، بیرت بەلای جگەرەكێشان، چەوری و قەڵەوی دەچێ و كەمتر سەرنجت لەسەر گرفتە دەروونییەكانە. بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە خەمۆكی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی تووشبوون و مردن بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن.
توێژەرانی ئەڵمان وردبوونەوەیان لە زانیاری تەندروستی 3428 كەس كردووە كە تەمەنیان 45-74 ساڵان بووە و بۆماوەی 10 ساڵ بەدواداچوونی پزیشكییان بۆ كردوون.
لە ئەنجامدا دەركەوت لە 15%ی حاڵەتەكانی مردن بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێندا خەمۆكی هۆكاری سەرەكییە، ئەوە لە كاتێكدا بەرزیی چەورییە زیانبەحشەكانی خوێن لە 8%ی حاڵەتەكاندا تاوانباری سەرەكیی بووە، هەرچی شەكرەیە 5-8%ی هۆكارە رێگەخۆشكەرەكان بووە.
ئەو بابەتانەی لە خەمۆكی تاوانبارتر بوون لە كوشتنی خەڵكی بە نەخۆشییەكانی دڵ بریتی بوون لە جگەرەكێشان (17-20%) و بەرزیی فشاری خوێن (30-34%) و قەڵەوی 21%.
تیمە توێژەرەكە هۆشداریدەدەن"خەمباریی و ماندوویی لەنێوان هۆكارە سەرەكییەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێندا، رۆڵێكی بەهێزیان هەیە".
ئەوان داوادەكەن لەو كەسانەی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن هەیە، پشكنین بۆ باری دەروونییان بكرێ و چارەسەری خەمۆكی و نەخۆشییە دەروونییەكانی دیكەیان بكرێ.
29/1/2017
گوتهبێژی پارتی دیموكراتی گهلان (ههدهپه)، لهلایهن هێزه ئهمنییهكانی توركیا له فڕۆكهخانهی ئهسهنبۆغا له ئهنقهره دهستبهسهر كرا و، سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو فراکسیۆنە ئازادکران.
بهپاساوی ئامادهنهبوونی ئایهان بیلگهن، گوتهبێژی ههدهپه و پهرلهمانتاری بازنهی پارێزگای قارس بۆ وهرگرتنی گوتهكانی، سهرۆكایهتی داواكاری گشتیی كۆماریی له ئهنقهره، بڕیاری بهزۆرهملێ راپێچكردنی بۆ دادگا دهركرد.
بهپێی زانیارییهكان، بهفهرمانی سهرۆكایهتی داواكاری گشتیی كۆماریی له ئامهد، گوتەبێژەکەی هەدەپە رهوانهی ئامهد دهكرێت و، لهبارهی چهند دۆسیهیهك، كه بههۆیانەوە تۆمهتبار كراوه، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بیلگهن به تۆمهتهكانی: بانگهشهكردن بۆ پهكهكه، هاندانی خهڵك بۆ رق و کینه، سووكایهتیكردن به بنهما سهرهكییهكانی دهوڵهت و سهرۆككۆماری توركیا، تۆمهتبار كراوه.
سێ پەرلەمانتاری هەدەپە ئازادکران
هودا کایا، مەراڵ دانش و ئاڵتان تان، سێ پەرلەمانتاری هەدەپە رۆژی شەممە 28-1-2017 دەستبەسەرکران، دوای وەرگرتنی گوتەکانیشیان لە دادگا، هەرسێکیان ئازادکران.
هودا کایا، بەڕەگەز کوردە و پەرلەمانتاری هەدەپەیە لە بازنەی ئیستەنبوڵ، دوێنێ لە ئافیۆن دەستبەسەرکرا، مەراڵ دانش، لە ئامەد دەستبەسەرکرا و ئاڵتان تانیش بەهەمان شێوە هەر دوێنێ لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرا.
مەهدی موتڵو، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند "هودا کایا و مەراڵ دانش بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاژێر و، ئاڵتان تان بۆ ماوەی پێنج کاژێر لەلایەن دادگای باڵای ئامەدەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە".
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، دواتر هەرسێ پەرلەمانتارەکە بە مەرج ئازادکران، "بەو مەرجەی لەژێر چاودێری هێزەکانی دەوڵەتدا بن، واتە ناتوانن بچنە دەرەوە".
هەرسێ پەرلەمانتار لە ساڵی 2014 کاتێک داعش چووە کۆبانێ و، لەوکاتەدا تورکیا هەڵوێستی لاوازبوو، لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان دژی هەڵوێستی تورکیا لێدوان و گوتاریان دابوو، بەهۆی ئەو گوتانەشیان دادگا دۆسیەی لەدژیان کردبووەوە، هاوکات ئاگاداریش کرابوونەوە بچنە دادگا، بەڵام ئەوان نەچووبوون.
دەستبەسەرکردن و ئازادکردنی پەرلەمانتار و بەرپرسانی هەدەپە لەکاتێکدایە، رۆژی 04-11-2016 هاوسهرۆكانی ههدهپه و 10 پهرلهمانتاری ههمان فراكسیۆن بههۆی لێسهندنهوهی پارێزبهندییهوه دهستبهسهركران و بهفهرمانی دادوهر له گرتووخانهكاندا بهندكران.
29/1/2017
سوپای پاسداران ئامادەکاری دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە و گەریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش مانۆڕیکی سەربازییان لە داڵاهۆ و قەسری شیرین ئەنجامدا.
عەبدوڵڵا عێراقی، جێگری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران دەڵێت، مەبەستی مانۆڕەکە ئامادەکردنی هێزەکانیانە بۆ شەڕ لەدژی گرووپە چەکدارەکانی دژی کۆماری ئیسلامی، ئەمەش زاراوەیەکە، کە بەرپرسانی سوپای پاسداران بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاریدێنن.
جێگری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران هەروەها دەڵێ، دەیانەوێت لەڕێگەی ئەو مانۆڕەوە، چۆنییەتی لێدان و زیانگەیاندنی قورسی گیانی بە حیزبە کوردییەکان تاقی بکەنەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی باڵای هێزی زەمینی سوپای ئێران، ئەوان خۆیان ئامادەدەکەن تاوەکو لەسەر بنەمای پێشکەوتووترین ئامێرەکانی گوێگرتن و سیخوڕیکردن لەدژی ئەو کەسانەی سنووری ئێران دەبەزێنن، بێنە مەیدان و لە زووترین کاتدا مەترسییەکان لەسەر سوپای پاسداران نەهێڵن.
حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران لەبارەی مانۆڕەکەوە دەڵێ "خاڵی گرنگی مانۆڕەکە بۆ سوودوەرگرتنە لە تێکەڵکردنی سیستەمە سیخوڕییە کۆن و مودێرنەکان، کە سوپا بۆ کۆنترۆڵی ئەمنییەتیی لە شوێنە جیاوازەکان بەکاریان دەهێنێت، ئەو سیستەمانە تێکەڵەیەکن لە چاودێریی ئاسمانی، گوێلێگرن و چاودێری ئەلیکترۆنی".
مانۆڕی ئەمنییەتی هێزی زەمینی سوپای پاسداران بە ئامادەبوونی یەکە جیاوازەکانی سوپا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی شاخاوی لە داڵاهۆ و قەسری شیرینی کرماشان ئەنجامدرا. محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپاش لە رۆژی یەکەمی مانۆڕە ئەمنییەکە ئاشکرای کرد: پاراستنی سنوورەکانی (رۆژهەڵاتی کوردستان) بە تەواوەتی دراوەتە سوپای پاسداران و، لەمەودوا لە جێگەی پۆلیس، سوپا لەسەر سنوور جێگردەکرێت. فەرماندەی هێزی زەمینی راشیگەیاندووە ئامادەن رووبەڕووی هەر چەشنە هەڕەشەیەک ببنەوە.
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران دەڵێ "ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەیەک ئامادەین، چ گرووپە تەکفیرییەکان یان گرووپە تیروریستییەکانی دیکە بن".
چاودێرانی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی سوپا لەگەڵ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەهار و هاوینی ئەمساڵ گۆڕانکارییەکانی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە و، پێیان وایە: سوپای پاسداران دەیەوێ ئەزموونی سووریا لە رۆژهەڵاتی کوردستان تاقی بکاتەوە، چونکە توانیویێتی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە سووریا ئەزموونێکی زۆری سەربازی و ئەمنی کۆبکاتەوە.
29/1/2017
بەهۆی زۆری بەفربارین لە رۆژهەڵاتی كوردستان رێگای زیاتر لە 200 گوند داخراوە، هێزەکانی فریاکەوتنی رێکخراوی مانگی سووری کوردستان و کارمەندانی ئیدارهی رێگاوبانهکانی قەزا و پارێزگاكان یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە لە بەفردا گیریان خواردووە.
محهممهد راشد مودهڕس گورجی، بهڕێوهبهری ئیدارهی گشتیی رێگاوبانهکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئێستا زیاتر له 700 هێزی فریاگوزاری ئهم ئیدارهیه به 500 ئۆتۆمبێلی قورسی نێو شەقامەكان خەریكی راماڵینی بەفرن لە شەقامەكان و بەردەوام لە كاركردندان.
راشیگەیاند، تەنیا شەوی شەممە 28-1-2017، زۆرتر لە 100 كەس لەنێو شەقامەكان مابوونەوە، هەمووشیان بە سەلامەت رزگراركراون، ئێستاش رێگای زۆرتر لە 200 گوند بەتایبەت گوندەكانی دەوروبەری کامیاران و سهوڵاوا داخراوە.
29/1/2017
دوو هاونیشتمانی خەڵکی کرماشان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوکاریکردنی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستبەسەر کراون، ئەنجوومەنی نووسەرانی کورد تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێ "ئەو دوو کەسە خەریکی لێکۆڵینەوەیەکی فەرهەنگی بوون".
ژیار جەهانفەرد، نووسەری کرماشانی و حەسەن بەڵەدە رۆژی 3-1-2017 لە شاری مێردینی باکووری کوردستان لە کاتی وێنەگرتندا دەستبەسەر کران. 22 رۆژ دواتر تۆمەتی "ئەندامیێتی و هاوکاریکردنی پەکەکەیان" خراوەتە پاڵ.
شەهمووس سەفەر، لە بەرپرسانی ئەنجوومەنی نووسەرانی کورد، ئەو تۆمەتەی رەتدەکاتەوە و دەڵێ: ژیار جەهانفەرد بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی سەردانی مێردینی باکووری کوردستانی کردووە.
بەگوتەی سەفەر، جەهانفەرد سەبارەت بە کوردەکانی کەلهووڕ و ئیرەوان لێکۆڵینەوەی کردووە و لێکۆڵینەوەکەیشی لەبواری فەرهەنگی کوردیدا شتێکی کەموێنەیە.
28/1/2017
کوردانی ئەڵمانیا دەیانەوێت بە کەیسی کۆمەڵایەتی مافی مانەوە وەربگرن
لەلایەن ئاڵا شاڵی 5 کاژێر لەمەو بەر
بەرپرسێک: کۆچبەرانی کوردستان مافی مانەوەیان کەمە
رووداو - ئەڵمانیا
بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانەی باشووری کوردستان کە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، هەوڵدەدەن بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی مافی پەنابەریێتی لەو وڵاتانە وەربگرن، بەڵام بەشێکی ئەو کۆچبەرانەی باشووری کوردستان داواکانیان رەتکراوەتەوە.
کۆچبەرانی کورد لە ئەڵمانیا داوای چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن و، بەگوتەی بەرپرسانی ئەڵمانیا کوردانی باشووری کوردستان هەلی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتیان کەمە، ئەوەش لەکاتێکدایە لەماوەی نۆ مانگدا، 700 هەزار کۆچبەر داوای مافی پەنابەریێتیان لە ئەڵمانیا کردووە.
پیاوێکی کورد کە بەهۆی کەیسی کۆمەڵایەتییەوە دەیەوێت مافی مانەوە لە ئەڵمانیا وەربگرێت، چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و، دەڵێ "بەهۆی کەیسی نامووس ناچاربووم کوردستان بەجێبهێڵم، چونکە من کچێکم خۆشدەویست و پێیان نەدەدام، چەندین جار چوومە داوای، بەڵام باوکی و براکانی رازی نەبوون، تاوەکو تووشی هەڵە بووم لەگەڵیدا، ئیدی هەڵمگرت".
28/1/2017
هەمیشە پاش تێپەڕبوونی 100 رۆژ بە سەر ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا لەلایەن سەرۆکێکی نوێوە، هەڵسەنگاندن بۆ پلان و کارەکانی ئەنجامدراوە، بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیانەوە، بەڵام ئەم نەریتە بەسەر سەرۆکە نوێکەی ئەمریکادا جێبەجێ ناکرێت.
توێژەران دەڵێن ئەم نەریتە بە سەر 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکادا جێبەجێناکرێت، چونکە ترەمپ لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژی سەرۆکایەتیکردنیدا، چەندین بڕیاری داوە، کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی جێبەجێکردنیانی دابوو.
یەکێک لە بەڵێنەکانی ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، دروستکردنی دیوارێک بوو لە سەر سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک، رۆژی چوارشەممەی رابردووش ئەو بڕیارەی واژۆکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دیوارەکەوە رایگەیاند "ئەمەیە ئاسایشی سنوور و باشترکردن و سنووردارکردنی کۆچی کۆچبەران. ئەمە، زۆر گرنگە و، ئێمە هەر لە سەرەتاوە باسی ئەمەمان دەکرد".
ترەمپ لە هاوینی رابردوودا بەڵێنی دا بە دەرچوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، رێوشوێنی ئەمنیی تووند دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و، رێگاگرتن لە چوونە ژوورەوەی کۆچبەران و موسڵمانانیشی وەک بەشێکی سەرەکی لەو پلانەی ناوبرد.
رۆژی هەینی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا یاسایەکی واژۆکرد کە چوونەژوورەوەی کۆچبەران بۆ ناو ئەمریکا بۆ ماوەی چوار مانگ رادەگرێت، سەردانی خەڵکی شەش وڵاتیش بۆ ناو ئەمریکا بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەخە دەکات، ئەوانیش: عێراق، ئێران، سووریا، یەمەن، لیبیا، سودان و سۆماڵن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمبارەیەوە گوتبووی "دووەم بڕیار، چەند هەنگاوێکی نوێی تایبەت بە پشکنین جێبەجێدەکەین، بۆ ئەوەی رێگا نەدەین تیرۆریستە ئیسلامییە تووندڕەوەکان بێنە ناو ئەمریکاوە. ئەوانمان لێرە ناوێ. دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی نابێت ئەو هەڕەشانەی سەربازەکانمان لە دەرەوە رووبەڕوویان دەبنەوە لە ناو وڵاتەکەماندا هەبن".
هەر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ رایگەیاند رێککەوتننامە بازرگانییەکانی ئەمریکا هەڵەن، بۆیە دەبێت دابڕێژرێنەوە، یان هەڵوەشێنرێنەوە، رۆژی دووشەممەی رابردووش بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی بازرگانیی ئازادی وڵاتانی سەر زەریای هێمن، ناسراو بە تی پی پی واژۆکرد.
ترەمپ، لە رۆژانی رابردووی کەمی سەرۆکایەتیشیدا بەردەوام جەختی لە سەر کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داعش کردووەتەوە، رۆژی هەینی رابردوو داوای لە جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی کرد ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ لەناوبردنی داعش دابڕێژێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی 20ی مانگەوە 13 بڕیار و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واژۆکردووە و بەڵێنیشیداوە لە سەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی، بە خەڵکی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
28/1/2017
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مۆسكۆ بەپێویستی دەزانێت کورد لە گفتوگۆکانی جنێڤدا بەشداری بکات. دەشڵێت، كاتی ئەوەیە دەستووری سووریا بنووسرێتەوە و لایەنەكان چەكەكانیان دابنێن.
رۆژی هەینی 27-1-2017 ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا كۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی ئەنجامدا، كە تێیدا پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو بەشدار بوو.
ئەگەری بەشداری كوردی لە گفتوگۆكانی جنێڤ-4ی تایبەت بە سووریا و مافی كورد لە دەستووری پێشنیازكراوی رووسیا بۆ سووریا، پرسیارەكانی پەیامنێری رووداو بوون لە گوتەبێژەكەی وەزاروتی دەرەوەی رووسیا.
ماریا زاخارۆڤا گوتی "دەربارەی بانگهێشتی کورد بۆ گفتوگۆکان، ئێوە خۆتان هەڵوێستی رووسیا دەزانن. ئێمە بەپێویستی دەزانین کورد بەشداری گفتوگۆکان بێت".
لەبارەی ئەگەری بانگهێشتی كورد بۆ گفتوگۆكانی جنێڤ-4، كە بڕیارە مانگی داهاتوو بە بەشداری ئۆپۆزیسیۆن و حكومەتی سووریا بەڕێوەبچێت، ماریا زاخارۆڤا گوتی "لەبارەی بەشداری کورد لە جنێڤ بەڕێز ستافان دیمستۆرا و نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنەکان دیاریدەکەن و ئەوان سەرقاڵی ئەو کۆبوونەوەیەن. دەبێ ئەو پرسیارە لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت".
سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ بەشێك لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا، لەنێویاندا پەیەدە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی "لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر دەستووری نوێ بۆ سووریا کراوە. بێگومان دەستووری نوێ بۆ سووریا تەوەری سەرەکی گفتوگۆكان بووە".
زاخارۆڤ گوتیشی "دەمەوێت خاڵێکی دیکە باسبکەم، لە ئاستانە پێشنیاز کرابوو مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کورد. ئێمە پێشنیاز ناکەین، بەڵکو تەنیا پرسەکان دیاریدەکەین. چوارچێوەیەکمان داناوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستووری سووریا، بەڵام چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سووریا و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە پرسێکە پەیوەندی بە پێکهاتە جیاوازەکانی سووریاوە هەیە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت "دەتوانم بڵێم لیستێکمان ئامادەکردووە کە کۆمەڵێک پرسی تێدان، دەبێت پرسەکان چارەسەر بکرێن و سوورییەکان خۆیان وەڵام بۆ پرسەکان وەربگرن. ئێمە گوشار ناخەینە سەر هیچ کەسێک بۆ پرسەکان تەنیا لیستەکەمان ئامادەکردووە کە کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی سووریا لەخۆدەگرێت".
رووسیا رەشنووسی دەستوورێكی بۆ گۆڕانكاری لە دەستووری سووریا ئامادەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی رووداو لە دەستوورەكەدا نافی ئۆتۆنۆمی دەدرێتە كورد و زمانی كوردیش دەبێتە زمانێكی فەرمی سووریا. هاوكات ناوی كۆماری عەرەبی سووریا دەگۆڕێت بۆ كۆماری سووریا.
لەو بارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی "ئێمە تێدەگەین لەوەی کە دانانی دەستووری نوێ بۆ سووریا کارێکی ئاسان نییە، چونکە دەبێت هەموو لایەك بەو دەستوورە رازی بن. بەڵام دیسان دەیڵێـمەوە کە گوشار ناخەینە سەر هچ لایەنێک و سیستەمی نوێی وڵات داناڕێژین، تەنیا کۆمەڵێک پرسمان خستووەتە بەردەم خەڵکی سووریا دەبێت سوورییەکان لەسەر ئەو پرسانە گفتوگۆ بکەن".
ماریا زاخارۆڤا جەختیكردەوە، کاتی ئەوە هاتووە دەستوور بۆ سووریا دابندرێت و ئەوانەشی شەڕ دەکەن چەکەکانیان دانێن و داهاتوویان لەسەر دەستوور بونیات بنێن. "ئەو کاتەشی رووسیا هەنگاوی بۆ پرۆژەیەکی لەو جۆرە نا، ئامانجی ئەوەبوو کە هەموو لایەنەکان لە سووریا لەنێو دەستووردا مافیان هەبێت و جێگەیان بکرێتەوە".
داڕشتنەوە: حەكیم داود
27/1/2017
هێزه ئهمنییهكانی توركیا لهمیانی ئۆپهراسیۆنێكدا، هاوسەرۆکی شارەوانی نسێبین و چهند ئهندامێكی ئهنجوومهنی ههمان شارهوانی بهتۆمهتی ئهندامبوون و بانگهشهكردن بۆ پهكهكه و چهند دۆسیهیهكی دیكه دهستبهسهر كرد.
بهپێی ئهو دۆسیهیهی سهرۆكایهتی داواكاری گشتیی كۆماریی له مێردین ئامادهی كردووه و رهوانهی دادگای كۆماریی كردووه له نسێبین، هێزه ئهمنییهكانی توركیا، سارا كایا، هاوسهرۆكی شارهوانی نسێبین و جهنگیز كۆك، جێگری هاوسهرۆك و چهند ئهندامێكی دیكهی ئهنجوومهنی شارهوانی، كه لهسهر لیستی "دهبهپه" بوون بهتۆمهتی "ئهندامبوون و پڕوپاگهنده بۆ پهكهكه و تێكدانی یهكێتی و یهكپارچهیی وڵات"، دهستبهسهركران.
دوای دهستبهسهركردنیان رهوانهی بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی نسێبین كران و دواتریش بۆ ئهنجامدانی پشكنینی تهندروستی، برانە له نهخۆشخانهی گشتیی شارۆچكهكه.
ئادانا: 6 كهس به گومانی ئهندامبوونیان له داعش دهستگیركران
لە پارێزگای ئاداناش شیش کەس بە گومانی ئەندامبوون لە داعش و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەو رێکخراوە لهلایهن هێزه ئهمنییهكانی توركیا دهستبهسهر كران.
بهپێی راگهیێندراوێكی بهڕێوهبهرایهتی گشتیی ئاسایشی ئادانا، تیمهكانی دژه تیرۆر به هاوئاههنگی لهگهڵ پۆلیسی شارهكه، ئۆپهراسیۆنێكیان بۆ سهر سێ ناونیشان له ههردوو گهڕهكی (كیرهمیتهانه و 19ی ئایار) ئهنجامدا، كه تێيدا شەش كهس به گومانی ئهندامبوون له داعش دهستبهسهر كران.
27/1/2017
محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران ئامادەییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرجۆرە هەڕەشەیەک هەیە و ئێستاش هیچ مەترسییەک هەڕەشە لە سنوورەکانی ئێران ناکات.
محەممەد پاکپوور لەکاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازی سوپای پاسداران لە شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان گوتی "داعش بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی نییە و ئێستا هێزە چەکدارەکان ئامادەیی تەواویان هەیە و بە تەواوەتی بەسەر باری ئەمنی سنوورەکاندا زاڵن".
پاکپوور دەڵێت "ئێستا پاراستنی سنوورەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران - کە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە - باشووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دەست سوپای پاسداراندایە".
ماوەی سێ رۆژ هێزی وشکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی داڵاهۆی کرماشان مانۆڕێکی سەربازی بەڕێوە دەبات، کە ئامانج لە مانۆڕەکە خۆ ئامادەکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی "هێزە تەکفیری و گرووپە تیرۆریستییەکانی دژی شۆڕش" لە قەڵەمدراوە.
27/1/2017
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاووڵاتییانی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە، کە سەردانی کوردستانی باکوور نەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 26/1/2017، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا داوای لە گەشتیارانی ئەمریکی لە تورکیا کرد، خۆیان لە سەردانیکردنی کوردستانی باکوور بپارێزن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆکاری ئەو هۆشدارییەی بۆ ”ئەگەری روودانی هێرشی تیرۆریستی“ لە کوردستانی باکوور گەراندووەتەوە.
هۆشدارییەکە هەموو ناوچە گەشتیارەکانی تورکیاش دەگرێتەوە، وەک چێشتخانە، بار و دیسکۆکان، شوێنەکانی خواپەرستی (مزگەوت و کڵێساکان).
26/1/2017
ئەمڕۆ جێگری وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: "قەیرانی دارایی ڕێگرە لەوەی بتوانین بەزوویی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2017 -1- 26 ھۆگر شاڵی، جێگری وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی چارەسەر کردنی پرسی کارەبای نیشتمانی، لەگەڵ سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی، کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: "وەزارەتی کارەبا بەردەوام لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ھەماھەنگی دەکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای نیشتمانی، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگرە لەوەی بتوانین بەزوویی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین."
گوتیشی: "کێشەی کارەبای نیشتمانی ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەوە، ھەرچەندە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، کێشەی بڕینی کارەبایان ھەیە، بەڵام وەزارەتی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە یەک چاو سەیری هەموو پارێزگاکانی هەرێم دەکات."
ڕوونیشی کردەوە، "ئەنجومەنی وەزیران بڕی ملیارێک دیناری بۆ چارەسەری کێشەی کارەبای سلێمانی دابین کردووە، ھەروەھا بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشەی چارەسەر بکەین، پێویستە ھاونیشتمانیان بە شێوازێکی باش کارەبا بەکار بھێنن و زیادەڕۆیی لە بەکارھێنانی کارەبا نەکەن."
جێگری وەزیری کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (باسنیوز)دا گوتی: " هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای نیشتمانی دەدەین، بەڵام ناتوانین تاکوو وەرزی ھاوین بەتەواوی کێشەی کارەبا چارەسەر بکەین، چونکە پێویستی بە میزانیەیەکی زۆرە و ئێستاش حکوومەت ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە."
26/1/2017
بەشی فارسیی تەلەفزیۆنی (BBC) دیدارێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە تێیدا لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە شەڕی داعش، هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی بەغدا و تورکیا، ڕوانگەی هەرێمی کوردستانی خستووەتەڕوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای وتووێژەکەدا لە پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوەی بەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسیی (حدک) لە کۆیە دەڵێت "ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەو تەقینەوەیەمان ئیدانە کردووە و هەرکەس و لایەنێک کەلە پشتی ئەو هێرشانەوە بێت، کارێکی خراپ و ناشیرینی کردووە و ئێمە ئەو هێرشانە بەدژی خۆمان لەقەڵەم دەدەین. گوتیشی"گومانێکی زۆر هەیە کە ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەو هێرشەوە بووبێت، بەڵام بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە."
لەبارەی گرفتی شنگال و بوونی هێزەکانی (پەکەکە) لەوێ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (بی بی سی)دا ڕایگەیاند: "برایانی ئێمە لە کۆبانێ چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک تووشی گرفتی شەڕی داعش بوون، ئێمە هێزی پێشمەرگەمان بۆ یارمەتی و پشتیوانیی ئەوان نارد و کاتێک کۆبانێ ئازاد کرا و مەترسیی داعش ڕەوییەوە، داوایان لێ کردین هێزەکانمان بگەڕێنینەوە، ئێمەش ئەو کارەمان کرد، ئێستا ئێمەش هەر ئەم چاوەڕوانییەمان لە پەکەکە هەیە، ڕاستە هێزە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لە یارمەتیکردنی کوردانی ئێزدیدا ڕۆلێ گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە و سوپاسیان دەکەین و چاوەڕوانین ئەوێ بەجێ بهێڵن، مانەوەی پەکەکە لە شنگال یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەکە ناکات و لەو ناوچەیە پرسێکی هەستیار دێنێتە ئاراوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەڵێت موراد قەرەیلان گوتوویە سەرقاڵی کشانەوەی هێزەکانیان لەو ناوچەیەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی "هەتا ئێستا بەکردەوە هیچ هەنگاوێک بۆ چوونەوە دەرەوەی هێزەکانیان لە شنگال هەڵنەگیراوە و هیوادارم ئەو کارە بکەن."
لەبارەی گرفت و ئاستەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە لە هەرێمی کوردستان تەنیا یەک داوامان لە پارتی دەسەڵاتبەدەستی کوردستانی ڕۆژئاوا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە "هەموو لایەنەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و بگەنە ئەنجامێک، ئەوان ئیزن و دەرفەتی چالاکی و کاری سیاسی بە هیچ پارت و لایەنێکی دیکەی ڕۆژئاوا نادەن و سیاسەتی هاوشێوەی دیکتۆرەکانیان گرتووەتە پێش. سنوورەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوان بۆ پرسی مرۆڤایەتی و یارمەتیدان کراوەن، بەڵام لەوانەیە ئێمە پێش بە هێنان و بردنی چەکوچۆڵ بگرین، بەڵام بەمدوایانە ئێمە خەریکین لەم بارەوە گفتوگۆ دەکەین کە بە چ ڕێکارێک دەکرێت ئەو سنوورانە زیاتر کراوە بن، چونکە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک دایە."
لە درێژەدا و لەبارەی قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەککەوتنی کار و چالاکیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گوتی "لەو کاتەوەی کە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕاگیراون، ئەولەویەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان شەڕ لەگەڵ داعش بووە، چونکە داعش هەتا 35 کیلۆمەتریی هەولێر هاتبووە پێش، ئێمە ناچار بووین لە نێوان خراپ و خراپتردا یەکیان هەڵبژێرین، کە ئێمە خراپمان هەڵبژارد، بەڵام بەداخەوە بۆ لایەنەکانی دیکەی گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان ئەم ئەولەویەتە گرنگ نەبوو، ئێستا ئیدی ئەولەویەتی ئێمە گەڕانەوەی پەرلەمانتاران و دەست بەکاربوونەوەی پەرلەمانە. ئیتر لەمەودا هەوڵی ئێمە بەو ئاراستەدا دەڕوات کە چۆن دەکرێت کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر بکەین."
لە بەشێکی دیکە لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ بەغدا جێگەی کێشەن نێچیرڤان بارزانی گوتی "بێگومان پاش نەمانی داعش ئێمە هەر لەو ناوچانە دەمێنینەوە و بە هیچ شێوەیەک ناکشێینەوە، بەڵام مانەوەمان بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا ئێمە پاش 25 ساڵ ئیزنمان بە هێزە عێراقییەکان دا هەتا لەناو خاکی کوردستانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بکەن. چەند ساڵ لەمەوبەر کەس باوەڕی بەوە نەبوو کە ئەمە بێتە ئاراوە، ئێمە لەگەڵ بەغدا هاوکاریی باشمان پێکەوە هەیە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە بەرپرسێکی حەشدی شەعبی ئاشکرای کردووە "پێشمەرگە بۆ عێراق لە داعش مەترسیدارترن" سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە ڕێزێکی زۆرمان بۆ خەبات و شەهیدانی حەشدی شەعبی هەیە، ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕ لەدژی داعش هەیە، بەڵام پاش داعش دەبێ ڕێبەر و سەکردەکانی شیعە بیرێک لە ڕێکخستنی خۆیان بکەنەوە. ئەوان زۆر سەربەخۆ و سەرەڕۆیانە دەجووڵینەوە، ئەوان دەبێ بە جوانی ڕێک بخرێن و بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، دەنا بە پێچەوانەی ئەمە لە داهاتوودا دەبنە سەرچاوەی کێشە و ناکۆکی."
لەبارەی پرسی بوونی هێزەکانی تورکیا لە "باشیک" و ناکۆکیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کرد "لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە قووڵەی کە لەگەڵ هەردوولایان هەمانە، توانیمان یارمەتیدەری دیداری نێوان بەرپرسانی باڵای عێراق و تورکیا بین، تورکیا هەست بە نیگەرنییەکانی بەغدا دەکات، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کات و ڕێکەوتێک بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق دیاری نەکراوە، بەڵام تورکیا ئەوەی قەبووڵ کردووە لەم بارەوە درێژە بە گفتوگۆکانی بدات، هەتا بگەنە ئەنجامێک."
26/1/2017
پەرلەمانی ئەڵمانیا مانەوەی هێزە سەربازییەكانی لەسەر خاكی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە درێژكردەوە.
ماوەی دوو ساڵە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، 150 سەربازی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.
فرانك ۆڵتەر شتانمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "دوای سەركەوتنەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، ئێستا چەكدارانی داعش لە قۆناخی هێرشكردنەوە كەوتوونەتە قۆناخی بەرگریكردن".
شتانمایەر ستایشی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە و رایگەیاندووە "كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژهەڵاتی شاری موسڵ نموونەیەكی دیارە لەسەر سووربوونی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر دەركردنی داعش لە عێراق.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داواشی لە حكومەتی عێراق كرد سەقامگیریی و ئاسایش لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دابینبكات و گیانی دانیشتوانەكەی بپارێزێت، كە زیاتر لە دوو ساڵ لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ژیاون.
فرانك ۆڵتەر شتانمایەر جەختیشیكردەوە، بەرلین پابەندە بە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ عێراق، كە بەگوتەی ئەو "ساڵی رابردووش بەرلین 120 ملیۆن یۆرۆری بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و ئاسایش لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان پێشكەش بە عێراق كردووە".
27/1/2017