راوێژکارێکی باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت، هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی لەلایەن ئێرانەوە، جێگەی بایەخی تاران نین.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی دەڵێت "ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا هەڕەشەی لەو جۆرە لە ئێران دەکات و واشنتن خۆیشی دەزانێت ئەو هەڕەشانە بێکەڵکن".
ویلایەتی پەرەپێدانی سیستەمی بالیستیکی بە مافێکی وڵاتەکەی دەزانێت و دەڵێت "ئێران پێویستی بە مۆڵەتی هیچ لایەنێک نییە تاوەکو بەرگری لەخۆی بکات".
ئەم وەڵامەی ئێران لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-2-2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوو تویتدا رایگەیاند، دەبوو ئێران سوپاسگوزاری ئەو رێککەوتنە بکات، کە ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵی واژۆکردووە.
ترەمپ دەڵێت "ئێران لەسەر لێواری رووخان بوو، بەڵام رێککەوتنەکەی وڵاتانی زلهێز جارێکی دیکە رووحی بۆ ئێران گەڕاندەوە". دوا مووشەک کە ئێران تاقیکردەوە، مەوداکەی مامناوەندە و دروستکراوی ئێرانە بەناوی خۆرامشەهر. ئەو مووشەکە 965 کیلۆمەتر بەئاسمانەوە بووە بەر لە تەقینەوەی. بەپێی زانیارییەکانی ئەمریکا تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو نەبووە.
ئەوە 12مین مووشەکی بالیستییە ئێران تاقیدەکاتەوە لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمریکا. ئیدارەی ئۆباماش جەختی لەوەکردبووەوە، رێککەوتنەکە رێگری لە ئێران دەکات مووشەکی بالیستی تاقیبکاتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لەئێران کردووە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی رابگرێت.
04/02/2017
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی تاقیکردنەوەی مووشەکی ئێران کۆبووەوە. باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئێران مووشەکی بالستیکی تاقیکردووەتەوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، ئەمریکا کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێران.
باڵیۆزی بەریتانیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو ئاشکرایکرد، رێککەوتنی ئەتۆمی جگە لە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان، هەوڵێک بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچە، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبوون. ئێرانیش بە بوونە بەربەست لە بەرامبەر سەقامگیربوونی ئاشتی لە ناوچە تۆمەتبار دەکات.
نیکی هایلی، باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ "ئێمە زانیاری تەواومان هەیە، کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو 29-1-2017 ئێران مووشەکێکی بالیستی مامناوەندی تاقیکردووەتەوە. ئێمە لەم ئیدارەیە بڕیارمانداوە چاوپۆشی لەم رەفتارانەی ئێران نەکەین. ئێمە کردارمان دەبێت، بەهێز دەبین و دەنگمان بەرزدەبێت، هەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستی خەڵکی ئەمریکا و جیهان".
لەبەر ئەوە ئەمریکا داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. بەپێچەوانەی هەڵوێستی بەرپرسانی ئیدارەی باراک ئۆباما، رۆژی سێشەممە، باڵوێزی نوێی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە هەموو وڵاتان کرد کە ئیدی متمانەیان بە ئێران نەبێت.
نیکی هایلی هەروەها گوتی "ئێرانییەکان دەڵێن ئەو مووشەکانەمان لە دژی وڵاتانی دیکە بەکارناهێنین. من، بە جیهان دەڵێم دەبێت وشیار بن. ئەمریکا ساویلکە نییە هەروا هەڵبخەڵەتێنرێت. ئێمە کاردانەوەمان دەبێت"، بەڵام رەتی کردەوە بڵێت ئەو کاردانەوەیە چی دەبێت.
دیپلۆماتکاران دەڵێن: باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا وا دەردەکەوێت کە خۆیشی نازانێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە چی بەرامبەر ئێران بکات. ژمارەیەکی زۆری دپلۆماتکارانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکایش دڵنیا نین لەوەی، ترەمپ ئامادەیە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە هەڵبوەشێنێتەوە یان نا.
بەڵام باڵیۆزی بەریتانیای هاوپەیمانی ئەمریکا، لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیاریکی رووداودا بۆ یەکەمین جار بابەتی رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی بەستەوە بە رۆڵی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ماسیو رایکرۆفت، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "کاتێک ئێمە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەمان واژۆکرد دەمانویست ئێران ببێتە هێزێکی هەرێمی بەرپرسیار، بەڵام ئەگەر سەیری سیاسەتی ئێران بکەی لە سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن، دەبینی ئەوە رووینەدا. تاوەکو ئێستا ئێران بەربەستە لە بەردەم سەرکەوتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا".
ئەم لێدوانە پێچەوانەی هەڵوێستی پێشووی بەریتانیا و ئەمریکایە، کاتێک نوێنەرانی هەردوو وڵات دەیانگوت، رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران، مەرجدار نییە بە رۆڵی ئێران لە شەڕەکانی سووریا، یەمەن و عێراق.
03/02/2017
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەكێك لە ئەولەویەتەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەبێت، لەبەر ئەوەی لە چەند ساڵی دواییدا تیرۆریزم لەم ناوچەیە كێشەیەكی گەرم بووە و ژمارەیەكی زۆر لە سەربازان و راوێژكارانی سوپای ئەمریكا هێشتا لەم ناوچەیە جێگیرن، ئەمە جگە لەوەی ئەمریكا مێژوویەكی درێژی لە بەشداری لە سیاسەتی ئەم ناوچەیەدا هەبووە. بۆیە جەیمز جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق و دەنیس رۆس، راوێژكاری تایبەتی باراك ئۆباما و هیلاری كلینتن، لە راپۆرتێكی پەیمانگەی واشنتندا تیشك دەخەنە سەر ئەو بنەما گشتییانەی بەبۆچوونی ئەوان ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی دەبێ بایەخیان پێبدات.
ئەو بنەما گشتیانەی دوو بەرپرسەكەی پێشووی حكومەتی ئەمریكا دەستی لەسەر دادەنێن، لەو هەشت خاڵەی خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە:
یەكەم: جڵەوكردنی ئێران
لەو بەشەی راپۆرتەكەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە "ئێران بە مەبەستی فراوانكردنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەكەدا دەستی گەیاندووەتە ناو ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی، لەوانەش عێراق، یەمەن، سووریا، لوبنان و بەحرەین". جگە لەمە جەنگی نێوخۆیی سووریا سەلماندی ئێران چ كاریگەرییەكی لەسەر ناوچەكە و جیهان بە گشتی هەیە، لەبەر ئەوەی پشتگیریی تاران لە حكومەتی دیمەشق، كوشتاری هەزاران كەس، ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتووانی سووریا و بەشداریی رووسیای لە قەیرانی سووریا لێكەوتەوە. هەر بۆیە راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە "هەتا ئێران جڵەو نەكرێت، ناوچەكە لە شەڕی تایفی قووڵتر و كارەساتبارتری نێوان شیعە و سوننەدا نوقم دەبێ".
سەبارەت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و گرووپی 5+1، راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "ستراتیژی زیرەكانە ئەوەیە سیاسەتە هەڕەشەئامێزەكانی ئێران بكات بە ئامانج نەك رێككەوتنە ئەتۆمییەكە"، چونكە ئەگەر واشنتن رێككەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوە دەبێت وەڵامی دوو پرسیار بداتەوە: یەكەم: چی هەیە لەجێی ئەو رێككەوتنە؟ دووەم: هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە بە چ شێوازێك سنوور بۆ فراوانخوازییەكانی تاران دادەنێت؟
دووەم: تێكشكاندنی داعش
شەڕی دژی داعش، حكومەتی عێراقی خستووەتە ژێر خەرجییەكی زۆرەوە. هەڕەشەی هێرشەكانی ئەم گرووپە لە ناوچەكە و سەرانسەری جیهاندا بەردەوامە، بۆیە لەناوبردنی ئەم گرووپە زەروورەتێكی هەنووكەییە. جێفری و رۆس پێیانوایە بەهۆی درێژەكێشانی هەڕەشەكە "ئیدارەی نوێ دەبێت بە بژارەكانی بەردەستی خۆیدا بچێتەوە، لەوانەش دەبێت بیر لە بەكارهێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بكاتەوە، هەروەها پێویستە حكومەتە سوننەكانی ناوچەكە هان بدات لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكاندا بەشداری بكەن".
سێیەم: شەڕی دژی گرووپە تووندڕەوەكانی دیكە
تاڵیبان و داعشی لێدەرچێت، ئەمریكا بەشدارییەكی سنوورداری لە جەنگی دژی رێكخراوە توندئاژۆ ئیسلامییەكانی دیكەدا هەبووە كە خۆی لە هێرشی فڕۆكەی درۆن، راهێنانی هێزی سەربازیی وڵاتان و پێشكەشكردنی راوێژی سەربازیدا بینیوەتەوە. ئامادەكارانی راپۆرتەكە پێیانوایە بەم ئاستە لە بەشداریی ئەمریكا "ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خێرای ئەلقاعیدە لەئارادایە".
چوارەم: پاراستن و راگرتنی هاوپەیمانێتییەكان
دوو دیپلۆماتە ئەمریكییەكە پێیانوایە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا لاوازە، ئەم بارودۆخەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەو وڵاتانە پێیانوایە "ئەمریكا مامەڵەیەكی گونجاوی لەگەڵ عێراق، سووریا و كێشەی داعش نەكردووە". بەبۆچوونی ئامادەكارانی راپۆرتەكە، بە مەبەستی چارەسەری كێشەكانی نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانانی لە ناوچەكەدا پێویستە كۆشكی سپی "كۆمەڵێك هەنگاوی كاریگەرتر بهاوێ".
جێفری و رۆس بڕوایان وایە "پێویستە ئەمریكا كۆمەڵێك هەنگاوی خێرا و زەق بنێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانەكانی دڵنیا بكاتەوە" كە یەكەمیان پەیوەندی بە حوكمڕانی و پرسەكانی پەیوەندیدار بە مافەكانی مرۆڤەوە هەیە، دووەمیان بۆ پرسی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل و دانوستاندنەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەكان دەگەڕێتەوە". هەنگاوی سێیەمیش پەیوەندی بە پرسی رادەستكردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆكی بزووتنەوەی خزمەتەوە هەیە. راپۆرتەكە هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەمریكا پێویستە سیاسەتێكی بۆ پشتگیریكردن لە چاكسازییەكانی سعودیە هەبێت كە لە چوارچێوەی پلانی روئیای 2020 و 2030دا خۆی دەبینێتەوە.
پێنجەم: هاوكاری لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە
بەپێی راپۆرتەكە، یەكێك لە نەریتەكانی لەمێژینەی ئەمریكا ئەوە بووە كە بەشدارییەكی دیپلۆماتیكی كارای لە چارەسەری كێشەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبووە، بۆ نموونە كێشەی نێوان كورد و توركیا، فەڵەستین و ئیسرائیل، پاكستان و هیندستان، توركیا و یۆنان. بەبۆچوونی دوو دیپلۆماتە ئەمریكییەكە "ئەمە بەشێك بووە لە سیاسەتی ئەمریكا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە".
راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە ئەگەرچی ئەم هەنگاوە پێگەی ئەمریكا لە ناوچەكە بەرز دەكاتەوە، بەڵام لە چاو چوار بنەماكەی پێشتر پێگەیەكی لاوەكی هەیە.
شەشەم: بەكارهێنانی هێزی سەربازی
ئامادەكارانی راپۆرتەكە جەخت دەكەنە سەر ئەوەی كە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا پێویستیان بە پشتیوانیی هێزی سەربازیش هەیە، كە زۆربەی جاران بۆ مەبەستی رێگریكردن و هەندێكجاریش بۆ بەشداریكردنی راستەوخۆتر (واتە هێرشی سەربازی) بەكاردەهێنرێن. ئەگەرچی ئامادەكارانی راپۆرتەكە پێیانوایە هەوڵەكانی هێزەكانی ئەمریكا بۆ پاراستنی رەوشی ناوچەكە سەركەوتوو بوون، بەڵام لەهەمانكاتدا جەخت لەسەر ئەوەش دەكەنەوە كە "هێزەكانی ئەمریكا بەپێی پێویست هەماهەنگی و هاوبەشییان لەگەڵ هێزە نێوخۆییەكانی وڵاتەكان نەكردووە".
حەفتەم: بەكارهێنانی هێزی ئابووری و هێزی نەرم
هەردوو كۆنە دیپلۆماتی ئەمریكی پێیانوایە هاریكاری دارایی و تەكنیكی، برەوپێدانی بازرگانی و شێوازەكانی دیكەی بەكارهێنانی هێزی نەرم دەتوانن ئامرازی دیپلۆماسی و پاراستنی ئاسایش بن. بەگوێرەی راپۆرتەكە بەرچاوترین هەنگاو لەم پەیوەندییەدا هاریكارییە مرۆییەكانن "كە سەقامگیریی بۆ وڵاتەكانی ناوچە و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپاش دەگەڕێننەوە"، نموونەش بۆ ئەمە "هاوكارییەكانی ئەمریكایە بۆ چارەسەری قەیرانی ئاوارەكانی سووریا".
راپۆرتەكەی پەیمانگای واشنتن هەروەها ئاماژە بە بەشداری كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمریكا لە كەرتی نەوت و غازی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، كەرتی كارەبای عێراق و كێڵگە غازییەكانی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست دەكات كە لە هەموو حاڵەتەكاندا بەشداری ئەمریكا هاوبەشێتییەكی پتەوی دروستكردووە.
هەشتەم: خۆدوورگرتن لە سیاسەتی گۆڕانكاری و چاككردنەوە
ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەست كۆمەڵێك كێشەی درێژخایەنی كۆمەڵایەتی، ئابووری و حوكمڕانییەوە دەناڵێنێ، هەڕەشە ئەمنییەكان و سەرهەڵدانی گرووپە ئاینییە توندئاژۆكان ئەم كێشانەیان قورستر كردووە. بەبۆچوونی جێفری و رۆس هەردوو ئیدارەی پێشووی ئەمریكا هەوڵی چاكسازییان لەم بوارانەدا داوە، بەڵام "هیچكامیان سەركەوتوو نەبوون و ناوچەكەیان ناسەقامگیرتر كردووە".
ئامادەكارانی راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەم سیاسەتە درێژخایەنە وایكردووە فۆكەسی "سەرمایە دارایی و مرۆییەكان لە كێشە هەنووكەییەكانەوە بۆ كێشە درێژخایەنەكان بگۆڕدرێ"، بەمەش هەڕەشە ئەمنییەكانی سەر ناوچەكە لەجێی خۆیان ماون.
03/02/2017
مایکڵ فلین، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رەخنەی تووند لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئەمدواییەی ئێران دەگرێت و رایدەگەیێنێ، تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستکی پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
بەبۆچوونی راوێژکارەكەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، کارەکانی ئەمدواییەی ئێران وەک تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستیکی و هێرشکردنە سەر کەشتییەکی سعودی لەلایەن حوسییەکان کە لەلایەن ئێران پاڵپشتیی دەکرێن، ئەوە رووندەکەنەوە چۆن ئێران لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەدا رۆڵ دەبینێت.
مایکڵ فلین جەختدەكاتەوە "ئێران بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی حوسییەکان و پێشێلکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیریكردنی ناوچەکە، ئێران لە دژی سعودیە و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چالاکی ئەنجام دەدات، بۆیە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئیدانەی ئەو رەفتارانەی ئێران دەکات".
ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا و لەدوای دەستبەكاربوونیشی رایگەیاندووە بە سیاسەتێکی جیاواز لە باراک ئۆباما بەرامبەر بە ئێران دەگرێتەبەر. جەختی لەوەش كردووەتەوە رێککەوتننامەی ئەتۆمی هەمواردەکاتەوە و دەستی ئێران لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچە کورتدەکاتەوە.
02/02/2017
هەفتەی رابردوو لە دانوستاندنی ئاستانەدا، رووسیا، ئێران و توركیا لەسەر میكانیزمێكی سێ لایەنە بۆ راگرتنی ئاگربەستی سووریا رێككەوتن. بەگوێرەی بەیاننامەی كۆتایی دانیشتنە دوو رۆژییەكە، هەر سێ وڵات لەسەر بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ تێكشكاندنی داعش و بەرەی فەتحی شام (لقی قاعیدە لە سووریا) رێككەوتن. رێككەوتنەكە واژۆی هیچ لایەنێكی سووری لەسەر نییە، ئەمەش ئەو راستییە دەردەخات كە درێژەپێدان یان راگرتنی جەنگی نێوخۆی سووریا هێندەی لە دەرەوەی سنوورەكانی ئەو وڵاتەوە كۆنترۆڵ دەكرێ، هێندە پەیوەندی بە رێككەوتنی نێوان هێزە نێوخۆییەكانەوە نییە.
ئەمریكا، چین و ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی بانگهێشتی كۆنفرانسی ئاستانە كرابوون، لەوانەش ئوردن، سعودیە، میسر، لوبنان و عێراق. بەشار جەعفەری، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرۆكی شاندی حكومەتی سووریا بوو لە كۆبوونەوەكاندا، تاكە هێزی سەرەكیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش لە كۆنفرانسەكەدا جەیش ئەلئیسلام بوو بە سەرۆكایەتی محەممەد عەلوش.
هاوپەیمانێتی نیشتمانیی سووریا، پەیەدە و ئەحرار ئەلشام ئامادەی كۆنفرانسەكەی ئاستانە نەبوون. ئەحرار ئەلشام كۆبوونەوەكانی بایكۆت كردبوو، بەڵام ئەم گرووپە بەدەست دووبەرەكیی نێوخۆییشەوە دەناڵێنێ، لە كاتێكدا بەشێك لە سەركردایەتی خوازیاری هاوكارین لەگەڵ بەرەی فەتحی شام، بەشێكی دیكەیان دەیانەوێت بەشداریی كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بكەن. پەیەدە بەهۆی گوشارەكانی توركیاوە ناوی نەخرابووە لیستی بەشدارانی كۆنفرانسەكەوە. بەرەی فەتحی شام و داعشیش لەو گرووپانە بوون كە نەدەبوو بەهیچ شێوەیەك بیر لە بەشداركردنیان بكرێتەوە.
هەڵبژاردنی وادەی كۆنفرانسەكەش گرنگیی خۆی هەبوو. كۆنفرانسی ئاستانە تەنیا سێ رۆژ دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ هات، بەمەش ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا، دەیەوێت بە مەرجەكانی خۆی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا (واتە قۆناغی پاش ئۆباما) مامەڵە بكات، بە تایبەتیش لە كاتێكدا شاری حەلەب لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی لایەنگری حكومەتی سووریادایە.
جیا لەمە، كۆنفرانسی ئاستانە دوو هەفتە پێش كۆبوونەوەی جنێڤ هات كە بڕیارە رۆژی هەشتی شوبات بەنێوبژیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەبچێت، بۆیە دوور نییە كۆبوونەوەی ئاستانە بە مەبەستی دانانی بناغەیەك بۆ دەسەڵاتی رووسیا لە كۆبوونەوەی جنێڤ بەكاربهێنرێ.
رووسیا و ئەنقەرە و قەیرانی متمانە
فابریس باڵانش، لێكۆڵەری كاروباری سیاسی سووریا لە پەیمانگەی واشنتن، پێیوایە ئامانجی كۆبوونەوەكەی ئاستانە بە پێچەوانەی كۆبوونەوەكانی جنێڤ، راگرتن یان سنوورداركردنی جەنگی نێوخۆیی سووریا بووە. ئەو دەڵێت "رێككەوتنەكە سەربازییە و دەكرێ ئاكامی سیاسیشی هەبێت، بۆیە ئەو گرووپانەی بانگهێشت كراون، گرووپی سەربازین نەك سیاسی".
بالانش پێیوایە "توركیا دەیتوانی گوشارێكی زیاتر بخاتە سەر ئەحرار ئەلشام بۆ ئەوەی بەشداری كۆنفرانسی ئاستانە بێت، بەڵام توركیا دەیەوێت ئەو هاوپەیمانێتییە وەكوو وەرەقەیەك بپارێزێت، ئەمەش بۆ ئەو كاتەی كە دانوستاندنی ئاستانە و قۆناغی دواتر بەباشی بەرەوپێش نەچوو یان هاوكارییەكانی نێوان رووسیا و توركیا كێشەی تێكەوت".
توێژەرە فەرەنسییەكە هەروەها دەڵێت "رووسیاش پەیەدە وەكوو وەرەقەیەك لە دژی ئەنقەرە بەكاردێنێ". پەیەدە و پێشڕەوییەكانی لە باكووری سووریا ئەو هۆكارە بوون كە لە رۆژی یەكەمەوە توركیای ناچار كرد پەنا بۆ رووسیا بەرێت. ئێستاش ئەگەرچی رووسیا بۆردومانی چەكدارانی داعش لە نزیك ئەلباب دەكات و توركیا دەیەوێت ئەمە وەكوو ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی مۆسكۆ و ئەنقەرە نیشان بدات، بەڵام بۆردومانەكانی رووسیا هێندەی لە خزمەتی پێشڕەوییەكانی هێزەكانی لایەنگری ئەسەدە، هێندە بۆ پشتگیری پێشڕەویی هێزەكانی توركیا بۆ ناو شاری ئەلباب نییە.
پلانی رووسیا و ئۆپۆزیسیۆنێكی پارچە پارچە
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، مۆسكۆ ئاگربەستەكانی بۆ جێگیركردنی هێزەكانی حكومەتی سووریا و دروستكردنی ناكۆكی لەنێو هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆندا بەكارهێناوە. ئەم ئامانجەی رووسیاش سەری گرتووە. بەگوێرەی راپۆرتێكی ناوەندی ستراتفۆری ئەمریكی "كەوتنی حەلەب و سیاسەتەكانی ئەمدواییەی توركیا لە ئاست ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بووەتە هۆی ئەوەی ناكۆكی نێوخۆیی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن زیاتر بێت". راپۆرتەكەی ستراتفۆر سێ هۆكار بۆ ئەم ناكۆكییانە دەستنیشان دەكات:
یەكەم: جیاوازیی بۆچوون لە نێوان سەركردەی گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن كە بەهۆی كۆبوونەوەیان لە ئیدلیب بەریەككەوتنیان لە جاران زیاترە.
دووەم: ناكۆكیی نێوان گرووپەكان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی توركیا. بەرەی فەتحی شام ژمارەیەك لە گرووپە ئیسلامییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەوە تۆمەتبار دەكات كە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، هۆكاری كەوتنی ئۆپۆزیسیۆن بوو لە حەلەب.
سێیەم: لە چەند مانگی رابردوودا سەدان چەكداری بەرەی فەتحی شام لە هێرشەكانی هێزی ئاسمانیی ئەمریكادا كوژراون. ئەمەش بەرەی فەتحی شامی هانداوە لە گرووپەكانی نزیك لە ئەمریكا بدات، یەكێك لەو گرووپانەش سوپای ئازادی سووریا بووە، بەڵام گەورەترین ناكۆكی لە نێوان بەشێك لە چەكدارانی ئەحرار ئەلشام و بەرەی فەتحی شامە كە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هەتا سەر لێواری شەڕی دەستەویەخە چوون. ئاستانە.. مەیدانی دەركەوتنی رووسیا وەك برا گەورە
قایمبوونی شوێنپێی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا، دەرفەتی ئەوەی بە رووسیا داوە نیازی خۆی لە سووریا ئاشكراتر بكات، بۆیە بۆ یەكەمجار لە یەك ساڵ و نیوی رابردوودا رووسیا لە كۆنفرانسی ئاستانەدا رەخنەی لە هێزەكانی لایەنگری ئەسەد گرت و بەوە تۆمەتباری كردن كە ئەوان هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەكانی نزیك لە وادی بەڕەدا، نەك چەكدارانی قاعیدە. هەروەها رووسیا شەرعیەتی بە هەردوو گرووپی ئەحرار شام و جەیشی ئیسلام بەخشی، لە كاتێكدا هەردوو گرووپەكە لەلایەن حكومەتی سووریاوە بە گرووپی تیرۆریستی ناسراون.
بەم هەنگاوە رووسیا پێگەیەك لەنێو لایەنە ناكۆكەكانی سووریادا بەدەست دێنێ كە هیچ لایەنێكی دیكە نیەتی. واتە پێگەی نێوبژیوانكاری سەرەكی یان برا گەورە. ئەمە رەوشێكە كە رووسیا خۆی دروستی كردووە و خۆیشی دەیەوێ بەرەكەی بچنێتەوە، واتە لەلایەكەوە حكومەتی ئەسەدی لە رووخان رزگار كرد و لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی بەشداریی رووسیا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ناتوانن دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرن، ئێستاش رووسیا (بە پێچەوانەی ئێران و حكومەتی سووریا) چارەسەرێكی سیاسی دەوێت كە ناوی رووسیای لەسەر بێ.
02/02/2017
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان بەفربارین ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوامە، بەو هۆیەوە رێگەی نزیکەی سێ هەزار گوند داخراوە و، ژیان و کاری رۆژانەی خەڵک زەحمەت بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەفر رێگەی 2700 گوندی داخستووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ئامەد بەفربارین بووەتە مایەی خۆشی بۆ منداڵان و رۆژانە لە شوێنە گشتییەکان یاری بە بەفر دەکەن و، دڵخۆشن بەوەی باکووری کوردستان سپی پۆشیوە.
02/02/2017
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) لە نووسراوێكدا بۆ میدیا توركییەكان رایدەگەیێنێت "پێدانی ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی نوێ بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە (HSD)، بڕیاری ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بووە نەك ئیدارەی نوێ".
ئەدریان رانكین، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن)، لەبارەی ناردنی چەك بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات رایگەیاند "راپۆرتەكەی رۆیتەرز لەبارەی ناردنی چەكی ئەمریكی بۆ هێزە كوردییەكان لەنێو هێزەکانی سووریای دیموكرات وردبینی تێدا نەبووە، ناردنی یارمەتی سەربازی بڕیاری ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بووە نەك ئیدارەی نوێ و هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی ئیدارەی نوێ رووینەداوە".
رۆژی سێشەممە 31-1-2017، تەڵال سیلۆ، گوتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا چەكی پێشكەوتووی بە هێزەكانیان داوە، بەجۆرێك پێشتر ئەو چەكانەیان پێنەداون و هاوكارییەكانییان تەنها لە چەكی سووكدا بووە".
گوتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات گوتی "یارمەتییە سەربازییەكانی ئەمریكا زرێپۆش و چەندین ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەربازی لە خۆگرتووە، یارمەتییەكانیش بەرفراوانتر دەبێت".
بەپێی قسەی تەڵال سیلۆ بەم نیزیكانە هێزەكانی سووریای دیموكرات ئۆپەراسیۆنێكی دیكە دژی داعش دەستپێدەكەن.
02/02/2017
سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن روحانی بە رەخنەگرتن لە سیاسەتی سەرۆكی نویی ئەمریكا بەرامبەر كۆچبەران، بەتایبەتی قەدەغەكردنی گەشتی ئێرانییەكان بۆ ئەمریكا رایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ سیاسەتمەدارێكی تازەكارە".
گوتیشی "تاران رێوشوێنی یاسایی، سیاسی و ھاوشێوە بۆ وەڵامدانەوەی بڕیارەكەی ترەمپ دەگرێتە بەر"، بێ ئەوەی وردەكارییەكانی ئاشكرا بكات.
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رۆژی 27 كانوونی دووەمی 2017 ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی حەوت وڵاتی بە زۆرینە موسڵمانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بۆ ئەمریكا قەدەغەی كرد.
بە پێی ھەواڵێكی رویتەرز، روحانی لەبارەی ترەمپ و بڕیارەكانی دەڵێت: "سیاسییەكی نوێیە، لە دونیایەكی جیاواز دایە و ئەم دونیایە بۆ ئەو بە تەواوەتی نوێیە".
ھەر لەمبارەوە دەڵێت "كات و تێچوونێكی زۆر بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تێدەچێت، تا ترەمپ فێر ببێت بزانێت چی لەم دونیایە روو دەدات".
ترەمپ سەرباری ئەوەی كە ئێرانی خستە ناو ئەو وڵاتانەی بەر بڕیارەكەی دەكەون، بەڵێنیداوە رێوشوێنی توند بەرامبەر تاران بگرێتە بەر، پێشتریش رەتیكردبووەوە پابەندی رێككەوتنامەی ئەتۆمی ئێران ببێت و بە خراپترین رێككەوتن وەسفی كردووە.
JS
1/2/2017
هاوژینی مامۆستا مەحموود عوسمان، خاوەن نووسینگەی دراو و مامۆستای ئایینی دەڵێت، کەسێکی دەمامکدار دوای بریندارکردنی جانتایەک پارەی بردووە و دواتر چەند گوللەیەکی دیکەی لێداوە و کوشتوویەتی.
شەوی رابردوو مامۆستا مەحموود عوسمان، خاوەنی نووسینگەی دراو، کە هاوكات مامۆستای ئایینی مۆڵەتدراو و خوێندكاری دكتۆرا بووە، لە شاری هەولێر لەبەردەم ماڵەکەی خۆی تەقەی لێکرا و کوژرا.
ئاسیا ئەنوەر، هاوژینی مەحموود عوسمان وردەکاری رووداوەکەی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کاژێر 10:30 خولەکی شەو لە بەر دەرگا هاوژینەکەیان بریندارکردووە و دواتر هەوڵی داوە خۆی بگەیێنێتە ژوورەوە، بەڵام کەسێک تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی.
ئاسیا ئەنوەر دەشڵێت "کە گەیشتووەتە سەر هاوژینەکەی لەنێو خوێندا بووە و هاواری کردووە، دواتر لەلایەن دراوسێکانی براوەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە".
مەحموود عوسمان، كە هاوكات مامۆستای ئایینی مۆڵەتدراو و خوێندكاری دكتۆرا بووە لە شەریعەتی ئیسلامی، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند لایەنە ئەمنیەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و وەزارەتی ئەوقافیش بە دواداچوون بۆ کەیسەکە دەکات.
1/1/2017
عەبادی وێڕای ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە باش وەسف دەكات، راشیدەگەیێنێ "بەرگریكردن لە عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان لەلایەن هەر سیاسییەك رەتدەكەینەوە و، دەمانەوەێ وەكو یەك بەرگری لە هەموو عێراقییەكان بكرێت".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 31-1-2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆنفرانسی هەفتانەی سازكرد و لەبارەی چەند پرسێكی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی قسەی كرد.
حەیدەر عەبادی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێكدا سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەكانیان باشن، بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش كە خوێنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان تێكەڵ بوو، بۆیە بەرگریكردن لە عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان لەلایەن هەر سیاسییەك رەتدەكەنەوە و دەیانەوەێ بەرگری لە هەموو عێراقییەكان بكرێت.
لەبارەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، عەبادی رایگەیاند "پێویستمان بە ئاشتبوونەوە نییە، لەوانەیە تێڕوانینمان بۆ هەندێ بابەت جیاواز بێ و، نامانەوێ ئەو ناكۆكییە ببێتە شەخسی".
سەبارەت بە بوونی ناكۆكی و ئینشیقاق لە ریزی حیزبەكەی (حیزبی دەعوەی ئیسلامی كە مالیكی ئەمینداریەتی) و دەنگۆ هەیە سەركردەكانی حیزبەكە بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردن بكەن، عەبادی گوتی " بە ئاراستەی هەڵبژاردندا نەچووم، بڕیارم داوە خۆ بە هاوپەیمانێتییەكانی هەڵبژاردن سەرقاڵ نەكەم، بەڵكو وەكو سەرۆكوەزیران پارێزگاری لە دەوڵەت بكەم، بەتایبەتی كە ئێستا لە قۆناخی كۆتایی شەڕی داعش و كێشە داراییەكانین".
1/2/2017
ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم، هەرێمی کوردستان و ئێران ئاڵوگۆڕی زیندانییان دەکەن و ئێران حەوت بەندکراو رادەستی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە 31-1-2017) لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، ئاڵوگۆڕی زیندانییان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بکرێت، بەجۆرێک هەرێمی کوردستان 10 بەندکراو رادەستی ئێران دەکاتەوە و ئێرانیش حەوت بەندکراو رادەستی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
لە ساڵی 2013ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لێکتێگەیشتنێکیان لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان واژۆ کرد و لە 9-8-2015 کەوتە بواری جێبەجێکردن.
31/01/2017
لە کۆڕی دەیان گەشتیاری بیانیدا، سەرۆککۆماری ئێران بێ ئەوەی راستەوخۆ ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا بێنێت، رەخنەی لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی گرت.
حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت "ئێستا سەردەمی دروستکردنی دیوار لەنێو نەتەوەکاندا نییە، لە بیریان چووە کە چەندین ساڵ پێش ئێستا دیواری بەرلین رووخا ؟، ئەگەر لەنێوان نەتەوەکانیشدا دیوار هەبێت، دەبێت هەڵگیرێتەوە. ئێستا رۆژی دراوسێیەتییە، هەم لەڕووی کولتووری، زانستی و ژیارییەوە دراوسێین و هەمیش جیهانی پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیارییەکان مەوداکانی کورت کردووەتەوە".
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەمین رۆژی هاتنە سەرکاریدا ئەمریکای لە رێککەوتنی بازرگانی زەریای ئارام کشاندەوە، ئەمە یەکێک لە دەسکەوتەکانی باراک ئوباما، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا بوو، دەسکەوتێکی دیکەی حکومەتی ئوباما، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانە.
لەماوەی یەک هەفتەی دەستبەکاربووونیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لەو بڕیارانەش راگرتنی ڤیزەی ئەمریکا بوو بۆ چەند وڵاتێک و بڕیاری دروستکردنی دیوارێک بوو لەسەر سنووری مەکسیک.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە تیرۆریزم کرد، ئەو گوتی ئەگەر ئێران نەبووایە ئێستا لە دیمەش و بەغدا گرووپە تیرۆریستییەکان حوکمڕانیان دەکرد.
31/01/2017
رۆژنامەی وەرزشی ئێرانی بابەتێکی گرنگی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەمریکا لە جامی جیهانی زۆرانبازی کە لە کرماشان بەڕێوەدەچێت وروژاندووە و پەیوەستی کردووە بەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپەوە کە بەم دواییە سەبارەت بە پێنەدانی ڤیزا و دەرکردنی پەنابەرانەوە خستییە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، یارییەکانی جامی جیهانی لە یاری زۆران بازی ئازاددا بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە هەشت وڵات بەشدارن و ئەمریکا و رووسیاشی تێدایە.
بە پێی قسەی رۆژنامەی وەرزشی ئێران، پێدەچێت بەرپرسانی ئێران سەبارەت بەو بریارەی ترەمپ هەڵوێست وەربگرن چونکە لە نێو ئەو حەوت وڵاتەی کە خاکی ئەمریکایان لێقەدەخەکراوە ئێرانیشی تێدایە، رەنگە ئێرانیش ڤیزا بەو یاریزانە ئەمریکییانە نەدات کە دەیانەوێت بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا بکەن.
وەک رۆژنامەکە دەڵێت، وەرزش و لاوانی ئێران بڕیارداوە لێژنەیەک سەبارەت بەو پرسە پێکبهێنن و بڕیار لە چارەنووسی پالەوانێتییەکە بدرێت، ئایە بەڕێوەدەچێت؟ یان بەبێ ئەمریکا ئەنجام دەدرێت،یانیش دەبێت ئێران لە هەمبەر ئەو پرسەدا بەرپرسیارانەتر هەڵویستی هەبێت.
لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، ئایە تا کەی ئەم بڕیارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت؟ چونکە لە ساڵی 2024 ئۆڵیمپیادی هاوینە لە لۆس ئەنجلێسی ئەمریکا دەبێت، ئەی ئەو کات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەن؟
30/1/2017
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 30-1-2017، لە شاری كێبێكی كەنەدا هێرشی چەكداری كرایە سەر مزگەوتێك، رووداوەكە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە و دوو تۆمەتباریش دەستگیركران.
پۆلیسی کەنەدا رایگەیاندووە، چەکدارێک هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری كێبێك، بەهۆیەوە شەش كەس كوژراون و هەشت كەسی دیكەش برینداربوونە.
جەستن ترودو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا هێرشەكەی بە هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر موسڵمانان پێناسە كرد.
هاوكات فلیپ کۆڵارد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کێبێک رایگەیاند، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی جیهان کێبێک هێرشی تیرۆرستی کرایە سەر. گوتیشی "پێکەوە ئاشتی شارەکەمان دەپارێزین".
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و پۆلیس رایگەیاندووە دوو کەس بەهۆی رووداوەکە دەستگیرکراون.
هێرشەکەی سەر مزگەوتەکەی کەنەدا
- هێرشەکە لە هەرێمی کێبێک بووە.
- لە نێو مزگەوتەکەدا نزیکەی 40 کەس هەبووە.
- شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.
- هەشت کەس برینداربوونە.
- قوربانیان تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 70 ساڵیدایە.
- جەستن ترودو، سەرۆکوەزیرانی کەندا بە هێرشێکی تیرۆرستی بۆ سەر موسڵمانانی دەزانێت.
- فلیپ کۆڵارد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کێبێک، گردبوونەوەکی هاوخەمی بۆ قوربانیانی هێرشەکە رێکدەخەین.
- کۆلارد: هاوشێوەی شارەکانی دیکەی جیهان، کێبێک هێرشی تیرۆرستی کرایە سەر.
- کۆلارد: نامەوێت تا دوای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کەس تۆمەتبار بکەم.
- کۆلارد: پێکەوە ئاشتی شارەکەمان دەپارێزین.
هەرێمی کێبێک- کەنەدا
- لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە دووەم گەورەترین هەرێمی کەنەدایە.
- رووبەرەکەی یەك ملیۆن و 542 هەزار و 56 کیلۆمەتر دووجایە.
- 176 هەزار و 928 کیلۆمەتر دووجا لەرووبەرەکەی لە ئاو پێکهاتووە.
- ژمارەی دانیشتووانی 7 ملیۆن و 900 هەزار كەسە.
- زمانی فەرمی هەرێمەکە فەرەنسییە.
30/1/2017
دوای ئەوەی لە هەرێمی کێبێکی کەنەدا هێرشکرایە سەر مزگەوتێک و بەهۆیەوە شەش کەس کوژران، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا هێرشەکەی بە تیرۆریستی بۆ سەر موسڵمانانی وڵاتەکەی وەسفکرد.
رۆژی یەکشەممە 29-1-2017 لە کاتی نوێژی ئێوارە بەکاتی ئۆتاوا، چەکدارێک ئامادەبووانی نێو مزگەوتەکەی دایە بەر دەستڕێژی گولـلە.
بەهۆی هێرشەکە شەش کەس لەنێو مزگەوتەکە کوژران و هەشتی دیکەش برینداربوون. دوو کەسیش بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیرکران.
دوای هێرشەکە جەستن ترودو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیانی رووداوەکە دەربڕی و هێرشەکەشی بە "تیرۆریستی بۆ سەر موسڵمانانی وڵاتەکەی" وەسفکرد.
کریستن کۆلۆمب، گوتەبێژی پۆلیسی کێبێک گوتی "هەشت کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون، برینی هەندێکیان سوکە، هەندێکیشیان سەخت. بەڵام ئەوەی زاندراوە 39 کەس لە هێرشەکەدا سەلامەتبوونە".
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیشدا، سەرۆکوەزیرانی کێبێک جەختیکردەوە کە هێرشەکە تەنیا بۆ سەر موسڵمانان نەبووە، بەڵکو بۆ سەر هەموو کۆمەڵگەی کێبێکی بووە.
فلیپ کۆڵارد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کێبێک گوتی "دەمەوێت لەو بارەوە وریابم تاوەکو زنیاریمان لەبارەی ناسنامە و هەروەها هۆکارەکانی هاندانی پشت ئەو دوو کەسەی کە دەستگیرکراون دەبێت، بە بۆچوونی من ئێستا زووە کە پێش رووداوەکان بکەوین، بۆیەش لەو بارەوە زۆر بەئاگا دەبم".
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە رۆژێک بەر لە هێرشەکە، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، کەنەدا پێشوازی لە کۆچبەران دەکات.
31/01/2017