فرانك واڵتهر شتاینمایهر، وهزیری پێشووی دهرهوهی ئهڵمانیا، ئهمڕۆ له پهرلهمانی وڵاتهكهی به سهرۆكی نوێی ئهڵمانیا ههڵبژێردرا.
فرانك واڵتهر شتاینمایهر، كه له پۆستی وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیادا بوو، چهند جارێك سهردانی ههرێمی كوردستانی كردووه و لهگهڵ مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان كۆبووهتهوه.
شتاینامهر له ساڵانی 2005-2009 وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیا بووه، له ساڵی 2013، جارێكی دیكه ئهو پۆستهی وهرگرتهوه و تاكو ئهمڕۆ له ههمان پۆستدا مایهوه.
ئهمڕۆ پهرلهمانی ئهڵمانیا به زۆرینهی دهنگ، شتاینمایهری به سهرۆكی نوێی ئهڵمانیا دیاریكرد.
شتاینمایهر له دایكبووی ساڵی 5ی كانوونی دووهم/ یهنایهری 1956ه و سهر به پارتی سۆشیال دیموكراتهكانی ئهڵمانیایه.
13/2/2017
لە ئێران بەپێی یاسا هەر کەس 30 گرام ماددەی هۆشبەری لێ بگیرێت، سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێت. دەزگای دادی ئێرانیش پێشنیازی کردووە، حوکمی سێدارە تەنیا ئەو کەسانە بگرێتەوە کە زیاتر لە یەک کیلۆ ماددەی هۆشبەریان لێ دەگیرێت.
زەبیحەڵڵا خودائیان، جێگری سەرۆکی دەزگای داد دەڵێت "کۆمەڵێک پێشنیازی دیکەشمان خستووەتە بەردەم پارلەمانی ئێران، کە کۆمیسیونی دادوەری بڕیارە تاوتوێیان بکات".
ژێرژیک ئابرامیان، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هاودەنگییەک لەسەر پێشنیازەکانی دەزگای داد هەیە، بۆیە قبوڵ دەکرێن.
هەر لەسەر هەمان پرس، حەسەن نەورۆزی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران گوتی "سێدارە تەنیا خەڵکی بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هانداوە".
حەسەن نەورۆزی پێیوایە، سزای سێدارە تەنیا وردە فرۆشەکانی گرتووەتەوە و رێگە نادات باندەکانی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر بکرێن.
پرۆژە یاسای هەڵگرتنەوەی سزای سێدارە بۆ قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان ئێستا لە پەرلەمانی ئێراندایە و کۆتایی پاییز چوارچێوە گشتییەکانی پەسندکرد.
بەگوتەی نەورۆزی لە پرۆژەیاسای جێگرەوە سزای سێدارە بۆ قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان هاتووە، کە تەنیا قاچاخچییە مەترسیدار و چەکدارەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەگرێتەوە و قاخاچییەکانی دیکە حوکمی زیندانی درێژماوەیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان ساڵانە 20 هەزار ملیار تمەن لەڕێگەی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانەوە قازانج دەکەن. 43%ی کۆی زیندانییەکانی ئێران تۆمەتبار بە قاچاخی شتومەکی پزشکین.
12/2/2017
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بەرنامەی ''زیادكردنی هاوكاری سەرەتایی'' بۆ کۆچبەرانی 45 وڵات خستە بواری جێبەجێكردنەوە و 40 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخانكردووە، هاوکات پرۆسەی ناردنەوەی کۆچبەرانیش خێراتر دەکات.
یۆهانس دیمرۆت، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند ''ئەو بەرنامەیە بۆ كۆچبەرانی 45 وڵاتە، هەر كۆچبەرێك 1200 یۆرۆی پێدەدرێت ئەگەر بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەی بدات، بۆ ئەوانەشی مافی نیشتەجێبوونیان رەتكراوەتەوە، 800 یۆرۆیان دەدرێتێ، بە مەرجێك جارێكی دیكە داوای مافی پەنابەرێتی نەكەنەوە".
نیوەی پارەكە بە كۆچبەرەكە دەدرێت ئەگەر بڕیاری گەڕانەوە بدات، پاشان كە دەگاتەوە وڵاتەكەی، نیوەكەی دیكەی بۆ حەواڵە دەكرێ.
هاوکات ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بڕیاری داوە ئەو کۆچبەرانە بنێرێتەوە کە داوای مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.
مێرکڵ چەند بڕیارێکی دیکەی دەرکردوون تاوەکو پرۆسەی ناردنەوەی کۆچبەران خێراتر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری داوە ناوەندێکی تایبەت بەو پرۆسەیە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا دابمەزرێنێت.
هەروەها مێرکڵ بەنیازە بەرنامە 16 ماددییەکەی خۆی تایبەت بە کۆچبەران جێبەجێ بکات، ئامانجی بەرنامەکەش خێراترکردن و زیاترکردنی ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەیە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی رەتکراوەتەوە.
بەگوێرەی پلانەکە لە ماوەی سێ مانگدا (ناوەندی هاوبەش بۆ ناردنەوەی کۆچبەران) لە بەرلین دەکرێتەوە، ناوەندەکەش لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیادا دەبێت و پێداویستییەکانی ناردنەوەی کۆچبەران ئامادە دەکات.
دواتر کۆچبەران چەند هەفتەیەک بەر لە ناردنەوەیان رەوانەی (نشینگەی ناردنەوەی ناوەندی) دەکرێن و لەوێوە بە سەرە دەنێردرێنەوە وڵاتەکانیان.
12/2/2017
وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لە رۆژئاوای موسڵیش لەڕێگەی پشتیوانی ئاسمانی و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر پێگەکانی داعش پاڵپشتی هێزە سەربازییەکانی عێراق دەکەن.
مایکڵ فاڵن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، كە ئەمشەو 11ی شوباتی 2017 گەیشتە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا رۆڵی کاریگەریان لە شەڕی دژی داعش گێڕاوە و زانیاری هەواڵگری گرنگیان لەبارەی پێگەکانی داعش بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق داوە.
فاڵن ورەی هێزەکانی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بەری راستی موسڵ بەرزنرخاند و راشیگەیاند، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە، بڕی 30 ملیۆن پاوەندی بەریتانی بۆ چاککردنەوە و بنیاتنانەوەی موسڵ تەرخان دەكەن.
فاڵۆن لە 21-9- 2016 یەکەم سەردانی بۆ هەولێر ئەنجامدا و ئەمەش دووەم سەردانیەتی، بڕیارە رۆژی یەکشەممەش لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، دواتریش سەردانی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بکات کە 80 راوێژكاری بەریتانی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
لە کۆنفرانسەکەدا وەزیری بەرگریی بەریتانیا باسی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی داعش كرد و رایگەیاند "ئەو هێزە کوردییانە بە ئازایی و بەجەرگی خۆیان تەواوی دەوروبەری رۆژهەڵاتی موسڵیان كۆنترۆڵ کردووە".
رۆژی هەینی 10ی شوباتی 2017، وەزیری بەرگریی بەریتانیا بڕیاریدا یەکەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکان لە عێراق دابخات، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی ئەم گۆڕانکارییە، فاڵن رایگەیاند "زۆری تۆمەتی هەڵبەستراو لەسەر سەربازەکانیان لە عێراق، حكومەتی بەریتانیایان ناچارکرد یەکەکە دابخات."
یەكەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکان یەکەیەکی هێزەکانی بەریتانیا بوو و تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی هێزە سەربازییەکانی بەریتانیا لە عێراق دەكران.
بڕیارە 20ی شوباتی 2017 کۆبوونەوەکانی جنێڤ سەبارەت بە دۆخی سووریا بەڕێوەبچن، ئەگەر هەیە پارتە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش لە کۆبوونەوەکان بەشداربن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداو بەپێویستی زانی پەیەدە لە دانوستاندنەکانی ئاشتی بەشداربێت و گوتیشی "بەریتانیا پشتگیری لە هەر لایەنێک دەکات پابەندبوونی خۆی بە حکومەتێکی دیموکراتی لە سووریا دەرببڕێت".
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە، فاڵن گوتی داعش بە هەموو هێز و توانایەوە بەرگری لە شارەکە دەکات و کۆنترۆڵکردنەوەشی پێویستی بە پلان و هەوڵی وردتر و پووختتر هەیە.
لەبارەی مەشقكردن بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە مەشق و راهێنانیان بە نزیكەی 7 هەزار پێشمەرگە و 33 هەزار سەربازی هێزە عێراقییەكان كردووە.
12/2/2017
لە تارانی پایتەختی ئێران، بە سەتان پارچە شوێنەوار لە پێشانگایەکدا خرانەڕوو کە مێژووی بەشێکیان بۆ سێ هەزار و 500ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێنەوە، تەواوی ئەو شوێنەوارانە لە مۆزەخانە جیهانییەکاندا پارێزراوبوون و بەم دواییە بۆ ئێران گەڕێندراونەتەوە.
ئەو پارچە شوێنەوارانەیی لە پێشانگاکەدا خرانەڕوو، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لە بەریتانیا، بەلژیکا، ئیتاڵیا و ئەمریکاوە بۆ ئەو وڵاتە گەڕێندراونەتەوە.
لەم پێشانگایە تایبەتەدا، کە لە مۆزەخانەی نیشتمانیی لە تاران کراوەتەوە، تێێدا 558پارچە شوێنەوار خراونەتەڕوو.
پارچە شوێنەوارەکان، لە کەرستەی راوکردن و دەرزی بەرگ دوورین کە مێژوویان بۆ چاخی بەردین دەگەڕێنەوە تێیدایە تاوەکو چەند کەرستەیەکی جوانکاری کە مێژوویان بۆ ئیمپراتۆریەتی ئەخمینی دەگەڕێنەوە، واتە بۆ دوو سەد ساڵ بەر لە ئێستا.
بە دەیان کەس بۆ بینینی ئەو شوێنەوارە دێرینانە ئامادەبوون کە لە دوو هۆڵی جیاوازدا نمایشکراون.
بەشێک لەو شوێنەوارانە ئەو کەرستانەن کە بۆ نانخواردن بەکاردێن کە مێژوویان بۆ سێ هەزار و 500ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێنەوە و پێشتر لە پەیمانگای توێژینەوەی رۆژهەڵات لە زانکۆی شیکاگۆ پارێزراوبوون.
ئێران ئێستا لە چاوەڕوانیدایە کە تەواوی شوێنەوارەکانی لە مۆزەخانە و ناوەندە کولتوورییەکاندا بۆ بگەڕێندرێنەوە کە بە شێوەی نایاسایی چوونەتە دەرەوەی وڵات.
11/2/2017
ئاژانسی رویتەرز بڵاوی كردەوە بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوا لە چەندین رێكخراو و دامەزراوەكانی وڵاتەكەیان كردووە بیروڕای خۆیان لە بارەی ئەگەری زیادكردنی سوپای پاسدارانی ئێران بە لیستی "رێكخراوە تیروریستییەكان" پێشكەش بكەن.
ھەندێ لە بەرپرسانی سوپای پاسداران و رێكخراو و كۆمپانیاكانی، تەنانەت ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لەگەڵ ھێزە سەربازییەكانی ئێران كار دەكەن لە لیستی ئابڵۆقەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دان و ژمارەشیان لە سەردەمی ترەمپ و پاش تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران بەرز بووەتەوە.
رادیۆ فەردا بە پشت بەستن بە رویتەرز بڵاوی كردەوە، ھەر چەندە ھیچ كۆپییەك لەو داواكارییەی بەرپرسانی ئەمریكا بەرچاو نەكەوتووە، بەڵام رایانگەندووە لەوانەیە وەك بڕیارێكی جێبەجێكار بدرێتە وەزارەتی دەرەوە، لەوانەیە ئەنجامەكەشی بە تیروریست ناساندنی سوپای پاسداران لێ بكەوێتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی 4 شوباتی 2017 دەستی بە مانۆرێكی سەربازی كرد، چەند رۆژێك پاش ئەوەی ئێران موشەكێكی بالستی مامناوەند تاقیكردەوە.
تاقیكردنەوەی ئەم موشەكە، سەرباری بە دەنگەوە ھاتنی بەرپرسانی ئەمریكا، لەوانە دۆناڵ ترەمپ سەرۆكی ئەم وڵاتە، كاردانەوەی پراكتیكی واشنتۆنی بەدوای خۆیدا ھێنا و وەزارەتی دارایی ئەمریكا سزا بەسەر 15 كەس و كۆمپانیا سەپاند كە پەیوەندییان بە دوا تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران ھەیە، پاش ئەوەی موشەكێكی بالستی مەودا ناوەند تاقی كردەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ھیشتا شەڕە قسە و ھەڕەشەی نێوان بەرپرسانی ئەمریكا و ئێران بەردەوامە: " ئێران یاری بە ئاگر دەكات، ئەوان قەدری ئەو باشییەی سەرۆك ئۆبامایان نەزانی كە لەگەڵیان ھەبوو، بەڵام من وا نابم " ترەمپ لە تویتێكی بڵاوی كردەوە.
ھەرچەندە وەزارەتی دەرەوی ئێران ئەو كات رایگەیاند گوێ بە ھەڕەشەكانی ئەمریكا نادەین و دەستپێشخەری بۆ شەڕ ناكەین، بەڵام موحسین رەزایی ئەمینداری كۆمەڵەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران رایگەیاند "ئاغای ترەمپ تویتی كردووە، كە ھۆشداریم دایە ئێران، ئەوانەی گەورەتر لە تۆ ھۆشدارییاندا، بەڵام نەیانتوانی ھەڵەیەك بكەن".
ھەر لەبارەی تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران مایكل فلین راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی رایگەیاند تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە و لەم ئەمڕۆوە بە فەرمی ھۆشداری دەدەنە ئێران.
لەمبارەوە دەڵێت "ئیدارەی ئۆباما لە گرتنەبەری كاردانەوەی گونجاو بەرامبەر كردەوەكانی زیانباری ئێران ناتوانا بوو، ئێستا ئێران ھەست بە بوێری دەكات، بەڵام لە ئەمرۆوە بە فەرمی ھۆشداری دەدەینە ئێران".
لە شوێنیكی دیكە مایكل فلین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "كۆمەڵی نێودەوڵەتی تا ئێستا لە رادەبەدەر بەرگەی مامەڵەی خراپی ئێران گرتووە. بەڵام رۆژانی چاوپۆشی كردن لە كردە دوژمنكارانەی ئێران بەرامبەر ئەمریكا و كۆمەڵی نێودەڵەتی كۆتایی ھاتووە".
لە بەرامبەر كاردانەوەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا سەبارەت بە تاقیكردنەوەی موشەك، 220 پەرلەمانتاری ئێران لە نامەیەكدا رایانگەیاند "تەنھا ریگەی پێشیگرتن بە ھێرشی دوژمن، بەرزكردنەوەی توانایی موشەكی كۆماری ئیسلامی ئێرانە".
رێبەری ئێران عەلی خامەنیی رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند لە ھەڕەشەكانی ئەمریكا ناترسن و بە بەشداریكردن لە رێپیوانی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی وەڵامی ھەڕەشەكانی ئەمریكا دەدەینەوە.
بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران كاریگەری بۆ سەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەوانە عێراق ھەیە، گرووپە چەكدارەكانی شیعەی عێراق لە لایەن سوپای پاسداران پشتگیری دەكرێن و رۆڵێكی سەرەكییان لە شەڕی دژی داعش ھەیە.
11/2/2017
رۆژنامهى ئيزڤيستياى رووسيا بڵاويكردهوه، وهزارهتى بهرگرى رووسيا بهم زووانه سيستمێكى لێزهرى دهخاته بوارى كارپێكردنهوه، كه له توانايدا ههيه له دوورى دهيان كيلۆمهترهوه رێگه له بينينى فڕۆكهكانى دوژمن بگرێت.
ئهو سيستمه له توانايدا ههيه سيستمى ئهليكترۆنى زرێپۆشت و تانك و ئۆتۆمبێله سهربازييهكانيش پهك بخات.
رۆژنامهكه بڵاويشيكردووهتهوه، لێزهره رووسييهكه به جۆرێك درووستكراوه، كه دهتوانێت بهر بهو موشهكه دژه تانكانه بگرێت كه ئاراستهى تانكه رووسييهكان له شهڕدا دهكرێن.
سيستمه لێزهرييهكه به ئامێرێكى بچووك كاردهكات و به ئاسانى دهتوانرێت بگوازرێتهوه و له مهيدانهكانى شهڕدا بهكاربهێنرێت.
له ئێستادا ئهو سيستمه لێزهرييه له بوارى ئهزموون و تاقيكردنهوهى زياتردايه بۆ ئهوهى له تواناكانى دڵنيا ببنهوه.
11/2/2017
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ نێوەندگیری گفتوگۆکانی نێوان شاندی کوردی سووریا و حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکیدا رایگەیاند، رووسیا هەوڵیداوە بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنێکی تەواو لەنێوان حکومەتی سووریا و کوردی ئەو وڵاتە هەبێت، ئامانج لەمەش پاراستنی یەکگرتوویی خاکی سووریایە.
لاڤرۆڤ راشیگەیاند، بۆ پاراستنی یەکگرتوویی و سەرەوەری خاکی سووریا مۆسکۆ نێوەندگیری گفتوگۆکانی نێوان کورد و دیمەشق دەکات، پێشتریش لە حوزەیران و کانوونی دووەمی 2016 هەردوو شاندی دیمەشق و کوردی سووریا بۆ هەمان پرس بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆیان بە نێوەندگیری مۆسکۆ ئەنجامداوە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەڤپەیڤینەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە خاڵی هاوبەشی نێوان دیمەشق و کوردیی سووریا زۆرە، بۆیەش گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو لایەنە زۆر بەباشی پێشکەوتن بەخۆیەوەدەبینێت.
10/2/2017
خالید شێخ محەممەد کە بە داڕێژەری هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەری 2001 بۆ ئەمریکا دادەنرێت نامەیەک ئاراستەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکات و پێی رادەگەیێنێت کە هێرشەکان ئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوون کە بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە کەسانی بێگوناح کوژراون.
بەگوتەی دەیڤید نیڤین، پارێزەرەی خالید شێخ محەممەد، نامەکە ساڵی 2014 و ئەو کاتەی ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بووە دەست بە نووسینی کراوە بەڵام بەرواری 8ـی کانوونی دووەمی 2015ـی لەسەر نووسراوە، نامەکە نزیکەی دوو ساڵ دواتر و ئەو کاتەی کە ئۆباما لە دوایەمین رۆژەکانی سەرۆکایەتییەکەیدا دەبێت دەگاتە کۆشکی سپی. نامەکە 18 لاپەڕە بووە و بەمشێوەیە ئاراستە کراوە: "بۆ سەری مارەکە، باراک ئۆباما، سەرۆکی دەوڵەتی سەرکوتکاریی و ستەمکاریی''.
خالید شێخ محەممەد لە بەشێکی نامەکەیدا دەنووسێت، ئەوە ئێمە نەبووین کە شەڕمان لە یازدەی سێپتەمبەر لە دژتان دەستپێکرد، بەڵکو ئەوە ئێوە بوون کە هاتنە نیشتیمانی ئێمەوە.
هەروەها دەنووسێت کە بە فڕۆکەکان بورجە دوانەکانی نیویۆرک و بارەگای وەزارەتی بەرگریمان کردنە ئامانج و فڕۆکەیەکیش لە پەنسلڤانیا کەوتە خوار. پشت بەخوا توانیمان ئابووری سەرمایەداریتان تێک بشکێنین و پەردە لە سەر دووڕوویی دیموکراتی و بە ناو ئازادیتان هەڵماڵین.
خالید شێخ محەممەد لە بەشێكی دیکەی نامەکەدا باس لەو کوشتنانە دەکات کە ئەمریکا لە ڤیەتنام و لە هیرۆشیما و ناکازاکی ئەنجامی داون. هەروەها باس لە ئازارەکانی فەلەستینییەکان و پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکات.
جگە لەم نامەیە، خالید شێخ محەممەد، دەستنووسێکی دیکەی 51 لاپەڕەیی بە ناونیشانی ''ئایا دەمرم کاتێک کە خاچپەرەستەکان فەرمانی لەسێدارەدانم جێبەجێ دەکەن؟'' نووسیوە.
ئەو لەم نووسراوەدا باس لەوە دەکات کە لە مردن ناترسێت و دەنووسێت بە خۆشحاڵییەوە باسی مردن دەکەم. "ئەگەر دادگا بە بەندکردنی هەتاهەتایی سزام بدات ئەوا خۆشحاڵ دەبم بەوەی ئەوەندەی لە تەمەنم مابێت بە تەنها لە ژووری زیندانەکەمدا خودا بپەرستم، داوای لێخۆشبوونی لێبکەم و تەوبە لە گوناهەکانم بکەم. ئەگەریش دادگا بڕیاری لەسێدارەدانم دەربکات، ئەوکات خۆشحاڵتر دەبم بە دیداری خودا و پەیامبەر و هاوڕێکانم کە ئێوە ستەمکارانە لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهاندا کوشتنتان، هەروەها بە دیداری شێخ ئوسامە بن لادن."
10/2/2017
كۆتایی مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە فەرمانێكدا داوای لە وەزارەتەکانی بەرگریی و دەرەوەی ئەمریكا كرد، پلانێك بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام یان دژەفڕین لە سووریا دابڕێژن. رۆژێك دوای بڵاوبوونەوەی دەقی فەرمانەكە، كۆشكی سپی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا ئاماژە بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود، شای سعودیە دەكات.
بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆشكی سپی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا "سەرۆك (ترەمپ) داوای كرد شای سعودیە پشتگیری لە ناوچەی ئارام لە سووریا و یەمەن بكات".
بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی كۆشكی سپی، شای سعودیە رەزامەندی دەربڕیوە. لە ماوەی كەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكاشدا ترەمپ و مایك پێنسی جێگری، چەندین جار باسیان لە دروستكردنی "ناوچەیەكی ئارامی جوان" بۆ سوورییەكان كردبوو.
وەك دیارە ئێستا دروشمەكان خەریكە دەبنە بەشێك لە سیاسەتی ئەمریكا. بۆیە میكا زێنكۆ، لێكۆڵەر لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە، ترەمپ و ئیدارەكەی بەر لەجێبەجێكردنی ئەو پلانە دەبێت وەڵامی كۆمەڵێك پرسیار بدەنەوە بۆ ئەوەی واتای ناوچەی ئارام و پانتایی و ماوەی بەردەوامبوونی ئەو ناوچەیە روون بكەنەوە.
میكا زێنكۆ، كە 15 ساڵە لەو بوارەدا لێكۆڵێنەوە دەكات، پێیوایە كێشە پەیوەندیدارەكانی ناوچەی ئارام خۆیان لە 15 پرسیاردا دەبیننەوە:
پرسیاری یەكەم: ئامانجی سیاسی لە دروستكردنی ئەو ناوچەیە چییە؟ بۆ نموونە "ئایا ناوچەی ئارام پەناگەیەكی كاتی بۆ ئاوارەكان دابین دەكات یان دەبێت بە وەرەقەی گوشار كە دەكرێت لە كاتی دانوستاندنەكانی ئاشتی سوودیان لێ وەربگیرێ؟
دووەم: ئایا دروستكردنی ئەم ناوچەیە هیچ بناغەیەكی یاسایی و دەستووریی نێوخۆیی هەیە؟ واتە ئایا دەستووری سووریا رێگە بە دروستكردنی ئەم ناوچەیە دەدات؟ پێشتر حكومەتی سووریا چەندین جار دژایەتی خۆی لەگەڵ هەرچەشنە هەوڵێكی هاوپەیمانێتیی رۆژئاوا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا دەربڕیوە.
سێیەم: مادام حكومەتی سووریا دژی ئەم پلانە بێت، چ بناغەیەكی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ ئەم هەنگاوە هەیە؟ بۆ نموونە ئایا هیچ بڕیارنامە یان یاسایەكی ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە پشتگیری لەم هەوڵەی ئیدارەی ئەمریكا بكات؟
چوارەم: لە سووریا و یەمەن جەنگێكی هەمەلایەنەی نێوخۆیی لەئارادایە، بۆیەش زێنكۆ دەپرسێ، ئەم ناوچە ئارامە بە وردی دەكەوێتە كوێی سووریا و هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو ناوچە دیاریكراوە چییە؟
پێنجەم: ئایا هاووڵاتیانی مەدەنی و چەكدارانی گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە یەك شێوە دەپارێزرێن؟ ئەگەر بڕیار بێت چەكدارانی گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن نەپارێزرێن، چ رێوشوێنێك بۆ پشكنینی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی خەڵكی مەدەنی و چەكداران لە یەكدی جیا بكەنەوە، یان بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە چەكدارانی ئەو گرووپانە لە نێو خەڵكی مەدەنیدا خۆیان ناشارنەوە؟
شەشەم: هاووڵاتیانی مەدەنی بە شێوازی جۆراوجۆر لە جەنگی نێوخۆیی سووریا و یەمەندا زیانیان بەردەكەوێت، بۆیە زینكۆ پێیوایە ئیدارەی ترەمپ دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارەش بداتەوە كە ئایا ئەم خەڵكە لە هەموو شێوازەكانی زیان بەركەوتن دەپارێزرێن یان نا؟
حەوتەم: تایبەتمەندییەكی دیكەی جەنگی نێوخۆیی سووریا و یەمەن ئەوەیە كە لایەنی دەرەكی و نێوخۆیی لەم دوو جەنگەدا بەشدارن. هەر بۆیە یەكێك لەو پرسیارانەی زینكۆ ئاراستەی ئیدارەی نوێی واشنتنی دەكات ئەوەیە: ئایا دانیشتووانی ناوچەی ئارام لە هێرشەكانی هەموو لایەنە بەشدارەكان دەپارێزرێن؟ بۆ نموونە دانیشتووانی ناوچەی ئارامی سووریا لە هێرشەكانی هێزی ئاسمانیی رووسیا و سووریا دەپارێزرێن؟ ئایا لە یەمەن دانیشتووانی ناوچەی پارێزراو لە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانێتیی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە دەپارێزرێن؟
هەشتەم: كام وڵات هێزی سەربازی (هێزی ئاسمانی و چەك و تەقەمەنی و هێزی پیادە) رەوانەی ئەو دوو وڵاتە دەكات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوچەی ئارام بكەن؟ بە تایبەتیش لە كاتێكدا پاراستنی ئەم ناوچانە دەكرێ كێشەی گەورە بۆ پەیوەندییەكانی وڵاتە هاریكارەكە لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا دروست بكات. وڵاتی هاریكار دەبێ بەرەنگاری هێزی ئاسمانی وڵاتی پێشێلكار ببێتەوە.
نۆیەم: كام گرووپ یان وڵات هاوكارییە مرۆییەكان پێشكەش دەكەن و رێگەیان پێدەدرێت سەردانی خەڵكانی نیشتەجێ لە ناوچە پارێزراوەكان بكەن؟ ئەم پرسیارەش كاتێك گرنگی پەیدا دەكات كە هەر كام لە وڵاتان یان گرووپی وڵاتان پشتگیری لە گرووپێكی دیاریكراوی نێو جەنگی نێوخۆیی یەمەن یان سووریا دەكەن، بۆیەش دەبێ بیر لەوە بكرێتەوە كە هیچكام لە وڵاتان ئەم مافە وەكوو رێگەیەك بۆ هاوكاریكردنی گرووپێكی بەشداری دیاریكراوی نێو جەنگە نێوخۆییەكە بەكارنەهێنن.
دەیەم: كام وڵات هێزی وشكانی رەوانەی ناوچەی ئارام دەكات بۆ ئەوەی چاودێری ئارامی و ئاشتیی ناوچەكە بكات؟ بەتایبەتیش بە چ شێوازێك گەرەنتی لەو وڵاتانە وەردەگیرێت كە ئەم مافە بۆ ئامانجی سەربازی و سیاسی خۆیان نەقۆزنەوە؟
یازدەیەم: كام وڵاتی دراوسێ یان نزیك لە سووریا و یەمەن رێگە بە وڵاتانی هاریكار دەدەن هێزەكانی خۆیان لەوێ جێگیر بكەن یان رێگە بە وڵاتانی بەشدار لەم پلانە دەدەن سنووری ئاسمانیی ئەوان بەكاربهێنێت؟ هەر كام لەم وڵاتانە بە چ مەبەستێك و هەتا چ ئاستێك رێگە بە وڵاتانی هاریكار دەدەن سنوورەكانی ئەوان بەكاربهێنن؟
دوانزەیەم: فەرماندەیی ناوەندی و دوا بڕیار لەدەست كام هێز یان وڵاتدا دەبێت؟
سێزدەیەم: ئەو هێزە سەربازییانە لە چوارچێوەی كام رێسای دەستێوەردان رەوانەی ناوچەی ئارام دەكەن؟ بۆ نموونە ئایا بەشدارییەكە تەنیا سەربازی دەبێت، یان بەشداری مەدەنی و مرۆییش لەخۆدەگرێت؟
چواردەیەم: دوور نییە گرووپە چەكدارەكان ناوچەی ئارام وەك حەشارگەیەك بەكاربهێنن، یان لەوێوە ئەندامی دیكە رابكێشنە نێو ریزەكانی خۆیان؟ ئایا هێزە هاریكارەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئامانجەی گرووپە چەكدارەكان ئامادەن هێزی سەربازی یان بۆردومان بەكاربهێنن؟
پازدەیەم: بەشی زۆری ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسكران، پێویستیان بە سەرچاوەی داراییە، بۆیەش میكا زێنكۆ دەپرسێت: "كێ و بۆ چ ناوێك ئەم پارەیە دابین دەكات؟".
10/2/2017
مۆزەخانەیەک لەنێو دەریای سوور لە میسر دروست دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە دەگمەنترین مۆزەخەکانەکانی جیهان.
گرووپێک لە ژێردەریایی 12 کەسی ئامانجیانە لە قوڵایی دەیان پێ بە دووری دەیان مەتر، لە کەناراوییەکانی شارۆچکەی دەهب مۆزەخانەیەک دروستبکەن.
پەیکەرەکانی ئەو مۆزەخانەیە لە مادەی تایبەت بەکارهاتوون و، زۆربەیان بە چینکێی بەردی تایبەت رووپووشکراون.
پەیکەرەکانی بەشێک لە مێژووی شارەکە و سەرزەمینی فیرعەونەکان پیشاندەدات. زیاتر کار لەسەر بەردی کۆراڵ، یانیش بە واتایەکی دیکە بەردی مەرجان کراوە کە لە زۆرشوێن ئێستا هیچ شوێنەوارێکیان نەماوە.
9/2/2017
میدیاكانی ئەمریكا لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەیان بڵاویان كردەوە ئێران موشەكێكی مەودا كورتی زەوی بۆ ئاسمان تاقیكردەوە.
موشەكی نوێی ئێران ھەر لەو شوێنە تاقیكراوەتەوە، كە رۆژی 29 كانوونی دووەمی رابردوو موشەكێكی مامناوەندی بالیستی تاقیكردەوە.
بە پێی راپۆرتی میدیاكانی ئەمریكا، تاقیكردنەوەی ئەم موشەكەی ئێران لە جوری "مێرساد" و توانایی رویشتنی 60 كیلۆمەتری ھەیە، بەڵام سزا نێودەوڵەتییەكانی بە خۆوە ناگرێت.
لە دوای تاقیكردنەوەی موشەكی پێشووی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە توێتێكدا بڵاوی كردەوە ئێران یاری بە ئاگر دەكات و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی مایكل فلین رایگەیاند كردەوەكانی ئێران لە ژێر چاودێری دایە.
وەزارەتی دارایی ئەمریكا سزای دارایی بەسەر 15 كەس و كۆمپانیا سەپاند كە پەیوەندییان بە تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران ھەیە، پاش ئەوەی موشەكێكی بالستی مەودا ناوەند تاقیكردەوە.
دوا وەڵامی پراكتیكی ئێران بۆ ئەمریكا مانۆرێكی سەربازی سوپای پاسدارانە، كە رۆژی 4 شوباتی 2017 لە مانۆرێكدا جۆرەكانی بەرگری ھەوایی و موشەكی، ناوەندی فەرماندەیی كۆنترۆڵ و شەڕی ئەلكترۆنی نمایش كرد و ئامانجیشی "پیشاندانی ھێز، ھۆشمەندی و ئامادەییە بۆ بەرگری ھەمە لایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر جۆرە ھەڕەشەیەك" ھەر وەك میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە.
ئیدارەی ترەمپ لە دوا ھەنگاوەكانی بەرامبەر ئێران، لە ھەوڵدایە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە ناو "لیستی تیرۆر".
بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە داوایان لە چەندین رێكخراو و دامەزراوەكانی وڵاتەكەیان كردووە بیروڕای خۆیان لە بارەی ئەگەری زیادكردنی سوپای پاسدارانی ئێران بە لیستی "رێكخراوە تیروریستییەكان" پێشكەش بكەن.
ئێران یەكێ لەو حەوت وڵاتەیە كە ترەمپ ھاتنی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی بۆ ئەمریكای قەدەغە كرد، ھەر چەندە بڕیارەكە لە لایەن دادگا ھەڵوەشێندرایەوە، بەڵام ئەوەندەی دیكە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان زیاتر كرد.
JS
9/2/2017
حکومەتى تورکیا لە چوارچێوەى کارکردن بە یاساکانى بارى ئاناسایدا، لە ٤٨ زانکۆدا ٣٣٠ مامۆستا و کەسانى ئەکادیمیەى لەسەر کارەکانیان دەرکرد و بەوەش ژمارەى ئەو ئەکادیمیانەى لە ماوەی حەوت مانگدا لە تورکیا دەرکراون گەیشتە چوار هەزار و ٨١١ کەس.
ئەمڕۆ ٨ى شوباتى ٢٠١٧ تۆڕى میدیاى سەربەخۆ لە تورکیا بڵاویکردەوە، حکومەتى تورکیا بە بڕیارى ژمارە ٦٨٦ى سەردەمى باری نائاسایى لە تورکیادا، ٣٣٠ مامۆستا و کەسى ئەکادیمیى لە ٤٨ زانکۆى سەرتاسەرى تورکیادا لەسەر کارەکانیان دەرکرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ژمارەیە ٧٨ کەسیان لە زانکۆى ئەنقەرە، ٢٧ کەس لە زانکۆى یەڵدز تەکنیک، ٢٣ کەس لە زانکۆى مەڕمەڕە و ٢١ کەس لە زانکۆى پاموکالە و کەسەکانى تریش لە زانکۆکانى دیکەى تورکیادا سەرقاڵی توێژینەوە و کار و وانە وتنەوە بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە دواى کودەتا سەربازییەکەى شەوى ١٥ى تەمووزی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا پێنج بڕیار لەبارەى دەرکردنى کەسانى ئەکادیمى و مامۆستایانى زانکۆکانەوە دەرکراون و بەپێى ئەو بڕیارانەش ژمارەى ئەو مامۆستا و کەسە ئەکادیمیانەى لەسەر کارەکانیان دەرکراون، گەیشتە چوار هەزار و ٨١١ کەس.
نزیکەى حەوت مانگ لەوە پێش لە تورکیا کودەتایەکى سەربازى ڕوویدا و لە دواى چەند کاتژمێرێک شکستیهێنا و بەهۆی کودەتاکەشەوە نزیکەی ٣٠٠ کەس کوژران و هەزار و ٤٢٣ کەسی تریش بریندار بوون.
ئەو کودەتایەوە تاوەکو ئێستا لە تورکیا کار بە یاساى بارى نائاسایى دەکرێت و بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لەسەرکارەکانیان دەرکراون و پاسپۆرتى نزیکەى ٥٠ هەزار کەس هەڵوەشێنراوەتەوە و نزیکەى ١٨ هەزار کەسى تریش زیندانیکراون.
حکومەتى تورکیا فەتحوڵا گیولەن و گروپەکەى بە پلاندانەر و ئەنجامدەرى کودەتا سەربازییەکە تۆمەتبارکردووە و ئەو گروپەش ڕەتیکردووەتەوە، کە دەستیان لە ئەنجامدانى کودەتاکەدا هەبوو بێت.
9/2/2017
شارەوانی ورمێ 20 ملیار تمەن کورتهێنانی بودجەی هەیە، ئەمەش بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری کە پێنج ساڵە بەسەر ئەو شارەوانییە دا قورسایی دەکات.
لە کۆی 350 ملیار تمەن داهاتی ساڵانەی شارەوانی ورمێ، دەبوایە 150 ملیار تمەن لە رێگای فرۆشتی موڵکەکانەوە بێت، بەڵام بە قسەی سەرۆکی ئەو شارەوانییە، پڕۆژەکە سەرکەوتوو نەبووە و بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری، شارەوانی ورمێ 110 ملیار تمەن قەرزداری بانکەکان و بەڵێندەرانە.
کەمبوونەوەی داهاتی شارەوانی، کاریگەریی لەسەر مووچەی کرێکاران و فەرمانبەرانیش داناوە، فەرمانبەرانی فەرمی، گرێبەستی و وەرزی لەو شارەوانییەدا، لە مانگی سەرماوەزەوە مووچەیان وەرنەگرتووە.
لانیکەم پێنج ساڵە خانووبەرە و زەوی لە شاری ورمێ بازاڕی نییە، ئەمە زۆر کەسی تووشی زەرەر کردووە، بەڵام کێشەی بازاڕی خانووبەرە و زەوی زیاتر کاریگەریی لەسەر داهاتەکانی شارەوانی ورمێ داناوە.
شارەوانی ورمێ دەبێت ساڵانە 350 ملیار تمەن داهاتی هەبێت، 150 ملیار تمەن لەو بڕە داهاتە لەڕێگەی فرۆشتنی موڵکەکانەوە دابین دەکرێت، بەڵام بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی ورمێ، بەهۆی رەوشی خراپی ئابوورییەوە ئەم داهاتەش کەم بووەتەوە و پرۆژەی بە دەستهێنانی 150 ملیار تمەن داهات سەرکەوتوو نەبووە، ئەم دۆخە لانیکەم پێنج ساڵە بەسەر شانی شارەوانی ورمێوە قورسایی دەکات.
9/2/2017
كوردستان24 دوا گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا دەكات كە بەرپرسی چەندین لق و مەكتەب گوڕاون.
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا و ئەو گۆڕانكارییانەی خوارەوەوە لێكەوتەوە.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند پارتی ناوی ژمارەیەك لە بەرپرسانی نوێی لق لە ھەرسێ پاریزگای ھەولێر، دھۆك و كەركوك و ھەروەھا مەكتەبەكانی ئاشكرا كردووە كە بەمشێوەی خوارەوەیە:
سەربەست تروانشی بەرپرسی لقی 1 دھۆك
ئهحمهد كانی بەرپرسی لقی 2 ھەولێر
محهمهد خورشید بەرپرسی لقی 3 كەركوك
عهلی تهتهر بەرپرسی لقی 8 زاخۆ
سهباح بهیتوڵڵا بەرپرسی لقی 9 ئاكرێ
عهلی عهونی بەرپرسی لقی 10 سۆران
بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 16 دەووبەری ھەولێر
عومەر ئورەی بەرپرسی لقی 18 ئامیدی
مهحمود ئێزدی بەرپرسی لقی 20 شیخان
كرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی 23 مەخمور
هیوا ئهحمهد مستهفا بەرپرسی لقی 24 سەفین
حەسەن عەدۆ بەرپرسی لقی 26 گوڵان
عهلی حسێن بەرپرسی مهكتهبی پهیوهندییه نیشتیمانییهكان
رێبوار یهڵدا بەرپرسی مهكتهبی رێكخستن
مهسعود ساڵهیی بەرپرسی مهكتهبی چاودێری و بهدواداچوون
چنار سهعد عهبدوڵڵا بەرپرسی مهكتهبی دیراسات و پێگەیاندنی کادیران
ساسان عهونی بەرپرسی مهكتهبی رێكخراوە جهماوهری و پیشهییهكان
عەرفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ھەر لەمبارەوە عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە بەپێی دوا گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی حزبەكەی لە بەرپرسایەتی لقی 20 شێخان بۆ بەرپرسی لقی 10 سۆران گواستراوەتەوە بە كوردستان24 رایگەیاند ئەوەی ئەمڕۆ راگەیەنرا گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی پارتییە لە سنووری ھەر یەك لە پارێزگاكانی ھەولێر، دھۆك و كەركوك، لە قوناغی دواتر گۆرانكارییەكانی پارتی لە سنووری سلێمانی و حەلەبجە رادەگەیەنرێت.
9/2/2017