گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگهیاند، جووڵە سەربازییەکانی بەلەمەکانی ئێران لە گەرووی هورمز زیادیکردووە و ئەوان چیتر ئەو هەڵسوکەوتەی هێزەکانی ئێران قهبووڵ ناکەن.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە شۆن سپایسەر, گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند, سەرۆککۆماری ئەمریکا دووپاتیکردووهتەوە, چیتر ناتوانن جووڵە سەربازییەکانی بهلهمه شەڕکەرەکانی ئێران لە گەرووی هورمز قهبووڵ بکەن.
بەرپرسانی پنتاگۆنيش دهڵێن: "لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک بەلەمی شەڕکەری ئێران لەکەشتییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هۆرموز نزیک بوونەتەوە".
ماڵپەری فەرمی کۆشکی سپی لەسەر زاری سپایسەر, ئاماژەی بەوە داوە, ئەوان ئاگاداری هەموو جووڵەکانی هێزەکانی ئێرانن لە ئاوەکانی گەرووی هورمز و لەمەودوا لێیان قبووڵ ناکرێت.
10/3/2017
بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، بۆ یەکەمجار دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەم مانگەدا گەیشتووەتە رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت.
هەرچەندە ئەو وڵاتە توانی تەنیا بۆ یەک رۆژ پارێزگاری لەو ئاستە بکات، بەڵام ئەوە بە ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ ئێران ئەژمار دەکرێت.
لە ساڵی 2011 دوای ئەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە قورسترکران، ئاستی هەناردەکاری نەوتی ئەو وڵاتە دابەزی بۆ رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل، بەڵام دوای لادانی گەمارۆکان و لە سەرەتای ساڵی 2016 بەدواوە، ئەو وڵاتە توانی بەخێرایی پیشەسازی نەوتی خۆی نۆژەنبکاتەوە و ئێستا رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
ئێران پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2021 بە یارمەتی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ رۆژانە پێنج ملیۆن بەرزبکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی سەرچاوەکانی گواستنەوەی دەریایی لە 19ی مانگی شوباتەوە ئێران رۆژانە لانیکەم دوو ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکات.
9/3/2017
حکومەتی تورکیا ڕێکخراوێکی ئەمەریکی لە ناوخۆی وڵاتەکەی داخست، کە هاوکاری و کۆمەکی مرۆیی پێشکەش بە سەدان هەزار ئاوارەی سوریا دەکرد.
ڕێکخراوی میرسی کۆربس، کە بارەگاکەی لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی ٧ ئازاری ٢٠١٧ ڕایگەیاند، هەست بە نیگەرانی دەکات لە گۆڕانی ئاراستەی ڕوداوەکان بەو شێوەیە.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی تورکیا هیچ لێدوانێکیان نەداوە لەسەر هۆکاری ئەو پشت ئەو بڕیارە، کە ڕێکخراوەکەی پی داخراوە لەناوخۆی خاکی تورکیادا.
کریستین برگال وتەبێژی ڕێکخراوەکە وتی "ناتوانن پێشبینی ئەو هۆکارە بکەن کە پاڵی بە حکومەتی تورکیاوە ناوە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی لەوشێوەیە، بەڵام ئێمە لەسەر سەربەخۆیی و نەزاهەتی کارەکانمان لە ڕێکخراوەکە بەردەوام دەبین".
ڕێکخراوی میرسی کۆربس لە ساڵی ٢٠١٢ وە لە ناخۆی تورکیا کاردەکات و بە گەورەترین ڕێکخراوی مرۆیی دادەنرێت کە لەناوخۆی سوریاشدا کاردەکات و هەموو مانگێک خزمەتگوزاری و کۆمەکانی پێشکەش بە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی دەکات.
ئەو ڕێکخراوە بە تەنها لە ساڵی ٢٠١٦دا، کۆمەڵێک یارمەتی و کۆمەکی مرۆیی لە ناوخۆی تورکیا پێشکەش بە نزیکەی ١٠٠ هەزار لە ئاوارە رسوریەکان و دانیشتوانی خودی تورکیاش کردووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان، بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەک و هاوکارییەکانیان بگەیەننە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی.
لە ئێستادا زیاتر لە ٢ ملیۆن ئاوارەی سوریا لە سوریاد دەژین، کە بەهۆی شەڕو ناکۆکییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە لە ساڵی ٢٠١١وە روویان لەو وڵاتە کردووە، بەو هۆیەشەوە تورکیا بووەتە سەنتەری دابەشکردن و گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی سوریا لە ناوخۆی تورکیا و خودی وڵاتەکە.
9/3/2017
پەرلەمانی هەنگاریا یاسایەکی پەسەندکرد بۆ دەستبەسەرکردنی دەستبەجێی ئەوانەی ڕوویان لە وڵاتەکەی کردووە و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.
ڕۆژى ٧ى ئازارى ٢٠١٧ هەنگاریا یاسایەکى تایبەت بەمافى پەنابەرێتى لە پەرلەمانى وڵاتەکەى بە دەنگی ١٣٨ پەرلەمانتار بەبەڵێ و شەش پەرلەمانتار بەنەخێر پەسەند کرد و ٢٢ پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
لە یاساکەدا هاتووە، دەبێت ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن، لە ناوچەکانی هاتنە ناو وڵاتەکە لەسەر سنووری سڕبیا و کرواتیا دەستبەسەربکرێن هەتا بڕیاری کۆتایی دەدرێت لە بارەی داوای مافی پەنابەرێتیەکەیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە پـێشتر یاسایەکی لەو جۆرە لە هەنگاریا هەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ لادرا لە ژێر فشاری یەکێتی ئەوروپا و کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ.
یاساکە بەزووى لە ڕۆژنامەى فەرمى وڵاتدا بڵاودەکرێتەوە و دەسـتبەجێ جێبەجێدەکرێت بەسەر هەموو ئەوانەی لە ئێستادا دێنە وڵاتەکە و ئەوانەشی پـێشتر داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە و هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە.
هاوکات بەرپرسی نوسینگەى ڤیگتۆر ئوربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ڕایگەیاند، دوو یان سێ کەمپ دەکەنەوە لەسەر سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە تاوەکو ئەو خەڵکەی تیادا دابنێن.
لەلایەکى ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی یاسا نوێـیەکەی شەرمەزارکرد و وتی "ئەمە پـێشێلکردنی یاساکانی ئەوروپا و نێودەوڵەتیـیە لە لایەن هەنگاریاوە".
9/3/2017
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لەبارەی لەنێوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدات و دەڵێت ، 90 ملیۆن هێکتار لە زەوییەکانی ئەو وڵاتە مەترسی لەنێوچوونی خاکیان لەسەرە.
لەنێوچوونی خاک لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی مامناوەندی جیهان زیاترە و بەردەوامی پرۆسەی لەنێوچوونی خاک ، مەترسی جیدی دەخاتە سەر ئاسایشی خۆراک.
8/3/2017
کچە خوێندکارێکی زانکۆی ئیشک دوای چەند ڕۆژێک لە سوتانی گیانی لەدەستدا و بەپێی زانیارییەکانیش کچەکە خۆی سوتاندوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کچەی خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی ئیشک بووە و بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خۆی سوتاندووە.
کچە خوێندکارەکە، چەند ڕۆژێک دوای سوتانی چارەسەری پزیشکی وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر لەسەر ڕووداوەکە پەیوەندی کرد، بە کەسوکاری کچە خوێندکارەکەوە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕووداوەکەوە ئاشکرا بکەن.
ئەو کچە ناوی ئاریان سەلاحە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥، لەکۆلێژی ئەندازیاری بەشی کۆمپیوتەر لە زانکۆی ئیشک لە هەولێر خوێندکار بووە.
لەماوەی ڕابردووشدا، ئافرەتێکی تەمەن ٤٤ ساڵ لە ناحیەی عەینکاوەی شاری هەولێر خۆی سوتاند و دواتر پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی سووتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
8/3/2017
رۆژی سێشەممە 7-3-2017 ، لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکانی پەرلەمانی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوشتنی کۆڵبەران سەردانی پارێزگای ورمێ دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی پارێزگای ورمێ و بنەماڵەی چەند کەس لە کۆڵبەرە کوژراوەکان کۆدەبێتەوە.
جەلال مەحمودزادە ، نوێنەری مەهاباد لە پەرلەمان کە خۆشی ئەندامی لێژنەی دۆزینەوەی راستییەکانە لەبارەی شاندەکە دەڵێت "شاندەکە لە چوار کەس پێکدێت و لە 7ی مارس بۆ 10ی مارس لە ناوچە سنوورییەکان پارێزگای ورمێ لێکۆڵینەوەکانی ئەنجامدەدات و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش رادەستی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەکات.
یاسازانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردنی لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکانی پەرلەمانی ئێران بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام دەشڵێن "نوێنەرانی پەرلەمان تاوەکو کێشە یاساییەکانی کاری کۆڵبەری چارەسەر نەکەن ، کوژران و گیانلەدەستدانی کۆڵبەران کۆتایی نایەت".
7/3/2017
ئەمڕۆ ٦ ئازاری ٢٠١٧ ژمارەک هاووڵاتی و چالاکی مەدەنی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، خۆپیشاندان گردبوونەوەیان ئەنجامدا لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، خۆپیشاندەران پشتگیری ھاتنی پەناخوازانیان بوون بۆ ناوخۆی ئەوروپا، هاوکات دژی داخستنی سنورەکانن بەرووی پەناخوازاندا.
گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئەو کەسانە لەکاتێکدا بووە، ئەمڕۆ وەزیرانی دەرە و بەرگری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە.
لەو بارەیەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەمرۆ وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ووڵاتانی ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا لەبرۆکسل کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجام دەدەن ،ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش راگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوەو تیایدا ئاشکرای کردووە، کۆبوونەوەکە لەلایەن فریدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەرپەرشتی دەکرێت و تیایدا ٢٨ وەزیری دەرەوەو بەرگری ئەوروپا بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
وەکو لەراگەیەنراوەکەداھاتووە، ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ زیاتر بەھێزکردنی سەقامگیری ئارامی و ئاسایشی ووڵاتانی ئەوروپایە لەدژی تیرۆر،ھاوکات وەزیرەکان راپۆرتێکی ھاوبەش ئامادە دەکەن و دواتر ئەو راپۆرتە پێشکەش بەسەرکردەکانی ئەوروپا دەکرێت، کەبڕیارە لە رۆژی پێنج شەممی داھاتوو کۆبونەوەیەک بەبەشداری ٢٨ سەرکردەی ئەوروپا بەرێوەبچێت و ئەوانیش لای خۆیانەوە گفتوگۆی تەواو لەسەر دەکەن.
پرسی کۆچبەرانیش یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە وەزیرانی دەرەوەوبەرگری گفتوگۆی لەسەردەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە رێکخراوی مافی مرۆڤ وپەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان ئامارێکی نوێ ی لەسەر منداڵانی کۆچبەر بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد ٢٦ ھەزار منداڵی کۆچبەر لەسنوری نێوان لیبیا بۆ ئیتاڵیا دەستدرێژیان کراوەتە سەر،ھاوکات ھەر بەپێی ئامارەکە تەنیا لە٢ مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ١٤ ھەزار کۆچبەر ھاتونەتە خاکی ئەوروپادا.
راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەش کردووە، لەکۆبوونەوە گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی تریش دەکرێت لەوانە(بەھێزکردنی پەیوەندی یەکانی نێوان ئەوروپاو ووڵاتی میسر کە بڕیارە سامی شوکر وەزیری دەرەوەی میصر بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، لەلایەکی ترەوە پرسی بارودۆخی ووڵاتانی بەڵقان و پرۆسەی ئاشتی لەرۆژھەڵاتی ناوەراست لەکۆبوونەوەکە باسی لێوە دەکرێت.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەو بەرگری ووڵاتانی ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا ھەموو مانگێک جارێک بەرێوەدەچێت و راپۆرت لەسەر چەند پرسێکی جیاواز ئامادە دەکەن و دواتر پێشکەشی سەرکردەکانی ئەوروپای دەکەن، دوو مانگ جارێکیش ٢٨ سەرکردەکەی ئەوروپا کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن .
7/3/2017
وەزیری تەندروستیی ئێران بە هۆی بەرزکردنەوەی داواکاریی خەڵک هەڕەشەی لەسەر کارلادانی قایمقامێکی کوردی کرد.
دوای ئەوەی گرتەی ڤیدیۆیی بێڕێزی کردنی حەسەن قازیزادە هاشمی وەزیری تەندروستیی ئێران بە قایماقامی شاری بەدرەی پارێزگای ئیلام، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، وەزیری تەندروستی, بە تەلەفۆن داوای لێبووردنی لە سیرووس موراد حاسڵی کرد و گوتی، پێی وابووە قایمقام هەوڵی داوە خەڵک دژبە حکوومەت هان بدات.
ویدیو وەزیری تەندروستی ئێران داوای لێبوردن لە قایمقامێکی کورد دەکات
6/3/2017
بڕیارە سبەینێ کاتژمێر ١٢ بەکاتی کوردستان، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامبدەن.
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاشکرایکردووە، کۆبوونەوەکە لەلایەن فریدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەرپەرشتی دەکرێت و تێیدا ٢٨ وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەوروپا بەشداری دەکەن.
وەکو لە ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ زیاتر بەھێزکردنی سەقامگیری ئەمن و ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپایە لە دژی تیرۆر.
ھاوکات وەزیرەکان ڕاپۆرتێکی ھاوبەش ئامادە دەکەن و دواتر ئەو ڕاپۆرتە پێشکەش بەسەرکردەکانی ئەوروپا دەکرێت کە بڕیارە لە ڕۆژی پێنج شەممەی داھاتوودا کۆبوونەوەیەک بە بەشداری ٢٨ سەرکردەی ئەوروپا بەرێوەبچێت و ئەوانیش لای خۆیانەوە گفتوگۆی تەواوی لەسەردەکەن.
پرسی کۆچبەرانیش یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتانی ئەوروپا گفتوگۆی لەسەردەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئامارێکی نوێی لەسەر منداڵانی کۆچبەر بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد ٢٦ ھەزار منداڵی کۆچبەر لەسنوری نێوان لیبیا بۆ ئیتاڵیا دەستدرێژیان کراوەتە سەر، ھاوکات ھەر بەپێی ئامارەکە تەنیا لە دوو مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ١٤ ھەزار کۆچبەر ھاتوونەتە خاکی ئەوروپادا.
راگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا، باسی ئەوەشی کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی دیکەش دەکرێت لەوانە (بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و وڵاتی میسر) کە بڕیارە سامی شوکر وەزیری دەرەوەی میسر بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، لەلایەکی ترەوە پرسی بارودۆخی وڵاتانی بەلقان و پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوە دەکرێت.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ھەموو یەک مانگ جارێک بەرێوەدەچێت و ڕاپۆرت لەسەر چەند پرسێکی جیاواز ئامادەدەکەن و دواتر پێشکەشی سەرکردەکانی ئەوروپای دەکەن، دوو مانگ جارێکیش ٢٨ سەرکردەکەی ئەوروپا کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن.
6/3/2017
بێژەرێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی پێشنیازی بوون بە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی پێدەدرێت و ئەویش رازی دەبێت.
چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە هیزەر ناوێرت، خانمە بێژەری پرۆگرامی "فۆکس ئەند فرێندز" واتە "فۆکس و هاوڕێیان" داوای لێکراوە ببێتە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەویش رەزامەندی پیشانداوە.
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی رێکنەخستووە، بەڵام بڕیارە لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکانی دەستپێبکاتەوە.
پرۆگرامی "فۆکس و هاوڕێیان" یەکێکە لەو پرۆگرامانەی ترەمپ زۆر پێی سەرسامە و "ناوێرت"یش نەیشاردووەتەوە کە حەزێکی زۆری بۆ کاری سیاسیی هەیە. هیزەر ناوێرت دووەمین کەسە لە کەناڵی فۆکس نیوز لە ئیدارەی ترەمپدا پۆست وەربگرێت.
رۆژی 25ی مانگی رابردووش جۆناسان وۆچڵ، رۆژنامەنووسی ناسراوی کەناڵەکە وەک گوتەبێژی ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دیاریکرا.
5/3/2017
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ ٤ ئازاری ٢٠١٧ ڕایگەیاند، باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، سیخوری کردووە بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنەکانییەوە، بەرلەوەی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕابگەیەنرێت.
ترەمپ لە چەند تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "شتێکی زۆر ئابڕوبەرانەیە، بەم نزیکانە ئاشکرا بووە، کە ئۆباما سیخوری کردووە بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنەکانمەوە لە تاوەری ترەمپ، بە ماوەیەکی کەم بەرلەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنم، بەڵام هیچیان نەدۆزیوەتەوە". دۆنالد ترەمپ هەوڵەکەی ئۆبامای بە (مەکاریسی) ناوبردووە.
مەکاریسی برتیییە لە ئاراستەکردنی تۆمەت بە خیانەت یان تۆمەتی خیانە خستنە پاڵ کەسێک، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەکراو و باوەڕپێکراو.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە، ئایا یاساییە سەرۆک کە هێشتا سەرۆکە و سیخوری بکات بەسەر کاندیێکی سەرۆکایەتی بەر لە هەڵبژاردنەکاندا؟
سەرۆکی ئەمەریکا لە تویتێکی دیکەدا نووسیویەتی "لەگەڵ پارێزەرێک قسە دەکەم ڕێوشوێنی یاسایی دەگرمە بەر لەو سیخورییەی ئۆباما، کە کردووەیەتی بەسەر گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانمەوە لەمانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ و بەر لە هەڵبژاردنەکان".
هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، چۆن دەبێت ئۆباما بێتە ئەو ئاستە کە قسەکانم تۆماربکات لەکاتی هەڵبژاردنی پیرۆزدا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ کەسێکی نەخۆشە یان خراپ.
ڕۆژی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەنجامدرا و تیایدا دۆناڵد ترەمپ توانی ٢٧٩ کورسى و هیلاری کیلنتن توانی ٢٢٨ کورسی بەدەستبهێنیت، بەوەش ترەمپ بووە ٤٥ مین سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا
5/3/2017
بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی داعشەوە 2745 منداڵی کوردی ئێزدی دایک یان باوک یاخود هەردووکیان لەدەستداون.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی هێرش و رەشەکوژییەکانی داعش لە سنووری شنگال، هەزار و 759 منداڵ باوکیان لەدەستداوە، 407 منداڵیش دایکیان لەدەستدواوە و 359 منداڵی دیکەش دایک و باوکیان لەدەستداون.
خەیری بۆزانی ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا دایک یاخود باوکی 220 منداڵ لەدەست داعشدان و چارەنووسیان نادیارە، کۆی گشتی ئەو منداڵانە 2 هەزار و 745 منداڵن.
چەكدارانی داعش رۆژی 3/8/2014 هێرشیانكردە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری و لە ئەنجامدا 6413 كوردی ئێزدییان رفاند. لەو ژمارەیە سێ هەزار و 543 یان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 870 كەسیشیان لە رەگەزی نێر بوون.
5/3/2017
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ژمارەی هاوڵاتیانی ئاوارەبووی موسڵ بە خێرایی لە هەڵکشاندا بووە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و ٢٠٠ هەزار ئاوارەشی تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە دەستپێکی ئۆپراسیۆنی موسڵەوە ٢٠٦ هەزار هاوڵاتی لە موسڵ ئاوارەبوون. هەر بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە لە ٢٦ی شوباتی ٢٠١٧ دا ژمارەی هاوڵاتیانی ئاوارەبووی شارەکە ١٦٤ هەزار هاووڵاتی بوون، واتە لەماوەی حەوت ڕۆژدا ٤٢ هەزار کەس ئاوارەبوون، کە ڕۆژانە دەکاتە شەش هەزار ئاوارە.
هاوکات بەرپرسانی ڕێکخراوەکە نیگەرانی خۆیانیان لە زۆری ژمارەی هاووڵاتیانی ئاوارەبوو لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەربڕیوە.
بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دژ بە داعش، هاوڵاتیانی موسڵ لەو شارە هەڵدێن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە شارەکە لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بووە.
6/3/2017