ئاڵای کوردستان و ئەرمەنستان
سەرۆکی ئەرمەنستان مەرسوومێکی کۆماری بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەرمەنستان لە هەرێمی کوردستان دەردەکات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (خەبەر ئەرمەن)، کونسوڵخانەکە گشتیی دەبێت و لە شاری هەولێر دەبێت، کاروباری پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و یەریڤان رێک دەخات.
سێرج سارکیسیان، سەرۆک کۆماری ئەرمەنستان مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی بۆ کردنەوەکە دەرکردووە و حکوومەتی ئەرمەنستانیش کردنەوەی کونسوڵخانەکەی بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئەرمەنستان و هەرێمی کوردستان و بوونی جالیەی ئەرمەنی لە هەرێمی کوردستان گێڕاوەتەوە.
بەهۆی سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا 20 کونسوڵخانە، هەشت نووسینگەی بارزگانی و ئابووریی، شەش کونسوڵگەریی فەخریی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی و چوار نووسینگەی هاوکاری و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
15/3/2017
ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا وەڵامى ڕەجەب تەیب ئەردۆغانى دایەوە و ڕایگەیاند، تۆمەتەکانى ئەردۆغان بێبنەمان.
ئەوەش لەکاتێکدایە کەشەوى ١٣ى ئازارى ٢٠١٧ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانی تۆمەتبار کرد بە " هاوکاریکردنی تیرۆریستان" و مێرکڵیش لە وەڵامدا وتی "تۆمەتەکانی ئەردۆغان بێ مانان".
لەنوێترین پێشهاتدا لە کێشەکانی نێوان ئەنقەرە و زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان، ئەردۆغان وتی "خاتوو مێرکڵ، بۆچی تیرۆریستان لە وڵاتەکەتدا دەشاریتەوە بۆچی ناجوڵێیت؟" بەرلینی تۆمەتبارکرد بەوەی وەڵامی چوار هەزار و ٥٠٠ دۆسییەی نەداتەوەکە گومانیان لێکراوە تیرۆریست بن و دۆسییەکان لە تورکیاوە نێردراون بۆ ئەڵمانیا.
هەروەها وتیشى "خاتوو مێرکڵ تۆ پشتیوانی لە تیرۆریستان دەکەیت و ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەورپیانەى کە حەز بەپێشکەوتنى تورکیا ناکات".
لەلایەن خۆشیەوە، ستێڤان زایبەرتی وتەبێژی مێرکڵ، وەڵامی تۆمەتەکانی ئەردۆغانی داوەتەوە و بە بێ مانا ناوزەدى کردوون.
لە ئێستادا پەیوەندییەکانى تورکیا و وڵاتانى ئەوروپى بە دۆخێکى قەیراناویدا تێدەپەڕێت و ئەوروپییەکان هۆکارەکانى بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە تورکیا بەرە و دیکتاتۆرى دەڕوات و بەرپرسانى تورکیاش هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە وڵاتانى ڕۆژئاوا چاویان بە پێشکەوتنەکانى تورکیا هەڵنایەت.
دوێنێش فێدێریکا مۆگرینی، نوێنەری باڵای سیاسەتی ئاسایشی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و یوهانس هان، ئەندامی بەرپرسی دانوستانکاری فراوانکردنی ئەندامان لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی دوایی تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپاوە، داوا دەکەن کە هەوڵی ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە بدرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێتی ئەورووپا بانگهێشتی تورکیا دەکات کە خۆی بەدوور بگرێت لە هەر وتار و کردارێکی تووند کە مەترسی خراپتر کردنی دۆخەکەی لێدەکرێت.
هەروەها دەشڵێن، ئەو پرسانەی کێشەیان لەسەرە تەنیا لەڕێی کردنەوەی کەناڵی ڕاستەوخۆی پەیوەندی و دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێت و بەردەوام دەبین لە یارمەتییەکانمان بۆ بەرژوەندی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەورووپا و تورکیا.
15/3/2017
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆكوەزیرانی توركیای راگەیاندووە "هێزە ناوەندییە عێراقییەكان بە هاوكاری پێشمەرگە ئیدارەی دۆخی ئەمنی شنگال دەكەن و، حكومەتی عێراق رێگا بە هیچ دەستێوەردانێك لەو بوارە نادات".
رۆژی سێشەممە 14-3-2017 حەیدەر عەبادی و بینالی یڵدرم چەند پرسێکی نێوان هەردوو وڵات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسدەکەن، کە گرنگترینیان پرسی پەکەکە لە خاکی عێراق و کەمپی باشیک بووە، کە هێزی سەربازی تورکیای لێ جێگیرکراوە.
بەپێی راگەیێندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەبادی باسی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە موسڵ كردووە و ئەوەی روونكردنەوەتەوە "سەرەڕای زۆری ژامرەی ئاوارەكان، ئۆپەراسیۆنەكە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و حكومەتی عێراقیش پێداویستییەكانی بۆ ئاوارەكان دابینكردووە".
لەبارەی دۆخی شنگال، عەبادی ئەوەشی بە سەرۆكوەزیرانی توركیا راگەیاندووە "هێزە ناوەندییە عێراقییەكان بە هاوكاری پێشمەرگە ئیدارەی دۆخی ئەمنی شنگال دەكەن و حكومەتی عێراق رێگا بە هیچ دەستێوەردرانێك لەو بوارە ناكات".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، عەبادی داوای لە یڵدرم كردووە "پێویستە سەرجەم هێزەكانی لە خاكی عێراق بكشێنتەوە، چونكە ئەو پرسە پەیوەندی بە سەروەری عێراقەوە هەیە".
سەرۆکوزیرانی عێراق بە هاوتا تورکییەکەی گوتوە "عێراق سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا تاوەکو ئاستێكی بەرز".
بینالی یڵدرم عەبادی بانگهێشتی توركیا كردووە، بە مەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەر دوو وڵات.
15/3/2017
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە نیازە ڕێکكەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆ بكات، سەركردەیەكی باڵای ئەو حیزبە ڕایدەگەیەنێت: "مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیار لەسەر ڕێكکەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی دەدات.
ڕەهبەری سەید براهیم، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی، لە لێدوانێكدا بۆ (باسنوز) ڕایگەیاند: "نەخشە ڕێگاكەی یەكێتیی نیشتمانی یەكلا كرایەوە و بەكۆی دەنگی 47 ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پڕۆژەی نەخشەڕێگا هەشت خاڵەكەی یەكێتی پەسەند كرا، بێگومان ئەو نەخشەڕێگایە كارێكی باشە بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی یەكێتی."
گوتیشی: "ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی لاریان نەبووە لە جێبەجێكردنی تەواوی خاڵەكانی ناو نەخشە ڕێگاكە بەتایبەتی ئەو خاڵەی كە باس لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكات، ئێمە هەموومان كۆك بووین لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان، بێگومان یەكێتیی بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەكات.
دەربارەی ئەوەی لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی باس لە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی كراوە، ڕەهبەری سەید براهیم، ئاماژەی بەوەش دا كرد: "پرسی ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە، بێگومان مەكتەبی سیاسی هەموو دەسەڵاتێكی هەیە و دەتوانێت، بڕیارە بدات لەسەر ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی."
14/3/2017
ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەبارەی بەشداریکردن لە دانوستاندنی ئەستانە 3 بڕیاری کۆتایی دەدات.
رۆژی سێشەممە 14.3.2017، لە شاری ئەستانەی پایتەختی کازاخستان، کۆبوونەوەکانی ئەستانە بە سەرپەرشتیی رووسیا و تورکیا دەست پێدەکەن و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبن.
ئوسامە ئەبو زەید، گوتەبێژی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە کەناڵی (جەزیرە)ی راگەیاندووە، ئۆپۆزیسیۆن بەشداریی لە کۆبوونەوەکان ناکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە نوێنەری ئێرانیش بەشداریی دەکات، وڵاتانی رووسیا و تورکیا و رژێمی سووریا هەوڵ دەەدەن چارەسەرێک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا بدۆزنەوە، کە ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە.
ئوسامە ئەبو زەید هۆکاری بەشدارینەکردنی ئۆپۆزیسیۆنی بۆ رەتکردنەوەی داوای محەمەد عەلوش، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆن لەلایەن رووسیاوە گەڕاندەوە.
تاوەکو ئێستا هەردوو لایەنی شەڕی ناوخۆیی سووریا دوو جاری دیکە لە ئەستانە بە سەرپەرشتیی رووسیا و تورکیا کۆ بوونەتەوە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا، کە لە دوا کۆبوونەوەدا، هەردوو لایەن رێککەوتن لەسەر ئاگربەست.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
14/3/2017
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەرکەوتنەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە گەلی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، رۆژی دووشەممە 13.3.2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یان کۆبیش، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کۆ بووەتەوە.
یان کۆبیش وێڕای سوپاسکردنی مەسعود بارزانی بۆ رەخساندنی دیدارەکە، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و جەژنی نەورۆزی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان کردووە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، باسی دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و قۆناغەکانی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵیان کردووە.
مەسعود بارزانی و یان کۆبیش تیشکیان خستووەتە سەر رۆڵی پێکهاتەکانی پارێزگای نەینەوا و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ شاری مووسڵی دوای داعش و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە و کۆبیش ” ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری لەو بارەیەوە“ راگەیاندووە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هەماهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقیان بە ”هۆکاری سەرەکی“ی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنەوەی نەینەوا لە قەڵەم داوە، جگە لە باسکردنی رەوشی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
13/3/2017
یاریدەدەرێکى فەرماندەى گشتى سوپاى پاسداران ڕایگەیاندووە، ئێران کارگەى چەک و موشەک دروستکردنى بۆ حزبوڵا لە لوبنان دامەزراندووە، وتووشیەتى ، بۆ پارێزگاریکردنی کارگەکە لە بۆردومانى فڕۆکە لە قوڵایی ٥٠ مەتر لە ژێر زەوى دروستکراوە.
ماڵپەڕى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، یاریدەدەرێکى محەمەد عەلى جەعفەرى فەرماندەى گشتى سوپاى پاسداران ڕایگەیاندووە، کارگەکە لە توانایدا هەیە چەندین جۆر موشەک دروستبکات کە مەوداى هەندێکیان ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبێـت، لە نێویاندا موشەکى زەمین بە زەمین و موشکى ژێر دەریایی و تۆربیدى تایبەت کە دەتوانرێت لە ناو کەشتییەوە بتەقێنرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە پارچەى موشەکەکان لە چەند کارگەیەکى جیاواز دروستدەکرێت و دواتر کۆدەکرێنەوە دەبەسترێن.
ماڵپەرەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، کۆلێژێکى جەنگى سەر بە زانکۆى ئیمام حسین لە ئێران کراوەتەوە و تایبەت کراوە بە فێرکردنى خوێندکارانى لوبنانى و سوری.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا چەندین میلیشیاى ئێرانى لە سوریا هاوشانى سوپاى سوریا شەڕ دەکەن و حزبوڵاى لوبنانیش یەکێکە لەو هێزانەى لە شەڕەکەدا هاوپەیمانى ئێران و سوریایە.
13/03/2017
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا پاسەوانانی کەناراوەکانی تورکیا ٢٨٩ کۆچبەریان لە کەناراوەکانی دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاست ڕزگارکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە حەوت ڕووداوی جیاوازدا پاسەوانانی کەناراوەکان توانیویانە حەوت قاچاخچی کۆچکردن لەنێوان ٣-١٠ی ئازار دەستگیربکەن.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، جیا لەوەش ١٧٨ کۆچبەری تر لە چوار حاڵەتی تر لە کەناراوەکانی ئیزمیر و ئایڤالیک ڕزگارکراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵى ڕابردوو حکومەتى تورکیا ڕێککەوتنێکى لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا واژۆکرد کە ڕێگە لە کۆچبەران بگرێت و ڕێگەیان نەدات بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا.
ئەمەش وایکرد ئەو شەپۆلەى زۆرى خەڵکى ڕۆژهەڵات بە گشتى و سوریا و عێراق بە تایبەت کە پێشتر ڕوویان لە ئەوروپا دەکرد کەمبێتەوە.
13/3/2017
ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا وڵاتانی دراوسێی تێپەڕاند و گواسترایەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. لە ٢٤ کاتژمێردا بەرپرسانی تورکیا و هۆڵەندا توندترین لێدوانیان لە دژی یەکدا و ژمارەیەک ڕێ و شوێنی دیبلۆماسییان لە دژی یەک گرتە بەر.
دوای ئەوەی حکومەتی هۆڵەندا بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی گشتی ڕێگەی نەدا فڕۆکەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وڵاتەکەی بنیشێتەوە و ڕێگریکرد لە بە شداریکردنی وەزیری خێزانى تورکیا لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری لۆبی تورکی و دیپۆرتی ئەڵمانیای کردەوە، حکومەتی تورکیاش باڵیۆزخانە و کونسوڵی هۆڵەندای لە وڵاتەکەی داخست و ڕایگەیاند باڵیۆزى هۆڵەندا پێویست ناکات لە دواى پشووەکەى بگەڕێتەوە بۆ ئەنقەرە.
دوای ئەوە ژمارەیەک هاوڵاتی تورکیا لە بەردەم باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە ئەستەنبوڵ گردبونەوە و ئاڵای ئەو وڵاتەیان هێنایە خوارەوە و بۆ ماوەیەک ئاڵای تورکیایان لە شوێنەکەى بەرزکردەوە.
لە کاردانەوەیەکیشدا وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ڕایگەیاند، پاراستنی گیانی دیپلۆماتکارەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی تورکیادایە و لەو بارەیە وە سکاڵایان گەیاندووەتە بەرپرسانی تورکیا.
جیاواز لەو ڕێ و شوێنە دیبلۆماسییە دژ بەیەکانە، بەرپرسانی تورکیا و هۆڵەندا لێدوانی دژی بەیەکیشیاندا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تەنانەت ئەگەر هۆڵەندا بە فەرمى داواى لێبوردنیش لە تورکیا بکات دەبێت باجی هەڵسوکەوتەکانی بدات، وتیشى فێریان دەکەن دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی چییە.
ئەردۆغان وتیشى، ئەو پێی وابوو نازییەت لە ئەوروپا کۆتایی هاتووە بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا خەبەری بووەتەوە. هاوکات ئەردۆغان داواى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانە سزا بەسەر هۆڵەندادا بسەپێنن.
بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیاش ڕایگەیاند، ئەو هەڵسوکەوتانەی هۆڵەندا قبوڵکراو نییەو بەتوندترین شێوە وەڵامیان دەدەنەوە.
هاوکات مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبەردەم کۆبونەوەیەکی جەماوەریی هاوڵاتیانی ولاتەکەی لەشاری میسی فەڕەنسا رایگەیاند، هۆڵەندا لە جیاتی ئەوەی پایتەختی دیموکراتی بێت، بووەتە پایتەختی فاشییەت.
چاوش ئۆغلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ڕێ و شوێنەکانی دژی هۆڵندا تا ئەو وڵاتە پۆزش دەهێنێتەوە، وتیشى تەنانەت پۆزش هێنانەوەش بەس نییە.
لەبەرامبەردا مارک ڕۆتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کە وڵاتەکەى لەگەڵ تورکیادا پێکەوە ئەندامى ڕێکخراوى ناتۆن، تێکچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا بە قوڵترین کێشە ناوبرد کە ڕوبەڕوی وڵاتەکەی بوبێتەوە.
ڕۆتە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان دەیانەوێت لەو کێشەیەدا لایەنە ژیرەکە ببن و چیان بۆ بکرێت بۆ ئاسایکردنەوەى دۆخەکە دەیکەن بەڵام هۆڵەندا ڕێگەنادات بێڕێزی پێبکرێت.
هاوکات لەسەر گرژییەکانی نێوان تورکیا و هۆڵەندا، سەرۆک وەزیرانى دانیمارک پێشنیازی کردووە، سەرۆک وەزیرانی تورکیا گەشتەکەی بۆ وڵاتەکەی دوابخات.
فەڕەنساش داوای هێوربونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەندامانى یەكێتیی ئەوروپاى کرد.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە حاڵەتی نەبونی هەڕەشەی ڕووندا، پێویست ناکات ڕێگری لە کۆبونەوەی جەماری بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داواشی لە تورکیا کردووە واز لە هەڕەشە و پێشلکارییەکان بهێنێت.
13/3/2017
بێکاری کێشەی گەورەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، چونکە رەخساندنی ژمارەی هەلەکانی کار و خوازیارانی کار ناهاوسەنگە و حکومەتی حەسەن رۆحانیش توانای چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی نەبوو، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی باڵای ئێران، ئەم رەوشە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
عەلی رەبیعی، وەزیری کاری ئێران دەڵێ "ئێستا خەڵکێکی زیاتر دێتە بازاڕی کار. لەساڵی 1395ـی هەتاوی (2017ـی زایینی) یەک ملیۆن و 250 هەزار کەس هاتوونەتە بازاڕی کارەوە. بۆیە 700 هەزار دەرفەتی کاری ئێمە لەئاست رێژەی بێکاریدا بەرچاو نەبووە. ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو دەمانەوێ یەک ملیۆن دەرفەتی کارکردن بڕەخسێنین".
وەزیری کاری ئێران ئەم قسانەی لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ورمێ کرد و، گوتیشی "هەلەکانی کار بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکەین، ئامانجمان ئەوەیە لەساڵی داهاتوودا رێژەی بێکاری لە پارێزگای ورمێ کەم ببێتەوە. حکومەت بۆ یەکەمجار هەزار ملیار تمەنی بۆ رەخسانی دەرفەتی کار لە ساڵی داهاتوودا تەرخان کردووە، هەروەها سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانیش یەک ملیار و 500 هەزار دۆلاری بۆ رەخساندنی دەرفەرتی کار تەرخان کردووە. ئامانجی سەرەکی ئێمەش پارێزگا سنوورییەکانە. هیوادارین جموجۆڵێک دروست بکەین".
یەکێک لە دەرکەوتەکانی بێکاری، دیاردەی کۆڵبەرییە لەسەر سنوورەکان. کۆڵبەری رەنگە زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان برەوی هەبێت. وەزیری کاری ئێرانیش لە سەردانێکدا بۆ سنە، گرێبەستی بیمەی خانەنشینی ئەوانی واژۆ کرد.
بەپێی ئەو گرێبەستە، کۆڵبەرەکان لەکاتی خانەنشینی و مردندا بیمە دەکرێن. بەپێی ئاماری فەرمی، لە پارێزگای سنە 15 هەزار کەس کارتی کۆڵبەرییان هەیە. بەڵام ئامارە نافەرمییەکان دەڵێن"60 هەزار کەس لە پارێزگای سنە کۆڵبەرن".
عەلی رەبیعی، وەزیری کاری ئێران لە سنە گوتیشی "پلانمان هەیە لەساڵی داهاتوودا 2%ـی بێکاریی کەم بکەینەوە". بەگوتەی رەبیعی، پلانی رەخساندنی دەرفەتی کار لە پارێزگای سنە ئامادەیە. ئەمەش لەڕێی دروستکردنی ژێرخانەکان و پیشەسازییە گەورەکانەوە ئەنجامدەدرێت.
12/3/2017
خراپبوونی رەوشی مرۆیی لە موسڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایەدەنگ و لەسەر داوای رووسیا ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی رەوشی مرۆیی شارەكە کۆبووەوە، بەتایبەتی لەبارەی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە نیویۆرک، حکومەتی عێراق بەفەرمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادارکردووەتەوە كە چەکی کیمیایی لە موسڵ بەکارنەهاتووە. جگە لەمە رووسیا رەوشی موسڵ بە کارەسات ناودەبات. بەریتانیاش دەڵێت بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی بەغدا. فەرەنساش داوای پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل دەکات.
لەکاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر رەوشی مرۆیی سووریا و یەمەن دەیان کۆبوونەوە ئەنجامدەدات، كەچی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە تەنها سێ کۆبوونەوە لەبارەی رەوشی شارەكە ئەنجامدراون.
فرانکۆس دیلاترێ، باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند "باوەڕم پێبکە وەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش، نەک تەنها لایەنی سەربازی، بەڵکو لایەنی مرۆیی ئۆپەراسیۆنی موسڵیش لای ئێمە ئەولەویەتە".
بەپێچەوانەی شەڕی سووریا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی راستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەشدران، بەڵام سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنەکە، نوێنەرانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا داوای هیچ کۆبوونەوەیەک لەسەر موسڵ ناکەن.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەربارەی راپۆرتی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بوو کە دەڵێت لە موسڵ چەکی کیمیایی بەکارهاتووە و 12 هاووڵاتی بەهۆی هێڕشی کیمیایی لە موسڵەوە بۆ چارەسەرکردن بردراونەتە نەخۆشخانەی ئێمرجنسی هەولێر. لەسەر ئەو راپۆرتە رووسیا بەپەلە داوای لێکۆڵینەوەی کرد.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، باڵیۆزی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات.
ماسیو رایکرۆفت گوتی "ئێمە پشتگیری لە حکومەتی عێراق دەکەین و هانیاندەدەین ئەگەر هەر بەڵگەیەکیان هەیە بینێرن بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی. ئێمە زۆر کاریگەرانە کاریان لەگەڵ دەکەین لە دژایەتیمان لە هەر بەکارهێنانێکی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە لە عێراق".
دوای کەمتر لە یەک کاژێر لەو لێدوانەی باڵیۆزی بەریتانیا، سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی تایبەت بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق بەفەرمی بە رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی راگەیاندووە کە هیچ جۆرە هێرشێکی کیمیایی لە موسڵ ئەنجامنەدراوە.
ماسیو رایکرۆفت، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند "نوێنەری عێراق رایگەیاند تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە موسڵ، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەنین کە ئەوە دەرئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانە و ئێمە رێکكەوتین کە دەبێت پێشبینی دەرئەنجامی زیاتر لە حکومەتی عێراق بکەین".
باڵیۆزی بەریتانیا ئەم لێدوانەی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داو لەو وەڵامەی بۆ رووداو رایگەیاند، ئەنجوومەنەکە قەناعەتی بە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی حکومەتی عێراق نییە و چاوەڕێی زانیاری زۆرتر دەکات.
12/3/2017
یادی شاعیری کورد مارف ئاغایی, کە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەلایەن ئیدارهی ئیتلاعاتی شارەکەوە هەڵوەشایەوە.
قایمقامی شنۆش رایگەیاند, بۆیە یادکردنەوەکە هەڵوەشاوەتەوە، بۆ بانگەشەی حزبی و هەڵبژاردنەکان و شێواندنی بیرو رای گشتی کەڵکی لێوەردەگیرت.
یادکردنەوەیەک کە رۆژێک بەرلە بەڕێوەچوونی لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڵوەشێنرایەوە. نزیکەی دوومانگ لەمەوەبەر ئێزنی بەڕێوەچوونی ئەم یادە وەرگیرابوو و داوا لە نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرابوو لێکۆڵێنەوە و وتارەکانیان بۆ دەستەی بەڕێوەبەری یادکردنەوەکە بنێرن، بەڵام ئێورەی رۆژی بەرلە بەڕێوەچوونی، قایمقامی شنۆ لە راگەیەنراوێکدا بە پاساوی کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەکانی حکومەت و ئەدیبان و شاعیران بۆ بانگشەکانی هەڵبژاردن پێشی بە بەڕێوەچوونی گرت.
ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆش کە چەندین ساڵە رۆژانی پێنجشەممە کۆبوونەوە ئەدەبیەکانی بەڕێوە دەبات، بڕیاربوو بۆ رێزگرتن لەم یادە کۆبوونەوەیەکەی خۆی بەڕێوە نەبات، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی یادکردنەوەکە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەیکاندا بڵاوی کردەوە ئەوان کۆڕەکەی خۆیان بەڕێوە دەبن.
عەبدولکەریم حسێن زادە نوێنەری شارەکانی شنۆ و نەغەدە لە پەرلەمانی ئێران پشتیگریی بەڕێوەچوونی ئەم یادەی دەکرد و ئەمەش بەڵگەیەکی پێشگرتن بە بەڕێوەبردنی یادەکردنەوەکەیە.
مارف ئاغایی شاعیری کۆچکردووی شنۆیی٢٦ی حوزەیرانی ١٩٦٦ لە گوندی وەزنێی سەر بە شاری نەغەدە لە دایک بووە و ١٤ی شوباتی ١٩٩٨ کاتی گەڕانەوە لە پرسەی کۆچی دوایی مینا خانمی قازی هاوسەری پێشوا قازی محەمەد لە نێوان مەهاباد ورمێ بە هۆی روودای هاتووچۆ گیانی لەدەست دا و کۆمەڵە شێعری" زەوی سەخت و ئاسمان دووری" لەپاش بەجێماوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئاغایی، بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند: لە رواڵەتدا یادکردنەوەکە بە بیانووی بانگشەکردن بۆ هەڵبژارنەکان هەڵوەشاوەتەوە و پێویستە بۆ ساغبوونەوەی هۆکارەکەی چەند رۆژێک چاوەڕوان بین.
لە کاتێکدا ئەم یادکردنەوەیە لە لایەن دەزگاکانی سەر بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵدەوشێتەوە کە چەند ساڵێکە پێش بە بەڕێوەچوونی فستڤاڵی چیرۆکی کوردی لە بانە دەگیرت و دوو ساڵیشە ئێزن نادرێت لە شاری پیرانشار فستڤاڵی شێعری کوردی و فستیڤاڵی فۆلۆکلۆری مۆسیقا و گۆرانیی کوردی بەڕێوەبچێت. هەفتەیەک لەمەوبەریش لە تاران یادکردنەوەی هەڵەبجە بە پاساوی زۆربوونی میوانی بانگهێشتکراو و کەمبوونی شوێن هەڵوەشایەوە.
11/3/2017
حزبی چەپی سۆسیالیستی نەرویج محەمەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2017 دەپاڵێوێت، کە زیاتر لە 10 ساڵە لە زیندانە.
محەمەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆک و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک باوکی مافی مرۆڤی کورد ناسراوە.
ئەمە چوارەمین جارە بە هۆی هەوڵەکانی کۆمیتەیەکی کوردی بە ناوی کۆمیتەی چالاکی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ کەبوودوەند، ئەم چالاکوانە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتە پاڵێوراوی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.
کەبوودوەند بە هۆی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان سزای یازدە ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و زیاتر لە 10 سالە لە زیندان دایە.
كەبوودوەند مانگی ئایاری 2016 دەستی بە مانگرتن كرد و ھەر ئەوكات ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند باری تەندروستی کەبوودوەند ناجێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشک دایە، پاش ئەوەی نزیکەی مانگێک مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتبوو.
راشیگەیاند کەبوودوەند، نەخۆشی دڵ و گورچیلەی ھەیە و لە زیندانیش داودەرمانی پێویستی پێنادرێت.
رەوەندی كوردی لە ئەوروپا بە چەندین خۆپیشاندان و مانگرتنی ھەندێ چالاكوان پیشتگیری خۆیان بۆ كەبوودوەند راگەیاند و داواشیان لێكرد كۆتایی بە مانگرتنەكەی بھێنێت.
كەبوودوەند خاوەنی چەندین خەڵاتی رۆژنامەوانی و مافی مرۆڤی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی جیھانە.
11/3/2017
رووسیا، ئهمریكای نیگهرانكردووه و بڵاوهپێكردنی سیستمی مووشهكی كروز كه توانای لێدانی ئهوروپای رۆژئاوای ههیه، وهك پێشێلكاری پهیماننامهی ساڵی 1987 ناودهبات، به قسهی جهنهراڵێكی ئهمریكی" لهو پهیماننامهدا مووشهكی مامناوهند مهوداش یاساغكراوه".
جهنهراڵ پۆل سیلڤا لهبهردهم لیژنهی كۆنگرێسی ئهمریكا گوتوویهتی" پێموایه رووسهكان سیستمی مووشهكی كرۆزیان دامهزراندووه، ئهمهش وهك پێشێلكاری و ئامانجی پهیماننامهی" هێزه ئهتۆمییه مامناوهندهكانه".
ههروهها گوتوویهتی" ئهو مووشهكانه"دهبنه مهترسی لهسهر زۆربهی دامهزراوهكانمان له ئهوروپا" پێموایه رووسیا به ئهنقهست بڵاویكردوونهتهوه و وهك ههڕهشهیهكه بۆ هاوپهیمانی باكووری ئهتڵهسی و هاوكارانی ناتۆ".
ئهمهش یهكهمجار نییه واشنتۆن سهركۆنهی ئهو ههڵسوكهوتانهی رووسیا بكات، بهڵكو بهردهوام لهو جموجوڵانهی مۆسكۆ دوو دڵ و نیگهرانه.
ئهو رێككهوتنهی جهنهراڵه ئهمریكییهكه باسی دهكات، له نێوان رۆناڵد ریگان و میخائیل گۆرباچۆڤ، له ههشتاكانی سهدهی رابردوو واژۆكراوه، بهگوێرهی ئهو رێككهوتنه سیستمه مووشهكییه مامناوهند مهوداكانی ئهمریكا و رووسیا قهدهغهكرا و بههۆی ئهو پهیماننامهیهوه 2700 مووشهكیان لهوكاتهوه لادا و دوورخستهوه.
10/3/2017
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راپۆرتی چاودێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتدەكاتەوە و بە راپۆرتێکی سیاسی و لایەنگرانە دەزانێت.
بەھرام قاسمی لەمبارەوە گوتی ئەم راپۆرتە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە و داوەری کردنی ناڕەوا ئامادەكراوە.
عاسمە جەهانگیر چاودێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە یەکەم راپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردبوو دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەوام بەرەو خراپی چووە.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنە لە بوونی چاودێرێکی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەگرێت و دەڵێت کۆماری ئیسلامیی ئیران هەر لە سەرەتاوە دیاریکردنی چاودێرێکی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە کارێکی بێ مانا و نابنیاتنەر زانیوە و گوتیشی بەر لەوەی عاسمە جەهانگیر راپۆرتەکەی بڵاو بکاتەوە، وەڵام و روونکردنەوەی ورد و بەڵگەمەنە لەسەر هەموو بابەتەکانی ناو راپۆرتەکەی پێدراوە.
11/3/2017