بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژووری تایبەتیی مام جەلال لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کۆدەبنەوە.
کەمێک لەمەوبەر (سێشەممە 11/4/2017)، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، دەستیان بە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیان بکەن کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکات.
شاندی یەکێتی لە مەلا بەختیار، عومەر فەتاح، عەدنان موفتی پێکهاتووە و شاندی پارتیش لە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، هۆشیار زێباری و دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس پێکهاتووە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان دەکرێت، هاوکات باسیش لە دروستکردنی کۆمیتەیەک بۆ کارکردن لەبارەی ڕیفراندۆم دەکرێت کە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تێدا بێت. جگە لەوەی پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ کارکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەبارەی ڕیفراندۆم، تاوتوێ دەکرێت.
پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد کە ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
11/4/2017
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ پرسی ریفراندۆم و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لە سلێمانییە و بەپێی ھەندێ سەرچاوەی زانیاری، بۆ ئەو پرسانە گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی یەکێتیدا کردووە.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە رۆژانی (٨-٩)ی ئەم مانگەدا، قاسم سولەیمانی، سەردانی شاری سلێمانیی کردووە و سەبارەت بە مەسەلەی ریفراندۆم و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیدا کردووە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، قاسم سولەیمانی لە گفتوگۆکانی سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم بە بەرپرسانی یەکێتیی گوتووە دەیانەوێ بەرچاوڕوونیی تەواویان لەو پرسەدا ھەبێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، بەپێی قسەکانی سولەیمانی، ئێران دەیەوێت لەوە بگات ھۆکاری ئەو گۆڕانە خێرا و دراماتیکییە چی بووە کە لە ھەڵوێستی یەکێتیدا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی رووی داوە و بەو شێوەیە بووەتە ھاوشانی پارتی بۆ ئەو پرسە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، قاسم سولەیمانی راستەوخۆ ئەوەشی بە بەرپرسەکانی یەکێتی گوتووە، ئەوان ترسیان لەو دەوڵەتە ئەوەیە کە ببێتە ھۆکار بۆ نانەوەی پشێوی لەنێو ئێراندا، لەبەرئەوە دەبێت گەرەنتیی ئەوە بکەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانەی سولەیمانی بۆ کوردستان بۆ فشار خستنە سەر یەکێتی بێت، لە کشانەوەی لە مەسەلەی ریفراندۆم، ئەگەر بێت و ئەجێندای خۆی لەو پرسەدا مسۆگەر نەکات.
ھاوکات ھەر بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سولەیمانی لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، پەیوەندیی بە باسکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە ھەبووە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، لەو دانیشتنەی یەکێتی لەگەڵ سولەیمانی، ھەر یەک لە کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ھێرۆ ئیبراھیم، ھاوژینی جەلال تاڵەبانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادە بوون.
سەرچاوەکە لەبارەی ھەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بەو پرسە تەنیا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە یەکێتی روونکردنەوەی لەبارەی ھەڵوێستەکانی بە سولەیمانی داوە، کە پەیوەندیی ھەیە بە داھاتووی یەکێتی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا، لە دۆخێکدا ئەگەر پارتی بە تەنیا ھەوڵی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دابوایە.
لای خۆیەوە عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، بۆ (باس) رای گەیاند، ئێران بە ئاشکرا بەوانی نەگوتووە کە لە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانە، تەنیا پێشتر لە میدیاکانەوە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاندووە ئێستا کاتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە، گوتیشی: “تا ئەو ئەندازەیەی کە ئاگادار بم، تا ئێستا لەلایەن ئێرانەوە لەسەر ئەو پرسە سکاڵایەک نەھاتووە کە بڵێت ریفراندۆم مەکەن، یان قبووڵ ناکەین، ئەوەی تێبینیمان کردووە بە بابەتێکی ئاساییان وەرگرتووە”.
جەختی لەوەش کردەوە کە شاندنی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو پرسە سەردانی تاران دەکات و لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بۆ ئەو پرسە روو دەدات.
پێوەند بەم پرسە، چاودێری سیاسی د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین بۆ (باس) رای گەیاند، ھەرێمی کوردستان بەو قەوارەیەی کە ئێستا ھەیەتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەکو دەوڵەتێکی دیفاکتۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئێران و تورکیاش دەبێت ئەو حەقیقەتە بزانن، گوتی: “کوردستان راستە سەربەخۆیی رانەگەیاندووە، بەڵام لە ھەموو رووەکانەوە سەیری بکەین لە واقعدا دەوڵەتە، لەبەر ئەوە ھەموو ئەو وڵاتانە کە بەرژەوەندیی ھەمیشەییان ھەیە، ھەر یەکەیان دەبێت بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو واقعەی کە ھەیە و دروست بووە رێک بخەنەوە نەوەکو رێگریی لێ بکەن”.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێران لە چەند روویەکەوە قازانج لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا دەکات، گوتی: “یەکەمیان کوردستان دەبێتە خاوەن سەروەری و بەو مانایە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بەرپرس دەبێت لەسەر پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵی و دراوسێیەتییەکان و سنوورەکان، بەشێوەیەک بەکارنەھێنانی خاکی دەوڵەتی کوردستان کە ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئێران، لە ھەمان کاتیشدا ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی جوگرافیی گرنگی ئابوورییە، جگە لەوەش ئەو دەوڵەتە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیریی سایکۆلۆجی بۆ ھەموو کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، بە شێوەیەک کورد لە ھەر شوێنێکی ئەو دونیایە کە ھەست دەکات دەوڵەتی ھەیە ئارامییەکی دەروونیی بۆ دەبێت”.
ھەروەھا گوتیشی: “ستراتیژی ھەرێمی کوردستان روونە، لەوەشیاندا لە بەرژەوەندیی ئێران و تورکیاشە کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەیە بۆ ھەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەوەش ھەرێمی کوردستان دەتوانێ ھەم بۆ کوردەکان و ھەم بۆ ئەو وڵاتانەش ڕۆڵی ئەرێنیی ھەبێت”.
11/4/2017
سەربازگەی شەعیرات دوای بۆردومانەکە
بەرپرسێکی باڵای رووسیا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی لە سووریا رووبەڕووی ئەمریکا نابێتەوە.
ڤلادیمێر جەبارۆڤ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی رووسیا ئێوارەی رۆژی دووشەممە 10.4.2017 رایگەیاندووە، ”ناتوانین خۆمان تووشی رووبەڕوو بوونەوەیەکی چەکداری بکەین، چونکە دەبێتە شەڕێکی فراوان“.
ڤلادیمێر جەبارۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەگەر جارێکی دیکە ئەمریکا بنکە و بارەگاکانی رژێمی سووریا بۆردومان بکات، ئەوا ”هێزەکانی رووسیا لە سووریا هێز دژی ئەو مووشەکانە هێز بەکار ناهێنن“.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی رووسیا بە پێویستیشی زانیوە ئەمریکا ”واز لە چاوتێبڕینەکانی لە سووریا بهێنێت“.
رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخونی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.
رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی تۆماهۆکی ئاراستەی سەربازگە و فڕۆکەخانەی سەربازیی شەعیراتی رژێمەکە کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
11/4/2017
ناوەندی هاوبەشی سەربازیی رووسیا و ئێران، کە پشتیوانی ئەسەد دەکەن، دژایەتی خۆیان بەرامبەر بە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازی شوعەیرات لە سووریا دەربڕی و رایانگەیاند "هێرشەکە هێڵە سوورەکانی بەزاند".
رۆژی یەکشەممە 9-4-2017 لە راگەیێندراوێکدا، ناوەندی هاوبەشی سەربازیی رووسیا و ئێران هۆشداری تووندی بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی داوە و رایگەیاندووە "لەمەودوا هەر لایەنێک هێڵە سوورەکان لە سووریا ببەزێنێت بەتووندی وەڵامی دەدەینەوە و ئەمریکاش باش ئاگاداری تواناکانی ئێمەیە".
هەینی رابردوو سوپای ئەمریکا هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی شوعێراتی سەر بە سوپای سووریا ئەنجامدا. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، فڕۆکەکانی سووریا لەو فڕۆکەخانەیەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشە کیمیاییەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووی خان شەیخون فڕیون، کە بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەس بە گازی کیمیایی سارین گیانیان لەدەستدا.
"هێرشەکە بۆ لەبیربردنەوەی کوشتاری خەڵکی موسڵ بوو"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، ئەمریکا هێرشی سەربازیی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی شوعێرات سووریا ئەنجامدا، "تاوەکو کوشتاری موسڵ لەبیری خەڵکی بباتەوە".
ماریا زاخارۆڤا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، هیچ کەس گومانی لەوە نییە کە دەبێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی رێکخراوی داعش بەردەوام بن، بەڵام دەبێت ژیانی خەڵکی سڤیلیش رەچاو بکرێت.
ماریا زاخارۆڤا دەڵێت "بێگومان ئێستا کاتی ئەوەیە موسڵ لە بیری خەڵک بباتەوە، چونکە ئۆپەراسیۆنی موسڵ نزیکەی نیو ساڵە بەردەوامە و کوشتارێکی گەورەی تێدا ئەنجامدراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت "ئەوەی لە موسڵ روودەدات تەنانەت ناکرێت لەگەڵ بارودۆخی حەلەب بەراورد بکرێت. هەروەک دەزانن، لە موسڵ هیچ رێڕەوێکی مرۆیی نەکراونەتەوە و ئەوانەش شارەکەیان بەجێهێشتووە لە رەوشێکی خراپدا ژیان بەسەردەبەن و تەنانەت ژیانیان لەوانە خراپترە لەناو شارەکەدا ماونەتەوە".
10/4/2017
لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند هێزە عێراقییەكان 75%ی لای راستی مووسڵیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كردووە. ئێستەش هێزەكان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕزگاركردنی گەڕەكە كۆنەكانی شارەكە.
محەمەد بەیاتی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی رایگەیاند هێزە ئەمنییەكان سەركەوتنی گەورەیان لە پرۆسەی رزگاركردنی لای راستی مووسڵ بەدەست هێناوە، شەڕەكان بە گوێرەی پلانی ئەمنی بەڕێوەدەچن.
هەروەها گوتی هێزەكان لە هەموو لایەكەوە خۆیان ئامادە كردووە بەرەو گەڕەكە كۆنەكانی مووسڵ پێشڕەوی بكەن، ئێستەش مزگەوتی نووری و سەكۆی بانگدانی حەدبا بە تەواوی گەمارۆ دراون.
بەیاتی ئەوەی دووپات كردەوە كە هێواشبوونەوەی رەوتی پێشڤەچوونەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ناوچەكە، كە لەلایەن داعشەوە وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێندرێن.
ئێستە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناو شاری مووسڵ تەنها گەڕەكەكانی نەجار، 17ی تەمووز، 30ی تەمووز، عەرەبی و تەنەكی بەدەستەوە ماوە. لەگەڵ بەشێكی گەڕەكی زەنجەلی و باب حەدید و ناوچەی نەخۆشخانەكان.
10/4/2017
بەكارهێنەرانی تویتەر لە سعوودیە هەڵمەتێكیان دەست پێكردووە بۆ گاڵتەكردن بە بانگخوازێكی ئیسلامی سعوودی، كە تۆمەتی زینای خستووەتە پاڵ باڵندەیەكی لەقلەق.
عەبدوڵا سوەیلم بانگخوازێكی ئیسلامیی سعوودیەیە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا ئاماژە بەوە دەكات "باڵندەیەكی نێرینەی لەقلەق لەقلەقێكی مێینەی كوشتووە، چونكە زانیویەتی ناپاكی كردووە و زینای لەگەڵ لەقلەقێكی تردا كردووە".
چالاكوانانی سعوودیە لە هەڵمەتەكەیاندا سەرەڕای گاڵتەكردن بە عەقڵی بانگخوازە ئیسلامییە، داواكاریشن چیتر ئەو جۆرە كەسانە لە ڤیدیۆدا دەرنەكەون، یاخود وێنەی وتارەكانیان نەگیرێ، بۆ ئەوەی زیاتر نەبنە جێی گاڵتەجاڕی بەهۆی بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتە پوچانە.
بەكارهێنەرانی تویتەر لە سعوودیە هاشتاگێكیان بەناوی "لقلق يقتل زوجته لأنها زانية"
واتە "لەقلەقێك ژنەكەی دەكوژێ چونكە زینای كردووە" دروست كردووە، لەم ڕێگەیەوە هەڵمەتێكی گەورەی گاڵتەكردن بە بانگخوازەكە و بیركردنەوەكەی دەستی پێكردووە، چونكە پێیانوایە "ئەو جۆرە بیركردنەوە نالۆژیكیە چیتر لە كۆمەڵگەی مرۆیی جێگەی نابێتەوە و دەبێ ئەو دەنگانە دەمكوت بكرێن".
10/4/2017
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەمیانەی لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد کە هەتا ئەوکاتەی بەشار ئەسەد لە سووریا لە دەسەڵات بێت، ڕێکاری چارەسەریی سیاسیی ئەو وڵاتە لە گۆڕیدا نییە و دەبێ کۆتایی بە دەسەڵات و نفووزی ئێران بهێنرێت.
نیکی هێلی، لە لێدوانێکدا لەگەڵ کەناسی تەلەفزیۆنیی (CNN) جەختی کردووەتەوە کە دەبێ داعش تێک بشکێنرێت و هاوکات کۆتایی بە پێگە و هەژمۆنیی ئێران لە سووریا بهێنرێت.
نوێنەری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەتا کاتێک بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دابێت، هیچ ڕێگەچارەیەک لە ئارادا نییە کە وەک ڕێغەچارەسی سیاسی لە سووریا کاری لەسەر بکرێت."
نوێنەری باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەوڵ و سیاسەتەکانی بەشار ئەسەد، پێم وا نییە حکوومەت و دەسەڵاتێکی ئارام و سەقامگیر لەو وڵاتە جێگیر بکرێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێستا چەند ئەولەویەتێک لە گۆڕێ دان، یەکەم وەلانانی ئەسەد لە دەسەڵات، کە تاقە ڕێکار نییە. ئەوەی ئێمە لێبڕاوانە هەوڵی بۆ دەدەین، لەناوبردنی یەکجارەکیی داعشە. دووەم، ئێمە سووریایەکی ئارام و سەقامگیر بە بوون و مانەوەی بەشار ئەسەد بە گونجاو نازانین. سێیەم، دەبێ نفووز و پێگەی ئێران لە ڕۆژهەڵات کۆتایی پێ بهێنرێت و لە ئەنجامدا بە ئاراستەی ڕێگەچارەیەکی سیاسیدا هەنگاو بنێین، چونکە لە ئەنجامدا ئەگەر ئەم ڕێکارانە جێبەجێ نەکرێن، دۆخی سووریا لە ئێستا ئاڵۆزتر و قەیراناویتر دەبێت.
9/4/2017
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) رایدەگەیەنێت، کە بۆردومانکردنی سەربازگەی رژێمی سووریا وێرانکاریی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، گرووپە توندڕەوەکانیش چەکی کیمیاوییان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەکار هێناوە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدەی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، ”پێویستە“ ئەمریکا و هاوپەیمانان سزای هەموو ئەو گرووپ و لایەنە سوورییانە بدەن، کە چەکی کیمیاوی بەکار دەهێنن.
ساڵح موسلیم بە ئاماژەکردن بەوەی گرووپە توندڕەوە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا پێشتر لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب و شاری رەققە چەکی کیمیاوییان بەکارهێناوە، بە هیچ شێوەیەک باسی بۆردومانکردنی ناوچەی خان شەیخونی بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە نەکردووە.
هاوسەرۆکی پەیەدە پێیوایە ”هێشتا زووە“ بڕیار لەسەر ئەرێنیبوون و نەبوونی بۆردومانکردنی سەربازگەی شەعیراتی رژێمی سووریا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، بدرێت.
ساڵح موسلیم هەروەها رایگەیاندووە، بۆردومانکردنی رژێمی ئەسەد لەلایەن ئەمریکا بازنەی شەڕی نێوخۆیی سووریا فراوان دەکات و ”سنوورێکیش بۆ دەستوەردانی تورکیا لە سووریا دادەنێت“.
دوای بۆردومانکردنی خان شەیخون بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سووریاوە، گرووپ و دەوڵەتە لایەنگرەکانی رژێمی سووریا پاساو بۆ ئەو کارە دڕندانەیە دەهێننەوە، کە هاوسەرۆکی پەیەدە یەکێک لەو کەسانەیە، جەخت لەسەر پاساوی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانیشەوە دەکاتەوە.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، سوپای رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و پەیەدەی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و تێیدا رێگا بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسیی دەرەوەی بیری ئاپۆچی نادا حزبایەتی بکات، هەروەها رژێمی بەعسی سووری تاوەکو ئێستا بنکە و بارەگای لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە ماوە، کە لەژێر دەسەڵاتی پەیەدە دایە.
رۆژی سێشەممە 4.4.2017 فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە چەکی کیمیاوی ناوچەی خان شەیخونی لە پارێزگای ئیدلیب بۆردومان کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 58 کەس، کە زۆرینەیان منداڵ بوون و برینداربوونی نزیکەی 300ـی دیکە.
رۆژی هەینی 7.4.2017، سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی هاووڵاتییان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ژمارەیەک مووشەکی تۆماهۆکی ئاراستەی سەربازگەیەکی رژێم کرد و زیانێکی گەورەی بەو رژێمە گەیاند.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
9/4/2017
شارەوانی مەریوان نزیکەی دوو هەفتەیە زبڵی ئەو شارەی کۆ نەکردووەتەوە، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ گوندنشینەکانی ناوچەی سەرشیو، کە رێگە نادەن زبڵی شار لە ناوچەکەیان بڕێژن.
شارەوانی مەریوان دەیەوێ زبڵی شاری مەریوان لە دۆڵی سماقان لە ناوچەی سەرشیو فڕێبدات، بەڵام خەڵکی ئاو ناوچەیە زیاتر لە سێ هەفتەیە رێگە نادەن زبڵی شار لەوێ بڕێژن.
خەڵک داواکارە شارەوانی کارگەیەکی دووبارە بەرهەمهێنانەوە یا ریساکلین بۆ زبڵی شار دابنێت، بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بێت.
کۆنەکردنەوەی زبڵی شار نیگەرانی لەنێو خەڵکیشدا دروست کردووە و دەڵێن: مانەوەی زبڵەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بۆنی کردووە و دەبێتە هۆی نەخۆشیش".
دانیشتووانی شاریش پشتگیری لە داوای گوندنشینەکان دەکەن. گوندنشینەکان دەڵێن: ئەو شوێنەی کە بڕیارە شارەوانی زبڵی لێ فڕێ بدات شوێنی کشتوکاڵی و دابینکردنی بژێوی خەڵکە و نابێت زبڵی لێ فڕێبدرێت.
9/4/2017
ئەمرۆ یەکشەممە 9-4-2017 پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، بە بەشداری پەرلەمانتارەکانی ئەو پارتە، ژمارەیەک گردبوونەوەی جەماوەری لە تورکیا و باکووری کوردستان ، بۆ دەنگدان بە نەخێر لە گشتپرسی هەمواری دەستووری تورکیا ئەنجام رێکدەخات.
کەمال ئاڤجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە، رایگەیاند: "میتنگەکان لە تورکیا لە لایەک بە نەخێر و لەلایەکی دیکەوە بە بەڵێ لە گشتپرسی هەمواری دەستووری تورکیا لەلایەن پارتەکانەوە بەردەوامە، هەدەپە لە 2ی نیسانەوە دەستی بە میتینگەکانی خۆی کرد و هەوڵی ئەوە دەدات تاوەکو 15 نیسان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەردەوامی بە میتینگەکانی بدات".
پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە، دەڵێت: "ئەمڕۆ هەدەپە بڕیارە 4 میتینگ ئەنجام بدات، یەکێک لەو میتینگانە لە ئەنقەرەیە و بڕیارە کاژێر 1 لە گۆڕەپانی کۆلێژ دەستپێبکات و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری هەدەپە گوتارێک پێشکەش بکات، هاوکات لە مێرسینیش میتینگێک لەلایەن هەدەپەوە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی هەدەپە و دەنگین فورات، پەرلەمانتاری هەدەپە بەشداری میتینگەکە بکەن".
پەیامنێری رووداو دەشڵێت: یەکێکی دیکە لە میتینگەکانی هەدەپە لە کۆجێلی دەبێت و بەردان ئوستورک، پەرلەمانتاری ناوچەی ئاگری هەدەپە بەشداریی میتینگەکە دەکات ، چوار میتینگی هەدەپە لە بورسیا بەڕێوە دەچێت و نیعمەتوڵڵا ئەردۆڵموش پەرلەمانتاری هەدەپە بەشداریی میتینگەکە دەکات.
9/4/2017
لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی زێڕینگران و کاروانسەرای کۆنی کرماشان، 9 کەس بریندار بوون و زەرەر و زیان بە ژمارەیەکی زۆری دووکانەکان گەیشت.
فەزلوڵڵا رەنجبەر، قائیمقامی کرماشان، رایگەیاند لەم ئاگرکەوتنەوەیەدا 9 کەس بریندار بوون و نزیکەی 40 دوکان سوتاون.
بازاڕی زێڕینگرانی کرماشان بازاڕێکی کۆنە و سەربانەکەی بەشێکی زۆری بە دار دروست کراوە، کە هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاگرەکە خێراتر پەرە بسەنێت. ئەم ئاگر کەوتنەوەیە ئێوارەی رۆژی هەینی روویدا و دوای چوار کاژێر کوژێندرایەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکان، جگە لە زێڕینگرەکان، بەشێک لە دووکانەکانی فرۆشی جلوبەرگیش ئاگریان گرتووە و زەرەر و زیانی زۆریان بەر کەوتووە. ژمارەیەک لە دووکانەکان روخاون.
بازاڕی زێڕینگرەکانی کرماشان، یەکێک لە میراتە کولتوورییەکانی کرماشانیشە. بەڵام بەڕێوەبەری میراتی کولتووری کرماشان گوتوویەتی: ئاگرکەوەتنەوەکە زیاتر لە دەرەوەی بازاڕ بووە و بەشە کۆن و مێژووییەکانی ئەم بازاڕە زەرەر و زیانی بەر نەکەوتووە.
هێشتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە کە پاش نیوەڕۆی رۆژی هەینی 8-4-2017 روویدا و سێ کاژێری خایاند، نازانرێ. بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی قەیرانی کرماشان ئەمڕۆ لەم بارەوە کۆبوونەوەی هەیە.
8/4/2017
کەنەدا بڕیاری گەلی لە بارەی سەربەخۆیی کوردستان و ”هەر شتێک بێتە پێشەوە“ قبوڵ دەکات.
لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی (opencanada) بڵاوی کردووەتەوە، مایکڵ پێترۆ، نووسەر و رۆژنامەنووسی کەنەدی رایگەیاندووە، سەربەخۆیی خەونێکی لەمێژینەی کوردەکانە، کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە جیھاندا و ژمارەیان 30 بۆ 40 ملیۆن کەس دەبێت.
مایکڵ پێترۆ ئاماژەی بە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستیی داعش کردووە و بە ”کاریگەرترین“ هێزی زەمینیی دژ بەو دەوڵەتە تیرۆریستییە پێناسەی دەکات، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە نزیکەی نیوەی خاکی عێراقی داگیر کرد و سوپای عێراق تێکشکا.
ئەو نووسەرە هەروەها رایگەیاندووە، کە هەرچەندە سەربەخۆیی لای گەلی کوردستان تاکە رێگایە بۆ سەقامگیری و کاری بۆ دەکەن، بەڵام هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە میانی شەڕی دژی داعش، ”ئەو خەونەی کوردەکانی زیاتر لە راستی نزیک کردەوە“.
مایکڵ پێترۆ لە وتارەکەیدا باسی خەباتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکات، کە لە شاری مەهاباد لە ”کۆماری کەمتەمەنی کوردستان“ لە دایک بووە، رایگەیاندووە، بارزانی پێیوایە هیچ کەس و دەوڵەتێک مافی سەربەخۆیی بە گەلی کوردستان نادات و ”خەونی بارزانیش دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانە“.
ئەو نووسەرە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەهۆی هاوپەیمانیی نزیکی کەنەدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەلی کوردستان هەر بڕیارێک بدات ئەو وڵاتە پشتگیریی دەکات، ”هەرشتێک لە هەرێمی کوردستان بێتە پێشەوە، کەنەدا قبوڵی دەکات“.
پێترۆ ئاماژەی بە هەڵوێستی تۆم کیمیک، پەرلەمانتاری کەنەدا و سەرۆکی کۆمەڵەی هاوڕێیانی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا کردووە و رایگەیاندووە، ”بە ھەندێک مەرج لەوانە پرسیارێکی ڕوونی ڕیفراندۆم بە چاودێریی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ھەروەھا گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا“، کۆمەڵەکەش پشتگیریی لەسەربەخۆیی کوردستان دەکەن، کە ئێستا ”گەشە دەکات“.
8/4/2017
جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، باسی لە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان کرد و ڕای گەیاند کە ئەو بابەتە پەیوەستە بەوەی عێراق لە دوای نەمانی داعش چی پێویستە.
ئەمڕۆ شەممە 8/4/2017، جۆرج بۆستن، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە پەراوێزی کۆنگرەی (عێراق، گەنجان و پێکەوەژیان) کە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ پەیامنێری (باسنیوز)، باسی لە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان کرد و ڕای گەیاند: ”ئێمە پێمان وایە هەر پێشهاتێک دەبێت لەکاتی هاتنەپێشیدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئێمە ئێستا تەرکیزمان لەسەر داهاتووی عێڕاقە لە دوای ڕزگارکردنی ئەو وڵاتە لە تیرۆر، بۆیە هەر جۆرە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە پەیوەستە بەوەی عێراق چی پێویستە لە دوای نەمانی داعش؟“.
لەبارەی پرسیارێکی (باسنیوز) کە ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، جێگری نێردەی یۆنامی لە عێراق ڕای گەیاند: ”ئێستا زووە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، ئەگەر گەیشتینە ئەو قۆناغە، ئەو کات قسەی لەسەر دەکەین“.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردنی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕیفراندۆم دەکرێت.
هاوکات هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە لەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
دواتریش محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان تاڕادەیەک ئامادەیی نیشانداوە سەرپەرشتی ڕیفراندۆم بکات.
8/4/2017
ئەمڕۆ پێنجشەممە رووسیا رۆژئاوای قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و لەو بڕوایەشدان کە دەبێت لە داهاتوودا رۆژهەڵاتی قودس بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەیان پابەند دەبێت بە پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە قۆناخی ئیسرائیل-فەڵەستین و دەڵێ هەر لەژێر رۆشنایی ئەو پرەنسیپانەشدا لەوا بڕوایەدان کە دەبێت لە داهاتوودا رۆژهەڵاتی قودس بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین، هەروەک ئێستەش رایدەگەیەنن کە رۆژئاوای قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنن.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەو گرژییانەی ئیسرائیل و فەڵەستین کە ماوەی سێ ساڵە هیچ جۆرە راوێژێکی سیاسییان ئەنجام نەداوە و دۆخەکەش تا دێت خراپتر دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رووسیا چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل لە رێگەی دامەزراندنی دوو دەوڵەتەوە، بە گونجاوترین رێگە دەزانێت بۆ چارەسەری.
7/4/2017
نووری مالیكی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیێنێ، ئامانجی هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سووریا قووڵترە لە بیانووی بەكارهێنانی چەكی کیمیایی کە ئەمەریکا بانگەشەی بۆ دەکات، ئەو بۆردوومانە پەیامێکی روونە بۆ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە.
لە پەیامێكدا نووری مالیکی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەڵێت "ئامانجی بۆردوومانە مووشەکییەکەی ئەمریكا هەر تەنها بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە، بگرە ئەمە پەیامێکە بۆ دەسەڵاتدارە تۆقێنەرەکانی ناوچەکە. دەیەوێت پێیانبڵێت ئێمە بەو پێوەرە مامەڵەتان لەگەڵدا دەکەین و، بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە هەر وڵاتێک پێویستمان بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی نییە".
بەگوتەی مالیکی، بەپێی لۆژیک و یاسا پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی وردە بكرێت تاوەكو بزانرێت کام لایەن چەکی کیمیایی بەکارهێناوە: "بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا و بگرە لیژنەیەکیشی بۆ پێکنەهات، هەر کاتێک دەرکەوت کە لایەنێک ئەو چەکەی بەکارهێناوە، ئەوە پێویستی بە کۆدەنگی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دەستوەردانی سەربازی".
جێگری سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت "بەکارهێنانی هێز لە دژی تیرۆریستان دەکرێت هۆکاری بۆ بهێنییەوە، بەڵام لە دژی وڵاتێک ئەمە کارێکی مەترسیدارە".
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوێستی خۆی راگەیاند. وێڕای ئیدانەكردنی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شارۆچكەی خان شەیخوون و داواكردنی سزادانی بكەران، نیگەرانی لە هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمریكا دەربڕی و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار ناوی برد.
رۆژی سێشەممە 4-4-2017، شارۆچكەی خان شەیخوونی سووریا كە لەژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دایە، بە چەكی كیمیایی بۆردوومانكرا، بەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 500 ی دیكەش برینداربوون، دوای هێرشەكەش راستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ حكومەتی سووریا بەسەرۆكایەتیی بەشار ئەسەد درێژكرا.
وەكو چاوترساندنی حكومەتی سووریاش، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 7-4-2017، ئەمریكا بە 59 مووشەكی تۆماهۆك لە دەریای نێوەڕاستەوە بنكەی سەربازی شعێراتی لە پارێزگای حمس كردە ئامانج و ژمارەیەك فڕۆكەی سەربازیی سووریای تێكشكاند.
8/4/2017