بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، کە پارتی و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ حزبەکانی دیکە لەسەر ئەوە رێککەوتوون، دەبێت لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت.
سەڵاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بڕیارە ئەمساڵ ڕیفراندۆم بکرێت و خەڵکی ئەو ناوچانە دەنگ لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
سەڵاح دەلۆ ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدەن و دواجار دەرەنجامی کۆبوونەوەکان بۆ ھەموو خەڵک ئاشکرا دەکەین، تاوەکو هاووڵاتییان ئاگاداری ئالییەتی کاری هاوبەشی حزبەکان بن.
ئەو سەرکردەیەی پارتی هەروەها رایگەیاند، بڕیاریشە لەسەر ئەم پرسە حکوومەتی عێراق ئاگادار بکرێتەوە و دڵنیاییشی دا لەوەی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەموو ئامادەکارییەکان دەکرێن.
27/4/2017
وەزیری ھەواڵگریی ئیسرائیل هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق دەگرێتە ئەستۆ و رایدەگەیەنێت، کە فڕۆکە جەنگییەکنی ئیسرائیل فڕۆکەخانەکەیان بۆردومان کرد.
یسرائیل کاتس، وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل بە رادیۆی سوپای ئیسرائیلی راگەیاندووە، ”ئیسرائیل لەم رووداوەدا ھەنگاوێکی گونجاوی ناوە بۆ رێگرتن لە گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵڵای لوبنانی.
یسرائیل کاتس جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی رێگا لە هەژموونی ئێران لە سووریا دەگرێت.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 27.4.2017 بەهۆی بۆردومانەوە، پێنج تەقینەوەی لە کۆگاکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی دیمەشق روویان دا و بەهۆیانەوە بۆریی گواستنەوەی گازیش بۆ وێستگەی کارەبای دیمەشق، ئاگری گرتووە.
27/4/2017
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە نابێ هەڕەشەی چەکدارە بیانییە گەڕاوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە کەم سەیر بکرێت.
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی رایگەیاندووە، سرووشتی شەڕی داعش گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەو شەڕە لە چەکدارییەوە دەگۆڕدرێت بۆ شەڕی ھەواڵگری.
مەسرور بارزانی پێیوایە شکستی سەربازیی داعش و لەدەستدانی ناوچەی زیاتر، وادەکات چیدیکە چەکداری بیانی نەتوانن خۆیان بگەیەننە رێکخراوەکە و شەڕەکە لە چەکدارییەوە دەگۆڕێ بۆ شەڕی هەواڵگری.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان گەڕانەوەی چەکدارە بیانییەکان بۆ وڵاتەکانیان بە هەڕەشە دەزانێت و رایدەگەیەنێت، ”نابێ ئەو هەڕەشەیە بە کەم ببینین“.
27/4/2017
کۆشکی سپی کار لەسەر سەپاندنی گەمارۆی نوێ بەسەر سوپای پاسدارانی ئێران دەکات. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دەڵێت، واشنتن دەیەوێ بەشێوازێكی قورستر ئامرازەكانی بەردەستی لەدژی ئێران بەكاربێنێ کە یەک لەوانە فراوانکردنی لیستی ئەو كۆمپانیانەیە بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران گەمارۆیان خراوەتەسەر. ئەندامێکی تیمی دانوستاندنکاری ئەتۆمی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێ لەرێگەی دانانی گەمارۆی زیاتر، ئێران هانبدات دەست لە رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵبگرێت.
كۆشكی سپی سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانێكە بۆ دانانی سزای نوێ لەسەر ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش خەریكی پێداچوونەوەیە بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و گرووپی 5+1، كە دوو ساڵ پێش واژۆكرا.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتێكدا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران پابەندبووە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەتۆمی ڤیەننا.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان کردووە، هەڵسەنگاندن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بکەن و روونی بکەنەوە کە لابردنی سزا ئەتۆمییەكانی ئێران لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بووە یان نا.
رۆژێك پاش راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، "تاران پابەندنەبووە بە روحی رێككەوتنەكەوە". وەک لە لێدوانی رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا دەردەكەوێ، مەبەست لە روحی رێككەوتنەكە، "كەمكردنەوەی جموجۆڵ و چالاكییە تێكدەرانەكانی ئێرانە لە ناوچەكەدا".
بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپی، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێ، بە گۆڤاری فۆرێن پۆلیسی راگەیاندووە، ئەمریكا دەیەوێ بەشێوازێكی قورستر ئامرازەكانی بەردەستی لەدژی ئێران بەكاربێنێ. ئەو دەڵێت یەكێک لە بژارەكان ئەوەیە، لیستی ئەو كۆمپانیانە فراوانتر بكرێ كە بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران گەمارۆیان خراوەتەسەر.
ریچارد نێفیو، كە وەک شارەزای بواری سزاكان لە تیمی دانوستاندنە ئەتۆمییەكانی ئەمریکا بووە، پێیوایە سەپاندنی سزای ئابووریی نوێ دەكرێ ئێران بهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی بۆ ئەوان وا باشترە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكشێنەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریكا، كۆشكی سپی جەختی تەواوی خستووەتە سەر سوپای پاسداران كە لق و پۆپێكی زۆری لە كەرتە ئابووری و پیشەسازییەكانی ئێراندا هەیە. بەرپرسانی كۆشكی سپی تاوتوێی ئەوە دەكەن هەموو سوپای پاسداران بخەنە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە. ئێستا تەنیا سوپای قودس لەو لیستەدایە كە لقی چالاكییە دەرەكییەكانی سوپای پاسدارانە.
یەكێكی دیكە لە بژارەكان كە ئیدارەی ئەمریكا بیری لێكردووەتەوە سزای سەر ئەو كۆمپانیایانە قورستر بكات، كە بازرگانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی سەر بە سوپای پاسداران دەكەن. بەپێی رێوشوێنەكانی ئێستا، ئەگەر سوپای پاسداران لە كۆمپانیایەكدا زیاتر لە 50% پشكی هەبێ، بازرگانیكردن لەگەڵ كۆمپانیاكە سزای بەدواوەیە، بەڵام كۆشكی سپی تاوتوێی ئەوە دەكات ئەو رێژەیە كەمبكاتەوە، بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بتوانێ ئەوە جێبەجێ بكات، دەبێ دەستكاری رێنماییەكانی وەزارەتی خەزێنە بكات.
بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بە "فۆرین پۆلسی"یان راگەیاندووە، ئەگەر ترەمپ بتوانێ ئەو رێژە ستانداردە كەمبكاتەوە، سەتان كۆمپانیای ئێرانی و بیانی کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، دەكەونە لیستی رەشەوە. ئەوەش خواستی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بۆ وەبەرهێنان لە ئێران کەمتر دەکاتەوە.
26/4/2017
ژێردەریاییەکی چەکی ناوەکی (ئەتۆمی)ی ئەمریکا گەیشتە ئاوەکانی کۆریای باشوور، وەک هەوڵێک بۆ دژایەتیکردنی رژێمی کۆریای باکوور.
رۆژی چوارشەممە 26.4.2017، ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردووەتەوە، کە گەیشتنی ژێر دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ ئاوەکانی کۆریای باشوور بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور و رژێمەکەی و بە ”هەڕەشەیەکی راستەوخۆی ئەمریکا“یان داناوە.
پێشتر چاودێران باسیان لەوە دەکرد، کە ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری کارل فینسۆن دەنێرێتە ئاوەکانی کۆریای باشوور، بەڵام لە رووداوێکی چاوەڕوزن نەکراودا، ژێردەریایی یو ئێس ئێس میشیگانی ناردە ناوچەکە، کە چەکی ئەتۆمی هەڵگرتووە.
26/4/2017
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێزەکانی پێشمەرگەی هاوپەیمانی ئەمریکایان بۆردومان کردووە.
ئادریان رانگین گالۆواری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە بۆردومانەکەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ”بەبێ“ ھەماھەنگی ئەمریکا و ھاوپەیمانی دژی رێکخراوتی تیرۆریستی داعش بارەگای پێشمەرگەیان لە چیای شنگال بۆردومان کردووە.
ئادریان رانگین گالۆواری هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی نیگەرانە لەو بۆردومانە و ”ترسەکانمان گەیاندووەتە حکوومەتی تورکیا“.
هەروەها لەبارەی هەمان رووداو، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، کە ”ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای تورکیا لە شنگال ئەنجامیداوە، بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنێک نییە دژی پێشمەرگە“.
رەجەب تەییب ئەردۆغان ئاماژەی بە نیگەرانیی خۆی لە شەهید و برینداربوونی پێشمەرگە کردووە و رایگەیاندووە، ”بە داخەوە ئەو ئەنجامەی لێکەوتەوە، کە بووەتە مایەی نیگەرانیی ئێمە“.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25.4.2017، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەسەر چیای شنگال بۆردومان کرد و بارەگایەکی پێشمەرگەش کەوتە بەر بۆردومـانەکە.
دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رزگار کرایەوە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە سنووری شارەکە جێگیر بوون.
26/4/2017
لەبارەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شنگال، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بۆردومانەکە چاوەڕوان نەکراو بوو.
بە پێی ھەواڵێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمەریکی، مەسرور بارزانی ڕای گەیاندووە کە ھێرشەکەی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر چیای شنگال، چاوەڕوان نەکراو بووە و یەکەمجارە سوپای تورکیا شنگال بۆردومان دەکات، پێشتر تەنیا ناوچە سنوورییەکانیان بۆردومان کردووە، بۆیە داوای ڕوونکردنەوەیان لە تورکیا کردووە.
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھیواشی خواستووە کە ھێرشەکە بە ھەڵە بوو بێت بۆ سەر پێشمەرگە و ئاماژەی بەوە داوە: ”تا ئێستا تورکیا ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی بە ئێمە نەداوە“.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 25/4/2017، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان لەسەر چیای شنگال بۆردومان کرد و دوو ڕۆکێتیش بەر بارەگایەکی پێشمەرگەکانی لیوای تایبەتیی 2 کەوتن و بەو ھۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
26/4/2017
مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رای دەگەیەنێ، پارتی لە ھەموو لایەنێک بەپەرۆشتر و جدیترە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێویست ناکات ھیچ لایەنێک موزایەدە بەم پرسەوە بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە ھەفتەنامەی (باس)دا، مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رای گەیاند: ”پێویست ناکات ھیچ لایەنێک موزایەدە بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە بکات و پارتی لە ھەموو لایەنێک بەپەرۆشترە بۆ ئەم پرسە“.
روونیشی کردەوە: ”پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو لایەنەکانی دیکە کورسیی زیاترە لە پەرلەمانی کوردستاندا و لە ھەموو لایەکیش زیاتر لایەنگری کاراکردنەوەی پەرلەمانێکی تەندروست و کارایە کە لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بێت، بەڵام دیارە بۆچوونی جیاواز لە چۆنیەتیی کاراکردنەوەی پەرلەماندا ھەیە“.
مەسرور بارزانی راشی گەیاند: ”ئەگەر مەبەست کاراکردنەوەی پەرلەمانێک بێت کە لە خزمەتی گەل و نیشتمان و پرۆسە گرنگ و ستراتیجییەکانی ھەرێمی کوردستاندا بێ، ئەوا چەندین پێشنیار ھەن کە پێویستیان بە تاوتوێکردن ھەیە و پێمان وایە بە ھەموو لایەکمان دەتوانین بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت، بێگومان ئەوەش جیاوازە لە چارەسەرکردنی کێشە حزبییەکان کە لەسەر حسابی پەرلەمان و پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان، لایەنێکی دیاریکراو رازی بکرێت“.
مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی ئەو لێدوانەیدا گوتیشی: ”ئێمەش وەکوو پارتی، ھەمیشە داکۆکیمان لە موئەسەساتی یاسایی و دیموکراتی کردووە، تەنیا جیاوازیی ئێمە ئەوەیە کە پارتی پیێ باش نییە ئەم موئەسەساتانە بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی یان شەخسی بەکار بێن و لە کۆبوونەوەکانیشماندا لەنێو خۆمان و لەگەڵ لایەنەکانیشدا، بەڕاشکاوی باسی ئەم بابەتەمان کردووە“.
25/4/2017
دادوەرێک نهێنییەکانی پێش و دوای لەسێدارەدانی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراقی ئاشکرا دەکات.
مونیر حەداد، دادوەری ددگاییکردنی سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراق بە کەناڵی (ئەلعەرەبییە)ی راگەیاندووە، کە ئەمرکییەکان هەوڵیان دەدا بڕیاری لەسێدارەدانی سەدام 14 رۆژ دوابخرێت.
مونیر حەداد هەروەها رایگەیاندووە، کە موعەمەر قەزافی، سەرۆکی ئەوکاتی لیبیا هەوڵی دا بەرتیل بداتە پاسەوانە ئەمریکییەکان و سەدام حوسێنی بۆ بڕفێنن، بەلام دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی بەبێ زانیاریی ئەمریکییەکان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
ئەو دادوەرە هۆکاری لە سێدارەدانی لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، کە دادگا دڵنیا بوو لەوەی ئەگەر سزاکە جێبەجێ نەکرێ، ئەوا سەدام حوسێن لە زیندا نامێنیتەوە و دەڕفێندرێت.
مونیر حەداد ئاماژەی بە گفتوگۆیەکی خۆی و سەدام حوسێن بەر لە لەسێدارەدانی کردووە و رایگەیاندووە، کە پێش لە سێدارەدانی، کە ژمارەی ریزبەندیی لەسێدارەدانی 64 بوو، پێی گوتووە وەستیەکەی بداتێ، سەدامیش وەسیەتەکەی داوەتێ و گوتویەتی ”بژی کوڕەکەم“.
ئەو دادوەرە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی عێراق ”بە شێوەیەکی سەرەتایی“ رازی بوو بە لەسێدارەدانی سەدام حوسێن.
سەدام حوسێن لە ساڵی 1979ـەوە تا رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 بە دڕندانەترین و دیکتاتۆرترین شێوە حوکمڕانیی عێراقی کرد و لە رۆژی 30.12.2006 لە سێدارە درا.
25/4/2017
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کارێکی نوێ دەکات و لە زانکۆی شیکاگۆوە ئاشکرای کرد.
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لاوانی سەرکردە لە زانکۆی شیکاگۆ، رایگەیاند، کە ژمارەیەک کار هەبوون بۆ ئەوەی بیکات، بەڵام ”وەبەرهێنانم لە پێگەیاندنی نەوەی نوێی سەرکردە هەڵبژارد".
باراک ئۆباما هەروەها رایگەیاند، ژمارەیەکی کەمی ئەمریکییەکان بەشداریی کاری سیاسی دەکەن، ”باشترین نموونەش“ی بە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێناوەتەوە، کە خەڵک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی سیاسیی ئەمریکا، دەنگی نەدا.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێیوایە ”تەنیا“ گەنجان دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، کە بەردەوام بوونەتە هۆی ”گەشبینیم“، هەرچەند کارەکانیش بەوشێوەیە نەڕۆن، کە ”من دەمەوێ“.
رۆژی دووشەممە 24.4.2017، باراک ئۆباما کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ گەنجانی سەرکردەی ئەمریکا لە زانکۆی شیکاگۆ لە ساوس ساید لە ویلایەتی شیکاگۆ ئەنجام دا، کە لەو زانکۆیە یاسای دەستووری خوێندووە.
ئۆباما، کە دوو خوول و لە ماوەی ساڵانی (2009 - 2017) سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە ویلایەتی شیکاگۆ دەستی بە کاری سیاسی کرد و کۆتا وتاریشی وەک سەرۆک، لەو ویلایەتە پێشکەش کرد.
25/4/2017
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ یەکەم جار، بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری شنگال بۆردومان دەکەن.
پەیجی دژەتیرۆری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، کە بۆردومانەکە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25.4.2017 ئەنجام دراوە و تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزاندراون.
یەکەم جارە سوپای تورکیا بارەگاکانی ئەو حزبە لە سنووری شنگال بۆردومان بکات، پێشتر تەنیا بارەگاکانیان، کە لە سنووری قەندیل و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بوون، بۆردومان دەکران.
دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال و دەوروبەری لەلایەن هێزی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2015، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە لە ناوچەکە جێگیر بوون و بەردەوام کێشە بۆ هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دروست دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
25/4/2017
رووبەڕوو بوونەوەی تەلەڤزیۆنی لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی ئێران قەدەغە دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، قەدەغەکردنی رووبەڕوو بوونەوەی تەلەڤزیۆنی لە نێوان کاندیدەکان بۆ پاراستنی نهێنییەکان حکوومەت و سیستەمی حوکمڕانیی ئێرانە، نەوەک کاندیدەکان لە دژی یەکتر، ئاشکرایان بکەن.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی، کە لایەنی بەرپرسی رێکخستنی هەڵبژاردن و ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێرانە، تەنیا سێ رووبەڕوو بوونەوەی لە ماوەی سێ هەفتەی پێش هەڵبژاردن لە رۆژانی هەینیدا، بۆ کاندیدەکان ساز دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆ تەوەری سێ رووبەڕوو بوونەوەکەی دیاری کردووە، کە بریتین لە کەیسە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسی و ئابوورییەکان و نابێ زیان بە رژێمی حوکمڕانیی بگەیەنن.
هەروەها رەحمان فەزلی، وەزیری ناوخۆ رایگەیاندبوو، کە بڕیاری گواستنەوەی راستەوخۆی رووبەڕوو بوونەوەی تەلەڤزیۆنیی کانیدەکان ”هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی“ و رێگای پێ نادەن.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران لە رۆژی 19.5.2017 بە بەشداریی شەش کاندید بەڕێوە دەچێت، کە بریتین لە، حەسەن رۆحانی، ئیبراهیم رەئیسی، محمەد باقر قالیباف، ئیسحاق جەهانگیری، مستەفا هاشمی تەبا و مستەفا مێرسەلیم.
24/4/2017
دوێنێ یەکشەممە گرووپێک لە شاخەوانانی شاری سەردەشت بە بۆنەی ڕێزلێنان لە شەهیدان و یادی 43 ساڵەی بوردومانی شاری قەڵادزێ، بە پێ و لە چالاکیەکدا گەیشتنە قەڵادزێ و ئەمڕۆ لە بۆنەکانی ئەو یادەدا بەشداری دەکەن.
بەپێی وێنەیەک کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، ئەو گرووپە شاخەوانییە ئەمڕۆ دووشەممە 2017/4/24 گەیشتوونەتە قەڵادزێ و ئامانجیان لەم چالاکییە و سەفەر بۆ قەڵادزێ، ڕێزلێنان لە یادی شەهیدانی بوردمانی ساڵی 1974ی قەڵادزێ و بەشداریکردنە لە بۆنە و یادەکانی تایبەت بە کارەساتی قەڵادزێیە.
چالاکوانانی مەدەنی، فەرهەنگی و وەرزشیی شاری سەردەشت هەموو ساڵێک لە یادی بوردومانی کیمیاویی هەڵەبجە و بوردومانی قەڵادزێ و بۆنە نەتەوەییەکانی دیکەی باشووری کوردستاندا بە گەرمی بەشداری دەکەن.
ڕێکەوتی 1974/4/24 و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا حەوت فڕۆکەی سۆخۆی حکوومەتی بەعس شاری قەلادزێ و بەتایبەت زانکۆی سلێمانیان لەو شارە بوردومان کرد کە تێیدا 467 کەس کە زۆربەیان خوێندکار و مامۆستا بوون شەهید و دەیان کەسی دیکەش بریندار و شارەکە بەتەواوەتی ڕووخێندرا.
24/4/2017
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل یەکێک لە بنکەکانی سوپای سووریایان لە گوندی (نەبع ئەلفوار) لە دەوروبەری پارێزگای (قەنیترە) کردووەتەوە ئامانج.
بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، لەم هێرشەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا، کە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2017/4/23 ڕووی داوە، سێ سەربازی سوپای سووریا کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم بنکەیە لە حاڵێک دایە، کە ڕۆژی هەینیی ڕابردووش لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی دیکەی سوپای سووریا.
بەرپرسێکی سوپای سووریا بە هەواڵدەریی ئاڵمانیای گوتووە کە ئیسرائیل بە دوو مووشەکی ئەنبارێکی چەک و تەقەمەنیی سوپای سووریای کردووەتە یامانج، هاوکات ڕۆژی هەینیش دوو ناوەندی سوپای سووریای لە شاری (ئەلبەعس) لە پارێزگای (قەنیترە)ی بە سێ مووشەک کردە ئامانج.
23/4/2017
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ھەندێک حزبی دیکەی عێراق سەردانی بارزانی دەکەن و سێ پرۆژەیان ھەیە و دەیانەوێت کورد بەو سێ پرۆژەیە رازی بکەن.
د.عەرەفات کەرەم، لەم بارەوە بۆ (باسنیوز) گوتی: "دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، پرۆژەیەکیان ھەیە بەناوی زۆرینەی سیاسی کە دەیانەوێت سەرکردایەتیی کورد بەو پرۆژە رازی بکەن، ئەگەر نا دەیانەوێت چەند حزبێکی کوردستان رازی بکەن، ئەم زۆرینە سیاسییە بەلای کوردەوە قبوڵ کراو نییە، چونکە بەسەر کوردا ھاتووە و وەک تۆڵەی سیاسی بەکاریان ھێناوە، ھاوکات سەدرییەکان پرۆژەیەکیان ھەیە ئەویش ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانە و ئێستا لەو پرۆژەیەیان ئالیەتێکیان داناوە لە دەرەوەی کۆمسیۆنی شەرعیەت بە دەزگایەکی دیکە بدەن بۆ ھەڵبژاردن و دەیانەوێت سەرکردایەتی کورد رازی بکەن".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕاشیگەیاند "ھاوکات ھەڵوەشاندنەوەی زۆرینەی سیاسی و لادانی نووری مالیکی، پرۆژەی سێییەمە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات ئەویش کۆکردنەوەی سەرجەم حزبەکانی عێراق لە چەند ھاوپیەمانییەتیەک و پرۆژەی ئاشتەوایی نەتەوەیی لە عێراق کە ھەر سێ پرۆژەکە ئاراستەی کراون و لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان باس کراون، جگە لە پرۆژەکەی نووری مالیکی نەبێت کە دەیەوێت لە رێگای حزبەوە ئەوە بکات".
ئەوەشی خستەڕوو: "تا ئێستا سەرکردایەتیی کورد ھیچ بڕیارێکی لەو بارەوە نەداوە و دەبێ کورد بە فەرمی بڕیاری خۆی لەو بارەوە بدات".
24/4/2017