لە یەكەم كاردانەوەی فەرمیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند كە وڵاتەكە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانە و دەڵێ نابێ كورد دژایەتی سەروەری و یەكێتیی خاكی عێراق بكات.
رۆژی دووشەممە بەهرام قاسمی گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی كورد لە دەستووری عێراقدا مافی خۆیان پێدراوە، نابێ دژایەتی سەروەری و یەكێتی خاكی عێراق بكەن.
دوێنێ قاسمی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لەبارەی پرسی ریفراندۆمی كوردستاندا گوتوویەتی ئەمە بابەتێكی نوێ نیە، هاوكات ئاماژەی بەوە داوە كە كورد بەشێكی گرنگن لە پێكهاتەی عێراق، نابێ یەكێتی خاكی عێراق رەت بكەنەوە.
دووپاتیشی كردەوە "بێگومان ئێمە پشتیوانی لە یەكێتی خاكی عێراق دەكەین، دژی هەر دابەشكردن و جیابوونەوەیەكین. پێشبینیش دەكەم تا ئەو بابەتە بەدی دێت، مەودایەكی بێ كۆتایی هەیە، ئەمەش بە هۆی ناكۆكی لە بۆچوونەكانی كورد و ناوچەكەش".
پێشتر فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتبووی "ئێمە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، جگە لە گەلی كوردستان، پرس بە هیچ كەسێك ناكەین".
2/5/2017
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە کرێکاران، بە پێویستی زانی کە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی باشترکردنی باری گوزەرانی کرێکاران هەنگاو بنێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی کرێکار و جەژنی کرێکارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەموو کرێکارانی کوردستان و سەندیکای کرێکارانی کوردستان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی کرێکاران دەکەم“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە كرێکاران چینی زەحمەتکێش و ماندووی وڵاتن، ڕۆڵی کاریگەریان لە پێشکەوتنی ئابووریی کۆمەڵگە و دابینکردنی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتییاندا ھەیە، ”دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونیان دەکەم“.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی ئەوەی دووپات کردووەتەوە: ”ڕێزگرتنی مافی کرێکاران و باشترکردنی باری گوزەرانیان و رەچاوکردنی دادپەروەری، ئاماژەن بۆ گەشەسەندنی مرۆیی و ئابووری و پێویستە کوردستان لەو ئاراستەیەدا ھەنگاو بنێت“. هاوکات ھیوای شادی و بەختەوەری بۆ کرێکاران خواستووە.
1/5/2017
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار و 544 حاڵەتی پێشێلکاریی مافی کرێکاران لە کوردستان تۆمار کراوە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی (هەنگاو) لە 1ی مانگی مەی 2016ی زایینییەوە هەتا 1ی مانگی مەی 2017، (١١ی بانەمەڕی ١٣٩۵ هەتا ١١ی بانەمەڕی ٩۶) بە گشتی ٣۵۴۴ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی کرێکاران لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون.
کرێکاری
ــ بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو، لە یەک ساڵی ڕابردوودا 73 حاڵەتی مەرگی کرێکارانی بیناسازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.
ــ لەم ساڵەدا 82 حاڵەتی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە.
ــ لە سەرەتای مانگی مەی ٢٠١۶ هەتا ١ی مای ٢٠١٧، زیاتر لە ٣١٧٠ کرێکاری کورد لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە لەسەر کارەکانیان دەر کراون
چالاکوانانی کرێکاری
ــ بەپێی ئامارەکانی هەمان ماڵپەڕ، لە 1ی مانگی مەی ساڵی 2016ەوە هەتا ئەمڕۆ 2017/5/1 بەگشتی 22 چالاکوانی کرێکاریی کورد لەلایەن ناوەندی ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ــ لەو ماوەیەدا 33 چالاکوانی کرێکاری بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران و لێپێچینەوەیان لێ کراوە.
ــ لەو ماوەیەدا 7 چالاکی کرێکاری بە گشتی 66 مانگی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.
کۆڵبەران و کاسبکاران
ــ بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ماڵپەڕی هەنگاو، لە یەک ساڵی ڕابردوودا بەگشتی 74 کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە کەلە کۆی ئەو ڕێژەیە 50 حاڵەتیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی سەر سنووری حکوومەتی ئێران بووە.
ــ لە ماوەی یەک ساڵدا 83 کۆڵبەری کورد بریندار بوون کە 57 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون و 26 کەسیشیان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانەوە بووە.
باسنیوز: ئەرسەلان یارئەحمەدی
1/5/2017
گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە سوپای پاسدارانی ئێران دەیان بارەگای سەربازیی لە ناوچە جیاوازەکانی بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵ کردووەتەوە.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، سوپای پاسدارانی ئێران پشتگیریی نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەکات.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاندووە، کە نوری مالیکی هەوڵ دەدات ژمارەیەک کەسایەتیی عەشیرەتە سوننەکانی نەینەوا بۆ ناو ئیئتیلافەکەی پەلکێش بکات، تاوەکو زۆرترین کورسییەکانی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکات و مووسڵ بەرەو ”بەشیعەبوون“ ببات.
گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا ئاشکرای کردووە، کە سوپای پاسداران ”دەیان بارەگای لە ناو مووسڵ کردووەتەوە، کە هێزی پڕچەک و ئامادەی تێدا جێگیر کردوون“.
ئەو شێخە عەرەبە پێیوایە ئێران لە رێی نوری مالیکییەوە ”هەوڵی بەشیعەکردنی مووسڵ دەدات، عەرەبە سوننەکان بەش بەش دەکات و دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات“.
1/5/2017
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو شانە تیرۆریستییەی راگەیاند، کە هەوڵیان دابوو کردەی تیرۆریستی لە مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلام ئەنجام بدەن.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی (واس)ی سعودی، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە 46 کەسی دەستگیر کردووە، کە 32 کەسیان هاووڵاتیی سعودیەن و 14شیان هاووڵاتیی پاکستان، یەمەن، ئەفغانستان، میسر، ئوردن و سوودانن و ئەندامی شانە تیرۆریستییەکەن.
ئەو شانە تیرۆریستییە فەرمانی لە سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەردەگرت و بە نیازبوون لەرێی خۆکوژێکەوە مزگەوت و مەزاری محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای پێغەمبەری ئیسلام بکەنە ئامانج.
هەروەک وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاندووە، ئەو کەسە توندڕەوانە چەندین جۆر چەک و تەقەمەنییان پێگیراوە و پلانی کردەی تیرۆریستیی فراوانیان لە وڵاتەکە دانابوو.
رۆژی 4.7.2016، خۆکوژێک هەوڵید ا خۆی بگەیەنێت ناو مزگەوتی پێغەمبەر و لە کاتی پشکنینیدا لەلایەن پۆلیسەوە، خۆی تەقاندەوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار پۆلیسی سعودی.
مزگەوت و مەزاری پێغەمبەری ئیسلام یەکێکە لە شوێنە هەرە پیرۆزەکانی موسڵمانان.
1/5/2017
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێکی گەنجی خەڵکی مەریوان دوێنێ شەممە بەهۆی گرفتی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو) بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 2017/4/29 ژنێکی خەڵکی مەریوان بەناوی (دنیا دادگوستەر) تەمەن 22 ساڵ بەهۆی کێشەی خیزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو ژنە گەنجە لە گەڕەکی (مووسک)ی شاری مەریوان لە ماڵی باوکی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی (هەنگاو) لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە واتە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 12 ژن و کچ بە هۆکاری جیاجیا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
30/4/2017
ئەو سەربازە ئەمریکییەی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەی کوشت، چۆنێتیی کوشتنەکە دەگێڕێتەوە.
رۆبێرت ئۆنێلی تەمەن 41 ساڵ، لە کتێبێکدا، کە بە ناونیشانی (The Operator)، باسی چۆنێتی هێرشکردنە سەر بارەگاکەی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی پێشووی قاعیدە دەکات.
رۆبێرت ئۆنێل رایگەیاندووە، کە هێزەکەیان بەرەو بارەگا سێ نهۆمییەکەی ئوسامە بن لادن چوون و ”لە کاتی سەرکەوتنمان بۆ نهۆمی دووەم، شەڕێکی سەخت دەستی پێ کرد و خالیدی کوڕی، تەقەیەکی زۆری کرد“.
ئەو سەربازە باسی ئەو ساتەشی کردووە، کە بەرەو نهۆمی سێیەم و شوێنی مانەوەی ئوسامە بن لادن چووە و رایگەیاندووە، ”چووینە ژووری نووستنی بن لادن و دوو ژن لەوێ بوون، هەردوکمان کوشتن، چونکە ترسمان هەبوو خۆیان بتەقێننەوە“.
هەروەک رۆبێرت ئۆنێل باسی کردووە، دواتر ئەو و چەند سەربازێکی دیکە چوونەتە ژوورێکی تاریک و ”گوللەیەکم بە سەرییەوە نا و سەریم کردە دوو لەت، دواتر گوللەیەکی دیکەم لە سەری دا، بۆ دڵنیابوون لە کوژرانی“.
رۆژی 2.5.2011، هێزێکی تایبەتی ئەمریکی پێکهاتوو لە 25 سەرباز، بە هەماهەنگیی دەزگای هەواڵگریی پاکستان، هەڵیان کوتایە سەر بارەگایەک لە ناوچەی ئەبیەت ئاباد لە پاکستان و لە ئۆپەراسیۆنێکی 40 خولەکیدا، ئوسامە بن لادنیان کوشت و تەرمەکەیان برد.
30/4/2017
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە لە کۆبانێ تێپەڕ دەبێت دەڵێت: "لەم یادەدا گرنگە پەیامێک بدرێت بە پەکەکە کە چۆن پێشمەرگە کشایەوە ئەوانیش بکشێنەوە".
سالار محەمەد، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ (باسنیوز) گوتی: "دوو ساڵ بەسەر کۆتایی ئەرکی پێشمەر لە کۆبانێ تەواو دەبێت و لەو کاتەی کە گەڕانەوە بۆ کوردستان ئەرکیان لە ڕۆژئاوای کوردستان تەواو ببوو و نەبوونە گرفت بۆ ناوچەکە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی چەند ساڵە پەکەکە دەستی بەسەر بەشێک لە شنگالدا گرتووە و نایەوێت چۆڵی بکات و چەندین جار ئاگادارمان کردەوە و سەودی نەبووە، ئێستاش ئەمریکا لەسەر خەتە و پێیان خۆش نییە و لەگەڵ ئەوە نین کە گرفت لە شنگال و هەرێمی کوردستان دروست ببێت، بۆیە دەبێ پەکەکە لە پەیامی ئەمریکاش تێبگات و نەبێتە گرفت لە شارەکە".
ئەوەشی خستەڕوو، "دەبوو پەکەکە بەبێ داواکاریی ئێمە شنگالیان چۆڵ بکردبایە، چونکە ناکرێت هێزێک هەموو لایەک داوای چۆڵکردنی شارێی لێ بکات و بشمێنێتەوە".
30/4/2017
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران رایگەیاند ، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئێران بە گۆڕانی سەرۆکەکان ناگۆڕین و پێویستە پەیوەندییەکانی نێوانمان بپارێزێت.
رووسیا و ئێران لەسەر چەند پرسێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی پرسی سووریا هاوپەیمانییەتییەکی زۆر بەهێز لە نێواندا هەیە و پەرلەمانتارێکی رووسیاش دەڵێ ئێران بۆ رووسیا وڵاتێکی گرنگە.
رووسیا بەوردی چاودێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دەکات ، ئاگادارە لە هەنگاوەکانی چوون بەرەو ئەو پرۆسەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەوڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "بۆچوونی رووسیا ئەوەیە کە لەهەر بارێکدا و هەرکەسێک ببێتە سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندیەکانی رووسیا و ئێران هەر لەو ئاستە باڵایەدا دەمێننەوە"
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، دەڵێت: "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ئێران بەدڵنیاییەوە تەنیا مافی تایبەتی گەلی ئێرانە، ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانە کاردەکەین کە دێنە سەر دەسەڵات لە ئێران و رایدەگەیەنین کە پەیوەندی دوولایەنەی نێوانمان پێویستە بپارێزرێت بەشێوەیەکی هاوسەنگ و بەقەد ئەو مێژووەی کە ئێمە لەپەیوەندی دوولایەنەدا هەمانە، ئێمە لەگەڵ ئێران گفتوگۆی دوولایەنە و هەماهەنگی زۆر باشمان هەیە لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان و هەرێمییەکان".
ئێران و رووسیا ئێستا هاوپەیمانییەتییەکی زۆر بەهێز لە نێوانیاندا هەیە لەسەر پرسە هەستیارەکانی جیهان ، بەتایبەت قەیرانی سوریا ، رووسیا و ئێرانی زیاتر بەیەکەوە بەستووەتەوە بۆیە داهاتووی سیاسیی ئێران بۆ رووسەکان گرنگە.
ڤلادیمیر جەبارۆڤ، ئەندامی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ، دەڵێت : "ئێران بۆ ئێمە گرنگە ، بۆنمونە ئێمە لەپشتی ئەو هاوپەیمانییەتییەی کەلەگەڵ ئێران هەمانە سەبارەت بە سووریا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ هیچ کەسێک ناکەین هەر وەک ئەوەی کە بەبێ حکومڕان و دەسەڵاتی سووریاش هیچ رێککەوتنێک ناکەین سەبارەت بەو وڵاتە".
29/4/2017
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی ئەو حزبە بەڕێوە دەچێت.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) کە لە سەرچاوەیەکی ناو سەرکردایەتیی یەکێتییەوە دەستی کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات سەرچاوەکە ئەوەی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، حاکم قادر حەمەجان وەک گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی دەست نیشان بکرێت.
29/4/2017
ڕۆژی پێنجشەممە 2017/4/27 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن سەبارەت بە کێشەکانی گەلی کورد و بارودۆخی ئاوارەکان لە عێراق و سووریا و تورکیا یەکەمین کۆنگرە ساز کرا.
سەرەتا سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان - ژاپۆنی وتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و مەبەستی کۆنگرەکەی بۆ ئامادەبوان ڕوون کردەوە کە دەیانەوێت دۆستایەتیی هەر دوو نەتەوەی ژاپۆن و کورد پێش بخەن و هاوکار بن بۆ چارەسەریی کێشەکانی کورد.
پاشان عەبدوڵا حاجی مەحموود سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتەیەکدا سڵاوی پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی گەیاندە گەلی ژاپۆن و باسی لە گرنگی کۆنگرەکە کرد و سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپنی کرد.
ئەو پەرلەمانتارە کورد ئاماژەی کرد بەو ڕاپۆرتەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان ئامادەیان کردووە و داوای کرد هەرچی زووە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیە بکرێت.
دواتر ڕاپۆرتێک لەلایەن دکتۆر فەرسەد سۆفی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێی داتاشۆوە خوێندنەوەی بۆ کرا کە پێکهاتبوو لە چەند تەوەرێک لهوانە: مێژووی گهلی كوردستان و شۆڕشەکانی کورد و تاوانەکانی بەعس و به نێودهوڵهتیكردنی ئهو تاوانانهی بهرامبهر نەتەوەی كورد كراون و شەڕی داعش و نەبەردییەکانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پێکەوەژیان و سیستەمی سیاسی و هەڵبژاردن و چاکسازی و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و ئاوارەکان و کێشەکانی هەرێم و بەغدا و کێشەکانی ناوچەکە و مافی چارەی خۆنووسین و ئەنجامدانی ڕاپرسی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و و
وڵاتی یابان و ڕاسپاردەو داواکارییەکان."
دوابەدوای ئەوە ڕاپۆرتێک لەلایەن مەحمود ئۆغرۆک ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی هەدەپە و ئیبراهیم گەنج ڕاوێژکاری هەدەپە لەسەر دۆخی کورستانی باکوور پێشکەش کرا.
پاشان هەدیە یووسف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنەری سیستمی فیدرالی دیموکراتی رۆژئاوا و ئەڤین سوێد گوتەبێژی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوا و مستەفا موتابخت سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی دیموکراتی کوردی سووریا، ڕاپۆرتێکیان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەش کرد.
هەر لە کۆنگرەکەدا ڕەفیق غەفوور ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کەنەکە، ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕەوەندی کورد و کوردانی تاراوگە پێشکەش کرد.
لە سەرجەم ڕاپۆرتەکاندا جەخت لەسەر دۆستایەتیی گەلی ژاپۆنی و گەلی کورد کرایەوە و داوا کرا کە پشتگیری لە هەنگاوەكانی گەلی كورد بكرێت بۆ مافی چارەی خۆنووسین و ڕاسپارەدەی سەرجەم ڕاپۆرتەکان درانە دەست لایەنی پەیوەندیداری وڵاتی ژاپۆن.
لە کۆتاییدا کۆنگرەکە بە چەند چالاکییەکی هونەریی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
شایەنی باسە کۆنگرەکە لەلایەن هاوبەندی دۆستایەتیی ژاپۆن ـ کوردستان بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان - ژاپۆنی و کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ژاپۆن ـ کوردستان و هاوبەندی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریی پەنابەران و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکوومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی ژاپۆن، ساز کرابوو.
ئەمە یەکەمین جارە لە وڵاتی ژاپۆن کۆنگرەیەک لەسەر ئەو ئاستە ساز دەکرێت کە تێیدا شاندی بەشەکانی کوردستان پێکەوە لەسەر کێشەکانی گەلی کورد و پێشهات و بارودۆخی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن.
29/4/2017
29ـی ئەم مانگە، 100 رۆژ بەسەر گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بە کۆشکی سپی تێدەپەڕێت، دۆناڵد ترەمپ لەو ماوەیەدا زۆربەی بڕیارەکانی بە مەڕسوومی کۆماری دەرکردووە.
شۆن سپایسەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی کارنامەی 100 رۆژی یەکەمی دەسەڵاتداری دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند ''زۆر شت ههن ئێمه شانازییان پێوه دهكهین کە ئهنجاممان داون، بۆ نموونه سهیری پرسی كۆچبهری بكه، پهڕینهوهی نایاسایی له سنوور زۆر كهمی كردووەتەوە. سهرۆك ژمارهیهك بڕیاری سهرۆكایهتی واژووكردووه، ئێمه شانازی بهو دهستكهوتانه دهكهین و پێمانوایه بهجێگهیاندنی بهڵێنهكانمانن بۆ خهڵكی ئهمریكا''.
له ماوهی ئهم 100رۆژهدا، دۆناڵد ترهمپ زۆربهی كارهكانی له رێگهی بڕیاری سهرۆكایهتییهوه جێبهجێكردووه، تاوەکو ئێستا هیچ سهركهوتنێكی یاسادانانی به ههماههنگی لهگهڵ كۆنگرێس به دهستنههێناوه.
كریس ههیدن، بهرپرسی پهیوهندییهكانی سهنتهری بهرهوپێشچوونی ئهمریكا دەڵێت ''زۆرێك له بهڵێنهكانی کە لهسهردهمی كامپهینی ههڵبژاردنهكاندا دابووی ناتوانێت جێبهجێیان بكات، چونكه توانای ئهوهی نییه لهگهڵ كۆنگرێس كاربكات بۆ دهركردنی هیچ یاسایهك، ئهو سهرۆكێكه له رێگهی بڕیاره سهرۆكایهتییهكانیهوه حوكم دهكات".
ههندێك له ئهمریكییهكان پێیانوایه بهشێك له كار و ههڵوێستهكانی ترهمپ لهم ماوهیهدا، زیاتر له سهركرده دیكتاتۆرهكانی جیهان دهچێت.
بهڵام خۆشحاڵن كه دیموكراسییهتی وڵاتهكهیان ئهوهنده بههێزه، رێگری له دروستبوونی دیكتاتۆریهت دهكات.
لێكۆڵینهوه بهردهوامهكانی ئێف بی ئای له ماوهی 100رۆژی رابردوودا، یهكێك بووه له كێشه گهورهكان كه رووبهڕووی ئیدارهی ترهمپ بووهتهوه.
لێكۆڵینهوهكانی ئێف بی ئای لهسهر ئهگهری ههبوونی پهیوهندی له نێوان كامپهینی ههڵبژاردنی دۆناڵد ترهمپ و هاوكارهكانی لهگهڵ رووسیا له ماوهی 100 رۆژی رابردوودا، یهكێك بووه له پرسه ههره مشتومڕههڵگرهكانی واشنتن، تهنها بیست و حهوت رۆژ له دوای سوێندخواردنی ترهمپ، مایكڵ فلینی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لهسهر ههمان پرس دهستی لهكاركێشایهوه.
28/4/2017
رووداو-کرماشان
شارەوانی کرماشان بۆ تەواوکردنی پرۆژەی شەمەندەفەری نێوشاری کرماشان گرێبەستێکی بە بڕی 100 ملیار تمەن لەگەڵ قەرارگای خاتەم ئەنبیای، سەربە سوپای پاسدارانی ئێران واژۆ کرد.
ئارەش رەزایی، سەرۆکی شارەوانی کرماشان، دەڵێ: ئەم گرێبەستە چەند رۆژ پێش بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ئێران تاوتوێ کراوە و رۆژی پێنج شەممەش 27-4-2017 دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی کرماشان، چاوەڕوان دەکرێ دوایین قۆناخی پرۆژەی شەمەندەفەری نێوشاری کرماشان تا سێ ساڵی دیکە کۆتایی بە کارەکانی بێت.
ئارەش رەزایی دەڵێ: ترافیکی قورس و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی کرماشان، وایکردووە کە بەکارهێنانی شەمەندەفەر بۆ ناو شاری کرماشان زۆر پێویست بێت.
هێڵی شەمەندەفەری نێوشاری کرماشان ساڵی2007 بڕیاری لەسەر درا. بەڵام ئەم پرۆژەیە بەردەوام بەهۆی کێشەی بودجەوە دوادەکەوت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
28/4/2017
ئیدارەی ترەمپ دەسەڵاتی زیاتر بە وەزارەتی بەرگریی دەدات بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و سووریا.
کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیووە بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پێنتاگۆن بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازی ئەمریکی لە عێراق و سووریا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ئەو دەسەڵاتەی ترەمپ داویەتی بە پێنتاگۆن تەنها عێراق و سووریا دەگرێتەوە و مەبەست لێی هاوکاریکردنی زیاتری هێزە لۆکاڵییەکانی سووریا و عێراقە لە شەڕی داعشدا.
کۆشی سپی ئاماژەی بەوە نەکردووە ئەو بڕیارەی ترەمپ لەسەر داوای وەزیری بەرگریی بووە یان نا. پێنتاگۆنیش رایگەیاندووە جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی هیچ پلانێکی دیاریکراوی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی سەربازی لەو دوو وڵاتەدا.
27/4/2017
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی سکاڵا تۆمارکراوەکانی جەهەپە گوتی: "هیچ دادگایەک ناتوانێت ئەنجامی گشتپرسی بگۆڕێت".
بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی قبوڵنەکردنی ئەنجامی گشتپرسییەکەی 16ی نیسان و سکاڵا تۆمارکراوەکانەوە گوتی: "ئەو گشتپرسییەی کە گەل پەسندی کردووە، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی دایک پەسندی نەکا چ سوودێکی هەیە! هیچ کەسێک مافی گەڕاندنەوەی دەنگی گەلی لە هیچ دادگایەکدا نییە. نە دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، نە دادگای دەستووری و نە هیچ دادگایەکی دیکە. هیچیان ناتوانن بڕیاری گەل بگۆڕن".
یڵدرم لەبارەی ناوزەدکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە دیکتاتۆر گوتی: "ئەمە بێ بەزەییانەیە. لەشوێنێکدا کە دیکتاتۆری لێ بێت هەڵبژاردن دەکرێت؟ پارتی سیاسی دەبێت؟ رێی تێ ناچێت هیچ کەسێک هاوڕای ئەم پروپاگەندانە بێت. چونکە نزیکەی 50 ملیۆن هاووڵاتی چووە سەر سندووق و دەنگیدا و هەڵیبژارد".
رۆژی پێنجشەممە 27-4-2017 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی گشتپرسییەکەی راگەیاند و بڵاویکردەوە: "لە گشتپرسیی 16ی نیسانی 2017دا، 25 ملیۆن و157 هەزار و 463 کەس دەنگیان بە بەڵێ داوە و 23 ملیۆن و 779 هەزار و141 کەس دەنگیان بە نەخێر داوە".
28/4/2017