لە وتارێكیدا كە ئەمڕۆ لە رۆژنامەی (ئەلحەیات)ی عەرەبیدا بە ناونیشانی (سەربەخۆیی كوردستان لە بەرژەوەندیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە) بڵاوی كردووەتەوە، هۆشەنگ ئەوسی نووسەری كورد، ڕەخنە لە وڵاتانی عەرەبی دەگرێ، بەوەی بە نێوی توركیاوە دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەكەن.
هۆشەنگ ئەوسی لە وتارەكەیدا دەڵێ دژایەتیكردنی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە، دژایەتییەكە لەسەر بنەمای دژایەتی توركیا بۆ ئەو دەوڵەتە سەرچاوەی گرتووە. واتە وڵاتانی عەرەبی زۆر جار وا خۆیان پێشان داوە كە لاریان لە دروستبوونی ئەو دەوڵەتە نیە و بە مافی كوردی دەزانن، بەڵام هەمیشە لە دوای ئەو پێشاندانی لاری نەبوونە (لكن)ێك دەڵێن، بەو مانایەی گوایە ئەگەر ئەوانیش (مەبەستی وڵاتە عەرەبیەكانە) دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە كوردیە قبووڵ بكەن، ئەوا توركیا قبووڵی ناكات.
ئەوسی دەنووسێ كورد لە هەرێمی كوردستان ساڵی ١٩٩٢ لە خۆیانەوە هەرێمی فیدراڵیان راگەیاند، كەچی لە دوای رووخانی ڕژێمی سەدام ئەم فیدراڵیە لە دەستوور جێگیر كرا، لەو كاتەوە هەرێمی كوردستان وەكو نیچمە دەوڵەتێك كار دەكات و بەڕێوەدەچێ، لەو كاتەشەوە تا ئێستە هەرێمی كوردستان هیچ هەڕەشەیەكی بۆ سەر توركیا و ئێران نەبووە، وای لە كوردانی ئێران یان كوردانی توركیا نەكردووە داوای جیابوونەوە بكەن، بە پێچەوانەوە ئێستە پەكەكە دژی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتە و دەڵێن ئێمە دیموكراسی بۆ توركیا دێنین و پێویست ناكات كورد لە توركیا جیابێتەوە.
هەروەها لەلایەكی دیكەوە دەڵێ لەو كاتەی هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی رادەگەیەنێ، هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران ئەو نوێنەرایەتی و كۆنسوڵگەیەی لە هەولێر هەیانە، دەیكەن بە باڵوێزخانە و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەسەڵاتی هەولێر بەهێزتر دەكەن. لەبەرئەوەی هەریەك لەوانە بەرژەوەندییەكی ئابووری گەورەیان لەگەڵ هەرێم هەیە، بۆ نموونە قەبارەی بازرگانی توركیا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٢ بلیۆن دۆلارە، ئەم بڕەش لە قەبارەی وەبەرهێنانی توركیا لەگەڵ عێراق زیاترە.
دەشنووسێ ئێستە هەردوو وڵاتی گەورەی عەرەبی، سعوودیە و ئیمارات وەكو هەڕەشە تەماشای كوردستان ناكەن، بە پێچەوانەوە ئیمارات بە قەبارەیەكی گەورە بازرگانی و مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات، هەروەها سعوودیە بەرەو كرانەوەی زیاتر دەچێ بەڕووی كوردان، دواجار میسریش لە هەوڵی نزیكبوونەوەی زیاتردایە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
رۆژ بە رۆژ پشتیوانییەكان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە ناوچەكە زیاتر دەبێت، وای لێ هاتووە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە لە بەرژەوەندی و قازانجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. ئەوانەی دەشڵێن كوردستان دەبێتە ئیسرائیلی دووەم و شین و واوەیلای بۆ دەكەن، بیانووێكی خەیاڵی و بێ مانایان هەیە و لە پێشبینییەكەیان شكستخواردوو دەبێ.
6/5/2017
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەخت لە سەربەخۆیی کوردستان دەکاتەوە وەک مافێکی گەلی کوردستان و لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت: "كورد جگە لە گشتپرسی هیچ رێگەیەكی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە". شاندێکی هەنگاریش دەڵێن: "هەنگاریا لەم كاتەدا گشتپرسی بە باشی دەبینێت بۆ گەلی كورد و کوردستان پێویستی بە دەوڵەتێکی بەهێزە".
بەپێی میدیاکانی یەکێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-5-2017 هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ د.دیژو تاماس پرۆفیسۆر لە بواری شوێنەوارناسی و زانستی سریان لە زانكۆی ئوتڤش لۆراند و شتاینەر تیبۆر راوێژكاری سەربازیی لەكۆنسوڵخانەی هەنگاریا لەهەرێمی كوردستان و وەفدی یاوەری کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی ، ئەمنیی ، ئابووریی ، رەوشی ئاوارەكان و ئەنجامدانی گشتپرسی لەكوردستان تاوتوێكرا.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە دیدارەکەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی لەباشوری كوردستان و ئامادەکارییەکان و چۆنیەتی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی پرۆسەكە گوتی: "سەربەخۆیی مافێكی رەوا و دیموكراتییانەی گەلی كوردستانە و لەو پێناوەشدا یەكێتی لەخەباتی سیاسی و دیموكراسی و ئاشتییانەی بەردەوام دەبێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: "یەكێتی مەبەستیەتی كێشە سیاسی و یاساییەكانی ناوخۆ بەدیالۆگ چارەسەر بكرێ، پێویستیشە، هەنگاوەكان لەپێناو كاراكردنەوەی دەزگا شەرعییەكان و دەستەبەركردنی یەكڕیزی نێوان لایەنەكان جیددی بێت".
هەروەها لە دیدارێکی دیکەدا مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ شاندە هەنگارییەکەدا رایگەیاند: "دەوڵەتی عیراق كرد(96) ساڵە دامەزراوەو كورد سەرجەم حكومەتەكانی تاقیكردۆتەوە، هەر لە پاشایەتی، كۆماریی، ناسیونالیستی، فیدراڵی بەدەسەڵاتی شیعەوە، بەڵام لەكۆی ئەو (96) ساڵە، هێشتا نەتوانراوە عیراق ببێتە نیشتمانێك بۆ هەمووان، كە لەرووی مەدەنییەوە هەموان شانازی پێوە بكەین؟! ".
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە پرسیاری ئەوەی بۆ سریلانكا دەبێت بەیەكێك لەوڵاتە خۆشگوزەرانەكانی جیهان؟ بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گەشە دەكات؟ بۆ مافی گشتپرسی دەدرێت بە سكوتلاند و بە كیوبیكەكان كە چی جیابوونەوە؟ گوتی: "وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە ئەوەیە، كە دیموكراسی هەیە. بەڵام لەعیراق دیموكراسی نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی دیکەی عیراق، كولتوورمان، فەرهەنگمان، سایكۆلۆجییەتمان، مێژوومان و شەهیدەكمانیشمان جیاوازن، ئیتر چۆن دەتوانین پێكەوە بۆ دیموكراسی بژین؟!".
مەلا بەختیار هەروەها لە شاندە هەنگارییەکەی پرسیوە ، ئەوروپا، دەیەوێت كورد لەوە زیاتر بەرگە بگرین؟! وڵاتەكەی ئێوە شەش مانگ بەرگەی ئاوارەكانی نەگرت و ریفراندۆمی بۆ كردن، كە ئایا وەریان بگرێت یان نا؟ بەڵام كورد (96) ساڵە بەرگە دەگرێ، هێشتا ناتوانین ریفراندۆم بكەین؟! .
لە درێژکەی قسەکانیدا لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاندووە: "ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش گرەنتیمان دەدەنێ و خۆیان سەرپەرشتی دەكەن، ئەم وڵاتە دوای (5 یان 10) ساڵی دیکە دەبێت بەدیموكراسی، ئەوا رەنگە كورد واز لەریفراندۆم بهێنێت! بەڵام هەمووان دەزانین نە گرەنتی هەیە و نە ئەم وڵاتەش تازە لەم ساڵانە دەبێ بە دیموكراسی".
تەنیا رێگەی چارەسەر بەگوتەی مەلابەختیار گشتپرسییە ، ئەو دەڵێت: "ئایا دەبێ ئیتر كورد چاوەڕێی قەدەر بكات، یان ئەلتەرناتیڤمان هەبێت؟ چونكە ناتوانین لەبەرامبەر ئەو هەموو كارەساتانەی بەسەرماندا هاتووە، چیتر بەبێ بەرنامە و ستراتیژی چاوەڕێی رووداوەكان بكەین! بۆیە كورد جگە لەریفراندۆم هیچ رێگەیەكی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە".
بەپێی میدیاکانی یەکێتی شاندە هەنگارییەیەکە بە مەلا بەختیار -یان راگەیاندووە: "ئێمە هەستدەكەین ئەم جێگەیەی كە ئێمەی لێین، كە كوردستانە، پێویستی بەدەوڵەتێكی بەهێزە و ئەمەش بۆ هەموومان باشە. چونكە بەدڵنیاییەوە دەتوانێت ئاشتی لەناوچەكە بۆ هەموولایەك بهێنێتەدی، هەروەكو چۆن لەماوەی رابردوودا ئەوەمان بینیوە".
شاندە هەنگارییەکە هەروەها هەڵوێستی وڵاتەکەیان لەبارەی گشتپرسی خستەڕوو و رایانگەیاند: "هەنگاریا لەم كاتەدا گشتپرسی بە باشی دەبینێت بۆ گەلی كورد، چونكە هەمیشە گەڕانەوە بۆ رای گشتی خەڵك، بەگرنگ دەزانین".
5/5/2017
رۆژی شەممەی رابردوو 100 رۆژ بەسەر سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكادا تێپەڕی. لە ساڵی 1933وە، وەكوو نەریتێك 100 رۆژی یەكەمی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا وەكوو پێوەرێك بۆ سەركەوتن و دەستكەوتەكانی سەرۆك دانراوە، هەروەها نیشانە بەراییەكانی پلانی سەرۆكی تێدا بەدی دەكرێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
دەستەواژەی "100 رۆژی یەكەم" بۆ یەكەمجار لە 24ی تەمووزی 1933 داهێنرا، كاتێك فرانكلین رۆزڤێڵت، سی و دووەمین سەرۆكی ئەمریكا، لە پەیامێكی رادیۆییدا ئاماژەی بە كۆبوونەوەی 100 رۆژەی كۆنگرێسی ئەمریكا كرد. دواتر ئەو دەستەواژەیە بۆ 100 رۆژی یەكەمی دەسەڵاتی سەرۆك بەكارهێنرا.
ترەمپ، چل و پێنجەمین سەرۆكی ئەمریكا، رۆژی 20/1/2017 بە ئامادەبوونی 160 هەزار كەس سوێندی سەرۆكایەتی خوارد، لە مێژووی ئەو مەراسیمەدا، ترەمپ بەتەمەنترین و دەوڵەمەندترین كەسە سوێندی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بخوات، تاكە سەرۆكی ئەمریكاشە كە بەر لە وەرگرتنی پۆستەكە هیچ پێشینەیەكی خزمەتی سەربازی یان حكومیی نەبێ.
هەمان رۆژ سەرۆكی نوێی ئەمریكا گوتاری دەستبەكاربوونی خۆیشی پێشكەش كرد كە لە دوای گوتارەكەی جیمی كارتەر، سی و نۆیەمین سەرۆكی ئەمریكا، كورتترین گوتاری دەستبەكاربوونی سەرۆكی ئەمریكا بوو. لە گوتارەكەیدا ترەمپ جەختی لە دروشمی سەرەكیی كاتی كەمپینی هەڵبژاردنەكان كردەوە: "ئەمریكا بەر لە هەموو شتێك". بەڵام ئەوەی لە گوتارەكەی ترەمپدا بەدی نەدەكرا رۆڵی ئەمریكا بوو لە شێوەگیركردنی نەزمی جیهان كە بەشێكی باو لە گوتارەكانی سەرۆكەكانی پێشوو بووە.
جیا لەمە، لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2018دا، ئیدارەی ترەمپ بە رێژەی نزیكەی 30% بودجەی وەزارەتی دەرەوە و هاوكاریی وڵاتانی دەرەوە و هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی كەمكردەوە. لەبەرامبەریشدا بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكای بە بڕی 54 ملیار دۆلار زیاد كرد. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكی، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا بەنیازە بۆ یەكلاكردنەوەی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان پەنا بۆ رێگەچارەی سەربازی بەرێ نەك ئامرازە دیپلۆماسییەكان.
پێشتر ترەمپ بە كەسێكی لایەنگری سیاسەتی "گۆشەگیری" و دژی رێكخراو و پەیماننامە بازرگانی و سەربازییە نێودەوڵەتییەكان لەقەڵەم دەدرا، لەبەر ئەوەی ناتۆی بە پەیماننامەیەكی "بەسەرچوو" لەقەڵەم دەدا، بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەكانی دەدا. سێ رۆژ دوای دەستبەكاربوونی، رێككەوتنی ترانس پاسیفیك (TPP)ی هەڵوەشاندەوە. لە چەندین بۆنەدا گوتبووی ئەمریكا چیدی ناتوانێ خەرجی پاراستنی هاوپەیمانەكانی (لە باڵتیك و رۆژهەڵاتی ئاسیا) بدات، هەڕەشەی ئەوەشی كردبوو كە رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەڵام ئەو دەستپێكە وشك و دوژمنكارانەیە لە یەك مانگی رابردوودا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. چیدی ناتۆ بە رێكخراوێكی "بەسەرچوو" نازانێ، جەختیشی لەسەر هاوكاریكردنی ژاپۆن و كۆریای باشوور كردووەتەوە لە كاتێكدا هەڕەشەكانی كۆریای باكوور روویان لە زیادبوونە، هەروەها ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئەوەی دانوستاندن لەسەر رێككەوتننامەی بازرگانیی ئازادی باكووری ئەمریكا (NAFTA) بكات، لە كاتێكدا پێشتر داوای هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكەی كردبوو.
لەسەر ئاستی وڵاتانیش، ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی پابەندیی خۆی بە سیاسەتی "یەكپارچەیی خاكی چین" پیشانداوە و پێشناچێ ئامادەبێ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران هەڵوەشێنێتەوە. هەرچەندە چاوەڕێی هەنگاوی قورس لەدژی ئێران و رێككەوتنەكەی ڤیەننا دەكرێ.
رووسیا دۆست نییە
لە ماوەی 100 رۆژی یەكەمدا، گەورەترین لادانی ترەمپ لەو دروشمانەدا بەدی دەكرێ كە سەرەتا بەرامبەر رووسیا دەیدان. ترەمپ سەرەتا لەبارەی هەوڵی نزیكبوونەوە لە رووسیا (بە تایبەتیش لە جەنگی دژی تیرۆر و یەكلاكردنەوەی قەیرانی سووریا) پێچەوانەی سیاسەتی باوی ئەمریكا بوو لە یەك دەیەی رابردوودا.
هاڵ براندز، توێژەر لە پەیمانگای كاروباری دەرەوەی زانكۆی هۆپكینگزی ئەمریكی، پێیوایە پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە سیاسەتی نەرم بەرامبەر رووسیا شتێكی ئاساییە، لەبەر ئەوەی "ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ رووسیا گۆڕانێكی رادیكاڵە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا، ئەو جۆرە گۆڕانكارییانەش رووبەڕووی بەربەستی بیرۆكراسی، كۆنگرێس و تەنانەت راوێژكارەكانی ترەمپ خۆی دەبێتەوە". براندز جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە گۆڕانی ئاوازی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ ئەوەی "ترەمپ خەریكە فێردەبێ كە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زۆر كەم دەزانێ".
سەرۆكێكی سەختگیر
لە ئاستی تەكتیكیدا، ترەمپ لە ماوەی سێ مانگ و دە رۆژی رابردوودا هەوڵی داوە وێنەی سەرۆكێكی سەختگیر لەخۆی پیشان بدات، بۆ ئەو مەبەستەش سووریا، ئێران و كۆریای باكووری كردووە بە ئامانجی هەڕەشە و هێرشەكانی خۆی. هەفتەی یەكەمی مانگی نیسان، ئەمریكا 59 مووشەكی ئاراستەی بنكەی سەربازیی شوعەیرات لە رۆژئاوای سووریا كرد، دوای ئەوەی دوو رۆژی پێشتر لە هەمان بنكەوە فڕۆكە رەوانەی شارۆچكەی خان شەیخون لە پارێزگای ئدلیبی سووریا كرابوو. ئەو هێرشە مووشەكییەی ئەمریكا خاڵی وەرچەخانی پەیوەندییەكانی ئیدارەی ترەمپ و كریملین بوو.
لەلایەكی دیكەوە ئیدارەی ترەمپ پێیوایە كە ئێران بەرامبەر "روحی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە" پابەند نەبووە، واتە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە نەبووەتە هۆی ئەوەی هەڕەشەكانی تاران لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كەمتر ببێتەوە. دوو هەفتە لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوە دابوو كە تاران پابەند بووە بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێكی (وۆڵ ستریت جورناڵ)، كۆشكی سپی داوای لە وەزارەتی دەرەوە كردووە نامەكە توندتر بكرێ. جگە لەمە كۆشكی سپی ماوەی 90 رۆژی داناوە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی وڵاتەكەی بەرامبەر ئێران كە بە گوتەی بەرپرسان چاوەڕێ دەكرێ سەپاندنی سزای نوێ و لێكدانەوەی توندتر بۆ مادەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لێبكەوێتەوە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و سیستەمی مووشەكیی كۆریای باكوور، ئەمریكا سیستەمی بەرگریی مووشەكی و كەشتی فڕۆكە هەڵگری جێگیر كردووە، چاوەڕێش دەكرێ ئیدارەی كۆشكی سپی ئامادە بێ سیاسەتێكی ئابووریی نەرمتر بەرامبەر چین بگرێتەبەر، ئەگەر چین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پیۆنگ یانگ یارمەتیی واشنتن بدات.
جەنگی داعش
یەكێك لەو بەڵێنانەی ترەمپ هەتا ئێستاش پابەندە پێوەی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ تێكشاندنی گروپە تیرۆریستییەكانە. بۆ ئەم مەبەستە ترەمپ لە لایەكەوە ژمارەیەكی زۆر فەرماندەی كۆنی سوپای ئەمریكای لە ئیدارەكەی كۆكردووەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە ئازادییەكی زیاتری بە فەرماندەكانی سوپای ئەمریكا لە مەیدانەكانی جەنگ داوە، بۆ ئەوەی بە خێراییەكی زیاتر لە بنكەی رێكخراوە توندڕەوە ئیسلامییەكان بدرێ.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیە، فەرماندەكانی هێزی تایبەتی ئەمریكا دەتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ واشنتن یان بنكە سەربازییە سەرەكییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، داوای هێرشی ئاسمانی بكەن. ژمارەیەك لە رەخنەگران پێیانوایە ئەم گۆڕانكارییە تەنیا ئەگەری ئەوە نایەنێتە ئاراوە كە ژمارەی كوژراوە مەدەنییەكان بەرز ببێتەوە، بەڵكو كاریگەری لەسەر وردبینی هێرشەكانیش دادەنێ.
5/5/2017
باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بانگەشە بۆ ئیمانۆیل ماكرۆن كاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا دەكات و داوا لە فەرەنسیەكان دەكات دەنگی پێبدەن.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بانگەوازی پشتیوانی بۆ ئیمانوێل ماکرۆن کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری فەڕەنسا کرد.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئۆباما ھاوسۆزی خۆی بۆ گەلی فەڕەنسا دەربڕی و رایگەیاند "ھەڵبژاردنەکانی فەرەنسا بۆ ئایندەی فەرەنسا و بەرگریکردن لە بەھاکانی زۆر گرنگە".
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بە کەمپینی ماکرۆن لە ھەڵبژاردنەکان کرد و گوتی "ماکرۆن بەرگری لە بەھاکانی لیبڕاڵ کرد و رۆڵی گرنگی فەرەنسای لە یەکێتی ئەورووپا و گشت جیھان خستەڕوو".
ئۆباما جەختی لەوەش کردەوە کە ماکرۆن لە جیاتی ترسی دەنگدەران ئاماژەی بە ئومێدەکانیان کردووە و گوتیشی "دەمەوێ بزانن کە بۆ بەرەوپێشچوونی ئێوە، من پشتیوانی لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم".
باراک ئۆباما قسەکانی بە دروشمی ماکرۆن کە دەڵێ "بژی فەرەنسا"، کۆتایی پێ ھێنا.
لە خولی یەکەمی ھەڵبژارنی سەرۆکایەتی فەرەنسادا کە لە ٢٣ی نیسان ئەنجام درا، ھیچ یەک لە ١١ پاڵێوراوەکان نەیانتوانی زۆرینەی رەھای دەنگەکان بەدەست بھێنن.
ئیمانۆیل ماکرۆن پاڵێوراوی پارتی رێپێوان، بە بەدەستھێنانی لە سەدا ٢٤.١ دەنگەکان و مارین لو پێن بە بەدەستھێنانی لەسەدا ٢١.٣٠٠ی دەنگەکان لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکاندا کە لە ٧ی ئایاردا بەڕێوە دەچێت، کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری فەڕەنسا.
5/5/2017
بە پێی بڕیاری یەکێک لە دادگاکانی شاری لەندەن کەناڵی ئێرانی Press Tv بە دانی بڕێك پاره بە یەکێک لە پەرلهمانتارەکانی پەرلهمانی ئەو وڵاتە سزا دا.
بە پێی ئەو بڕیاره کەناڵی Press Tvی سەر بە دەنگ و ڕەنگی فەرمیی ئێران، بە دانی بڕی 338 ههزار پاوهند کە دەکاتە 435 هەزار دۆلاری ئەمهریکی سزا دراوە.
ئەو کەناڵە ئێرانییە دوو ساڵ بەر لەئێستا نوێنەریکی کوردی پەرلهمانی بڕیتانیای بە ناوی (نەدیم زەهاوی) بەوە تۆمەتبار کردبوو کە بە هاوکاریی دهوڵهتی ئیسرائیل كاری كڕین و فرۆشتنی نەوتی بۆ داعش کردووە.
نەدیم زەهاوی ئەندامی حیزبی پارێزەرانی بڕیتانیا و ئەندامی پەرلهمانی ئەو وڵاتەیە و خەڵکی باشووری کوردستانە.
هەر چەند ئەو ڕاپۆرتەی Press Tv پاش ساڵێک لە ماڵپەڕەکەیان سڕدرایەوە، بەڵام دهزگاكانی دیكهی ڕاگهیاندن دیکە بەشێوەیکی بەربڵاو ئەو هەواڵەیان ڕووماڵ بڵاوكردهوه.
ڕۆژنامەی گاردیەن چاپی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە Press Tv هەتا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بە نیسبەت ئەو بڕیارەی دادگای لەندەنەوە نەبووە و داکۆکی لەخۆی نەکردووە.
Press Tv یەکەمین کەناڵی فەرمیی ئێرانە کە بە زمانی ئینگلیزی وەشانی خۆی لەساڵی 2014 دەست پێکردووه .
5/5/2017
ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەگەر ھەیە لە مانگی 8ی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکرێت.
د. محەممەد حاجی، ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان داوای لە ھەموو لایەنەکان کردووە، نوێنەری خۆیان بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، زۆرینەی لایەنەکانیش نوێنەری خۆیان دیاری کردووە و ئامادەن نوێنەر دیاری بکەن، تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت کە تا ئێستا ئامادە نییە، بۆیە ڕەنگە تا ھەفتەیەکی دیکەدا ھەموو لایەنەکان نوێنەری خۆیان دیاری بکەن”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیارە ئەمساڵ ڕیفراندۆم بکرێت و “بەپێی پێشبینیی منیش، ڕەنگە لە مانگی 8ی ئەمساڵدا ڕیفراندۆمەکە بکرێت”. ڕوونیشی کردەوە کە باسکردنی ڕیفراندۆم بە شێوەیەکی گەرموگوڕ لەلایەن جەماوەرەوە، نیشانەی ئەوەیە کە جەماوەر بۆ ڕیفراندۆم ئامادەیە و لە ھەندێک شوێن کەمپینیشی بۆ دروست کراوە و تەنیا ئەوە دەمێنێتەوە کە کۆمسیۆن ڕاسپێردرێت و لە ماوەیەکی کەمدا ئامادەکارییەکانی بۆ ئەو مەبەستە تەواو دەکات.
پێشتر ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد کە لەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
ھاوکات مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردنی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەولێر ئەوەی ڕاگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت.
4/5/2017
هەردوو کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، مارین لو پێن و ئیمانوێل ماکرۆن، بەر لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەشداری دیبەیتێکی راستەوخۆیان کرد و تێیدا چەندین تۆمەتیان ئاراستەی یەکدی کرد.
مارین لوپێن هێرشیکردە سەر ماکرۆن و بە "کاندیدی عەولەمەی وەحشیگەر و جەنگ" ناوزەندی کرد.
لوپێن ئاماژەی بەوەکرد، ماکرۆن پیاوی بانکییە و روانینێکی روونی بۆ ئاییندەی فەرەنسا نییە. گوتیشی "کاتێک وەزیری ئابووری بوویت هیچ هەوڵێکت نەدا بۆ باشترکردنی ئابووریی، بەڵکو بە پێچيوانەوە ئابووریی-مان پاشەکشەی کرد".
لوپێن لە دیبەیتەکەدا، کە کە کەناڵێ تی ڤی ئێف 1 پەخشی کرد، باسی لەوەکرد، رکابەرەکەی پلانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر نییە و بێباکە بەرامبەر "پەڕگیری ئیسلامیی"، دووبارەش داواکەی بۆ دەرکردنی سەرجەم ئەو موسڵمانانەی پەیوەندییەکان بە "ئیسلامییە تووندڕەوەکانەوە" هەیە لە فەرەنسا دووپاتکردەوە، هەروەها لێسەندنەوەی رەگەزنامەی فەرەنسی لە هەموو ئەوانەی "رێگەی تووندڕەوی" دەگرنەبەر.
لە بەرامبەردا، ئیمانوێل ماکرۆن سوپاسی لو پێن-ی کرد بۆ هێرشکردنە سەری و گوتی: "تۆ نوێنەرایەتی دیموکراسی کراوە ناکەیت، چاوەڕوانی هیچ شتێکیشم لێ نەکردی"، هەروەها بە "میراتگەری راستەقینەی پارتی راستڕەوی تووندڕەو لە فەرەنسا" ناویبرد.
ماکرۆن روونیشیکردەوە، بڕوای بە فرەیی فەرەنسا هەیە، بەڵام بڕوای بە فەرەنساکەی مارین لوپێن نییە، بەوە تۆمەتباری کرد کە "درۆ" دەکات و "ئەوەش بەسەر گەلی فەرەنسادا تێپەڕ نابێت".
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، لوپێن بەردەوام رەخنە دەگرێت بەبێ ئەوەی پێشنیاز پێشکەش بکات.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسادا، ماکرۆن پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و رێژەی 24.01%ی دەنگەکانی کۆکردەوە. هاوکات مارین لوپێن 21.30%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 7-5-2017 خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا ئەنجامدەدرێت.
4/5/2017
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی محەممەد بن سلمان، وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعودییەی دایەوە و رایگەیاند، ریاز سیاسەتی "دروستکردنی ناکۆکی" لە ناوچەکە جێبەجێ دەکات.
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، قسانەکانی محەممەد بن سەلمان بەڵگەیەکە، کە نیشانیدەدات عەرەبستانی سعودیە سیاسەتی "ناکۆکینانەوە"ی لە ناوچەکە و پرسەکانی تایبەت بە ئێرانی گرتووەتەبەر.
قاسمی گوتیشی "قسەکانی وەزیری بەرگریی سعودیە لە تێنەگەیشتنی ئەو وڵاتەیە لە دۆخی ناوچەکە".
وەزیری بەرگریی سعودیە رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی ئامانجی سەرەکی ئێران زیانگەیاندن بە سعودیەیە، هیچ ئەگەرێک بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران نییە، "چونکە ئێران هەرگیز بۆچوونی راستگۆیانەی بەرامبەر بە ریاز نەبووە و بۆیە قسەی بەرپرسانی ئێران بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات زیاتر بەشتێکی گاڵتە ئامێز دەچێت".
4/5/2017
هێشتا حەیدەر عەبادى، سەرۆکوەزیرانى عێراق وەڵامى یەکلاکەرەوەى لە بارزانى وەرنەگرتووە ئاخۆ پۆستەکانى بەغدا پڕدەکاتەوە یان نا، بەڵام لە کۆبوونەوەى بارزانى لەگەڵ ئەو شاندەى موقتەدا سەدر رەوانەى هەولێری کردبوون، نیازى بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان دەرکەوت کە هێشتنەوەى ئەو پۆستانەیە وەک ئێستا تاوەکو ئەو کاتەى چارەنووسى سیاسى نێوان هەولێر و بەغدا دەکەوێت بەبارێکدا. ئێستا پارتى تاوتوێى هەنگاوى دواى گشتپرسى دەکات، کە ئەویش مەسەلەى بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە نیسانى داهاتوو.
پەرلەمانتارێکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق، دەڵێ حیزبەکەى دڵنیابووەتەوە لەوەى ئامادەکاریی شیعەکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە جۆرێکە کە زۆرینەى سیاسى دروستبکرێ "ئەوەش ماناى بونیادنانى حکومەتێکى تاکڕەو دەگەیەنێ".
ئەردەڵان نورەدین، ئەندامى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق لە بەردەم پارتیدا بە "ئەگەرێکى کراوە"، دەزانێت و دەڵێت "هەر ئەوەشە وایکردووە پارتى تاوەکو ئێستا وەڵامى داواکارییەکانى بەغدا نەداتەوە بۆ پڕکردنەوەى پۆستە بەتاڵەکانى لە بەغدا".
بەپێى ئەو زانیارییانەى (رووداو) لە چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار دەستی کەوتوون، لەو چەند کۆبوونەوە هاوبەشەى پارتى و یەکێتى بۆ ئامادەکارییەکانى ئەنجامدانى گشتپرسى کردوویانە، باسیان لەوەش کردووە کە گشتپرسییەکە دەکەوێتە پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و ئەگەرەکانیشیان تاوتوێکردوون لەبارەى کاردانەوەى بەغدا و چڕکردنەوەى گوشارەکان لەسەر هەرێمى کوردستان.
بەرپرسێکى باڵاى یەکێتى کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە (رووداو)ى گوت "بەشداریکردن و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنى داهاتووى عێراقمان هەڵگرتووە بۆ دواى ئەنجامدانى گشتپرسى".
سەرچاوەکەى یەکێتى گوتیشى "یەکێتى و پارتى ئەگەر پێکەوە بابەتى ریفراندۆم یەکلا بکەنەوە، مەسەلەى هەڵبژاردنى داهاتووى عێراقیش هەر بەیەکەوە لەگەڵ حیزبەکانى دیکەى کوردستان یەکلایى دەکەنەوە".
تاوەکو ئێستا پارتى و یەکێتى سوورن لەسەر ئەوەى گشتپرسیی بکرێ و تەنانەت لەسەر کاتەکەشى هاوڕان کە ئەمساڵ بکرێ، هەرچەندە دەنگە ناڕازییەکان لە بەغداوە زۆرتر دەبن، بەڵام ئەگەر کورد بیر لە جێهێشتنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بکاتەوە، ئەوکات بەغدا بەتەواوى دەست لە کورد دەشوات.
زانا رووستایی، پەرلەمانتارى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێ "وەک گفتوگۆى فەرمى ئەم پرسە هێشتا قسەى لەسەر نەکراوە. بەڵام من پێموایە کورد ئەمجارەش بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە دەکات".
تاوەکو ئێستا تەنیا پارتى مەسەلەى ئەگەرى بەشدارینەکردنى لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق وروژاندووە. زانا رووستایى دەڵێت "پارتى جار جار باسى ئەوە دەکەن کە بەشداریی نەکەن، بەڵام ئەگەر لەو ساڵەدا کورد بەرەو سەربەخۆیی نەڕوات پارتیش بەشداریی دەکات، چونکە بژارەى دیکەى نییە".
ئەو پەرلەمانتارەى کۆمەڵى ئیسلامى رێگایەکى دیکە دەبینێتەوە لەبەردەم بەشدارینەکردنى کورد لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق "دەبێ گشتپرسى کرابێ، هەروەها هەموو حیزبە کوردستانییەکان بەیەکەوە بگەنە ئەو ئەنجامەى کە بەشداریی ناکەن و پێکیشەوە بڕیار بدەن".
لە ساڵى 2003ەوە کە سەددام حوسێن لەسەر کار لادراوە، کورد بەشداریی لە سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەدا کردووە کە لە عێراق بەڕێوەچوون. بەپێى بەرکەوتەى خۆشى پۆستى وەرگرتووە، بەڵام ئەوە یەکەمین جارە قسەوباسى بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى بەغدا دێتە ئاراوە.
مانگى نیسانى ساڵى داهاتوو، هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەدەچێ، ئێستا هەڵبژاردن لە کەرکووکیش بووەتە گرێی ئاڵۆزى پەیوەندییەکانى نێوان کورد و بەغدا کە بەغدا نایەوێ لەو پارێزگایە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت.
موسەننا ئەمین، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى عێراق پێیوایە "ئەگەر بەغدا ئەنجامى گشتپرسییەکەى کوردستان پەسەند بکات، ئەوکات پێشوازى نێودەوڵەتیشى لێدەکرێت و راگەیاندنى دەوڵەتەکە خێرا دەبێ و ئەوکات کورد پێوستى بەو هەڵبژاردنە نییە"، بەڵام گوتیشى "کۆمەڵێک بەرژەوەندى زۆریش هێشتا لە بەغدان و بەبێ بەشداریی لەو هەڵبژاردنە ، لەدەستدەچن".
وەک ئەردەڵان نورەدین باسی دەکات "پارتى بەتەنیا زۆرتر لە 20 پۆستى بەغداى جێهێشتووە". تاوەکو ئێستاش چەند جارێک داواکارییەکانى بەغداى پشتگوێ خستووە بۆ پڕکردنەوەیان". پارتى هەر تێبینى لەسەر هەڵبژاردنى داهاتوو هەیە، چونکە بە دروستکردنى زۆرینەى سیاسى لەلایەن شیعەکانەوە، بوونى کورد لە بەغدا بوونێکى لاواز دەبێ".
مەحموود محەممەد، گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان، پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا بە (رووداو)ى گوتبوو "ئەو گشتپرسییە چارەنووسى ئێمە لەگەڵ بەغدا یەکلادەکاتەوە، پێشێلکردنى تەوافوق و پەنابردنە بەر زۆرینە و کەمینە بنەماکانى دەوڵەتى لە عێراق هەڵوەشاندەوە، بۆیە پارتى بە جیددى دواى ئەو گشتپرسییە تاوتوێى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق دەکات".
3/5/2017
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا پشتگیری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە گوتارێکدا بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیلەوە، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پابەندی ئەو بەڵێنانەی دەبێت، کە لەبارەی شەڕی موسڵ و باکووری سووریا و ئەفغانستان داویەتی بە گەلی ئەمریکا.
پێنس گوتیشی "داعش لەباری هەڵاتندایە، ئەو گرووپە و گرووپە تووندڕەوەکانی دیکەش لە هەر کوێیەک بن رووبەڕوویان دەبینەوە بۆ ئەوەی نەبنە هەڕەشە بۆسەر گەلەکەمان و ئیسرائیل کە خۆشەویسترین هاوپەیمانمانە".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی نوێی ئەمریکا هۆشداری داوەتە ئێران، کە واشنتن بێدەنگ نابێت لە بەرامبەر هەوڵەکانی تاران بۆ ناسەقامگیرکردنی رەوشی ناوچەکە و "رێگەش نادەین ئاسایشی ئیسرائیل رووبەڕووی مەترسی بکاتەوە".
مایک پێنس خەختیکردەوە "رێگەنادەین ئێران گەشە بە چەکی ناوەکی بدات و ئەوەش بەڵێنی فەرمی ئێمەیە بۆ ئیسرائیل و هەموو جیهان".
3/5/2017
چەکدارانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، دوایین بارەگای ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دادەخەن.
عوسمان مەلۆ، سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنەکەسە لە تورکیا بە (باسنیوز)ی راگەیـاند، رۆژی سێشەممە 2.5.2017، چەکدارانی پەکەکە بارەگای سەنتەری ناوەندیی ئەنەکەسەیان لە شاری قامیشلۆ داخست.
هەروەک عوسمان مەلۆ رایگەیاند، هەمان رۆژ چەکدارانی سەر بەو حزبە بارەگای ئەنەکەسەیان لە شارۆچکەی چل ئاغا داخستووە و سێ ئەندامی ئەنەکەسەشیان دەستگیر کردووە.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنەکەسە لە تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە داخستنی ئەو دوو بارەگایەی ئەنەکەسە، پەکەکە هەموو بارەگاکانی ئەنجومەنەکەی داخستووە و ئێستا هیچ بارەگایەکی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان نەماوە.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و کەوتە دژایەتی و کوشتن و راوەدونانی سیاسەتمەدار و حزبە سیاسییە نەیارەکانی خۆی و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسی دیکە.
3/5/2017
یادی رۆژی جیھانی کرێکاران لە شارەکانی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو. کرێکاران بە شێوەی جیاواز گوزارشت لەو یادە دەکەن.
لە باشووری کوردستان 81 ھەزار و 565 کرێکاری بیانی و نێوخۆی لە شارەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک کار دەکەن.
ھەنگاو عەبدوڵڵا خان، سەرۆکی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی نوێترین ئامار لە ساڵی 2016ـدا ژمارەی کرێکارانی ئافرەت لە ھەرێمی کوردستان بە نێوخۆی و بیانییەوە، 15 ھەزار و 869 کرێکاری ئافرەت بوونە. لە بەرامبەر دا 65 ھەزار و 696 کرێکاری پیاو لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن.
لە رۆژی جیھانی کرێکاراندا ژمارەیەک کرێکار لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. ھاوکات لە شاری کەرکووکیش خۆپیشاندانی کرێکاران بەڕێوەچوو.
لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیاوە یادی جەژنی کرێکاران کرایەوە و لە هەندێک شوێندا بەھۆی باری نائاسایی پیرۆزبایی و چالاکیەکانی رۆژی جیھانی کرێکاران لە ئاستەنگی و دەستتێوەردان بەدەرنەبوون.
بەھۆی ئەو دۆخەی کە لە ساڵی 2000ەوە سووریا پێی گوزەردەکات، لە رۆژئاوای کوردستان کرێکاران لە دۆخێکی سەختدا بژێوی ژیانیان دابیندەکەن. بەوەی رۆژێک کاریان ھەیە و 10 رۆژ بێکارن. کرێکاران لە چاوەڕوانی ئەوەدان کەسێک کاریان پێ بدات و ئێوارە بە دەستی خاڵی نەچنەوە نێو منداڵەکانیان.
لە ئێران رێگە بە ئەنجامدانی چالاکی لە رۆژی جەژنی کرێکاران نەدرا و بەوھۆیەش لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کرێکاران لەسەر کار بوون.
مێژووی یادکردنەوەی ئەو رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، ئەمەش لەگەڵ گەشەکردنی سەندیکا و بزووتنەوەکانی تایبەت بە کرێکاران.
لە ساڵی 1991ـیشەوە 1ـی ئایار وەک رۆژی کرێکارانی جیھان لەلایەن کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم دیاریکراو ساڵانە یادی ئەو رۆژە وەک رۆژی جیھان کرێکاران کرایەوە. ساڵانەش لە ھەرێمی کوردستاندا ئەم یادە دەکرێتەوە.
2/5/2017
بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رۆژی دووشەممە رایگەیاند ئامادەن پشتیوانی لەدامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بكەن بەپێی سنووری 1967.
خالد میشعەل لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، و لەكاتی راگەیاندنی پەیماننامەی سیاسی نوێی بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەكرد، بزوتنەوەكەی داوای ئازادكردنی تەواوی فەلەستین دەكات، بەڵام لەهەمان كاتدا ئامادەیە پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بكات بەپێی سنووری 1967 ، بەبێ داننان بە ئیسرائیل یاخود دەستبەرداربوون لەهەر مافێك.
بەگوێرەی پەیماننامە نوێیەكەی حەماس، سەرجەم ئەو فەلەستینیانەی كە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، و سەرجەم ئەو پرۆژانەش رەتدەكاتەوە كە ئامانج لێیان پاكتاوكردنی ئاوارەكانە.
بەووتەی میشعەل-یش لەپەیماننامەكەدا رەتكراوەتەوە كەدان بەئیسرائیلدا یاخود سەرجەم پرۆسەكانی ئاشتیدا بنێت هەر لە ئۆسلۆوە تا ئەمڕۆ.
پێشتر میدیاكان چەند راپۆرتێكيان دزەپێكردبوو كە بزوتنەوەی حەماس بەر لە راگەیاندنی پەیماننامە سیاسییە نوێیەكەی، گۆڕانكاری تیادا كردووە، هەر بەپێی ئەو دزەكردنانە ئەوە خرابووە روو كە پەیماننامەكە لە 14 ماددە پێكهاتووە، و لەگرنگترینیان داننانە بە سنووری 1967 كەئەوەش بەواتای جۆرێك لەداننان دێت بە ئیسرائیل، سەرباری ئەوەی حەماس ململانێكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە سیاسی ناوزەد كردووە نەك ئایینی.
5ی حوزەیرانی 1967 شەڕ لەنێوان ئیسرائیل لەلایەك و هەریەكە لە میسر، ئوردن و سوریا لەلایەكی تری هەڵایساو تەنها لە ماوەی 6 رۆژدا، ئیسرائیل سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا، بەجۆرێك سنوورەكەی كە پێش ئەو شەڕوپێكادانە لە 20700 كیلۆمەتر چوارگۆشە تێپەڕی نەدەكرد، سێ هێندە زیادی كرد بەهۆی ئەوەی لەماوەی ئەو شەڕەدا دەستیگرت بەسەر كەرتی غەززە- كەناری خۆرئاوا لەنێویدا قودسی خۆرهەڵات- بەرزاییەكانی جۆلان و نیوەدوورگەی سینا، كە سەرجەمی رووبەریان بریتی بوو لە69374 كیلۆمەتر چوارگۆشە.
هەر ئەو كاتیش ئیسرائیل ئەو ناوچانەی وەك سنووری خۆی دیاریكرد كەبەسنووری دوای 1967 ناسراوە.
بەر لەراگەیاندنی پەیماننامەكەی بزوتنەوەی حەماس، ئیسرائیل دەستپێشخەری كرد و پەیماننامەكەی رەتكردەوە، و بەهەوڵێكی بزوتنەوەكەی ئەژمار كرد بۆ "خەڵەتاندنی" جیهان بەوەی كە بووەتە گروپێكی میانڕەوتر.
دایڤد كیز وتەبێژی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند" حەماس دەیەوێت جیهان بخەڵەتێنێت، بەڵام سەركەوتوو نابێت".
دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستینی لەماوەی رابردوودا چەندین گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدا بەئامانجی گەیشتن بە "چارەسەری دوو دەوڵەت"، بەڵام دوایین گەڕی ئەو گفتوگۆیانە 3 ساڵ پێش ئێستا شكستیان هێنا.
2/5/2017
سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگای کرماشان هەڵوەشایەوە. بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 2-5-2017 حەسەن رووحانی و ئیبراهیم رەئیسی بە جیا سەردانی کرماشان بکەن.
میدیاکانی ئێران دەڵێن، هەڵوەشانەوەی سەردانی رووحانی پەیوەندی بە تەواونەبوونی کارخانەیەک هەیە کە بڕیاربوو لەسەردانەکەیدا بیکاتەوە.
هاوکات، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردی خولە جیاوازەکانی پەرلەمانی ئێرانیش خواستەکانی خۆیان لەبارەی مافەکانی کورد و سوننە مەزهەبەکان داوەتە بەرپرسی کەمپینی هەڵبژاردنی حەسەن رووحانی.
فەرهاد ئەمین پوور، رۆژنامەڤان لە شاری سەقز سەبارەت بە دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: دوو بابەت کاریگەریان لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لەلایەن حیزبە کوردییەکان لەلایەک و جێبەجێنەبوونی بەشێک لە بەڵێنەکانی حەسەن رووحانی لەلایەکی دیکە.
ئەمین پوور پێیوایە، نەریتخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە پارێزگای سنە سەرلێشواویان پێوە دیارە و ئاماژە بەوە دەکات تاوەکو ئێستا لەنێوان قالیباف و رئیسی نەیانتوانیوە لەسەر یەکیان ساخ ببنەوە.
بڕیار بوو حەسەن رووحانی و ئیبراهیم رەئیسی ببنە یەکەم بەربژێری ئەم خولە کە سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، بەڵام راگەیاندرا سەردانەکەی حەسەن رووحانی بۆ کرماشان هەڵوەشاوەتەوە. بڕیاربوو رووحانی لەسەردانەکەیدا وەک بەربژێر لەگەڵ لایەنگرەکانی کۆببێتەوە و وەک سەرۆککۆماری ئێستاش کارخانەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کرماشان بکاتەوە، کەچی دەگوترێ بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە کە پیشاندەدات پرۆژەکە تەواو نەبووە بووەتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی رووحانی بۆ کاتێکی دیکە.
15 پەرلەمانتاری پێشووی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا رایانگەیاندووە، بە مەرج ئامادەن پشتیوانی لە حەسەن رووحانی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا حەسەن رووحانی رەزامەندنی لەسەر مەرجەکانیان پیشاننەداوە.
عەبدوڵڵا سۆهرابی پەرلەمانتاری پێشووی مەریوان بە رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆکی کەمپینی هەڵبژاردنی حەسەن رووحانی کۆبوونەتەوە و چاوەڕی وەڵامی ئەوان دەکەن تاوەکو هەڵوێستی کۆتایی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
هەرچەندە سۆهرابی دەڵێت، حەسەن رووحانی تاکە کاندیدە کە ئەگەری هەیە گرنگی بە کورد و سوننی مەزهەبەکان بدات، بەڵام ناشیشارێتەوە جێبەجێنەبوونی بەشێک لە بەیاننامە 10 خاڵییەکەی رووحانی لەبارەی مافی پێکهاتەکان، کاریگەری لەسەر بانگەشەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە.
هەر یەک لە حەسەن رووحانی و محەممەد باقر قالیباف چەندین کەسایەتی کوردیان وەک بەرپرسی بنکەی بانگەشەی خۆیان دیاریکردووە. ئەوەش چاودێرانی سیاسی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی رکابەری سەرەکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان محەممەد باقر قالیباف و حەسەن رووحانی دەبێت.
لە هەڵبژاردنی 14 مانگ پێشی پەرلەمانی ئێران شەش ملیۆن و 810 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانی هەبوو، بۆیە شکانەوەی دەنگی هاونیشتمانیانی کورد، کاریگەری گرنگی لە دیاریکردنی سەرۆککۆماری داهاتووی ئیران دەبێت.
2/5/2017
شازادەیەکی سعودیە رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و شەڕەکەش دەباتە ناو خاکی ئەو وڵاتە.
رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی جێنشینی سعودیە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە.
محەمەد بن سەلمان پێیوایە سیستەمی حوکمڕانیی ئێرانی ”لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیی توندڕەو کۆنتڕۆلکردنی موسڵمانانی جیهان بونیاد نراوە“ و ئامانجی یەکەمی ئێرانیش دەست بەسەرداگرتنی رووگە (قیبلە)ی موسڵمانانە لە سعودیە، کە دەسەڵاتی سعودیە ”چاوەڕێ ناکات شەڕ بگاتە سعودیە، لە ناو ئێران شەڕەکە دەکەین“.
شازادەی جێنشینی جێنشینی سعودیە هەروەها رایگەیاندووە، ئێران هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی موسڵمانانی جیهان دەدات لەرێی بڵاوکردنەوەی هەردوو ئایینزای جەعفەری و 12 ئیمامیی شیعەکان، ”تاوەکو مەهدی مونتەزەر پەیدا دەبێت“.
محەمەد بن سەلمان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو کاتەی سعودیە کێشەیەکی لەگەڵ وڵاتێکدا دەبێت، هەوڵ دەدەن لە رێگای سیاسیی و ئابوورییەوە چارەسەری بکەن، بەڵام لەبارەی ئێرانەوە دەپرسێت ”گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن لەگەڵ کێ بکەین؟ لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێ زەمینەسازیی بە دەست بەسەرداگرتنی قیبلەی موسڵمانان بۆ پەیدابوونی ئیمامی مەهدی بکەن“.
بە گوتەی ئەو شازادە سعودیە، دەسەڵاتی ئێران ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ ”گەلی خۆی لە گەشەکردن بێ بەش کردووە و برسییەتی بۆ گەلەکەی هێناوە“ تاوەکو ئامانجەکەی خۆی بپێکێت.
3/5/2017