لە درێژەی دیاردەی خۆکوژیی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێکی تەمەن 62 ساڵی خەڵکی شاری (تیکاب)ی سەر بە پارێزگای ورمێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو) پیرەژنێکی تەمەن 62ساڵی کوردی خەڵکی شاری (تیکاب)ی سەر بە پارێزگای ورمێ بەناوی (زەینەب سەحرایی) ڕۆژی دووشەممە 2017/5/8 کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سەرچاوەکە لەزاری کەسێکی باوەڕپێکراوەوە ئاشکرای کردووە، ئەو ژنە بەساڵاچووە بەهۆی دەستەنگی خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئەو پیرەژنە دانیشتووی گوندی (ساری قۆرخان)ە لە ناوچەی هەوشاری سەر بە شاری تیکابە.
10/5/2017
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حزبەکەی و پارتی ”بە تەنیا“ دەتوانن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەن.
مسەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند، کاتی ئەوە ھاتووە یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستان ”پێکەوە پەرلەمان و حکومەت کارا بکەنەوە و کێشە چەق بەستوەکانی ئێستا چارەسەر بکەن و کێشەی قەیرانی دارایی و ململانێی سیاسی بنەبڕبکەن“.
بە گوتەی مستەفا چاوڕەش، ”کاتی ئەوە ھاتووە“ ھەموو لایەنە سیاسییەکان ”بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە“ بیر لە میللەت بکەنەوە، چونکە خەڵکی لەدۆخێکی خراپدا دەژین، ”پێویستە کێشەکان بە زوویی چەرەسەر بکرێن“.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پێیوایە یەکێتی و پارتی ”بە تەنیا“ دەتوانن حکومەت پێکبھێنن، چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو دوو ھێزە سیاسییە ”بەشێوەیەکی باش حکومەتیان بەڕێکردووە“، بەڵام بۆ ئەم دۆخەی ئێستا پێویستە ”ھەموو لایەنە سیاسیەکان بەشداری حکومەت بکەن و ھەموان پێکەوە بەخۆشی و ناخۆشی حکومەت بەڕێوە بەرین“.
10/5/2017
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران هەڕەشە لە گرووپە چەکدارییە بەلووچییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، سوپای ئێران لە ناو خاکی پاکستانیش لێیان دەدات.
محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران بە رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئێران دژی ”ئەو بارودۆخە“یە لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ پاکستان، وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕی ناوبەناوی گرووپە بەلووچییە سوننەمەزهەبەکان و سوپای ئێران.
محەمەد باقری هەڕەشەی کردووە و رایگەیاندووە، لە ناو خاکی پاکستانیش بنکە و بارەگاکانی (سوپای عەدلی بەلووچی) بۆردومان دەکەن.
سوپای عەدل گرووپێکی چەکداریی بەلووچیی سوننەمەزهەبە و ناوبەناو چالاکیی چەکداری دژی سوپا و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەی بەلوچستانی ئێران ئەنجام دەدات.
مانگی رابردوو چەکدارانی گرووپی سوپای عەدل لە نزیک شاری میرجاوە لە باشووری بەلووچستانی ئێران هێرشیان کردە سەر سوپای ئەو وڵاتە و دەیان سەربازیان کوشت.
بەلووچ گەلێکی سوننەمەزهەبە، بەسەر هەرسێ وڵاتی ئێران، پاکستان و ئەفغانستاندا دابەش کراوە.
9/5/2017
شەوی ڕابردوو، سۆران شافعی، ناسراو بە (سۆران سەقزی)، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا بە ڕووداوێکی نادیار گیانی لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە، سۆران سەقزی کە خاوەنی ڕیستۆرانتی (زێویە)یە لەسەر شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێرە، شەوی ڕابردوو لە شوێنی کارەکەی گیانی لەدەست داوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باس لەوە دەکرێت کە گوایە فیشەکی بە خۆیەوە ناوە، بەڵام ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لەمبارەیەوە محەمەدساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتیی کوردستانی ئێران (حدکا) و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لە هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە بۆ ڕاستیی ڕووداوەکە، داوای ڕوونکردنەوەمان لە پۆلیس کردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پزیشکین".
عەلی سۆرانی، یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی سۆران سەقزی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "گیان لەدەستدانی سۆران سەقزی شەوی ڕابردوو لەنێو ڕێستورانتەکەی بووە، بەڵام نازاندرێت گیان لەدەستدانەکە چۆنە". ئەوەشی ڕوون کردەوە کە زانیاری هەیە سۆران سەقزی کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە.
(باسنیوز) چەندین جار پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.
سۆران سەقزی، لەدایکبووی شاری سەقز و چالاکوانی سیاسی میدیاکارە کە ماوەی چەند ساڵ دانیشتووی سوید بووە، کەسێکی چالاکی بواری ڕاگەیاندن و چەند ساڵێک لە کەناڵی (تیشک تیڤی) پێشکەشکاری بەرنامەی لاوان و هاوکات لە کەناڵی (کوردسات)یش بەرنامەی دیکیۆمێنتاریی (سەیر و سەفەر)ی ئامادە دەکرد کە گەڕان بە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و خستنەڕووی کولتوور و دابونەریتی ئەو وڵاتانە بوو.
هاوکات عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لەم بارەوە لە لێدوانێکدا بە کەناڵی (كوردستان24)ی ڕاگەیاندووە: "ئێوارەی دوێنێ ھاووڵاتیەكی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان كە پێشتر وەك راگەیاندنكار لە كەناڵی كوردسات بەرنامەی سەیر و سەفەری پێشكەش دەكرد، لە كافتریاكەی خۆی ھەولێر بە دەمانچە خۆی كوشتووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی: "بە گوتەی ژمارەیەك لە ھاوڕێیانی و ئەو كەسانەی لە كافتریاكە بوون، پێش خۆكوشتنی باسی قەرزاری خۆی كردووە، دواتر چووەتە نھۆمی دووەم لە كافتریاكە و خۆی كوشتووە".
راشیگەیاند: "ھەر بە گوێرەی گوتەی ھاوڕێكانی، مامەڵەی بەھاراتی كردووە و پارەیەكی زۆر قەرزار بووە كە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار قەزردار بووە، ئەمەش كاریگەری خراپی كردووەتە سەر باری دەروونی و بڕیاری خۆ كوشتنی داوە".
عەبدولخالق تەڵعەت ئاشكراشی كرد: "دەمانچە و گولـلەكانی لەبەردەستی پۆلیسە و تا ئێستاش ھیچ كەس سكاڵای یاسایی لەسەر كوژرانی ئەو كەسە تۆمار نەكردووە".
9/5/2017
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، حزبەکەی لەسەر گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕیفراندۆم بەردەوام دەبێت و ڕاشیگەیاند کە دۆستانی کورد لە عێراق، لە تاقیکردنەوەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دەرنەچوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 9/5/2017، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە میانی پانێڵێکی تایبەت بە (بەدەوڵەتبوونی باشووری کوردستان) لە شاری ھەولێر، ئاماژەی بەوە کرد: ”دەروازەی ھەرە سەرەکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بریتییە لە ڕیفراندۆم کە بە ھۆیەوە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بۆ ئەو پرۆسەیە سەرپشک دەکرێن“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان دەزانن ڕیفراندۆم تەنیا بە لایەنی یاسایی ناکرێت و ”کارتی سیاسیشی دەوێت“. ئاماژەشی بەوە کرد کە ”ئەگەری سەربازی بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم لای ئێمە بژاردە نییە و دەمانەوێت پێش ھەمووان لەگەڵ عێراق، دواتر لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر گفتوگۆ بکەین و بە ئەنجامێکی باش بگەین“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی، بڕیاریان داوە یەکێتی لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕیفراندۆم بەردەوام بێت و جەختیشیان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و دروستکردنی یەکڕیزی و کۆدەنگیی نیشتمانی کردووەتەوە. گوتیشی: ”ڕیفراندۆم بە 51% ئەنجامێکی لاوازە و 99%ش ئەنجامێکی تەزویرە، دەبێت ئەنجامێک بێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باوەڕمان پێ بکات“.
سەعدی ئەحمەد پیرە باسیشی لەوە کرد کە ”دۆستانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە تاقیکردنەوەی ھەڵکردنی ئاڵا لە کەرکووک دەرنەچوون، ھەر لەگەڵ ھەڵکردنی ئاڵا، لە وڵاتانی دەوروبەریشەوە دەنگ بەرز بووەوە کە گوایە یەکێتیی خاکی عێراق خراوەتە مەترسییەوە، ئەوە ئێمە نین کە یەکێتیی عێراقمان خستووەتە مەترسییەوە، ئەوە سوننە و شیعەن“.
9/5/2017
نزیكەی هەفتەیەكە، مەلا عەلی كەڵەك كە كارەكەی خۆی بە پزیشكی نەبەوی دەناسێنێ، لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە دەستگیركراوە، پۆلیس دەڵێت تاوەكو ئێستا پارێزەری نییە بەدواداچوون بۆ دۆسیەكەی بكات. هەروەها دەڵێت كە مەلا عەلی لەسەر سكاڵای وەزارەتی تەندروستی دەستگیر كراوە و رۆژی 6ی حوزەیرانی داهاتووش یەكەمین دانیشتنی دادگاییەكەی بەڕێوەدەچێ.
كاژێر 11ی شەوی 2/5/2017 مەلا عەلی كەڵەك لەلایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسی قەزای بەردەڕەشەوە، لە ماڵەكەی خۆی لە ناحیەی كەڵەك دەستگیر كراو گواسترایەوە زیندانی چاكسازیی گەورانی دهۆك.
سێ سكاڵای لەسەرە
سەرچاوەیەك كە ئاگاداری گرتنەكەی مەلا عەلییە، بە (رووداو)ی گوت "مەلا عەلی پێشتر دوو سكاڵای لەسەر بوو، سكاڵاكانیشی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لەسەر تۆمار كرابوو. ئەو سكاڵایەشی كە ئەمجارە لەسەری تۆمار كراوە، ئەویش هەر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییە".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، سكاڵای یەكەم لەدژی مەلا عەلی، بە تۆمەتی ئەوە بووە كە گوتوویەتی میزی حوشتر چارەسەرە بۆ نەخۆشی. سكاڵای دووەمیش لەسەر ئەوە بووە كە داوای خەتەنەكردنی كچانی كردووە. سەبارەت بە سكاڵای سێیەمیش، ئەو سەرچاوەیە گوتی "لەسەر ئەوە بووە كە گوتوویەتی خواردنی كلینێكس مرۆڤ لاواز دەكات".
مانگی رابردوو ژنێكی دانیشتووی شاری هەولێر دوای ئەوەی گوێی لە مەلا عەلی بوو بوو كە گوتبووی كلینێكس كێشت دادەبەزێنێ، لە ماوەی 46 رۆژدا زیاتر لە هەزار پارچە كلینێكسی خواردبوو، بەو هۆیەشەوە ریخۆڵەكانی گیرابوون و پزیشكەكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر بە پەلە نەشتەرگەرییان بۆ كرد.
ئەو سەرچاوەیە گوتی "خودی وەزیری تەندروستی داوای لە پۆلیس و دادگای دهۆك كرد كە بەدواداچوون بۆ سكاڵاكانیان بكەن".
سەرچاوەكە باسی شەوی دەستگیركردنی مەلا عەلی كرد و گوتی "ئەو شەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش فەرمانی دەستگیركردنی لەگەڵ خۆی بردووە، بەڕێزەوە تەلەفۆنی بۆ كردووە، بە ئۆتۆمبێلێكی لاندكرۆزەری مۆدێل بەرز بردوویەتی بۆ دهۆك". ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "لەبەر ئەوەی مەلا عەلی كەسایەتییەكی ناسراوە، رێزی لێدەگیرێ و لە زیندانیش لە شوێنێكی تایبەت دانراوە".
لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆك سەبارەت بە دەستگیركردنی مەلا عەلی گوتی: "بە فەرمانی دادوەر و لەسەر سكاڵای وەزارەتی تەندروستی دەستگیركراوە".
سەبارەت بە ئازادكردنیشی بە كەفالەت، لیوا تارق گوتی "تاوەكو ئێستا كەس نەهاتووە داوای ئازادكردنی بكات بە كەفالەت، هەر كاتێك پارێزەری گرت و بەدواداچوونی بۆ دۆسیەكە كرد، ئەوە دادوەر بڕیار دەدات بە كەفالەت ئازاد بكرێ یان تاوەكو رۆژی دادگایی لە زیندان بمێنێتەوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆك رۆژی دادگایی مەلا عەلی كەڵەكی ئاشكرا كرد و گوتی "رۆژی شەشی مانگی داهاتوو دادگایی دەكرێ، بەڵام ئەو دادگاییە لەسەر ئەو سكاڵایە نییە كە ئێستا لەسەری تۆمار كراوە، بەڵكو لەسەر سكاڵاكانی پێشووتری وەزارەتی تەندروستییە".
دادوەر محەمەد ئەمین شەرەفانی سەرۆكی دادگەی تێهەڵچوونەوەی دهۆك باسی ئەو ماددە یاساییەی كرد كە مەلا عەلی پێ دەستگیركراوە و گوتی "مەلا عەلی بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە فێڵكردن لە خەڵك، دەستگیركراوە".
سەبارەت بە ئازادكردنی مەلا عەلی بە كەفالەت كە شەش رۆژە لە زیندان راگیراوە، دادوەر محەمەدئەمین دەڵێت "بۆ ئازادكردنی بە كەفالەت پێویستە پارێزەر بۆ خۆی بگرێ، ئەگەر تاوەكو رۆژی دادگایی پارێزەری نەگرت، دادگا خۆی پارێزەری بۆ دەگرێ، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ كەس پەیوەندی پێوە نەكردووین بۆ ئازادكردنی".
سزاكەی چییە؟
مەلا عەلی كەڵەك، بەپێی ماددە 456 لە یاسای سزادانی عێراقی لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە دۆسیەی بۆ كراوەتەوە. پارێزەر هەژار سوبحی لەبارەی سزای كەسێك كە ئەو تۆمەتەی بەسەردا ساخ دەبێتەوە، گوتی "مادەی (احتیال) فێڵكردن لە خەڵك، زۆر بەش لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەگەر تۆمەتەكانی بەسەردا ساخ ببنەوە وەك لە ماددەكەدا هاتووە، ئەوا سزاكەی لە یەك تاوەكوو پێنج ساڵ بەندكردن دەبێ".
8/5/2017
پاپا فرانسیس رەخنە لە ناونانی گەورەترین بۆمبی نائەتۆمیی ئەمریکا بە "دایکی هەموو بۆمبەکان" دەگرێت.
پاپای ڤاتیکان لەگەڵ ژمارەیەک قوتابی لە ڤاتیکان کۆبووەوە و رایگەیاند، بە بیستنی ناوی بۆمبەکە هەستی بە شەرمەزاریی کردووە.
پاپا دەڵێت "دایک بوونەوەرێکە ژیان و بووژانەوە دەبەخشێت، بەڵام ئەم بۆمبە تەنها دەکوژێت و دەمرێنێت. بۆ ئەبێ ئەو ناوەی لێبنرێت؟".
رەخنەی پاپا لەم ناونانە لەکاتێکدایە، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەمزووانە و دوای سەردانی بۆ هەریەکە لە سعودیە و ئیسرائیل، سەردانی ڤاتیکانیش بکات و لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆببێتەوە.
پاپا پێشتریش رەخنەی لە دروستکردنی دیواری نێوان ئەمریکا و مەکسیک گرتبوو.
دایکی هەموو بۆمبەکان، یان بۆمبی جی بی یوو 43 بی، گەورەترین بۆمبی نائەتۆمیی ئەمریکایە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2003 تاقیکرایەوە و ئەمساڵیش بۆ یەکەمجار لە ناوچەی نەنگەرهاری ئەفغانستان لە دژی داعش بەکار هێنرا.
8/5/2017
سەرۆک کۆماری نوێی فەرەنسا بەڵێنی بەردەوامبوون لە شەڕی دژی تیرۆری نێودەوڵەتی دەدات.
ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی فەرەنسا لە وتەیەکدا لەبەردەم هاووڵاتییانی وڵاتەکەیدا لە بارەگای هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا، رایگەیاند، پارێزگاریکردن لە ئاسایشی فەرەنسا و فەرەنسییەکان کارێکە هیچ پاشەکشەی تێدا ناکرێت.
ئیمانوێڵ ماکرۆن، کە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا زۆرترین رێژەی دەنگەکانی بە دەستهێنا و بووە سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە، رایگەیاند، فەرەنسا خاوەن مێژووێکی گەورەیە و بەردەوام دەبێت لە شەڕ دژی تیرۆری نێودەوڵەتی.
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە و لە سەرەای هێرشی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ سەر باشووری کوردستان، بە ناردنی چەک، راوێژکاری سەربازی و بۆردومانکردنی ئاسمانیی داعش، هاوکاریی باشووری کوردستان دەکات.
8/5/2017
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پرۆژەی ”دەوڵەتی نەتەوەیی جوولەکە“ زیندوو دەکاتەوە و ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی دەکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل پرۆژەی ”دەوڵەتی نەتەوەیی جوولەکە“ پەسەند کردووە، کە لەژێر ناوی ”یاسای نەتەوەیی“ داڕێژراوە و لەلایەن جوولەکە توندڕەوە راستڕەوەکانەوە ئامادە کرابوو.
بڕیارە پرۆژەکە بنێردرێتە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) و خوێندنەوەی سەرەتایی بۆ بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی و دواتریش دەنێردرێتەوە ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی پرۆژەکە، ئیسرائیل دەوڵەتی نەتەوەیی گەلی جوولەکەیە و زمانی فەرمیی وڵاتەکەش زمانی جوولەکە (عیبری)یە. هێزە دیموکراتی و بەرگریکارەکان لە مافی مرۆڤ و هاووڵاتییانی عەرەبی وڵاتەکە، دژایەتیی ئەم یاسایە دەکەن.
8/5/2017
کاژێر 00:00 ی رۆژی شەممە 6-5-2017، رێککەوتنی رووسیا و ئێران و تورکیا لەبارەی دروستکردنی ناوچە هێمنەکانی سووریا خرایە بواری جێبەێکردنەوە.
رووسیا رایگەیاند، ئەو ناوچانەی وەک هەرێمی ئارام دەستنیشانکراون، لەبەردەم فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان قەدەخەکراون و، هەرسێ وڵاتی رووسیا و تورکیا و ئێران خاڵی کۆنترۆڵکردن و پشکنینی ئەو ناوچانە لەئەستۆدەگرن.
بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمریکا رەزامەندی خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە نیشان نەداوە. پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ش رەتیدەکاتەوە و وەک هەڕەشە لەسەر ناوچە کوردستانییەکان تەماشای دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 4-5-2017، رێککەوتننامەی ناوچەی هێمن بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژی لە سووریا، لەنێوان سێ وڵاتی گەرەنتیکاری ئاگربەست لە سووریا (رووسیا، تورکیا و ئێران) راگەیێندرا. ئەلێکساندەر فۆمین، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاند: رێککەوتنەکە بەرهەمی گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانەیە سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و، سەرجەم بڕیارەکانیش لەلایەن ڤلادیمیر پوتینەوە دراون.
7/5/2017
حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، رۆژی یەکشەممە 7-5-2017، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی پارێزگای ورمێ دەکات و کاژێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر گوتارێک پێشکەشدەکات.
رۆحانی کە ئەمجارەش خۆی کاندیدکردووەتەوە، دوای گوتارەکەی بەشداری کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی رەوشی دەریاچەی ورمێ دەکات. ئەو لەکاتی بانگەشەی خولی پێشووی سەرۆککۆماریدا لە ورمێ، بەڵێنیدا دەریاچەکە بژیێنێتەوە.
ئیسماعیل کەریمزادە، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، هەر ئەمڕۆ 13 پڕۆژە لە بواری کشتوکاڵدا بەئامادەبوونی سەرۆککۆماری ئێران دەکرێنەوە.
کەریمزادە دەڵێ، ئەم پڕۆژانە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییە بگۆڕەکاندان و گوژمەیان 24 ملیار و 400 ملیۆن تمەن بووە.
ئەم سەردانەی رۆحانی لەکاتێکدایە، ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری بناژۆخواز بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران کە یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکانە، بۆ پێنجەمجار لە 15 رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی سوننە مەزهەبی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبووەتەوە و، داوای لێکردوون بۆئەوەی کار و کەرامەتیان هەبێت، لە هەڵبژاردنی 19ی ئایاردا دەنگی پێبدەن.
7/5/2017
هاووڵاتییانی فەرەنسا سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن و دوو کاندید رکابەریی یەکتر دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 23.4.2017، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا بە بەشداریی 11 کاندید ئەنجام درا، کە 47 ملیۆن هاووڵاتیی فەرەنسی مافی بەشداری کردنیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکە.
رۆژی یەکشەممە 7.5.2017 (ئەمڕۆ)، هاووڵاتییانی فەرەنسی جارێکی دیکە دەچنەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان و سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان، هەڵدەبژێرن.
لە هەڵبژاردنەکەدا، هەردوو کاندید مارین لۆپانی کاندیدی راستڕەوە توندڕەوەکان و ئیمانوێڵ ماکرۆن، کاندیدی بزووتنەوەی بۆ پێشەوە، رکابەریی یەکتر دەکەن.
بەهۆی ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان رێژەی %51ـی دەنگەکانی بەدەست نەهێنا، بە پێی دەستووری فەرەنسی، رۆژی 7.5.2017 گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا بە بەشداریی هەردوو کاندید ئیمانوێڵ ماکرۆن، کاندیدی بزووتنەوەی بۆ پێشەوە و مارین لۆپان، کاندیدی راستڕەوە توندڕەوەکان، کە دژایەتییەکی سەختی پەنابەران دەکات، ئەنجام دەدرێت، بەهۆی ئەوەی زۆرترین دەنگیان بە دەستهێنا، بەڵام رێژەی دەنگەکانیان نەگەیشتە %51.
نۆ کاندیدە دەرنەچووەکە پشتگیریی خۆیان بۆ ئیمانوێڵ ماکرۆن راگەیاند، ئەمەش بەرای چاودێران مانای سەرکەوتنی پێشوەختی ماکرۆن دێت و بەپێی زانیارییەکانیش، فروانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەرەنسا پەیوەندیی پێوە کردووە و پیرۆزبایی بوون بە سەرۆک کۆماری لێکردووە.
7/5/2017
بهرپرسێكى باڵاى پارتى كرێكارانى كوردستان (PKK) هێرشێكى توند دهكاته سهر پارتى ديموكراتى كوردستان و رايدهگهيهنێ لهمهودوا هيچ سنوورێك ناناسن و هێرش دهكهنه سهر پێگهكانى توركيا له ههرێمى كوردستان و هاوپهيمانهكانى كه پارتى ديموكراتى كوردستانه.
رهزا ئاڵتوون ئهندامى كۆنسهى بهڕێوەبهرى كۆما جڤاكێن كوردستان (كهجهكه)، له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ ئاژانسى ههواڵى (فورات نيوز)ى زمانحاڵی پهكهكه، رايگهياند لهمهودوا باشوورى كوردستان به گۆڕهپانى شهڕى خۆيان دهزانن و پهيوهندى باشى نێوان توركيا و ههرێمى كوردستانيش دهكهنه بيانوو بۆ هێرشكردن، دهشڵێ "ئيتر شهڕێكى بهرفراوان له دژى توركيا رادهگهيهنين كه ههرێمى كوردستانيش دهگرێتهوه".
ئهو بهرپرسه باڵايهى پهكهكه كه به لێدوانه توندهكانى دژى پارتى ناسراوه دهڵێ "پهكهكه تا ئێستە نهيويستووه شهڕ له ههرێمى كوردستان بكات، بهڵام ئێستە رێگهى بهردهممان كراوهيه، چونكه توركيا هيچ سنوورێك ناناسێ له بۆردومانكردنى گهلى كورد، بۆيه ئێمهش هێرش دهكهينه سهر پێگهكانى توركيا له باشوورى كوردستان و ههرێمى كوردستانيش دهبێته مهيدانى شهڕى ئێمه و هێرش دهكهينه سهر پێگه ئابوورييهكان (مهبهستى بۆرى نهوتى ههرێمى كوردستانه بۆ توركيا)".
پەكەكە پێشتريش هێرشی كردبووه سهر بۆڕييه نهوتييهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و توركيا و زيانی چهندين مليۆن دۆلارى له ئابوورى ههرێمى كوردستان داوه.
ئهو بهرپرسه باڵايهى پهكهكه پێشتر له چاوپێكهوتنێكيدا لهگهڵ رۆژنامهى سهفيرى لوبنانى رايگهياندبوو ئهوان ئازادى به گرنگتر له سهربهخۆيى دهزانن. بڕوايان وايه كه له رێگهى ديموكراتيزهكردنى كۆمهڵگهوه دهتوانرێت ههمووان به مافه بنچينهييهكانى خۆيان بگهن. ههر بۆيه له برى سهربهخۆيى و جيابوونهوه له توركيا، كار بۆ ديموكراتيزهكردنى توركيا دهكهن.
سهبارهت به رژێمى بهشار ئهسهديش رايگهياندبوو كە پهكهكه وهفاداره بهرامبهر ههموو ئهوهى ديمهشق له رابردوودا بۆ ئهوانى كردووه.
له بارهى دهوڵهتى كورديشهوه ئهو بهرپرسهى پهكهكه كە رۆژنامهى سهفير به وهزيرى دهرهوهى پهكهكه و يهكێك له دامهزرێنهرانى پارتهكهى ناساندبوو، دژايهتى بۆ دهوڵهتى كوردى دهربڕیبوو و رايگهياندبوو كە دامهزراندنى دهوڵهتى كوردى زيادبوونى كێشهيهكى ديكهيه.
6/5/2017
نووسەرێکی پێیوایە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی هەرێمی کوردستان شکست دەهێنێت.
سەربەست بامەڕنی، نووسەر، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی (ئیلاف) رایگەیاندووە، ئێران دژی مافە دیموکراتی و مرۆییەکانی گەلی کوردستانە و ”بەشێک لە سیاسەت و رێنماییەکان“یشی، دژایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە.
سەربەست بامەڕنی پێیوایە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”دەستوەردانێکی ئاشکرا“یە لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
هەروەک ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان و هەموو گۆڕانکارییەکی دیموکراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەیەوێ میلی کاتژمێر بگێڕێتەوە دواوە، بەڵام ئەو سیاسەتەی لە دژی باشووری کوردستان ”نەزۆکە و شکست دەهێنێت“.
بامەڕنی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئێستا ئێران تاکە یاریزانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و ”بە دڵنیاییەوە“ رێگا بە زیادبوونی هەژموونی لە ناوچەکە نادرێ، کە سەرەتا ”رۆڵی ئێران لە سووریا سنووردار کرا“.
بە گوتەی ئەو نووسەرە، ئەگەر ئێران دژایەتی هەرێمی کوردستان بکات یاخود ببێتە هەڕەشە لەسەری ئەوا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر رووبەڕووی دەبێتەوە، چونکە ”کورد بەشێکی سەرەکیی شەڕی دژی تیرۆرە لە ناوچەکە و رەنگە هاوپەیمانان ناچار بن هێز لە نێوان باشووری کوردستان و ئێران جێگیر بکەن، هاوشێوەی جێگیرکردنی هێزی ئەمریکی لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا“.
بامەڕنی لە کۆتایی وتارەکەیدا باس لەوە دەکات، کە بە دژایەتیکردنی باشووری کوردستان، ”ئێران هەڵەیەکی مێژوویی گەورە دەکات“ و هەر دەستدرێژییەک لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ سەر باشووری کوردستان، ”دەرەنجامی بە ئازار“ی بۆ ئێران دەبێت.
6/5/2017
کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری (سەوڵاوا)ی سەر بە پارێزگای سنە لە تاران لە کاتی کارکردندا بەربووەتەوە و گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو) ڕۆژی هەینی 2017/5/5 کرێکارێکی کوردی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری سەوڵاوا لە کاتی کارکردندا لە بینا بەر بووەتەوە و گیانی لەدەست داوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە ناسنامەی ئەو کرێکارە کوردە (مەسعوود شیرمحەمەدی) تەمەن 23 ساڵ و دانیشتووی گوندی (پایگەلان)ی سەر بە سەوڵاو بووە.
ئەو کرێکارە دوای بەربوونەوە لە بەرزایی، بۆ یەکێک لە ناوەندە تەندروستییەکانی تاران ڕاگوێزراوە، بەڵام دوای سێ سەعات گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو ساڵی پار لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لانیکەم 72 کرێکاری کورد بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و لە ماوەی دوو هەفتەی پێشووشدا دوو کرێکار گیانیان لەدەست داوە.
7/5/2017