لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار ئاگر لە دارستانە بەڕووەکانی زاگرۆس لە پارێزگای ئیلام بەربوو و بەم هۆیەشەوە رووبەرێکی زۆری دارستانەکانی ئەم پارێزگایە سووتان.
رۆژی هەینی 26-5-2017 بەشێک لە دارستانەکانی کەبیرکو سەربە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام ئاگری گرت. رۆژی پێشتریشی ئاگر لە دوو لاوە لە دارستانەکانی سەر بە شارەکانی ئاودانان و دەڕەشار بەربوو کە دەیان هێکتار لە دارستانە چڕەکانی پارێزگای ئیلامی تێدا سووتان.
مازیار سلێمان نەژاد، بەڕێوەبەری ژینگە پارێزیی ئیلام، دەڵێت: "خەڵکی گەشتیار هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان بوون". بەگوتەی سلێمان نەژاد، گژ و گیای وشکەوەبووی زۆر لە ژینگەی پارێزگای ئیلامدا، بواری بۆ ئاگرکەوتنەوەی خێرا رەخساندووە و بچووکترین کەمتەرخەمی دەبێتە هۆکاری سوتانی رووبەرێکی زۆری دارستانەکان.ئەو ژینگە پارێزە داوای لە خەڵک کردووە بۆ پاراستنی ژینگەی ئیلام لە سووتان یارمەتیدەریان بن.
بەرپرسانی پارێزگای ئیلام دەڵێن: "بۆ کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکان ئامراز و کەرەستەی پێویستیان نییە. بۆیە زۆربەی جار ئاگرکەوتنەوەکان درەنگ کۆنترۆڵدەکرێن و رووبەرێکی زۆری دارستانەکان دەسوتێن.
پارێزگای ئیلام ناوچەیەکی شاخاوی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکان پێویستی بە ئامرازی تایبەتە. لە ساڵانی رابروودا زۆرجاران ژینگەپارێزەکانی پارێزگای ئیلام بە پشت بەستن بە خەڵک ئاگرەکانیان کۆنترۆڵکردووە.
بەشێکی زۆر لە دارستانە چڕ و کۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای ئیلامدا هەڵکەوتوون.
27/5/2017
پێچەوانەی سیستانی، هەشت مەرجەعی شیعەکانی عێراق ئەمڕۆیان (شەممە 27-5-2017) وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.
هەریەک لە بەشیر نەجەفی، موحسن حەکیم، محەممەد ئیسحاق فەییاز، محەممەد یەعقوبی، کازم حائیری، جواد خالسی ، کەمال حەیدەری و فازل مالیکی مەرجەعی شیعەکان لە عێراق لە بەیاننامەکانیاندا رایانگەیاندووە، بەهۆی بینینی مانگ لە چەندین شوێنەوە رۆژی شەممە 27-5-2017 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
بڕیاری ئەو هەشت مەرجەعەی شیعە، پێچەوانەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقە، کە رۆژی یەکشەممەی 28-5-2017 وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەرێمی کوردستان و دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق ، رۆژی شەممەیان وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.
هەروەها لیژنەی بینینی مانگ لە نووسینگەی عەلی خامنەیی ، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی شەممەی بە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد و لە وڵاتی ئێرانیش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکان، شەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
27/5/2017
میدیای سعودیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-5-2017، بڵاویانکردەوە، کە وەزیری دەرەوەی قەتەر و قاسم سولەیمانی"کۆبوونەوەیەکی نهێنی"یان لە بەغدا ئەنجامداوە.
رۆژنامەی عوکاز-ی سعودیە بڵاویکردەوە، کە لە سەردانەکەی ئەم دواییانەی بۆ عێراق و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کۆبووەتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەخستووەتەڕوو.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە، کۆبوونەکەی نێوان ئالسانی و سولەیمانی بەنهێنی و لە رێگەی حکومەتی عێراقی ئەنجامدراوە، بەرامبەر ئەوەی دەوحە داوای ئەو 500 ملیۆن دۆلارەی نەکاتەوە، کە رەوانەی عێراقی کردووە بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییە قەتەرییە رفێنراوەکان ، کە بەم دواییانە ئازادکران.
بەم دواییانە و دوای بڵاوکرانەوەی لێدوانێکی ئەمیری قەتەر لە ماڵپەڕی فەرمی ئەو وڵاتە کە دواتر قەتەر رایگەیاند هاک کراون ، پەیوەندییەکانی سعودیە و قەتەر بەرەو ئاڵۆزی زیاتر چوونە و، میدیاکانی سعودیە، هێرشی تووند دەکەنە سەر قەتەر و بە هەڵگەڕانەوە لە بڕیارەکانی لووتکەی عەرەبی ئیسلامی-ئەمریکی تۆمەتباری دەکەن.
26/5/2017
مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ بەرز بوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر داهاتی کوردستان دروست دەکات و جوڵەش دەخاتە بازاڕەوە کە کاریگەری لەسەر داهاتووی کوردستان دروست دەکات.
د.ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و مامۆستای زانکۆ، بۆ (باسنیوز)گوتی: "بڕیاری حکوومەت دەرچووە کە قەرزی بانکەکان و کۆمپانیاکان و مقاوەلەکان خەرج بکرێت و ئەوەش جووڵانەوە لە بازار دروست دەکات ئەو پرۆژانەی حکوومەت کردوویەتی وای کردووە جووڵەی بازار بەرەو باشتر ببات، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دۆخی ئابووریی کوردستان بەرەو باشتر بڕۆن".
د. ئاراس خۆشنا، ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە پێشینەکانی حکوومەت ئەوەیە کە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بکرێت و قەرەبووی ئەوانەش بکرێتەوە کە زەرەمەند بوون کە بڕیارە ئەمە بخرێتە بەرنامەوە، بەڵام بە چ بەرنامە و سیستەمێک دەبێت، ئەوە دیراسە دەکرێت و بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی فەرمانبەراندا دەبێت."
دەشڵێت: "هیوا هەیە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت هەناردەی نەوتی کوردستان زیاتر بکرێت و تانرخی نەوت زیاتر بێت داهاتی کوردستان زیاتر دەبێت و جوڵە دەکەوێتە بازارەوە".
26/5/2017
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆیکۆ بۆریسۆڤ سەرۆک وەزیرانی بولگاریا لە سۆفیای پایتەختی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە، لە دانیشتنێكدا پەیوەندییەکانی هەردوولا و هاوکاری زیاتری ئەو وڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاوتوێ کرا.
رۆژی پێنجشەممە بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هێمن هەورامی راوێژکاری کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەو وڵاتە و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەفتەی رابردوو لە ئهردهن بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی دەریای مردووی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی جیهان کۆبووەوە.
26/5/2017
لەگەڵ راگەیاندنی سیاسەتی نوێی کۆچ لە سوێد، کە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو جێبەجێ بکرێ، تووندوتیژی بەرامبەر کۆچبەران زیادى کردووە و لە تازەترین پەرچەکرداریشدا چەند کەمپێک سووتێنران.
بەپێی سیاسەتی تازەی کۆچ لە سوێد کە هەفتەى رابردوو لەلایەن وەزیرى کۆچبەرانى ئەو وڵاتەوە ئاشکرا کرا، نزیکەى 11 هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان منداڵ و هەرزەکارن، مافى مانەوەى کاتییان دەدرێتێ و لە داهاتووشدا مافى مانەوەى هەمیشەیى. ئەو بڕیارەش لەکاتێکدایە کە هەر ئەمساڵ 8300 کۆچبەر بڕیارى دەرکردنیان لە سوێد بۆ دەرچووە، بەڵام خۆیان لە دەزگاى کۆچ و پۆلیس شاردووەتەوە.
هەردوو بڕیارەکە ناڕەزاییەکی زۆریان لای سوێدییەکان دروستکردووە و بەشێوەی جیا پەرچەکرداریان هەبووە. لارس یۆهانسن، شارەزا لە پرسی پەنابەران و کارمەندی رێکخراوی مافی هاووڵاتیبوون دەڵێت: "سیاسەتی تازەی کۆچ لەگەڵ ئەوەی دەستپێشخەرییەکی تازەیە و بوێریی پێوە دیارە، بەڵام ناڕوونی و فەوزاشی تێدایە".
بەڕای یۆهانسن، بەپێی سیاسەتی تازەی کۆچ، زیاتر لە 9000 منداڵ دەبنە پەنابەر و مافی خوێندنیان دەبێت. بەڵام ئەو دەڵێت ئەمە "سەرلێشێواوی بۆ کۆچبەران دروستکردووە، تەنانەت پارێزەرانیش نازانن چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ بڕیارە نوێیەکەدا بکەن".
بڵاوبوونەوەی دۆسیەى منداڵێکی کۆچبەر لە مێدیا لۆکاڵییەکانی سوێد کە بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە چونکە نازانێت چی بکات، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگەی سوێدی هەبوو. لە کاتێکدا بەپێی ئەو سیاسەتە تازەیە، ئەو منداڵە بۆی هەیە بمێنێتەوە و مافی پەنابەرێتی و سوودمەندبوون لە خوێندن دەیگرێتەوە.
یۆهانسن دەڵێت: "رێسا تازەکەى کۆچبەران ئەوەندە لاستیکییە، تەنانەت حکومەت و پارێزەرى کۆچبەرانیش نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن".
ئەگەر رەخنەی یۆهانسن و چالاکڤانانی بواری پەنابەران لە ناڕوونیی یاساکە بێ، ئەوا خەڵکانێک دژایەتییان بۆ رێکارە نوێیەکە دەربڕى چونکە بە گوتەى ئەوان ئاسانکارى زۆرى کردووە بۆ پێدانى مافى مانەوە بە کۆچبەران.
هەفتەی رابردوو پاتریک ریسیلۆ، گەورە سیاسەتمەداری پارتی مۆدێرات و پارلەمانتاری سوێد لە فراکسیۆنى ئەو پارتە، چووە رێزی پارتی سوێدییە دیموکراتەکان کە وەک پارتێکی نەژادپەرست ناوزەند کراوە و بە ئاشکراش دژایەتی بیانیی دەکەن.
ریسیلۆ بە مێدیاکانی سوێدى گوت "هەڵەی سیاسەتی کۆچ ئەو باوەڕەی لا دروست کردم کە لەنێو ئەم پارتە نوێیە درێژە بە کاری خۆم بدەم". ئەو پەرلەمانتارە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش گوتبووى سوێد لە ژێر هەڕەشەی کۆچبەراندایە.
سەبارەت بە سەنگەرگواستنەوەى ئەو پەرلەمانتارە بۆ نێو نەژادپەرستەکان، یۆهانسن دەڵێت "کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر باڵانسی بڕیار و پێگەی ئەو دوو پارتە نابێت، بەڵام ئەوە گوزارشتێکی راستەقینەیە لە زیادبوونی هزری نەژادپەرستی لە کۆمەڵگەی سوێدیدا".
تەنیا چەند رۆژێک بەسەر راگەیاندنی ئەم رێسا تازەیەی کۆچی سوێددا تێپەڕیبوو کاتێک لە یەک کاتدا، سێ کەمپی کۆچبەران سووتێنران و بە زەحمەت کۆچبەران لە ئاگرەکە رزگارکران.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە یەک کاتدا، ئاگری گەورە لە سێ کەمپی کۆچبەران لە ناوچەکانی بۆریبی و فیکخوێ و مۆلیلا کەوتەوە، یەکێک لە ئاگرەکان راستەوخۆ لە شوێنى نیشتەجێبوونى کۆچبەران بەردرا و 17 کۆچبەر زۆر بە زەحمەت لە ئاگرەکە دوورخرانەوە.
رزگار فەرەج کە کۆچبەرێکى کوردە و یەکێکە لەوانەى رزگاری بووە، لە چاوەڕوانی بڕیاری دامەزراوەی کۆچدایە بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی یان گەڕانەوە. رزگار بە (رووداو)ى گوت "تەواو بێزار بووم و لە چاوەڕوانی و دوور نییە بگەڕێمەوە".
رزگاری تەمەن 28 ساڵ کە خەڵکی هەرێمى کوردستانە، زیاتر لە دوو ساڵە لە سوێد چاوەڕێى وەڵامى دەزگاى کۆچ دەکات و دەڵێت "ئەوە سێیەم جارە، بەهۆی رووداوی جیاجیاوە، شوێنی نیشتەجێبوونمان دەگۆڕین".
رزگار دەڵێت بە موعجیزە رزگارى بووە. ئەو باسی ئەو ساتە دەکات و دەڵێت: "تازە لە حەمام هاتبوومە دەرەوە، بە نیازى نانخواردن بووین، هەستم بە بۆنی سووتانى شت کرد، ئەگەر چەند خولەکێکى دیکە لە گەرماوەکە بوومایە، ئێستا لە ژیاندا نەمابووم".
پۆلیس و تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە زوو گەیشتبوونە شوێنى رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو، پاشان رایانگەیاند کە هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکان نادیارن، بەڵام رزگار دەڵێت :"ئەوە یەکەم جار نییە هەوڵی لەو شێوەیە دەدرێت و بە ئاشکراش دیارە کە بە ئەنقەست سووتێنراون". پشتریش گرووپە نەژادپەرستەکانى سوێد لە کاتى خۆپیشاندانەکانیان هەڕەشەى سووتاندنى کەمپەکانى کۆچبەرانیان کردبوو.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش، ئەم گەنجە کوردە بیرکردنەوەیەکی جیای لە کۆچبەرانی دیکە هەیە و دەڵێت :"خەڵکەکە ناهەقیان نییە رقیان لە ئێمە بێت، وێڕای ئەو خزمەتە زۆرەی بە ئێمەیان کرد، دیاریی ئێمە بۆ ئەوان تەنیا تێکدانی وڵاتەکەیان بوو".
ئەو هاوسۆزە لەگەڵ سوێدییەکان کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لە رووداوێکدا لە نێوجەرگەی ستۆکهۆڵم، بەهۆی کۆچبەرێکەوە دەیان کەس بوونە قوربانی :"ناوێرم بە شەو، یان لە چۆڵیدا بچمە کافێیەک، یان رێستورانتێک بە چەندین شێوە دەمشکێننەوە و زۆرجار ترسم لێدەنیشێ".
رزگار ئەوە یەکەمجاری نییە لە لێوارى مەرگ دەگەڕێتەوە، پشتریش لە کاتى کۆچکردنیدا لە یۆنان چیرۆکى رزگاربوونەکەى لە دەریاى ئیجە بووە جێى بایەخى میدیاکان.
رزگار گوتى "لەکاتى هاتنمان بۆ سوێد بەلەمەکە لەنێو دەریاى ئیجە تێکشکا، تەنیا من و سێ گەنجى دیکە رزگارمان بوو، میدیاکان کە بۆ روماڵى هەواڵى کۆچبەران لەوێ بوون، زۆر شتیان لەبارەى چیرۆکى رزگاربوونمان بڵاوکردەوە".
رزگار لەو باوەڕەدایە کە چارەنووسێکى رەشى هەیە و دەڵێت "ئەگەر پەلەم نەکردبایە و یەک هەفتە خۆم بگرتبا، ئێستا دەمێک بوو مافى مانەوەم وەردەگرت، چونکە سێ هاوڕێیەکەم لە رێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فڕۆکە چوونە فینلاند و لەوێ مافى مانەوەیان هەیە و خانووشیان وەرگرتووە".
گوتیشی:"ئیدی قەدەرەکەم وایە، ئەوەندەی نەمابوو لە کەمپێکدا بمرم".
25/5/2017
سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رایانگەیاند، دەیانەوێ وەرزێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە رووی ئابوورییەوە بکەنەوە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە رۆژی چوارشەممە 24-5-2017، ئەنجامیانداوە رووحانی بە ئەردۆغانی راگەیاندووە "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو بۆ گەشەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەنقەرە هەنگاوی زۆر گەورە هەڵگیران، بەڵام بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵات بگاتە 30 ملیارد دۆلار، دەبێ گەشە بە هاوکاری و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بدرێ و ئێران دەیەوێ لە هەموو بوارەکان گەشە بە پەیوەندییەکانیان بدات".
رووحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتویەتی "بەهێزکردنی هاوکاری بانکی بناخەیەکی گرنگە لە گەشەدان بە پەیوەندی نێوان ئێران و تورکیا و بانکە گەورەکانی هەردوو وڵات، دەبێ زیاتر لە جاران بۆ ئەم ئامانجە هەوڵ بدەن".
سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و هاوکاری نێوان دوو وڵات گوتی "هاوکاری نێوان دوو وڵات و هاوکاری سێ قۆڵی لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەندار بە ناوچەکە و لەوانە دانووستاندنەکانی ئاستانە گرنگە و دەتوانێ یارمەتی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بدات".
لای خۆیەوە سەرۆککۆماری تورکیا وێڕای پیرۆزبایی لە رووحانی بە دووبارەبوونەوەی بە سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی لە هەموو بوارەکان گەشە بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بدات".
ئەردۆغان پەیوەندی نێوان ئێران و تورکیای روو بە گەشە لەقەڵەمدا و رایگەیاند "گەشەکردنی پەیوەندی نێوان دوو وڵات زیاتر لە جاران بۆ ناوچەکەش زۆر گرنگە و لەم رێگەیەدا هیچ بەربەستێک نییە".
ئەردۆغان هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا گوتی "بەڕێوەچوونی خێرای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لە تاران بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری دوو وڵات دەتوانێ پەیوەندی نێوان هەردوولا بەهێزتر بکات".
25/5/2017
رۆژنامهیهك كه له مهدرید دهردهچێت، پێشبینی دهكات دووشهممهی داهاتوو یانهی بارسێلۆنا ئارنێستۆ ڤالڤێردی به راهێنهری نوێی یانهكهی رابگهیهنێت.
رۆژنامهی ماركای ئیسپانی، كه نزیكه له ریال مهدرید، رایگهیاند، ئارنێستۆ ڤالڤێردی دوای ئهوهی ئهمڕۆ به فهرمی دهستی له مهشقی یانهی ئاتلێتیك بیلباو كێشایهوه، به دڵنیاییهوه راهێنهری داهاتووی بارسێلۆنایە.
ڤالڤێردی تهمهنی 53 ساڵه و پێشتر وهكو هێرشبهر له یانهی بارسێلۆنا له سألانی 1988 تاوهكو 1990 یاریی كردووه، دواتریش وهكو راهێنهر مهشقی به یانهكانی ڤیاڕیال، ڤالێنسیا، ئیسپانیۆل، ئۆڵمپیاكۆسی یۆنانی و دواجاریش ئاتێلتیك بیلباو داوه.
هاوكات ئهو راهێنهره لهگهڵ بیلباو جامی سوپهری ئیسپانیا له 2015 بهدهستهێنا، كاتێك له یانهی بارسێلۆنایان بردهوه و یهكهم نازناوی دوای نزیكهی 30 ساڵ بۆ یانهكه بهدهستهێنا.
ههروهها پلهی دووهمی بۆ یانهی ئیسپانیۆل له جامی ئهوروپا بهدهستهێنا له ساڵی 2007دا.
ماوهیهكی زۆره ناوی ڤالڤێردی له ریزی ئهو پاڵێوراوانهیه، كه بۆ مهشقی یانهی بارسێلۆنا له شوێنی ئێنریكێ دیاریكراون.
مانگی ئاداری رابردوو لویس ئێنریكێ رایگهیاند له كۆتایی ئهم وهرزهدا مهشقی یانهی بارسێلۆنا جێدههێڵێت، دوای سێ ساڵ كاركردن لهگهڵ ئهو یانهیهدا.
25/5/2017
سهرچاوهیهكی دیپلۆماسى، رۆژی (چوارشهممه 24/ 5/ 2017) ڕایگهیاند، پهیمانى ئهتڵهسى (ناتۆ) دهچێته چوارچێوهى ئهو هاوپهیمانێتییه نێودهوڵهتییهى كه دژ به داعش پێكهێنراوه.
سهرچاوه دیپلۆماسییهكه به ئاژانسى ههواڵیی "A.F.P"ى فهڕهنسى ڕاگهیاندووه، باڵیۆزانى وڵاتانى ئهندام له ناتۆ، بڕیاری چوونه ناو هاوپهیمانى نێودهوڵهتى دژ به داعش، داوه.
ئاماژهى بهوهش دا، كه دهبێت ئهو بڕیاره لهلایهن سهركردهكانى "ناتۆ"وه پهسند بكرێت.
پێشتر، یهنس ستۆلتنبێرگ، ئهمیندارى گشتیی ناتۆ، ڕایگهیاند، كه پهیمانى ئهتڵهسى تا ئێستا بڕیارى نهداوه بۆ چوونه ناو هاوپهیمانى نێودهوڵهتییهوه، گوتیشی :" بهشێك له هاوپهیمانانى ناتۆ به پێویستى دهزانن بههۆكارى سیاسی و پراكتیكی بچینه ناو هاوپهیمانێتییهكهوه".
ههروهها گوتیشی :" ئهوه نامهیهكی بههێزه له بارهى یهكڕیزی بۆ لهناوبردنى تیرۆر". جهختیشیكردهوه لهسهر یهكگرتنى ههوڵه نێودهوڵهتییهكان بۆ بهرهنگاربوونهوهى تیرۆر، بهتایبهت دواى هێرشه خوێناوییهكهى شارى مانچستهر.
پێشتریش دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكى ئهمریكا، داواى له وڵاتانى هاوپهیمانى ناتۆ كرد، ڕێكخراوهكهیان بهشداربن بۆ لهناوبردنى تیرۆر و بچنه چوارچێوهى هاوپهیمانێتییه نێودهوڵهتییهكهوه.
25/5/2017
دوای شهش رۆژ له بڕیاری پڕچهككردنی هێزهكانی سووریای دیموكرات به واژۆی دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمریكا، ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی ئەو وڵاته رادهستی هێزهكانی هەسەدە كران.
بهپێی میدیاكانی توركیا، ویلایهته یهكگرتووهكانی ئەمریکا لە رۆژانی 15 و 20ی ئهم مانگهدا، دووجار هاوكاری سهربازیی گهیاندووهته هێزهكانی سووریای دیموکرات (ههسهده) بە سەرۆکایەتیی یهپهگه بهمهبهستی بهرهنگاربوونهوهی داعش لە رەققە.
هاوكارییه سهربازییهكان لەڕێگەی دەروازەی سنووریی سمێلکای نێوان سووریا و عێراقەوە، بە دووجاری جیاواز، نزیکەی 100 بارهەڵگر، چوونەتە ناوچەکانی ژێردەستی یەپەگە.
بارهەڵگرەکان و ژمارەیەکی زۆر تانکەری سووتەمەنی، سەرەتا روویانکردووەتە حەسەکە، دواتر بەرەو ناوچەکانی باکووری رەققە رۆیشتوون. لەنێو کاروانەکاندا ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سەربازیی، ئۆتۆمبێلی بیناسازی و تەقەمەنی بوونیان هەبووە.
لهنێو کاروانە سەربازییەکانی ئەمریکادا، سەکۆی راجیمەی ئەمریکی، هاوەنی 80 و 120 ملم، مووشەک هاوێژی MK19، تفەنگی M4 Cabrine و M16، ئۆتۆمبێلی سەربازیی لە جۆری Humwee و ناقیلەی زرێپۆشی کەسان لە جۆری Cougar. هەروەها مووشەکی دژەتانکی FGM-148 Javelin، کە سەرەڕای داواکاریی تورکیا، ئەمریکا قایل نەبوو پێی بفرۆشێت، بهڵام رادهستی هێزهكانی سووریای دیموكراتی كردووە.
24/5/2017
بهڕێوهبهرى ههواڵگرى سهربازى "جهنهڕاڵ فینسینت ستیوارت"، رۆژی (سێشهممه 23/ 5/ 2017) ڕای گهیاند، سهربهخۆیی و ڕاگهیاندنى دهوڵهتى كوردستان، تهنها مهسهلهى كاته. ئهمه لهكاتێكدایه كه بهرپرسانى باڵاى ههرێم، باس لهوه دهكهن له پایزى ئهمساڵدا، ڕیفراندۆم دهكرێت.
لێدوانى جهنهڕاڵ فینسینت هاوكاته لهگهڵ سهردانى شاندێكى ههرێمى كوردستان به سهرۆكایهتى مهسرور بارزانى، ڕاوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن بهمهبهستى تاوتوێكردنى دۆسییه سیاسی و ئهمنى و سهربازییهكان لهنێویشاندا پرسی ڕیفراندۆم و سهربهخۆیی كه لهگهڵ ناوهندى بڕیار له كۆشكى سپی، كۆدهبنهوه.
ئهو جهنهڕاڵه له لێدوانێكیدا كه میدیكانى ئهمریكا ئهمڕۆ بلاویان كردووهتهوه، دهڵێت :" سهربهخۆیی كورد له عێراق، تهنها مهسهلهى كاته و هیچى دیكه".
ههرێمى كوردستان له خۆئامادهكرندایه بۆ ئهنجامدانى ڕیفراندۆم لهسهر چارهنووسى كوردستان، كه بهپێی لێدوانى بهرپرسانى باڵا، له پایزى ئهمساڵدا 2017 پرۆسهكه ئهنجام دهدرێت.
ڕێكخراوى "سامپڵ" بۆ گهشهپێدانى سیاسهت بۆ گهنجان، ئهمڕۆ سێشهممه دواى ئهنجامدانى ڕاپرسییهك، ڕایگهیاند :" زیاتر له 74% له ههرێمى كوردستان لهگهڵ سهربهخۆیین و له ڕیفراندۆمدا دهنگ به بهڵێ دهدهن، له بهرانبهردا تهنها 10% دهنگ به نهخێر دهدهن".
24/5/2017
خالید ئەلفالیح وەزیری نەوتی سعوودیە لە میانی سەردانەكەیدا بۆ شاری بەغدای پایتەختی عێراق، رایگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوێ ھاوکار بێ لە دووبارە گەشەپێدانی عێراق، لەمبارەیەوە لە زۆربەی بوارەکان دەرفەتی ھەماھەنگانی گرنگ ھەن.
فالیح لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شاری بەغدا لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی جەبار لوعەیبی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی ساز کرد.
فالیح جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بنەمای سەقامگیری جیھانی عەرەبییە.
گوتیشی "ئارەزووی ئەوە دەکەین کە ھاوکار بین لە دووبارە گەشەسەندنی عێراق و ببینە پردێک لە نێوان ئەو وڵاتە و دۆستەکانمان. لە زۆربەی بوارەکاندا دەرفەتی زۆر گرنگ لەبەردەستمان دایە".
فالیح هەروەها گوتی "ناوچەکە رووبەڕووی کێشەی سیاسی و ئەمنی بووەتەوە. دەمانەوێ بەسەر ئەم کێشانەدا سەربکەوین. دیتمان کە ئەگەر عێراق نەخۆش بکەوێت ئەوا گشت جیھانی عەرەبیش نەخۆش دەکەوێ".
لەلایەکی دیکەش جەبار لوعەیبی وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی بەبیر ھێنایەوە کە ئەوان پرسی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان بۆ نۆ مانگی دیکە قبووڵ کردووە.
گوتیشی "ئێمە بە پێی رێکخراوی ئۆپێک، پرسی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتمان بۆ نۆ مانگی دیکە قبووڵ کردووە و لەمبارەیەوەش ھاوپەیمانین لەگەڵ سعوودیە".
ھاوکات فالیح لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی عەبادی بڵاوکراوەتەوە، فالیح لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەبادی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی کاری وەبەرھەمھێنان لە عێراق دووپات کردووەتەوە.
23/5/2017
لەکۆی 61 شاری پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژنان تەنیا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 28 شاردا سەرکەوتوون و لە 33 شاری دیکە سەرجەم ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەن پیاون.
شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 374 کورسی ئەنجوومەنیان هەیە کە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەکان، 35 کورسی بۆ ژنان دەبێت.
لە شارەکانی ورمێ، مهاباد، سنە و کرماشان هیچ بەربژێرکی ژن نەبووەتە ئەندامی ئەنجوومەن.
23/5/2017
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بارزانی بە فەرمی لە ئەنجامدانی گشتپرسی ئاگاداری کردوونەتەوە.
یان کوبیش، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی عێراق راپۆرتێکی خوێندەوە.
یان کوبیش گوتی "لە 30ی ئازاری 2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پێی راگەیاندین، کە لە ساڵی 2017 ریفراندۆم ئەنجامدەدرێت".
رۆژی 30-3-2017 ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە راپۆرتەکەیدا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بە ئاماری کوژراو و بریندارانی سێ ساڵی رابردووی عێراق کرد و ئاشکرایکرد "لە مانگی 1ی 2014ـەوە 28 هەزار و 23 مەدەنی کوژراون، 52 هەزار و 498 کەسیش بریندار بوون".
لە راپۆرتی یۆنامی لەبارەی رەوشی موسڵ هاتووە، تاوەکو ئێستا 700 هەزار کەس بەهۆی شەڕی موسڵ ئاوارە بوون، یەک لەسەر پێنجیان توانیویانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
23/5/2017
تاران، ئیسلام ئاباد بهوه تۆمهتبار دهكات، كه ڕێگا به چهكدارانى بلووچ دهدات له ناو خاكى پاكستانهوه هێرش بكهنه سهریان، لهو چوارچێوهیشدا
لیوا " محهمهد حهسهن باقر" سوپاسالارى ئێران ههڕهشهى بهكارهێنانى چهك و هێرشی سهربازى دهكات.
میدیاكانى پاكستان لهسهر زارى بهرپرسانى ناوچهى "تفتان" كه لهسهر سنوورى ئێرانه و دهكهوێته ویلایهتى بلووچستانى پاكستانییهوه، گواستییانهوه، كه شهوى یهكشهممهى ڕابردوو، پێنج گوله هاوهن له ئێرانهوه به ئاراستهى ناوچهكهیان تهقێنراوه و له ناو خاكى پاكستاندا تهقیونهتهوه، به بێ ئهوهى زیانى گیانییان بهدواوه بێت.
ههڕهشهكانى تاران دواى كوژارنى 10 پاسهوانى سنوورى ئێرانی دێت كه ڕۆژى 24ى نیسانى ڕابردوو لهلایهن ژمارهیهك چهكدارى سهر به ڕێكخراوى سوپای دادوهرى بلووچییهكان كوژران، ئهوكات دهسهڵاتدارانى ئێران ڕایانگهیاند، كه چهكدارهكان بۆ به ئامانجكردنى پاسهوانهكان، له ناو خاكى پاكستانهوه چهكى دوور مهودایان بهكار هێناوه.
دواى هێرشهكهش، ئهو ڕێكخراوه كه ئێران بهتیرۆریستى دهناسێنێت، دانیان بهوهدا نا، چهكدارهكانیان توانیویانه بۆسهیهك بۆ مهفرهزهیهكی سهر به پاسهوانى سنوورى ئێرانیی له ناوچهى میرجاویه له ویلایهتی سیستان بلووچستان، بنێنهوه و دهستڕێژى گولهیان لێبكهن
24/5/2017