ئاژانسى ههواڵدهرى رۆيتهرز بڵاويكردهوه، وهزارهتى بهرگرى ئهمريكا دهستيكردووه به ناردنى چهك و تهقهمهنى بۆ هێزهكانى پاراستنى گهل (يهپهگه)، كه له ئێستادا سهركردايهتى شهڕى رهققه دهكهن له چوارچێوهى هێزهكانى سوورياى ديموكرات.
بهرههڵستكارهكانى رژێمى سووريا دهڵێن، ئهمريكا و هاوپهيمانهكانى چهكى زياتريان رهوانهى سووريا كردووه بۆ ئهوهى رووبهڕووى پێشڕهوى نوێى ميليشياكانى سهر به ئێران ببنهوه له باشوورى خۆرههڵاتى سووريا، كه ئامانجيان كردنهوهى رێگهى وشكانييه له نێوان عێراق و سووريا.
مهترسييهكان گهورهتر دێنه بهرچاو، كاتێك ئێران ههوڵهكانى چڕكردووهتهوه بۆ ئهوهى ههژموونى خۆى له ناوچهكه بسهپێنێت و له تارانهوه تا بهيرووت كهوانهيهكى شيعى درووستبكات، كه به خاكى عێراق و سووريا و لوبناندا تێدهپهڕێت. له بهرامبهريشدا وڵاتانى عهرهبى سوونه سهركهوتوو نهبوونه له بهرهنگاربوونهوهى ههژموونى ئێران له ناوچهكهدا.
شهڕ له ناوچهكانى باشوورى خۆرههڵاتى سووريا كه به باديه ناسراوه، لهم مانگهدا زياتر چ بووهتهوه و هێزه حكومييهكان و ميليشيا عێراقييه شيعييهكان خۆيان گهياندووهته سنوورى سووريا له ديوى عێراقهوه و دهيانهوێت بهرهنگارى نهياره چهكدارهكانى ئهسهد ببنهوه.
فهرماندهيهكى باڵاى ميليشيا چهكدارييهكانى شيعهى عێراق رايگهياندووه، لهمڕۆ سێشهممهوه دهستدهكهن به يارمهتيدانى سوپاى سووريا بۆ بهرهنگاربوونهوهى مهترسييهكانى داعش له ناو خاكى سووريادا.
ههرچهنده ئهمريكا له عێراقدا هاوكارى ئهو هێزه عێراقييانه دهكات كه لايهنگرى ئێرانن و تاران پشتيوانيان لێدهكات، بهڵام له سووريا ئهمريكا ههوڵهكانى چڕ كردووهتهوه بۆ بهرهنگاربوونهوهى ههژموونى ئێران و دهيهوێت رێگه بگرێت له بڵاوبوونهوهى ههژموونى زياترى ئێران له ناو خاكى سووريادا.
لايهنه چهكدارييهكان كهوتوونهته كێبڕكێوه بۆ ئهوهى له قۆناغى داهاتووى شهڕدا له دژى داعش پارێزگاى دێرزوورى خۆرههڵاتى سووريا رزگار بكهن، كه راستهوخۆ چهكدارانى داعش وهك رێڕهوى بهستنهوهى رهققه به مووسڵهوه بهكارى دههێنن.
چهكدارانى ليواى سوپاى سوورياى ئازاد له ناوچهى بادييه توانيويانه بهشێكى ناوچهكه لهمساڵدا له ژێر دهسهڵاتى داعش دهربهێنن و له 18ى ئهم مانگهشدا ئهمريكا بۆردومانى ژمارهيهك چهكدارى كرد، كه لايهنگرى ئێران بوون و بهرهو ناوچهكه پێشڕهويان دهكرد.
ههر لهم مانگهدا ديمهشق رايگهياند، باديه و دێر زوور به نسبهت سوپاى سوورياوه ئهولهويهتى كارهكانيان پێدراوه و پێوسته كۆنترۆڵبكرێنهوه. لهو چوارچێوهيهشدا ئێران و رووسيا پشتيوانى حكومهتى ئهسهد دهكهن بۆ ئهوهى دهستى بهو ناوچانه رابگات.
چهكداره بهرههڵستكارهكانى ئهسهد رايانگهياندووه، له ههردوو رێگهى جياوازهوه، ئهمريكا هاوكارييهكانى بۆيان زياد كردووه بۆ ئهوهى بتوانن بهرهنگارى ههژموونى ئێران ببنهوه.
ئهو دوو رێگهيهش يهكێكيان پلانى ئاژانسى ههواڵگرى ئهمريكا ناسراو به سى ئاى ئهيه و دووهميشيان له رێگهى ئهردهن و سعوودييهوه وهزارهتى بهرگرى ئهمريكا له ههوڵدايه هاوكارى زياتر بگهيهنێته لايهنگرهكانى له ناو سووريادا.
تهڵاس سهلامه، فهرماندهى سوپاى شێرهكانى خۆرههڵات كه يهكێكه لهو گرووپانهى له ژێر ئاڵاى سوپاى سوورياى ئازاد له دژى بهشار ئهسهد دهجهنگێت و ههواڵگرى ئهمريكا پشتيوانيان دهكات، رايگهياند، ههرگيز رێگه نادهين شيعهكان و رژێمى ئهسهد رێگهى نێوان بهغدا و ديمهشق بكهنهوه. ئهو ئاشكراشيكرد، كه ئهمريكا هاوكارى زياترى پێ گهياندوون.
ههروهها فهرماندهيهكى باڵاى كۆمهڵهى مغاويرى شۆڕش كه له لايهن وهزارهتى بهرگرى ئهمريكاوه هاوكارى دهكرێن، ئاشكرايكرد، پنتاگۆن چهك و چۆڵێكى سهربازى زۆرى له بنكه سهربازييهكهى خۆيهوه له نزيك سنوورى عێراق پێ گهياندوون، به تايبهتى دواى ئهوهى ئهم مانگه سوپاى ئهسهد رووى له ناوچهكهيان كردووه.
گوتيشى: ههوڵهكانى وهرگرتنى چهكدارى نوێ و راهێنانى چهكدارهكانى دێرزوور به خێرايى له بنكهى سهربازى تهنف بهڕێوهدهچن كه تهنيا 20 كيلۆمهتر له سنوورى عێراقهوه دووره.
ئهو فهرماندهيه نهيويستووه ناوى بهێنرێت و ئاماژهى بۆ ئهوهشكردووه، رۆژانه چهك و پێداويستى سهربازى و ئۆتۆمبێل و مووشهكى تاو و زرێپۆشى ئهمريكى دهگهنه هێزهكانيان.
وهك له وێنهكاندا كه چهكداره بهرههڵستكارهكان بۆ رۆيتهرزيان ناردوون، دهردهكهوێت دوو زرێپۆش گهيشتوونهته تهنف و ژمارهيهك چهكداريش خهريكى كردنهوه و دهرهێنانى مووشهكى مۆرتۆرن له ناو سندوقهكانياندا.
فهرماندهيهكى هاوپهيمانى سهربازى كه شهڕ بۆ ئهسهد دهكات به رۆيتهرزى راگهياندووه، بڵاوبوونهوهى هێزه حكومييهكان و چهكداره عێراقييه شيعييهكانى لايهنگرى ديمهشق له باديه، ههموو پلانێكى سعووديه و ئهردهن و ئهمريكا پووچهڵدهكهنهوه.
ههر لهو چوارچێوهيهدا، دوێنێ رۆيتهرز بڵاويكردهوه، هێزهكانى حهشدى شهعبى رايانگهياند، توانيويانه ژمارهيهك گوندى هاوسنوورى سووريا كۆنترۆڵ بكهن و بهوهش رێگه بۆ گهياندنى كۆمهك و هاوكارى سهربازى ئێران بۆ بهشار ئهسهد بكهنهوه.
هێرشهكهى حهشدى شهعبى بۆ سهر ئهو گوندانه هاوكاته لهگهڵ ئهو هێرشهى له ناو سووريادا هێزهكانى ئهسهد و ميليشياكانى ئێران به ئاراستهى سنوورى عێراق ئهنجاميانداوه.
سهرچاوه بهرههڵستكارهكانى رژێمى سووريا هۆشداريان داوه له مهترسى پێشڕهوى سوپاى سووريا و ميليشياكانى ئێران به ئاراستهى سنوورى عێراقدا.
دوێنێ دووشهممه حهشدى شهعبى چهند گوندێكى سنوورى باكوورى بهعاجى كۆنترۆڵ كردهوه، كه هاوسنوورى سووريان.
حهشدى شهعبى ئامانجى سهرهكى له هێرشهكهيدا يهكگرتنهوه بووه لهگهڵ ئهو هێزهى ئهسهد كه له ناو سووريادا به ئاراستهى سنوورى عێراق پێشڕهوى دهكرد.
رۆيتهرز لهو بارهيهوه نووسيويهتى: ئهو ناوچهيه له ديوى سووريادا كهوتووهته ژێر كۆنترۆڵى هێزه كوردييهكان كه لهلايهن ئهمريكاوه هاوكارى دهكرێن و زياتر تهركيزيان لهسهر شهڕى داعشه نهك شهڕى ئهسهد.
تا ئێستا روون نهبووهتهوه ئايا كوردهكانى سووريا رێگه به حهشدى شهعبى دهدهن زهوييهكانى ژێر دهسهڵاتيان بهكاربهێنن بۆ ئهوهى خۆيان بگهيهننه هێزهكانى ئهسهد و به ئاراستهى باشوور و خۆرئاواى سووريا بڕۆن.
حهشدى شهعبى له بهياننامهيهكدا، كه له سايتهكهياندا بڵاويكردووهتهوه، ئاماژهى بۆ ئهوه كردووه، پێشڕهوى به ئاراستهى سنوورى سووريا موعجيزهى رهمهزانه.
له ئێستادا شهڕ له خۆرئاواى مووسڵ بهردهوامه و هێزه ئهمنييهكانى عێراق دهيانهوێت دوايين ژمارهى چهكدارانى داعش له مووسڵ وهدهربنێن.
كۆمارى ئيسلامى ئێران له راهێنان و رێكخستنى ههزاران چهكدارى شيعه ئاينزا له عێراق، ئهفغانستان و پاكستاندا رۆڵى سهرهكى گێڕاوه بۆ ئهوهى هاوكارى رژێمى ئهسهد بكهن و ههروهها چهكدارانى حزبوڵڵاى لوبنان له سووريا له نزيكهوه سهرپهرشتى شهڕهكان دهكهن و له سهنگهرى بهشار ئهسهددان.
ههشت مانگ بهسهر شهڕى مووسڵدا تێدهپهڕێت و هێزه ئهمنييهكان توانيويانه له زۆرينهى رههاى گهڕهكهكانى مووسڵ چهكدارانى داعش دهرپهڕێنن و تهنيا له رۆژئاواى ديجله چهند مۆڵگهيهكى داعش ماوون.
31/5/2017
رۆماننووسی دیاری کورد جان دۆست، لە رێوڕەسمێکدا لە تورکیا نوێترین رۆمانی بەناوی کۆبانێ بڵاوکردەوە و واژۆی لەسەر کتێبە تازەکەی کرد.
ئێوارەی رۆژی هەینی 26ی ئایاری 2017، نووسەر و رۆماننووسی دیاری کورد" جان دۆست" لە ناوچەی بەی ئۆغڵوو لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا، لە رێوڕەسمێکدا نوێترین رۆمانی خۆی بەناوی " کۆبانێ" بڵاوکردەوە و واژۆی لەسەر کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان کرد کە لەلایەن وەشانخانەی دارا چاپ بووە.
لە رێوڕەسمەکەدا وێڕای ئەوەی رۆمانەکە بەسەر خوێنەراندا دابەش کرا، هاوکات جان دۆست، مێژووی نووسین و رووداوەکانی نێو رۆمانەکەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە. رۆمانی کۆبانێ لەلایەن جان دۆستەوە بەزمانی عەرەبی و کورمانجی لە دوو بەرگدا چاپ کراوە.
جان دۆست بە (رووداو)ی گوت: "من رۆمانەکەم سەرەتا بە زمانی کوردی نووسی، پاشان بە زمانی عەرەبی. ئەم رۆمانە، رۆمانی شارەکەی خۆمە کە حەڤدە ساڵە نەمبینیوە. ئەو شەڕەی تێیدا روویدا وای کرد یادەوەرییەکانم وەک کانی بتەقنەوە و دیمەنەکانی هاتنەوە بەر چاوانم. من هەم مێژووی شارەکەم نووسیوە هەم ئەو شەڕەی تێیدا روویدا و هەم پەرێشانیی میللەت و رووداوی دیکەم گێڕاونەتەوە".
شاعیر ، نووسەر و وەرگێڕ جان دۆست، ساڵی 1965 لە کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. لە زانکۆی حەلەب بەشی بایۆلۆژیی تەواو کردووە. لە ساڵی 2000ەوە لە ئاڵمانیا دەژی. سەرەتا بە شیعر دەستی بەکاری ئەدەبی کردووە و یەکەمین دیوانی ( قەڵای دمدم) ساڵی 1991 لە ئەڵمانیا و پاشان لە ھەمان ساڵدا لە ئەستەمبووڵ بڵاوکردووەتەوە.
چەندین کتێبی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە. وەک مەم و زینی ئەحمەدی خانی، کە ناوی ناوە (الدر الپمین فی شرح مم و زین)، بە چوار چاپ لە دیمەشق و بەیرووت بڵاوبووەتەوە. کتێبی (عادات و ڕسووماتنامەی ئەکرادییە)ی مەلا مەحمووی بایەزیدی و رۆمانی (لابیرەنتا جنان - متاھە الجن)ی حەسەن مەتی بۆ پڕۆژەی ئەلکەلیمە کردوونەتە عەرەبی و لە ئەبوزەبی چاپکراون. جان دۆست خاوەنی هەشت رۆمانە بەناوەکانی: مژاباد، سێ ھەنگاڤ و سێدارەک، میرنامە، مارتینێ بەختەوەر، عشیق المترجم، دم علی المئژنە، نواقیس روما و کۆبانێ.
31/5/2017
رۆژی چوارشەممە 31-5-2017 هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت. عەلی لاریجانی لەبارەی خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی سێ فراکسیۆنی سەرەکی ریفۆرمخواز، نەریتخواز و سەربەخۆکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران کۆبووەوە.
بەگوتەی پەرلەمانتارێک، سێ فراکسیۆنەکە لارییان نەبووە لە هەڵبژاردنەوەی لاریجانی بە سەرۆکی پەرلەمان. دەشڵێت فراکسیۆنی ریفۆرمخوازان داوایکردووە دەستەی سەرۆکایەتی بەشێوەی ئێستا بمێنیتەوە، بەڵام فراکسیۆنی نەریتخوازان داوای گۆڕانکاری دەکات.
ئەو فراکسیۆنانە لەسەر پۆستەکانی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ناکۆکن. نوێنەری مهاباد لە پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنی سوننە مەزهەبەکان داوا دەکات ریفۆرمخوازان پشتگیری لە پەرلەمانتارێکی کورد و سوننە بکەن تاوەکو ببێتە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
عەلی لاریجانی هەشت ساڵە سەرۆکی پارلەمانی ئێرانە. ئەو سیاسەتڤانێکی نەریتخوازە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی داوە میانەوڕەوی رەچاو بکات. هەر بۆیە هەڵبژاردنەوەی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی تا رادەیەکی زۆر یەکلایی بووەتەوە.
31/5/2017
حەسار و سەگەکانی باوکم کە یەکێکە لە رۆمانە دیارەکانی شێرزاد حەسەن، دوای سێزدە ساڵ سانسۆر لەسەر بەشێکی رۆمانەکە، لە ئێران دووبارە مۆڵەتی چاپکردنی وەرگرتەوە و بەمنزیکانە رۆمانەکە بە زمانی فارسی بڵاودەبێتەوە.
مەریوان هەڵەبجەیی، نووسەر و وەرگێڕ بە (رووداو)ی راگەیاند: "پاش هەوڵ و کۆششێکی زۆر و سێزدە ساڵ لە سانسۆر لەسەر بەشێکی رۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم کە لە نووسینی رۆماننووس شێرزاد حەسەنە ، توانیم جارێکی دیکە مۆڵەتی چاپی وەربگرمەوە و رۆمانەکەش لە کۆتایی مانگی حوزەیران بە زمانی فارسی لەلایەن ناوەندی چشمەی ئێران چاپ و بڵاودەبێتەوە".
لەبارەی قەدەغەبوونی رۆمانەکە، مەریوان هەڵەبجەیی گوتی: " یەکەمجار لە ساڵی 1998 رۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم بۆ زمانی فارسی وەرگێڕا، بەڵام لەلایەن دەزگای سانسۆری ئێران زیاتر لە پازدە لاپەڕەی سانسۆر کرا و دواتر مۆڵەتی چاپبوونیان پێدا و منیش بەو بڕیارە رازی نەبووم، بەڵام ئێستا خۆشحاڵم کە رۆمانەکە بەبێ سانسۆر رەزامەندیی چاپبوونی وەرگرتووە و دووبارە چاپ دەبێتەوە".
مەریوان لەبارەی رۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم دەڵێ: "شێرزاد حەسەن یەکێکە لە رۆماننووسە دەگمەنەکانی کورد. یەکێک بووە لەو نووسەرانەی کە ئەدەبیاتی کوردی لە لەیەکچوون و دووبارەبوونەوە رزگار کرد و هاوکات نووسەرێکە کە چیرۆکی کوردی لە بێ رۆحی زیندووکردووەتەوە".
شێرزاد حەسەن ساڵی 1952 لە هەولێر لەدایک بووە و ساڵی 1975 بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی بەغداد تەواو کردووە. خاوەنی 10 کتێبە بەناوەکانی: گوڵی رەش، پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان، حەسار و سەگەکانی باوکم، دواشەوی دابەزینی عیسا، پیرەپەپوولەکانی ئێواران، تەنیایی، گەڕەکی داهۆڵەکان، تەمی سەرخەرەند، ژنێک بەسەر منارە و خەونی جاڵجاڵۆکەکان و ژنێکی منگن.
30/5/2017
سەركردە سەربازی و سیاسییەكانی عێراق تا ئێستا چەند جارێك رایانگەیاندووە كە بەم نزیكانە لە مووسڵ سەركەوتن بەسەر داعشدا رادەگەیەنن، بەڵام داعش خۆی بۆ شەڕی مان و نەمان لە مووسڵ ئامادە كردووە و دەیەوێ لە رووبەرێكدا كە تەنیا نۆ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێ، درێژە بە مانەوەی خەلافەتەكەی لە عێراق بدات.
هیچ كەس و لایەنێك و شرۆڤەكارێك ناتوانێت پێشبینی كۆتایی شەڕ لە بەری رۆژئاوای مووسڵ بكات، داعش لە ماوەی رابردوودا بە پلانێك سوپای عێراقی بۆ ئەو ناوچەیە راكێشا كە ئێستا دوا شەڕی خۆی تێدا دەكات، چونكە لە گەڕەكە كراوە و ئاساییەكانی مووسڵ نەیتوانی خۆی بگرێت، ناچار دوای نزیكەی چوار مانگ شەڕكردن، زیاتر لە 40 گەڕەكی لە بەری لای رۆژهەڵات لەدەستدا.
سنووری شەڕ لە مووسڵ بۆ بچووكترین رووبەڕ بەرتەسك بووەتەوە، شەڕی تۆپی دوورمەودا و تانك و زرێپۆش و مووشەك كۆتاییان هات. ئێستا داعش تەنیا یەك ناوچەی بەدەستەوە ماوە، ئەویش مووسڵی كۆنە.
زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی بەری رۆژئاوای مووسڵ لە گەڕەكی مووسڵی كۆن كۆبوونەتەوە. وا مەزەندە دەكرێ كە نزیكەی 500 تاوەكو هەزار چەكداری داعش لەو رووبەرە بچووكەدا كۆبوونەتەوە. لەڕووی سەربازییەوە زەنجیل و سەحە بە دوو ناوچەی تەواوكاری مووسڵی كۆن دادەنرێن.
مووسڵی كۆن حەوت دەرگای هەیە (سێ دەرگا لە باكوور و چوار دەرگا لە باشوور) دەرگاكانیش كە بە گەڕەك هەژمار دەكرێن، بریتین لە بابولتۆپ، باب سنجار، باب لەگش، باب ئەلبیز، باب ئەلشەمس، باب ئەلسەرای، باب ئەلجەدید. رووبەڕووی ئەو ناوچەیە نۆ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیكەی 130 هەزار مەدەنیی تێدا گەمارۆدراوە.
گرنگترین گەڕەكەكانی مووسڵی كۆن بریتین لە: سەرچخانە، فاروق، شیفا، باب سنجار و زنجیلی.
بۆچوونی شرۆڤەكارانی سەربازی تا رادەیەكی زۆر لەیەكەوە نزیكە لەسەر شەڕی كۆتایی داعش لە مووسڵ، لیوا روكن ماجد جاسم، شرۆڤەكاری سەربازی بە (رووداو)ی راگەیاند "شەڕی كۆڵان بە كۆڵان تەنیا دژەتیرۆر لێی شارەزایە. ئەو هێزانەی دیكە ئەزموونیان نییە، لە سەرەتاوە ئێمە و دەیان كەسی دیكە گوتمان دابەشكردنی هێزەكان لە مووسڵ زۆر خراپە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی داعشدا دەبێت".
پۆلیس تەماشای مزگەوتەكەی بەغدادی دەكات
لەشەڕی لای راستی مووسڵ، پۆلیسی فیدراڵی، هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا، دژە تیرۆری عێراق و فیرقەی نۆی سوپای عێراق بەشدارن. هەروەها حەشدی شەعبیش لە دەرەوەی مووسڵ شەڕ دەكات. زیاتر لە 40 رۆژە پۆلیسی فیدراڵیی عێراق بە دووریی 900 مەتر لە نزیك مزگەوتی نووری كە بەغدادی خەلافەتەكەی تێدا راگەیاند، سەنگەری گرتووە و تەماشای مزگەوتەكە دەكات، بەبێ ئەوەی هیچ پێشڕەوییەك بكات. كردنەوەی میحوەری باكوور لەلایەن دژەتیرۆر و فیرقەی 9 بووە هۆی ئەوەی داعش روو لە ناوچەی مووسڵی كۆن بكات و دوا شەڕی لەوێ بكات.
موئەید سالم ئەلجحش، پسپۆڕی سەربازی لە شەڕی نێوشار بە (رووداو)ی گوت: "مووسڵی كۆن دەبێتە زەلكاوی هێزە عێراقییەكان، چونكە هەموو خانوویەكی بەری راستی مووسڵ ژێرەزەمینی هەیە. داعش بە تەواوی خۆی لەوێ قایم كردووە، سوپای عێراقیش شەڕكەری بۆ نێو شار نییە و بێ ئەزموونە".
لە مووسڵی كۆن مووشەك دەبارێ
عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند ''داعش هەموو رێگەیەك بۆ مانەوە دەگرێتەبەر، خەمی یەكەمی ئێمەش پاراستنی هاووڵاتیانە نەك كۆنتڕۆڵكردنەوەی زەوی، بەدڵنیاییەوە ئەو شوێنەی بەدەست داعشەوە ماوەتەوە بەرگری لێدەكات و هەرچی هەبێت تێیدا بەكاری دەهێنێ".
دانیشتوویەكی بەری رۆژئاوای مووسڵ لە رێگەی تەلەفۆنەوە باسی رەوشی مووسڵی كۆنی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: "دوو مانگە ئاوی خواردنەوە بە بۆڕٍیی ماڵاندا نەهاتووە، تەنیا ئاوی بیر دەخۆینەوە. داعش هەرچی دەرگای ماڵانە لێی كردوونەتەوە و دیواری ماڵانی هەمووی كون كون كردووە، رۆژانەش سەدان مووشەك و تۆپمان بەسەردا دەبارێت".
ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری راستی مووسڵ لە 17/2/2017 دەستی پێكردووە، بەڵام كۆتاییەكەی بەلای شرۆڤەكارانی سەربازییەوە دیار نییە، رۆژ بەڕۆژیش ژمارەی قوربانیان لە سەرباز و مەدەنی بە تایبەتیش مەدەنی، زیاتر دەبن كە ئێستا وەكو قەڵغانی مرۆیی لەلایەن داعشەوە بەكاردەهێنرێن.
شرۆڤەكاران تێبینیان لەسەر ئاراستەی مووشەكەكان و جۆرەكانیان هەیە، موئەید سالم دەڵێت: "لە 17ی كانوونی دووەمەوە رۆژانە 100-200 مووشەك ئاراستەی مووسڵ كراون. هیچ مووشەكێكی عێراقی ئامانجەكەی ناپێكێ و هەرچی لوولەی تۆپی هێزە عێراقییەكانە چەوتە، بۆیە داعش بە درێژایی مانگی رەمەزان لە مووسڵی كۆن دەمێنێتەوە و شەڕ دەكات و شەڕ دوای رەمەزان كۆتایی دێت".
عەمید یەحیا رەسوڵیش دەڵێت ''هەرگیز ناتوانین كات بۆ كۆتایی شەڕەكە دابنێین، بەڵام سەربازی خۆمان هەیە بۆ شەڕی مووسڵی كۆن و باش ئامادەكراون. ئەگەرچی داعش خۆی لە پەنای 100 هەزار سڤیل حەشارداوە.
سەبارەت بە بەرگری و مانەوەی داعش لە مووسڵ و ژمارەی چەكدارەكانی، ماجد جاسم گوتی ''تانكەكانی سوپای عێراق لە دەرگاكانی مووسڵی كۆن دەوەستن و 90%ی ئەو چەكدارانەی ماونەتەوە خۆكوژن، بۆیە شەڕێكی سەخت دەبێت و تەنیا شەڕی كۆڵان بە كۆڵان شەڕەكە یەكلایی دەكاتەوە، چونكە داعش تۆڕێك تۆنێلی لەنێو مووسڵی كۆن لێداوە كە هەموو گەڕەكەكان لە ژێرەوە پێكەوە دەبەستێتەوە".
30/5/2017
قایمقامی قەزای چۆمان دەڵێت ئەو سێ ورچەی لە مانگی نیسانی رابردوودا لەلایەن رێكخراوێكەوە ئازاد كران، ئێستا لەسەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان دێن و دەچن، زۆرجاریش دەچنە دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان. سەرۆكی رێكخراوەكە دەڵێت بە نیازن سێ ورچی دیكەش ئازاد بكەن.
لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2016، رێكخراوی هاوكاری كوردی - ئەمەریكی چوار ورچیان لە گوندی وێزەی قەزای چۆمان ئازادكردن. ورچەكان پێشتر لە ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان راوكرابوون، یەكێك لە ورچەكان هێندە ئاشنای مرۆڤ بووبوو، نەیتوانی لە چیا بمێنێتەوە و هەر زوو گەڕایەوە نێو ئاوایی. سێ ورچەكەی دیكەش ئێستا لە كوێستانەكانی كوردستان دێن و دەچن.
ئەو ورچەی لە چیا نەحەوایەوە، لە تەمەنی دوو مانگییەوە بە شیر لەلایەن مرۆڤەوە پەروەردە كرابوو، هێندە هۆگری مرۆڤ بوو، هەر رۆژێك دوای بەرەڵڵاكردنی گەڕایەوە نێو ئاوایی.
بڵند بریفكانی، سەرۆكی رێكخراوی كوردی- ئەمریكی بە (رووداو)ی راگەیاند، رێكخراوەكەیان یەكێك لە كارەكانی ئازادكردنی ئەو ئاژەڵە دڕندانەیە كە مرۆڤ لە ژینگە و سروشتی خۆی دایبڕاندوون، بۆ بەدەستهێنانی بڕە پارەیەك هێناویاننە نێو ئاوەدانی و سەمایان پێدەكەن.
رێكخراوەكەی بڵند هەر لە سەرەتاوە بەرنامەی ئازادكردنی حەوت ورچی هەبووە، لە ماوەی رابردوودا چوار لە ورچەكانی ئازاد كردن، سێی دیكەش لە داهاتوودا ئازاد دەكرێن.
بریفكانی گوتی "مانگی رابردوو چوار ورچمان لە سنووری ناشناڵ پاركی هەڵگورد لە ناوچەی بەفرزۆنەكان كە شوێنی ژیانی ئاژەڵی دڕەندەیە، ئازاد كردن، سێ لە ورچەكان هەرزوو توانییان خۆیان لەگەڵ سروشت و ژینگەی كە لێیەوە هاتبوون رابهێننەوە، بەڵام یەكێك لە ورچەكان چونكە بە بچووكی كەوتبووە دەست مرۆڤ، نەیدەتوانی لە ئاوەدانی دوور بكەوێتەوە". گوتیشی "ئەو ورچەمان هێنایەوە لای خۆمان، ئێستا لەگەڵ سێ ورچی دیكە كە تەمەنیان هێشتا هی شاخ نییە، لە دهۆك رایاندەهێنین بۆ ئەوەی بیانگێڕینەوە نێو سروشت".
سەبارەت بە چارەنووسی سێ ورچە ئازادكراوەكە، ئەحمەد قادر قائیمقامی قەزای چۆمان بە (رووداو)ی راگەیاند، بەردەوام لە رێگەی موختاری گوندەكان و پۆلیسەوە چاودێریی ئەو ورچانە دەكەن بۆ ئەوەی كەس زیانیان پێنەگەیەنێ.
ئەحمەد قادر گوتی "ورچەكان بەو پێیەی لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری كوردستان ئازادكران، هەمیشە لەسەر سنوور دێن و دەچن، هەندێك رۆژ دەچنە گوندی كۆنەلاجان لە پیرانشار لە رۆژهەڵاتی كوردستان، هەندێك رۆژیش لە گوندی وێزەی سەر بە قەزای چۆمان دەبینرێن".
ئەو ناوچانەی كە ورچەكانی لێن، لەم وەرزەدا پڕە لە ماڵە كۆچەری كە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیان روویان لەو ناوچە كوێستانیانە كردووە، شوانەكان بەردەوام بە چەك و سەگ پاسەوانی لە مەڕ و بزنەكانیان دەكەن، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئاژەڵە كێوییەكانی وەكو گورگ و ورچ دروستكردووە.
ئەحمەد قادر دەڵێت "سەرجەم ماڵە كۆچەرییەكانمان ئاگاداركردوونەتەوە كە هەر كەسێك تەقە لەو ورچانە بكات، بەرەوڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە". ئەحمەد قادر باسی كێشەیەكی ئەو ئاژەڵدارانە دەكات و دەڵێت "لە ئێران كوشتنی ئەو جۆرە ئاژەڵە كێوییە دڕاندانە قەدەغەیە، بەڵام ئەگەر زیان بە خاوەن ئاژەڵەكان بگەیەنن ئەوە حكومەتی ئێران خاوەنەكانیان قەرەبوو دەكاتەوە، بەس لە هەرێمی كوردستان كوشتنی ئەو ئاژەڵانە قەدەخەیە و ئەگەر زیانیشی هەبوو، كەسی زیانلێكەوتوو قەرەبوو ناكرێتەوە".
30/5/2017
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، شەڕی دژی رێکخراوی داعش پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و تاکتیکەکەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ CBS News جەیمس ماتیس رایگەیاند، ئێستا ستراتیژیەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خێراکردنی ئۆپەراسیۆنەکانە بۆ مەبەستی لەنێوبردنی ئەو رێکخراوە تووندئاژۆیە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، تاکتیکەکە لە لاوازکردنی داعشەوە بۆ لەنێوبردنی گۆڕاوە و ئامانج لە تاکتیکە نوێکەش ئەوەیە رێگەنەدرێت چەکدارە بیانییەکان لە بەرەکانی شەڕ رزگاریان بێت و بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
جەیمس ماتیس راشیگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خەلافەتەکەی داعش هەڵدەتەکێنن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەربارەی شەڕی موسڵ و رەققەش قسەی کرد و گوتی، داعش لە رۆژئاوای موسڵ و تەلەعفەر گەمارۆدراوە و هەوڵەکانیش بۆ گەمارۆدانی رەققەی پایتەختی خەلافەتەکەی بەردەوامن و هەر کاتێکیش ئەو شارە گەمارۆدرا، ئیدی "دەچینە ناوەوە و پاکی دەکەینەوە".
29/5/2017
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سعودیە بە "گەمژە" ناودەبات و دەڵێت "دوای تەواوبوونی پارەکانیان لەنێویان دەبەین".
لە کۆبوونەوەیەکدا بە بۆنەی مانگی رەمەزان، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند "لە هەندێک وڵاتی ئیسلامی وەک سعودیە کەسانی نەشیاو دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست".
خامنەیی سعودیەی بە "مانگای شیری" شوبهاند و گوتی "بێمێشکانە وادەزانن بەپێدانی پارە و هاوکاریکردن دەتوانن خۆشەویستی دوژمنانی ئیسلام بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا خۆشەویستییەک نییە و هەر بەوجۆرەی خۆیان گوتویانە، وەکو مانگای شیری-ین و دەیاندۆشن و کاتێک شیریان نەما سەریان دەبڕن".
لە ماوەی رابردوو پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران زیاتر ئاڵۆزبووە و یەکدی بە دەستێوەردان لە کاروباری سووریا و یەمەن تۆمەتبار دەکەن.
29/5/2017
لەو چەند ملیاردێرەی لە هەرێمی كوردستان هەن، تەنیا سێ ملیاردێر بە تەواوی زەكاتەكانیان دەدەن. گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان زەكاتی سەرمایەداران بە 300 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێ.
زەكات یەكێكە لە پێنج بنەماكەی ئیسلام، بەپێی دەقەكانی قورئان لەسەر ئەو كەسانە واجبە كە توانای داراییان هەیە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر سامان و دارایی، دەبێ 2.5%ی سامانەكە ببەخشێتە هەژاران.
لە هەرێمی كوردستان و زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی سندوقی زەكات نییە و پارەی زەكات و سەرفیترە بە هەڕەمەكی دەدرێت. بەگوتەی عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی ئیسلام، زەكاتی ساڵانەی جیهانی ئیسلامی نزیكەی 400 ملیار دۆلار دەبێ.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف بە (رووداو)ی راگەیاند، لە ساڵی 2008 پرۆژەی دانانی سندوقی زەكاتیان داوەتە لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەبارەی پرۆژەكە بدەن و دەوڵەمەندی بكەن، پاشان لە ساڵی 2010 پرۆژەكەیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوانەوە بنێردرێ بۆ پەرلەمان.
بە گوتەی مەریوان نەقشبەندی، ئەوكاتەی ئەوان پرۆژەكەیان ئامادە كردووە، زەكاتی ساڵانەی خەڵكی هەرێمی كوردستان نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار بووە كە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و ناڕێكخراو دراوە.
سیراج خەیلانی، سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەو پرۆژە یاسایە بە (رووداو)ی راگەیاند :"پرۆژەكە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە، چونكە دەمانزانی دروستكردنی سندوقێكی زەكات ئاسان نییە".
هەفتەی رابردوو عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی ئیسلام لە شاری سلێمانی سندوقی زەكاتی راگەیاند، بەڵام مەریوان نەقشبەندی رەخنە لەو هەنگاوە دەگرێت و دەڵێ: "ئەوان ئازادن وەكو رێكخراوێك پارە كۆبكەنەوە، بەڵام هەنگاوەكەیان بەبێ راوێژ بووە و ئێمە رێگا نادەین مینبەری مزگەوت و دەزگاكانی حكومەت بۆ كۆكردنەوەی زەكات بەكاربهێنن".
عومەر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی سندوقی زەكات سەبارەت بە دانانی ئەو سندوقە گوتی "بۆشاییەك لە بواری كۆكردنەوەی زەكات و دابەشكردنی هەیە، رابیتەی ئیسلامی دەستپێشخەری بۆ دامەزراندنی ئەو سندوقە كرد كە هاوكارێكی باشی حكومەت دەبێ بۆ كەمكردنەوەی هەژاری و كەمدەرامەتی، بە تایبەتی لەم قەیرانە داراییەدا".
عومەر عەلی گوتی، لیژنەیەكی باڵا لە زانایان و خێرخوازان دروستكراوە بۆ چۆنیەتی كۆكردنەوە و دابەشكردنی زەكاتەكە. داواش لە وەزارەتی ئەوقاف كراوە نوێنەری خۆیان بنێرن یان لە هەر شوێنیك ویستیان چاودێری و لێكۆڵینەوە بكەن، ئازادن. لە كۆتایی مانگی رەمەزانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وردەكاریی كۆكردنەوە و دابەشكردنەكە بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو.
لەدوای ساڵی 2003 رەوشی دارایی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی رۆیشت، پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەستیان پێكرد و پیشەسازی نەوت لە كوردستان گەشەی كرد، بەمەش ژمارەی سەرمایەداران زیادی كرد، بەڵام بەگوتەی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ژمارەیەكی زۆر سەرمایەدار خۆیان لە دانی زەكات دەدزنەوە.
یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "سێ ملیاردێر و دەیان ملیۆنێر لە هەرێمی كوردستان هەن، بەڵام وەكو پێویست ئەركی شەرعیی خۆیان جێبەجێ ناكەن بەداخەوە، بە پلەی یەكەم دەوڵەمەندەكانی هەولێر زەكات دەدەن، پاشان دەوڵەمەندەكانی دهۆك ئینجا سلێمانی".
گوتیشی: "ئەگەر دەوڵەمەندەكانی هەرێمی كوردستان نیوەی زەكاتەكانیان بدەن، ئەمساڵ 150 ملیۆن دۆلار كۆدەكرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سندوقێكی تایبەت وەكو پێویست سوود لەو زەكاتە وەرناگیرێت".
گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت چەندین سەرمایەدار بەپێی پێوەرە شەرعییەكان هەموو ساڵێك زەكات دەدەن "دەوڵەمەند و سەرمایەداری زۆر لە كوردستان هەن، ساڵانە زەكات وەكو خۆیان دەدەن، بەڵام سێ سەرمایەداری باشووری كوردستان كە سەرمایەكەیان لە ملیارێك دۆلار زیاترە، ساڵانە لە هەر ملیار دۆلارێك 20 ملیۆن دۆلار زەكات دەدەن، ئەوانیش لە هەولێر ئەحمەد ئیسماعیل، خاوەنی كۆمپانیای ماس، لە سلێمانی كۆمپانیای قەیوان و لە دهۆكیش كاك حاجی مەشهود خاوەنی گرووپی مازی".
29/5/2017
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی کرد کە بوونەتە مایەی سەرنجی خەڵک. ترەمپ لە سعودیە بە شمشێر سەمای عەرەبی دەکرد، لە ئیسرائیلیش ویستی دەستی میلانیای هاوژینی بگرێت، بەڵام میلانیا رێگەی نەدا، لە کۆبوونەوەی ناتۆ پاڵی بە سەرۆکوەزیرانی مۆنتینیگرۆ نا، جگە لەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە و دەگوترێت دەستکاری کراوە، ترەمپ هەوڵدەدات دەستی پاپا فرەنسیس بگرێت.
دۆناڵد ترەمپ، 45ەمین سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەر شوێنێک دەچێت، چاوی میدیاکانی بە وردی لەسەرە. ترەمپ لە یەکەمین گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی سەردانی چەند وڵاتێکی تەواو جیاوازی کرد، لەوانە شانشینی سعودیە، ئیسرائیل و ڤاتیکان..
رەفتارەکانی ترەمپ، لەو سێ وڵاتەدا زۆرترین قسەی بەدوای خۆیدا هێنا. لە سعودیە شمشێرێکی گرتە دەست و لەگەڵ سعودییەکان دەستی بە سەما کرد، لە ئیسرائیل ویستی دەستی میلانیای هاوژینی بگرێت، بەڵام میلانیا رەتیکردەوە و ئەوەی جێی سەرنجیشە، میلانیا هەمیشە لە دواوەی ترەمپ دەڕوات.
گرتەیەکی ڤیدیۆیش لە کاتی سەردانەکەی بۆ ڤاتیکان بڵاوبووەوە، بەپێی گرتەکە ترەمپ هەوڵی داوە یاری بە دەستی پاپا فرانسیس بکات و پاپاش کاردانەوەی تووندی هەبووە. بەڵام دەگوترێت ئەو گرتەیە دروستکراوە و راست نییە.
شارەزایەکیش لە زمانی جەستە دەڵێت، رەفتارەکانی ترەمپ زیاتر هەڵقوڵاوی هەست و سۆزییەتی.
لیلیان گڵاس، شارەزا لە زمانی جەستە دەڵێت: "زمانی جەستە زۆر شتمان لەبارەی هەستی کەسایەتییەکانەوە پێدەڵێت. لەبارەی دۆناڵد ترەمپیش بەدڵنیاییەوە دەبینین کە هەمووشتێک لەسەر هەست و سۆزەوە دەچنەپێشەوە".
لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆک و گەورە بەرپرسانی وڵاتان، ترەمپ زۆرجار جیاوازتر لە کەسایەتییەکی سیاسی دەردەکەوێت و جوڵانەوەی سەرنجڕاکێش دەکات.
لە لووتکەی ناتۆشدا ترەمپ، بۆئەوەی بێتە ریزی پێشەوە، پاڵ بە سەرۆکوەزیرانی مۆنتینیگرۆوە دەێنێت و دێتە پێشەوە.
لە کۆبوونەوەکەشیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا بۆ ئەوەی هێزی خۆی نیشانی ماکرۆن بدات، تووند دەستی ماکرۆنی گوشی.
لیلیا گڵاس، لەبارەی ئەو دیدارەوە دەڵێت: "دوو سەرکردەی جیهانی هەن، هەردووکیان دەیانەوێت هێزی خۆیان نیشانی یەکدی بدەن لە رێگەی تەوقەکردنەوە، شتەکە تەنیا لەسەر گوشینی دەستی یەکدی نییە، وەک لە میدیا باس دەکرێت، بەڵکو بە بوونی هێزی هاوبەشیش دێت".
گرتە ڤیدیۆییەکانی ترەمپ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتیش فەیسبووکی تەنیوە، میدیاکان چاوی تەواویان لەسەر ترەمپە و هەر کاتێک رەفتارێکی سەرنجڕاکێش بکات، خێرا بڵاودەبێتەوە و هاوکات هەندێک جاریش کۆمیدییەکانی ئەمریکا بۆ دڵخۆشکردنی بینەرانیان لاسایی رەفتارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەنەوە.
28/5/2017
کۆنگرەی وڵاتانیG7 کۆتاییهات ، ئەمریکا و وڵاتانی بەشداربوو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای جیهان نەگەیشتنە رێککەوتن. سەبارەت بە سووریا و عێراق و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر گفتوگۆ کرا، هەموو بەشداران کۆکن لە سەر ئەوەی شەڕی تیرۆ بکەن تا کۆتای هاتنی هەڕەشەکان.
لووتکەی جی حەوت لە شاری گەشتیاری تۆرمینا لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچوو ، لەم دوو رۆژەی لووتکەکە هەر یەک لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر زەوی و لەتۆڕی ئینتەرنێت، گۆڕانی کەش و هەوا و دۆخی سووریا ، لیبیا ، یەمەن ، ئۆکراینا و کۆریای باکوور تاوتوێ کران.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لەسەر زۆربەی پرسەکان وڵاتانی ئەندام لە جی حەوت رێککەوتوون، بەڵام وڵاتان نەیانتوانیوە قەناعەت بە ترەمپ بکەن، پابەندی رێککەوتنی گۆڕانی کەش و هەوای پاریس بێت.
ماکرۆن هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن ، سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "گفتوگۆکانمان لەسەر تیرۆر زۆر دەوڵەمەند بوون و راگەیێندراوە هاوبەشەکانیشمان هەلی گفتوگۆ فراوانتر دەکات. یەکێک لە گفتوگۆکان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆربوو لەسەر ئینتەرنێت. من لەکاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانیشدا قسەم لەسەر ئەمە دەکرد. داوامان لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی کردووە، بەزووترین کات رووبەڕووی تۆڕە تیرۆریستییەکان ببنەوە و پڕوپاگەندەکانیان لەناوبەرن."
لە جی حەوتدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوایکردووە، ئەو سەربازە بیانیانەی دەچنە نێو داعش، چ پێش گەڕانەوەیان چ پاش گەڕانەوەیان بە سزای خۆیان بگەن.
لە لووتکەکەدا باس لە گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر گرووپە چەکدارییەکان کراوە، لە پاڵ هەر یەک لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، ئۆکراینا و کۆریای باکووریش لەبیرنەکران.
ئەنگێلا مێرکل ، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی: "دەتوانم پێتانبڵێم بەشێک لە رێنماییەکانی لوتکەی جی حەوتمان بردە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم رێنماییانە شەڕی تیرۆر لەخۆدەگرێت کە ئێمە پێشتر راگەیێندراوێکی هاوبەشمان لەسەری بڵاوکردووەتەوە. هەموو ئەم کێشە نێودەوڵەتییانە وەکو کۆریای باکوور ، لیبیا، سووریا و ئۆکراینا لەیەکتێگەیشتن و تێڕوانینی باش لەسەریان بەدی دەکرێت."
وڵاتانی جی حەوت کە لە ئەڵمانیا ، فەرەنسا ، بەریتانیا ، ئیتاڵیا ، کەنەدا و ژاپۆن پێکدێن، لەسەر زۆربەی پرسە بازرگانی و سەربازی وکۆچبەری و دیپلۆماتییەکان پێکهاتن، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا بەش بەشی کردن، ترەمپ بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو دوایین بڕیاری لەسەر رێککەوتنی پاریس رابگەیێنێت.
28/5/2017
بەپێی زانیاریی میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران دوێنێ هەینی فەرماندەیەکی باڵای سوپاسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارۆچەکی (بەعاج) لە ڕۆژئاوای مووسڵ کوژراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (مەشرقنیوز)، دوێنێ هەینی 2017/5/26 لە شارەدێی (بەعاج)ی سەر بە ڕۆژئاوای مووسڵ شەعبان نەسیری، فەرماندەیەکی باڵای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە شەڕی دژ بە داعشدا کوژراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ماوەی 38 ساڵ لەناو سوپا خزمەتی کردووە و لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا ڕۆڵی زۆری هەبووە و ماوەیەکی زۆری لەناو سوپای قودسدا لە وڵاتانی سووریا و عێراقدا شەڕی کردووە.
کوژراونی ئەم فەرماندەیەی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و شەڕی مووسڵدا لە کاتێک دایە کە ئێران هەموو کات حاشای لە بوونی سەربازان و هێزی چەکداری خۆی لە عێراق کردووە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا ماڵپەڕە فەرمییەکانی ءیران چەند ڕاپۆرتێکیان لەبارەی شەڕی ئازادکردنی مووسڵ و بوونی هێزەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە.
27/5/2017
لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆرانبازێکی بەناوبانگی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لەسێدارە درا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، سەر لە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 2017/5/25 زۆرانبازێکی ناوداری کوردی خەڵکی شاری )شائاباد)ی سەر بە پارێزگای کرماشان بەناوی )حوجەتوڵڵا تودڕۆ( لە زیندانی )دیزڵئاوا(ی ئەو شارە لەسێدارە درا.
تودڕۆ 10 ساڵ پێش ئێستا یەکێک لە قارەمانانی زۆرانبازیی ئێران لە کێشی 74 کیلۆدا بووە.
ئەو زۆرانبازە چەندین ساڵە لە زیندان دایە و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
ئەو وەزشوانە کورد پاش ئەوەی کەوتە زیندان لەلایەن بەرپرسانی زیندان و دەزگای دادووەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی "دەستدرێژی بۆ سەر بەندکاراوێک" سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، حوجەتوڵڵا تودڕۆ قوربانیی پیلانێکی داڕێژراو بووە و ئەو تاوانەی ئەنجام نەداوە کە بەسەریدا سەپاوە.
ماوەیەکیش ئەندامی یانەی هەڵبژاردەی زۆرانبازیی ئێران بووە.
27/5/2017
سهرۆكی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا هاتنهوهی مانگی رهمهزانی پیرۆز له موسڵمانانی كوردستان و جیهان پیرۆز دهكات. هیواش دەخوازێت ببێته مایهی خێر و خۆشی بۆ گهلی كوردستان و هەموو مرۆڤایەتی و، کۆتاییهاتنی تیرۆر و تووندڕۆیی و ناخۆشی و، بڵاوبوونەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
دەقی پەیامەکەی بارزانی:
بسم الله الرحمن الرحيم
(شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ)
- صدق الله العظيم-
بهبۆنهی هاتنهوهی مانگی رهمهزانی پیرۆزهوه، گهرمترین پیرۆزبایی له سهرجهم موسڵمانانی جیهان به گشتی و كوردستان و عێراق به تایبهتی دهكهم.
هیوادارم هاتنهوهی مانگی پڕ بهرهكهت و رهحمهتی ڕەمەزان ببێته مایهی خێر و خۆشی بۆ گهلی كوردستان و هەموو مرۆڤایەتی و کۆتاییهاتنی تیرۆر و توندڕۆیی و ناخۆشی و بڵاوبوونەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
مسعود بارزانی
30 ـی شەعبان 1438ـی کۆچی
26ـی5ـی2017
موسڵمانان لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان بەشێوەیەکی جیاوازەوە پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکەن.
هەر لە ئەندەنووسیاوە تاوەکو دەگاتە میسر، وێڕای جیاوازی ژیان و گوزەرانی موسڵمانان بەڵام یەک خاڵی هاوبەش هەموویان کۆ دەکاتەوە کەئەویش هیوایانە بەوەی کە مانگی رەمەزان ببێتە هۆی ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێن و نەهامەتییەکانیان کەمتر ببنەوە.
میسر بە دایکی جیهان ناسراوە و یەکێكە لە وڵاتە گەورەکانی جیهانی عەرەب کە نزیکەی 90 ملیۆن دانیشتوو لە خۆدەگرێت کە زۆربەیان موسڵمانن.
میسر بە قەیرانی ئابووری و سیاسی و هەروەها ئەمنی تێدەپەڕێت کە کاریگەری خستووەتەسەر دانیشتوانی ئەو وڵاتە و رۆژوی مانگی رەمەزانی لێ قورستر و ئاڵۆزتر کردووە.
دایکی ئەحمەد کە دانیشتوویەکی قاهیرەیە دەڵێت: "کێشەی ئێمە زیاتر لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتە. نرخی مریشک ئێژگار بەرزە. داهاتی ئێمەش سنووردارە. هەموو شتێک گرانە."
قەیرانی سووریا بۆ هەموو جیهان روونە، ئێستا کە مانگی رەمەزان هاتووە سوورییەکان هەوڵدەدەن خواردنی رۆژانەیان دابین بکەن، بەڵام گرانی خواردەمەنییەکان کاری خەڵکی قورستر کردووە.
عەمار موداوەر ، خەڵکی دیمەشق دەڵێت: "پێداویستییەکانی رەمەزان گرانبوون. ئەمە مانای وایە هەموو کەسێک لەتوانای دانییە ماڵ و حاڵی بەم پێداویستیانە بڕازێنێتەوە، بەتایبەتی لەم مانگە پیرۆزەدا."
ئەندەنووسیا، بە 260 ملیۆن دانیشتوو کەلەسەدا 95یان موسڵمانن، دەبێتە گەورەترین وڵاتی موسڵمان.
ئەندەنووسییەکان بە پیادەکردنی ئیسلامی نەرم ناسراون و مانگی رەمەزان بە دەرفەتێک دەزانن تاوەکو دڵەکانیان لەئاست خودا و یەکدی ساف بکەن.
محەممەد فیکری مامۆستای ئایینی دەڵێت: "رەمەزان مانگێکی پیرۆز و پڕشنگدارە. بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم مانگە دەکەین. بۆ رەمەزان دێینە ئەم مزگەوتە و خواپەرستی دەکەین. کاری خێرخوازی دەکەین و دڵەکانیشمان پاکدەکەینەوە".
لە ئێرانیش، هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی خاوەن زۆرینەی موسڵمان، پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکەن و نزای رۆژێكی باشتر و ژیانێکی ئارامتر دەکەن.
عەتیە هوشمەند ، دانیشتوویەکی تاران دەڵێت: "هاتووم شت بکڕم، وەکو خورما و گوێز. لە رەمەزاندا پارشێو ئەخۆین و بەرلە کاتی بەربانگیش لە خودا دەپاڕێینەوە، و سوپاسگوزاری خودا دەبین. سەردانی خزم و کەسوکارمان دەکەین یان بۆ بەربانگ پێشوازی لە میوان دەکەین و کۆدەبینەوە."
عێراق، وێڕای هەموو کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی بەڵام هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەگەرمی پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکات. بازاڕەکان بە کڕیاران جمەیان دێت و فرۆشیارانیش بە بازرگانییەکانیان گەشبینن.
محەممەد نەجیب فرۆشیارێکی عێراقی دەڵێت: "لەم مانگە پیرۆزەدا، من نزا دەکەم کە خودا سەرکەوتن بۆ سوپاکەمان دژ بە داعش تۆمار بکات. نزا دەکەم شاری موسڵ رزگار بکرێت و هەموو پەنابەر و ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان".
موسڵمانانی جیهان ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکەن و نزا بۆ ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی روونکاتر دەکەن.
28/5/2017