ناسر باباخانی
(١) ئه‌ستاندنه‌وه‌ی شه‌قام
له نێو خه‌ڵكی ئێران ئه‌م ڕۆژانه بۆته باو، كه گرانبوونی كه‌لوپه‌ل بۆ وێنه هێلكه _وه‌ك هێمایه‌ك بۆ گرانیی شتومه‌ك_ هۆكاری ڕژانه سه‌ر شه‌قامه! بۆیه ده‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران و خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته، زیاتر له‌سه‌ر هاوكێشه‌ی جیقنه و هێلكه لێكده‌ینه‌وه. دیاره تووشی هه‌ڵه‌ش ده‌بین ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌كه‌مان هه‌ر به هۆكاری ئابوورییه‌وه سنوورداركه‌ین و له كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامی خافڵ بین.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌زموونی چل ساڵ حوكمڕانیی كۆماری ئیسلامی نیشانی داوه تا ئێستا به‌شی خه‌ڵك هه‌ر جیقنه بووه و به‌شی حكوومه‌ت و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی هێلكه‌ی دووزه‌ردێنه، هێلكه‌یه‌ك كه ڕه‌نگه ئه‌مجاره‌یان سه‌ری نه‌خوا، به‌ڵام لانیكه‌م زۆر هاوكێشه‌ی له نێوخۆدا گۆڕی، كه به باوه‌ڕی من گرینگ‌ترینیان گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌قام بوو بۆ خه‌ڵك. خه‌ڵك له هه‌موو دنیادا خاوه‌نی شه‌قامن، شه‌قام گه‌وره‌ترین هێزه به‌رامبه‌ر به چواردیوارییه‌ك كه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان خۆیانی تێدا حه‌شار ده‌ده‌ن. كه‌وابوو له‌مه‌و به‌دوا ئیتر ترسه‌كه ڕژاوه و شه‌قام هی خه‌ڵكه و هه‌ر كات مه‌یلیان له‌سه‌ر بێ و ئیراده بكه‌ن ده‌توانن بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌مه ڕێك ئه‌و دیارده‌یه بوو كه چل ساڵه كۆماری ئیسلامی به ته‌واوی توانایه‌وه حه‌ولی بۆ ده‌دا نه‌یه‌ته دی و نه‌بێته ئه‌مری واقیع، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له هیچ چه‌شنه سه‌ركوت و زیندان و كوشتنێكیش درێغی نه‌كرد. خه‌ڵك شه‌قامیان ئه‌ستانده‌وه