نووری بێخاڵی
دواجار (عه‌بادی) له میانی وتاره‌كه‌ی به بۆنه‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌ی، به ته‌واوی ده‌مامكی سه‌ر رووخساری شۆڤێنیی خۆی لایدا، بێ په‌رده و په‌روا، بێشه‌رم و ڕوو قاییمانه، قسه‌ی دڵی خۆی به‌رامبه‌ر به كورد كرد و گوتی: "شكستی ڕیفراندۆم و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، یه‌ك شتن".
ساده‌ترین مانای ئه‌م گوتاری به‌راوردكردنه بێ ویژدان و دووڕوویییه ئه‌وه‌یه، عه‌بادی له میانیدا ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ، تراجیدیای دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم كه له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ته‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و حزبوڵای لبنانی سه‌ربه پاسداران و به چاوساغی و ده‌ستكێشی گرووپێكی خیانه‌تكار و به پیلانگێڕی به‌ریتانیا به‌سه‌ر كه‌ركووك و خورماتوومان هێنا، هێشتا هه‌مووی نییه، به‌ڵكو قۆناغی دوای ته‌واوبوونی داعش، سه‌ره‌تای ستراتیج و پیلانێكی تره بۆ وه‌خۆكه‌وتن له كورد. ئاخر غروور و لووتبه‌رزییه‌كه‌ی، بڕیاره دوژمنكاره‌كانی به‌رانبه‌ر به كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه.
عه‌بادی دڵی به‌م هاوتا و یه‌كسانكردنه بێویژدانه‌ی دووانه‌ی (شكستی ڕیفراندۆم و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش) تێر ئاوی نه‌خوارده‌وه و وێش ناچێ هێشتا بڕی تینوێتی به دوژمنایه‌تی كورد بشكێ، بۆیه له به‌یاننامه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشیشدا، نه‌یتوانی ئه‌م ڕق و كینه‌یه به‌رانبه‌ر كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بشارێته‌وه. ئه‌وه‌تا له به‌یاننامه‌كه‌یدا كه‌م و زۆر، دوور و نزیك، ناوی قاره‌مانێتی و ڕۆڵی پێشمه‌رگه و خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌برد. ناو نه‌هێنانی پێشمه‌رگه و دیزهبهدهرخۆنهكردنی ئه‌و داستان و ئازایه‌تییانه‌ی له شه‌ڕی تیرۆردا نواندی، ڕێزنه‌گرتن له خوێنی هه‌زار و 712 شه‌هیدی پێشمه‌رگه له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی دژه تیرۆر، به‌دنمه‌كی و سپڵه‌یی له خۆدزینه‌وه له‌و ئه‌رك و ڕۆڵه‌ی پێشمه‌رگه له‌و شه‌ڕه‌دا گێڕای، ڕهگاژۆبوونی ئه‌و ڕقه‌ی به‌رانبه‌ر به كورد له مێشك و ده‌روون و ناخیدا ده‌سه‌لمێنێ.
به‌هه‌رحاڵ، ده‌ردی گۆرانییه‌كه گوته‌نی (گله‌یی له كه‌س ناكه‌م، بۆ به‌ختی خۆم ده‌گریم)، چونكه هه‌ر ئه‌و گوفتار و ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته له عه‌بادی و ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌ویش كه له به‌غدا دێنه سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ. ئیتر ئه‌وه ماهیه‌تی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بییه، هه‌ر قۆناغه و له سای هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا، به ده‌مامك و ڕووخسارێكهوه، خۆی ده‌نوێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه گوتار و هه‌ڵوێستی داهاتووی كورده له به‌رانبه‌ر به‌غدا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه مێژوویییه‌ی كه داگیركه‌رانی كوردستان و دوژمنانی كورد له‌م پارچه‌یه‌ی وڵات (به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ندێ هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت كه به ناچارییه‌وه كوردیان وه‌ك بوونێكی جیاواز، به‌ڵام كه‌مینه و پاسیڤ ناسیوه)، ده‌نا به درێژایی مێژوو و به جیاوازیی دنیابینی سیاسی و ئایدیۆلۆجی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق (له پاشایه‌تییه‌وه بگره بۆ كۆماری. له ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ، له عه‌لمانییه‌وه بۆ ئاینی)، ته‌نیا له ڕووی ڕێ و شێواز و میكانیزمه‌كانی سه‌ركوتكردنی مافه نهتهوهیییهكانی كورد، ئه‌گه‌ر نا له ستراتیجی سڕینه‌وه‌ی شوناسی كورد و تواندنه‌وه‌ی له‌ناو عرووبه‌دا، كۆك و ته‌با بوونه. وه‌لێ وه‌كوتر، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ده‌رده‌سه‌ریی كورد، خه‌وش و كێماسییه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورده له باشووری كوردستان، ئه‌ویش به وه‌رنه‌گرتنی په‌ند له ئه‌زموونه‌كان و نه‌بوونی ویست و ئیراده و بوێری بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و خۆڕه‌خنه‌كردن.
ئاخر دوای ڕووخانی به‌عس، ئه‌وه كورد بوو له عه‌ره‌ب زیاتر خه‌مخۆری بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق بوو. ئه‌و بوو به‌بێ پێشمه‌رج و بۆ هه‌ندێ كورسی و ئیمتیاز، چووه‌وه ناو پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته، ڕێكلامی خۆڕاییان بۆ (عێراقی هیوا و ئاشتی) كرد. ئه‌و بوو عێراقی كرده‌وه خاوه‌ن ده‌ستوور. دواجار ئه‌وه كورد بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌زموونی تاڵی سه‌ركوتكردنی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عێراقه‌وه، كه‌چی تێگه‌یشتنێكی ورد و قووڵی بۆ ڕهگاژۆبوونی كولتووری شۆڤینیزمی عرووبه و فاشیزمی مه‌زه‌وی له عێراقدا نه‌بوو و به خۆشباوه‌ڕییه‌وه، كه‌وته‌وه ناو داوی گه‌مه قێزه‌ونه‌كانی ئه‌و كولتووره‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی خۆی، هیچ بوون و شوناسێكی تری جیاوازی قبووڵ نییه.
بۆیه خراپ نییه ددان به‌و ڕاستییه تاڵه‌دا بنێین كه بڕێكی زۆری هه‌ڕه‌شه و چاوسووركردنه‌وه، گوتاری توندوتیژ، هه‌ڵوێستی دوژمنكارانه، غروور و لووتبه‌رزی، به‌دنمه‌كی و سپڵه‌یی ئه‌مڕۆی (عه‌بادی) له ئاست كورددا، پێوه‌ندی به‌م په‌ندوه‌رنه‌گرتن، نه‌بوونی بوێری خۆخوێندنه‌وه، تێنه‌گه‌یشتن له ناوه‌ڕۆكی عرووبه، ساویلكه‌یی و خۆشباوه‌ڕی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد خۆیه‌وه هه‌یه.
ئاخر موجامه‌له و سازش و پشتیوانیی سه‌ركردایه‌تیی كورد نه‌بووایه، عه‌بادی ئه‌و كورسی و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێسته‌ی هه‌رگیز به چاو نه‌ده‌بینی. به‌داخه‌وه، كورد نه‌ك هه‌ر په‌ندی له پشتیوانیكردنی (مالیكی) له دژی (جه‌عفه‌ری) وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو به هه‌مان قه‌وان، به‌ڵام به تۆن و ئاوازێكی تر، ئه‌مجاره‌ش هات و پشتی (مالیكی) بۆ (عه‌بادی) له زه‌وی دا. وه‌لێ ئه‌گه‌ر (مالیكی) قووتی خه‌ڵكی كوردستان و ئیستیحقاقی هێزی پێشمه‌رگه‌ی بڕی، ئه‌وا (عه‌بادی) جگه له درێژه‌پێدانی سیاسه‌ته‌كانی (مالیكی)، شۆڤێنییانهتریش له‌و، هات و حیزفرسه‌تانه، به پاڵپشتی میلیشیاكانی سه‌ربه پاسداران و به كڕینی ویژادنی گرووپێكی كورد، كوردستانی به زه‌بری هێز داگیر كرده‌وه و خه‌ڵكی كوردستانی جینۆساید كرد. به‌و مانایه‌ی ئه‌و وه‌حشیگه‌ری و دڕنده‌یی و جینۆسایده‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له خورماتوو و ناوچه‌كانی تر كردیان، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه عه‌بادی ئه‌مه‌ی كرد.
له‌به‌رئه‌وه، له ته‌ك داڕشتنی سیاسه‌ت و ستراتیج و پلانی تۆكمه، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێسته و سبه‌ی عه‌بادی، پێویستیش ده‌كات سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان به گوتاری خۆی له ئاست به‌غدادا بچێته‌وه. به‌خۆداچوونه‌وه له زمانی دانوستاندن و ڕێككه‌وتن، له كۆتاهێنان به‌و گه‌مه‌یه‌ی ده‌ستوور سه‌روه‌ره، یان ده‌سكه‌لا، له گریمانه‌ی چوونه ناو هاوپه‌یمانیی نوێ. له هه‌موویشی گرنگتر، له سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی كوردبوون و تێگه‌یشتن له ڕه‌هه‌نده ئاشكرا و شاراوه‌كانی عرووبه، له به‌رچاوڕوونی له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه هه‌نووكه‌یی و ئایندهیییهكانی گه‌شه‌كردنی هاوتا و ته‌ریبی دوانه‌ی گوتاری شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌یی و فاشیزمی مه‌زه‌وی له عێراقدا.
١٥/١٢/٢٠١٧