شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا
ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، زۆر له‌وه زیاترن كه میدیاكان ده‌یخه‌نه ڕوو، به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ترسێكی رژدیان هه‌یه ئه‌گه‌ر ئاستی پێشێلكارییه‌كان زۆر زه‌ق ببنه‌وه، ئه‌وا راسته‌وخۆ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك بیانوویه‌ك ده‌ستوه‌ردانی ئاشكرا له ئێران‌دا بكات، ئاخر ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه ده‌ڵێت ئێران ده‌ستی هه‌یه له سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه به پاڵپشتیكردنی ئه‌و گرووپه توندڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌یان شێواندووه، له كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت وه‌ك تاكه وڵاتی باڵاده‌ست له ناوچه‌كه‌دا وێنای خۆی بكات.
ئه‌گه‌ر ترس له ئه‌مه‌ریكا و دروستبوونی هاوپه‌یمانێتی نه‌بێت، ئه‌و رژێمه‌ی ئێسته فه‌رمانڕه‌وای ئێران ده‌كات، به هیچ شێوه‌یه‌ك رێ به خۆپیشاندانی به‌رفراوانی له‌م جۆره نادات، ئه‌وه‌ی ئێسته له شه‌قامی ئێران روو ده‌دات، نه‌ك هه‌ر به دڵی ئێران نییه، به‌ڵكو ئێرانی ته‌واو ته‌نگه‌تاو كردووه و هه‌تره‌شی له ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا و دروستبوونی هاوپه‌یمانێتی چووه، به‌وپێیه‌ی له ئه‌گه‌ری په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری خۆپیشاندانه‌كان و ئاشكرابوونی زیاتری پێشێلكارییه‌كان، ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا له ئارادایه، ئاخر ئه‌مه‌ریكا هه‌ر خۆی له بیانوو ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ناو قووڵایی ئێران و ئیش له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی سیاسییه‌كانی ئێران بكات، تره‌مپیش كه ده‌یه‌وێت له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی خۆیدا سنوورێك بۆ ئێران دابنێت، هه‌م پاڵپشتی خۆپیشانده‌رانی كرد و هه‌میش گوتی، ئێسته كاتی گۆڕانكارییه له ئێران.
راسته ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره خۆپیشانده‌ران له‌ژێر گوشاردا بچنه‌وه ماڵه‌كانیان، به‌ڵام ئێران نایه‌وێت ئاستی پێشێلكاریییهكان به ئاشكرا بۆ دنیا روون بكرێنه‌وه، به‌وپێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ر خۆی له بیانوویه‌ك ده‌گه‌ڕێت بۆ ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ له ئێران‌دا. ئاماژه‌كانیش ده‌ڵێن كه به‌و ئاسانییه ره‌وشی ئێران ئاسایی نابێته‌وه، چونكه خه‌ڵكی ته‌واو بێزار بوونه له‌و سیاسه‌ته‌ی كاربه‌ده‌ستان، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا كه‌مترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و برسێتی و بێكاریی ته‌نگیان به هاووڵاتییانی ئه‌و وڵاته هه‌ڵچنیوه و كاربه‌ده‌ستانیش له بری ئه‌وه‌ی له پێناوی گه‌له‌كه‌یاندا خۆیان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بگونجێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رده‌وام سیاسه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كردن پێڕه‌و ده‌كه‌ن و پاڵپشتی ئه‌و گرووپه توندڕۆ و ناشیرینانه‌ی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن كه لای وڵاتانی زلهێز و هه‌تا ناوچه‌كه‌ش خۆشه‌ویست نین.
ئێران له یه‌ك كاتدا پاڵپشتی چه‌ند گرووپێك ده‌كات كه لای دنیا جێی مه‌ترسین، ئه‌وانیش حه‌شدی شه‌عبی و حزبوڵای لبنان و حووسییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د له سووریادا، هاوكات به به‌رچاوی دنیاوه ئێران دنه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌دات بۆ هێرشكردنه سه‌ر گه‌لی كوردستان، راسته به ئاشكرا پاڵپشتیی كوردیان نه‌كرد، چونكه دنیا ویستی بڵێت ئه‌وه كێشه‌یه‌كی ناوخۆیییه، به‌ڵام خۆ دواتر گوتیان پێویسته به‌غدا ده‌ستی ئێران و میلیشیاكانی له عێراقدا نه‌هێڵێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی چیتر هێرش نه‌كرێته سه‌ر كورد، ئه‌گه‌رچی عه‌بادی هێشتا به لووتبه‌رزییه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و داوایه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام دواجار ئه‌وه روو ده‌دات كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت، نه‌ك خواستی عه‌بادی كه بیه‌وێت به پاڵپشتی ئێران پێگه‌ی خۆی له ناوچه‌كه به‌هێز بكات.
كه‌وایه ئه‌وه‌ی ئێمه له شاشه‌كانه‌وه ده‌یبینین، به‌شێكی بچووكی خۆپیشاندان و پێشێلكارییه‌كانی ناو ئێرانن، ئه‌گه‌ر نا ئێرانی ئێسته وه‌ك مه‌نجه‌ڵێكی سه‌ر ئاگر ده‌كوڵێت و ئه‌مه‌ریكاش ده‌یه‌وێت ئه‌و ئاوه گه‌رمه به ده‌ستی خودی ئێرانییه‌كان بكات به‌سه‌ری ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا، ئیتر ئه‌و رۆژه بۆ ئێران به‌سه‌رچوو به ئاره‌زووی خۆی هه‌ڕه‌شه له‌م وڵات و له‌و گه‌له‌ی دنیا بكات، یه‌كێك له دژایه‌تییه راستهوخۆكانی ئێران بۆ ریفراندۆمی كوردستان، هاوكات دنه‌دان و پاڵپشتییكردنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ هێرشكردنه سه‌ر كوردستان، ترسی ئێران بوو له زیاتر كوڵانی ئاوه‌كه‌ی ناو مه‌نجه‌ڵی ئێران، ئاخر ئێران ترسی رژدی له‌وه هه‌بوو كوردی رۆژهه‌ڵاتیش چاو له كوردی باشوور بكه‌ن و داوای قه‌واره‌ی خۆیان بكه‌ن و له ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت له باشووردا، ده‌وڵه‌تی كوردستان پاڵپشتیی رۆژهه‌ڵاتیی كوردستان بكات، خۆ ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بووه هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا، چونكه سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه خۆی له‌گه‌ڵ دۆخه تازه‌كان ده‌گونجێنێت و هاوكات پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كات، له كاتێكدا كورد له باشووردا رابردوویه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌بووه و به رژدی هه‌ولێر دۆست و هاوپه‌یمانی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه، راسته ئه‌و هاوپه‌مانێتییه به‌پێی خواسته‌كانی كورد نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه ئاشكرایه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ههمهجۆر و فراوانن، هه‌ڵبه‌ت له كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تدا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا نه‌یده‌ویست به ئاشكرا بڵێت ئێوه ریفراندۆم بكه‌ن، چونكه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و ناوچه‌كه‌دا ته‌نیا له‌گه‌ڵ كورد نییه، به‌ڵكو جۆراوجۆرن، ته‌نیا له عێراقدا ده‌یه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد و شیعه و سوننه‌ش بپارێزێت، ئه‌وه چانسی كورده له 16ی ئۆكتۆبه‌ر گرووپێكی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی رێ بۆ حه‌شد واڵا ده‌كه‌ن بۆ هاتنه ناو كوردستانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی له مێژینه‌ی كورد له گۆڕ بنێن، به‌ڵام هه‌میشه له سیاسه‌تدا ده‌رئه‌نجام گرنگ بووه، كورد مادام ریفراندۆمی وه‌ك ستراتیجیی نه‌ته‌وه‌یی خسته‌ڕوو، ئه‌مه روئیایه‌كی تری گه‌لی كورده كه سه‌رئه‌نجام هه‌ر ده‌بێت ئه‌و ستراتیجییه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكات له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا، مه‌رج نییه له سه‌رده‌می عه‌بادی بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه گه‌لێك هه‌یه و ئیتر ده‌ڵێ ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت هه‌بین.
ئێران دووچاری سه‌خترین قۆناغی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ده‌بێته‌وه، مادام ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته خواستی گۆڕانكاری ریشهیییان نییه له پێوه‌ست به ئازادییه‌كان و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و دیموكراسیی و مافه مرۆیییهكان، هه‌روه‌ها هه‌وڵی خۆشگوزه‌رانی گه‌لانی ئێران ناده‌ن، ئیتر هه‌موو شت ئه‌گه‌ری روودانی له‌و وڵاته هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ و سبه‌یش ئه‌و خۆپیشاندانه كپ بكرێت، به‌ڵام تازه درزهكه كه‌وته نێوان ده‌سه‌ڵات و گه‌لی ئێرانه‌وه، ئیتر ئه‌مه‌ریكاش ئه‌و په‌یكه‌ره شووشه‌یییه ده‌جووڵێنێت بۆ ئه‌وه‌ی به هێواشی ئه‌و درزه گه‌وره‌تر بكات تا ئاستی ئه‌وه‌ی به ئاسانی بیشكێنێت.
ئه‌و درزه‌ی ئێسته له نێوان خه‌ڵكی ئێران و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته‌دایه، هێشتا كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته دركیان پێ نه‌كردووه، چونكه خۆیان له دۆخێك و خه‌ڵكیش له دۆخێكی تردا ده‌ژین و به‌ناوی سه‌روه‌ریی وڵات و پیرۆزیی كه‌سه‌كانیشه‌وه گه‌لی ئێران بێده‌نگ نابن، ئه‌و گه‌له‌ی ده‌یه‌وێت خۆی له ته‌ك دنیادا بگونجێنێت، به‌ڵام رێگریی ده‌سه‌ڵاتداران وای كردووه داببڕێن له پێشكه‌وتنه‌كانی دنیا و پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئیتر گه‌لانی ئێران چیتر رێ ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئاستی دنیادا به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیانه‌وه په‌راوێز بخرێن؟
6/1/2018