ناسر باباخانی
(١) ئه‌ستاندنه‌وه‌ی شه‌قام
له نێو خه‌ڵكی ئێران ئه‌م ڕۆژانه بۆته باو، كه گرانبوونی كه‌لوپه‌ل بۆ وێنه هێلكه _وه‌ك هێمایه‌ك بۆ گرانیی شتومه‌ك_ هۆكاری ڕژانه سه‌ر شه‌قامه! بۆیه ده‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، جۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران و خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته، زیاتر له‌سه‌ر هاوكێشه‌ی جیقنه و هێلكه لێكده‌ینه‌وه. دیاره تووشی هه‌ڵه‌ش ده‌بین ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌كه‌مان هه‌ر به هۆكاری ئابوورییه‌وه سنوورداركهین و له كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامی خافڵ بین.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌زموونی چل ساڵ حوكمڕانیی كۆماری ئیسلامی نیشانی داوه تا ئێستا به‌شی خه‌ڵك هه‌ر جیقنه بووه و به‌شی حكوومه‌ت و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی هێلكه‌ی دووزه‌ردێنه، هێلكه‌یه‌ك كه ڕه‌نگه ئه‌مجاره‌یان سه‌ری نه‌خوا، به‌ڵام لانیكه‌م زۆر هاوكێشه‌ی له نێوخۆدا گۆڕی، كه به باوه‌ڕی من گرینگ‌ترینیان گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌قام بوو بۆ خه‌ڵك. خه‌ڵك له هه‌موو دنیادا خاوه‌نی شه‌قامن، شه‌قام گه‌وره‌ترین هێزه به‌رامبه‌ر به چواردیوارییهك كه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان خۆیانی تێدا حه‌شار ده‌ده‌ن. كه‌وابوو له‌مه‌و به‌دوا ئیتر ترسه‌كه ڕژاوه و شه‌قام هی خه‌ڵكه و هه‌ر كات مه‌یلیان له‌سه‌ر بێ و ئیراده بكه‌ن ده‌توانن بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌مه ڕێك ئه‌و دیارده‌یه بوو كه چل ساڵه كۆماری ئیسلامی به ته‌واوی توانایه‌وه حه‌ولی بۆ ده‌دا نه‌یه‌ته دی و نه‌بێته ئه‌مری واقیع، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له هیچ چه‌شنه سه‌ركوت و زیندان و كوشتنێكیش درێغی نه‌كرد. خه‌ڵك شه‌قامیان ئه‌ستانده‌وه و ئه‌مه گرینگ‌ترین ده‌سكه‌وتی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی دوایی بوو.
(٢) كێرد و ئێسقان
ئه‌وه‌ی له شه‌قامه‌كانی شاره‌كانی ئێران ڕووده‌ده‌ن _لانیكه‌م تا ئه‌م ساته‌وه‌خته_ زیاتر له سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشی چینی هه‌ژار و پێخواس و مامناوه‌ندی ئێران ده‌چێ، كه گوشاری ئابووری بڕستی لێ بڕیون. له لایه‌كی دیکەوە هه‌ر له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م گوشارە ئابوورییانه‌دا، دزی و گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی هه‌م خۆیان، هه‌م خزم و كه‌سی هه‌ره نیزیكیان، ئه‌م دژكردهوهیهی ئێستای شه‌قامه‌كانی ئێرانی لێ كه‌وتۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا به‌رهه‌می گوشاری ئابووریی ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو نییه، ئه‌مه به‌رهه‌می كه‌ڵه‌كه‌بوونی گوشاری سیاسی و داڕمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی چل ساڵ حوكمڕانیی كۆماری ئیسلامییه. ده‌نگ هه‌ڵبڕین له بۆشایی نایه‌ته‌دی، ئه‌م خۆپیشاندانانه باكگڕاوندێكی چل ساڵه‌ی له‌پشته.
ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌سه‌ر ده‌ستیان داناوه و به‌رامبه‌ر به ڕێژیمێكی دیكتاتۆر وه‌ك كۆماری ئیسلامی ڕاوه‌ستاون، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان چینی هه‌ژار و مامناوه‌ندی كۆمه‌ڵگەی ئێرانن كه له‌م دواییانه‌دا به تایبه‌تی نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆته هۆكاری یاخیبوونیان له‌م سیستمه پاوانخواز و ملهوڕه.
كێرد گه‌یشتۆته ئێسقانی خه‌ڵك، ئه‌و سته‌مه‌ی له خه‌ڵكی ئێران ده‌كرێ، ده‌بێ خۆت بیچێژی ئه‌گینا ئازاره‌كانی ده‌گوتن نایه. وڵاتێكی داڕماو و وێران له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه. وڵاتێك كه نانی نیه بیدا به خه‌ڵكه‌كه‌ی، كه‌چی گه‌وره تیرۆریستێكی وه‌ك حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵڵا به‌به‌ر چاوی خه‌ڵكی دنیا ڕاشكاوانه ده‌ڵێ: «به‌ڵێ، پاره‌ی ئێمه، مووشه‌كی ئێمه… كۆماری ئیسلامی دابینی ده‌كا، حاڵی بوون؟» ئه‌مه له كاتێكدایه كه له‌پاش بوومه‌له‌رزه‌ی كرماشان سه‌ره‌ڕای یارمه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ خه‌ڵك له دۆخێكی زۆر خراپ دایه و ده‌وڵه‌ت بچووكترین هه‌نگاوی جددیی بۆ باشتركردنی ژیانی زیانوێكهوتووان هه‌ڵنه‌هێناوه‌ته‌وه. بۆیه ئاساییه ته‌نانه‌ت كرماشان گه‌وره‌ترین شاری كوردستان به‌نیسبه‌ت شاره‌كانی دیکەی ڕۆژهه‌ڵات ڕادیكاڵتر له‌سه‌ر هێڵ بێ. دیاره زۆر هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگیی دیکەش هه‌ن كه هه‌ر هه‌موویان له ڕاستای ئاسیمیلاسیۆنی ئه‌م شار و ناوچه‌یه‌دا ده‌وریان گێڕاوه كه باسكردنی مه‌جالی تایبه‌ت به خۆی ده‌وێ.
(٣) دیارده‌یه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره؛ ئهحمهدینهژاد
ئه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه خۆڕسك و بێ سه‌ر و بێ ڕێبه‌رانه، زۆر جاران بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پشكۆ و ژیله‌مۆی بن خۆڵه‌مێش بگه‌شێنه‌وه، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ پێویستیان به كاتالیزۆرێك هه‌یه كه ئه‌م كاره ئه‌نجام بدا. بۆ وێنه خۆسووتاندنی محه‌ممه‌د بووعه‌زیزی له توونێس ده‌كرێ وه‌ك كاتالیزۆرێكی ڕاسته‌وخۆی به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌یر بكرێ. به‌ڵام هه‌ندێ جار ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌بێته كاتالیزۆر كه خۆی سه‌رده‌مێك به‌شێك بووه له ده‌سه‌ڵاتێكی نگریس. بۆ وێنه هه‌ڵوێست و قسه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ بوو به هۆی ئه‌وه كه كۆمه‌ڵگە هێڵه سووره‌كان خێراتر ببه‌زێنێ، هه‌رچه‌ند ئه‌و قازانج و مه‌سڵه‌حه‌تی خۆی و پیاوه‌كانی مه‌به‌سته، به‌ڵام ناكرێ له شێوازه پۆپۆلیستییه‌كه‌ی وه‌ك داكۆكی له مافی هه‌ژاران به‌رامبه‌ر به مافیای سیستمی دادی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر وا به‌سانایی تێپه‌ڕین. بێده‌نگیی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد تا ئه‌م ساته‌وه‌خته ڕه‌نگه نیشان له‌وه بێ كه خۆی وه‌ك خاوه‌نی نابه‌رهه‌ستی خۆپیشاندانه‌كان هه‌ست پێ بكا! ڕه‌نگبێ بۆیه، فه‌رمانده‌ی سپای پاسدارانی ئێران، مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد وه‌ك بانگه‌شه‌كه‌ری خۆپیشاندانه‌كان تاوانبار ده‌كا!
(٤) تێپه‌ڕین له ڕووحانی _ تیپه‌ڕین له خامنه‌یی
ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له ساڵی 2009 سنووره‌كانی ڕیفۆرمخوازی تێ نه‌په‌ڕاند و دروشمه‌كانی چاكسازی بوو له نێو پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تدا، به‌ڵام له‌م بزووتنه‌وه نوێیه‌دا، ویستی خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌یه: سه‌رجه‌م ڕیفۆرمخواز و توندئاژۆ به‌یه‌كه‌وه به دۆڵێدا! واته ئه‌م جاره‌یان خه‌ڵك ئیتر له ڕووحانی و خامنه‌یی تێ په‌ڕاندووه.
دیاره ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نیه له خۆپیشاندانه‌كاندا وێنه‌ی خامنه‌یی ده‌سووتێندرێ، خامنهییهك كه له ڕوانگه‌ی حكوومه‌ته‌وه جێگری خودایه له‌سه‌ر عه‌رز. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و بوو به نیشانه‌ی تیری دروشمی خه‌ڵك، له‌وه‌پێش بێ وێنه بووه. بۆیه له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌م خۆپیشاندانانه زۆر به كزی ده‌رده‌كه‌وێ و وه‌ك جاری جاران هێرش ناكاته سه‌ر خه‌ڵك و ڕه‌نگه چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكا پاش سه‌ركوتی خه‌ڵك به تۆپی پڕه‌وه بێته‌وه مه‌یدان.
كاتێ كه ڤیدیۆی دڕاندن و سووتاندنی وێنه‌ی پاسدار قاسم سلێمانیش له گهورهشارێك وه‌ك شیراز بڵاو بۆوه، زیاتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه سه‌رداره‌كه‌ی كاكی مه‌لا هیچ بایەخێكی لای خه‌ڵك نیه، سه‌ردارێك كه به پاره‌ی خه‌ڵكی نێوخۆی ئێران، ماڵی خه‌ڵكانی دراوسێ به‌قوڕ ده‌گرێ. كه‌وابوو ئه‌مجاره‌یان ئه‌وه‌ی كرا لادان له نۆڕمه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوو، لادان له هێڵه سووره‌كانی بوو. ئه‌و هێڵانه‌ی بۆ كۆماری ئیسلامی هێڵی شه‌ره‌ف و شانازی بوون كه‌چی به چركه‌ساتێك؛ سه‌ردار و مه‌لا (به ڕیفۆرمخواز و توندئاژۆكهییهوه) فت.
(٥) دروشمی خۆپیشانده‌ران
به باوه‌ڕی من شیله‌ی هه‌موو هاتنه سه‌ر شه‌قامێك، دروشمهكانێتی كه ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێ. خوێندنه‌وه‌یه‌كی هێماناسانه بۆ دروشمه‌كان ده‌مانگه‌یه‌نێته دوو ئه‌نجامی گرینگ: یه‌كه‌م ڕه‌خنه‌ی توند له سیاسه‌تی دره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی به نیسبه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی له كاروباری نێوخۆی وڵاتانی ده‌رودراوسێ و مه‌سره‌فی پاره‌ی خه‌ڵك بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه و سازكردنی ناسه‌قامگیری له ناوچه، ڕێك ئه‌و شته‌ی چل ساڵه حوكمڕانانی كۆماری ئیسلامی له ژێر سه‌ردێڕی ستراتیژیی هه‌نارده‌كردنی شۆڕش ده‌رخواردی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن. دووهه‌م ئه‌وه بوو كه خوازیاری ئه‌وه‌ن كه حكوومه‌ت، به‌رگی مه‌لایه‌تی فڕێ دا و به مانایه‌كی دیکە نه‌مانی حكوومه‌تی ئیسلامی. كاتێ باوكی ڕووحیی ڕیفۆرمخوازه‌كان محه‌ممه‌د خاته‌می به‌م خه‌ڵكه ناڕازییه ده‌ڵێ پیاوی دوژمن و هه‌لپه‌رست، ده‌گه‌ینه ئه‌م قه‌ناعه‌ته كه تێپه‌ڕین له ڕیفۆرم و سه‌ركرده‌ی ڕیفۆرم مافی ئه‌م خه‌ڵكه وه‌زاڵه‌هاتووه بووه.
(٦) وه‌ك هه‌موو شۆڕشێك، له جنسی باستیل
نامه‌وێ به هیچ كلۆجێك شۆڕشی مه‌زنی فهرانسە له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه پێك بگرم، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم جنسی هه‌رتكیان یه‌ك شته.
بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی فهرانسە وه‌ك گه‌وره‌ترین شۆڕشی مێژووی مرۆڤایه‌تی، دوو هۆكاری سه‌ره‌كی ڕه‌چاو ده‌كرێ. یه‌كه‌م بوونی پاشخانێكی ڕۆشنبیری مێژوویی له‌م وڵاته‌دا و دووهه‌م گرفت و كێشه‌ی ئابووری. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا له ئێران سه‌ری هه‌ڵداوه له‌بری پاشخانه ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی فهرانسە، ئه‌وه سۆشیال میدیایه كه ئه‌م بۆشاییه‌ی بۆ پڕده‌كاته‌وه و له‌باری ئابووریشه‌وه هه‌موومان ده‌زانین كه ئێران چه‌نده كاول بووه!
شۆڕشی فهرانسەش سه‌ره‌تا ڕێبه‌ری نه‌بوو، خاوه‌نی نه‌بوو، به‌ڵام دواتر بوو به خاوه‌ن سه‌ر و له ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوونیدا خۆی ڕێكخست. توندوتیژییه‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕشیش كه به هێرشكردن بۆ سه‌ر به‌ندیخانه‌ی باستیل ده‌ستی پێكرد له ڕاستیدا هێرش بۆ سه‌ر نمادی سته‌م و نادادپه‌روه‌ری بوو. ڕووخانی باستیل، ڕووخانی هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵات بوو. وه‌ك چۆن شۆڕشی فهرانسە به‌رهه‌می ساڵ و دوو ساڵ و سێ ساڵ نه‌بوو به‌ڵكوو به‌رهه‌می هه‌فتا هه‌شتا ساڵ كه‌ڵه‌كه بوونی گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگای فهرانسە بوو، بزووتنه‌وه‌ی نوێی خه‌ڵكی ئێرانیش به‌رهه‌می چل ساڵ كه‌ڵه‌كه بوونی كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی كۆماری ئیسلامییە.
ڕه‌نگه ته‌نیا شتێك كه ببێته هۆی ئه‌وه كه ده‌رئه‌نجامی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران، یه‌ك ئاكامی لێكچووی له‌گه‌ڵ شۆڕشه سه‌ركه‌وتووه‌كانی دنیا لێ نه‌كه‌وێته‌وه ئه‌وه بێ كه ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی له ئێران ڕوو ده‌ده‌ن له‌به‌ر به‌رده‌وام نه‌بوونیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له یه‌ك قۆناغی زه‌مه‌نیی كورتماوه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، زۆر زوو سه‌ركوت ده‌كرێن و دواجار وه‌ك ویستێكی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی ده‌مێننه‌وه.
(٧) له دایكبوونی «تووڕه‌یی» و «هیوا
حه‌ولێكی بێ ئاكام و بێ ئه‌نجامی لانیكه‌م بیست ساڵی ڕابردوو له قالبی ڕیفۆرمخوازیدا، (دوو ده‌یه‌ی پێشتریشی لێ زیاد كه‌ن) بۆته هۆی ڕژانی خه‌ڵك بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان. نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌نده‌ڵی ئابووری و ئیداری، بێكاری، نه‌داری، ژیان له ژێر هێڵی هه‌ژاری، هه‌ڵاواردن و… هه‌موو هۆكارن بۆ سازبوونی ئه‌م دۆخه، كه‌وابوو ده‌كرێ بڵێین له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وڕووین كه له دۆخی هه‌نووكه‌یی یه‌كجار تووڕه‌یه.
ئه‌م ده‌نگ ههڵبڕینانه، ئه‌م خۆپیشاندانانه و به گشتی ئه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه ڕاسته بێ سه‌ره و ڕێبه‌ری نیه، به‌ڵام سۆشیال میدیا ده‌توانێ جۆرێ یه‌كیەتی سه‌رانسه‌ری ساز بكا كه به ته‌عبیری مانوئێل كاستێلز وه‌ك تۆڕێكی به‌ربڵاو و دوورودرێژ «هیوا» و «تووڕه‌یی» له هه‌ناوی یه‌كتردا كۆكاته‌وه. ئه‌گه‌رچی شوێنی لۆكاڵی سه‌رهه‌ڵدان شه‌قامه و تووڕه‌یی خه‌ڵك له‌وێ خۆده‌رده‌خا، به‌ڵام سۆشیال میدیا شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری و ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كانه و هیوا به دواڕۆژێكی باشتر. بۆیه ئه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌بێ هه‌ر دوو ڕه‌هه‌ندی باسكرا‌و له‌به‌رچاو بگرێ.
9/1/2018
لە ماڵپەری کوردستان و کورد لەبەر گیراوە