کوردەکان لە سوریا لە ماوەی پێنج دەیەی حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەددا پەراوێزخرابوون و زۆربەیان ڕەگەزنامەیان ڕەتکراوەتەوە و بە هەڵە بە عەرەب ناوبراون. ئێستا ئەوان ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە لە ماوەی گواستنەوەی دوای ئەسەددا بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە کلتوورییانەی کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەدەستیان هێناوە لە شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەدا.
دایکان ئێستا دەتوانن منداڵەکانییان بە ناوی کوردی ناوبنێن. زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت. ساڵی نوێ، نەوروز، دەتوانرێت بە ئاشکرا ئاهەنگی بۆ بگێڕدرێت. کوردەکان کە یەکێکن لە گەورەترین دانیشتوانی جیهان بەبێ ئەوەی وڵاتێکییان هەبێت، هەستییان بە جۆرێک لە کۆنتڕۆڵکردن کردووە بەسەر ژیانی خۆیاندا و دەیانەوێت ئەوە بەردەوام بێت لە کاتێکدا کە حکومەتێکی نوێ وڵاتەکە بەڕێوەدەبات.
بەڵام ئەوە پەیوەستە بە سەرکردە نوێیەکانی سوریا و دەرەنجامی ململانێ بەردەوامەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و ئەو گروپە چەکدارییانەوە کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات. دوو مانگ لە شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی زۆرێک لە هەردوولاوە.
ئەمیرە عەلی کورد لە شاری حەسەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە هاوسەرەکەی ئەندامە لە هێزەکانی ئاسایشدا، وتی " ئەم هەموو دەستکەوتەمان هەبووە. مەحاڵە دەستبەردارییان بین، تەنانەت ئەگەر بەسەر لاشەی خۆمان و منداڵەکانیشماندا بڕۆن دەستبەردارییان نابین."
هێزە کوردییەکان نزیکەی لە سەدا 25 ی خاکی سوریایان لە ژێر دەستدایە.
لە ئێستادا سەرکردەکانی کوردانی سوریا لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەرپرسانی نوێی دیمەشقدا لەسەر داهاتووی گەلەکەیان، کە لە سەدا 10 ی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن. ئەوان سەربەخۆییەکی تەواوییان ناوێت لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی تایبەت بە خۆیاندا، بەڵکو دەیانەوێت لامەرکەزییەک هەبێت و خۆیان کاروباری ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن.
بەڵام بەرپرسانی نوێی سوریا هاوپەیمانی ئەو گروپە چەکدارییانەن کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات و لە مانگی دوانزەدا هێرشییان کردە سەر کوردەکان دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد. شەڕی نێوان کوردەکان و گروپی چەکداریی سوپای نیشتیمانی سوریا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 100,000 کەس.
شەڕەکە کێشەیەکی گەورە بۆ داهاتووی سوریا دروست دەکات چونکە حکومەتە نوێیەکەی ئەو وڵاتە کە گروپی چەکداریی هەیئەت تەحریر ئەلشام سەرکردایەتی دەکات هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی تەواویی سوریا بکات و دەستبکات بە ئاوەدانکردنەوەی، دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ.
مەزڵوم عەبدی سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کوردەکان، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، وتی وڵاتەکە دەکرێت وڵاتێکی عەلمانی و شارستانی و لامەرکەزی بێت کە بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم دانیشتواندا بکات. وڵاتانی ڕۆژئاوا داوایان لە بەرپرسانی نوێی سوریا کردووە ڕێز لە مافەکانی ژنان و کەمینەکان بگرن.
عەبدی باسی لە کارتی نیشتیمانی سوریایی کرد کە سەرجەم دانیشتوانەکەی بە " عەرەبی سوریایی " ناودەبات، بەو هاووڵاتیانەشەوە کە عەرەب نین، وەکو کوردەکان. دەیانەوێت ئەوە بگۆڕێت و بکرێت بە " هاووڵاتیانی سوریا."
وتی " کوردەکان لەلایەن بەرپرسانی پێشووەوە سزا دراون." وتی دەمانەوێت یاساکانی دژە کورد هەڵبوەشێندرێنەوە.
عەبدی و ئەوانی دیکەش ئاماژە بەوە دەدەن کە کوردەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگییان هەبووە لە شکست هێنان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا لە سوریا.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە پێناو شەڕی دژ بە داعشدا پێکهێندرا، لە ساڵی 2019 دا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دوایین ئەو خاکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە کە لە ژێر دەستی داعشدا بوو، گوندی باغوز. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەندامانی دیکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە شەڕی دژ بە داعشدا.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هەزاران ئەندامی لە شەڕی دژ بە داعشدا لە دەستداوە، هەروەها لە شەڕی دژ بەو گروپە چەکدارییانەشدا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت. ئەنکەرە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە درێژکراوەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت.
لە ساڵی 2016 ەوە تورکیا دژی ئەو هێزە کوردییانە لە باکووری سوریا هێرش ئەنجام دەدات، ناوچەیەکی بەرفراوانی بە درێژایی سنوورەکەی خۆی لەگەڵ سوریادا کۆنتڕۆڵ کردووە و سەدان هەزاران کەسی ئاوارە کردووە. هێشتا ڕوون نیە کە ئایا ئەو هێرشانە لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە بەردەوام دەبن یان نا.
ئامینە حوسەینی تەمەن 57 ساڵ لەسەر گۆڕی کوڕەکەی کە لە ساڵی 2015 دا لە شەڕیدا دژ بە داعش شەهید بووە وتی " بە ویستی خودا خوێنی ئەم شەهیدانە بەفیڕۆ ناچێت، ئێمە دەبێت ئەمە بپارێزین." لە گۆڕستانی شەهیدانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا سەدان پیاو و ژن نێژراون.
گوڵە عەبدوی تەمەن 70 ساڵ لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار بەهۆی شەڕەکەوە ئاوارە بووە. وتی " سوێند بە خودا ئەم ئاوەرەبوونە کوشتووینی، ئێمە چیمان کردووە کەوا بەم شێوەیە سزا بدرێین؟"
ژنێکی دیکە، ئیلهام هۆرۆ، لە تەلڕەفعەت لەگەڵ منداڵەکانی و نەوەکانیدا لە دەست هێرشەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا هەڵاتوون و وتی " تەنها ڕۆحمان ماوەتەوە، ئەگەر دەیانەوێت ئەوەمان لێبسەنن کەواتە با لێمان بسەنن."
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و بەرپرسانی دیمەشقیش هەردوولایان ئاماژەی ئەرێنییان دەربڕیوە سەبارەت بە گفتوگۆکانییان لەسەر داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و کوردەکان. بەرپرسانی دیمەشق وتوویانە کە کوردەکان لە ماوەی دەسەڵاتی ئەسەددا بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسەد ئەلشیبانی بە زمانی کوردی لە ئێکس نوسیویەتی " پێکەوە کاردەکەین بۆ بونیادنانی وڵاتێک کە تێیدا هەمووان هەست بە یەکسانی و دادپەروەریی بکەن."
سەرچاوە/ AP
9/2/2025