بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدی ئیمراڵی بە سەرۆکایەتیی خاتوو پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئوندەر کرد.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، وەفدی ئیمراڵی سڵاو رێز و پەیامی بەڕێز (عەبدوڵا ئۆجەلان)یان گەیاندە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بڕیار و سیاسەت و بژاردەکانی خۆشیان لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، پرسی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان روونکردەوە.
لەبەرامبەردا سەرۆک بافڵ وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانیان بیروبۆچوونی خۆی و ستراتیژیی یەکێتی لەبارەی قۆناغی نوێی ئاشتی لە تورکیا بە راشکاوانە خستەڕوو و رایگەیاند، پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت و وەک یەکێتیش هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین کە بەردی بناغەکەی لە ساڵی (1993) سەرۆک مام جەلال داینا.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیکردەوە، تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، وەک وتوشمانە پرسی کورد بە چەک و شەڕ نە چارەسەر دەبێت، نە ئەنجامی دەبێت، چونکە تاکە بژاردە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی. هیوادارین هەموومان دەربەست و پەرۆشانە کار بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەین لەسەر بنەمای هاوبەشی و برایەتی و پەرۆشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، باوەڕمان بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، هەرگیزیش نابینە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێمان و پەرۆشی ئەوەین هەموومان بە برایەتی و ئاشتی بژین، ئەمڕۆش دەستپێشخەر دەبین تاوەکو لەبری هەڕەشە زمانی دیالۆگ زاڵبکەین، دەستی برایەتی بۆ هەموولایەک درێژدەکەین، هیوادارین نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە.
قوباد تاڵەبانی: یەکێتی هەر ئەرکێکی نەتەوەیی بکەوێتە سەرشان بە شانازییەوە جێبەجێی دەکات
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە سەردانی وەفدی ئیمڕاڵی بۆ دەباان دەڵێت: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەر رۆشنایی رێبازی سەرۆک مام جەلال روانگەیەکی روون و چەسپاوی هەیە بۆ چۆنییەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا. وەک هەمیشە بە هەموو توانایەوە پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەکات و لەم چوارچێوەیەدا هەر ئەرکێکی نەتەوەیی بکەوێتە سەرشانی بە شانازییەوە جێبەجێی دەکات.
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی بە سەرۆکایەتی بەڕێزان پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئوندەر، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندیی یەکێتی بە سیاسەت و روانگەی سەرۆک مام جەلال بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا دووپات کردەوە و ئامادەیی یەکێتی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دەربڕی.
وەفدی ئیمڕاڵی سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال -یانکرد
وەفدی ئیمڕاڵی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئوندەر سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال -یانکرد و لەلایەن مەکتەبی سکرتارییەتەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا .
دوای دانانی تاجەگوڵینە لەلایەن وەفدی ئیمڕاڵییەوە ، پەروین بوڵدان لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا ئاماژەی بە رۆڵی گەورەی سەرۆک مام جەلال دا لە پرۆسەی ئاشتی و بە دیهێنانی ئازادی بۆ گەلەکەمان کەمەش دەقی نوسینەکەیەتی :
بەبیر هێنانەوەی مام جەلال خۆی لەوەدا دەبینێت کە خەون و هیواکانی بۆ ئازادی و ئاشتی، بۆ کورد بە دی بهێنین، ئێمەش، بەڵێن ئەدەین کە لە کاتێکی زۆر کورتدا خەونەکانت بەدی بهێنین.
بەڕێز عەب.د.وڵا ئ.ۆ.جـ.ەلان رایسپاردین بە کورەکانی مام جەلال بڵێن، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزم لەگەڵ مام جەلال هەبوو، ئێمەش شانازی دەکەین کە هەڵگری ئەم نامەیەین.
بەڕێز و پێزانینەوە یادی ئێوە دەکەینەوە.