هاوژین سالحی
لە جیهان ٨ی مارس پیرۆیەکو گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە مێژویی خەباتی ژناندا لە جیهان ، کە بووە بە هێمایی خەباتو ماندوو بونو بە دیهێنانی دەستکەوتی زۆر لە بواری سیاسی و ئابووری .
بە تایبەتیش ژنانی کورد هاوشانی ژنانی جیهان کەم یان زۆر پشکێکی بەرهەمی ئەو ماندو بوونەی بەرکەوتووە، ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جمۆجۆڵ دان بۆ بەرەو پێشچوون لە ژیانی ئابوری،و هەروەها لە ژیانی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن . پرسی ژن تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیە و پرسێکی جیهانیە بەڵام بە نسبەت کۆمەڵگاکانی دیکە ژنانی کورد زیاتر لە ژنانی وڵاتانی دیکە مافەکانیان پێشێل کراوە. پرسی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر گەشەی کردوە و بزوتنەوەکانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان شایەدی بۆ دەدەن،بۆیە ژنانی کورد دەبێ لە مەیدانی خەبات و هەروەها خەباتی نەتەوەیی و یەکسانخوازی بوونیان هەبێ.
بزوتنەوەی ژنان، وەکوو هەر بزوتنەوەیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دۆستو دوژمنی خۆیی هەیە،توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنها لەلایەن ڕەگەزی نێرەوە نیە ، هۆکاری سەرەکی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بە گشتی ڕیشەی لە سیستەم دایە ، کە دەیانەوێت تواناکانی ژنان لە خێزاندا وەکوو ماڵداری و پەروەردەی منداڵ بە جێ بگەینن، و لە کارکردنیشدا موچەیان نابەرانبەر و یان کەمترە لە پیاوان.
ژنان بە رانبەر بەو پرسە بە پلەی یەکەم لە خۆیانەوە سەرچاوەی گرتوە، بۆیە ئەو ڕاستیەو دیاردەیە بە پلەی یەکەم ئۆباڵی دەکەوێتە سەر شانی ژنان بە تایبەت ئەو ژنانەی کە ڕۆشنبیرن و دەرکی زیاتر بەو پرسە دەکەن،لە کۆتایی دائەمە ئەو نەریتەیە کە لە کۆمەلگەی کوردیدا ڕەچەڵەکی سەندووە.
٨ مارس مێژووی خەبات و تێکۆشانی ژنمان بیردێنێتەوە دژی ستەم ونادادی ونایەکسانی، هەروەها خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بۆ بەدەست هێنانی ماف و ئازادیە سەرەتاییەکانی ژن وەک مرۆڤێک. چونکە بەمرۆڤی پلە دوو سەیردەکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرا .
ئەرکی ژن و ڕێکخراوە تایبەتەکان لە بواری ژنان چییە لە ڕۆژی ٨ مارسدا ؟
ناکرێت تەنیا خەم و ئازارەکانی ژنان لە یەک ڕۆژدا پەیوەست بکرێت و بهێنرێتە باس و خواستەوە ، چوونکە ئیتر پرسی ژنان لەقۆناغی باس و خواستەوە دەرچووە. بۆیە پێویستە کاری هەنووکەیی لەسەر دۆخی ژنان بکرێت. تاوەکو چیتر ڕێگە نەدرێت بەکووشتن و سوکایەتی کردن بە ڕەگەزی مێینە ، جێگای داخ و پەژارەیە ڕۆژانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ، کوشتنی ژنێک یان کچێکی تازە پێگەیشتوو ، دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان.
بێ دەنگی و کەوتنە ژێر هەژموونی ئەو نەریتە ناتەندرووستەی پیاو سالاری ، وای کردووە ژن بچووک سەیر بکرێت .
ئەرکی لە پێشینەی هەموو شۆڕشێک ، پەیوەستە بە بیڕووباوەڕێکی ئازادی خوازانەی تاکەکان. کەواتە زۆر گرنکە هەموو ژنێک خاوەن بیرێکی ئازادی خوازانە بێت و جەنگ بکات لە پێناو سەرجەم داواکارییە ڕەواکانی خۆیدا.
هاوکات ئەرکێکی ئەخلاقی زۆر گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ڕێکخراوەکان و سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی کار لە پرسی ژن دەکەن. پێوستە سەرجەم ڕێکخراوە ئازادی خوازەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن ، سەرجەم بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان وەلا بنێن ، کار لەسەر چارەسەری ڕیشەیی پرسی ژنان بکەن. با وا بکەین هەموو ڕۆژێک بکرێتە ڕۆژی ژنان ، نەک تەنیا لە ساڵێکدا یەک ڕۆژ خەم و ئازارەکانی ژنانمان بێتەوە یادمان .
ئەگەرچی لەوانەیە بگوترێت چارەسەری ڕیشەیی زۆر ئەستەمە . بەڵێ ئەستەمە ، بەڵام دەتوانرێت بەیەک دەنگی زاڵ بین بەسەر هەموو پرسە سەخت و ئەستەمەکان.
8/3/2025